١٥\١٠\٢٠١٦
کۆمەڵە بابەتێکی ٢٠١٥.

هەڵۆ محەمەد
دیدارێک
لەگەڵ کاکە حەمەی حاجی مەحمود.
سەرلەبەیانی رۆژی ١١/١٢/٢٠١٥،لە گەرمە کارکردندا بووم، کاک حسین رەسولی
ئازیز، تەلەفونێکی بۆ کردم، هەواڵی هاتنی کاکە حەمەی حاجی مەحمودی بۆ
بەرلین پێڕاگەیاندم. هاوکات دەرفەتێکی کورتی خستە بەردەمم،کەوا لە
نێوان دەمژمێری ١١.٣٠ تا نێزیک ١٣،واتە ١ پاش نیوەڕۆ،گەر ئارەزوو بکەم،
دەتوانم لەتەک هاوبیراندا،لە هوتێلی سکاندیان سەردانی بکەم.
هەڵبەت دیداری کاکە حەمەی بەڕێز ،وەک پێشمەرگە و سەرکردە و بەرپرس و
کەسایەتییەکی دیاری ٤٠ ساڵی رابووردووی مێژووی بزاڤی رزگاریخوازی کورد،
لە باشووری نیشتمانەکەمان دا ،بایەخی تایبەتی خۆی هەیە و بۆ ئێمەی
هاوبیرانیش، بەشێک لە بۆنی رابووردووی خەباتی پاسۆکیش، لە هەبوونی کاکە
حەمەدا دەبینینەوە.ئاخر کاکە حەمە و هێز و حیزبەکەی لە ناوچەی شارەزوور
و شارباژێر،هەمیشە وەک دۆست و هاوپەیمانێکی متمانەپێکراو و خۆشەویست و
تەنانەت خاوەن ماڵ لەتەک پاسۆکدا، هەژمارکراون.
جیا لەمانەش کاکە حەمە، هێشتا خەم و ئازاری کۆستە
گرانەکەی،گیانبەختکردنی کاکە عەتای کوڕە گەورە و پێشمەرگەی کوردستان،لە
دەڤەری کەرکووکی هەمیشە برینداردا، بە رووخسار و هەناوییەوە
دیارە،بۆیەکا ئەرک و فەرمانی ئێمە لە پێگەیشتنی کاکە حەمەدا، هی ئەوە
نەبوو، کەمتەرخەمی تێدا بکرێت. سەرەتا لە رێگای کاک حسینەوە بەخێرهاتنی
کاکە حەمەم کرد و هاوکات سوپاسی کاک حسینم کرد.
ئیدی دەستبەجێ، دەستم کرد بە تەلەفون کردن بۆ هاوبیران. لە میانەی
دەمژمێرێکدا،هاوبیر عوسمان هاوبیر بەختیار،سازبوون. هاوبیر کامەرانیش،
چارەکێ پاش گەشتنی ئێمە بۆ لای کاکە حەمە، گەیشتە شوێنی مەبەست.
سەروەختێ چووینە شوێنی دیاریکراو،کاکە حەمە بە شکۆیەکی تایبەت
بەخۆیەوە،لە نێو چەند هەڤاڵێکی خۆیی و خێزانە هێژاکەی پێشمەرگەی
جوامێری کوردستان،تامین خان و چەند میوانێکدا دانیشتبوو. کاک هیوا
بەهجەت،کە میوان بوو لەوێ، نۆرەی قسەکردنی بوو. سڵاومان لە ئامادەبووان
کرد و بە گەرمی وەخێرهێنانی کاکە حەمە و هاوسەرەکەیی و هەڤاڵەکانیمان
هێنا.
دوای چاک و چۆنی و هەواڵ پرسین، سەرەتا بووینە گوێگری ئەو باسەی کاک
هیوا، قسەی لەسەر دەکرد. هەڵبەت ئەوانیش بەر لە ئێمە هەر سەرگەمی باس و
خواستی کوردستان بوون.
دواتر،بەدەم باسەکانەوە، کاکە حەمە، بە هەست و سۆزێکی پێشمەرگانە و
باوەڕێکی بەرز و پتەوی کوردانەوە، خەریکی کێشانی هێڵە گشتییەکانی،
بارودۆخی کوردستان و هەلومەرجی هەڵکەوتووی نێودەوڵەتی بوو، تاوەکو
وێنەیەکی دروست و نێزیک، لە واقعی کوردستان، بخاتە بەردەم ئێمە مانان.
لەراستیدا بەشێکی باسەکەی کەموزۆر لامان ئاشکرا بوو،لێ لەزەت و
بایەخەکەی لەوەدا بوو،کاکە حەمە خۆی لە واقیعەکەوە هاتبوو،وە
شڕۆڤەکارێکی بە ئاگا و خەمخۆر، باسی رووداوەکان و پێوەندی حیزبەکان و
کێشە و قەیرانەکانی دەکرد.
باسی دوو بلۆکبەندی کرد، و رەنگدانەوە و کاریگەرێتی سیاسەتی ئەم دوو
تەوەرەی روونکردەوە. هێزەکانی کوردستانیش،بە تایبەت پارتی و یەکێتی
،هەریەکەیان ،وەک ئەکتۆرێکی هاوپەیمانێتی بەسەرۆکایەتی ئەمریکا و
رۆژاوا و ترکیا و سعودیە و پارتی لە لایەک و روسیا و ئێران و عێراق و
سوریا و یەکێتیش لە لایەک ،کرد. ئەوەشی بەلاوە گرنگ بوو، هەر لایەک
بتوانن ئیدارەی ئەم هاوپەیمانێتییە بە سووتی کورد بکەن. دواتر باسیش
هاتە سەر باکوور و رۆژاوای کوردستان،و ئەو ئەگەر و دەرفەتانەی بۆیان
خوڵقاوە و شیاوی سازبوونە...
بە تێکڕا، لەسەر ئاستی هۆکارە دەرەکییەکە،کاکە حەمە دڵخۆش بوو،بە پێگە
و سەنگی کورد.هاوکات بە کورتی باسی لەو کۆبوونەوە و کۆنفرانسە کرد،کە
لەم رۆژانەدا بەشداری تێدا کردبوو،کە بە رێز و ستایشەوە باسی رۆڵی
پێشمەرگەی تێدا کرابوو.
لەسەر ئاستی ناوخۆش، باسی لە تەنگژە و قەیرانەکانی وڵات و پێوەندی حیزب
و لایەنەکان پێوە کرد.بەداخەوە لەم هاوکێشەیەدا، نیگەرانی و پەرۆش بە
قسەکانییەوە دیار بوو. کاکە حەمە ووتی: سیاسەتکردنی لایەنەکان لەتەک
یەکتردا، بە رۆحی ملشکاندن و سڕینەوەی ئەوی بەرامبەردا پێڕەو دەکرێت.
یەکێتی و تەبایی پێویست لەسەر ئاستی هێزی پێشمەرگە و گوتارێکی یەکگرتوو
و بەرنامەیەکی دیاریکراو بەدی ناکرێت. هەر لایەک هەوڵ بۆ خۆی دەدا و
شەڕی گرتنەدەستی دەسەڵاتە و کەس بەوشیوەیەی چاوەڕوان دەکرێ،بە نیاز
نییە،گەر بێتە سەر دەسەڵات، خزمەتی میللەت بکات.
کاکە حەمە نەیشاردەوە کەوا،لەگەڵ سیاسەتی ئابوورییەکی سەربەخۆدایە، بۆ
کوردستان.ئەمەش ئاماژەی پەرۆشی گەورەی کاکە حەمە یە، بۆ پرسی
نەتەوەکەیی و نائومیدبوونێتی لە سیاسەتی بەخدا. خاڵێکی تری باڵکێشی
قسەکانی کاکە حەمە،باسکردنی دۆزینەوەی چارەسەری ئێستای پرسی کورد لەگەڵ
بەخدادا،لە رێی داوای کۆنفدراڵییەوە بوو. ئەگەرچی باوەڕیشی وابوو،چ
شتێک بە ناوی دەوڵەتی عێراقەوە نەماوە و و سەرەکوەزیرەکەشی،کارتۆنییە و
قسەکانی بستێک بڕ ناکات. بە نموونە،وەک لە ئێستادا، لە کێشەکانی نێوان
ترکیا و عێراقدا،بەرچاومان دەکەوێت.
هەڵبەت، ئێمەش بە هەموو لایەک ناوبەبەناو بە پرسیارکردن لە کاکە حەمە
بەشداریی کفتوگۆکانمان دەکرد. ئیدی لەسەر ئەم رەوتە،کاکە حەمە بە زمانی
شیرین و هەڵسوکەوتی نەرم و نیانی و بە هاوسەنگییەکی قەدرزانیەوە،وەک
سەرکردەیەکی((خۆی لە رووی خاکەسەراییەوە پێی خۆش بوو هەروەک پێشمەرگە
ناوی بهێنرێ ـ دیارە ئەمەش باڵاترین ئابڕوومەندی ئەم پێشمەرگە بە ئەمەک
و دڵسۆز و لەخۆبووردووەی کوردستانە))خاڵی دەخستە سەر پیتەکان.
هەرچۆنێک بێت، لە ماوەی نێزیک بە دەمژمێر و نیوێکدا، بێ پشوودان و
بێدەنگی، کاکە حەمەی حاجی مەحموود،بە سەلیقەی قووڵ و باوەڕی پتەوی
کوردانەی خۆیەوە، تیشکی رووناککەرەوەی دەخستە سەر بابەتە ئالۆز و
نادیارەکان، لەو کورتە دیدارەدا،توانی تابلۆیەکی بەرجەستەبووی واقیعە
تاڵ و شیرینەکەی کوردستانمان بۆ بنەخشێنێ و ئێمەش بەهرەمەند بین، لە
گفتوگۆکانو ئەو باسانەی،ئەم پێشمەرگە و سەرکردە،دیارەی بزاڤی
رزگاریخوازی کوردستان،لە رێی هەڵهێنجانی خۆیەوە بەدەستی هێنا بوو،وە
پێشکەشی ئێمەی کرد.
دەرئەنجام ،جارێکی تریش دەست و دەمخۆشیمان لە کاکە حەمە کردەوە،ئیدی بۆ
ئەوەی دەرفەتی بدەینێ،بەلای کارووبارەکانی خۆیەوە بچێ،دوعاخوازیمان لی
کرد..
بەر لە ماڵئاوایی و بەجێهێشتنی هوتێلەکە،کاک حسین، پێشنیازی گرتنی چەند
وێنەیەکی بۆ یادگاریی لەتەک کاکە حەمە و ئەواندا کرد..دەستی خۆش
بێت،پێشنیازەکەی لە شوێنی خۆیدا بوو. ئەم چەند وێنەیە،یادگاری ئەو
ساتەوەختە بەنرخەن،لەتەک کاکە حەمەی پێشمەرگە و سەرکردەدا...
٢٠١٥
''داعش''ی
چەکی دەستی داگیرکەران و چەند پەیڤێک.
''داعش منداڵێکی زۆڵە و باوکی زۆری هەیە''
نووسەرێک.
لەم رۆژانەدا هەواڵێکم بەرچاوکەوت،گوایە رێکخراوی تیرۆریستی "داعش"
نێزیک بە ٢٠٠ چەکداری خۆی ،کە بەنیازبوون لێی جیاببنەوە،گوللەباران
کردووە. ئەمانە داعشەکانی وڵاتی چیچان و وڵاتانی ئەوروپای رۆژهەڵاتن،کە
بۆ خۆیان لە بنەڕەتدا،دژ بەدەسەڵاتی کرملین/رووسیا لە شەڕدان. ئەم
جیاوازی و هەوڵی جیابوونەوەش لەو رۆژەوە سەری هەڵداوە،کە دەوڵەتی
رووسیا، لەسەرزەمین و لە ئاسمانەوە بە کردەیەیی کەوتۆتە داکۆکی و
پشتیوانی مانەوەی رژێمەکەی بەشار ئەسەد و گوایە شەڕی گەرمی دژ بە
تیرۆریستان.
ئەم دەستەیە، داوایان کردووە،شەڕی راستەقینەی ئەوان، دەبێت دژ بە
رژێمەکەی ئەسەد بێت ،بۆیەکا ویستوویانە لە داعش جیاببنەوە و پێوەندی بە
رێکخراوێکی تری تیرۆریستی "بەرەی نەسەرە"وە بکەن. داعش ئەم داوایایەی
لێ نەسەلماندوون . ئیدی دەبینین چۆن داعش،کە هەرگیز ئەو مەترسییە
نەبووە،بۆسەر هیچ لە پایتەختەکانی : ئەنقەرە و تاران و بەخدا و
دیمەشق،بەم کارە رازی نابێت و بێ سێ و دوو لێ کردن ، لە ناویان دەبات.
لەوەتەی داعش،سەری هەڵداوە، منیش وەک ئەو بۆچوونەی سەرێ بە بەچکەی
هەموو داگیرکەرانی کوردستانم داناوە.یاخود باوکی راستەقینەی داعش چوار
دەوڵەتە داگیرکەرەکەی کوردستانە.
داعش،واتە" دەوڵەتی ئیسلامی لە وڵاتی عێراق و شام" ،کەچی لەو رۆژەوە
قوتکراوەتەوە، تاکە مەترسی و هێرشێکیان بۆ سەر پایتەختی ئەم دوو
دەوڵەتە نەکردووە و ئەنجام نەداوە.ئاخر ،گەر رێکخراوێک بە ئامانجی
دەوڵەتگەلێکی ئاوهاوە هاتبێتە مەیدانەوە، دەبێت هەوڵی سەرەکی بۆ دەست
بەسەرداگرتنی پایتەختی ئەو دوو دەوڵەتە،یان هەرنەبێ یەکێکیان خەستوخۆڵ
بکاتەوە. چونکە لە ئاکامدا بێ دەستگرتن بەسەر ئەو پایتەختانەدا، هیچ
ئامانجێکی نایەتە دی..
ئەوەی دەیبینین، ساڵانێکە،لە شاری "رەقە" لە نێوان شام و
بەخدادا،باریان لێ خستووە و کردوویانەتە پایتەختی خۆیان.
دوای داگیرکردنی موسڵ لە لایەن داعشەوە،لە ئابی ٢٠١٤ دا،کورد لە باشوور
توانی رووبەرێکی باشی نیشتمانە داگیرکراوەکەی بێ تەقە، رزگار بکات و
بڵێ ماددەی" ١٤٠" لیش،تەواو بوو. سەرۆکی هەرێم کەوتە گەشتێکی
سەرتاسەریی لە تەواوی بەرەکانی شەڕی دژ بە داعش..کە ئەمەش بۆخۆی
نمایشتێکی سەربازیی و هاوکات نیشاندانی وێنەیەکی جوان و بەهێزی یەکێتی
کوردان بوو، بە دۆست و دوژمنان. هەرچۆنێک بێت ،چ حیکمەتێک خەرج
کرابێت،یان رێکەوتێک رۆڵی بینیبێت بێت، کورد توانی سەرکەوتنێکی
سەرزەمینی و مۆڕاڵی گەورە بەدەست بهێنێ.
هەر زۆری نەبرد ساتێ داگیرکەرانی کوردستان، هەستییان بە هەڵە و
گوناهەکەیان کرد،چاویان بە یەکێتی و یەکریزی و سەرکەوتنەکانی کورد
کەوت، دەستبەجێ کەوتنە کێشانی نەخش و پلانێکی تر...ئەوە بوو وا بانگاشە
و چاوەڕوان دەکرا،داعش ،کە لە سنوورەکانی شاری بەخدا نێزیک ببووەوە و
لە نێو بەخداشدا،لایەنگر و سیمپاتیزانی زۆری هەبوو،پەلاماری بەخدا بدات
و داگیری بکات و دەسەڵاتی رەهای خۆی لە پایتەختی دەوڵەتە
بانگەوازبۆکراوەکەی خۆیانەوە راگەیەنێ، کەچی لەناکاو دەڤەری شەنگال،
بووە ئامانجی ستراتیژی داعش و ئەو کارەسات و مەینەتییەی بەسەر کورددا
هێنا،کە بەدرێژایی مێژوویەکی دوور سارێژ نابێتەوە.
لێرەدا دەبینین،داعش ئەو چەکە کاریگەرەی دەست هەموو داگیرکەرانی
کوردستانە،کە هەر یەکەیان لە روانگەی بەرژەوەندی خۆیەوە و هاوکات
بەرژەوەندی هاوبەشی گشتی خۆیانەوە، بەکاری دێنێ. بە کورتی:
ئەنقەرە: ئەو شەڕەی،کە لە کوردستان و قەندیل بەرامبەر بە کورد و پ ک ک
،پێی ناکرێ،وا لە رێی داعشەوە دەیەوێ ئامانجەکانی بەدەست بهێنێ و بە
هەموو توانایەکی ماکی و مینۆکی خۆیەوە بە نهێنێ و بە ئاشکرا ،هاوکاری
داعش دەکات و مەبەستێتی بوون و شەڕی داعش بەردەوام بێت.
تاران: لەرێی داعشەوە، گەلێ ئامانجی بەدەست هێناوە. عەرەبی سوننە،بە
تایبەت لە عێراقدا شپرزە و هەلاهەلابوون و کەس نییە نوێنەرایەتییان
بکات. بەواتایەکی دیکە چ هێزێکی سوننە نییە،مەترسی بۆسەر شیعەی عێراق
دروست بکات و سبەینێ بێتەوە بە مێمڵێکی ترسناکی دەوڵەتی ئێرانیش.
داعش رۆلێکی باشی هەبووە لە هێشتنەوەی رژێمەکەی ئەسەد،چونکە بە توندی
دژی هەموو گرووپ و لایەنەکانی دژ بە ئەسەد شەڕیان کردووە. ئێمە دەزانین
ئەسەد نوێنەرایەتی کەمینەیەکی عەلەوین،لێ ئەوەی لەپشت ئەسەدەوەیە،رژێم
و حیزبێکی عیلمانی بەعس و عەرەبی سوننەیە.
ئەوەی لێرەدا شیاوی لەبیرنەچوونەوەیە،راگەیاندنە بەردەوامەکانی
،تارانە.دەیانگووت،ئێمە نەبووینایە،"بەخدا" دەگیرا،ئێمە رێگەمان بدایە
"هەولێر" گیرا بوو. کار گەیشتە ئەوەی بڵێن ئێمە نەبووینا "کۆبانێ"ش
دەگیرا و ...هتد. کەچی نەمانزانی بۆچ ئێران رێگەیدا،داعش موسڵ و رومادی
و فەلوجە و سامەڕڕا و زۆر شوێنی دیکە داگیر بکات و تا ئێستاش هەر
لەبندەستیدایە.؟؟!!
بەخدا: بە شێوەی تاران، سوودی لە داعش وەرگرتووە لەو زەبرانەی بە
سووننەی گەیاندووە. هاوکات ئەوەی بەخدا بەرامبەر بە کورد پێی نەدەکرا،ـ
بە تایبەت دوای رزگارکردنی ناوچە داگیرکراوەکان و بانگاشەی بەسەرچوونی
ماددەی ١٤٠ـ،ئەو لە رێی داعشەوە دەردێکی تاڵ و زامێکی قووڵی دا بە
شەنگالی کوردستانەوە. بەهەمان شێوە بوونی داعش فاکتێکی بەهێز و
کاریگەری مانەوەی رژێمەکەی ئەسەدە. هەردووش کوتەکی دەستی تارانن و
سەرزەمین و قەڵەمڕەوی دەسەڵاتی ئێران دەنوێنن.
دیمەشق: داعش بە بەچکەی خۆی دەزانێ،هەر بۆیە بەردەوام بەشار ئەسەد و
رژێمەکەی بانگاشەی ئەوە دەکەن،تا لەگەڵ ئێمە رێکنەکەون، داعش دەمێنێ،بە
واتایەکی دیکە لەگەڵ ئێمە رێککەون،ئێمە دەتوانین داعش بۆ ئێوە لەنێو
بەرین.. ئەوەتا بەشار ئەسەد، لە نوێترین دەرکەوتنیدا،دوای رووداوە
خوێناوییەکانی رۆژی ١٣/١١/٢٠١٥ لە پاریس، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە،کە
لە مێژە ،فەرەنسا و دنیای ئاگادار کردۆتەوە،گەر دۆخی سوریا بەوشێوەیە
بەردەوام بێت،وا کارەساتی ترسناک لە جیهاندا روو دەدات... ئەمەش بەو
واتایەی دەتوانین هەڕەشە لەسەر ژیانتان ساز بدەین و گورزتان لێ
بوەشێنین و ئارامی و شادیتان لێ تێک بدەین.
لەمەش زێتر، تەقینەوەکانی پاریس،سات بە سات سەرە داوەکانی بۆ سوریا و
دیمەشق دەگەڕێتەوە. شیاوی ئاماژە پێدانە ئەو رووداوە دڵتەزێنانەی
پاریس، هاوزەمان بوون لەگەڵ بەستی کۆبوونەوەکانی ڤییەنا و وڵاتانی گ
٢٠،بۆ چارەسەرکردنی کێشەی سوریا .کەواتە سوریا کاتێکی گونجاوی
هەڵبژاردووە. ئامانجی سوریا لەم کردەوەیەش ،نیشاندانی پێگە و
کاریگەرێتی و پێداویستی مانەوەی بەشار ئەسەد و دەوڵەتی سووریا،تا
بتوانێ لەم کەناڵەوە گوشارهێنانێکی زێتر بۆ ئەوروپا و جیهان بهێنێت ،
بە مانەوەی ئەسەد رازی بن و هەوڵی بەپەلە بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەی
کێشەکانی سوریا بدەن.
ئاخر،وڵاتی فەرەنسا کە ئێستا رووبەرووی هەڕەشە و نائارامی لە ڕێی
داعشەوە بۆتەوە،رەنگە تا ئێستا تاکە وڵاتی جیهان بێت، بە گردەبڕی داوای
لابردن و نەمانی بەشار ئەسەد دەکات.
ئەوەی جێی سەرنجە،رۆژنامەی تاگە شپیگلی ئەڵمانی رۆژی ٦/١١/٢٠١٥،ئاماژە
بەوە دەکات،کە رۆژانە ٣ هەزار پاسپۆرت، لە لایەن سوریاوە دەدرێ بە
هاوڵاتییانی و لەم رێگەیەشەوە بڕی نیو ملیارد دۆلار لەسەرەتای مانگی
یەکەوە هەتا ئێستا ـ مانگی ١١ـ چۆتە گیرفانی حکوموتەکەی ئەسەدەوە....لە
هەموویشی سەیرتر ئەوەیە زیاتر لە ٨ هەزار،یاسا بۆ ئاسانکاری دەرچوونی
پاسپۆرت و درێژکردنەوەی لەلایەن حکومەوتی بەشار ئەسەدەوە دەرچووە...
ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە،گەر ئەسەد نەزانێ کارگەلێک ئەوتۆیی بە سوودی
خۆی،دەشکێتەوە،وا هەرگیز رێگەی بە کاری لەم جۆرە نەدەدا. لێرەدا
نامانەوێ چ قسەیەک لەسەر سیاسەت و رۆڵی نەرێنی راستەوخۆی سووریا لە
لوبنان و هەوڵ و مەرامەکانی لە رێی "حیزب اللە"ەوە ئەو هەموو تەقینەوە
و کوشتارە نییە.
هەرچۆنێک بێت، ئەوە چەند رۆژێکە، هێزی پێشمەرگەی کوردستان، بەهاوکاری
هێزی ئاسمانی دۆستەکانمان لە هاوپەیمانان، لە داستانێکی قارەمانێتیدا،
توانی دەڤەری شەنگال لەژێر چنگی خوێناوی و رەشی داعش رزگار بکات و
بیخاتەوە سەر هەرێمی کوردستان. ـ شەنگال، دەکەوێتە سنووری ئەو ماددە
رووزەردەی بە ١٤٠،ناسراوە و سەرکردایەتی حیزبە کوردییەکان،لە دەستووری
ئێراقدا رەشییان کردەوە ـ.
بەم وەرچەرخانە مێژووییەی ئازادکردنی شەنگال، کورد توانی،سەرلەنوێ
داگیرکەران نائومێد بکاتەوە، و تەڵە و تەپکەکانیان پووچەڵ بکاتەوە.
هاوکات بۆیان بسەلمێنێ و پێیان بڵێ، کەچیتر داعشی چەکی بڕندەی
دەستتان،ناتوانێ چ کاریگەرێتی و ترس و هەڕەشەیەک لەسەر کورد دروست
بکات..هاوسات کورد توانی نیشانی جیهانی بدات،چ هێزێکی کاریگەر و خۆڕاگر
و قارەمانە بەرامبەر بە دڕندەترین رێکخراو/دەوڵەتی تیرۆریستی وەک داعش.
ئەم سەرکەوتن و خۆشحاڵییەی کورد،چاو ترووکانێکی نەخایاند، ئەوەتا
جارێکی دیکە و لە رێیەکی دیکەوە هێزێکی بەکرێگیراوی دیکەی،وەک " حشدی
شعبی" یان گاڵ داوە، بەگژماندا بێتەوە. ئاخر دەزانن سەردەمەکە رێگەی
ئەوە نادات،خۆیان وەک جاران شەڕ و کوشتاری کورد بکەن، یاخود هەرنەبێ لە
هەنووکەدا دەستوپێ گیراون،بۆیەکا پەنا بۆ هێزی داعش و هاوشێوەکانیان
دەبەن.
رەنگە تەنیا سەرنجێکی خێرا و کورت، لە راگەیاندنەکەی بەرپرسانی ئەو
هێزە دەستکردەی تاران و بەخدا،کە دەڵێن: " ئەوەی داعش پێی نەکرا ،
بەرامبەر بە کورد ئێمە دەیکەین" ،بەس بێت بۆ سەلماندنی بۆچوونەکانمان.
پرسی کورد و دوژمنە هەجۆرەکانی،وانەیەک نییە،من لێرەدا پێشکەشی خوێنەری
بەڕێزی بکەم،لێ ئەوەی ناکرێ لەبیرمان بچێ، داواکاریی یەکریزیی و
یەکگرتوویی و بەرنامەی ووردە،لە حکومەت و لایەنە سیاسییەکانی بآسووری
کوردستان بە تایبەت و هەموو کوردستان بە گشتی. پەنابردن بۆهەر
موزایەدەیەکی سیاسی و هەوڵی پاشقول و تۆماری شکست لەسەر یەکتر و
تینووبوون بە خوێنی یەکتر و چاوشارکێ لەگەڵ ئەنقەرە و تاران و بەخدا و
دیمەشق لەسەر حسابی ئەسڵی کێشە نەتەوەییەکەمان،یاری بەئاگرە و
دەرئەنجام خۆسووتان و دۆڕان و ریسوابوون و رووزەردییە لای کورد و
مێژوو..بۆیەکا پێویستە لەسەر هەموو لایەک بەوپەڕی بەرپرسانەوە،مامەڵە
لە نێوخۆ و لەگەڵ دەرەوەدا بکەن. ئیدی چرکەساتی ئەوە هاتووە،لە مێژووی
خوێناویمان و ئەو هەموو تراژیدیا و بەسەرهاتە دڵتەزێن و تاڵانەوە،بە
درێژایی ٢٧٠٠ ساڵ زێترە،پەڕۆیەک دڵسۆزانە بۆ لێوە فێربوون دابدڕین و
وانەیەکی ئاقڵانە فێربین و چیدی رێگە بە ژیانی بندەستی و ژێر چەپۆکی
ستەمکاران بە خۆمان رەوا نەبینین.
یەکخستنی گوتاری کوردی و یەک سەنگەری لەبەرامبەر داگیرکەراندا،دەرچوون
لەم تاقیکردنەوە و قۆناخە سەختەدا،کە سەدساڵ بەسەر رێکەوتننامەی
ستەمکاری و رووڕەشی سایکس ـ پیکۆدا ،تێدەپەڕێ و کورد و کێشە رەواکەی
،سەرنجی جیهان و ناوەندەکانی بڕیاردان و زلهێزەکانی بەلای خۆیدا
راکێشاوە،دەرفەت و ئاسۆیەکی روون و گەشی باشتری خستۆتە بەردەم
گەلەکەمان،تا بە ئاواتە پیرۆزەکانی لە کوردستانێکی ئازاد و یەکسان دا
شاد بێت..
١٨\١١\٢٠١٥
سەربەخۆیی لای
پارتەکانی کاتالۆنیا و کوردستان.
دەڵێن:
" ئەگەر لە تاقیکردنەوەی وانەی ماتماتیکدا،هەموو قوتابییەکان نمرەی یەک
بێنن، ئەوە تاقیکردنەوەکە هێجگار سووک بووە" .
جارێکی دیکەش کاتالۆنیا و سەربەخۆیی..
رۆژی ٢٧/٩/٢٠١٥، لە سەردەمی گلۆبالیزم و بچووکبوونەوەی دنیا و گوایە
بەسەرچوونی چەمکی دەوڵەتی نەتەوەیی و هەڵتەکاندنی سنوورەکان و
بەرقەرارکردنی دنیایەکی بێ ناسنامە و فەرهەنگ و تایبەتمەندی نەتەوەکان
،میللەتی سەربەخۆخوازی کاتالۆنیا، بە وورە و ووزەیەکی بەرز و لەبن
نەهاتوو و دەنگێکی دلێرەوە، لە نێوەندی دڵی ئەوروپادا،کیشوەرە
پێشەنگەکەی شارستانێتی و پێڕەوکەری دیموکراسیی و پێشکەوتن، ئاڵای ویست
و داخوازی سەربەخۆیی خۆیان بڵندکردەوە، کاتالۆنیا ،بەم هەڵوێستەی توانی
زەنگێکی هۆشیارکەرەوە بۆ جیهان لێبدات سوپرایسێکی گەورە بخاتە بەردەم
مێژوونووسان و کۆمەڵناسان.
ئاخر گەلێک کەس هەبوون،لە سێبەری ئیدیۆلۆژیایی جۆراو و جۆر و ئامانجی
ناڕەواوە،پێیان وابوو،چیدی لەم دەڤەرەی جوگرافیای زەویدا،جارێکی دیکە
ڕەنگ و بۆی پرسی نەتەوەیی، نایەتەوە سەر شانۆی سیاسەت و هەموو گەلانی
ئەوروپا گەیشتوو بە دوا فۆڕمی سیستەم و ژیانی ئازادی خۆیان و هەر
هەموویان بە ئاڕاستەی خۆ تواندنەوەدا لەیەک بۆتەدا رەوت دەکەن و
ناسنامەی نەتەوەیی دەسڕێتەوە و ناسنامەی گەردوونی جێی دەگرێتەوە.
گلۆبالیزم کارێکی کردووە،دنیای هێناوەتەوە یەک. ئەی ئەوە نییە کەسێک ،
لە دەڤەری هەورامانی کوردستان و کالیفۆڕنیای ئەمریکا، لەیەک چرکە و
ساتدا، دەتوانن پێکەوە لە رێی ئینتەرنێتەوە چات بکەن.
ئەوەی لەم ئاریشەدا شایانی سەرنج لێدانە، بە هۆکاری کۆمەڵێ بەرژەوەندی
تایبەتی و فاکتی دروستکراو لە ئەوروپادا، وەک چاوەڕوان دەکرا، بایەخی
میدیایی گەورە بەم باسە نەدرا. لەگەڵ ئەوەشدا تین و تاوی بڕیار و
هەڵوێستەکەی میللەتی کاتالۆنیا، هێندە بە گووژم و کاریگەر و هیوائامێز
بوو، توانی دیواری بەربەست بڕوخێنێ و پەردەی بێدەنگی و فەرامۆشکاری،
مەبەستداری!! ئەو لایەنە ناحەزانە بدڕێنێ،کە نابەدڵانە، کەوتنە رێگریی
لە بەردەم ئەم پێشهاتە و لە شێوازێکی رکەبەردا بووبێت یاخود دەیانەوێ
ببنە ئاستەنگ.
٢٧/٩ ، هاوپەیمانێتی (پێکەوە بۆ بەڵێ)Just Pel si ، توانی لە
دەنگدانێکی ئازاددا،(٦٢)کورسی پەرلەمانی کاتالۆنیا لە کۆی (١٣٢) کورسی
بە سوودی پرسی سەربەخۆیی بباتەوە.هاوکات پارتی چەپی CUP،کە توانی (١٠)
کورسی بباتەوە،چووە پاڵ هاوپەیمانێتیە ناوبراوەکە و بەم پێیە، رێژەی
کورسی سەربەخۆخوازەکان بەرز بۆوە بۆ (٧٢) کورسی...بەمەش بەرەی
سەربەخۆخوازان، توانییان باڵانسی هێز لە پەرلەماندا، بە قازانجی خۆیان
بشکێننەوە و هەنگاوێکی گەورە بە ئاڕاستەی سەربەخۆییدا بچنە پێشەوە.
بە پێی نەخشەیەکی (ئارتۆ مارس)ی سەرۆکی هاوپەیمانێتییەکە ،بڕیارە لە
ساڵ و نێوێکی تردا،(٢٠١٧)دەستبەکاری نەخشەرێگای جیابوونەوە لە مەدرید
بن.
(ئۆریۆل یونکوراس)،سەرۆکی چەپی کۆماری لەم میانەدا گووتی: میللەتەکەمان
گەیشتە بەردەم دەروازەکانی ئازادی، دەمێک بوو گفتم دابوو بە پایرە
گەورەم، رۆژێک هەر دێت بگەین بەم رۆژە.
ئەز لێرەدا لە بایەخی جوگرافیایی و ئابووری و کاتالۆنیا،بە خۆیی و ٧،٥
ملیۆن دانیشتوانەوە و بوونی زێتر لە ٥٨٦ کۆمپانیای زەبەلاح و بوونی
کارخانەی جیهانی وەک: مانگۆی رستن و چنین،ناتوراڵی گاز و فۆلکس ڤاگۆنی
ئوتومبێلەوە، هیچ نموونەیەک ناهێنمەوە. بەڵکو لە چەند گۆشەنیگایەکی
دیکەوە سەرنجێکی کورت لەم هەنگاوە گرنگە دەگرم،کە مخابن وەک پێویست
نەبووە کەرەسەی باس و خوێندنەوەی ڕژد،لە میدیای کوردیدا.بە گشتی
رۆشنبیرانی کورد، ئاوڕی پێویستیان لەم پرس و پێشهاتە نەدایەوە.تاوەکو
سووت لە هەنگاو و ئەزموونەکەیان وەرگرین.
یەکەم: کاتالۆنییەکان ئەزموونی ساڵی رابووردووی سکۆتلەندییەکانیان
لەبەرچاو بوو، باشیش ئاگاداری ئەو هەموو هەڕەشە و گوڕەشەیەی واشنتۆن و
برۆکسل و لەندەن و بڕەکیش هێزەکانی ناوخۆ بوون،لێ لەتەک ئەوەشدا،هەروەک
ساڵی رابووردوو رایانگەیاندبوو،کەوا کاتالۆنیا،وەک سکۆتلەندە نییە.
ئەوە بوو سووربوون لەسەر بڕیار و هەڵوێستی خۆیان و ئیرادەی نەتەوەیی
خۆیان خستەکار و تەواوی ئەو هەڕەشانەی مەدرید و شوێنەکانی دیکەیان
نەیترساندن و سڵی پێنەکردنەوە و دەنگدانەکەیان ئەنجام دا.
دووەم: ئەم ئاریشەیە، سەلماندییەوە،کەوا پرسی نەتەوایەتی هەردەم
زیندووە و دینەمۆی بزوێنەری مێژووشە. سەرهەڵدانی داوای سەربەخۆیی، لەم
هەلومەرجەی نەخشەی ئەوروپا و پێکهاتە و سیستەم و چەمکی دیموکراسی،بۆ
گەلێ کەس و لایەن وەک سوپرایسێکی گەورەیە وایە . خۆبەرجەستەکردنی
کاتالۆنییەکان لەم فۆڕمی باڵای هەست و ناسنامەی نەتەوایەتی و
شانازیکردن بە بەنەتەوەبوونیان ، ترۆپکی هەرە باڵای نەخشبوون و
چلوورەبەستنی ستاتووی نەتەوەیە.
ئا لەم چرکەساتە مێژووییەدا،کە کاتالۆنییەکان خۆیان بەم چەمک و
فۆرمە"نەتەوەبوون" پشت ئەستوور دەکەن،ئەوسا بوێرانە و بێ شەرم و
گوێدانە هەڵوێستی وڵاتانی دیکە،پێداگریی لەسەر خواستە نەتەوەییەکانی
خۆیان بە شێوازێکی شارستانێتی و دیموکراسی دەکەن.
سێیەم: هاوپەیمانێتی " پێکەوە بۆ بەڵێ"توانی هەڵوێستی پارتی چەپی
کاتالۆنی،بە سووتی بڕیاری سەربەخۆیی بقۆزێتەوە و چەپەکانیش، لە
هەڵوێستێکی گرنگ و چارەنووسسازدا، رۆڵی مێژوویی و نیشتمانپەروەرانەی
خۆیان گێڕا. بەم کارەش بارستایی خۆیان خستە تای تەرازووی
سەربەخۆخوازانەوە. ئەم کارەش لە رووی مێژوویی و سیاسی و چەندایەتییەوە،
سەنگ و بایەخێکی دیکەی ئەرێنی،لە زەمینەی تێکۆشانی گەلاندا، دەبەخشێ بە
رەهەندە، دوورەکانی پرسی سەربەخۆیی کاتالۆنیا و پرسی نەتەوایەتی لە
سەرتاسەریی جیهاندا.
شایانی ئاماژە پیدانە، کاتالانەکان، رووبەرووی جینۆساید و ئەنفال و
کیمیاباران و راگوێزان و لەسێدارەدان و گۆڕینی ناسنامەی نەتەوەیی و
کوشتاری جۆراوجۆری تر نەبوونەتەوە. کەچی هێندە لەسەر جیابوونەوە و
بەدەستهێنانی سەربەخۆیی خۆیان سوورن.
پێناس و ناسنامەی تێکۆشەری راستەقینەش ئەو دەم، لەمەیداندا بەراست
دەردەکەوێ و دەسەلمێندرێ ، کە هەرساتێ ، نەتەوە و نیشتمان،کەوتە بەردەم
دوو ڕیانی چارەنووسساز،پێویستە هەموو حیزب و کۆمەڵ و کەسێ دروشم و
ئامانج و بگرە پرنسیپەکانیشی تایبەتییەکانی خۆی ، بپێچێتەوە و ببێتە
سەرباز و داکۆکیکار وڵات و خۆی بکاتە قوربانی بەرژەوەندییە باڵاکانی
نەتەوە.
ئێمەش ئەمە کتومت، لە هەڵوێستی پارتی چەپی کاتالۆنیا و تێکڕای
سەربەخۆخوازەکانی کاتالۆنیادا دەبینین و دەخوێنینەوە.
سەربەخۆیی لای پارتە کوردستانییەکان...
وەک پێشەکییەک و تا وێنەیەکی روونمان لە بەرچاو بێت، دەمەوێ ئەم
راستییە بکەمە دەروازەی چوونە نێو باسەکەمەوە:
" کورد نەتەوەیەکە، تا ئێستاش نیشتمانی داگیر و دابەشکراوە و رووبەرووی
نامرۆڤانەترین سیاسەتی داگیرکەرانی وڵاتەکەی، لە رووی سەربازی و سیاسی
و ئابووی و رۆشنبیرییەوە بۆتەوە، هەبوون و ئیدەنتیتێتی لەبەردەم
ترسناکترین هەڕەشەدایە. لە هیچ یەک لەو دەوڵەتە زۆڵەکانەی کورد و
کوردستانی بەسەر دابەشکراوە، خاوەنی چ مافێک نییە و تا هەنووکەش تاکە
هێزێکی نەتەوەی سەردەست پەیدا نەبوو،باوەڕی بە مافە رەواکانی کورد
هەبێت".
ئا لەم ساتەوەختەدا،کە باس لە پرسی دەنگدان و داوای سەربەخۆیی
کاتالۆنیا دەکەین، بارودۆخ لە تەواوی کوردستاندا بە قۆناخێکی هەستیاردا
تێدەپەڕێ. لەتەک ئەوەشدا ، بە دڕێژایی مێژووی دوای داڕمانی دەوڵەتی
عوسمانی و سەپاندنی ناهەقانەی ئەجێندا و نەخشەی، رێکەوتننامەی رووزەردی
سایکس ـ پیکۆ، دژ بە کوردستان، هەرگیز بۆ کورد دەرفەتی وا زێڕین ،
فەراهەم و هەڵنەکەوتووە.
دەوڵەتانی زۆڵەکی عێراق و سووریا،رۆڵ و مانایان نەماوە و لە ناوەندەوە
داڕووخا و بێدەسەڵات بوون و ناتوانن بە دروستی پارێزگاریی لە
پایتەخەتەکانی خۆیان بکەن. تورکیا،رووبەڕووی هەڕەشەی گەورە بۆتەوە و
دۆستەکانی رۆژاوای لێی زیز بوون، و دەیانەوێ سزای بدەن بە دووی
ئەلتەرناتیڤێکیدا دەگەڕێن. ئێران دەستی خەڵتانی خوێنی، چەندین کێشەی
نێوخۆی وڵاتانی وەک،عێراق و سووریا و یەمەن و لوبنان و بەشێکی زۆری
وڵاتانی کەنداو بووە ،کێشەی گەورەی بۆ خۆی قووتکردۆتەوە و بە سانایی
ئەم هەموو دەست تێوەردانەی بۆ ناچێتە سەر.هاوکات ئێران لەلای کۆمەڵگەی
نێودەوڵەتی پێناسێکی نەرێنی بەدەست هێناوە و وێنەیەکی ناشیرینی
دەسەڵاتدارێتی نیشان داوە و بە پێی دراوە ناوچەیی ـ قەیرانە
نێوخۆییەکانی ـ و جیهانییەکان، ئێران ئاییندەیەکی چەسپاوی نابێت،یان
بەو فۆرمەی ئێستا، ناتوانێ بەردەوام بێت.
هەڵتۆقینی رێکخراوی (داعش) لە دواییانەدا، بە خۆیی و کردەوە
قێزەونەکانییەوە و داستان و سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە لە باشوور و
شەڕڤانان لە رۆژاوا بەرامبەر بە داعش ، بە تایبەت شا داستانی بەرگریی
قارەمانانە و بێوێنە لە شاری (کۆبانی)،وەرچەرخانێکی باشی لە پرسی کورد
دا هێنایە کایەوە و ئاسۆیەکی روون و فراوانی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بۆ
رەخساند.
لێرەدا، بە پێچەوانەی شەپۆلەکانی دەریاوە(مەبەست میدیای چەواشەکاری
کوردی و ئەقڵێتی سەقەتی حیزبایەتییە لە کوردستان دا)، دەمەوێ چەردەیەک
لەو راگەیاند و هەڵوێستانەی لایەنە کوردییە پەیوەندارەکان بخەمە روو،کە
کەم و زۆر لە خولگەی باسی سەربەخۆییدا خول دەخۆن و پێوەندییان بە
چارەنووسمانەوە هەیە. تاوەکو بزانین ، ئەم کۆمەڵە حیزبەی لە
کوردستاندا،بانگاشەی نوێنەرایەتی بزاڤی نەتەوەیی دەکەن،و سیفەتی
شۆرشگێڕ و خاوەن شۆڕش بە خۆیان رەوا دەبینن، لە چ ئاستێکی بەرپرسیارێتی
خۆیاندان؟ و چەند هەڵگری ئەو پەیامەن، کە لە پێناویدا،هەنگاویان ناوەتە
مەیدانی خەباتەوە؟. داخۆ تا کوێ مافیان هەیە، بانگەواز ئاراستەی
جەماوەر بکەن؟ و بە چ مافێک رۆڵەکانی نەتەوە دەکەنە قوربانی گەمەیەک،کە
گەوهەرەکەی قومارێکی سیاسی رووت و پەتییە؟ و چ مانا و بەهای شۆڕش و
خەبات هەڵناگرێ،وەک ئەوەی خۆیان بانگاشەی بۆ دەکەن ؟؟
مخابن بە هەر مەبەستێک بێت، ئەم چرکەساتە هەستیار و گرنگانە(راگەیاندنی
نابەرپرسانە و بێ هەڵوێستی بەرامبەر بە سەربەخۆیی و نەبوونی پرۆژەی
دامەزراندنی دەوڵەت) زۆر بە خشپەیی و بێدەنگی بەسەر رۆشنیران و
چاودێڕانی سیاسیدا تێپەڕی و تاکە دەزگایەکی میدیا و رۆژنامە و
ماڵپەڕێک،نەیتوانی/نەیویست !! رووناکی بخاتە سەر . لە کاتێکدا
دەزانین،بۆ باسوخواستی دیکە! ماشێنە شڕەکانی میدیای پارتەکان، چۆن
خەرەک دەڕێسن و فوو بە کەڕەنای پڕوپووچیدا دەکەن. هەڵبەت ئەوەی
حاشاهەڵنەگرە و مێژوو لەبیری ناکات و لە کەسیش خۆش نابیت، ئەوەیە ، هەر
جۆرە مامەڵەیەکی نەرێنی، لەگەڵ ئەو فەرمانە پێشهاتوو و دیفاکتۆ دروست
بووە دابکرێت، دەبێتە بەشێک لە سیاسەتی خۆڵ کردنە چاوی جەماوەر و
دەرکەوتنی دوو روویی رۆشنبیرانی ناپاک ،کە لەبەر هەر هۆکارێک
بێت!!،نەیانتوانیوە رۆڵی مێژوویی خۆیان بلێزن و لەو ئاریشەدا ،
بەشداریی ئەرێنی خۆیان بکەن بە قازانجی سەربەخۆیی خاک و نەتەوە.
لەبەر رۆشنایی پەندە کوردییەکەی دەڵێ: " مشتێ نموونەی خەروارێکە"، وا
بە کورتی چەند نموونەیەک لەمەڕ ئەم بابەتە، سەرەتا لە باکوور و رۆژاوا
دەخەینە روو:
ـ ئێمە دەوڵەتی نەتەوەییمان ناوێ و ئەو داوا و بۆچوونانەمان خستۆتە نێو
تەنەکەی خۆڵەوە..خەتیب دیجلە.
ـ مۆدێلی دەوڵەتی نەتەوەیی بەسەر چووە و ئەوە داوی ئێمە نییە...مستەفا
قەرەسوو.
ـ ئێمە داوای دەوڵەت ناکەین،دەوڵەت دژی ئازادی و دیموکراتی و تاکە.
هەوڵمان بۆ دامەزراندنی دەوڵەت وەک چارەسەری کێشەکەمان دا،لێ ئێستا
دەبینین دەوڵەت چارەسەری کێشەکەمان ناکات. ئێمە بۆ "کۆمەڵگەی ئازاد"
خەبات دەکەین لە پێناوی هەموو گەلاندا. دەمانەوێ رژێمی دیموکراسی بەرەو
پێش بەرین و گەشەی پێبدەین....جەمیل بایک.
ـ کۆمەڵێ راگەیاندن و بانگاشە و نامە و داواکاریی عەبدوڵڵا ئۆجەلان،
هەر هەمووی جەخت لە کۆماری دیموکراسی و کۆمەڵگەی ئازاد و.... هتد،
دەکاتەوە.(هەر هەمووی لە ناو ترکیادا).
هەموو ئەم ناوانە بەرپرسی گەورەترین پارتی باکووری کوردستان (پ ک ک )ن
و رەنگڕێژی سیاسەتی گشتی ئەو پارتەن.
ـ ئێمە نامانەوێ لە سوریا جیاببینەوە. ساڵح موسڵح ..هاوسەرۆکی
کانتۆنەکانی رۆژاوای کوردستان.
پێم وایە چ پێویست ناکات، باس لە بۆچوونی نێوەندەکانی بڕیار و کەسایەتی
و چاودێرە سیاسییەکانی بێگانە بکەین، لەسەر دابەشبوونی سووریا. چونکە
بە هەزاران چاودێر و نووسەر و نێوەندی عەرەبی هەن ، تا هەنووکە رۆژانە
لە میدیا و رۆژنامەکانیاندا، باس لە کەرتکەرتبوونی سووریا دەکەن. ئەوە
تەنیا کوردە نایەوێ و دەڵێ نابێت سووریا هیچی بەسەر بێت، هەر کوردە
نایەوێ سووریا پارچە پارچە بێت و لە سووریا جیابێتەوە،لە کاتێکدا هەر
خودی کوردیشە، داستانی قارەمانێتی بەرامبەر بە دڕندەترین رێکخراوی
تیرۆریستی جیهانی، وەک داعش تۆمار دەکات و تاکە هێزی کاریگەر و کردەیە،
لەسەر گۆڕەپانەکە،کە ئەفسانەی داعشی تێکشکاندووە. بەڵام نازانێ پاش
نەمانی داعش چارەنووسی بە کوێ دەگات و بەرپرس و سەکردەکانی ، بەرەو کام
ئاقار، کاروانی خەباتەکەی بەڕێوە دەبەن.
بێگومان ئەم پەرادۆکسە،مەتەڵ و گرێیەکی تری مێژووی کورد و گووتاری
نەتەوەیی دەنەخشێنی و پێویستە گرنگی پێ بدرێ. ئیدی گەرەکە کورد چاوەڕێی
ئاکامی خەباتەکەی بکات و بزانێ لە پێناوی چیدا قوربانی دەدات و رێگە
نەدا،چارەنووسی بە نادیاریی بمێنێتەوە و بکەوێتە ژێر پێچکەی بێروحمی
گەمە سیاسییەکانەوە.
ئەوەی لێرەدا زۆر سەیر و سەمەرەیە، بەشێکی ئەم بەرپرسانە داوای
(کانتۆن)یان ، بۆ دەڤەرە جیاجیاکانی باشووری کوردستانیش کردووە،وەک
شەنگال، سلێمانی و دەیانەوێ مۆدێلی کانتۆن ، لە باشووریش بکەنە دروشمی
سەرەکی، وەک ئەوانەی رۆژاوا بیسەپێنن، ئەو مۆدێلەی!! کە چ ناسنامەیەکی
پێوە دیار نییە و تێکەڵەیەکە لەسەر بنەمای مێژوویی و نەتەوەیی و
جوگرافیایی دانەمەزراوە و لە زەمینەی ئەزموونی میللەتانیشدا تەنیا لە
چوارچێوەی دەوڵەتێکی وەک سویسرا دا،خراوەتە کار و تا ئێستا سەرکەوتوو
بووە.
هاوکات نابێ ئەوەمان لەیاد بچێ،کەوا ئەو هێزەی باوەڕی بەدەوڵەت
نەماوە،کەچی بە سەرسووڕمانەوە دەوڵەتی ترکیای قەبوڵە و تێدەکۆشێ لە
پێناوی ئەوەی، زێتر دیموکراسی تێدا بەرقەرار بکات و یەکێتی دەوڵەتەکەی
پایەدارتر بکات.
تەنیا ئاماژەدان بە بیروڕا و هەڵوێستی، کەسانی وەک (ئیسمائیل بێشکچی و
نوام چۆمسکی) و چەندان کەسایەتی تر لەسەر رەوایەتی،دامەزراندنی دەوڵەتی
کوردی،رەنگە وەک وەڵامێک بەس بێت بۆ ناواقعێتی بیروبۆچوونی پارتەکانی
ئەو دو بەشەی نیشتمانەکەمان . دەشێ لێرەدا بتوانم لە بری ئەوان، رێگە
بەخۆم بدەم و بڵێم: خۆ گەر لە دیدی سیاسیشەوە بێت، ئەو هێزانە دەتوانن
لە راگەیاندنەکانیاندا، وا هێما بۆ پرسەکە بکەن، کەوا کورد لە باکوور
،لە مافی فیدراڵی کەمتر بە هیچی تر رازی نابن و سەردەمی دەوڵەتی
نێوەندی هەڵگری بنەمای یەک نەتەوە و یەک زمان و یەک دەوڵەت ، لە وڵاتی
فرە نەتەوەدا بەسەرچووە. یاخود مافی نێزیک بە ٣٠ ملیۆن کورد، هەر لە
دەوڵەتێکی فیدراڵدا بەرقەرار دەبێت. دوای چارەسەریی پرسی نەتەوەیی کورد
و گەلانی تر، ئەوسا دەرفەت هەیە گەلانی ترکیا لەم قۆناخەدا بتوانن بە
ئاشتی و ئارامی و یەکسانی،لە کۆماری/ کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ئازاددا
پێکەوە بژین.
کوردانی رۆژاواش، دەرفەتیان لەبەردەمدایە، وەڵامی پێشهاتەکان بەوە
بدەنەوە،بڵێن: ساتێ سووریا داشبەشکرا،وا ئێمەی کورد بەشە کوردستانی
خۆمان بە خوێنی شەڕڤانەکانمان ئازاد و نەخشاندووە و بەرگریی لێ دەکەین
و دەیپارێزین، رێگە نادەین بە دەسەڵاتی ناوەندی جارێکی دیکە لەم
دەڤەرەدا باڵادەستی هەبێت. بە هەموو واتا و توانایەکمانەوە، سوورین
لەسەر داوا نەتەوەیی و دیموکراسییەکانمان. ئێمەش وەک برا کوردەکانمان
،لەم قۆناخەدا، لە باکوور و باشووری وڵاتەکەمان،داوای مافی فیدڕاڵی
دەکەین.
ئەم جۆرە تاکتیک و ستراتیژە سیاسییە، لە ئاستی نێوچەیی و نێودەوڵەتیدا،
بارستایی خۆی هەیە و شیاوی هێنانە دیشە. کاریگەرێتی ئەرێنیشی لەسەر
وونکردنی ناسنامە و گەوهەری پرسی نەتەوەیەک بە خەسلەت و بنەما
تایبەتمەندییەکانییەوە ناکات و سەروەرییەکی مێژوویش پێ تۆمار دەکرێت.
ئەم ئاوڕە خێرایە لەسەر ئەم پرسە و پێداگریی و سووربوونی ئەو هێزانە
لەسەر ئەم دروشمانە،پێناسی ئەو لۆژیکە چەوت و بزاڤ و شۆڕشە چەواشەیەی
ئەو حیزبانەمان لای روون دەکاتەوە،کە چەند دەستەوسانن لە ئاست ویستی
نەتەوە و چەند دیماگۆگن لە سیاسەتکردن بە جەماوەری ماندوو و
قوربانیدەری خۆیانەوە. بەواتایەکی تر، چەند کار لەسەر
بەلارێدابردنی،پرسی رەوای نەتەوە و خاکێکی داگیر و دابەشکراو دەکەن و
تا چەند بێ ئیرادە و بڕیار بەدەست نین، لەمەیدانی داوا رەوا
نەتەوەییەکانی کورددا.
خوێندنەوەی پرسی سەربەخۆیی لای کاتالان و کورد،وەک نموونەیەکی
هەنووکەیی،هەڵگری چەند ئاماژە و پرسیارگەلی ئالۆز و بێ وەرامە. هەر
نیگایەکی سەرپێی ئەم هەڵوێست و بیرکردنەوە و بڕیاردانە، رەنگبێ بەشی
ئەوە بکات، لە هۆکارەکانی، سەرتاپای مێژوویی بندەستی خۆمان تێبگەین.
پرسی سەربەخۆیی، لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا، هێشتا نەبۆتە جێی باس و چ
پرۆژە و بەرنامەیەک،لەمەڕ ئەم پرسە گرنگە، کە لەو بەشەدا پەیوەستە بە
چارەنووسی، هەر نەبێت زێتر لە ١٤ ملیۆن کوردەوە. پارتەکانی رۆژهەڵات،
جیا لەوەی بەردەوام پارچەپارچە و لاواز دەبن، هاوڕاش پێداگرییەکی
سەرسەختانە لەسەر ئێرانچێتی دەکەن و بەشێکی زۆریشیان دوای گلاسنۆس و
پێرۆسترۆیکاش، هێشتا شەوارەی ئێدیۆلۆژی و دەقی کتێبە ئەستوورەکان بەری
نەداون.
رەنگە پێکهێنانی بەرەیەکی کوردستانی لە نێوان ئەو پارتانەدا و
بڵندکردنەوەی داوای هەرە دامێنی فیدڕاڵی، تاکە وەرامێکی پۆزەتیڤ
بێت،دەرهەق بە حاڵوباری کورد لەو بەشەدا.
بارودۆخ لە باشووری وڵات، پێی ناوەتە قۆناخێکی ترەوە. لەم بەشەدا لەتەک
ئەو واقیعەی هەیە و حکومەت و پەرلەمانی کوردستان دامەزراوە، کەچی هێشتا
وەک پرۆژە و بەرنامەیەکی ئامادەکراو و کار بۆ کراو،چ ئاماژەیەک بۆ پرس
و داوای سەربەخۆیی بە کارایی بەرچاو ناکەوێ.
پارتی،زێتر لە لایەنەکانی دیکە لە رێی میدیا و راگەیاندنی
کادێرەکانییەوە،ئەم باسە دەورووژێنێ.چەند جارێ، سەرۆکی هەرێم لە
راگەیاندنە ناوخۆیی و دەرەکییەکاندا ئاماژەی بەم داوا رەوایەی کورد
داوە. دیسان ئاماژەکان ئەوەمان پێ دەڵێن،ئەم هەوڵانە،پتر وەک کارتێکی
گووشار و بۆ ترساندن و لابردنی تابووی سەر ئەو پرسە بەکار هاتووە، نەک
وەک داوایەکی گەڵاڵەبووی بەرجەستەی باوەڕپێکراو...هاوڕاش بە
کردەوەکانیاندا سیما و رەنگێکی بنەماڵەیی و تێڕوانینی بەرژەوەندی
تەسکییان بەخشیوە بە رەهەندی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەت..
جگە لەوەش ئەوەی نایبینین و جێی سەرنج و پرسیارە، شاندێ/دەستەیەکی
دیبلۆماتکاریی کورد، بە فایلی سەربەخۆیی بۆ کوردستان و داوای
دامەزراندنی دەوڵەتەوە. بە پەنهانی و ئاشکرایی، لە نێوەندەکانی
بڕیاردان، ئەمریکا و ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرتاسەریی
جیهاندا،چالاکانە کار بۆ ئەم دروشم و داوا رەوایە بکات... لە میدیاکانی
جیهانیدا، وتاری چوار نوێنەرایەتی حکومەتی کوردستان، و نووسەر و کەسانی
سیاسی سەر بەو پارتانەی، بارستاییەکیان لەسەر ئاستی کوردستان هەیە،
پروپاگەندە و پشتیوانی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی بکەن... لە نێو
کەناڵ و میدیا جیهانییەکاندا،مێزگردێک نابینین، کورد ئامادەی کرد بێت،
یان بەشدار بێت تێیدا و ئەم پرس و باسانە بڵاوبکاتەوە و بە لۆژیک و
دیکۆمێنت و زمانێکی دبلۆماسی هاوچەرخ، بانگاشە بۆ پرسی سەربەخۆیی
بکات... لۆبییەکی کوردی سازکرابێ و کار لەسەر ئەم پرسە بکات. دەیان
سەدان جۆر چالاکی تری دبلۆماسی و راگەیاندنی و تەنانەت ئامادەکاری و
رازیکردنی خەڵکانێک، کۆمپانیاگەلێک، تا رادەیەی کڕینی کەسایەتییە
جیهانییەکان،تەماحیان وەربەر بنرێ و سۆزیان بۆ لای کورد راکێشرێ و
بەرژەوەندییان بۆ بخوڵقێندرێ .بۆ داکۆکی لە پرسی رەوای نەتەوەیەک ،کە
ئەنفال کراوە و شەنگالی لێ زەوتکراوە و هەمیشە تەپکە و تەڵە بۆ بوون و
هەبوونی لە لایەن داگیرکەرانەوە دەچنرێت...
لە هەمووش سەیرو پارادۆکستری دەسەڵاتی ئەم پارتانە و
حکومەتەکەمان!!،ئەوەیە چ لایەک رێگە نادەن ،بە هێز و کەسانی نەتەوەیی
هەڵگری باوەڕی سەربەخۆیی و ئاڵای دامەزراندنی دەوڵەت ،لە کوردستان
،لەسەر زەمینەیەکی باوەڕی کوردایەتی و دوور لە گرژیی و وەکارهێنان وەک
داردەست بۆ بەرژەوەندی خۆیان، هاوبیرانی بیری کوردایەتی، شانبەشانی
هێزەکانی دیکە کار بکەن و ئەو بۆشاییە گەورە، فکریی و سیاسیی و
نەتەوەییە پڕ بکەنەوە... هەرچی هەیە، دەبێت بەدەستی خۆیان بێت و هەر
خۆیان مامانی بن و هەرچۆنیان ویست، وای هەڵسووڕێنن . ئاخر ئەمانە
باوەڕیان بە هاوخوێنی و هاوسەنگەریی و هاوستراتیژی و هاوپەیمانی نییە و
لە دووی شێرەبەفرینە و قەرەقۆز و کوڕی رۆژ و کەڵەکباز و بێعار وێڵن.
وەک ئەوەشی کە رێگە نادەن، خۆشییان ئەوە نیین کە پێویستە هەبن و
خۆنمایشت بکەن!
بە کورتی ئەوەی پارتەکانی دیکەی باشوور کاری لەسەر دەکەن، مخابن
کەرتکەرتکردنی ئەو ناسنامە نەتەوەییە،کە هەوڵی دروستبوونی دەدرێ و لە
میانەی پرۆسەیەکی ئاسایی و بێ خەرجیدا،بۆ خۆی خەریکە بەرەو دروستبوون
دەچێت و چلوورە دەبەستێ.
گووتاری یەکێتی، سەبارەت بە پرسی سەربەخۆیی ناروون و تەمومژاوییە و هەر
خەریکی رازیکردنی دەوڵەتانی داگیرکەرن، ئۆکەی بە کورد بدەن دەوڵەت
دروست بکات !!. سەرەککۆماری عێراق، د. فوئاد مەعسووم، تاکە کەسە
لەسەرتاسەری جیهاندا، دەڵێ: ئێمە رێگە نادەین عێراق دابەش ببێت.
گٶرانیش، کار لەسەر ناسنامەی دەڤەری تاکە شارێکی کوردستان ،سلێمانی
دەکات و گەرەکێتی پشت ئەستوور بە دەستووری عێراق!!، هەرێمێکی سەربەخۆ و
ناناوەندی لە بەرامبەر هەولێردا بەدەست بهێنێ. لە کاتێکدا لە دەستووری
کوردستان دا،ئاماژە بەوە کراوە،کە رێگە بە دامەزراندنی چ هەرێمێکی دیکە
لە هەرێمی کوردستاندا نادرێ.
ئەمانە و هێزە موسڵمانە ئیخوانییەکان، یەکبینە کار بۆ کاڵکردنەوەی
ناسنامەی نەتەوەیی و پچڕپچڕکردنی هەستی کوردستانی و شێواندنی گوتاری
نەتەوەیی و باوەڕی تاکی کورد بە خۆیی و مەسەلە رەواکەی دەکەن.
هەموو لایەنەکان،بە خۆیان و میدیاکانی سێبەریان و لەشکری رۆشنبیرانی
هەلپەرست و بەرژەوەندی خۆخوازەوە، لە هەوڵ و تەقەلای مەحاڵکردنی پرسی
سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتدان و هەوڵیش هەیە لە پشت ئەوەوەی ئەم
باسە وەک بڤە و تابوویان لێ بێت. لە ئالییەکی دیکەوە بە هەموو شێوە و
شیوازێکی ناشرین و رووقایمی و نەیارانە،دژ بەم چەمک و داخوازییانە
دەوەستنەوە و لە بەها و گرنگییان کەم دەکەنەوە و سووکایەتی بە باسکردنی
دەکەن..ئەوەتا لەسایەی ئەم کەمپینە و رۆڵی نەرێنی میدیا شڕ و
گوماناوییەکاندا، خەڵکانێک سەرلێشێواو و گێل و گەوج بوون. بە رەفتار و
گوفتاری نابەجێ و دوور لە خۆشەویستی نیشتمان و خوێنی گیانبەختکردووان و
ئەو هەموو کارەسات و قوربانییانەی، هەڵەبجە و ئەنفال و شەنگال و
ملیۆنەها کارەساتگەلی دیکە، دەڵێن دەوڵەتمان ناوێ. هەر لەبەر ئەوەی
((معاشەکەی جوان نییە))...!! یان بە بڕوبیانووی پوچەڵ و نەزۆک و بێ
ماناوە،خۆیان لەم داوا رەوایە دەدزنەوە و پێیان وایە ، هەلومەرجی
سەربەخۆیی لەبار نییە و وڵاتانی درواسێمان،رازی نین و بنەماکانی
سەربەخۆیی و دەوڵەت ئامادە و کامڵ نەبوون.
رووداو و پێشهاتەکانی ناوچەکە و وەرچەرخان و هەڵکەوتنی گرنگی کوردستان
و ئەو دیفاکتۆ خوڵقاوەی بە بۆنەی شەڕی داعشەوە،سەری
هەڵداوە،فاکتەرگەلێگی گەورە و کاریگەرن،رۆژ بە رۆژ کوردستان بە هەموو
رەهەندەکانییەوە تێهەڵکێشی هاوکێشە و نەخشەی ئامادەکراوی پاش سایکس
پیکۆ دەبێتەوە.کورد دەبێت بزانێ چۆن لەم گۆڕەپانەدا یاری دەکات. بۆ
ئەوەی یارییەکی باش بکەین و براوە بین،پێویستە وەک یەک تیمی نەتەوەیی
بچینە مەیدانەوە. ئاخر تاکە چەکی دەستی کورد هەر یەکێتی و یەکێتی
دەبێت.
بە کورتی دەکرا و دەکرێ ،هەڵمەت و کەمپینی سەربەخۆیی، لەچەندین قۆڵ و
کەناڵەوە کاری بۆ بکرێ.. نەک وەک ئەوەی خەڵکانێ بە ئومێدی ئەوە بن، هەر
بە پەیمانێکی بلفۆڕئاسا، بڕیاری سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی
کوردی، بۆ بخرێتە سەر سینی زێڕین و پێشکەشیان بکرێ...
رووداو و پێشهاتەکان بە پەلە دێنە پێشەوە و دەگۆڕدرێن و گەلێ جار بە
چاوترووکانێک ،وەرچەرخانی گەورەی چاوەڕوان نەکراو، دێتە سەر شانۆی
سیاسەت . ئامادە بئیت و پلانت بۆی هەبیت و رووبەرووی بیتەوە... بە
نموونە هاتنە پێشەوەی رووسیا لە پشتیوانی رژێمەکەی بەشار ئەسەد و سوریا
و پەیمانی چوارقۆڵی رووسیا، ئێران، سووریا و عێراق ق کلک و
پێوەندەکانیان.
بۆیە،لەم هەلومەرجە ناسک و گرنگەدا، لەدەستدانی هەر چرکەساتێ،بۆ
کورد،مانای کەمتەرخەمییە لە ئاست سەدەیەک کات و روودا و چارەنووسی
ملیۆنەها مرۆی کورددا..
دوای ئەم خوێندنەوە بە پەلەیەی، بارودۆخی سەربەخۆیی،لە دیدی
کوردایەتییەوە، لای پارتەکانی کاتالۆنیا و کوردستان، تێدەگەین،لە
تاقیکردنەوەی کوردایەتیدا، پارتە کوردستانییەکان،گەرچی پرسیارەکانیش
سووک و سانا و روون و ئاشکرایە، کەچی لە ژێڕ سفرەوە دێنن و لە
هەنووکەدا، چاوەڕوانی دەرچوونیشیان لێ ناکرێت.
هەڵبەت ئەم راستیتانە، نابێ شتێکی دیکەشمان لە یاد بەرێتەوە، ناکۆکی و
ناتەبایی و رێکنەکەوتن لەسەر ویستە باڵاکانی نەتەوەکەمان... ئاخر گەر
ناتەبا و بێ بەرنامە نەبووینایە، کەسێکی وەک ئەیاد عەللاوی نەیدەگووت:
من وەک پرنیسپ باوەڕم بەدەوڵەتی کوردی هەیە، لێ کام دەوڵەتی،دەوڵەتی
هەولێر،سلێمانی یان قامیشلۆ...بێگومان کەسی هۆشیار،دەزانێ ئەم رستەیە
هەڵگری چەند رک و کینە و شۆڤێنیزم و ناحەزایەتییە،بەڵام بە دیوێکی
تریشدا نێزیکە لە راستییەکی تاڵەوە.
بۆ زانیاری زێتر لەسەر کاتالۆنیا،بڕوانە ئەم بابەتەی بەندە،لەم لینکەی
خوارەوەدا.
http://pasok.eu/pdf/Kteberesheke_Hallo.pdf
١٠\١٠\٢٠١٥
کتێبی: گوتاری
ناسیونالیزمی کوردی (گ.ن.ک)..خوێندنەوە و چەند سەرنجێکی رەخنەگرانە.
٤٤٦ لاپەڕە، چاپخانەی : چوارچرا،سلێمانی کۆتایی ٢٠١٣.
٤/٤/٢٠١٥ بەرلین.
لە وتارێکی دوورودرێژمدا، لەسەر بەرگی یەکەمی،گ.ن.ک، بەرهەمەکەی بەڕێز
کاک عەتا قەرەداخی،کۆمەڵێ بۆچوونم، لەمەڕ کایەی ئیشکردن و میتۆدەکانی
بیرکردنەوە و شێوازی مامەڵەی ئەم نووسەرە لەگەڵ گ.ن.ک دەربڕیوە. هەمان
کات لە ڕوانگەی خۆم و راستییە مێژوویی و ئەرکە رۆشنبیرییەکانەوە،
پەنجەشم بۆ خاڵە لاوازەکانی راکێشاوە. لێرەدا گەرەکم نییە، ئەڕای ئەو
باسانە، جارێکی دیکە بۆچوونەکانم ،سەرلەنوێ بکێڵمەوە..
کاک عەتا... لەسەرەتای ئەم بەرهەمە نوێیەیدا،بەرگی دووەمی، گ. ن .ک،
جارێکی دیکە، نەک هەر پێشێلی هەموو پرنسیپەکانی رۆشنبیریی دەکات، بەڵکو
لە تەقەلای ئەوەشدایە، بەرامبەر بە راستییەکان چاوبنووقێنێ و
چاوبەستەکێ لە خوێنەر بکات،بۆ مەبەستێکی نادیاری گوماناوی، کلک و گوێ
راستی و حەقیقەتەکان بکات.
ئەم بەرهەمە، لە پێشەکییەکی دوورودرێژ و ١٣ بەشی سەربەخۆ پێکهاتووە.
کارێکە، ماندووبوون و خۆهیلاکردنی پێوە دیارە..لێ هەق بوو نوسەر،بۆ
ئەوەی ئامانجەکەی دروستتر بپێکایە،ناوی لێبنایە کورتە باسێکی مێژووی،
ئەو پارت و بزووتنەوانەی کاری لەسەر کردوون. ئاخر نوسەر هێندەی مێژووی
ئەم حیزبانە دەنووسێتەوە،ئەمەندە بە دوای گوتاری .ن.ک. وێڵ
نییە.ئاشکرایە کەسێ بیەوێ راوە ماسی بکات،دەچێ بۆ سەرچەم و رووبار و
دەریا،نەک بۆ نێو بیابان و سەر کێو و دەڤەری بەندەڵان. خۆ گەر ئەمەی
کرد،یان بە نەزان دێتە هەژماردن،یاخود بەوە ناوزڕاو دەبێت،کە خەریکی
خەپاندن و فریوودانی خۆیی و خەڵکە. ئاخر نابابەتێتی کارەکەی کاک عەتا،
دەمانخاتە بەردەم ئەو ئەگەرەی، کە هیچ رووبەرێک بۆ رەخنەی زانستی و
بابەتی و کاری رۆشنبیرانە نەدۆزینەوەو دەبێت ناچارانە، ئیستێک بکەین و
نیشانەی پرسیار بخەینە سەر بەرهەمەکەی نوسەر.
من لەبەرە، پێبەپێی بڕگە گرنگەکان،لەتەک نوسینەکەی کاک عەتادا، هەنگاو
هەڵدەگرم و لە دیدی کوردایەتییەوە،تیشک دەخەمە سەر لایەنە تاریکەکانی و
هەوڵی راستکردنەوەی شێوێندراوەکان دەدەم، و تێدەکۆشم، خوێنەر دروستتر
بەرەو راستییەکان ئاڕاستە بکەم، و وێنەیەکی باشتری گوتاری ناسیونالیزمی
کوردی، لای ئاڵا بەدەستتانی راستەقینەی ئەم گوتارە، بخەمە بەرچاوی
خوێنەر.
بەشی یەکەم: گوتاری راپەڕینی بارزانی ١٩٣٢ ـ١٩٣٦.
باسێکی خێرای بنەماڵەی بارزانی و رێبەرەکانی، وەک شێخ عەبدولسەلامی
یەکەم،شێخ ئەحمەد و مەلا مستەفا و...هتد دەکات.
پاشان ئاماژە بەوە دەکات، راپەڕینەکە خێڵایەتی بووە،چونکە جوگرافیای
راپەڕینەکە لە کوێرە دێیەکی دواکەوتووی کشتوکاڵیدا بووە...تا دەگاتە
ئەوەی،نووسەر پێی وایە:" هیچ زەمینەیەکی سەرهەڵدان و دەرکەوتنی
ناسیونالیزم لە ئارادانەبووە".کەواتە، بەلای نووسەرەوە، مادامێکی
هەلومەرجی کۆمەڵایەتی و سیاسی ئامادە نەبووە،بە واتایەکی دیکە،بە پێی
تیورییەکەی مارکس، چینی بۆرژوا نەبووە و خەباتی چینایەتی نەکراوە،ئەوە
، ئەو بزوتنەوەیە بە ناسیونالیزم لە قەڵەم نادرێ.. بەم شێوەیە لە
دووتوێی ١٠ لاپەڕەدا، گوتاری ئەم راپەڕینە بەوە دەقەبڵێنێ،خێڵەکی و بێ
روخساریی نەتەوەییە بووە.
بەشی دووەم: گوتاری حیزبی هیوا.
پێشینەیەکی کورت لەمەڕ دروستبوونی ئەم حیزبە، لە دارکەرەوە بۆ رێکخراوی
ـ برایەتی تا حیزبی هیوا ـ دەخاتە بەرچاو. ناوی کەسە دیارەکانی،کە
رۆڵیان هەبووە، وەک شێخ لەتیف و دڵدار و عەبدوڵڵا جەوهەر و رەفیق حیلمی
،لەم میانەدا هاتووە.هاوشان لەمەڕ هەمان باسەوە، بۆچوونی کۆمەڵێ نوسەری
دیکەش بەرچاو دەکەون.نوسەر پێی وایە، لەو سەردەمەدا رەنگدانەوەی ،
کاریگەرێتی دوو زلهێزیی جیهانی، وەک ئینگلیز و شورەوی، لەسەر ئەم
کەسایەتی و رێکخراو و حیزبانە هەبووە. ئەمەش لای حیزبی هیوا بە تایبەت،
بە زەقی بەدیارکەوتووە. رەفیق حیلمی، رێبەرایەتی بەرەی راست و
لایەنگریی ئینگلیز بووە. ئەوانی دیکەش بەرەی شورەوییان بە چاک زانیوە و
پێیان وابووە" خەباتی کورد، پێویستە لە پێناوی ئازادی و دیموکراسیدا
بێت".
مخابن، نوسەر هیچمان پێ ناڵێ،ئایا باڵی یەکەم چ دروشمێکیان هەبووە؟.
ئەدی بۆ شورەوی خۆی بە دیموکراسی دروست بووە؟،یاخود شورەوی سیستەمێکی
دیموکراسی بوو؟،تا ببێتە نموونەی باڵای خەباتی ئەو بەرەیە؟! ئەرێ
بەراست، لە کوێی کەلتووری مارکسیزمدا، باسی ئەوە کراوە، چارەسەری
مەسەلەی نەتەوایەتی، ئەرکی سیستەمی دیموکراسییە،لە کاتێکدا خودی ئەو
جۆرە سیستەمانە بۆ خۆیان لە سەر بنچینەی دیموکراسی پێک
نەهاتوون!..یاخود،چ وڵاتێ هەیە هێندەی شانشینی یەگرتووی،دیموکراسی
بێت،کەچی ئیرلەندە و سکۆتلەندە و وێڵز،بەردەوام لە هەوڵی سەربەخۆیی
خۆیان نەکەوتوون، تا ئەم چرکەساتەی بوونی گلۆبالیزم و یەکێتی
ئەوروپا... خۆ دەزانین کاتەلۆنیا و باسک و گەلەک میللەتی دیکە، لە
ئەوروپای هەسارەی دیموکراسیدا، هێشتا سوورن لەسەر داوای سەربەخۆیی
خۆیان.. کیوبیکەکانی کەنەدا چەندین جار لە سێبەری دیموکراسی پانوبەرینی
کەنەدیشدا هەوڵی سەربەخۆییان داوە. کەواتە کێشەیەکیان هەیە و
دیموکراسیش وەک پێویست پێی چارەسەر ناکرێ...یاخود بوونی دیموکراسی
گەرەنتی نییە بۆ چارەسەریی کێشەی نەتەوایەتی. دەنا لە بنەڕەتدا ـ دوور
لە گووتە بەنێوبانگەکەی چەرچڵ ـ سیستەمی دیموکراسی چاکترین شێوەکانی
دەسەڵاتدارییە،و هەموو پشتیوانی و داخوازی لێدەکەین. جگەلەوەش، خەبات
لە پێناوی ئازادیی کێدا و چ ئازادییەک؟ کاک عەتا، ئەم باسانە بۆ
خوێنەر، بەدروستی روون ناکاتەوە. مەینەتی کورد لەوەدایە مێژووی دروست و
راستەقینەی هەم نەنووسراوەتەوە و هەمیش ئەوانەی لەم چەند دەیەیەی
رابردوودا،کارێکییان لەم بوارەدا کردووە، بێلایەن و بابەتییانە و
زانیستییانە نەبوون.
من وای دەبینم، دەڕبڕینی وەها بیروبۆچونێک، جگە لەتاوانبارکردنی
سەربەخۆییخوازەکانی ئەو سەردەمە و کاوێژکردنەوەی تۆمەتی " پیاوی
ئینگلیز" بۆ سەرکردەکانی، بەرەی گوایە راستڕەو،چ مانا و بنەمایەکی تری
نییە. نوسەر دواتر دەنووسێ: "ئۆتۆنۆمی دروشمی ئەم حیزبە بوو. هەڵبەت
ئەم دروشمە و داخوازی سەربەخۆیی، هەرگیز وەک یەک ناکەونە، بەر حوکمی
گوتاری نەتەوەیی"... ل ٣٠.
جێی خۆیەتی ئاماژە بەوە بکەم،گەر بهاتایە و بەرژەوەندی زلهێزەکانی دنیا
وای بخواستایە،کوردستان دەرفەتی بوونە دەوڵەتی بۆ بڕەخسایە، ـ
پەیمانەکانی سایکس پیکۆ و سیڤەر و لۆزان ـ ،ئامادەگی باشتری کوردی تێدا
بوایە، وا سەرلەبەری بیر و بۆچوونەکانی کاک عەتا و هاوپێڕەکانی سەرەوبن
دەبوونەوە و پووچەڵ دەردەچوون. ئاخر ئەوە نییە،لە ئێستادا،سیاسەتی
نێودەوڵەتی بەرامبەر بە کورد،لەچاو کێشەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی نێوین دا
بەرچاو و هەستترە. ئەم باسەم وەک نموونەیەک، بۆ خوێندنەوەی
بەرژەوەندییە جیاوازەکان، لە دیدی سیاسەتی نێودەوڵەتییەوە خستە بەرچاو.
Otto Von Bismarck ،کاتێ یەکێتی ئەڵمانیا پێکدێنێ،سەرکردەیەکی دژە
دیموکراسی و سیستەمی پاشایی ئامانجی بوو. هیچ قسەوباسێکی سەرمایەداریی
و چینی بۆرژوا و دیاردەی مۆدێرنە لە گۆڕیدا نەبووە و نییە. خۆ گەر بەم
پێوەرە بێت،کەوا ئەم دیاردانە، لە ئەوروپای سەردەمی شۆرشی پێسەسازیی و
مۆدێرنێتەوە سەریان هەڵداوە،هەر ئەوروپا مەڵبەندی ئەم گۆرانکاریی و
داهێنەری ئەم چەمک و دیاردانەن، ئەی بۆ هەموو نەتەوەکانی ئەم کیشوەرە،
بە یەکسانی سوودمەند نەبوون لەم خێر و بێرە؟! . راستییەکەی ئەوەیە، گەر
شۆڕشی فەرەنسا و شەڕەکانی ناپلیۆن، چاوی میللەتانی ئەوروپای
نەکردبایەوە و بە ئاگای نەهێنابان،رەنگبوو ئێستاش لەسەر نەخشەی
ئەوروپا،سنووری چوار دەوڵەتمان بەرچاو نەکەوتایە..
کاک عەتا.. خۆیی و خوێنەر لەبەردەم پرسیارێکدا ئەبڵەق دەکات و دەپرسێ:"
ئایا دەشێ لە نەبوون و غیابی بنەماکانی رێنیسانسی نەتەوەیدا، باسی
گوتاری ناسیونالیزم بکرێت"؟ . من نازانم نوسەر بۆ هێندە خۆی ناواقعیی
دەکات، بە زۆرەملێی هەوڵ دەدات، قاڵب و دەستوور و دروشم و تیۆریی ئێرە
و ئەوێ، لە چانسی کوردایەتیدا داتاشێ و قوتبکاتەوە؟!ئایا عەرەب و فارس
و تورک و.. هتد، ئێستاشی لەسەر بێت،لەکام وێستگەی رێنیسانس دا
وەستاون؟!چەند قۆناخیان بڕیوە؟!ئایا ئەم میللەتانە هەموو ئەو
بنەمایانەی کاک عەتا، بە پێویستیان دەزانی، بۆ گوتاری ناسیونالیزم و
دامەزراندنی دەوڵەتیان، بەراست تێپەڕاندووە و هەنووکە لە دیوی ئەو
دیویی، هەواری پۆست مۆدێرێنیتەدا ژیان دەگوزەرێنن؟!داخۆ کۆسۆڤۆ و
تەیمووری رۆژاوا و کەمبۆجیا و باشووری سودان، بەکام قۆناخی پێش یان پاش
رێنیسانس گەشتوون؟!هێنانەوەی پەرەگراف و قسەی تیوریی گرنگ نییە،بەڵکو
گرنگتر ئەوەیە، تێگەیشتن لە واقیع و خوێندنەوە و کارپێکردنی و
چوارچێوەبەندکردنی لەسەر زەمینەیەک لەگەڵ پێداویستییە کۆمەڵایەتی و
مێژوویی و سیاسییەکان دا بگونجێ و ئاوێتە بێت.
دروستبوونی ئەو رێکخراو و حیزبە نەتەوەییانە،ئاماژەی بوونی
ناسیونالیزمن... گەر شورەوی لێبگەڕایە،هەم هیوا و هەمیش ژێکاف،لەسەر
راستەشەقامی نەتەوەیی لایان نەدەدا.. رەنگە زۆر شتییان بە ئاڕاستەیەکی
دیکەدا بچەرخانایە. ئەم دوو رێکخراوە،قوربانی دەستی پلانی شورەوین...
نوسەردوو خاڵی گەوهەریی بۆ گوتاری ناسیۆنالیزمی کوردی دەسنیشان دەکات:
١ ـ رزگارکردن و سەربەخۆیی کوردستان و دروستکردنی دەوڵەتی کوردیی.
٢ ـ سەرلەنوێ بنیادنانەوەی شوناسی کوردبوون،کە ئینتیمای یەکەم بۆ
کوردستانی بێ، نەک عێراقیبوون و تورکیبوون و ئێرانیبوون و سووریبوون.
ئەمە بۆچوونێکە راست و لۆژیکدارە،بەڵام پرسیارێک لێرەدا دروست دەبێ و
ئێخەی برای نوسەر دەگرێت: گەر گەوهەر و ستراتیژی ناسیونالیزمی کوردی
ئەمە بێت،وەک خۆت لەو دوو خاڵەدا، ئاماژەت پێداوە، ئەی تۆ بۆ سۆراخی
ئەم گوتارە، لە هەواریی خاڵی و جیهانی نامۆیی و مێژووی دروستکراودا
دەکەیت؟!.ئەی چ خێرە هەڵگرانی، ئەم گوتار و ئاڵا بەدەستتانی ئەم دروشم
و ستراتیژە وا نادیدە دەگریت؟!.جا بۆ لە هەموو کوردستان دا جگە لە
پاسۆک،هێز و لایەنێکی دیکە پەی پێدەبرێت،کاری جددی لەسەر ئەم تەوەرانە
کردبێ؟
{{ کوردستانێکی ئازاد...گەلێکی یەکسان/// شەرمە بێگانە حوکمی کورد
بکات///پێش ئەوەی هەر شتێ بین... دەبێ کورد بین/// کوردستان تەنها
موڵکی کوردە///تا کوردێک بچەوسێتەوە کوردستان ئازاد نەبووە /// و تا مل
کەچی یەکی نەخستووین با بۆ ئازادی یەکگرین..}}ئەمانە مشتێ لەو دروشم و
ئامانجانە بوو،لەسەردەستی پاسۆکدا هێنرایە نێو گوتاری سیاسی و نەتەوەیی
کوردەوە. پاسۆک وەک دەق و تێکستێکی مردوو،نە تەماشای ئەم تێزانەی دەکرد
و نە کۆپی و لاسایی کەسانی دیکەی کردبووە ئامانج،بەڵکو لە مەیدانی
خەباتی سەختی کوردایەتیدا،لە واقیعێکی دژواردا، هەوڵی جێبەجێکردن و
چەسپاندنی دەدا. ئیدی هەلومەرجی دەورەدراو چۆن بووە،پێویستە لێکۆڵەر
ئاماژەی بە پاشخانەکەی بدات و ئەوجا بیروڕای خۆی دەربڕێ. دەنا کاری
"خەنجەر لە کا" دان، ئاسانە و دەرئەرنجام ئەو قسانەش بە بۆشاییدا
رۆدەچنە خوارێ.
لە سەردەمانێکدا پاسۆک بەم بنەمایانەوە تێدەکۆشا، بەشێکی زۆری سیاسی و
سەرانی کورد،شەرمییان لە کوردبوونی خۆیان دەهات و دەمامکی داگیرکەرچێتی
و ناوچەگەرێتی و ئیدیۆلۆژیی نێونەتەوەییان بە رووی خۆیانەوە گرتبوو.
ئەگەرنا چ لەوە خۆشتر و چاکتر دەبوو،ئەو هێزانەی دیکەش،هەڵگری رەگەز و
ستراتیژی نەتەوەیی بوونایە،جاگەر وابووایە،رەنجی خەباتی چەندین
ساڵەمان، بۆ وا بە فیڕۆ دەچوو. " بۆچی کورد دەستی بە پایەکانی دەوڵەتی
سەربەخۆ نەگەشت؟ چۆنە تا ئێستا ئاڵای سەربەخۆیی بڵند نەکردۆتەوە"؟ ،
ئەمانە لە کاتێکدا پرسیارن،هاوسات ووزە و توانایەکی زۆری ماکی و
مینۆکی.پارتێکی وەک ـ پاسۆک ـ ی تێچوو. ئاخر پاسۆک لە پێناوی
دروستکردنی ئەم بیرورا گشتی و قەناعەت و ستراتیژەدا، ماندووبوونێکی
زۆری کێشا،وازی لە چەندین دەستکەتی حیزبی خۆی هێنا، بۆ بەرجەستەکردنی
ئەم ویست و داخوازییانە... کەچی ئێستا نووسەرێکی وەک کاک عەتا هاتووە و
زۆر بێمنەتانە و بێ گوێدانە هیچ پێوەرێک، گەرەکێتی ئەو هەڵوێست و
مێژووە نادیدە بگرێت...بەری رۆژ تا ئێستا بۆ کەس بە بێژنگ نەگیراوە و
بەرهەمەکەی کاک عەتاش، ناتوانێ راستییە مێژووییەکان بە سانایی
بشارێتەوە و بشێوێنێ. دواتر بە درێژی لەسەر ئەم بابەتانە دەدوێین.
بەدوای دەربڕینی ئەم بۆچوونانەدا، نوسەر و بیروڕای خۆی، لە دروشمێکی
تردا چڕ و پڕ دەکاتەوە و پێی وایە " لە دەرەوەی مۆدێرنێتە" هەر
ئاخاوتنێک لەسەر ناسیونالیزم، هیچ مانایەکی نییە...لە کاتێکدا
"ناسیونالیزم بەرهەمی مۆدێرنێتەیە"... کاک عەتا، بەردەوام دەست لەسەر
ئەم خاڵە دادەگرێ و پێی وایە، تا کورد نەگاتە قۆناخی مۆدێرنێتە،قسەکردن
لەمەڕ ناسیۆنالیزمی کوردی و رەهەندەکانی تری نەتەوەیی بەو رادەیە
تابووە.داخۆ دروستە،ئێمە قسەکانمان لەسەر ناسیونالیزم قوتبدەینەوە و
بییانپێچینەوە،مادامێکی نەگەیشتووین بە دنیای مۆدێرنە؟؟. مشتومڕی زۆر
لە نێو نوسەران و پسپۆڕانیBenedik Anderson,Erich Hobsbawm,Ernst
Gellner,Anthony Smith,Karl Deutsch, ئەم بابەتەدا هەیە،راستییەکان
هەموو ئەوە دەسەلمێنن،کە ناسیونالیزم زۆر کۆنترە لە دیاردەی
مۆدێرنە.لەم رووەوە تەماشای کتێبە بە نێوبانگەکەی،مێژوونووس و
فەیلەسووف و بیریاری ناسیونالیزم، Die Idee des Nationalismus,Hans
Kohn بکات.یاخود مەموزینی ئەحمەدی خانی..کاک عەتا پێی وایە هەر
تیۆریستە مارکسییەکان،کە ناسیونالیزم بە بەرهەمی مۆدێرنەی ئەوروپا و
گەشەسەندنی سەرمایەداریی ،دروستبوونی چینی بۆرژوا، دادەنێن, راست
دەکەن..
لە ١٣ لاپەڕەدا ، لەسەر ئەم باسەی نووسیوە و، پشتی بە ١٦ سەرچاوە
بەستووە.
بەشی سییەم: حیزبی رزگاری کورد.
پاش شکستخواردنی حیزبی هیوا، لەبەردەم ئەرکەکانیدا، بەرەی راست،
رێکخراوی رزگاریی دروست دەکەن و پاشان لە دەوری مەلا مستەفای بارزانی،
خڕدەبنەوە و چەپەکانیش رێکخراوی شۆڕش دروست دەکەن.
لێرەدا هاوڕای چەمکێکی هێگل "رۆحی رەهای کۆمەڵگە لە دەوڵەتدا بەرجەستە
دەبێت". دەکەوێتە نێو باسەکەوە و چاوەڕێی ئەوەیە ـ کە چاوەڕوانییەکی
راست و دروستە ـ ناسیونالیزمی کوردیش کار بەم ئاراستەیەدا بکات، بۆ
گەیشتن بە چرکەساتی دامەزراندنی دەوڵەت. نوسەر، چەند بەدەوری ئەم
تەوەردا بێت و بسوڕێتەوە و رێگا و میتۆدەکانمان بۆ بخاتە بەردەست و
قامک لەسەر هەڵە و کێماسییەکان دابنێ،کارێکی رۆشنبیرانە و بابەتی
دەکات،لێ هێنانەوەی کۆپلەیەک لە گوتەی، بیریارێک و دادڕینی بە باڵای
کورد دا،تووشی سەرلێشێوان و بە هەڵەچوونی دەکات. چونکە چ جارێ، ناکرێ
هەلومەرجی کۆمەڵایەتی و سیاسی، هیچ نەتەوەیەک بەوی دیکە بەروارد
بکرێ،هەر لەبەرئەوەی بنەما و خەسڵەت و پێداویستییەکانی ژیانی هیچ ،
نەتەوەیەک بۆ یەکێکی تر، ناتوانرێ کۆپی بکرێ و بەسەریدا بسەپێنرێ.
کاک عەتا، لە درێژەی باسەکەیدا، حوکمێکی نالۆژیکی و نابابەتییانە و
دوور لە ووردبینی و راستیپێکان دەدا و دەڵێ: "هەموو ئەو حیزب و
رێکخراوانەی دوای رزگاری دروست بوون ،سەبارەت بە مەسەلەی
نەتەوایەتی،بەرنامە و پرۆگرامی رزگارییان تێنەپەڕاندووە". ئەم دەربڕینە
لە کاتێکدایە،کە هەر خودی، برای نوسەر،دەنووسێ: "حیزبی رزگاری
بەرنامەکەی بۆ خەباتکردن لە پێناوی رزگاری عێراقدا و کە ئەوەش بەرنامە
پارتی کۆمۆنیستی عێراق بووە،کە ئەو بەرنامەیەش لە بنەڕەتدا دروستکراو و
داڕێژراوی سۆڤێتی ئەوسا بووە،بەناوی دیموکراتی بۆ وڵات و ئۆتۆنۆمی بۆ
نەتەوەی ژمارە دوو".
گەر، بە پێوەری ئەم بۆچوونە، هەڵسەنگاندن بۆ بەرهەمەکەی، نووسەرێکی
وەک، کاک عەتا بکەم،کە ساڵانێکە شەونخونی و سەرگەرمی خۆی، بۆ ئەم بوارە
تەرخان کردووە، دەڵێم مخابن تووشی شۆکت کردین و چ میتۆدێکی بابەتێتی و
رۆشنبیرانە، لەم بۆچوونەدا ئامادەیی نییە و، ئەمە ئاخاوتنێکی زۆر
رووکەش و ناسەنگینە و هەڵگری هیچ بنەمایەکی راستی نییە... کاک عەتا،بەم
ستایلەی کارکردنی لەم کایەدا،وەک ئەوە وایە بیەوێ، راستییەکان بە
چەقۆیەکی کولی ژەنگاوی، نا رۆشبیریی و بابەتی، سەربڕیت و بە دڵ و کوڵ
هەوڵی شێواندنی، لاپەڕە گەشەکانی مێژووی بزاڤی کوردایەتی، بدات...دیارە
منیش،گەلەک خەوێءنەریی دیکەش چاوەڕێی بەرهەمگەلێکی لەم چەشنەی
لێناکەن،هەر نەبێ کارەکانی خۆی وا دەنوێنێ.ئەوجا دەپرسین: ئەمە بۆ؟ بۆ
کێ و لە پای چیدا؟!.ئاخر نابەرپرسانە،مامەڵەکردن، لە گەڵ راستییە
مێژووییەکاندا،نە هەڵەی چاپ و نە ئاخاوتنی سەرمەستی و نە بۆچوونی
نوسەرێکە، کە بانگاشەیەکی دیکە بۆ خۆی دەکات.کەواتە، ئەو پرسیار و
گومانە گەورەی لەسەرەوە رامان گەیاند، لە شوێنی خۆیدایە.
وا لەبەرەوە، ئاڕاستەی باسەکەم،بەرەو ئەو ئامانجە دەگرمە بەر، کە هەوڵی
زەلالکردنی راستییەکان بۆ خۆیان کێشم دەکەن،ئەویش لە رێی خوێندنەوەیەکی
رەخنەگرانە، لەسەر ئەم بەرهەمەی کاک عەتا قەراخی. پێش ئەوەی بچمە سەر
بەشێکی تری ئەم کتێبە ، جێی خۆیەتی ئەم پرسیارانە، بە ئاگاداربوونی
خوێنەر ئاڕاستەی نوسەر و بکەم و پێویستە وەرامیان بداتەوە:
ـ ئایا بەرنامەی رێکخراوی رزگاری، بە هەق لە هی کاژیک و پاسۆک لە
پێشترە؟
ـ داخۆ پاسۆکیش خەباتی لە پێناوی عێراق دا، کردووە؟
ـ بەڕاست،پاسۆک دروشمی دیموکراتی بۆ عێراق و ئۆتۆنۆمی بۆ کوردی
بڵندکردۆتەوە؟
بەشی چوارەم: گوتاری پارتی دیموکراتی کورد.
حیزبی رزگاری، تا ساڵی ١٩٤٦ بەردەوام دەبێ، لەسەر خەبات و لەو ساڵەدا،
هەڵدەوەشێتەوە و پارتی دیموکراتی کورد بە رێبەڕیتی بارزانی و هەمزە
عەبدوڵلا جێی دەگرێتەوە.دروستکردنی ئەم حیزبەش، لەسەر شێوەی حیزبی
دیموکراتی کوردی ئێرانە.نوسەر، بە دوورودرێژی، ئەو ساڵانەی خەبات، تا
دامەزراندنی کۆماری کوردستان و رۆڵی بارزانی، لەو روداوانەدا باس
دەکات. هەروەها دەنووسێ:" بارزانی شێخ لەتیف و کاکە زیادی کۆیە،وەک
جێگری دادەنێ"...بەداخەوە نوسەر لەم دەستنیشانکرد و دانانی ئەم دوو
کەسایەتییەدا، لە لایەن بارزانییەوە،هیچ کۆمێنتێک نادا و ئەم هەنگاوە
زیرەکانە و بە ناوەڕۆک نەتەوەییانە هەڵناسەنگێنێ. لەمەش پتر هیچ
دەقێکمان لەسەر گوتاری ناسیونالیزمی ئەم پارتە بۆ ناخاتە بەردەست.
بەشی پێنجەم: حیزبی کوردی لە نێوان ناسیونالیزم و خێڵدا.
لە دووتوێی ٣٥ لاپەرەی ئەم بەرهەمەدا، توێژینەوەیەکی چڕ و پڕی هزریی و
سیاسی رەهەندەکانی ناسیونالیزم لای کورد، لە روانگەی خۆیەوە دەکات. کە
دەتوانین لەم چەند خاڵەدا چڕیان کەینەوە:
ـ ناسیونالیزم بەرهەمی مۆدێرنێتە.
ـ کاتێک ناسیونالیزم دەبێتە خاوەنی شووناس، کە ببێتە بەرنامە و
پرۆژەیەکی جەماوەری و، ئاستی ئاسایی بەرنامەکەی، دروستکردنی دەوڵەتی
نەتەوەیی بێت.
ـ هەر پرۆژە و بەرنامەیەکی تر، لە خوار ئاستی دروستکردنی دەوڵەتی
سەربەخۆی نەتەوەییەوە بێت،بەڵگەی لاوازی و بێ شوناسی ناسیۆنالیزمە.
ـ ئینتیما بۆ دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان،رووبەرێکی فراوانی لە
کۆنەستی کۆمەڵایەتی کورددا دروستکردووە.
ـ ناسیونالیزمی کوردی، بەرهەمی سروشتی پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی
کوردی نییە.
ـ کۆمەڵگەی کوردی، نەبۆتە کۆمەڵگەیەکی مۆدێرن و زەمینەی پیشەسازی و
بەرهەمهێنانی تەکنەلۆژیا و، بەڵکو لە ئێستاشدا، ناتوانێ خۆی لەگەڵ
بەرهەمە گواستراوەکانی مۆدێرنێتەدا، کە لە دەرەوە بۆ ئێرە
دەگوازرێنەوە، بە جۆرێک خۆی بگونجێنێ، کە سوودی بۆ دروستکردنی
گۆڕانکاری لە بنیادی پێکهێنەرانەی کۆمەڵگەدا هەبێت و لە بەرهەمهێنانی
پیشەسازی نیشتمانی و لە پێکهێنانی ئابووری نیشتمانی و لە بەرهەمهێنانی
عەقڵ و رۆشنبیری قۆناخی مۆدێرنێتەدا کە رۆشنگەری و دیموکراسی و چەمکی
هاووڵاتی بوون و تاک و عەدالەتی کۆمەڵایەتی و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان
و تەنانەت جیاکردنەوەی پسپۆڕییەکانیش بە گشتی بەرهەمی مۆدێرنێتەن.
ـ حیزب نموونە و مۆدێلی کۆمەڵگەی مۆدێرنە، ٣ چارەکە سەدەیە حیزب لە
کوردستاندا دروستبووە. حیزب لە کوردستاندا ئەلتەرناتڤی خێڵە.
ـ ناسیونالیستی کورد لە ژێر کاریگەری ناسیونالیزمی دەرەوەی دەرەوەی
واقیعی کۆمەڵایەتی و سیاسی و کەلتووریدا کوردیدا دروستبووە.
بەشی شەشەم: راپەڕینی بارزانی ١٩٤٣ ـ١٩٤٥.
رووداوەکانی ئەو ساڵانە بە درێژی بەسەر دەکاتەوە...باس لە رۆڵی دیار و
هەڵکەوتووی مستەفا بارزانی و هەڵگیرساندنی راپەڕینەکەی دەکات.لەم
بابەتەدا بیروبۆچوونی کۆمەڵێ نووسەری دیکەش بەرچاو دەکەون. نوسەر لە
ئاکامدا لەمەڕ ئەم راپەڕینەش دەنووسێ:" ئەم راپەڕینەی بارزانیش وەکو
زۆربەی هەرە زۆری راپەڕینەکانی تری کورد نە دەرئەنجامی پرۆژە و بەرنامە
بووە نە بەرهەمی ئایدۆلۆجیا،یان فیکرێکی دیاریکراوی سیاسی بووە، بەڵکو
بە پلەی یەکەم کاردانەوە بووە و بۆ هەڵوێستی حکومەتی ئەو کاتەی عێراق
بەرامبەر بنەماڵەی بارزانی". ل١٤٣.
بەشی حەوتەم: گوتاری پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق لەسەرهەڵدانی
شۆڕشی ئەیلولی ١٩٦١ دا.
دوای بزربوون،یان دوورکەوتنەوەی بارزانی، لە سەر شانۆی رووداوە سیاسی و
چەکدارییەکانی کوردستان، و تا گەڕانەوەی لە شورەوی، پاش ١٢ ساڵ
ئاوارەیی،چ چالاکییەکی بەرچاو لەلایەن پارتییەوە نابینرێت.پاش
سەرکەوتنی شۆڕشی ١٤/٧/١٩٥٨، لە عێراقدا،لە لایەن عەبدولکەریم قاسمەوە
،دەرفەتی گەڕانەوەی بارزانی بۆ کوردستان دەدرێ.دەستووری عێراق گۆڕانی
گەورەی بەسەردا، دێ و تێیدا ئاماژە بە برایەتی و هاوبەشی کورد و عەرەب
لە عێراقدا دەکرێت.ئەمەش بە سەرەتا و دەستپێکێکی باش، بۆ ژیان لە
عێراقدا دێتە هەژماردن. نوسەر لێرەدا، پەنجە بۆ دروشمی نێوەندی پارتی،
لەم قۆناخەدا درێژ دەکات،کە بریتی بووە لە :"خەبات بۆ دیموکراتیکردنی
عێراق و ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان". لە درێژەی باسەکەیدا، ئەمە
دەخوێنینەوە:
"من وەکو کەسی خۆم، هیچ داوایەکم بۆ خۆم لە قاسم نییە،با ئەو ماف بە
کورد بدات، من عێراق بەجێدەهێڵم".ئەمە قسەی بارزانییە،لە یەکێ لە
کۆبوونەوەکانی ساڵی ١٩٦٢ داکردوویەتی،واتە ساڵی پاش ،سەرهەڵدانی شۆڕشی
ئەیلول.
کاک عەتا، بەدەم باسەکەیەوە دەڕوا و دواجار، ئەم تێزە هزرییە لەمەڕ
ناسیونالیزمی کوردییەوە دادەرێژێ و دەڵێ:"بە تێڕوانینی من هەتا
ناسیونالیزم نەبێتە ئایدۆلۆجیای بزووتنەوەیەکی جەماوەری و کۆمەڵایەتی
و، هەتا دیواری نێوان پێکهاتە ناوخۆییەکان نەڕوخێنێت وپەیوەندییەکانی
خوێن و دەمارگیری بەو شێوەی کە لە کۆمەڵگەی خێڵایەتیدا هەن
هەڵنەوەشێتەوە و یەکەیەکی یەکگرتوو لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون
پێکنەهێنێت و پەیوەندییەکان لە نێوان تاکەکانی ئەو پێکهاتەیەدا نەبێتە
پەیوەندی ئاسۆیی کە ئەویش یەکێک لە خاسێتەکانی کۆمەڵگەی
مەدەنییە،مەسەلەی دروستکردنی دەوڵەتی نەتەوەیی نابێتە پرۆژە".
هەڵبەت لەسەر ئەم تێزە، چ لارییەکمان نییە و خودی پرۆسەکەش،ملی بەرەو
ئەم ئاکامە گرتووە.بەڵام مەرج نییە،بێ کامڵبوونی ئەم پرۆسەیە،ئیدی
پرۆژەی دەوڵەتی نەتەوەیی شیاوی باس و بڵندکردنەوە و داخوازی جەماوەری
نەبێت... لە هەنووکەدا، سیاسەتی سەقەت و وابەستەیی بۆ داگیرکەرانی
کوردستانی هەندێ حیزب و لایەن نەبێ، وا زۆرینەی هەرە زۆری جەماوەری
کورد، ویست و داوای سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتیان هەیە...
ریفەراندۆمەکەی ١٩٩٨،و ئەو رێژە بەرزەی سەربەخۆییخوازان ،کە خۆی لە ٪٩٨
ی دانیشتوانی کوردستان دەدا،باشترین بەڵگەی حاشاهەڵنەگری ئەم راستییەن.
نوسەر لەسەر دەربڕینی بیروبۆچوونەکانی بەردەوام دەبێ، و لە روانگەی
خەباتی نەتەوایەتی و چینایەتییەوە،هەڵسەنگاندن بۆ ناسیونالیزم
دەکات..پاشان دێتە سەر رووداوە دڵتەزێنەکانی، ساڵی ١٩٦٤ و دابەشبوونە
مێژووییەکە و پانۆرامایەکی رووداوەکان دەخاتە بەرچاوی خوێنەر..لێرەشدا
بۆچوونێکی هەستیار دەوورووژێنێ و دەنووسێ:"هاوکاریکردنی داگیرکەر بووە
بەشتێکی ئاسایی،مەکتەبی سیاسی بەو خۆبەدەستەوەدانە زەمینەیان بۆ ئەو
کاتە و بۆ دواتریش بۆ جۆرێک لە خۆبەدەستەوەدان سازکرد". دیارە ئەرکی
ئەم گوتارە چوونە نێو ئەوباسانە و هەڵسەنگاندنیان نییە،لێ بایی
نێزیککردنەوەی رامانی خوێنەر بۆ باسەکەمان،من لە خودی کتێبەکەی کاک
عەتاوە،چەند بڕگەیەکی باسەکان بۆ تاوتوێکردنیان رادەگوێزمە مەیدان.
نوسەر،لەم بەشەدا، پێناسێکی رۆڵی دیار و هەڵکەوتووی جەلال تاڵەبانی
دەکات...لەتەک ئەوەشدا لە هاوکێشە سیاسییەکەی ئەو ساتەوەختەدا،یاخود لە
روانگەی ناسیونالیزمەوە، ئاماژە بەوە دەدا،بارزانی هەڵوێستی کوردانە و
نیشتمانپەروەرانە بووە، بە بەراورد بە مەکتەبی سیاسی. جا دەبێ
قوڕبەسەریی گوتاری ناسیونالیزمی کوردیی، بەو هەموو ئیشکالاتەی نێو
هەناوییەوە، لە چ ئاستێکدا بوو بێت!.سەرکردەیەکی خێڵەکی و
جوتیارنشین،هەڵگری پەیامی ناسیونالیزم بێت،مەکتەبی سیاسییەکی پێکهاتوو
لە نوخبەی شارنشین، لە سەنگەری داگیرکەرەوە، بانگاشەی بۆ دروشمەکان کرد
بێت؟!.ئەم باسە لە روانگەی گ . ن. ک ،مشتومڕی زێتر هەڵدەگرێ و،ئێمە
لێرەدا بۆ شارەزایانی بە جێدێڵین.
گوتاری پارتی و بارزانی لە دوای دابەشبوون:
باس لە رووداوەکانی ئەو ساڵانە، و گفتوگۆکان لەگەڵ حکومەتی نێوەندی، و
رۆڵی ئەندامانی م. س دەکات... بە پێی بۆچوونی من، بەشێک لەو رووداوانە،
چ پێوەندییەکیان بە ناسیونالیزمەوە، نییە و تەنها نمایشتکردن و
جووینەوەی رووداوە مێژووییەکانە و بەس.
گوتاری پ . د. ک د لە ١١ی ئازاردا.
دیسان بە هەمان پێودانگ، باس لە رووداوەکان لە روانگەی مێژووە
دەکات.ئەو دەستنیشانی ئەرکی گوتاری ناسیونالیزم دەکات،کە بریتییە :"لە
دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی.بێگومان هەر ئامانج و شێوازێکی تری
خەبات،لەدەرەوەی ئەم ستراتیژە،ناچێتە چوارچێوەی گوتاری
ناسیونالیزمەوە".ئەم دەربڕینەش، بە بارستایی کتێبەکە، سەنگی خۆی هەیە،
و لێوان لێوە لە راستی.لێ پرسیار ئەوە، چما کاک عەتا، داتاشین و
پێداهەڵسون بۆ کەس و لایەنێک دەکات، ـ وەک دواتر دەگەینە سەر باسەکەی ـ
دەیەوێ بە زۆر ئەم کاڵایە بە بەری نەیار و گەلەکجاران دوژمنانی دنیای
ناسیونالیزمی کوردی ببڕێت.بەڵێ ئەمە پرسیاری سەرەکی، خوێندنەوە
رەخنەگرانەکەی ئێمەیە، بۆ بەرهەمەکەی نوسەر. ئاخر بە چ پێوەر و
بنەمایەک پارتی لەسەرتاپای مێژووی خۆیدا و یەکێتیش بە هەمان شێوە
هەڵگری گوتاری ناسیونالیزمی کوردی بوون!.بەڵام بۆچی کاک عەتا لە
بیاباندا،بە دوای راوە ماسیدا دەگەڕێ ؟،ئەوە دەبێت خۆی وەراممان
بداتەوە.
عەتا قەراخی، لە ل ٢٠٣ دا،بیروڕایەکی دوور لە راستی دێنێتە نێو
باسەکەیەوە،کە دەلالەتی ئامانجێکی دەستنێژی لە خۆیدا حەشارداوە و لەسەر
گوتاری ناسیونالیزم دەنووسێ:"بە گوێرەی کورد مەبەست رزگارکردن و
یەکگرتنەوە و دروستکردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆیە لەسەر هەموو جوگرافیای
کوردستان".نوسەر پێی وایە،ئەم داواکارییە بە ئێستاشەوە نەبۆتە بەرنامە
و ستراتیژی هیچ رێکخراو و حیزبێکی کوردی.سەرجەم ئەو لایەنانە دەخاتە
خانەی داواکردنی دیموکراسی بۆ دەوڵەتی سەردەست و ئۆتۆنۆمی یاخود
فیدڕاڵی بۆ کوردستان.دیسانەوە هەروەک بۆ مەبەستێکی دیاریکراو ئەم ڕستە
و بۆچوونە رابگەینێ، کە هێندەی دوورایی زەمین لە ئاسمان، دوورە لە
راستی و هەوڵێکی ناحەزانەی مەبەستدارە، بۆ باس نەکردنی کەسانێکی
دەرەوەی ئەوانەی، گێچی چاوی کاک عەتا دەیانخوێنێتەوە . فۆرمەلەکردنی
بۆچوونێکی وەها مێژوویی بە رەهایی، و دوور لە هەستی بەرپرسیارێتی
رۆشنبیرانە،بۆ خۆی ئاماژەی سەرەتایەکی نوێیە لە کایەی کاردنی کاک
عەتادا. ئاخر سەپاندنی قاڵبی گوتەیەکی لەم چەشنە بەسەر پاسۆک دا،دەچێتە
خانەی گوناهی رۆشنبیرانەوە.. لە لاپەڕەکانی دواتردا بە درێژی دێینە سەر
ئەم باسە.
دوا بۆچوونێک کە لەم بەشەدا، شایانی ئاماژە پێدان بێت،وەک نوسەر باسی
دەستکەوتەکانی بەیاننامەی ١١ی ئازار دەکات. ،ناچاربوون و بەجێهێڵانی
سەنگەری دوژمن لە لایەن باڵی جەلالییەوە .گوتاری ناسیونالیزم بە چاوێکی
بەنرخەوە لەم رووداوە دەڕوانێ. هەڵبەت ئەم هەڵوێستەش دروست بایەخی خۆی
هەیە و دەبێت زێتر هەڵوەستەی لەسەر بکرێت.
گوتاری پ . د. ک لە شکستهێنانی رێکەوتننامەی ئازارەوە
گوتاری پ . د. ک . لە دووبارە دەستپێکردنەوەی خەباتەوە
لەم دوو بەشەدا، زێتر رووداوە مێژوویی و سیاسەتی بەعس و سروشتی دروشم و
ستراتیژی پارتی بەرچاوخراوە. دواتر دێتە سەر بڵندکردنەوەی دروشمی
فیدڕاڵی و جێهێشتنی ئۆتۆنۆمی.دیارە هەردوو گوتار لە ئاست ناسیونالیزمدا
کورت دێنن و هێناویانە.
نوسەر سوودی لە ٤٠ سەرچاوە بۆ، ئەم بەشە وەرگرتووە.
بەشی هەشتەم: گوتاری کاژیک.
هەر پارت و کۆمەڵە و رێکخراوێکی نەتەوەیی لە رووی هزر و پاراستنی
بەررژەوەندی باڵای نەتەوەییەوە،خۆی بە نوێنەری سەرجەم رۆڵەکانی گەلەکەی
دەزانێ. هاودەم دەبێتە داکۆکیکارێکی بە پەرۆشی بەرژەوەندییەکانی ئەم
گەلە و یەکبینە دەکەوێتە تێکۆشانەوە بۆ بەختەوەرکردن و سەرخستنی
میللەتەکەیی و شانازیش بە تێکڕایی بەرەوپێشچوون و سەرکەوتنەکانییەوە
دەکات. ئەمەش رەگەز و توخمێکی بنچینەیی هزر و تێڕوانینی
نەتەوەییانەیە،چ رێکخراوەیی و چ کەسی.
ع.قەراخی، زۆر بێئاگایانە ئاماژە بە بەرهەمێکی مامۆستا جەمال نەبەز
"هێندێک لە کێشە بنەڕەتییەکانی قوتابخانەی کوردیی سۆسیالیزم" دەکات و
گوایە لای هاوبیرانی نەتەوەیی وەک مانیفێست دانراوە. ئەو کتێبە هیچ
کات،بە مانیفێستی کوردایەتی نەقەبڵێندراوە، بەڵکو جێی خۆیەتی بڵێم
سەرجەم بەرهەمەکانی مامۆستا نەبەز،دەچنە خانەی هەوڵی تاکەکەسی،نوسەر و
رۆشنبیرێک لە بەرجەستەکردن و داڕشتنی تەلاری هزریی نەتەوەییدا.ئەو
بەرهەمەی ئاماژەی پێکراوە کەموزۆر لەم یاسایە بەدەر نییە و با هەمووش
دڵنیا بن ،کەس بانگاشەی مانیفێستی بۆ کتێبی نێوبراو نەکردووە.
نوسەر بە شێوەیەک لە شێوەکان، دەیەوێ پێمان بڵێ، کاژیک بە ژمارە
کەمبوون و کاریگەرێتییان لەسەر رووداوەکان نەبووە. رەنگە ئەمە تا
ئەندازەیەک راستی لە خۆی گرتبێ ،بەڵام پرسیار ئەوەیە،کاک عەتا
بەدواچوون و لێکۆڵینەوە، بۆ گوتاری ناسیونالیزم دەکات، یان چاو بەدوای
قەرەبالغی و رەشەخەڵکدا دەگێڕێت؟!.ئەرێ بەراست، ئەوانەی بە هەزاران
چەکدار و لایەنگریان لەدەوری خۆ خڕ کردبووەوە،چییان بۆ کورد یان گوتاری
ناسیونالیزم کرد؟! ئەوانەی رەشەخەڵک و هێزی چەواشەبوویان
مۆبیلیزەکردبوو/کردووە، هەرەسییان بەرهەمهێنا،یان لە قەندیلەوە خوانی
دیموکراسییان بۆ بەخدا دەبرد...یان سەرگەرمی ئێرانچیتی و کۆماری
دیموکراتین لە ترکیادا.
کاتێکیش نوسەر، پرسیاری ئەوە قوتدەکاتەوە،:"بۆ کاژیکی هەڵگری پرۆژەی
نەتەوایەتی نەبۆتە خاوەنی جەماوەر".
بۆ وەرامدانەوەی ئەم پرسیارە بەجێیە،گەرەکە ئاماژە بە کۆمەڵێ فاکت و
دیارەدە بکەین،رەنگە بەشێکیان برین کولانەوە بێت،دڵشکاندن و بریندار
کردن بێت.خەوشی ئەقڵی کوردی و نائومێدبوون بێت، ناچارانە باس لە
خۆفرۆشی و کوردفرۆشی کەس و لایەن بکەیین،کە رەنگە زۆربەشیان لەبەرگ و
سەنگەری بە نێو شۆڕشگێڕیدابووبن، وە سەدان دیاردەی دیکە... تۆ دەزانی
ئاکامی سەدان راپەڕین و بزوتنەوەی کوردیی چ بووە؟!هەموو هۆکارەکانیشی
پشتبەستن بە داگیرکەر و تەنینەوەی ناکۆکی نێوخۆیی و، نەبوونی بەرنامە و
پلانی دیراسەکراو و بزریی بیروباوەڕی راستەقینەی کوردایەتی و
نائامادەگی ئەو بنەما سەرەکییانەی هزر و جیهانبینی نەتەوەیی
راستەقینەیە.ئەم کورتە وەرامە،دەلاقەیەکی باشە، بۆ چوونە دنیای
بیرکردنەوە لە پرسیارەکە.
نوسەر، لە بری پێڕەوپرۆگرام و دەقەکانی چەمکی ناسیونالیزم بخاتە
بەرچاو، لەو روانگەیەوەی کە خۆی باوەڕی پێیەتی، هەڵسەنگاندنی بۆ بکات،
کەچی هەرچی داوا تیورییەکان هەیە لەبەردەم کاژیکدا قووتی دەکاتەوە. کاک
عەتا، پاشتر دێتە سەر ئەو باوەڕەی،:" کە هێشتا زەمینەی کۆمەڵایەتی و
ئابووری و ئەقڵی بۆ دروستبوونی دەوڵەتی کوردی، ساز نەبووە". نوسەر
بەهەر هۆیەک بێت خۆی بەهەڵەدا دەبات و چاوەڕێیە کوردیش وەک
ئەڵمان،یابانی ئەم رۆژگارە بەهێز بێت و هەموو ئەو خەسڵەتانەی، کاک عەتا
ریزبەندی کردوون،لە کوردیشدا ئامادەگی هەبێت و رەنگ بداتەوە،ئەوسا
دەوڵەت دروست بکەن.
لەبەرئەوەی هەر نەتەوەیەک، خاوەنی تایبەتمەندێتی خۆیەتی و، رەنگە
کۆمەڵێ خەسڵەتی هەبێت،لەگەڵ نەتەوەیەکی دیکەدا هاوبەش نەبێت،ئەمە
هۆکارێک بێت،کە فەیلەسوفێکی گشتگیر و دیاری ناسیونالیزم بەرچاو
نەکەوێت... لە ئێستاشدا،کارەکانی هانس کۆهن و دۆیچ و گێلنەر و هۆبزباوم
و سمیت و ئەندەرسۆن،هەر یەکەیان جەخت لەسەر بنەمایەکی سەرەکی
ناسیونالیزم دەکەنەوە.بەڵام ئاشکرایە،پێگە و رۆڵ وکاریگەرێتی بسمارک و
گاریباڵدی و جێفەرسۆن و گاندی و هەموو ئەوانەی،دەوڵەتیان دروستکردووە،
لە مێژوودا چ مانایەکی هەیە.هیچ کام لەم کاراکتەرانە لاسایی ئەوی
دیکەیان نەکردۆتەوە. پەیامی هەر یەک لەم نەتەوانەش دوور و بگرە نامۆشن
بەوی دیکە.ئیدی ئەوە بۆ لەم نەتەوە و کەسایەتییانە بە خەوش ناگیرێ،لێ
رۆشنبیریی کورد، لە ناحەز و دوژمنان زێتر قاوی ئەم پرسە دەدات... دیارە
ئێمە لێرەدا، قسەمان لەسەر فەلسەفە و تیورییە، هێندەی دەمانەوێ،
ئاخاوتن لەسەر نەتەوەیەکی قاڵببەستوو بکەین، لەسەر بنچینەی ئەو بنەما
زانراوانەی هەستی بەرژەوەندیەکی هاوبەش پێکەوەیان گرێ دەدات.. ئەم
بەرژەوەندییەش لەبەردەم شەپۆلی گۆڕانکارییەکانی ژیاندایە لە هەر زەمین
و جوگرافیا و قۆناخێکی مێژوویدا پێداویستی نوێی بۆ دروست دەبێت و
بەرژەوەندییەکانی لە فۆڕمی هەمەچەشنەدا خۆیان نمایش دەکەن.
ئەڵمان،فەرەنسا،ئینگلتەرا پێویستییان بە خەباتی نەتەوایەتی لە شیوازی
کورد و باسک و بەلوج نییە.سوید و روسیا و هۆلەندە و پورتوگالی بیر لە
دامەزراندنی باڵادەستی دەریایی و کۆلۆنیالیزم ناکەنەوە..بەڵام ئەڵمان
لە رێی هونەر و وەرزش و پیشەسازی و تەکنەلۆژیا و سیاسەتی جۆراوجۆری
دیکەوە کاری گەوهەری بۆ خەسڵەت و بنەما سەرەکییەکانی پێناسەی
نەتەوایەتی خۆی دەکات و بەردەوام زیندوو و بڵند رایدەگرێت...لە دوای
جەنگی جیهانی دووەمەوە تا ساڵی ٢٠٠٦، لە جامی جیهانی تۆپتۆپێندا،پێیان
نایە قۆناخێکی نوێوە و هەڵسانەوە بە تەوژم و گوڕ و تەکانێکی بە کێش و،
ملیۆنەها ئاڵای ئاڵمان فرۆشراو و جۆشوخرۆشێکی گەرموگوڕیان، بە ناسنامەی
نەتەوەیی ئاڵمانیبوونی خۆیان بە ئاشکرا و لەبەردەم زلهێزەکانی دنیا و
دەوڵەتە دراوسێکانی ئینگلستان و فەرەنسا، بەخشییەوە و خۆیان لەو گرێ
دەروونییە مێژووییەی، شەڕ و تاوانەکانی رژێمی نازی رزگارکرد و شەرمیان
لە ئاست ئەوروپا و جیهاندا شکا و هاتنەوە سەر شانۆی سیاسەت و بە
خێڕاییەکی چاوەڕوان نەکراو، بوونەوە بە زلهێز.
ئیدی گەر، گوتاری کاژیک ناجەماوەریش مابێتەوە،ئەوە پێوەستە بە ئاستی
هۆشیاری سیاسی خەڵکەوە و رۆڵی نێگەتیڤی چڕ و پڕی داگیرکەران و
دارودەستەکانیشییان لەم بوارەدا کەم نییە. رێبازی کاژیک و پاسۆک و چ
کەس و لایەک گوناهی نەبووە.رەنگە کەسانێکی کاژیک یان لە ژێر پەردەی
کاژیکدا کاریان کرد بێت، کەوتبێتنە ژێر کاریگەرێتی شۆرشی ئەیلوول و
پارتی و بارزانی.
ئەوەیشی گوایە بۆچی لای میللەتانی دیکە گوتاری ناسیونالیزم باڵادەست
بووە و رێبازەکانی دیکە پاشکۆی بوون و لای کورد گوتاری ناسیونالیزم
پاشکۆی گوتارەکانی دیکەیە... ئەمە نە تەلیسمە و نە نهێنی
هەڵهێنانە...ژیانی ٢٥٠٠ ساڵ زێتری بندەستی و تێشکان و چەوساندنەوە و
بزرکردنی ناسنامە و شێواندنی مێژوو و راستتیەکان ...رەنگە هەڵەیەکی
دیکەی یەکجار زۆر زەقی کاک عەتا بریتی بێت لەو دەربڕنەی بەرامبەر بە
کاژیک تۆماری کردووە.نوسەر پێی وایە ئەوەی کاژیک لە بارەی کۆمەڵگەی
کوردییەوە هیچ جیاوازییەکی نییە ،لەگەڵ ناسیونالیزمی عەرەبیدا.
پاسۆکیش بەوە تاوانبار دەکات، لە ئاستی پێویستی هەڵگرتنی ئەو پەیامەدا
نەبوون، گوتارەکەشیان نەتەوەیی پێشکەوتنخوازی سەردەمیانەی کراوە بە
چەمکی زانستی و مەعریفیەکانی سەردەمیانە نەبووە.
جارێ پاسۆک لەوە بەهێزتر و مێژووی گەشتترە، کەسێکی وەک کاک عەتا بیەوێ
بە رستەیەک،کۆتایی بە ناساندنی بهێنێ و هەروا سەرپێییانە پێناسەی بکات
و خۆی لە ئاست سەروەرییەکانی نەبان و نادیدە بکات. پاسۆک رسکاوی
واقعێکی سەختی کۆمەڵایەتی مێژوویی،سیاسی دژوار و پڕ لە تەنگژەیە و پاش
هەرەسی گەورەترین شۆڕشی کورد،پێی ناوەتە قۆناخی خەباتەوە و بە ڕستێک
دروشمی نوێی هزریی و سیاسییەوە،کە رەنگدەرەوەی کتومتی پرسی نەتەوەیەکی
داگیرکراو و دابەشکراوە،بە روخساری کۆمەڵێک کەسی تازەوە و لە چوارچێوەی
رێکخستنێکی سیاسیدا، دەستبەکار بووە. قسەکردنی کاک عەتا لەسەر ئەم
پێکهاتەیە بەو شێوازەی ئەو مامەڵەی لەتەکدا کردووە،جگە لەوەی تژییە لە
فێڵ و فەرەج و هەوڵی خەپاندن،هاوسات لەبەرچاونەگرتنی زەمینەی واقعی تاڵ
و ئاڵۆزکاو و هەژدیهای حەوسەرتێئاڵاوی دەوروبەری پاسۆکە. لەگەڵ
ئەوەشدا،پاسۆک توانی،کەموزۆر، بە دەیان دەقی هزریی بەرهەمهاتووی ئەقڵی
کوردیی و دوور لە کۆپی و لاساییکردنەوەی کەس و شوێنان،بخاتە سەر
خەرمانی گوتاری ناسیونالیزمی کوردی،کە هاوکات،خۆی بە ئاڵابەدەست و
داکۆکاری سەرسەختی ئەم داوا و دروشمە دادەنێ، بە کردار و تیورییش،
بەشداریی بەرجەستەکردنی هزری نەتەوەیی و داڕشتنی تەلاری ئەو هزرە
بکات.ئاخر بە تەنیا، لە پێڕەوو پرۆگرامی پاسۆک دا،ماددەی چوارەم دا
هاتووە:
"ئامانجی حیزب...(پاسۆک)ئامانجی رزگاریی و یەکگرتنەوە و ئازادی
کوردستانی گەورەیە و نەهێشتنی هەموو دەسەڵاتێکی ماددی و مەعنەوی و
فیکری بێگانەی زیان بەخش لە کوردستاندا و دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی
سۆشیالیستانە". ئەم ئامانجە هاوکات یەکێکە لە شادەمارە سەرەتاییەکانی
حیزب. دەبا کاک عەتای نوسەر،لە ئەدەبیاتی حیزبێکی دیکەدا بە درێژایی و
پانتایی ئەو لێکۆڵینەوەی ئەو لە ژێر سەردێڕی گ.ن. ک. دا کردوویەتی دەق
و ماددە و دروشمێکی وا بنجیمان نیشان بدات...
دەبێت فرۆشتنی هێلکە بێ زەردێنەی لەم چەشنە بە خوێنەر، لەلایەن
نوسەرەوە،کامە مانا و هێما لەخۆی بگرێت؟، داخۆ کارەکەی قەراخی، لە
تەفرەدان و پێشکەشکردنی کاری نازانستی و نابابەتێتی راسپێردراوی ئێرەو
ئەوێ! بەولاوە،چ مانایەکی دیکە هەڵدەگرێت؟!. من بۆ خۆم لەم لێکدانەوەیە
بترازێ،چ هۆکارێکی دیکەم بە مێشکدا گوزەر ناکات،باوەڕ پێ بهێنێ،کاک
عەتا بۆ وا دەنووسێ و دەکات..چونکە چ جارێک باوەڕ بەوە ناکەم ، دەستی
بە ئەدەبیاتی پاسۆکدا نەگەشت بێت؟ خۆ لە بنچینەدا،بێ خوێندنەوە و
ناسینی هێز و حیزبێک، هیچ کەسێک، چ هەقێکی نییە،کوێرانە قسە لەسەر
بابەتێک بکات.هەرنەبێ خوێنەر لێی ناسەلمێنێ و نوسەر بە خێرایی
،راستگۆیی خۆی لەدەست دەدات.
ئاخر کاک عەتا لە باسکردن و نەکردنی پاسۆک،زۆر بێباک و خەمساردە..بە
دڵنییاییەوە ئەو میتۆدەی نوسەر کاری پێدەکات،چ پێوەندییەکی بە کاری
بابەتێتی و زانستییەوە نییە.
پاسۆک، هێزێکە پشتی بە خۆ و جەماوەری ستەمدیدەی کورد بەستووە.،چ
دەزگایەکی موخابەرات و ساڤاک و ئیتلاعات و میت، پاڵپشتی
لێنەکردووە/ناکات...ئەجێندای ئەوانیش پێڕەو ناکات و سەرجەم داگیرکەران
بە هەموو توانایانەوە لە دژی پاسۆک بوون،هاوشانی ئەمانیش،سیخوڕ و
خۆفرۆشی هێز و کەسی تری سەر گۆڕەپانی خەبات،هەریەک لە ئاست و رووبەری
خۆیدا، دژایەتی پاسۆکی،نامەردانە کردووە و هەوڵی شێواندنی پەیامی
پیرۆزیی کوردایەتییان داوە.(لەم میانەدا،گەلێک بەڵگەنامە هەن و
بەشێکیان تا ئێستا لێ بڵاوبۆتەوە).
بەشی نۆیەم: گوتاری یەکێتی نیشتمانی کوردستان.
کورتەیەکی پێشوەختی زەمینەی دروستبوونی کۆمەڵە، بارودۆخی کۆمەڵایەتی و
دروستبوونی بیری چەپ،سەرهەڵدانی گوتاری خۆبەدەستەوەدان...
گوتاری کۆمەڵە لەسەرەتای دروستبوونەوە.
هەرکەسێ نووسینەکانی فەرەیدون عەبدولقادر،فوئاد قەراخی، برایم
جەلال،نەوشیروان مستەفا،مەلا بەختیار، مامۆستا جەعفەر(فازیل کەریم) ،
عارف کەریم و....هتد بخوێنێتەوە چەندین گێڕانەوەی جیاواز و پێناسەکردنی
هەمەجۆری لەسەر کۆمەڵە، بەرچاو دەکەوێت.کۆمەڵە کوردستانی یان عێراقی
بووە؟ رۆڵی مام جەلال سەرەکی یان لاوەکی بووە؟شەهید ئارام عێراقچی یان
کوردستانی بووە؟ ئارام دژ بە باڵی جەلالی بووە؟رەزامەند بووە؟! بۆ
ئەوەی تیشکێ روناکی بخەینە سەر ئەم راستییانە،وا لەم بەرهەمەی کاک عەتا
و سەرچاوە و ئەرشیفی ی. ن. ک ەوە، چەند کۆپلەیەک دەخەینە بەرچاوی
خوێنەر، با خۆی دادوەر بێت،بەرامبەر بەو هەموو پارادۆکسەی نوسەر
تێکەوتووە و ئەو هەوڵە سەرنەکەوتووانەی دەیدات،بۆ ئەوەی بە زۆری
زۆردارەکی، لە پشت وێرگوڵ و پەراوێزەکانی هەرە دامێنی سیاسەتی یەکێتی و
کۆمەڵەوە، خوێندنەوە بۆ گوتاری ناسیونالیزم بکات...نوسەر یان ئەوەتا
خۆی لە راستییەکان نادیدە دەکات و دەیەوێ بە چنگ خۆڵ لە چاوی خوێنەر
بکات،یاوەکو بۆ هەر مەرامێکی دیکە بێت!،هەوڵی شێواندنی راستییەکان
دەدات و بە سوودی ئەو لایەنە دایدەشکێنێتەوە،کە خۆی رۆژانێ هاوپێڕیان
بووە،یان سۆز و ئەندێشەی بۆیان جوڵاوە و دەجووڵێ.
نەوشیروان مستەفا دەڵێ: "سەرانی کۆمەڵەی مارکسی لینینی بە تایبەتی بەشی
پێڕەوی ناوخۆ فۆتۆکۆپیەکی بەرنامەی حیزبی کۆمۆنیستی چین بوو.گەنجی خوێن
گەرم و تووڕە بوون،خۆیان بە نوێنەری بیری پرۆلیتاریا ئەزانی".
فوئاد قەراخی دەڵێ: "بەرنامەی کۆمەڵەی مارکسی لینینی بە تایبەتی بەشی
پێڕەوی ناوخۆ فۆتۆکۆپێەکی بەرنامەی حیزبی کۆمۆنیستی چین بوو".
برایم جەلال دەڵێ:" کەسانێک لەدەستەی مام جەلال خاوەنی ئەو بیرە بوون
کە هەوڵ بدرێ کۆمەڵە بکرێ بە عێراقی و ببێتە ئەڵتەرناتیفی حیزبی شیوعی
عێراقی".
کاک عەتا، خۆشی دوای لێکدانەوەی سەرجەم ئەم بیروبۆچوونە جیاواز و دژ بە
یەکانە، دەنووسێ:" کۆمەڵە بە هەرشێوەیەک و هەرچۆن دروست بووبێت و
هەرکەس لە دامەزرێنەرانی بوو بێت وەکو رێکخراوێک،ئەوە خاوەنی
راستەقینەی پرۆژەی دروستکردنی کۆمەڵە بە تایبەتی لە رووی فیکری و
ئایدۆلۆژییەوە مام جەلال بووە چونکە کۆمەڵە لە بەرنامە و گوتاردا
بەرهەمی تێڕوانینێکە کە مام جەلال لە نیوەی دووەمی شەستەکاندا
بانگەوازی ئەو بۆچوونانە بووە لە کوردستاندا". لە شوێنێکی دیکە
دەنووسێ: مام جەلال وەکو باوکی رۆحی کۆمەڵە سەیر دەکرێت" .
گوتاری کۆمەڵە لەسەردەمی سکرتێرێتی شەهید ئارامدا.
مامۆستا جەعفەر دەڵێ: "شەهید ئارام سەرکردەیەکی واقیعی بووە و بە وەهم
نەژیاوە و پێی وابووە کە خەباتی گەلی کورد لە کوردستانی عێراقدا بەشێکە
لە خەباتی دیموکراتی گەلانی عێراق". جارێ قسە لەسەر خەباتە
دیموکراتیخوازەکەی عێراق ناکەین و دەپرسین ،خەباتی گشتی یان کۆی خەباتی
عێراق کامە بوو؟چی بوو؟ئایا بەشێک نەبووە لە خەباتی گشتی نەتەوەی عەرەب
و لە بنەڕەتدا دژی بە نێو ئیمپریالیزم و زاییۆنیزم بوو. دیارە ئەمە چ
پێوەندیی و خزمایەتییەکی لەگەڵ دروشمە هەرە سەرەتاییەکانی کوردایەتیدا
نییە،چ سودێک بە بزاڤی رزگاریخوازی کوردستان نەگەیاندووە. ئەی لە کوێدا
ئاوێتەی بیروبۆچوونەکانی کاک عەتا دەبێتەوە،کوان ئەو بنەما و
پرنسیپانەی بۆ گ.ن.ک. دەستنیشانکراون.
کاک عەتا دەیەوێ قارەمانێتی و گیانفیدایی بۆ نموونە مامەریشە، یان هەر
پێشمەرگەیەکی دیکەی قارەمانی یەکێتی، بخاتە خانەی بەرامبەری دروشم و
ئامانجە بنچینەییەکانی یەکێتییەوە. ئێمە، هەموو لە خۆڕاگری شەهید شەهاب
و جەسووریی ئاسۆی دەلاک و دڵسۆزی بێستونی مەلا عومەر و داستانەکانی
گەرمیانی پێشمەرگەکانی یەکێتی، دڵنیا و ئاگادارین،و شانازییان پێوە
دەکەین .لێ دەرئەنجام، ئەو قوربانییانە شەپۆلی عێراقچێتی،رایماڵیون و ،
لە باشترین ساتەوەختدا، بەهایان کراوەتە قوربانی گەمەی موفاوەزات و
راگەیاندنێکی بەرپرسێکی یەکێتی و بڵندکردنەوەی دروشمی ناکوردستانی وەک:
ـ خەباتمان بەشێکە لە خەباتی گەلانی عێراق.
ـ بۆ ژیان لە عێراق دا تێدەکۆشین (واتە کیان و سیستەم و رەنگە رژێمی
عێراقیان قبوڵ بوو بێت).
ـ دیموکراسی بۆ عێراق.(واتە دەوڵەتی داگیرکەر و دیموکراسی بۆ
کوردستان).
کۆمەڵە،هەڵگری بیری م. ل یان ماویستی بون،بەم بیرەش چ دەردێکی
کورد،شیاوی تیمارکردن نەبووە و نابێت. ئیدی ئەوەش لە تایبەتمەندێتی
خەسڵەتەکانی جڤاکی کوردیی و ئەقڵێتی سەرانی کورد و حیزبە سیاسییەکانەوە
سەرچاوەی گرتووە،نەک وەک تیۆریی نێو کتێبان لەم خاڵە بنواڕین.
گوتاری یەکێتی نیشتمانی کوردستان .
نوسەر، پوختەی گوتاری یەکێتی دەبەستێتەوە بە بەیاننامەی دامەزراندنی
یەکێتییەوە،کە بریتییە لە:
ـ هێزە شۆڕشگێرەکانی کوردستان، لەگەڵ هێزە پێشکەوتنخواز و چەپە
نەتەوەییەکانی عێراقدا دەست بخەنە ناودەست(واتە سوریا). لە پێناوی
بەجێگەیاندنی ئەرکەکانی شۆڕشی دیموکراسی نیشتیمانی کە گەلی عیراق بە
عەرەب و کورد و کەمە نەتەوەیەکانەوە رووبەرووی دەبنەوە. ئەرکەکان
بریتین :
١ـ رزگارکردنی عێراق لە کۆت و پێوەندی کۆلۆنیالیزمی نوێی ئابووری و
سیاسی
٢ـ کۆتایی هێنان بە فەرمانڕەوایەتی دیکتاتۆری خوێنرێژ
٣ـ هێنانە کایەی دەسەڵاتێکی دیموکراتی هاوپەیمانی نیشتمانی توانادار بۆ
دابینکردنی دیموکراسی بۆ هەموو گەلی عێراقی سەربەخۆ
٤ـ جێبەجیکردنی چاکسازی ریشەیی لە بواری کشتوکاڵدا
٥ـ بە پیشەسازی کردنی وڵات و بەکارهێنانی سامانی نەوت و کانزایی بۆ
گەشپێکردنی عێراق ئامادەکردنی پێداویستییەکانی گواستنەوە بۆ بیناکردنی
سۆسیالیزم.
بەجێهێنانی ئەم پینج ئەرکە توانای هەیە عێراق بخاتە سەر رێگای خەباتی
عادیلانەی عەرەبی دژی ئیمپریالیزم و سەهیۆنیزم و کۆنەپەرستی و
ئامادەکردنی توانا لە بن نەهاتووەکانی عێراق و خستنەکاری لە شەڕی
چارەنووسدا کە نەتەوەی عەرەب دژی ئیمپریالیزم و سەهیۆنیزم
هەڵیدەگیرسێنێت...
دەبا پێش من خوێنەر خۆی بڕیار بدات، لە کوێی ئەم گوتارەدا،
ناسیونالیزمی کوردی هەیە؟ نوسەر وێڵی چییە و گەرەکێتی چ بە خوێنەر
بفرۆشێ؟!ئەمە کام گوتارە، کوردییە یان عێراقی عەرەبییە؟داخۆ دەبێ بە چ
پێوەر و میتۆدێک، ئەم دروشم و بۆچوونانە بخوێنینەوە؟
نوسەر بە زەبری قەڵەمەکەی، دەیەوێ ئەم گوتارەی یەکێتی، بە گوتارێکی
بارگاوی بە رەگەزەکانی ناسیونالیزم ناوزەد بکات. بەراستی، لە نووسینی
کوردیدا، ناهەقی لەم چەشنە، کەم بەرچاو دەکەوێ،کاک عەتا چۆن دەیەوێ ڕەش
بکات بە سپی و جەسووری دەکات پێمان بڵێ ، ئەمانە رەگەزی گوتاری
سەربەخۆیین!لە کاتێکدا تا تەپڵی بن چاڵ، لە قوڕی خەستی عێراقچێتی و
عروبەدا نقووم بووە. ئەرێ بە کامە ئاین و باوەڕ،کاری کوردە،بەو
هەندازەیە دژی زایۆنیزم و ئیمپریالیزم بێ !!.ئەوەتا هەر خودی کاک
عەتا،لە ژمارە یەکی رێبازی نوێ دا ئەم بڕگەیەمان بۆ دەخاتە بەرچاو:
"رێبازی نوێ ،رێبازی یەکێتی و برایەتی و تێکۆشانی کورد و عەرەب و هەموو
هاونیشتیمانییەکانی عێراقە.رێبازی بەگژداچوونەوەی شۆفێنیزم و تاکڕەوی و
نەتەوایەتییە، رێبازی دوژمنایەتیکردنی ئیلحاق و جیابوونەوەخوازییە".
لە هیچ بڕگەیەکدا،پرسە نەتەوەییەکان، سەربەخۆیی کوردستان، دەوڵەتی
کوردی/نەتەوەیی بەرچاوناکەون.ئامادەگییان نییە، بە تاکە دێڕێکیش
ئاماژەیان بۆ نەکردووە.
خوێندنەوەی من بۆ ئەم بەرهەمەی کاک عەتا ،هێندەی ئێخەگیرییە لەگەڵ
بیروبۆچوونە چەوت و شێوێندراوەکانی نوسەردا،چ دەخلێکم بەسەر مێژووی کەس
و لایەنێکەوە نییە. چونکە بەلای باوەڕی منەوە، ناسنامەی ئەوانە، لە
مێژساڵە لای کەسانی بە ئاگا و هۆشیاری شۆڕشگێر و رۆشنبیری کوردەواری
روون و ئاشکرایە.ئەوانە،لە مێژە خۆیان و خانەی فیکریی و ناسنامەی
ستراتیژی خۆیان ئاشکراو و جیاکردۆتەوە... ئیدی هەرچی هەوڵێ، بە راست
یاخود بەدرۆ بدرێ، بۆ دادڕینی بەرگی کوردایەتی یان هەڵسوونی رەنگی
کوردستانی بوون هەیە بۆ کەس و لایەنێک،کە لە دووتوێ بەرهەمێکی
ئاوهادا،هەستی پێدەکەین ،یان هەر هەوڵێکی تری چەواشەکارانە،هەر هەمووی
لە رووی مێژووی راستەقینەوە دەچنە خانەی هەوڵە نەزۆک و کورت تەمەن و
دەستکردەکانەوە... جا ئیدی کەسێک بۆ مەرامێکی تایبەت و بە پێی
بەرنامەیەکی ناواقعی هەوڵی شێواندن بدات،هیچ کاتێ کارەکەی جێی دەستخۆشی
و جێی شانازی نییە و بەرهەمەکەشی پوچەڵە و نرخی سەلکە پیازێکی رزیوی
نابێت،کە فرێدەردێتە دەرەوەی پێداویستییەکانەوە. جارێکی دیکەش جەخت
دەکەمەوە، هەر قسەیەکم، لەسەر هەر بڕگە و جیهانبینی و هەڵوێستێکی کەس و
لایەنێک تۆمار کردبێ،راستەوخۆ دەقە ئەسڵەکەم لە بەرهەمەکەی کاک عەتاوە
وەرگرتووە. یان ئەو ناچاری کردووم چاو بەو رۆژگارانەدا بخشێنمەوە.
کاک عەتا،گەرەکێتی بەزۆر شت هەڵبەستێ و ختوکەی باڵفەرەحی لایەنێک
بدات... پێم چاک بوو برای نوسەر بەرهەمەکەی نێوێکی دیکەی لێبنایە، نەک
گوتاری ناسیونالیزم....ئاخر ناکرێ باس لە وەرزەکانی ساڵ بکەین و ،
وەرزی بەهار لە بیر بکەین،یان چاوی لە ئاستدا بنووقێنین.
نوسەر،پشتی بە ٧٢ سەرچاوە بەستووە و باسەکەی لە ١٢١ لاپەڕەدا خستۆتە
بەرچاو.
بەشی دەیەم: گوتاری حیزبی سۆشیالیستی کوردستان.
کورتە باسێکی دامەزراندن و پێکهاتەی ئەم حیزبە دەکات،کە دوای هەرەس
لەلایەن دەستەیەک لە کادێرە دیارەکانی هەردوو باڵی پارتی دروست بووە و
وەک نوخبەیەکی بەرپرس باسیان لێوە دەکات.نوسەر پەنجە بۆ ئەوە
رادەکێشی،کەوا لەرووی داوا و ستراتیژەوە،چ جیاوازییەکی دیار لە نێوان
گوتاری سۆسیالیست و یەکێتی،کە تا ساڵی ١٩٧٩ ،سۆسیالیست خۆی بەشێک
بووە،لە یەکێتی و لایەنەکانی دیکەدا نییە. لە بەیاننامەی دامەزراندنی
حیزبەکەدا هاتووە:" لە عێراقێکی سۆشیالیستیدا،
بزوتنەوەکەمان،بزووتنەوەی کرێکار و جوتیار و شۆڕشگێڕەکانی
کوردستانە،لەسەر رێبازی پێشکەوتووانە و عیلمییانە خەبات دەکات بۆ
گەیاندنی گەلەکەمان بە مافی چارەنووس".
من پێموایە،سۆسیالیست بەم تێزانە قوڕی داگیرکەرچێتی زێتر خەست
دەکردەوە...ئەو قووڕەی پارتی و یەکێتی ،تا بینەقاقایان تێیدا نوقمن.
نووسەر، ئەوجا رۆڵی سەرکردەکانی ئەو حیزبە باس دەکات و بە تایبەت لە
موفەوەزاتی ١٩٧٩ دا...دواتر لە لاپەڕە ٣٧٧ دا دەنووسێ:" سەرباری هاتنە
دەرەوەی سۆسیالیست لە ژێر چەتری یەکێتی نیشتمانی،بەڵام گوتاری
سۆشیالیست و ڕوانینی هەر هەمان گوتار و روانینی یەکێتی نیشتمانییە و
ئەو گوتارەش لە بنەڕەتدا گوتاری مام جەلالە و بە ئاشکراش کاریگەری
سوریا یە و گوتارەکە دەتوانین بڵێین ئەم گوتارە ئەوەندەی بە توخم و
رەگەزەکانی ناسیونالیزمی عەرەبی بارگاوی کراوە،ئەوەندە کاریگەری توخم و
رەگەزەکانی ناسیونالیزمی کوردی پێوە دیار نییە". کاک عەتا درێژە بە
باسی سۆشیالیست و بەشداریی و رۆڵی لە هەردوو بەرەی جوقد و جود دا تا
یەکگرتنی لەگەڵ پاسۆک و گەل دا دەکات.دواتر نیوەی سۆسیالیست دەچنە ناو
پارتی و نیوەی دیکەی بۆ ناو یەکێتی دەچن. تا سەرئەنجام کاک محەمەدی
حاجی مەحمود،سکرتیری ئێستای سۆسیالیست ،لە یەکگرتنی لەگەڵ پارتیدا
پاشەکشە دەکات و لە ژێر ناوی سۆشیالیستدا درێژە بە خەبات دەدات. بە
درێژایی ئەو هەموو قۆناخە،گۆرانکارییەکی گەوهەری لە بەرنامە و ستراتیژی
ئەم حیزبەدا، لەسەر ئاستی گ.ن.ک روو نادات.رەنگە هەندێ هەڵوێست و
راگەیاندنی کاکە حەمەی حاجی مەحمود،لەم دواییانەدا،(دیداری سلێمانی
٢٠١٥)بۆ نموونە ئاماژەیەکی ئەرێنی بێت،بەرەو گۆڕانکاری بە ئاڕاستەی
ناسیونالیزم. باسەکەی کاک عەتا لە دووتوێی ١٦ لاپەرە و پشتبەستن بە ١٠
سەرچاوەدا،کۆتایی دێت.
بەشی یانزەیەم: گوتاری پارتی کرێکارانی کوردستان.
بە پێشەکییەکی مێژوویی لە شەڕی چاڵدێرانەوە و میرنشینی بابان و
بەدرخانییەکان دێتە نێو باسەکانەوە. شۆڕشەکانی شێخ عوبێدوڵڵای نەهری
،دەکاتە پاڵپشتێکی بەهێز بۆ هاتنە کایەی پ ک ک ،لەسەردەستی کۆمەڵی کورد
و تورکی چەپخوازدا،بە رێبەرایەتی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و ساڵی
١٩٧٨،بانگەوازی ئەم حیزبە نوێیە دەدرێ.ئەوجا،ئاماژە بە نێوی چەند حیزب
و رێکخراوێکی دیکە دەکات،کە لەو ساڵانەدا،لە مەیدانی خەباتدا،ئەمانە
چەپی ناسیونالیست بوون،لێ بە رۆڵێکی سست و پاسیڤییان هەبووە.کاک عەتا
لە درێژەی باسەکەیدا،دەگات بە بەراوردکارییەکی بە دیقەت لە نێوان
سیاسەتی میری کۆرەی رەواندز و سیاسەتی پ ک ک دا،کە ئەم حیزبە هەڵگری
هەمان میتۆدی هێز و زەبروزەنگە ،گەرەکێتی لە رێی سەربازیی و
توندوتیژییەوە یەکێتی کورد پێکبهێنێت.دیارە ئەم سیاسەتە بە گشتی
شکستخواردووە و شیاوی پێڕەوکردن نییە.
نوسەر لەگەڵ توێژینەوەیەکی ووردی ستراتیژی پ ک ک دا،دیسان گومان دەخاتە
سەر دروشمە تەمومژاوییەکانی ئەم حیزبە و بە تەواوی لێی روون
نییە،مەبەست لە خەبات بۆ تەواوی کوردستانە یاخود تەنیا ئەو بەشەی
باکووری ژێر چەپۆکی ترکیا؟!. یان ئەو بانگاشانەی بۆ سیستەمێکی فرە
ئێتنیک و دیموکراسی و مافی هاوڵاتێتی بۆ کورد چییە و چۆنە و رەگەزەکانی
ئەو کۆمارەی خەونی پێوە دەبینرێت کامانەن؟!
دواتر،هەندێکی دیکە بەدەوری دروشمەکانی پ ک ک دا خول دەخوات و باس لەو
وەهم و خەیاڵە دەکات،کە قسە لەسەر پێکەوە ژیان و سیستەمی نموونەیی
دەکات،کە زۆر بە ناروونی بۆتە دروشمی نێوەندیی ئەو پارتە. وەک ئەوەی بە
ناوی ئاپۆوە دەنووسێ :"ئەوەی کوردان دەیخوازن تەنیا رێزگرتن لە
هەبوونیان و ئازادی بۆ کەلتوورەکەیان و خستنەگەڕی سیستێمێکی دیموکراتی
تەواوە".ل ٣٩٦ .
پاشان دەنووسێ:" ئەگەرچی پارت کرێکاران وەها ناسراوە کە هەڵگری پرۆژەی
رزگارکردنی کوردستان و دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆ و یەکگرتووی
کوردستانە،بەڵام لە سەرزەمینەی واقیع ئەم بەرنامەیە و ستراتیژە جۆرێکی
تر دەرکەوتووە و جۆرێکیش لە ناروونی یان تەمومژ لە بەرنامە و گوتاری پ
ک ک لەو رووەوە دەبینرێت".
هەرچەندە باس لە خاڵێکی بەرهەستی گرنگ لە رۆڵ و بەرنامە و کارکردنی پ ک
ک دا لەسەر دروستکردنەوەی کەسایەتی تێکشکاوی کوردی دەکات،لێ دیسان لە
پێڕەودا، کار و پابەندبوونی پێویست بەم داوایانەوە نەکراوە. باس لەوەش
دەکات کە پ ک ک ،پارتێکی مارکسی لینینییە.لە بەرنامەی خۆیدا خەبات دژ
بە فیودالیزم و کۆلۆنیالیزم و جیاوازی چینایەتی دەکات.دەرئەنجام دەڵێ :
"ئەم حیزبەش هەڵگری بەرنامە و پرۆژەی سەربەخۆیی کوردستان نییە،ئەگەرچی
هەندێ لە رەگەزەکانی ناسیونالیزمی کوردیی ئامادەیی هەیە".
لە ئێستا دا،بە تایبەت پاش دەستگیرکردنی ئۆجەلان، ناسیونالیزم و بیری
سەربەخۆیی کوردستان،گورزی کوشندەی بەردەکەوێت..هەر رۆژە بە راگەیاندێک.
بەشی دوانزەیەم: کۆمەڵگەی کوردی و عیمرانی مرۆیی ناتەواو .
لەبەر رۆشنایی تیوریی عیمران لای ئیبن خەلدوون دا"مادەی
کۆمەڵایەتیبوونی مرۆییە و وێنەکەشی دەوڵەتە".کە بە نێوەرۆک بریتییە لە
ئاوەدانی و دروستکردن و نیشتەجێبوون...
لەم تیورییەدا، عیمران و دەوڵەت،دوو رووی یەک دراون. ئەم دوانەیە
درێژەو تەواوکەریی یەکترن . نووسەر زۆر لەسەر ئەم تیۆرییە دەڕوات و باس
لە پرۆسەی گەشەکردن واتە بە کۆمەڵایەتیبوونی سروشتی تا پلەی
دامەزراندنی دەوڵەت دەکات...بەڵام وەک هەموو دەزانین هەموو دەوڵەتە
عەرەبیەکان و بەشێکی تری دەوڵەتانی ناوچەکە و دنیا،بەرهەمی رێکەوتنامە
و بڕیاری سیاسین و لەدەرەوەی ئەم هاوکێشەیەن،کە کاک عەتا باسی لێوە
دەکات. بە ڕای نووسەر ، لە کۆمەڵایەتیبووندا کورد نەیتوانیوە دەسەڵاتێک
بەرهەم بێنێ، دەوڵەت دروست بکات،لاوازی ئاستی کۆمەڵایەتیبوونی لە
رابردووشدا،وای کردووە،خێڵ و عەشیرەتەکانی دوور لەیەک بژین و نەتوانن
تێکەڵی یەکتر بن و فیدراسیۆنی لە نێوخۆیاندا دابمەزرێنن.
نەگەیشتن بەم پلە کۆمەڵایەتییە،وای کردووە، قەوارەی بچوک بچوک و دابڕاو
لە یەکتر،لە سنوری خێڵ و هۆزدا ،تا بەرزترین پلەی میرنشین پێک بێت.
کاک عەتا خوێندنەوەیەکی بە سەلیقە بۆ تیوریی خەلدوون دەکات و ،باس لەوە
دەکات معاش و رزق رۆڵی بزوێنەر دەبینن لە عیمراندا... هەر بەم پێودانگە
نووسەر لای وایە کەشوهەوا و خاک و ئاوی کوردستان وەک پێویست
لەبارنەبووە بۆ بە کامڵ گەیشتنی پرۆشەی کۆمەڵایەتیبوونی سروشتی و
دروستکردنی زەمینەی بە پیت،وەک هۆکارێک بۆ نیشتەجێبوون و و رەخساندنی
بژێوی بۆ خەڵک...کورد هەر کۆچەر و نیمچە کۆچەر بووە،هۆکارەکانیشی بە
درێژایی مێژوو ناسەقامگیریی و شەڕ و پێکدادانی لەشکری داگیرکەران و
بێگانە بووە.
نوسەر لە دیدی خۆیەوە هەندێ بەرواردکاریی و چەردەیەک بیروڕا
دەردەبڕێ،کە دەکرێت بکرێنە کەرەسەی گەنگەشە و لێکۆڵینەوەی قووڵ و
فراوانتر لەسەر ئەم بابەتە. لێرەدا گەرەکە ئاماژە بەوە بدەین،کاک عەتا
ئاوەزمەندانە،پرسی کورد بەم تیورییەوە دەبەستێتەوە و دەرئەنجامی
خوێندنەوەکەی بۆ ئەم تیورییە، هەوڵ بۆ لێهەڵهێنجانی بیر و ئایدیای نوێ
دەدات و خوێنەر دەخاتە بەردەم بیرکردنەوە و پرسیارکردن و رامان و
عەوداڵبوونی رێگاچارەی کێشە سەرەکییەکەی کورد.
بەشی سیانزەیەم : چۆن دەوڵەتی کوردی پێکدێت؟ گوتاری ناسیونالیزم!
لەم بەشەشدا،کە دوا بەشی بەرهەمەیەتی کاک عەتا بە بۆچوونێکی هێگڵ: " بۆ
گەیشتنی کۆمەڵ بە دەوڵەت،کۆمەڵ بە قۆناخی خێزان،کۆمەڵی مەدەنیدا
تێدەپەڕێت و دەگات بە دەوڵەت.(دەوڵەتی سروشتی)". هەر دوابەدوای ئەمە
گوتەیەکی هۆبز دێنێتەوە:"دەوڵەتی سروشتی بریتییە لەبەردەوامبوونی
دەسەڵاتی باوک کە درێژدەبێتەوە بۆ خێزان و لقەکانی".
پێبەپێی ئەم بۆچونانە،نوسەر دەڵێ خێزان بنەمای سەرەکی دروستبوونی
دەوڵەتە. جا ئایا لە کورد یان ئەو نەتەوە و گەلانەی هێشتا نە بوونەتە
خاوەن دەوڵەت،خێزان نییە؟یاخود کۆمەڵی بێ خێزان هەر هەیە؟!دوا بۆچوونێک
لەمەڕ دەوڵەت لەم بابەتەی کاک عەتادا روانگەی مارکسیزمە،کە دەوڵەت بە
بەرهەمی پەرەسەندنی ژێرخان و لە ئەنجامی ئەوەشدا سەرخانی کۆمەڵگەیە و
بەو پێیەش بزوێنەری مێژووی ئابوورییە.
ئەم سێ هۆکارەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا، نەبوونە دەروازەیەک بۆ ئەوەی
کورد لێوەی بچێتە نێو مێژووەوە. لەسەردەمی نوێشدا کورد نەیتوانیوە،لە
کەناڵی مۆدێرنێتەوە دەوڵەت بۆ خۆی دروست بکات. پاشان قسەکردن لەمەڕ
نەتەوە، بە گوێرەی پێناسە بنەما کلاسییکەکە بریتییە لە:زمان،مێژوو،
دابونەریت و جوگرافیای هاوبەش. بە پێودانگی مۆدێرنێتە بریتییە لەوەی:
دەوڵەت نەتەوە دروست دەکات.
دوای پێشکەشکردنی ئەم هەموو تێز و تیوریی و بۆچونە جۆراوجۆرانە ،نوسەر
پێی وایە کورد نە خاوەنی:
١ ـ چینی بۆرژوای پیشەسازیی نیشتمانییە،بە سیفەتەکانی پێوەندییەکانی
بەرهەمهێنانەوە.
٢ ـ نە خاوەنی ئایینێکی تایبەت بە خۆییەتی،کە لای وایە
"تەسەوف"دەیتوانی ئەو رۆڵە بگێڕێ.
٣ ـ رەگەزەکانی "خوێن و دەمار"لە ناو کورد دا نەیانتوانیوە،رۆڵی
بزوێنەری کۆمەڵگە بگێڕن.ئەگەرچی ئەمانە لە نێو عەرەبدا بۆ نموونە رۆڵی
پۆزەتیڤی خۆیان گێڕاوە.
کەواتە، هەبوون یان نەبوونی سەرجەم ئەو بنەماو پێداویستییانە،مەرجی
سەرەکی زیندەیی نین بۆ دروستبوونی نەتەوە ودامەزراندنی دەوڵەت...
پاشان باس لە فرە زاراوەیی و مەزهەبی جیاواز و تۆپۆگرافیای نالەبار و
لەبەرچوونی ئابووریی(کە ئەمەیان بۆ یەکەمجار بۆچوونی مامۆستا مەسعوود
محەمەدە لە نێو کورددا و کاک عەتا بە هیچ کلۆجێک ئاماژەی پێنادات و
دەست بۆ بەرهەمەکانی مامۆستا درێژ ناکات)..هەر لەم رەوتەدا خێڵ و هۆزی
جۆراوجۆر و سازنەدانی بازاڕی هاوبەش...هەموو ئەمانە فاکتن بۆ ئەوەی لای
کورد پرۆسەی کۆمەڵایەتیبوون سستی لاواز بێت،کەواتە ناسیونالیزمی کوردی
توانای ئەوەی نەبێت ببێتە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی جەماوەری خاوەن
پڕۆژەی دەوڵەتی نەتەوەیی.
لەسەردەمی هەبوونی حیزبی کوردییەوە،دەست بە چالاکی سیاسی کردن،دروشمی
هەرە سەرەکی حیزبەکان،هیچی هەڵگری پرۆژەی دەوڵەت نەبووە.بەڵکە داوای
دیموکراسی بۆ دەوڵەتی داگیرکەر و ئۆتۆنۆمی بۆ کوردی بندەست کراوە.
لەگەڵ باسکردنی باشووری کوردستان دەرفەتەکانی راپەڕین لە ١٩٩١ و
رووخانی رژێمی بەعس و سەددام ،لە ٢٠٠٣دا،پلەی بەرزبوونەوەی داواکانی
کورد بە بنمیچی فیدراڵی گەشتووە. ئەمە هیچ تێری پرۆسەی سەربەخۆیی
ناکات..
نوسەر دەپرسێ،ئەمە دەبێت تا کەی وا بێت؟ کەی کورد دەتوانێ ببێتە خاوەنی
پرۆژەی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەت ؟
بۆ بەستنەوەی ئەم پرس و داوایانە بە دنیای سەردەمەوە،نوسەر بۆچوونێکی
سادە دەردەبڕێ و دەڵێ: " لە کاتێکدا ئێستا لە ئەوروپا دەولەتی نەتەوەیی
بەرەو لەدەستدانی زۆرێک لە خاسێتەکانی خۆی دەچێت و بەرەو یەکێتی
ئەوروپی هەنگاو دەنێ".لە راستیدا ئەمە هیچ وا نییە و هیچ دەوڵەتێکی
ئەوروپا چ خەسڵەت و تایبەتمەندێتی خۆی لەدەست نەداوە. ئایندەی ئەم
یەکێتییە،کەس نازانێ بەرەو کوێ مل دەنێ.ئەگەرچی دەستکەوت و نموونەیەکی
ئەرێنییە بۆ جیهان،لێ ،مەگەر ترس و هەڕەشەی دەرەکی بۆ نموونە رووسیا،لە
رووی سیاسییەوە یەک بخات. دەنا ئەڵمان هەر ئەڵمانە و فەرەنسی هەر وەک
خۆیان و لە وڵاتی خۆیاندا دەژین و شانازی بە هەموو دەستکەوت و
رابووردوویانەوە دەکەن... کێشەیەی ئینگلیز و یۆنان و ئیرلەندە و
ئیسپانیا و رەنگە ئیتالیا و هۆلەندە و وڵاتانی سکەندەناڤی و بەشێکی
ئەوروپای رۆژهەڵات و زۆر وڵاتی تر و قەیرانی جۆراوجۆر هێشتا کۆسپن
لەبەردەم یەکێتی ئەوروپایەکی تۆکمەی یەک بلۆکیدا.
نوسەر پێی وایە حیزبە کوردی و کوردستانییەکان لەسەرتاسەری نیشتماندا
هێشتا نەبوونەتە هێزێکی بکەری کارای دامەزراندنی دەوڵەت. ئەم بۆچوونەش
کتومت بە ملی حیزبە گەورە و خاوەن دەسەڵاتەکاندا بە دروستی دادەبڕێت و
پڕ بە باڵایان دەردەچێ.
کۆتای باسەکەی بە کێشە و ململانێکانی نێو حیزبەکانی باشوور و
سەرنەکەوتن لە ئیدارەکردن و بڵندکردنەوەی دروشمی سەربەخۆییدا دێنێ. بۆ
گەیشتنی کورد بە دامەزراندنی دەوڵەت،داوای پرۆسەی (رێنیسانسێکی
نەتەوەیی کوردی ) دەکات. ئەمەش دەبەستێتەوە بە دوو ئەرکەوە:
١ـ بیناکردنەوەی کەسێتی تێکشکاوی تاکی کورد و رزگارکردنی لە باوکی
داگیرکەر.
٢ـ پرۆژەیەک ناسیونالیزمی کوردی بکاتە بزوتنەوەیەکی جەماوەریی
کۆمەڵایەتی. هەر لەم کۆنتێکسەدا بۆچوونێکی (هێگڵ)مان دەخاتەوە یاد کە
دەڵێ:" مرۆڤ تەنیا لە دەوڵەتدا بوونێکی ئاقڵانەی دەبێت".
هەموو ئەمانە هاوشانی یەکێتی و یەکگرتوویی مرۆیی و نامرۆیی ،کورد بکاتە
بکەرێکی کارا و خاوەن کەسێتی و ناسنامە،دێنە ئامانج.
هەڵبەت چ لارییەک لەسەر ئەم لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندن و پێشنیاز و
داواکارییانەدا نییە و دەکرێت هاوڕای بین و لە ئەنجامی گفتوگۆ و
بیرکردنەوەی قوڵترەوە،ئەم بیرۆکانە خەست و دەوڵەمەنتر بکرێ . بەهەرحاڵ
،کاک عەتا بەشدارییەکی باش لە وورووژاندنی ئەم باسانەدا دەکات و زۆر بە
سەلیقەوە دوای پرسەکە کەوتووە لەم بەشەدا،گەرەکێتی هەڵهێنجانێکی پوخت و
باش بداتە دەست خوێنەر. رەنگە برای نوسەر لەوە ئاگادار بێت،چەندساڵە
هاوبیرانی نەتەوەیی دەیانەوێ کۆمەڵەیەک دروست بکەن،بۆ ئەو ئامانجانەی
کاک عەتا،دەستنیشانی کردوون،لێ دەسەڵاتی کوردیی ،بە تایبەت پارتی کە
سەرۆکایەتی و وەزیری نێوخۆی هەرێمیان بەدەستە،بە هەموو ووزە و
توانایانەوە رێگریی و لەم هەوڵە دەکەن و دوژمنایەتی توندی هەڵگرانی
بیری کوردایەتی دەکەن،ئەوانەی ناچنە سەر خوانی ئامادەکراوی ئەوان....
ماوەتەوە بڵێین، دەبا کاک عەتا، وەک ئێستا سڵاو بارانی پێشمەرگە و
بەرپرسەکان دەکات(کە بە باوەڕی من، کارێکە هەڵقوڵاوی دڵسۆزییە).
بەهەمان گیانی ئەمەکدارییەوە، تاجە گوڵینەیەکیش بخاتە سەر گڵکۆی
گیانبەختکردووانی پاسۆک، ئەوانەی لە دەیان داستانی قارەمانێتی، سەنگەرە
بە ئابڕوو و خۆڕاگرەکانی : هەیئەی کەرکووک و زیندانی موسڵ و ئەبوغرێبی
بەخدا و ئەوانەی لە فلکەی سجن و فلکەی نالی گوللەباران کران و ئەوانەشی
لە پێدەشت و قەدپاڵ و سەر کێوەکان خوێنیان بە سەر دەشت و دەر و
تاشەبەردەکانی کوردستاندا رژاند.وەک : کاک ئازاد مستەفا و شەهید فەرهاد
خەفاف و مولازم حەمە شەوقی و مەلا یادگار و شەهید مەشخەڵ و شەهید
بێستون و شەهید بارزان.شەهید سەردار،شەهید ئومێد،شەهید کامیل و شەهید
جەمال و دەیان و سەدان شەهیدی دیکەی، هەڵگری گوتاری ناسیونالیزمی کوردی
بە پرۆژەی دەوڵەتی سەربەخۆشەوە...ئەمانە سووتەمەنی و رووناککەرەوەی ئەو
رێباز و بزوتنەوەیەن ،کە گوتاری ناسیونالیزمی کوردی ،بۆ دروستکردنی
تاکێکی کورد،کە سەپانی بابی کەس نەبێت... تا دوا هەناسە،وەک پاسۆک فێری
کردبوون، رقی پیرۆزیان دەست نەگێڕانەوە بوو لە داگیرکەر و دوژمن. ئەم
پۆلە گینابەختکردووە، هاوشانی سەدان و هەزاران هەزاری دیکە،کە درێژە
بەو رێبازە دەدەن، ئامانجیان دوا پلەی باڵای گ.ن.ک بوو، هەڵکشان بوو
بەرەو مرۆڤایەتی،کە لە خودی خۆیدا،واتە کوردایەتی..بە مانای گەیشتن بە
سەربەخۆیی، لە سێبەری{ کوردستانێکی ئازاد و گەلێکی یەکسان} دا...
١٧\٤\٢٠١٥
ناسیۆنالیزمی دوور مەودا.
- لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانی ـ ئۆنلاینی
کوردانە، لە ئەڵمانیادا -
وەرگێڕان - نووسینی:
Uwe Hunger,Menderes
Candan&Sascha Krannich
ناسیونالیزمی دوورمەودا،بۆچوونێکی تری گەشەسەندووە، لە تیوریی
ناسیونالیزمی (ئەندەرسۆن)،کە نەتەوە بە جڤاتێکی رامانکراو Imagind
Community دادەنێت، لێرەدا خەڵکانی نەتەوەی رامانکراو، هەستی
پێوەندارێتی هاوبەشیان هەیە، بێ ئەوەی ئەمانە، هیچ جارێ یەکتریان دیبێ
و ناسیبێ. ئەم هەستی پێوەندارێتییە بۆ نەتەوەیەک،لە رێگای زمانێکی
هاوبەش و مێژووەوە، بە هۆی سیمبۆلە هاوبەشەکان و ئەفسانەوە تینوتاو
وەردەگرێت و بەسەر سنووری دەوڵەت و نەوەکان دا دەبەزێنێ و پارێزگاریی
لێ دەکرێ. ئەندەرسۆن ئەمەی ناوناوە،کەرەسەی خاوی ناسیۆنالیزم، Raw
Material of Nationalism ، لە کاتێکدا کە چەمکی ـ ناسیونالیزم ، بە
شێوەیەکی سەرەکی پشت بە ئەندامانی نەتەوەیەک، لە نێو چوارچێوەی
دەوڵەتێکدا دەبەستێ. لێ چەمکی ناسیونالیزمی دوورمەودا زیاتر ئەوانە
دەگرێتەوە،کە کۆچبەربوون و جاران ئەندامی ئەم نەتەوانە بوون و تەنانەت
ئەوانەی دوای ئەوانیش دێن، کە لە وڵاتی باوباپیرانیان نە کاریان کردووە
و یاخود سەردانیان نەکردووە.
ئەم کۆچبەرانە لە هەندەران، زۆربەی کات، هەڵگری پێناسی رەسەنی نەتەوەیی
خۆیانن، هزر و کاریشیان،گەلەک جاران، لەمەڕ نیشتمانی رەسەنەوە، بەم
هەست و هۆشەوە گرێدراوە. بەمەش وەک دەڵێن، مەشقی ناسیونالیزمی
دوورمەودای خۆیان دەکەن. ئیدی بۆیە شتێکی سەیروسەمەرە نییە، کە هەستی
نەتەوەیی ئەم کۆچبەرانە لە هەندەران، فرە خەمڵیوترە لەوانەی ناوەوەی
وڵات. ئەو هۆکارەی بەزۆریی لێرەدا دەبینرێ،ئەوەیە، کە کۆچبەران لەو
کۆمەڵگەیانەی تێیدا دەژین (مەبەستی هەندەرانە ، و.) هەستی نامۆییان
هەیە و تەنیا لە رێگای پەنابردنەوە بۆ نیشتمان، هەستیی پێوەندارێتییان
دەبزوێ و بەمەش ئاسایشێکی کەم لە نامۆییدا، دەستەبەر و مسۆگەر دەکەن.
ئەم هەستی وابەستەییە بەرچاوەی کۆچبەران، بۆ نەتەوە رەسەنەکانی خۆیان،
بە شێوەیەکی زەق، بەرەو ئەوە دەڕوات، کە ئەمانە هێشتا هەر، زۆر بە
توندی، سەرقاڵی رووداوەکان وڵاتەکەی خۆیانن و لە رووی سیاسیشەوە چالاکی
دەنوێنن.
لەم هەلومەرجەدا, مرۆ قسە لەسەر دیاردەیەک دەکات, کە ناسراوە بە
سیاسەتی ناسیونالیزمی دوورەمەودا Long Distance Nationalismu Politics
کە لە لایەن کۆچبەرانەوە بەڕێوەدەبرێ. ئەم سیاسەتی دوورمەودایە، خۆی
نابینێتەوە لە چوارچێوەی هەوڵی، تاکە ئازادیخوازەکانی چەند کۆچبەرێکدا،
لە فۆرمی کۆکردنەوەی یارمەتی و باربوو، دەنگدان لە کاتی هەڵبژاردن دا
یاخود هاوکاریی پارتێکی وڵاتی رەسەنی خۆی. سیاسەتی دوورمەودا، گەلەک
جاران لەسەر ئاستی هەرەوەرزیی و بە کۆمەڵ، بە ئەنجام دەگەێندرێ.
بەواتایەکی دیکە لە رێگای رێکخراوەکانی کۆچبەران، یاخود پارتەکانی
هەندەرانەوە.
هەنووکە، رێکخراوە تۆکمە و خۆسازەکان، کە هێزێکی پاشەکەوتن و زۆرجار
دەستە و تاقمەکانی دیکە،کە گەلەکجار بە گرووپەکانی دیاسپۆراش
ناودەبرێن،تا ڕادەیەک کاریگەرێتی بەرچاویان، لەسەر روداوە سیاسییەکانی
وڵاتی رەسەنی خۆیان دروست کردووە.
رێکخراوەکانی دیاسپۆرا و ئەو سیاسەتی دوورمەودایەی، لە لایەن ئەمانەوە
پێڕەو دەکرێ،بوونەتە فاکتێکی دەسەڵاتی راستەقینە، لە سیاسەتی
نێودەوڵەتیدا...
باشترین نموونەی کلاسیکی دیاسپۆرا، کاریگەرێتی هێزی پاشەکەوتی
دیاسپۆرا،دیاسپۆرای جوولەکەیە، کە بە دڕێژایی دەیان ساڵە کار بە
،سیاسەتی ناسیونالیزمی دوور مەودا و سیاسەتی دوورمەودا دەکات.
دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل، بە پلەیەکی سەرەکی، دەگەڕێتەوە بۆ
کاریگەرێتی زایۆنیزمی جولەکەی دیاسپۆرا، لەسەرتاسەری جیهاندا.
زایۆنیزمەکانی ناو دیاسپۆڕای جولەکە، لە رۆژاوا و رۆژهەڵاتی ئەوروپا،
توانییان وا بکەن،وڵاتێک لەناو جەرگەی وڵاتانی عەرەبیدا دابمەزرێنن.
تێیدا، زەوی لە خاوەن موڵک و دەوڵەمەندەکانی فەلەستین بکڕن و،
خەڵکانێکی زۆریی جولەکەی هەژار، لە رۆژهەڵاتی ئەوروپا،ئەمریکا و
ئاسیاوەی لەسەر نیشتەجێ بکەن. بەشێکی زۆری جولەکە، پاش هۆلۆکۆست، چوون
بۆ دەوڵەتی تازە دامەزراوی ئیسرائیل، بێگومان بەشە گەورەکەشیان لە
ناوەندی ئابووری و سیاسی وڵاتانی رۆژاوا(بەر لە هەر شوێنێ، لە
ئەمریکا،فەرەنسا و ئینگلتەرا)مانەوە. دەستەبژێری جولەکە، لە ئەوروپا و
لە پێش هەموویانەوە ئەمریکاوە، بەڵام لە دیاسپۆراوە پشتیوانییان لە
بەرەو پێشچوون و گەشەسەندنە ئابووریی و سیاسییەی جولەکە، لە فەلەستین
کرد،کە پاشان دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیلی بەرەو پێش برد. جولەکە لە
هەموو جیهانەوە، پارەیان حەواڵەی کەسوکار و هاورێ و رێکخراوەکانی
یارمەتیدانی خێرخوازییان، لە ئیسرائیل دەکرد. چەندین رێکخراو دروستکران
وەک Jewish Agency(JA) National Jewish Fund(NJF) ، تا گوێزانەوە بۆ
ئیسرائیل فەراهەم بکەن پێکەوە گرێ بدەن.
لە نموونەی بەرجەستەی سەرکەوتووی، سیاسەتی دوور مەودای دیاسپۆرای
جولەکە دا،گەلەک گروپی کۆچبەران و (وڵاتەکانیشیان)، وانەی فێربوون و
کردوویانەتە سەرمەشقی خۆیان،تا هەمان سەرکەوتن بەدەستبهێنن و
کاریگەرێتی بەرفراوان ، لەسەر سیاسەتی، وڵاتی رەسەنی خۆیان، دروست بکەن
و بە واتایەکی دیکە ئەو کۆچبەرانەی جاران بەشێک بوون لە وڵات و چڤاکی
خۆیان بۆ زێد و نیشتمانەکەیان سوودیان لێ وەربگیرێ(کەڵکداریان بکەن) .
ئەندەسۆن، لە نموونەی کرواتییەکانی کەنەدا و ئیرلەندییەکانی ئەمریکا و
کوردانی ئەڵمانیا نیشانی دەدات،کە ئەم گرووپانە، کاریگەرییەکی
بەرچاویان هەیە لەسەر سیاسەت لە وڵاتی رەسەنی خۆیان. بۆ نموونە
کرواتییەکانی دیاسپۆرا بە شێوەی حەواڵەی دارایی و رەوانەکردنی
چەک،رۆڵێکی گەوهەرییان لە هەراکەی بالکان دا گێڕا.
هەروەک لەم میانەدا،لێکۆڵینەوەی دیکەش بەدیاری دەخەن،کراوتییەکانی
دیاسپۆرا دەیان ساڵ زیاترە، کار بە ناسیۆنالیزمی دوور مەودا دەکەن. لای
ئەمانە بەهای نەتەوەیی و هۆشیارییەکی سیاسی لە دیاسپۆرا، نەوە بە نەوە
پارێزراوە و کاریگەرێتی لەسەر هەرای وڵاتی سەرەکی خۆیان دروست کردووە.
بەتایبەت بەر لە هەر شتێ،ناردنی کۆمەک و حەواڵەی دارایی لە لایەن
کۆچبەرانەوە، بۆ وڵاتانی رەسەنی خۆیان، وا بۆتە سەرچاوەیەکی گرنگی
داهات،کە ئارەزووی گەلێ لە وڵاتانی باجدەر گەورەیە،هەستی پێوەندارێتی
کۆچبەران بۆ نیشتمانی رەسەنی خۆیان،بۆ ماوەیەکیدرێژخایەن بپارێزن،
تاوەکو دەرفەتی گەڕانەوەی حەواڵەی دارایی کۆچبەران گەورەتر بکەن. بە
تایبەتی وڵاتە پێشکەوتووەکان، بەم حەواڵەکردنەوەوە گرێ دراون.
ناسیونالیزمی دوور مەودا هەلومەرجێک بۆ ئەمانە دەرەخسێنێ، کۆچبەران،
دوای کۆچکردنیشیان، بە وڵاتەکانیانەوە گرێ بدرێن.
ناسیونالیزمی دوور مەودا، کاری بەر لە هەر شتێ، لە لایەن گرووپە
کۆچبەرەکانی بێ دەوڵەت،(بۆ نموونە، وەک کورد) ەوە پێ دەکرێت. بۆ ئەم
گرووپانە، بەلانی کەمەوە، لە هەندەران دەرفەت هەیە بۆ "پرسی
نەتەوەییان" خەبات بکەن، بەواتایەکی دیکە، هەستی نەتەوەییان زیندوو ،
راگرن و خزمەتی بکەن.
باش و هاوکارەکانیBasch et al.، لە ساڵی ١٩٤٤ دا، بەدیاریان خست،
رێکخراوەکانی دیاسپۆرا لەودیو سنوورەکانیشەوە لە بنیاتنانی دەوڵەتی
نەتەوەیی نوێدا چالاکن،چونکە بۆ ئەوان ئەوەی ناسراوە بە
نەتەوەسازییNation Building، رۆڵێکی گەلێ گرنگ دەگێڕێ. بە تایبەتی ئەو
گەشە گەورە تەکنەلۆژیاییەی، لە بواری تەکنەلۆژیای راگەیاندندا، بەرپا
بووە و، ئەو نرخە دابەزیوەی(هەرزانەی)هەقی گوێزانەوە، لەم ساڵانەی
دواییدا، هێزێکی دینامیکی داوە، بەم پرۆسەیە،و بەشدارییەکی باشی لە
بەهێزکردنی ناسیونالیزمی دوور مەودا دا گێڕاوە.
لەم بوارەدا، بەر لە هەر شتێ، ئینتەرنێت رۆڵێکی کارا و بەرچاو
دەگێڕێ،چونکە دەرفەت دەداتە کۆچبەران، خێراو بە نرخێکی هەرزان، لەگەڵ
کەسوکار،یاخود هەڤاڵە سیاسییەکانیاندا لە وڵاتی خۆیان پێوەندی
بگرن.دەتوانن زانیاریی، بیرۆکە و بیروڕا بگۆڕنەوە و بگوێزنەوە بۆ وڵاتی
لێی لە دایکبوون و تێیدا کاربکەن. هەروەها ئینتەرنێت بەکاردێ، تاوەکو
لەسەر ئۆنلاین خۆیانی پێ رێکبخەن و پێکەوە لە پێوەندیدابن.بۆ
ئەمە،ماڵپەڕ، لیستی ئیمەیل، ژووری چاتکردن و رۆژنامەی ئەلەکترونی
ئۆنلاین بەکاردێنن.
زۆربەی کات لەم رێگایانەوە، سیمبۆڵە نەتەوەییەکان، بەکاردەهێندرێنن و
ئەفسانە نەتەوەییەکان، دەماودەم دەگێڕنەوە. ئامانج ئەوەیە، لە رێگای
ئەم هێڵی لۆبیزمی ئۆنلاینەوە پشتیوانی بۆ مەسەلەی سیاسی نەتەوەکەیان،
لەو وڵاتانەی تێیدا دەژین بەدەست بهێنن.
لەم بابەتەماندا، بەکارهێنەرانی ئۆنلاینی ناسیونالیزمی دوور مەودا، بۆ
نموونە کوردانی دیاسپۆڕا لە ئەلمانیا بخەینە بەرچاو... رەوەندی کوردی
بە نێزیکی ١،٢ تا ١،٥ ملیۆن ئەندام، بە یەکێ لە گەورەترین، گرووپەکانی
دیاسپۆرا لە ئەوروپا دادەنرێ. بە زۆریی لە ئەڵمانیا بە نێزیکەیی ٧٠٠
ـ٨٠٠ هەزار کورد دەژین. وڵاتەکەی خۆیان دوای جەنگی جیهانی یەکەم بەسەر
کۆمەڵێ وڵاتی تازە دروستکراودا،ئێران،ئێراق، سوریا و تورکیا دابەشکرا.
بێگومان دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردستان دانەمەزرێندرا. لەم چوار
دەوڵەتەدا سیاسەتێکی توندی تواندنەوەی دژ بە کورد پێڕەو کرا. کە
بەدرێژایی سەدەی بیستەم ،بووە مایەی سەرهەڵدانی چەندین بەرخۆدانی
توندوتیژ. دامرکاندنەوەی ئەم راپەڕینانە، بۆ نموونە، لە تورکیا،
زۆرینەی کات، راگوێزانی خێلە کوردییەکانی بۆ هەندەران و ناوچەی دیکە،
کە زمان و کولتووری کوردی تێیدا قەدەغە بووە لێکەوتەوە. بەم شێوەیە، بە
درێژایی سەدەی بیستەم، ملیۆنەها کورد ناچارکران، لە ئێران و عێراق و
تورکیا و سوریا بەرەو رۆژاوا، نیشتمانەکەیان جێبهێڵن.
دیاسپۆرای کوردیی،لە کۆماری فیدراڵی ئەڵمانیا و ئەوروپادا، ئیمڕۆ
رۆڵێکی گرنگی سیاسی و کولتووریی بۆ کورد لە جیهاندا دەگێڕێن. رۆڵ و
بەشدارییەکی دیاریان هەیە، لە گەشەپێدانی هەستی نەتەوایەتی کوردیی لە
وڵاتی خۆیاندا. زمانی کوردیی، ئەدەبیات و موزیک، رۆژگارێکی زۆر، لە
تورکیا رێگەی لێگیرابوو،لێ لە دیاسپۆڕا، بەها و بایەخێکی زۆری تایبەتی
پێدرابوو، تاوەکو کولتووری کوردی بپارێزرێ و نەفەوتێ و بەردەوام گەشە
بکات. تیڤی دامەزرێندرا،کە پەخشەکەی لە ناوەوەی نیشتمان
وەردەگیرا،رۆژنامە و گۆڤار لە چاپ دەدرا و لە نێو کورددا بڵاودەکرایەوە
و بە نهێنی، دەبرایەوە بۆ ناوەوەی وڵات، لە کاتێکدا ئەم بەرهەمانە،لە
وڵات قەدەغە بوون و سزا و راوەدوونانیان لەسەر بوو. هاوزەمان جگە
لەمانە، لە هەشتاکانەوە کۆمەڵێ دامەزراوی کولتووریی و زانستکاریی بۆ
فێربوون و لێکۆڵینەوەی زمانی کوردی و کولتوور و ئەدەبیات، لە ئەڵمانیا
و ئەوروپادا دامەزرێندرا.
ئینتەرنێت،ئەو هەلومەرجەی بۆ کوردانی ئەڵمانیا هێنایە کایەوە،کار بە
ناسیونالیزمی دوور مەودا، بکەن و جارێکی دیکەش بە ئاشکرا گەورەتری
بکەن. ئینتەرنێت وەک دەستاوێژێکی گرنگ، لە پرۆسەی "نەتەوەسازیدا"Nation
Building لە لایەن دیاسپۆرای کوردییەوە بە رێزەوە تەماشا دەکرێت. لە
ئاکامی لێکۆڵینەوەیەک ،کە لێرەدا دەیخەینەڕوو، دەردەکەوێ، کە لە
ئێستادا لە ئینتەرنێتدا "کوردستانێکی مەجازی/خەون" بوونی هەیە. گەلەک
لەو ماڵپەڕانەی لە لایەن کوردی ئەلمانیاوە دروستکراون، کوردستان بە
سنوورە مەجازییەکەیەوە، نیشان دەدەن، ئەو نیشتمانەی،کە لە دوارۆژدا وەک
دەوڵەتێکی نەتەوەیی سەربەخۆ، لە جیهانی راستیدا دەبێ بوونی هەبێت.
نیشاندانی ئەنجامەکانی پرۆژەی لێکۆڵێنەوەی پەیمانگای Fritz Thyssen ،
لەژێر ناونیشانی، هێزی بوونی سیاسی ئینتەرنێت،کە بەرهەمی ساڵانی نێوان
٢٠٠٧ ـ ٢٠٠٩ یە، لە زانستگەی مونستەر ئەنجامدراوە.
لە چوارچێوەی ئەم لێکۆڵینەوەیەدا، لە ١٠٣ ماڵپەڕی سیاسی کوردیی لە
ئەلمانیا دا کراوە، هەروەها راپرسییەکی ئۆنلاین لە ژێر ناونیشانی
Internet-Usern لە لایەن ١٠ ماڵپەڕی ئینتەرنێتی هەڵبژاردەوە
بەڕێوەبراوەN=136)) ١. لەو ١٠٣ ماڵپەڕە بۆ لێکۆڵینەوەیەکی قوڵتر
هەڵبژێردراوە.
لەم لێکۆڵینەوەی بەردەمتاندا ئەو ئاکامگیرییە هەڵبژێردراوەتان بۆ
دەخەینە بەرچاو، ناسیونالیزمی دوورمەودای دیاسپۆرای کوردی لە
ئینتەرنێتدا ئەنجامیان داوە.
ناسیۆنالیزمی دوور مەودای کورد و دیاسپۆڕا لە ئینتەرنێت.
هەمە جۆریی دامەزراندنی پێشکەشكراوەکانی ئینتەرنێت.
چەندین جۆری جیاوازی پێشکەشکراوی ئینتەرنێتی سیاسی ،بۆ کۆچبەرانی کوردی
لە ئەلمانیا هەیە. ئەوەی زیاتر سەرنج رادەکێشێ، بەکارهێنانی سروودی
نەتەوەیی و ئاماژەی کوردستانە، بە مانای دەرکەوتنی نەخشەی
کوردستان،ئاڵای کوردستان،یاخود رەنگە نەتەوەییەکانی، سوور، کەسک و
زەردە. سەرجەم ئەو ماڵپەڕانەی،ئێمە لێکۆڵینەوەمان لەسەرکردوون، بەلانی
کەمەوە سیمبۆڵێکی نەتەوەییان کێشاوە،ڤیگۆرێکی نەتەوەیی،هەوارگەیەکی
نەتەوەیی، یاخود ئاڵای نەتەوەیی کورد. سیمبۆلە نەتەوەییەکان، زۆربەی
کات، لە ناونیشانی ماڵپەرەکاندا، دەکەونە بەرچاو،لە لۆگۆی
لاتەنیشتەکاندا،یاخود لە بەشێکی ماڵپەڕەکەدا.لەناو بەشی هەرە زۆری
ماڵپەڕەکاندا، گۆشەیەک بۆ نموونە، لەسەر مێژوو، کولتوور، کەسایەتییە
نەتەوەیی و قارەمانەکان، ئەفسانە،ئایین و هەوارگە نەتەوەییەکان
دەبینرێتەوە. ئەوەی جێی سەرنجە، لەسەرجەم پێشکەشکراوەکانی ئینتەرنێتدا،
بابەتی سیاسی فرە بەرچاو دەکەون. ئەمەش بە بەراورد بە ماڵپەڕی، گرووپە
کۆچبەرەکانی دیکە،ئەوانەی ئێمە لێکۆڵینەوەمان لەسەر کردوون،واتە بەر لە
هەمووان،ماڵپەڕی تورک ـ ئەڵمانی و رووسی ـ ئەڵمانی.
کەسان و ئەندامانی هاونەتەوەکان، خۆیان ئەوانەی کۆچبەربوون،بۆ
گەشەسەندن و بەرەوپێشچوونی وڵاتەکەیان سوودیان لێ وەرگرێ.
ئەو فۆرماتەی زیاتر،لە ماڵپەڕە کوردییەکاندا
بەرچاو کەوتن،رۆژنامەی ئۆنلاینی بوون (بۆ نموونە:
www.kurdistan-post.com
(کە بەردەوام لەمەڕ رووداوە و پێشهاتە سیاسیی و کولتوورییە
هەنوکەییەکانەوە،هەواڵی بڵاو دەکردەوە، لەمەڕ کورد و کوردستانەوە .
چەند ئۆنلاین فۆرن هەبوون،بۆ نموونە:
www.rojakurd.de
لێرەشدا دیسانەوە،بە پلەی یەکەم کوردی دیاسپۆڕا بۆ ئاڵوگۆڕی، بابەتی
سیاسی و کولتووریی،دەربارەی کورد و کوردستان.لەسەر پۆرتاڵی
زانیارییەکان،بۆ نموونە:
www.efrin.net
www.rizgari.com ،
دیسانەوە لێرەشدا، لە بنچینەدا زانیاری دەربارەی رووداو و پێشهاتە،
سیاسەت ،ئابووری و جڤاتییەکانی نیشتمانی رەسەنی کوردان هەروەها لە
دیاسپۆڕا(ئەوروپا،ئەمریکا،کەنەدا هەرورەها جیهانی عەرەبی) بابەتی قسە
لەسەرکردنن.هەروەها زۆرینەی بلۆگەکان بۆ نموونە:
www.kurdistan-blogg.de،
قسە لەسەر ئەو باسوخواست و بارودۆخە دەکەن،کە پێوەندریدان بە کورد و
کوردستانەوە،بە واتایەکی دیکە لەگەڵ نیشتمانی سەرەکییان هەیە،(بۆ
نموونە گفتوگۆ لەمەڕ بەئەندامبوون و کاریگەرییەکانی ترکیا ،بۆ کەمینەی
کوردی لە ترکیا، یاخود سیاسەتی هەنووکەیی رژێمەکانی ،عێراق،سوریا و
ئێران،بەمبەر بە کەمینەی کوردی ،یاخود بڕیاری قەدەغەکردنی Roj TV لە
ئەڵمانیا).
ئامانجی بنەڕەتی ،ماڵپەرەکان و رێکخراو و
کۆمەڵەکان(بۆ نموونە:
www.yekkom.com,www.komkar-info.org,www.pen-kurd.org ،
ئەوە بوو، پشتیوانی ، هۆشیارییەک بۆ ناسنامەی نەتەوەیی کوردی، لە
دیاسپۆڕا بکەن و بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ بیهێڵنەوە.زۆربەی کات
ماڵپەڕەکان ـ هەروەک لای فۆرماتەکانی دیکە،زۆربەی جاران ـ بە چەندین
زمان(لێرەدا لە تەک هەژموونی کوردیدا، فارسی،عەرەبی و تورکی ،زمانی
ئەڵمانی ، ئینگلیزی فەرەنسی،ئیتالی و هتد) پێشکەش دەکرا.لەمەشدا
زۆرینەی رێکخراو و کۆمەڵەکان، دەربارەی بابەتە سیاسییەکانی هەنووکەیی
ئەڵمانیا(سەبارەت بە کورد)،یاخود لەمەڕ دیاسپۆڕای ئەوروپا و کوردەوە
هەواڵیان دەدا.
شێوەیەکی دیکەی پێشکەشکراوی ئینتەرنێت،دروستکردنی
هێڵیonline-Communities (بۆ نموونە:www.kurdos.de) ئەم شێوازەی
ئینتەرنێت، بە پلەیەکی سەرەکی، ئاراستەکراوە، بۆ ئەو کوردانەی لە
ئەڵمانیا و سویسرا و نەمسا دەژین. ئەمەش ئاشکرابوو، لە رووی سەرپشکردنی
زمانەوە، ماڵپەرەکە و دەستەی ئالوگۆرکردنی بیروڕا و سەرنجەکان، بە
شێوەیەکی سەرەکی، بە زمانی ئەلمانی بوون. کوردی زمانی دووەم بوو.
هەواڵەکان، وێنەکان، مێژوو و هەواڵی چالاکی و خۆسازدانەکان، بەشێوەیەکی
سەرەکی، بە زمانی ئەلمانی دەکەوتنە بەرچاو و ، گەنگەشەیان لەسەر دەکرا.
تایبەتمەندێتی ئەم شێوازەی ئامادەیی ئینتەرنێت، ئەوە بوو، لەتەک
ناونانی بواری بابەتەکان. دەرفەتی دەست راگەیشتن، بە پۆرتاڵەکانی موزیک
، گەلەری وێنەکان بۆ داونلۆد ـ دابەزاندن رەخسابوون. ناوەرۆکی ئەمانەش،
بە شێوەیەکی سەرەکی، بێ بەرامبەر و بە خۆڕاییبوون. بەتایبەت موزیکی
کوردی،وێنەیگیراوی شارە مێژووییەکان، بۆ نموونە: (حەسەنکێف یاخود قەڵای
ئامەد) یاخود وێنەی سروشتی کوردستان . فۆرمێکی دیکەی دەرکەوتنی
ئینتەرنێتی کوردی دانانی ئینسکلۆپیدیا بوو بۆ نموونە:
www.kurdica.com
لای ئەمانە" کولتوور، زمان، ئاین
و مێژووی کوردان، لە هەموو پارچەکانی وڵات و لە دیاسپۆرا، رۆشنکردنەوە"
بوو. زۆرینەی هەرە زۆری ئەو فۆرمانەی سەرێ، پێشکەشکراوی ئینتەرنێتی
کوردی، ئەم خاڵە هاوبەشانە دەنوێنن:
١ ـ لەسەر زۆربەی هەرە زۆری لاپەڕەکان، بە دوورودرێژی لەمەڕ مێژووی
هاوبەش،سیاسەت،زمان و تۆرە(لیتەراتۆر)، هەروەها شارە مێژووییەکان، بۆ
نموونە: حەسەنکێڤ لە تورکیا، کەسایەتییەکان، بۆ نموونە: ئەحمەدی خانی
شاعیر، شت نووسراوە. پاشخانی سیاسی کوشتارە، جۆراوجۆرەکانی لە کورد
کراوە، (بۆ نموونە: شاڵاوەکانی ئەنفال لە عێراق و... هتد) ، بەهەما
شێوە، بە دوورودرێژی بابەتی باس بوون.
٢ ـ بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت، دەستیان دەگەیشت بەزۆربەی ماڵپەڕەکان،بە
پەخشی تەلەفزیۆنی کوردی و رادیۆ(بۆ نموونە :Roj TV,Kurd 1 یاخود Denge
Mezopotamya- Radio)، هەروەها ئاژانسەکانی هەواڵی ئۆنلاین، رۆژنامەکان،
گۆڤارەکان هتد. هەندێ لە ماڵپەرەکان بۆ سوود لێوەرگرتن دەرفەتیان
دەستەبەر کردبوو، لە رێگای پرۆگرامی تەلەفزیۆن و رادیۆی خۆیانەوە،
یاخود لینکەکانی پەخشی تەلەفزیۆنە ئەڵمانییەکان، کە پڕ لە بەڵگەنامە و
زانیاری بوون، ئەوانەی سەرقالی کارکردن بوون لەگەل کورد دا.
٣ـ یەکێ لە چاکەکانی دیکەی ئینتەرنێت، زۆربەی هەرە زۆری جارەکان،
لێرەوە بانگەوازی خۆپیشاندان ،هەڵمەتی ئیمزا کۆکردنەوە،چالاکی سیاسی و
کولتووری بۆ نموونە: سەمینار و کۆنفرانس لەمەڕ پرسی "کوردستان"ەوە و
"دۆزی کورد"ەوە لە ئۆنلاین و ئۆفلایندا دەبینرێتەوە.
ئیشپێکەرانی ماڵپەڕەکان.
لێکۆڵینەوەی ئیشپێکەرەکانی ماڵپەڕە کوردییەکان لە ئەلمانیا، نیشانی
دەدات، کەوا زۆرینەی(زیاتر لە ٥٥%)،لە لایەن رێکخراوەکانەوە بووە.
ئەوەی دیار و جێی سەرنج بوو, رێکخراوەکانی دیاسپۆرا، زۆرینەیان
رۆژنامەی ئینتەرنێت و پۆرتالی زانیاری قسەکردنیان هەبوو، لە کاتێکدا بۆ
نموونە: تاکە کەساکان کە یەک لەسەر سێی ئیشپێکەرەکانن
پێکدێنن.Weblogs,encyclopedias,Foren online Communities بەڕێوە دەبرد.
پێشکەشکارانی بازرگان رێژەی % ٤ ، وەک ناوازەیەک لە پێشکەشکارانی
ئینتەرنێتی کورد دا، لە ئەڵمانیادا پێك دێنێ.
پێشکەشکەرانی ١٠ ماڵپەر،ئەوانەی ئێمە راپرسیەکی زیادەمان تێدا کرد،
ئەوانەی ئەم کارانەیان دەکرد، کۆچبەرانی نەوەی یەکەم بوون،کە لە
سەرەتای ساڵانی ١٩٩٠ دا، وەک پەنابەری سیاسی، هاتبوونە ئەڵمانیاوە.
ئەمانە لە رووی سیاسییەوە پەنابەری باوەڕپیکراو و هێندێکیان، بوونەتە
هەڵگری هاوڵاتێتی ئەلمانیاش، زۆرینەی هەرە زۆری ئەمانە، ٩ لە ١٠ یان،
هەڵگری بڕوانامەی پەیمانگایەکی باڵان،یاخود لە دەمی پرسیارکردنەکەدا،
لە زانستگە دەیانخوێند. ئەم کەسە پێشکەشکارانە(واتە بەپرس یان
بەڕێوەبەری ماڵپەڕەکان...وەرگێڕ)،ئەم کارانە لە دەمی واڵای خۆیاندا
دەکەن. ئەوەی زۆر جێی سەرنج و بایەخە، "پێوەندی بە ناوچە و زێدی
خۆیان"ەوە بەر لەهەر شتێ ، لە رووی سیاسییەوە،" جێگایەکی بایەخداری
هێجگار گرنگ"(بەڕێوبەری یەکێ لە پۆرتاڵەکانی هەواڵ) ، دەگرێت.
لە پرسیارکردندا، دەربارەی هۆکارەکانی بەڕێوەبەرانی ئەم ماڵپەرانە، و
ئەو جۆشوخرۆشەی ئیشپێکەرەکانی دەردەکەوێ. زۆرینەی ئەو کەسانەی کار لەم
ماڵپەڕانەدا دەکەن،دەیانەوێ بەشدارییان هەبێ، لە فێربوون و خزمەتکردنی
ناسنامەی نەتەوەیی کوردیدا. لە پرسیاری ڕۆڵی "کوردستان" لە چالاکییە
سیاسی و کولتوورییەکانی ئۆنلاین و ئۆفلاینی چالاکییەکان دا، هەموو
بەڕێوەبەرەکان دانیان پێدا نا، ووتیان ئەو پرسانە، بایەخی جەوهەری و
مەبەستی کارەکانمانە. وەڵامی بەڕێوەبەری رۆژنامەیەکی ئۆنلاینیی، ئەم
خاڵەی ئاماژە پێدا " منێک کە بە درێژایی ژیانم، بۆ ئازادی کوردستان
خەباتم کردووە،کەواتە کوردستان بۆ من هێشتا هەرجێی بایەخی سەرەکییە".
زمان
دیاردەیەکی دیکە، کە لە ماڵپەڕی کورددا بەرچاو دەکەوێ و هی سەرنجدان
بووە، زۆر لە ماڵپەڕەکان(٣٨،٢٪) بە چەندین زمان
لەبەردەستدابوون، مانای وایە ئەم ماڵپەرانە، هەر بە زمانی کوردی یاخود
ئەڵمانی نەبوون. بەلکو بۆ نموونە: بە زمانەکانی، ئینگلیزی و فگەرەنسی و
ئیسپانی و ئیتالی و سویدیی و عەرەبی یاخود زمانی فارسی، دەکرا تەماشا
بکرێن. ئەوەی لێرە شایانی سەرنجە،ئەم ماڵپەڕانە بە زمانی
جۆراوجۆر،بەشێکیان لە ناوەرۆکد جیاوازبوون لە فۆکوسی لاپەرەکان دا،
هەمیشە کوردستان و پرسی کورد بۆ سەرنجدان دانراوە،بەڵام ئەوەی جێی
چاولێکردنە بۆ نموونە: فیزیۆنی/بڵاوکراوە و نوسخەی ئەڵمانی، زۆربەی
بابەتەکانی جێی باسوخواستی بوو، کورد و کوردستانە لە ئەڵمانیا و
ئەوروپادا، لە کاتێکدا ڤێرزیۆنی کوردی تورکی عەرەبی و فارسی، بەزۆری
قسەیان لەسەر بابەتگەلێ بوو،کە لە وڵاتی رەسەنی کورد روویان دەدا.
ئەمەش بە گشتی بەرەو ئەو باری سەرنجەمان دەبات ڤێرزیۆنی ماڵەپەڕەکان،کە
لە بەرنامەی ماڵپەرەکان زمانی ئەو وڵاتانە بەکارهێنراون، کە لێی
نیشتەجێن، زیاتر لە بابەتی" سیاسەتی دەرەکی" (لە دیدی کوردەوە) باس
دەکەن، لە کاتیکدا لەسەر ماڵپەرەکانی، کە بەزمانی دەڤەرەکان (کوردی و
تورکی و فارسی عەرەبی) نووسراون. زیاتر ئەو بابەتانە دەبینران، کە
سیاسەتی ناوخۆیی (لە دیدی کوردەوە) جێی باسوخواستە. نموونە بۆ ئەم فرە
زمانییەی ماڵپەرەکان:
www.pen-kurd.org,www.yxk-online.com,www.rizgari.com,www.efrin.net
شیکارێکی پێداچوونەوەیەکی گرێدانی لینکەکانی ئەو ١٠٣ ماڵپەرە
کوردییە،ئاکامی ئەوە بوو کە زۆرینەی ماڵپەرە کوردییەکان، پێکەوە
تۆڕبەند بوون. ئەوەیشی لێرەدا دیار و بەرچاو بوو،کە ماڵپەڕە
کوردییەکان، بە شێوەیەکی بەهێزی نێونەتەوەیی، پێوەندی بەردەوامیان
پێکەوە هەبوو، واتە پێوەندی تۆڕبەندی لە نێوان ماڵپەڕێکی کوردی، لە
ئەڵمانیا لەگەڵ ماڵپەڕێکی دیکەدا، لە وڵاتێکی دیکەی ئەوروپادا، یاخود
لە باکووری ئەمریکا،لە قەوقاز و لە رۆژهەڵاتی ناوین و نێزیکدا هەبووە.
زۆر لە ناونیشانەکانی دۆماین Domainaddresse ،بە Top-Level-Domains
org,com,net ، تۆمارکراون بە رێژەیەکی کەم بەde ، (واتە ئەلمانیا...
وەرگێر) ئەمەش بەروون و ئاشکرا، دامەزراوە کوردییەکانی ئینتەرنێتی بە
جیهانی کردووە. لە تەک هەقیقەتی تۆڕبەندی لە نێوان ماڵپەڕەکاندا، ئێمە
خڕکردنەوەی لینکەکانیشمان بەرچاوکەوت، لە کۆتاییدا ئەرکیان ئەوەبوو، لە
رێگای کردنەوەی لینکی ماڵپەرە کوردییەکانەوە، لە جیهاندا، داتا و
زانیاریی و تێکست، لەمەڕ مێژوو، کۆمەڵگە، کەلتوور و سیاسەتی کوردیی
وەردەگرن. بەدەست دێنین.
بە شێوەیەکی ئۆنلاین onlin ،دروستکردنی ئەرشیڤی نەتەوەیی ئینتەرنێت، لە
دنیادا، کە هەر کاتێ بتەوێ لەبەردەستدا بێ و بتوانی پەنای بۆ بەریت.
نموونەیەک لێرەدا ئاماژەی بۆ بکەین ماڵپەری
www.akakurdistan.com . لە
کاتێکدا کورد، هێشتا نە دەوڵەتی نەتەوەیی خۆی و نە ئەرشیفێکی
نەتەوەیییە هەیە، بەڕێوەبەرانی ئەم ئۆنلاینە،دەیانەوێ ئەمە پڕ بکەنەوە.
بە کۆنکرێتی ئەمە لە سەر لاپەڕەی دەستپێکیakakurdistan.com"
نووسراوە:this Site,a borderless space,provodes the opportunity to
build a collective memory with a people who have no national archive
" واتە: ئەم ماڵپەڕە،رووبەرێکی بێسنوورە،دەرفەتێک دەخاتە بەردەست،
یادەوەرییەکی بە کۆمەڵ، لەگەڵ مرۆڤەکان دا،ئەوانەی هێشتا ئەرشیڤی
نەتەوەییان نییە، دروست بکات.
ئەم ماڵپەرە، سنووری هەوارێکە ئەو دەرفەتە دەخاتە بەردەم، یادەوەرییەکی
بە کۆمەڵ، لەگەڵ خەڵکانێکدا دروست بکات،کە هەبوونی ئەرشیفی نەتەوەییان
دروست نەکردووە.
سیمبۆل و ئاماژەکانی سەر ماڵپەرەکان.
وەک لەسەرەوە لەسەری دواین، لەسەر ماڵپەرەکان، هەمیشە سیمبۆل و
ئاماژەکانی کوردستان، بەرچاو دەکەون. زۆر ئەدەبیات لەسەر مێژوو،
کولتوور، ئەفسانە نەتەوەییەکان، پاڵەوانە نەتەوەییەکانی کورد و هەروەها
هی دیکە هەیە. ئەم نمایشە ئامانجێکی هەیە،بەکارهێنەرانی ئەم ماڵپەڕانە،
لە پرسیاری مێژوویی وڵاتی خۆیان روون بکاتەوە و هانی ناسنامەیەکی
نەتەوەیی هاوبەش دەدەن. لە رێگای دەستەبەرکردن و بڵاوکردنەوەی زانینێکی
هاوبەشەوە لەمەڕ" نەتەوە"ی خۆیان، لە رێگای مێژوویەکی هاوبەش، پاڵەوانی
نەتەوەیی، ئەفسانە و شارە مێژوویی و سیمبۆلەکان، گەرەکە ئەم ناسنامە
نەتەوەییە بچەسپێ و بەرجەستە بێت. ئەمەش بۆ خوڵقاندنی هۆشیارییەکی
نەتەوەیی هاوبەش، بایەخێکی هێجگار گەورەی هەیە. وەک تاکە نموونەی
ئاسایی بۆ ئەمە دەتوانین ماڵپەری www.kurdmania.org ناوبێنیین. لێرەدا
وێنەیەکی شاری نەتەوەیی حەسەنکێڤ وەک لۆگۆیەک بۆ دەسپێک و خوارەوەی
لاپەرەکە.
کەمپین لەسەر ماڵپەرەکان.
سیمایەکی دیکە،کە ماڵپەڕە کوردییەکان نیشانییان داوە، ئامادەگی زۆری
کەمپینی ناو ئینتەرنێتە ـ داخوازی ـ بانگەواز ،و کۆکردنەوەی ئیمزایە.
هەر بە تەنیا لە میانەی لێکۆڵینەوەکەی (هاوینی ٢٠٠٨) دا، چەندین
کەمپینی ئۆنلاین لە ماڵپەرە کوردییەکانی ئەلمانیا کراوە، لێرەدا باس لە
دوو نموونە دەکەین،ئەوانیش کەمینی ئۆنلاینی "Save Hasankeyf " و"کۆتایی
بهێنن بە یاسای قەدەغەکردنی Roj TV " لەسەر زۆربەی ئەو ماڵپەرانەی،
ئێمە لێکۆڵینەوەمان لەسەر کردن و، هەندێکیش لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکانی
تۆربەندی وەک studi VZ و Myspace بڵاوکرابوونەوە.
لە کەمپینی یەکەمدا، بانگەواز لە رژێمی ئەڵمانیا و سویسرا کرا،
بکشێنەوە لە هاوکاریی دارایی، پرۆژەی بەنداوی رۆژهەڵاتی خوارووی ترکیا،
چونکە لە چوارچێوەی نەخشە بۆکێشراوی ئەم پلانەی رژێمی ترکیادا، لە
پرۆژەی بەنداوەکە،شاری دێرین و شوێنەوارەکانی حەسەنکێف، دەبن بەژێر
ئاوەوە و دانیشتوانی زیاتر لە ١٠٠ گوندی دیکەی کوردی لە دەڤەرەکە، بە
هۆی ئەم پلانەوە، پێویستە لە زێدی خۆیان بۆ شوێنانی دیکە رابگوێزرێن.
دووەم کەمپینی ئۆنلاین، ئاراستەی ئەو قەدەغەکردنەی سەر پەخشی
تەلەفزیۆنی ـ هەندەرانی کورد Roj TV بوو لە ئەلمانیا. دژی ئەم
تەلەفزیۆنە، کە لە دانیمارک پەخشی بەرنامە کوردییەکانی دەکرێ و لە
بەلژیکا کارەکان بەرهەمدێنێ، لە مانگی ٦/٢٠٠٨ دا، بە بڕیارێکی وەزارەتی
ناوخۆ چالاکییەکانی رێبەندی لێ کرا.
لەتەک نمایشتکردنی تێروتەسەلی مێژووی کورد ،سیمبۆل و ئەفسانەکان و
هەروەها کەمپینە ئاماژە پێکراوەکان، وا بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت، لەسەر
لە ماڵپەڕەکانیان، چەندین دەرفەتی فێربوون و فێربوونی زیاتر، لە شێوەی
سەمیناری ـ ئۆنلاین، کۆرسی زمان، کۆبوونەوە و کۆنسێرت...تا دوایی
پێشکەش دەکرا...بە تایبەتی لەلایەن بەکارهێنەرانی کوردی ئەلمانیاوە،وە
هەروەها دەبوو، لە وڵاتانی دیکەی ئەوروپاشەوە، کورد،دەستی بەم
پێشکەشکراوانەوە بگات و خۆیان لەسەر بابەتی بۆ نموونە: ناسنامەی
کوردی،کولتوور و سیاسەتی دیاسپۆرا، بیرورا ئاڵوگۆڕ بکەن.
بەکارهێنانی ئینتەرنێت.
هەروەک لەم باسەدا ئاماژەمان پێدا،لە تەک شیکاری ١٠٣ ماڵپەڕی بایەخدار،
بۆ ئەم لێکۆڵینەوەیە و ، پرسیارکردن لە بەڕێوەبەری ١٠ ماڵپەری کوردی
دەستنیشانکراو هەروەها بەکارهێنەری ١٠ ماڵپەڕە دەستنیشانکراوەکە،لە رێی
فۆرمی پرسیارکردنی ئۆنلاینەوە،دەربارەی هەڵسوکەوتیان لەگەڵ ئینتەرنێتدا
لێ کرا.
پرسیار دەربارەی ئارەزووی سیاسی و چالاکییەکانی، بەکارهێنەرانی
ئینتەرنێت کرا. وەک یەکێ لە ئاکامە گرنگەکان، لێرەدا دەرکەوت، ئەوەی
لەسەرەوە ئاماژەی پێکرا، نەتەوەسازیی Nation Building ،وەک بینرا، لە
رێی بەڕێوبەرانی ماڵپەرەکانەوە،بەتەواوەتی بەهێزتر و خێراتری دەکات.
هەروەها لە لایەن بەکارهێنەرانەوە ئارەزووی دەکرا، و داوایان دەکرد و
بە شێوەیەکی زیاتر بەجۆشوخرۆشتر دەبوون.
ئەمەش بۆ خۆی شتێ نیشانی دەدا،ئارەزووی سیاسی بانگاشەبۆکراو لە لایەن
بەکارهێنەرانی ماڵپەڕە کوردییەکان، کە خۆیان ـ وەک لای لێکۆڵینەوەی
بەڕێوبەران ـ لەسەر بابەت،دەربارەی زێد و وڵاتی رەسەنی خۆیان، لەگەڵ
"کوردستان" دا سەرگەرمن. لە پرسیارکردنماندا، زۆربەی وەرامی
بەکارهێنەران(٩١،١٪) دا بەدەستەوە، لەوانەی کە زۆربەیان
ئارەزوویان بۆ سیاسەتی زێد و وڵاتی رەسەنی خۆیان ترکیا،عێراق، ئێران و
سووریا هەیە. (تەماشای خشتەی ١ بکە).
خشتەی ١ : ئارەزووی سەرەکی سیاسی کوردانی، بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت لە
ئەڵمانیا.
کوردانی بەکارهێنەری ئینتەرنێت لە ئەڵمانیا(N=135)
نیشتمانی رەسەن: تورکیا،عیراق، ئێران و سووریا ٩١،١
ئەو وڵاتەی لێ نیشتەجێن(ئەڵمانیا) ٨،٩
سەرچاوە: بەرزکردنەوەی خۆیی، بە رێژە
هەروەها روون بۆوە، کە بەکارهێنەرانی ١٠ ماڵپەڕەکەش زۆر چالاک بوون.
بەم شێوە وەڵامی ٨٣،٦%ی پرسیارلێکراوان وابوو، کەوا لە رێی ئۆنلاینەوە،
گەر بۆ جارێکیش بێ، گفتوگۆی سیاسییان هەبووە، زیاتر لە ٧٠% یان، بەلانی
کەمەوە نامەیەکی ئۆنلاین، یان نامەی خوێنەرێک، یاخود تۆمارێکی دەفتەری
میواندارییان ، بە ناوەڕۆکی سیاسییانە لە کەمپینی ئۆنلاین دا نوسیووە.
بۆ نموونە کۆکردنەوەی ئیمزا،هەڵمەتی کۆکردنەوەی باربوو،داخوازینامەی
ئەلەکترۆنی٧٢،٩٪ ی بەکارهێنەران، گەر بۆ جارێکیش بێت بەشدارییان
کردووە، لە خۆپیشاندانێکی ئۆنلاین دا، یاخود لە یەکێ لە مەسەلەکانی
دەنگدانی ئۆنلاین ٥٦،٪،واتە زیاتر لە نیوەی پرسیارلێکراون،
بەشدارییان کردووە. پرسیاری ئایا ئەوان، تەنیا بۆ جارێکیش بێت
ئیمێلێکییان، بۆ سیاسییەک نووسیوە، وەرامی ٣٣،٨٪ "بەڵێ" یە
.(تەماشای خشتەی ٢ بکە).
خشتەی ٢ چالاکی سیاسی کوردانی بەکارهێنەری ئینتەرنێت لە ئەڵمانیا لە
ئینتەرنێتدا.
کوردانی بەکارهێنەری ئینتەرنێت لە ئەڵمانیا(N=133)
لە شێوەی(فۆڕمی)/چات دا دەربارەی سیاسەت،
گەنگەشەکردن.....................٨٣،٦ نامەی خوێنەران ـ ئۆنلاینی
سیاسی/داڕشتنی تۆمارێکی دەفتەری میوان...........٧٠،٧
بەشداری لەکۆکردنەوەی ئیمزا، هەڵمەتی کۆکردنەوەی
باربوو.......................٧٢،٩
بەشداریکردن لە دەنگدانی
ئۆنلاین..........................................................٥٦،٠٠
نووسینی ئیمێل بۆ
سیاسییەکان..............................................................٣٣،٨
سەرچاوە:بەرزکردنەوەی خۆیی، بە رێژە.
نووسین دەربارەی رۆڵی گرنگی ئینتەرنێت لە پرۆسەی سیاسی لە لایەن
بەکارهێنەرەکانیەوە،پیاو دەتوانێ لەوەشدا بیبینێ ،کە زۆرینەی
پرسیارلێکراوەکانی کوردی بەکارهێنەری ئینتەرنێت گەر جارێکیش بێ هەوڵیان
داوە خەڵکی دیکە دەربارەی رووداوە سیاسییەکان ئاگادار بکەنەوە ٧٩،٩٪
یاخود ئەو کەسانە بهێننە سەر بیروباوەڕی خۆیان ٥٨،٦٪ هەروەها
ئەوەی بەرچاوە، کە بەشێکی زۆری پرسیارلێکراوەکان ٦٠٪ لە
ئینتەرنێتدا جارێکیش بێ بەشدارییان بۆ رووداوە سیاسییەکانی ئۆفلاین
هەبووە یاخود خودی خۆیان هەڵمەتی سیاسەتیان لە ئینتەرنێتدا
رێکخستووە(تەماشای خشتەی ٣ بکە).
خشتەی ٣: کاریگەریی سیاسی چالاکی ئینتەرنێتی کوردانی بەکارهێنەرانی
ئینتەرنێت لە ئەڵمانیا.
کوردانی بەکارهێنەری ئینتەرنێت لە ئەڵمانیا(N=136)
ئاگادارکردنەوەی کەسانی دیکە،لەمەڕ رووداوە
سیاسییەکان........................٧٩،٩
کەسێ لەرووی بیروڕای سیاسی خۆیەوە، قەناعەت پێ
بکەیت......................٥٨،٦
بەشدارێکی ئۆنلاین بۆ رووداوێکی ئۆفلاین،بەدەست بێنی یاخودی خۆت،چالاکی
سیاسی لە ئینتەرنێتدا رێک بخەیت.....................................
٦٠،٠
سەرچاوە: بەرزکردنەوەی خۆیی، بە رێژە.
بە کورتی و پوختی ئەوەمان چنگ دەکەوێ، دیاسپۆرای کورد لە ئەڵمانیا،
ناسیونالیزمی دوور مەودای بەرجەستەبوو بەڕێوە دەبات. لەم رێگایەوە
خزمەت بە هۆشیاری نەتەوەیی و بەرفراوانکردنی، لە دیاسپۆرا دەدەن و هەوڵ
دەدەن، رەنگدانەوە و کاریگەرێتی لەسەر سیاسەتی نیشتمانی رەسەن خۆیان
دروست بکەن. لەمەشدا ئینتەرنێت، رۆڵی سەرەکی بەردەکەوێت. سەربەخۆیی
شوێن، خێرایی و تێچوویەکی کەمی(هەرزانی..و) ئینتەرنێت، ئاسانکاریی لە
بڵاوکردنەوەی ئایدیای نەتەوەیی، لە نێو دیاسپۆرای کورد و وڵاتی رەسەنی
خۆیان دا دەکەن. کوردانی دیاسپۆڕا،لەمەدا ئینتەرنێت بەکاردێنن، لە
پێناوی ئەوەی سیمبۆلە نەتەوەییەکان، ئەفسانە و هەروەها زمانی کوردیش
زیندوو رابگرن. هەروەک ئاکامی لێکۆڵینەوەکەمان دەری دەخات، پیاو
دەتوانێ بڵێ، بە نێزیکی "کوردستان" بە مەجازی/ خەون، بە سنوورە
جوگرافیاییەکەیەوە لە ئینتەرنێتدا بوونی هەیە. کوردستانی خەون لە لایەن
زۆرینەی هەرە زۆری پێشکەشکەرانی ئینتەرنێت و
بەکارهێنەرانییەوە،ساخبۆتەوە و هیوادارن رۆژ لە رۆژان، کوردستانێکی
سەربەخۆ بەراستی ببینن.
دەرئەنجام.
هەروەک، ئاکامی لێکۆڵینەوەکەمان، و چەندین لێکۆڵینەوەی دیکە، لەمەڕ
ناسیونالیزمی دوور مەوداوە و کاریگەرێتی لە لایەن رێکخراوەکانی
دیاسپۆراوە لەسەر پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان روون و ئاشکرای دەکەن،
کۆنسێپتی نەتەوە، هەروەها تەمەنی گلۆبالیزمەبوون و ترانس
ناسیونالیزمەبوونیش، هێشتا هەروەک جاران هەنووکەییە و ئامادەیی هەیە.
تەنانەت پیاو دەتوانێ بڵێ، پرۆسەی گلۆبالیزمەبوون،کە جیهانی لێک نێزیک
کردۆتەوە، بەر لە هەر شتێ، لە دید و روانگەی، راگەیاندن(کۆمۆنیکاسیۆن)
ـ و دەرفەتی گوێزانەوەوە،تەنانەت هێشتا تەکان و گووڕ بە بیرۆکەی نەتەوە
دەبەخشێ. لە ئێستادا گرووپگەلێک، کە خۆیان بە نەتەوەی بێ دەوڵەت
دادەنێن، وەک کورد، سوود لەم دەرفەتە نوێیە وەردەگرن، مەسەلەی
نەتەوەییان بەرەو پێش بەرن. لە هەنووکەدا ئینتەرنێت، دەرفەتێکی زۆری
خستۆتە بەردەم ئەم گرووپانە، بە بەردەوامی، ناسیونالیزمی دوور مەودا
بەڕێوەبەرن.
دیارە بۆ ئەمەش کردنەوەی ژوور، بۆ ئاڵوگۆڕی بیڕوڕای ئازاد ـ و هزر، لە
لایەک بەشێک لەمانەوە،لە وڵاتانی رەسەنی خۆیاندا،دەرفەتی ئەم کارە
نییە. هەروەها لە لایەکی دیکەوە، بڵاوکردنەوەی بیرۆکەی ناسیۆنالیزم، کە
گرووپەکانی دیاسپۆرا لە جیهاندا، پێکەوە گرێ بدات ،و دەبێ پێوەندی
لەگەڵ رووداوە سیاسییەکانی وڵاتی خۆیاندا بپارێزن.
هێز و توانای(پۆتەنسیالی) بەکارهێنانی ئینتەرنێت، بۆ کۆمەڵگەی
دیاسپۆرای بێ دەوڵەتی نەتەوەیی خۆیی،لەمەدا لە ئاستێکی گەورەدایە.
هەوڵ و تێکۆشانی ناسنامەی نەتەوە بێدەوڵەتەکان، لە ژوورە خەیاڵییەکانی
ئینتەرنێتدا، بە پێی بیروڕای زۆرینەی پسپۆران و پشکنەرانی ئینتەرنێت،
ئەم دامودەزگا ئایدیالە دۆزرایەوە، بۆ خوڵقاندنی بیرورای گشتی و
خۆسازدانی سیاسی . لە کۆتاییدا بێگومان دەبووایە جارێکی دیکە، ئاماژە
بکرێ بەوەی ناسیونالیزمی دوور مەودا، نەک تەنیا هەر لە یەک
دیاسپۆراوە،بەڵکو هەروەها لە وڵاتی رەسەنی کۆچبەرانیشەوە،کاری پێ
دەکرێ.
بە بەردەوامی تا بێت،زۆربەی دەوڵەتانی رەسەن، بە تایبەتی هی گرووپە
گەورەکانی کۆچبەران، هەوڵی زیادبوونی پاراستنی، پێکەوەگرێدانی نەتەوەیی
کۆچبەرانی، نەوە بە نەوە،بە درێژایی رۆژگار دەدەن.
دەوڵەتەکان بەمە هەوڵ دەدەن،کەڵک وەربگرن لە جڤاتی هەندەرانیان، وەک
سەرچاوە و داهاتێک، بۆ گەشەسەندن لە ناوەوەی وڵات.
لێرەدا چ سەرچاوە و داهاتی ئابووری،و چ هی سیاسی و کۆمەڵایەتی(لە فۆرمی
زانست و کۆنتاکت)دا، جێی بایەخی وڵاتی رەسەنە.
ئەوەی لە لایەن ئەندەرسۆنەوە ناونراوەLong-Distance Nationalism
،لێرەدا دەستاوێژێکی گرنگە، بۆ وابەستەبوون بە نیشتمانەوە بپارێزێ و
بەرز رابگرێ.
خۆی هەوڵ و تیکۆشانی نەتەوەییانە، لە جیهانی گلۆبالیزمەدا هەروا
بەسانایی ناتوێنێتەوە، بەڵکو هێشتا هەر بەردەوامە و تەنانەت بە شێوەیەک
خودی بەهێتر دەکات. لەسەرتاسەریی جیهاندا، رێکخراوەکانی دیاسپۆرای دەست
بەکاربوو، ئەرک و رۆڵێکی گەوهەریی لەم پرۆسەی گەشەسەندنەدا دەگێڕن.
____________________________
سەرچاوە:
(Staad und Nation Samuel Salzborn(Hg
١٠\٣\٢٠١٥
ناساندنی کتێب:
رێبازی سۆفیگەریی
نەقشبەندی -
خالیدی
/
مەولانا خالید و تەریقەتی خالیدی.
سینگ بە سووتان ،دڵ بە گریان، شاربەشار و
دەربەدەر
کێیە وەک من هەڵوەدابێ دوورە یار و بێ دیار
خوێن لە دڵما هاتە چاو و (بەکرەجۆ)یەک کەوتەڕێ
وادەکەم من چاری دەردو داخی دووری (سەرچنار)
(خالیدا)گەر ئەشقیا و چۆڵگەرد و شێت نەبی
تۆ لە کوێ؟غەزنەین وکابول یاوڵاتی قەندەهار؟
مەولا ناخالید
و. لە ئینگلیزییەوە محەمەد حەمە ساڵح تۆفیق، چاپی دووەم ٢٠١٤ سلێمانی...
لە بڵاوکراوەکانی دەزگای رۆشنبیری جەمال عیرفان ٤٦٦ لاپەڕە.
رەنگە، چەند ووتەیەک، لە عۆدەی دا نەبێ، پانۆرامای پانتایی رێبازی
مەولانا خالیدی شارەزووری،کە نێزیکی دوو سەدە تەمەنێتی و لە
جوگرافیایەکی پانوبەرینی زۆربەی وڵاتانی ئاسیا و لە ئیمڕۆدا ئەوروپا و
ئەمریکا ئامادەگی هەیە،وەک تابلۆیەکی دروستی چالاکی و ئامانجەکان
بەرجەستە بکات. ئاخر مەولانایەک، لە ١٨١٠ دا و لەو بارودۆخە دواکەوتوو
و پڕ لە کێشمەکێشەی ناوچەی سلێمانی و کوردستاندا، بە تاسەوە تاهیندستان
دوای رێبازێک بکەوێ. داخۆ دەبێت ئەو مێژووە چ ماناو لێکدانەوەیەک لەخۆی
بگرێت؟!
ئەگەرچی بۆ ئێمە ئەستەمە، سەدان سەرچاوە و هەزاران لێکۆڵینەوەی ناوخۆیی
و بیانی لەسەر ژیان و رێبازی مەولانا خالید، نادیدە بگیرین، لێ ئەوەی
لێرەدا بە ناچاریی ئیستێکمان پێدەکات ،ئەو راستییەیە کەوا هێشتاش لەسەر
ئەم پیاوە هەڵکەوتووە و رێبازەکەیی و رەهەند و کاریگەرێتی، وەک پێویست
ئاشنایەتییەکی بەرفراوان لای خوێنەری کورد نییە. بە واتایەکی دیکە ،ئەم
دیاردەیە نەبۆتە بەشێکی دیار و زیندووی رۆشنبیریی کوردیی. هەڵبەت، ئێمە
لەبەردەم ئەو ئەگەرەدا رادەوەستین و دەپرسین: گەر ئەم پیاوە، دەرفەتێکی
لەبارتری لەسەر گۆڕەپانی کوردستان هەبوایە،یان بۆ سازبووایە، ئایا گەلێ
لە پرسە کۆمەڵایەتی و دینی و سیاسییەکانی ئێستامان ، رەهەندی دیکەیان
لە خۆ دەگرت؟ شیمانەی ئەوە دەکرێت،رەنگ بوو چارەنووسی کوردستانیش بە
ئاڕاستەیەکی تردا ڕەوتی بکردایە؟!
گەرچی، تا ئێستا لێکۆڵینەوەیەکی تێروتەسەلی ئەوتۆ لەبەردەستدا نییە،
لەسەر ئەم دیاردەیە، بێچەندوچوون کوردستانیبوونی ئەم رێبازە بسەلمێنێ،
یان بەروونی بنەما دیارەکانی پرۆژەیەکی نەتەوەیی تێدا بەرچاوبکەوێ.
دیارە باس لەو رۆژگارە دەکەین ،کە دەوڵەتی عوسمانی ومیرنشینی بابان لە
سەر شانۆی سیاسی بوون.
ساڵی ١٨١٥، مەحمود پاشای بابان، بۆ ئاشتکردنەوەی دڵی تۆراوی مەولاناو
هێنانەوەی لە بەخداوە بۆ سلێمانی، خانەقای مەولانای بۆ دروست دەکات...خاڵێکی
دیکە، ئەوەیە هەموونوێنەرەکانی لەناوچە جیاجیاکاندا یان زۆرینەیان
کوردبوون. پێشم وایە تا هەنووکە ئەم باسە جێی مشوتومڕە و لێکۆڵێنەرەوان،
بەدوای بەڵگەی کۆنکرێتیدا لەمەڕ پرۆژەی کوردستانی لە خەون و خەیاڵ و
بەرنامەی مەولانادابێوچان دەگەڕێن. واتە توێژینەوە بەردەوامە و شیمانەی
ئەوە دەکرێت، بەڵگەنامەی نوێ لەم رووەوە بکەوێتە بەردەست و ئەم پەردە
تاریکەی مێژوو رووناک بکرێتەوە.
عەباس عەزاوی دەڵێ: مەولانا کەسێکی ناوازەبوو لە ئاکاریدا،تاک و
بێوێنەبوو لە ئازایەتی و پیاوەتی و سەخاوەتدا،توانای عەقڵی و
پێشبینیکردنی بێسنوور بوو، لە خۆڕاگری و ئارامیدا بێکۆتابوو،تواناو
دانایی تەواوی هەبوو بۆ ئەوەی بتوانێت سەرلەنوێ دەوڵەتی عوسمانی زیندوو
بکاتەوە و لە قاڵبێکی نوێدا دایبمەزرێنێتەوە.
د. بتروس ئەبو مەننە ، لە تێزی دکتۆراکەیدا لەسەر مەولانا ئاماژە بەوە
دەکات ،کە مەولانا لە لایەن شێخ مارفی نۆدێ و دەسەڵاتی سوڵتانی
عوسمانییەوە،تاوانبار دەکرێت بەوەی ئارەزووی بەدەستگرتنی دەسەڵاتی هەیە.
مەولانا بە بۆچوونی عەزاوی،توانای زیندووکردنەوەی دەوڵەتی عوسمانی بوو
بێت و بە دیدی ئەبو مەننە مەولانا ئارەزووی دەسەڵاتخوازی هەبوو بێت.
کەواتە دەکرێت بپرسین : ئەی بۆ لەو هەلومەرجەدا بە پێپلیکانەی میرنشینی
بابان دا بەرەو سەربەخۆیی کوردستان/ دەسەڵاتی سەڵتەنەت هەڵنەکشا؟.
لێرەدا چاوەڕێی وەرام ناکەین و دەڵێین ئەم هەڵکەوتووە مەزنە و
رێبازەکەی لە دوو بەرەوە رروبەرووی ئاستەنگ دەبێتەوە،دەرئەنجام بۆ خۆ
بەدوورگرتن لە پێکداهەڵپژان بە تایبەتی لە سنووری میرنشینی
باباندا،بڕیاری جێهێشتنی کوردستان رووەوە بەخدا دەدات و پاشان بۆ
نیشتەجێبوون لە شام، ملی رێی نامۆیی دەگرێت. بەوەدا شیعری بۆ ئەورەحمان
پاشای بابان گوتووە، پێدەچێت بە چاوێکی پڕ بە نرخەوە لەو دەسەڵاتە
کوردییەی نۆڕیبێت. گەرچی مەولانا پەرۆشی زۆری بۆ چالاکی و کاری
کۆمەڵایەتی و سیاسی هەبووە، کەچی بەردەوام داوای لە لایەنگرانی کردووە،
خۆیان لە قاجاریی و عوسمانی بە دوور بگرن. هەر وەک لەم لێکۆڵیوانەشدا
بەدیار دەکەوێ،مەولاناو رێبازی سۆفیگەرێتی، بە درێژایی هەبوونیان،
سەنگەریی ئۆپۆزیسیۆنیان بەرامبەر بە دەسەڵات هەڵبژاردووە. دیارە هەستی
بە مەترسییەکانی ئەم دوو ناوەندەی دەسەڵات کردووە، نەیویستووە،
سەرەرۆیی بەخۆیی و لایەنگرەکانی بکات. بە تایبەت ئەو لە سەرەتای
راگەیاندنی پەیامەکەیدابووە و مەبەستی بووە، بە هۆشیارییەوە بیگەێنێتە
کەناریی ئارامیی.
خوێنەری بەرێز:
ئامانجی ئەم کورتە نووسینە، ناساندنی بەرهەمێکی نازدارو تژی لە
زانیاریی و زانینە لەسەر مەولانا و رێبازەکەیی و کاریگەرێتییان لە
رووبەرێکی پانوبەرینی گۆی زەویدا. سۆفیگەرێتی نەقشبەندی بە پێی بۆچوونی
پرۆفیسۆر حامید ئالگەر،لەخەباتی رزگاریخوازی وڵاتانی چیچان و داغستان،
سیما و خەسڵەتی دژە کۆلۆنیالیستی هەبووە.
ئەم بەرهەمە، لە لایەن نوسەر و وەرگێڕی بە تواناو خاوەن سەلیقە و
پسپۆڕی بواری ئەنفال و ژینۆساید،مامۆستا محەمەد حەمە ساڵح تۆفیقەوە لە
ئینگلیزییەوە کراوە بە کوردیی. نوسەر بە زمانێکی کوردی رەوان وپاراو
بابەتەکانی دووتوێ ئەم بەرهەمەی وەرگێڕاوە،کە بریتی لە (١٣) بابەت و لە
لایەن کەسانی پسپۆڕ و شارەزا و زانستکارو ئەکادیمیستی بێگانەوە
نووسراون.
پوتروس ئەبو مەننە، پرۆفیسۆر لە زانکۆی حەیفا/ ئیسحاق وایزمان،
پرۆفیسۆر لە زانکۆی حەیفا/ تیری زارکۆن، توێژەر لە مەڵبەندی لێکۆڵینەوی
زانستی لە فەرەنسا/ حامید ئالگەر،پرۆفیسۆر لە زانکۆی کالیفۆڕنیاـ
ئەمریکا/ میشیل کامپەر،پرۆفیسۆر لە زانکۆی ئەمستەردام ـ هۆڵەندا /
مارتن ڤان بروینەسن، لەزانکۆی ئوتریشت ـ هۆڵەندا/ فلۆریان سۆبیرۆژ،
پرۆفیسۆر لە زانکۆی فەریدریک شیللەر ـ ئەڵمانیا.
ساموێلا پاگانی، پرۆفیسۆر لەزانکۆی لێچی ـ ئیتالیا/ ئەرسەر
بوهلەر،توێژەر لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
هەر وەک مامۆستاش،لە کورتە پێشەکییەکەیدابۆ وەرگێڕانە کوردییەکەی
ئاماژەی پێداوە، خوێنەر باوەڕ ناکات،ئەم نووسەرانە،چەند بە ووردیی و بە
دیقەتەوە شوێنپێی ئەم رێبازەیان هەڵگرتووە و بۆ لێکۆڵینەوەکانیان هێندە
بە سەلیقە و فرە زانیاری کاریان کردووە. هەمان کات بەو ئەندازەیە
پشوودرێژبوون و سەریان بەسەر سەدان سەرچاوە و کتێبخانەی کۆن و نوێی
جۆراوجۆری پەرشوبڵاوی تەپوتۆز لێنیشتوودا شۆڕکردۆتەوە.
خۆ گەر وا نەبووایە، تێگەیشتن و ساخکردنەوە و بەدوادا گەڕانی ئەم هەموو
کۆدو کلیل و مانا و هێمای ئالۆزو قورسی رێبازی سۆفیگەرییەکەی مەولانا
خالید ،هەروا کارێکی ساناو سەرپێی نییە. مەگەرلە ئاکامی خوێندنەوەیەکی
ووردی ئەم بەرهەمە، ئەم راستییە فاشتر ئاشکرا بێت. دیسان دەردەکەوێ،
چۆن ئەم نووسەرانە و تاکوێ عەوداڵی گەیشتن بە سەرچاوەو و بنجوبناوانی
ئەم رێبازەبوون و چ کۆشش و ماندووبوونێکیان خستۆتە سەرشانی خۆیان تا
دەستیان لە چمکی ئەو مێژووە فەرامۆشکراوە گیر ببێت.
وەک ئاماژەمان پێدا،مەولانا خالید، تا هیندستان دوای باوەڕەکەی
کەوتووە.پاش وەرگرتنی مۆڵەتی کارکردن لە شاعەبدوڵڵای
دەهلەوی،دەگەڕێتەوە سلێمانی و لە هەلومەرچێکی دژوار و ئالۆزی پڕ لە
کێشمەکێشدا،دەست بە بڵاوکردنەوەی رێبازەکەیی و بانگاشە بۆکردنی دەکات...چەندجارێ
سلێمانی جێدێڵێ و بەرەو بەخداو هەورامان دەڕوات و دواجار ساڵی ١٨٢٢ بە
یەکجاریی روو لە دیمەشق دەکات دەیکات و لێێ نیشتەجێ دەبێت. هەڵبژاردنی
دیمەشق ، وەک لێکدراوەتەوە،دەگەڕێتەوە بۆ نێزیکی ئەم ناوەندە لە
ئەستەمبوڵ و هەمان کات سەرەڕێی حەجی مەککەوە بووە. مەولانا لە ماوەی
تەنیا ١٦ ساڵ چالاکی نواندندا نێزیکی ٧٠ خەلیفە لە پاش خۆی پێدەگەێنێ.
شێخەکانی سیراجەدین لە هەورامان کە لە پاس کۆچی خۆی بۆ شام تا
ناوەڕاستی ساڵی ١٩٩٠.لە کوردستاندا نایەڵن تروسکەی رێبازەکەی خامۆش
بێت،لێ پێدەچێ پاش کۆچی دوایی شێخ عوسمانی دووەم ئەم رێبازە لە
کوردستاندا بەرەوکوێربوونەوە بچێ و نەمێبنێ..لە ئێستادا جێگرەوەیەکی
دیاری نەقشبەندی لە کوردستاندا بەدیار نییە. شاراوە نییە ولەم کتێبەشدا
بەرچاو دەکەوێ،کە دەیان و سەدان کەسایەتی گەورە،لەناو دەسەڵات و
دەرەوەی دا، لە ئاسیا دا سەر بەم رێبازە بوون و کاریکەرێتی مەولانا
خالیدیان لەسەر بووە. ناوەکانی عەبدولرەحمان کەواکبی و محەمەد تەنتاوی
و تورکت ئۆزال و شاملی داغستان و گەلێ بەرپرس و شێخی گەورە لە
ئیندۆنیسیاو ئەفغانستان و تەتەرستان وروسیا و ترکیا بە تایبەت و جیهانی
عەرەبی ئیسلامی بە گشتی،ئاماژەن بۆ کاریگەرێتی ئەم رێبازە.
هەرکەسێ بیەوێ زانین و زانیاریی، لەسەر ئەم رێبازە فراوانتر بکات،{{
پرسەکانی وحدة الوجود، یەکێتی بوون/ حلول، وێنابوونی خودا لەشێوەی
مرۆڤدا و اتحاد،یەکگرتنی مرۆڤوخودا}} یان شتی نوێ فێربێت و ئاسۆیی
مەعریفی زیاد بکات و لە نێزیکەوە خۆی بکاتە هاوگەشتی رێبازەکەی مەولانا
و بڕەک بەو مێژوو و فەرهەنگە ئاشنابێت، گەرەکە خۆی لە خوێندنەوەی ئەم
بەرهەمە بێبەش نەکات.
هەروەک شا غوڵام عەلی دەڵێ،رێگەی نەقشبەندی لە چوار بناغە پێکدێت:
{{نەبوونی بیری چەواشە، ئامادەگی بەردەوامی دڵ، بەکێشکردن بەرەو خودا و
وەرگرتنی پێوەندی لە خوداوە}}. هەروەها لە لاپەڕە ١٦٩ ی کتێبەکەدا
هاتووە: رۆح بریتییە لە راهێنان و تاقیکردنەوەی نکۆڵیکردن لە
خود،گەشتکردن بەناو نهێنییەکاندا بریتییە لە تواندنەوەی خودی کەسێک لە
ناو زاتی خودادا،گەشت بە ناو نهێنیی غەیبدا(خەفی) جوداکردنەوەی خودایە
لە هەموو روخسارێک و گەشت و گوزەر کردنیش بەناو نهێنیدا(ئەخفا)
جیاکردنەوەی مەخلووقە لە خالیق. ئەمە تەنها گەشتکردن بەناو
رۆحدایە،کەوا دەکات کەسێک یەکبوونی تێڕامان تاقیبکاتەوە(تەوحیدی شهوودی).
جێی خۆیەتی ئاماژە بەوەش بدەم کەوا مامۆستای وەرگێر، پەراوێزەکانیشی
وەرگێڕاوە . لە کاتێکدا، نووسەر هەیە پشتی بەزیاتر لە ١١٢ سەرچاوە بۆ
وتارەکەی بەستووە. برای وەرگێر بەم کارەی خزمەتێکی گەورەتر پێشکەش بە
خوێنەر دەکات...
هەرچۆنێک بێت، کتێبخانەی کوردیی زۆر پێویستی بە بەرهەمی لەم چەشنە هەیە.
وێڕای دەستخۆشی لە وەرگێڕی بە توانا،مامۆستا محەمەد،هیوادارم بەردەوام
بێت لەسەر ئەم رێچکەی خزمەتە نایابەی کتێبخانەی هەژار و ژیکەلەی کوردیی.
حەزرەتی مەحوی لەمەڕ مەولاناوە دەفەرموێ:
لە فەیزی ناوی (مەولانا زیائەدین)ەوە ئێستە
هەموو رۆژ و شەوم،قەترەی وجودم بەحری ئەنوارە
هەتا ئەو ناوە پاکەم کردە زیکر و فیکری رۆژ و شەو
هەناسەم بۆنی میسکی گرتووە،لێوم شەکەربارە.
_______________________________
سەرنج: بۆ
ئەم ناساندنە،سودم لە کتێبی مەولاناخالید موسافیرە بێ نیشتمانەکە.
ئامادەکردنی عەلی عەبدوڵڵا وەرگرتووە.
٨\٢\٢٠١٥
ناساندن و خوێندنەوەی کتێب:
زەردەشت و ئاڤێستا
و فەلسەفەی یەکتاپەرستیی.
کۆکردنەوە و ئامادەکردنی فەرهاد عەبدولحەمید (پاڵەوان).
خانەی موکریانی بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە /هەولێر ٢٠١٣/ ٦٠٧ لاپەڕە.
کوردستان لەدێرزەمانەوە رووبەرووی شەپۆلی دڕندایەتی و داگیرکاریی
بۆتەوە و بوون و هەبوونی، کەوتۆتە بەردەم مەترسییەوە. کاتێکیش ، بێگانە
دەسەڵاتی تەواوی لەناوبردنی کوردی نەبووبێ، هەوڵی داوە، بە تواندنەوە و
سڕینەوە و شێواندن و بزرکردنی مۆرک و بنەما نەتەوەییەکانی هەڕەشە،
لەسەر بونیادی دروست بکات.
ناپلیۆن میسر داگیر دەکات، دەزگای "چاپ"ییان لەگەڵ خۆیدا بۆ دەبات، ،کەچی
داگیرکەرانی کوردستان سەرەتا کتێبخانەکان تاڵان دەکەن و بەڵگەنامەکان
ئاگر تێبەردەدەن. رەنگە وەبیرهێنانەوەی ئەم دەقە شیعرە. کە گوزارە لە
گێڕانەوەی مێژوویەکی پڕ لە مەرگەسات دەگەێنێ. بەڵگەیەکی حاشا هەڵنەگر
بێت، بۆ ئەو کارەساتانەی کە داگیرکەر لەگەڵ خۆیدا هێناوێتی.
هورمزگان رمان ئاتوان کوژران وێشان شاردەوە گەورە گاوران
زۆر کار ئەرەب کردنە خاپوور گونا و پاڵە هەتا شارەزوور
ژن و کەنیکان وە دیل پشینان مەرد ئازاتلی ژەروی هونیان
هورمزگان رمان ئەتیران کوژران هویژشان شاردەوە گەورەی گەورەکان
ئایین زەردەشت مانەوە بیکەس بەزەیی کانا هورموزد و هیچ کەس
سیاحەتنامەی ئەولییای چەلەبیش بۆ خۆی وەک سەرچاوەیەکی زیندوو، تژییە،
لە گێڕانەوە و بەسەرهاتی سووتاندنی کتێب و کتێبخانەکان لە کوردستان دا.
نەتەوەیەکی وەک کورد، کە سەرتاپای مێژووی ٢٧٠٠ساڵەی، نوقمی خوێن و
جوگرافیای وڵاتی، جێی پێخووستی پۆستاڵی لەشکری داگیرکار بێت و سەری
سەرکردەکانی گۆی شەقشەقێنی مەیدان بێت و زمان و مێژووی لە ریشەوە
هەڵکەندرابێ و هەڕەشە لەسەر بوونی هەبێ، دەبێ نیشتمانەکەی چ دارێکی
بەسەر بەردەوە مابێت؟!. بنۆڕن ئێستا سەدەی ٢١ ەکەو هێزێکی تاریکپەرست و
وەحشیگەریی وەک (داعش) دێ و کوردستان داگیر و وێران دەکات، کچ و ژنی
لاقرتە دەکات و لە بازاڕدا هەراجی دەکات. جا تۆ بگەڕێوە بۆ رۆژگاری
زیاتر لە ٢٥٠٠ساڵ بەر لە ئێستا، بزانە ئەسکەندەری مەکدۆنی و هۆلاکۆ و
تەیموری لەنگ و سەقەفی و قەعقاع و خالیدی کوری وەلید ، چ کارەسات و
کوێرەوەرییەکیان بەسەر کورد دا هێناوە. ئەنقەرە و تاران و بەخداو
دیمەشقیش هەتا ئێستا درێژە بەو تاوانکارییە دەدەن.
رەنگە لەم سۆنگەیەوە ئێستا تێبگەین، چەند گرنگە قسەکردن لەسەر ئەوەی،
بۆ ئەم میللەتە زۆر لە فەرهەنگ و رابووردووی دوورکەوتۆتەوە و ملی بەرەو
نامۆیی ناوە، دین و فەرهەنگی بە تاڵان براوە. بە واتایەکی دیکە،کورد
چەند، بنەما سەرەکییەکانی خۆناسین و سەروەرییەکانی رابووردووی لێ
شێوێندراوە. بە کورتی ئاشکرا دەبێ، دەسەڵاتی بێگانە و فەرهەنگی نامۆیی
و ئەقڵێتی نا کوردی لە نیشتمانەکەمان دا حوکمی کردووە... ئەم فاکتەش
وای کردووە، زەمینەی سەوزبوونی هیچ نەمامێک لەسەر شەقڵی کوردی دروست
نەبێت.
لەم بارەدا خۆراستکردنەوە و خۆڕاپسکان، لەژێر باری قورس و گرانی
ژێردەستیدا، بە ئەندازەیەکی زۆر دژوار و سەختە. لە ئالییەکی دیکەوە
تێدەگەین، گەیشتن بە وێستگەی بە ئاگابوون و خۆناسیین و شانازیکردن، بە
مێژووەوە،لای کورد کام تروسکە کزی نیوە هیوابەخشی لارەملە. کەواتە
دۆزینەوەی توولەرێی خۆقوتارکردن لە دارستانێکی چڕ و ئەنگوستەچاودا،
کاری مەحاڵە و هەڵگەڕان بە هەورازی پڕ لە هەڵەمووتیشدا، بە رێی سەرچڵی
و مەرگ دادەنرێت.
لێرەدا، نامانەوێ پانۆڕامای مەرگەساتی کورد نمایشت بکەین، لێ گەرەکمان
ئاوڕی لە زمان و فەرهەنگ و دین و شارستانێتی بەتاڵانبراومان ـ بەتایبەت
زەردەشت و پەیامە ئایینییەکە ـ بدەینەوە.
دیارە کەسێک بیەوێ پێڕەوی لە دابونەریتی ئایینی زەردەشت بکات،بۆخۆی
ئازادە و پێویستە بە سنگفراوانییەوە لێی بسەلمێندرێ. چونکە زەردەشتێتیش،
ئایینێکە فەرمانی چاکەکردن و مرۆڤدۆستی و ئاشتیی و سروشتخوازی بە
تاکەکان دەبەخشێ . بە پێی جیهانبینی زەردەشت و ئایینەکەی، مرۆڤ و
کارەکتەرە جوان و خەسڵەتە ئەرێنییەکانی، سەنگ و قورساییەکی باڵایان
هەیە و سێکوچکەی {{بیری چاک (هومت)،وتەی چاک (هوخت)،کرداری چاک(هورشت)}
ئەو زەمینەیەن، کە تەلار و کۆشکی هزر و ئەندێشەی زەردەشتێتی لەسەر
هەڵچنراوە. هەرسێ کردارەکە (چاک)ە کە،کە داواکراوە،گرێدراوە بە مرۆڤەوە،
مرۆڤی باش و بەرەوشت و راستگۆ و هەقدۆستەوە. بە مانایەکی دیکە، چەقی
هاوکێشەکە، بە پێگەو رۆڵی مرۆڤەوە بەستراوەتەوە. مرۆڤ نێوەندی
کردارەکان و پاڵەوانی رووداوەکانی سەر شانۆی ژیانە...
ساتەوەختێکیش هەموو لەوە بە ئاگاین، مرۆڤ و کردارەکانی لە نێو پرۆسەی
پەلەی ژیان و مامەڵە لەگەڵ سروشت و رۆڵی داهێنان و پەیبردن بە
نهێنییەکانی گەردوون و رەفتارە ماڵوێرانکەرەکانی، دیسانەوە لە
ناوەڕاستی رووبەری پرس و هاوکێشەکاندایە. کەواتە هەر خودی
مرۆڤە،دەتوانێ بەختەوەری یاخود کوێرەوەری بۆ مرۆڤەکان فەراهەم
بکات،ئیدی بەرپرسی یەکەم،هەر مرۆڤ خۆیەتی. بەم جۆرە، ساتێ فەلسەفە و
دید و تێڕوانین و ئایین و رێبازێک، هەموو ووزە و توانای خۆی، بخاتە گەڕ
بۆ ئەوەی، مرۆڤ، فاکتەرە سەرەکی و بەهێز و کاریگەریەکەی ژیان، رۆڵی
ئەرێنی خۆی لەسەر سکەی ئاسایی و سروشتی کاروانی ژیان بگێڕێ، دەبێ بۆ
مرۆڤایەتی چ لەمە پیرۆزتر و ئابڕوومەندتر هەبێت ...!!؟؟
لەبەر رۆشنایی ئەم راستیی و جوانی و پیرۆزییانە،و بەها بەرزەکانی
ژیانەوە، سەبارەت بە ئێمەی کورد، چەند لە هەوڵ و تەقەڵای زیندووکردنەوە
و ئاگالێبوون،لە دید و فەلسەفە و ئایینی کوردانەدا ،کە لە بازنەی نرخ و
ئاماژە رازاوەکانی ئەم هزردا، خول دەخۆن و کاردەکەن کارێکی سوودبەخش
بەخۆیان و مرۆڤایەتی دەکەن و ئیشێ ئەنجام دەدەن، ئەو مۆمە جوان و
رووناکیبەخشە کوژاوەوەی خۆمان، جارێکی دیکە بۆ ژیان بۆ شارستانێتی و بۆ
خزمەتی مرۆڤایەتی دادەگیرسێنین. هەمان کات هەوڵ دەدەین بەشداریی لە
دەوڵەمەندکردنی فەرهەنگی مرۆڤدۆستیشدا بکەین.
لە دیدی ئەم ئامانجەوە، کارێکی لەم چەشنە چەند پیرۆزە، هاوکات لە
خاڵێکی دیکەشەوە هەوڵە بۆ بیناکردنەوەی و هەڵچنینەوەی تەلاری
خاپوورکراومان و راستکردنەوەی فەرهەنگی شێواوی نەتەوەمان، کە بەدرێژایی
بوونی خۆی بەشداریی گەورەی کردووە، لە شارستانێتی ناوچەکەدا،لێ لەوەتەی
بێ قەوارە ماوەتەوە و بووە بە ژێر رەوڕەوەی مێژووی زۆردارییەوە، ناوی
بزر و رۆڵی نادیار کراوە.لێرەدا قسەمان لەسەر خۆهەڵدانەوە و خۆ
گیڤکردنەوە نییە. ئاخر دەزانین گەلێ لە میللەت و دەوڵەتان، هەتا ئیمڕۆش
لەسەر تایبەتمەندی ووشەیەک،دیاردەیەکی پەیوەست بە فەرهەنگ ومێژوویان،
یان کەسایەتییەکی خۆیان، شەڕ دەکەن و هەموو توانای ماکی و مینۆکی
خۆیانی بۆ دەخەنەگەڕ.
مەبەست لە درێژەدان بەم باسە ئەوەیە، تا لەم دەروازەیەوە بچمە نێو
جیهانی پانوبەرینی زەردەشت و ئایینەکەیی و کتێبەکەی ئاڤێستاوە و چەند
چەپک و سوواڵەیەک لە مەڵۆ و خەرمانی پڕ لە فەڕ و جوانتان پێشکەش بکەم...ئەویش
لەڕێی ناساندنی بەرهەمێکی هێجگار ناوازە و لێوانلێو لە زانین و
زانیاریی دروست و راستەوە.
ئەم بەرهەمە ،لە دووتوێی ٦٠٧ لاپەڕەدا کۆکراوەتەوە و بە پێشەکییەکی چڕ
و پوختی ،فەرهاد پاڵەوان دەستپێدەکات و کتێبەکە چەندین سەرناوی بۆ
بەندەکانی لە خۆ گرتووە. هەر لە ژیاننامەی زەردەشتەوە،تا دەگاتە
بچووکترین شت و دیاردەیەک شوێن و مانای لە رووبەری فەلسەفە و ئایین و
جیهانبینی زەردەشتدا هەبێت. تێدەکۆشم هەر لەبەرەوە ،کۆمەڵێ کۆپلە و
سوڵەتان لەم بەرهەمە نازدارە،لە تەک نووسینەکەمدا بۆ رادەگوێزم،بەو
هیوایەی بێتە چەردەیەکی باش بۆ ناسین و تێگەیشتن لە بنەما سەرەکییەکانی
زەردەشتی.
مەبەستی نووسەر، لە کارکردن لەسەر ئەم بەهەمە کە ماوەی زیاتر لە دوو
دەیە پێوەی سەرقاڵە، وەک دەڵێ: مەبەست لە کۆکردنەوە و نووسینی ئەم باسە
ئەوەیە، کە نەوەی نوێی نەتەوەکەمان، زانیارییەکی پوخت و دروستیان،
دەربارەی گرنگترین کەلەپووری نەتەوایەتیمان هەبێت.
ئەگەرچی تا هەنووکە زانایان و لێکۆڵەرەوان( دارمستتەر،عباس پرویز،سیسیل
جی ئەدمۆنز، مینۆڕسکی، بارتلومە، سایکس، موشیر الدولة حسن پیرینا،
سیرولسن، دیاکۆنۆف و ئەحمەد ئەمین...هتد)بیروڕایان، لەسەر نەژاد و زێد
و و زمانی زەردەشت تەبا نین،لێ زۆرینەیان، لەسەر ئەوەکۆکن،زەردەشت
ئارییە و لە ناوچەی ورمێ لە دایک بووە و ئاڤێستا بە زمانی ماددەکان
نووسراوە.
زەردەشتیش بەم مانایانە لێکدراوەتەوە: خاوەن وشتری زەرد، رووناکی زێڕین،
هەسارەی زێڕین و دەستەیە تیشکی زێڕینی خۆر.دەربارەی سەردەمی هاتن و
بڵاوبوونەوەی زەردەشتێتی ،گەرچی لەمەشدا بیروڕای زانایان(پرۆفیسۆر
رامپیسی ئەڵمانی، قازی صاعد الاندلوسی، ئەدوار مایر، بارتلومە، مولتون،
پرۆفیسۆر هیپلو ...)یەکگرتوو نییە،لێ بۆ ٦ ـ٧ سەدە پ. ز دەیگێڕنەوە.
نوسەری یۆنانی پرۆفیریۆس لەسەدەی سێیەمدا ژیاوە، دەڵێ : فیساغۆرس زانای
بەناوبانگی یۆنانی (٤٩٧ـ٥٨٢ پ.ز) قوتابی زەردەشت بووە.
رۆژگاری زەردەشت، پڕبووە لە جەور و ستەم ،کە بە ناوی ئایین و خوداوە
دەکرا،بەڵام بە هاتنی پەیامی زەردەشت، وەرچەرخانی لە هزرو تێڕامانی
کۆمەڵدا کرد و فەلسەفەی یەکتاپەرستی خستە شوێنی فرەخودایی..زەردەشت
ساڵانێکی زۆری ژیانی بە تێفکرین و قوڵبوونەوە و چوونە خەڵوەتەوە دەباتە
سەر بۆ ئەوەی لە بنەمای پەیامە ئایینەکەی باشتر بگات. تا لە
دەرئەنجامدا کاتێ زەردەشت هەست بەم هەموو زوڵم و ناهەقی و
نادادپەروەریی و ناراستییەدا دەکات،دەکەێتە تێفکرین و بیر لە
گۆڕانکاریی و چارەسەر دەکاتەوە...
زەردەشت، بۆی دەرکەوت هەروەکو چلۆن کات پێکهاتووە لە شەو و رۆژ ،تاریکی
و رووناکی،هەرگیز شەو و رۆژ کۆتاییان پێنایەت ،هەروەها لە
جیهانیشدا،ناحەزی و ناشیرینی هەیەو جوانیش هەیە، خراپە هەیە و چاکەش
هەیە. کەوتە بیرکردنەوە لەوەی،کەوا هەر بەو شێوەیەی لە رۆژدا هەمیشە
رووناکی هەیە و تاریکی ناتوانێت،زەفەری پێبەرێت،شەویش هەمیشە تاریکە و
رووناکی سروشتی دەستی پێناگات،چاکە هەمیشە چاکە و خراپەش هەر خراپەیە...
لە ئاکامی بێزاربوون و وەڕسبوون لەدەست خراپەکار و ناپەسەندی
رەفتارەکانی مرۆڤ، زەردەشت دەکەوێتە تەقەلای بانگەوازکردن بۆ گۆڕینی
مرۆڤی خراپ بۆ مرۆڤی سوودبەخش لە جاڤاتدا،ئەویش بە هۆی چاککردنی
کاراکتەریانەوە. دەبا هەموو لەم بۆچوونە بنۆڕین،داخۆ زەردەشت چی لە
مرۆڤ دەوێ:
زەردەشت ،پتر لە سێ هەزار و پێنج سەد ساڵ لەمەوبەر،پڕ بەدەم هاواریکرد"
ئەی ئادەمیزاد تۆ هۆش و هەست و بیرت هەیە، سوود و بەهرە لەم نیعمەتە
مەعنەوییە وەربگرە، کە ئافەریدەگار پێی داویت.بگەڕێوە سەر رەسەنێتی خۆت
و مرۆیەکی فەرزانە بە،ویژدانی پاک و رۆشنی خۆت بکەرە مەشخەڵی رێی
رۆشنکەرەوەت و ژیانت. دوورەپەرێز بە لە دابونەریتی ناڕەسەن و زیانبەخش".
زەردەشت بەقووڵی سەرنج لە کردار و گوفتاری مرۆڤ دەدا و چاک دەزانێ، هەر
ئەم خەسڵەتە دەتوانێ مرۆڤ لە کوێرەوەریی رزگار بکات. بۆیەکا بە
خستنەگەڕی لایەنی خراپ نیگەران و وەڕس دەبێ،واتە لە رووی مۆڕاڵی و
جڤاتییەوە زەمینەکە تەواو لەبار دەکات بۆ راگەیاندنی پەیامەکەی..
سەروەختێ کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە پەیام و ئایینەکەی زەردەشت ئاگادار
دەبن،کۆمەڵێ لێکۆڵینەوەو قسە لە بارەیەوە دەکەن وەک:
رابندرات تاگوو،هەستیار وفەیلەسووفی بە ناوبانگی هیند دەبێژێ:" زەردەشت
مەزنترین پەیامبەرە کە لە مێژووی دێرینی ئادەمیزاد دا پەیدابووە، بە
هۆی فەلسەفەو بنەڕەتەکانی ئایینەکەی ئامیزادی لە بارودۆخێکی فرە
نالەبار و دژوار رزگار کردووە".
جیمز دار مستتەر، دەربارەی ئایینی زەردەشت دەبێژێ:" ئایینی زەردەشت بە
مانایەکی فراوان بریتییە لە ئایینی ژیان،ئەم ئایینە دوو شتی بۆ مرۆڤ بە
خەڵات هێناوە: یەکەمیان ئاکار و دووەمیان هیوایە،هەر کەسێک بەم دوو
چەکە چەکدار بێت دەتوانێت بە ئارامی بڕوانێتە ژیان و چارەنووس،بەسەر
گشت کێشەو گرفتەکانی ژیاندا سەربکەوێت".
زانای ئەمریکی ویتنی، ساموئل لنگ زانای ئینگلیزی،پرۆفیسۆر جان
راچر،چترجی، پرۆفیسۆر میلزو زۆری دیکەشلەمەڕکەسایەتی و پەیامەکەی
زەردەشت قسەیان کردووە...
نووسەر لە ٦٨ ـ ٨٩ بە کورتی پوختەی چل وتەی لە گوفتارەکانی زەردەشت، کە
لە گاتاکاندا تۆمارکراوە، و قسە دەربارەی زۆر دیاردە ژیان و جیهانبینی
خۆی دەکات{بە بیر و ئەقڵ و هۆش ئاهورامەزدای ناسیوە، ئاهورامەزدا گێتی
دروست کردووە، خودابە رووناکی دەژمێرێت ،جیهان رۆشن دەکاتەوە، هەمیشە
بوون لەژێر دەسەڵاتی ئاهورامەزدادایە،مرۆف ، یەکسانی، ئازادیبەختەوەریی
و .... تا دوایی} دەخاتە روو. بە نموونە : دەربارەی راستی و دروستی
کردار،کە بە تەنیا هۆیەک بۆ بڵندی و پلەبەرزێتی مرۆڤی دادەنێ دەبێژێ:
ئەی مەزدا، درۆزن و خراپەکارانێک کە روو لە بیری خاس وەردەگێڕن
تووشی رەنجو ئازار و ئەشکەنجە دەبن
خاسان و راستکردەوەکان،کە ئەم کارە ناکەن، گیرۆدە نابن
راستکردەوە،هەرچەند هەژاریش بێت و هێز و تواناشی کەم بێت
لای راست کردەوەکان،بەڕێزە. درۆزن و خراپەکار،
ئەگەر تواناو بە دەسەڵاتیش بێت، بێ بایەخ و بێ نرخە. هات٤٧ بەندی ٤.
لە شوێنێکی دیکەدا هاتووە،" کەوا زەردشت بە هۆی سروودە
دڵڕفێنەکانییەوە،داوا لە ئاهورامەزدا دەکات کە رێگەی راست و دروست
پیشان خەڵک بدات.ئیدی نە داوای خۆشی بەهەشت دەکا و نە داوا دەکا کە لە
ئاگری دۆزەخ بیانپارێزێ،بەڵکو تەنیا دەخوازێ رێگەی راست و چاکەیان بۆ
رووناک بکات. ئایینی خۆی لەسەر بنچینەی چارەسەرکردنی کێشەکانی
کۆمەڵایەتی و ئاکاری خەڵک دادەمەزرێنێت".
کەواتە مژدەی نادیار و پاش ماڵاوایی لە ژیان بە کەس نادات،چونکە ئەو
عەوداڵی بەختەوەریی مرۆڤە، لە کات و سەردەمی ژیانی خۆیاندا،واتە لەم
دنیا. هەر بۆیە بیروڕاکانی سەنگی گەورە و نرخی بەرزیان هەیە،چونکە
بەردەوام سەردەمییانەو دوور لە ئەفسانە و فەنتازیای قۆناخی دوای ژیانە.
هەروەک فەرهاد پاڵەوان، لەلاپەڕە ٩١ ـ٩٥ دا بیروڕای کۆمەڵێ زانا و
مێژوونووس و شارەزایانی گاتاکانی زەردەشت،ئاماژە پێدەدات. لەوانە (ئەدوارد
مایەر،زولتسر،جاکسون، داوسون، س.ج. شاو، زهنر، تاگوور، وتین، مێڵز،
هومباخ، ویل دورانت، ئلمستد، ئەشتینر و سرپرسی سایکس). بۆ نموونە زانا
و توێژەری ئەڵمانی ئەشتینر دەبێژێ: " زەردەشت یەکێکە لە هەرە گەورەترین
کەسایەتییەکان کە رۆڵێکی پێشڕەویان هەبووە لە گٶڕین و پێشخستنی بیر و
شارستانێتی ئادەمیزاد، لە ریزی ئەو کەسانەیە کە بە بیری خۆیان
گەیشتوونەتە راستی وحیکمەتێک کە فرە لە کات و سەردەمی خۆیانپێشتر بوون".
ویل دورانت دەبێژێ: " ئایینی زەردەشت ئاینێکی بە شکۆ بووە و کەمتر لە
ئایینەکانی دیکە باوەڕی بە ئەفسانە و بتپەرستی و خوێنڕێژی بووە، ئەم
ئایینە شایانی ئەوە نەبوو،کە بەم جۆرە کزو لاواز بێت. هۆی سەرەکی ئەم
لاوازییە بریتییە لەوەی کە ئادەمیزاد زێتر ڕوو لە شعر و خەیاڵ دەکاتەوە
تا لۆژیک و ناتوانن دوور لە ئەفسانە بژین".
زەردەشت ، بە هەموو ووزە و توانا و لێوەشاوەیی خۆیەوە و لە گشت
مەیدانەکاندا، چەکی ئایینە مرۆڤدۆستییەکەی دیسان بۆ خۆشگوزەرانی مرۆڤ
دەخاتە کار و بە شێوەی ئاشتی و میتۆدی راسیونالیستی بەردەوام دەبێ بۆ
گەیشتن بە ئامانج . دەبینین لەم چوارچێوەیەدا، زەردەشت دەستوورێکی
زێڕین دەدا و دەبێژێ ئەو شتەی بۆ خۆتت گەرەک نییە بۆ خەڵکیش بە ڕەوا
مەبینە،ئەرکی سەرشانی ئادەمیزاد سێ شتە: "رەفتارت لەتەک دوژمنان وەها
بێت کە بەرە بەرە ببێتە دۆستت،مرۆڤی خراپ بەرەو راستی و دروستی رێنمایی
بکە، نەزان زانا بکە". دوای ئەم رێنماییە بە سوود و بە نرخانە، مرۆڤ
لەو خەڵات و دەستکەوتە مۆڕاڵییە ئاگادار دەکاتەوە،کە لە ئاکامی رەفتاری
خاسی پێیدەبڕێت و دەڵێ: " دڵنیابە کە بە کار و کرداری خاس و
دروستکەر،لە رێگەی راستی و یاسای هەق، ئافەریدەگار لە خۆت رازی و خۆش
وەش دەکەیت.پشت بە خۆت ببەستە و کار و پیشەت بکە بە ئامراز بۆ گەیشتن و
نزیکبوونەوە لە ئافەریدەگار".
بەردەوام کارکردن لەسەر ئەم رەوتە لای زەردەشت درێژەی هەیە. چونکە
زەردەشت زوو ئاوەزی بە گەردوون و ژیانی سەر هەسارەی زەوی دەشکێ ،کە
مرۆڤ ئەکتەر و چالاکڤانی سەرەکییەتی ،داوا دەکات" سوود و بەهرە لە
خۆشییەکانی ژیان ببینن" و یەکبینە هەوڵ بۆ ئاسوودەیی مرۆڤ بدەن.
هەروەها پێمان دەڵێ:" کە تەنیا ئەنجامدانی کاری خاس بەس نییە،بەڵکو
پێویستە ئەوانەی بە هەڵەداچوون و رێی چەوتیان گرتۆتەبەر بە پەند و
ئامۆژگاری بیخانخەینە سەر رێی راست و دروست". لێرەشدا مانای کاری خاس
فراوانترە و تێگەیشنی باشتری گەرەکە.بەو واتایەی،زەردەشت هێندە لە
پەرۆشی مرۆڤدایە، لە کۆڵ ئەوانەش نابێتەوە کە خراپەکارن و داوامان
لێدەکات،ئەوانیش بەرەو لای خاسی و راکێشینەوە. هەروەک خۆی بۆ
تەواوکردنی شۆڕشە کۆمەڵایەتییەکەی، لەم میانەدا دەڵێ:" تا هێز و توانام
هەبێت،ووزەم مابێت،خەڵکی هاندەدەم و فێریان دەکەم کە راستی بکەنە
پیشەیان و راستگۆبن".
زەردەشت لە پاکی و بێگەرد و میهری ئاهورامەزدا یەقینە،بۆیەکا دەخوازێ
مرۆڤەکان لەڕێی بیرکردنەوە و لۆژیکەوە بۆ لای خۆشەویستی و سۆزی ئەو کێش
بکات . هەر وەک دواتر لە پەرەگرافێکدا بەرچاومان دەکەوێ، پەیامی
زەردەشت ،کە ئەوینداری مرۆڤایەتییە دەڵێ: " هیوادارم بە زمانی ئەقڵ و
بە هۆی ئەم ئایینەوە ،گومڕایان و خراپەکاران بەرەو ئەو کەسەی لەهەمووان
مەزنترە رابکێشم و رێنماییان بکەم".
لەم دوو گەوهەرە، لایەنگری درۆ،خراپترین کردارەکان هەڵدەبژێرێت،
ئەوەی پاکترین بیری هەیە، بە تیشکی رووناهی هەمیشەیی رازاوەتەوە
ئەوەی کە بە باوەڕی پتەو و کرداری دروستەوە
مەزدا خۆشحاڵ دەکات، راستی هەڵدەبژێرێت
یاخود دەڵێ:
ئەی مەزدا، هەر لەساتەوە کە، بە بیروهۆشی خۆتەوە،
ژیان و ویژدان و هۆشت بۆ دروستکردین،رۆحت کردە نێو لەشمان
توانایی گفتوگۆ و کارکردنت پێ بەخشین،
هەر لەو کاتەوە ویستت کە ئێمە بە شێوەیەکی ئازاد،
باوەڕ و ڕێ و ڕەوشی ئایینی خۆمان هەڵبژێرین
سەبارەت بە راستگۆیی و درۆزنی ،تێکست و بیروڕای هەمەچەشن و فرە لە
ئایینەکەی زەردەشتدا بەرچاو دەکەون. هەر بۆیە "دەتوانین بێژین بنچینەی
فەلسەفەی ئایینی زەردەشتی ئالێرەدا خۆی دەنوێنێ،کە گشت رێ و رەوشەکانی
ئەم ئایینە لە قوڵیی بیری مرۆڤ خۆیەوە هەڵقوڵاوە".
هەرچۆنێک بێت،سەروەختێ وێڵی ماناو تێگەیشنی ژیان لای زەردەشت دەبین،
دەکەوین بەسەر ئەم دەقە تۆمار کراوەدا،وەک نووسەر بۆی ئامادەکردووین:"
بە گوێرەی فەلسەفەی ئایینی زەردەشتی،ژیان مانای ئافراندن (خوڵقاندن) و
جموجوڵ و پێگەیاندنە. مانای نیشاندانی ئەقڵ و هۆش(بوون)،واتە نیشانەی
ئاهورامەزدایە کە بریتییە لە گەوهەری (بوون)ە،بە مانایەکی دیکە،بریتییە
لە ئەڵقەی زنجیری لە یەک نەپچڕاوی خوڵقێنەری توانای (بوون)ە،کە لە
رووناکییەوە دەستپێدەکات، لە ئاکامدا دەگاتەوە رووناکی".
وەک ئاماژەمان پێدا،سەنگ و بەهای سەرەکی ئایینی زەردەشتێتی، بە دەوری
رۆڵی مرۆڤدا خول دەخوات،و تیشکی رووناکی دەخاتە بەردەم هەنگاوەکانی
مرۆڤ،تا بەرەو کامەرانی و سەرکەوتن و نێزیک بوونەوە لە ئافەریدەگار و
بەدەستهێنانی رەزامەندی ئەو بە پێپلیکانەی ژیاندا هەڵگەڕێ.لەم
زەمینەیەدا چەندان ئامۆژگاریی و رێنمایی جۆراوجۆر دەخاتە بەردەم
مرۆڤ،هەر بۆ خۆدوورە پەرێزگرتن لە خراپەکاری و ئاوێتەبوونی بە راستگۆیی.
گەر لەم دیدەوە جارێکی تریش ئاوڕێک لە ئایینەکە بدەینەوە ،دەبینین کە:"
پەیامی زەردەشت،پەیامی چاککردنی هەڵسوکەوتی مرۆڤ و پەیوەندییەکانی
نێوان ئادەمیزادە لەم جیهانەدا. ئەمەش لە رێی پەروەردەکردنی بیر و ئەقڵ
و هۆشی مرۆڤەوە دێتە دی". ئەمانە مشتێ دیدو بۆچوونی زەردەشت بوون لەسەر
چاکە و خراپە.. دیارە مامۆستا فەرهاد، بە درێژی و ووردتر لەسەر ئەمانە
دوواوە.
ئاخاوتن لەسەر مرۆڤیش لە هەموو گۆشەنیکانەوە،لە پەیامەکەی زەردەشتدا
بەرچاو دەکەوێ،چونکە مرۆڤ چەقی باسە گەرمەکانی زەردەشتە و بەخۆی بە
دووی ئەو پرسیار و شێوازەدا وێڵە، ئەم بوونەوەرە بەختەوەر بکا و ببێت.
سەرجەم پرسەکانیش لە روانگەی چاکە و خراپەوە بە رەوشتی مرۆڤەوە گرێ
دراوە. زەردەشتی مەزن لەم روانگە و پەیوەست بەم خاڵە گەوهەرییە دەبێژێ:
" لە هەر قوژبنێکی ئەم جیهانی بوونەدا،ئەگەرکو زیندەوەرێکی ژیر و ئاقڵی
وەک ئادەمیزادی تێدا نەبێت،بێگومان بایەخێک بە واتەی (چاکە)یا (خراپە)یش
لە ئارادا نابێت". وەک ئاماژەمان پێدا، کۆڵەکە بنەڕەتییەکانی هەڵگری
ساباتی پەیامی زەردەشت، لەسەر چاکە و خراپەی بیر و رەفتاری مرۆڤ
وەستاوە. بۆیەکا جارێکی دیکە لەم زەمینەیەدا دەفەرمووێ:
" (چاکە)و (خراپە)لە لایەن بیری ئادەمیزادەوە دێتەئارا،پاش
بیرکردنەوە،ئەوسا ئەم(چاکە) یا(خراپە)یە لە وتەو کرداریدا خۆی دەنوێنێ.
هەر لەبەر ئەم هۆیەیە کە زەردەشت پلەوپایە بایەخێکی تایبەتی بۆ
بیرکردنەوە داناوە". چاکە و خراپە بەرهەمی بیرکردنەوە و تێگەیشتنی
مرۆیە،و هەر مرۆڤ بکەریانە و لێیان بەرپرسە،کاتێ ئەم بوونەوەرە
ئامادەگی نەبێ،قسەکردن لەسەر چاکە و خراپە،دەچێتە خانەی مەحاڵەوە...سەرلەنوێ
دەگەینەوە بەو باوەڕە چەسپاوەی ،کە دەڵێ،مرۆڤ پاڵەوانی سەرەکی سەر
شانۆی ژیانە.
بە لای زەردەشتەوە ئادەمیزاد دەبن بە دوو دەستەوە:
١ ـ ئەوانەی کە زانیاری،ئەقڵ و هۆش و توانای بیرکردنەوەی پێویستیان
هەیە،ئەمانە (چاکە) هەڵدەبژێرن.
٢ ـ ئەوانەی بە هەر هۆیەک بێت لەو تایبەتکارییانە بێ بەهرەن و فریو
دەخۆن و روودەکەنە خراپە.
لێ بنۆڕن،زەردەشت چەند ئاوەزمەند و ئاسۆی بیری فراوان بووە،لەو سەردەم
و رۆژگارەدا ،باس لە رێنیسانس لە بیر و ئەقڵی و مرۆدا دەکات. بۆ
رزگارکردنی مرۆڤایەتی لە کارەسات وماڵوێرانی،داوای وتە و رەفتار و بیری
چاک دەکات...
دیسان بە لای زەردەشتەوە هەڵبژاردنی رێی راست یان چەوت،راستەوخۆ
پەیوەندی بە چلۆنایەتی و چەندایەتی بیر و هۆشی ئادەمیزادەوە هەیە.
هاوکات (زانین) بە هۆکاری بەختەوەریی و (نەزانین) بە هۆی سەرەکی
راکێشانی مرۆڤ بەرەو خراپە دادەنێ. کەواتە زانین، کە سەرچاوە و مایەی
بەختەوەرییە،بریتییە لە فێربوون و سەوداسەریی خوێندن و سەراسۆیی زانست...هەر
ئەم فاکتانەش کۆمەڵگای وڵاتە پێشکەوتووەکانی گەیاندۆتە ئەم ئاستەی
ئێستای شارستانێتی بە تایبەت لە رۆژاوادا.
لە لاپەڕە ١٠٩ دا ، ئەم نموونە لەسەر مرۆڤی خاس و مرۆڤی خراپ هاتووە،کە
دەیەوێ بیسەلمێنێ لە راستیدا چاکە و خراپە لە جیهاندانییە،بەڵکو مرۆڤی
خاس و خراپ بوونی هەیە. گەلەک خەڵک پێیان وایە،یاخود وا تێگەیشتوون
کەوا زەردەشت باسی ململانێیەکی بەردەوامی بێبڕانەوەی لە نێوان
ئاهورامەزدا و ئەهریمەن کردووە،کە ئەمە لە بنەڕەتدا دەکاتە دوو خوایی و
پێچەوانەی ئاینی زەردەشتە.نەخێر بەڵکو بەم شێوەیە روونکراوەتەوە:
ژوورێکی بێ دەرگا و پەنجەرە بێنە بەرچاو کە بە هۆی چرایەک(رووناکی=
چاکە ) بۆتەوە،تا ئەو کاتەیچراکە داگیرساوە،دەبێژین کە دروستکەر و
پێکهێنەری رووناکی ژوورەکە چراکەیە. ئێستا چراکە بکوژێنەوە، دیارە
ژوووورەکە تاریک دەبێت،لێرەدا دەتوانین بێژین کێ دروستکەر و یا
پێکهێنەری تاریکییەکەیە؟ بێگومان هەرچی تێبفکرین ناتوانین دروستکەر یا
بە دیهێنەری تاریکییەکە بناسین(چونکە تاریکی لە ئارادا نییە تا
دروستکەرێکی هەبێت)،تەنێ دەتوانین بێژین کە پاش ئەوەی رووناکییەکە
نەما(چراکە کوژایەوە)، تاریکی جێگەی گرتەوە،واتە تاریکی بۆشایی نەبوونی
رووناکی پڕکردەوە. ئێستا کونێ لە بریتی رووناکی ،چاکە(رووناکی = چاکە)
و لە بریتی تاریکی،خراپە (تاریکی= خراپە) رەچاو بکەین، لەم
حاڵەتەدا،دەبێژین کە هەرچی شتێکی خاسە خوا دروستیکردووە،بەڵام خراپە
هەروەکو تاریکی ناتوانێت خوایەکی هەبێت،بەڵکو بە هۆی نەبوونی
چاکە،خراپۆە دێتە ئارا.
ناحەزان و بێئاگایان لەم ئایینە، گەلێ جار،بە هەڵە و نەزانی باس لە
ململانێی بێکۆتایی لە نێوان دوو خودای ئاهورامەزدا و ئەهریمەن دەکەن.
لە بنەڕەتدا،شەڕ لە نێوان بیری باش و خراپ دا،بەرقەرارە،بیریش بەرهەمی
چالاکی هۆشمەندانەی مرۆڤە.کەواتە شەڕەکە،ململانێی مرۆڤی خاس و خراپە.
زەردەشت بە خەبات و تێکۆشانی ئاوەزمەندانەی، سەداسەری زەمینەسازییەکە،
هەموو مرۆڤەکان بێنە سەر سکەی( بیری چاک،وتەی چاک ،کرداری چاک)،لە
هەوڵی ئەوەشدا بین،خۆمان بکەینە فریادڕەسی ئەوانەی
گومڕابوون.نووسەریش،راڤەی ئەم خاڵە بەم شێوەیە دەکات:
"کەوایە(خراپە)لە کرداری خودادانییە و لە بیری چەوتی ئادەمیزاد خۆی
هەڵقوڵاوە. لەبەرئەوە لە بریتی ئەوەی بێژین (چاکە)و (خراپە)لە
ئارادایە،خاستر وایە بێژین (باش بیرکردنەوە) و (خراپ بیرکردنەوە)لە
ئارادایە...شەڕ و نەبەرد لە نێوان بیری خاس و دروستکەر و پاک، لە تەک
بیری ناپاک وخراپ و روخێنەرە.کەوایە زەردەشت هەرگیز باسی شەڕ و نەبەرد
لە نێوان ئاهورامەزدا و ئەهریمەنی نەکردووە،یاخود بە هیچ جۆرێک باسی
دوو خوایی نەکردووە ،کە بڕێ کەس ئێستاش باسی لێدەکەن". ئاخر شیکار و
راڤەی زەردەشت بۆ چاکە و خراپە ،بەم جۆرەیە:
" فەلسەفەی زەردەشت و مەزد یەسنا(مەزداپەرستی ـ خواپەرستی) بریتییە لە
تێکۆشان و ململانێکردنی توند دژی شەڕ و خراپە. زەردەشت بەو رەوشەی
گرتبویە بەر و خستبوویە بەرچاو کە بریتییە لە رێکنەکەوتن لەتەک خراپە و
ناراستی،ئەوەی روونکردۆتەوە و سەلمانوویەتی کە هەرگیز لە تەک بیری
ئەهریمەنی سازش ناکات".
لە ل ١٠٩ دا هاتووە:" بە گوێرەی گوتەی گاتاکان، خوا، ئادەمیزادی وەک
زیندەوەرێکی هۆشمەند و ئاگا و خاوەن هەست ئافراندووە و هێز و توانای
تێگەیشتن و هەڵبژاردنی پێبەخشیوە بۆ ئەوەی بە ئاسانی بتوانێت رێگەی
ژیانی خۆی هەڵبژێرێت و چارەنووسی خۆی دیاری بکات". زەردەشت لەم سیاقەدا
خودا زۆر بێلایەن دادەنێ و هیچ دەست تێوەردانێ لە کاروباری مرۆڤدا
ناکات. بە واتایەکی دی ئاهورامەزدا، لە بیرکردنەوە و ئاخافتن و کرداری
مرۆڤدا،لایەنگری ناکات .
ئازادی،یەکێ لەو چەمکە دینامیکییانەیە،کە زەردەشت باوەڕی بنچینەیی پێی
هەبووە و سەرسەختانە داکۆکی لێکردووە. ئازادی وەک چرایەک ،هەر مرۆڤی
هەڵیگرێت،بۆ رووناککردنەوەی دەیجوری ژیان و نیگابڕینە ئاسۆی دەم کەلی
خۆشگوزەرانی. لە بەردەم دووڕیانی خاس و خراپ دا،مرۆڤ ئازادانە، سەرپشک
کراوە. هەڵبەت داوای لێ دەکرێت حیکمەتی ئاوەزی،بخاتەگەڕ.
" لە ئایین و باوەڕی زەردەشتدا،ئادەمیزاد لە لایەنی خواوە،ئازاد
خوڵقاوە و دەتوانێ چاکە یا خراپە بە ویستی خۆی هەڵبژێریت...کەواتە لە
یاسای ئافراندندا کە بە (یاسای راستی ) ناوی لێبرا،ئاهورامەزدا تەنیا
(چاکە)ی ئافراندووە و ئەمە ئادەمیزاد خۆیەتی، کە بە بیرێکی خراپەوە
(خراپە)ی خوڵقاندووە".
لەم نووسینەدا،گەلەکجاران،ناوی ئاهورامەزدامان بەرچاو دەکەوێت،لێرەدا
ئەو پێناسەیە، نیشان دەدەین،کە فەرهاد پاڵەوان پوختەی
کردووە."ئاهورامەزدا لە روانگەی زەردەشتەوە بریتییەیە لە دیاردەی
چاکە،پاکی، ئەڤین و خۆشەویستی،هەر بۆیە شۆڕشە کۆمەڵایەتییەکەی لەسەر
بنچینەی بیر،وتە و کرداری چاک دامەزراند". زیاتر لەمەش بیروڕای کۆمەڵێ
زانا و توێژەر لە لاپەڕەکانی ١١٤ ـ ١١٦ دا خراوەتە روو.
بۆ رۆشنکردنەوەی بەرنامەی خەبات و زەمینەسازی ئاشتییانە بۆ گەیشتن بە
مەنزڵگای ئامانجە بەرز و پڕ بەهاکانی بەختەوەریی مرۆڤ،ئەم بڕگەیەش لە
کتێبەکە دەخەینە بەرچاوی خوێنەر:
" لەم پێودانگەدا، زەردەشت شەش سیفەت لە سیفەتەکانی ئاهورامەزدا بۆ
گەشەکردنی مرۆڤایەتی و پێشکەوتنی ئادەمیزاد و پەرەسەندنی ئاکاری
تایبەتی و کۆمەڵایەتی بەپێویست دەزانێت : ( بیری خاس، راستی، توانایی
خۆشەویستی ولەخۆبووردن، پوختەیی، تەندروستی و پێگەیشتوویی، نەمرێتی).
نووسەر بە تێروتەسەلی لەسەر ئەم سیفەتانە دەدوێ و رەهەندە ئایینی و
کۆمەڵایەتییەکانیان روون دەکاتەوە. دواتر باس لە شەش قۆناخیش دەکات کە
کارتێکردنی ئەم سیفەتانە بۆ سەر ژیانی ئادەمیزاد، دەبێ لە هەر یەکێ لەم
قۆناغانەدا، ئادەمیزاد یەکێ لەو سیفەتانە بۆ خۆی وەدەست بهێنێ و لە
خۆیدا پەروەردەی بکات.ل١٥٠ ـ ١٥١ . لاپەڕەیەک دواتر بیروبۆچوونی کۆمەڵێ
لە زانا و توێژەران (بارتلومە، میلز، مولتون، لوملئالتیهم، ویل دورانت،
هینتس، ئەشپینگل، ویندیشمان،کیگر، ئازەرگوشەسب) دەخاتە سەر باسەکە بۆ
روونکردنەوەی نەمرە پیرۆزەکان.
خاڵێکی دیکە کە سەنگیی ئایینی و هزری خۆی هەیە و بۆتە ناسنامەیەکی
دیاری زەردەشتێتی، پیرۆزی خۆرە ،کە لە ئاڤێستادا لەتەک" مانگ ،مهر،
ئاو، ئاگر" دا باسکراوە و بۆ هەر یەکێکیان ئیزەدێکی تایبەتی
دانراوە.دەقی ستایشی خۆر لە ئاوێستادا بەم جۆرەیە:
" پیرۆزو سەرکەوتوو بێت خۆری درەخشانخۆری نەمر،خۆری تیژڕەو،بە بیر و
وتە و کرداری خاسەوە روودەکەمە خۆر و ستایشی دەکەم.".
لە بەشی ئاڤێستا دا،کە ناوی کتێبی ئایینی زەردەشتە، فەرهاد پاڵەوان، بە
دوورودرێژی و بە پشتبەست بە بیروڕای زاناو شارەزایان،درێژە بە باسەکەی
لە رووی ناوەرۆک و زمان و بەسەرهات و مێژووەوە دەدات. هەر بۆیە بایەخی
ئەم کتێبە لەوەدایە بەرشاڵاوی یۆنانی و عەرەب کەوتووە،تاڵان و
سوتێندراوە، هەر بەرگەی کارەساتەکانی رۆژگاری گرتووە. باس لە داستانی
خۆڕاگری زەردەشتییەکان دەکات و پاش رەشەکوژییەکی زۆریان لێدەکرێت.
هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، چۆن بڕێک زەردەشتی رووە و هیندستان رەویان
کردووە،هەندێکی دیکەش بە شێوە و ناوی جۆراوجۆرەوە لەترسی زوڵم و ستەم
خۆیان پاراستووە.ئەوجاش بە درێژی باسی سەردەمی ساسانی دەکات و دواجار
دێتە سەرباسی ئەو ئاڤێستایەی ئێستا هەیە و،دەڵێ پێکهاتووە لە پێنج بەش:
(یەسنا،بریتییە لە ستایشت و نیایش و نوێژ و باسی جەژنەکان و پێکهاتووە
لە ٧٢ هات ـ بەش،ئەویش دوو بەشە ڤیسپرد ٢٧ هات و ڤەندادیدا ٢٢ هات ،
یەشت ٢١ هات خوردەی ئاڤێستا )... فەرهاد پاڵەوان، شاکارەکەی بە بیروڕای
مێژوونووسانی وەک مەسعوودی، ئەبو رەیحانی بیرونی عبدالرحمن ابن خلدون،
دولت شاعی سەمەرقەندی دەوڵەمەند دەکات... وە ئاماژەش بە نامەیەکی سعد
بن ابی وەقاص،کە بۆ عومەری کوڕی خەتابی سەبارەت بە ئاڤێستا ناردووە...
ل ١٩٤. نوسەر، لە ل ٢٠٤ دا سەبارەت بە گاتاGatha ـ سروود دەنووسێ: "
بەنرخترین،پیرۆزترین و رەسەنترین بەشی ئاڤێستایە و کۆنترین کتێبی
ئایینی جیهانە،بە شێوەی هۆنراوەو پەخشان لە لایەن خودی زەردەشتەوە
بێژراوە".
نووسەر،دوای شیکردنەوە بەشەکان، دەنووسێ:" لە روانگەی زەردەشتەوە
بەهەشت،بریتییە لە کۆشکی رووناکی و جێگەی باشترین و پاکترین بیرە،
دۆزەخ تاریکترین جێگەیە کە شوێنی درۆزنان و خراپەکارانە.ویژدانی بێ
ئۆقرە،ژیانی مرۆڤی گوناهکار و خراپەکار دەکاتە شەوی تاریکوتار".
کاتێ ئەم ئایین و کتێبەی زەردەشت، بەشێک نەبێ لە خوێندنی نێو قوتابخانە
و جێگەیەکی لە سیستەمی پەروەردەدا نەبێ، رەنگە بە جارێک خوێندنەوەی،کەس
نەتوانێ کلیل و کۆدی هەموو باسە ئایینی و کۆمەڵایەتی و جیهانبینییەکانی
زەردەشتی دەستکەوێت،یا ئەزبەر بکات... هەر بۆیە مامۆستا پاڵەوان، لە
کۆتایی شاکارەکەیدا بە نێزیکی زیاتر لە ٩٠ لاپەڕە، لەژێر سەردێڕی '"بڕێ
لەو زانییارییانەی پێویستە لە ئایینی زەردەشتی ،بیزانین". وەک رێنمایی
و ئاسانکاریی،پوختەیەکی چڕو خەستی زانیارییەکانی سەرلەنوێ ریزبەند
کردۆتەوە.
(ئاگر)،هۆی رووکردنە رووناکی لای زەردەشتییەکان.
بەدرێژی لەسەر ئەمەو جۆرەکانی ئاگرو پاشخانی مێژوویی بایەخی
ئاتەشگاکان،گەلێ زانیاریی دیکەی بەنرخ بەرچاو دەکەون.
(قیبلە)،قیبلەی موسڵمان مەککەیە، هی جولەکەکان بیت المقدس یا
ئۆرشلیم،فەلەکانیش لە کاتی نوێژدا روو دەکەنە خاچ یا وێنە و پەیکەری
عیسا یا حەزرەتی مریەم...بەڵام قیبلەی زەردەشتیەکان، بریتییە لە هەموو
نور و رووناکییەک بە هەر شێوەیەک بێت،بڵێسە و نوری ئاگر بێت یاخود
مۆمێکی داگیرسا و یا رووناکی خۆر و هەرچی شتێکی رۆشن بێت.
(ژێرکراس و پشتوێنی تایبەتی) هەموو کوڕ و کچێک کە تەمەنیان دەگاتە ٧
تا١٥ ساڵی پێویستە لەسەریان کە ژێرکراس و پشتوێنی تایبەتی کە پێی
دەبێژن سدرەو کشتی لەبەر بکەن و بیبەستن. ژێرکراسێکی سپی سادە وپانوپۆڕ
و بێ یەخەو قۆڵ کورت. درێژییەکەی دەگاتە سەر ئەژنۆ و لە کەتان یا لۆکە
دروستکراوە. ئەم ژێرکراسە پێکهاتووە لە ٩ پارچە کە پێکەوە دەدورێن لە
نێوەڕاستەکەیدا درزێکی تێدایەکە تاوەکو ژوورووی سنگی و گیرفانی هەیە.
(کشتی ـ پشتوێن)، بریتییە لەپشتوێنێکی باریک و درێژ پێکهاتووە لە
حەفتاو دوو تاڵ بەن کە لەخوری مەڕ بەدەستی ژنی موبدێکەوە
هۆنراوەتەوە،ژمارەی ٧٢ تاڵ بەن نیشانەی ٧٢ بەشی یەسنایە....هتد.
زەردەشتییەکان ئەم پشتوێنە تایبەتییە بە سێ خول بە پشتییانەوە
دەبەستن،ئەم سێ خولە نیشانەی بیری خاس، وتەی خاس وکرداری خاسە،کە دەبێ
دەوروبەری هەموو مرۆڤێکی خاس بگرێتەوە،لە کاتی بەستنی پشتوێنەکەدا دەبێ
چوار گرێی لێببەسترێت،دوانی لە پشتەوە و دوانی لە بەرەوە. ئەم چوار
گرێیە نیشانەی چوار بنەما پیرۆزەکەیە کە بریتین لە ئاگر،ئاو،خاک،با.
لەبەرئەوەی هەموو بوون لەم چوار بنەمایە پێکەوە هاتۆتە ئارا،ئێمە
ئافەریدەگاری ئەم ٤ بنەمایە دەپەرستین و رێزی لێدەگرین.
ـ لە گرێی یەکەمدا، لە ناخیدڵەوە و بە بیرێکی خاسەوە دەبێژرێ کە
ئافەریدگار یەکە.
ـ لە گرێی دووەمدا، دەبێ بێگومان و دڵنیابین لەوەی کە ئایینی خواپەرستی
بێگەرد و راست و دروستە.
ـ لە گرێی سێیەمدا، دەبێ باوەڕمان بەوە بێت کە زەردەشت پەیامبەری
خوایە.
ـ لە گرێی چوارەمدا بڕیار بدرێ تا توانا لە لەشدایە کاری خاس ئەنجام
بدرێ و هەرگیز لە ئایینی یەکتاپەرستی هەڵنەگەڕێینەوە و دووربین لە
خراپە و خراپەکاری.٤٩٨ ـ ٤٩٩ .
گەر تەماشای ئەو هەموو کردارانە بکەین، کە ئیمڕۆ بە ناوی ئایینەوە
دەکرێن، دەبینین پاساوی بکەرەکانیان،خەون بینینە بە چوونە بەهەشت و
مسۆگەرکردنی کۆمەڵێ دەستکەوتی ترەوەیە.ئیدی حەڵاڵکردنی بەهەشت بۆ خۆیان
و بەخشینی دۆزەخە بە ئەوانی دیکە. لە ئیمڕۆدا،ئەم تێڕوانین و
بیرکردنەوە و راكێشانەی خەڵک و ترساندنیانە لە ژیان و مردن.بەڵام بیریی
گەش و ئایینی رۆشنی زەردەشتێتی لەم رووەوە،دیدێکی تری هەیە دەڵێ: "
(پاداشت و سزا)بەهەشت و دۆزەخ لەم جیهانە و پاش مەرگ. بەگوێرەی
بیروباوەڕی زەردەشت،ئاهورامەزدای ئافەریدەگاری گیان و ئەقڵ ئەم بوونەی
لەسەر بنچینەی یاسا و ئەکوزییەکی ـ نیزامێکی نەگۆڕ
ئافڕاندووە،کەزەردەشت پێی دەبێژێ(ئاشا ـ راستی) بەکورتی لەروانگەی بیری
زەردەشتەوە،ئافەریدگار بەهەشت و دۆزەخی بۆ پاداشت یا سزای رۆحی مرۆڤ لە
جیهانی دوای مەرگ دروست نەکردووە.بەڵکو بەهەشت یا دۆزەخ،دژەکرداری
سروشتی رەفتار و هەڵسوکەوتی مرۆڤ خۆیەتی. بە واتایەکی دیکە
ئاهورامەزدای دانا و ژیر بەهەشت یا دۆزەخی بۆ مرۆڤ بە شێوەیەکی ماددی
نەئافراندووە،بەڵکو ئەمە مرۆڤ خۆیەتی کە بەدەستی خۆی و بۆ خۆی دروستی
کردووە.ئاخر پێوانەی مرۆڤبوونی هەرکەسێک بریتییە لە بیر و ئەقڵی ئەو
کەسە،مرۆڤ بە گوێرەی یاسای ئافڕاندن کە بریتییە لە ویستی ئافەریدگار،لە
تەک ئەم تواناییە تایبەتییە ئافەریدە بووە". ل ٥٠٢ ... زەردەشت زیاتر
باس لەم ژیانە دەکات و بە کەمی قسەی لەسەر دۆزەخ کردووە. هاوکات لە
گاتاکاندا باسی هیچ شتێک بە راشکاوی دەربارەی رۆح و چۆنێتی جیابوونەوەی
لە لەشی مرۆڤ نەکراوە....
نووسەر لەژێر لیستی ئەو شتانەدا،کە پێویستە بیزانین ئاماژەی بە پرسی
هاوسەرخواستن،ڕەهایی ـ تەڵاق، رێز و پێگەی ژن، نوێژ و رۆژوو،رووگە
ئاشتی و ئاسایش،گوناە،زەند و پازەندمەجوس(مەگوش ،مۆغ) سیستەمی
پێشەوایانی ئایینی زەردەشتی،شۆڕشی کۆمەڵایەتی و
ئابووری،راستی،پەیمان،پاکی و پاکدامەنی،ئازادی هەڵبژاردن،مافی
مرۆڤ،ژینگەپاراستن ، کشتوکێڵ و پەروەردەی ئاژەڵ. ئەمانەش چەردەیەک چەمک
و دروشم و یاسا و تەکووز و رێسای ژیان و جیهانبینی و تێگەیشتنی ئایینی
زەردەشتییە. نووسەر بە تێروتەسەلی و وەک هەرجار بە پشتبەستن بە (٦٥)
سەرچاوەی مێژوویی و کاری لێکۆڵرەوان، بیر و بۆچوون و هەڵسەنگاندنی
ژیرانەی ئاوەزمەند بۆ یەکە بە یەکەی دیاردە و بابەتەکان دەکات و زۆر
لێوەشاوانە،خوێنەر بۆ کەناری تێگەیشتن دەئاژوێ...
لە بەراوردێکی ئایینی زەردەشتی لەگەڵ ئایینە ئیبراهیمییەکاندا،کە
(خوا)هەموو شتێکی لە (هیچ)و (نەبوون)دروستکردووە، ئایینی زەردەشتی
دەڵێ:" ئاهورامەزدا لە زاتی خۆی و لەوەی کە هەیەتی ئافەریدەکانی
دروستکردووە. لەبەرئەوەیە،کە بە گوێرەی فەلسەفەی ئەو ئایینە،(بوون) فرە
کۆنە و هەمیشە لە تەک ئاهورامەزدا و لە ئاهورامەزداوەیە".پێم
وایە،کەسانی شارەزا و پسپۆڕ،گەرەکە لەم رووەوە قسەی خۆیان هەبێ،واتە
بەراوردکارییەکی ووردی بۆچوونە جیاوازەکانی نێوان زەردەشتێتی و
ئایینەکانی دی دەبێ خوێندنەوەی بۆ بکرێ.
لەسەر هەموو ئەو ژینگە و دەوروبەرەی راستەخۆ، پەیوەستن بە ژیانی
سەردەمی مرۆڤەوە،بە لای زەردەشتەوە،لە رووی ئایینی و جڤاتی و
جیهانبینییەوە، روونکردنەوە بۆ لایەنگرانی زەردەشتێتی خراوەتە بەردەست
و قسەیان لەسەر کراوە و روونکردنەوە پێشکەشکراوە.
دەربارەی جیهانیش دەبێژێ: "ئەم جیهانە بێ خەوش نییە، بەڵکو بەرەو بێ
خەوشییەتی دەڕوات،ئێمە کە خۆمان بە ژیرترین و وشیارترین ئافەریدە لەسەر
رووی زەوی دەزانین،دەبێت بەردەوام تێبکۆشین و هەوڵ بدەین بۆ پێشخستنی
کۆمەڵگا تا بگەینە بێ خەوشییەتی".
لە ٨ لاپەڕەی کۆتایی کتێبەکەیدا ،کۆمەڵێ وێنەی بڵاوکردۆتەوە،کە
باسەکانیان لە کتێبەکەدا خراونەتەروو.
پرسیاری هەرە گرنگ ئەوەیە، رۆشنبیران و دەزگا بەرپرسەکانی کوردستان ،بۆ
زیندووکردنەوە بڵند راگرتنی ئەم زمان و فەرهەنگ و ئایینە، چ
پرٶژەیەکیان دەبێت ، کام میتۆد هەڵدەبژێرن.. تاوەکو ئاڤێستا وەک
چرایەکی گەشاوەی نەکوژاوە لەسەرەڕێی ژیانی ئادەمیزاد بۆ هەرگیزاو و
هەرگیز دابگیرسێنن.
دەبا، هەموو بیری چاک هەڵبژێرین و وتەی خاس دەربڕین و کرداری باش
بنوێنین. تا رێگای ژیان بەم بنەما و بیرۆکانە، چرارێژ بکەین،و دەروازەی
بەختەوەری مرۆڤایەتیش، هەر بەم سێکوچکە بەرزە گوڵرێژ بکەین.
بەم شاکارەی مامۆستا فەرهاد پاڵەوان،کە پێشکەشی کتێبخانەی کوردی
کردووە، گەلەک ئاسوودە و خۆشحاڵم. هیچ لەوەدا دوودڵ نیم ،کەمامۆستا
فەرهاد، رەنجی فەرهادی لەتەکدا کێشاوە. پیرۆزبایی ئاڕاستە نووسەر دەکەم
و بە گەرمی ماندوونەبوونیی لێدەکەم. بە هیوام برای نووسەر ، کتێبخانە و
گەنجینەی فەرهەنگی نەتەوایەتیمان، لە بەرهەمی دیکەی وا نازدار، بێبەش
نەکات...
___________________________________
سەرنچ:
هەموو ئەو کۆپلە نووسینانەی کەوتونەتە نێوان دوو کەوانەی " "ەوە،لە
کتێبەکەی فەرهاد پاڵەوانەوە وەرگیراوە..
٢\٢\٢٠١٥
فەرەنسا و
کردەوە تیرۆریستەکانی داعش.
هاوینی ساڵی ٢٠١٣، لە بەرلین گەرم و پڕوکێنەربوو، لەدەست گەرما و
جەنجاڵی شار، هەر خۆم بۆ پەناوپەسێو دەخزاند و هەر خەریکی چاو و ئاو
خواردنەوە بووم . وەک شۆفێری تاکسی ،کارێکم بۆ هات،لە هوتێلێکی شەقامی
مولەرشتراسە، لە گەرەکی ڤێدینگی بەرلین. ساتێ چووم کابرایەکی
پۆشتەوپەرداخ لە بەردەم هوتێلەکە چاوەڕێم بوو،لە پێشەوە لای خۆمەوە
سەرکەوت،کە ئەمە دەگمەنە،ئەڵمانەکان بە زۆری لە تاکسیدا،لە پشتەوە
سواردەبن. هەرنەبێ لە بەرلین ئەوە بەرقەرارە.
کابرا،داوای کرد بیبەم بۆ شەقامی راینهاردشتراسە،لە گەرەکی میتە،واتە
ناوەندی شار. پاش چەند مەترێ وەرێ کەوتن،دیسان لە تاو گەرما و
بێزاری،دەستم بۆ بتڵە ئاوەکەم برد و دوو قومی کورت کورتم بە گەرووی
وشکمدا کرد. کابرا هاتە قسە و ووتی: ئەوە ئاو دەخۆیتەوە،پێدەچێ بە
رۆژوو نەبیت.ـ مانگی رەمەزان بووـ . منیش لەسەرخۆ و بێ خۆتێکدان، ووتم
نەخێر بە رۆژ و نیم و من رۆژوو بە شێواز و جۆرێکی دیکە دەگرم..بەلای
منەوە گرنگ ئەوەیە، مرۆڤ بە کردەوەی جوان بە رۆژوو بێت.
کابرا چاوێکی مشتەریئاسای بە سەر و سەکوتمدا گێڕا و نیگای گیرکرد لەسەر
رۆژنامەی تاگە شپیگل،کە لەولامەوە لە گیرفانی دەرگای تاکسییەکەدا
دامنابوو... وویستی دەست بە قسان بکات. دیارە بە بێدەنگی و ئاسپاییش
گوێم بۆ رادیۆی دەنگی ئەڵمانی شلکردبوو. کابرا، گووتی: پێدەچێ حەزت لە
سیاسەت بێت، خەڵکی کوێت؟ ووتم: بەڵێ هەموو ژیانم بەناچاری بریتییە لە
سیاسەت و کوردی کوردستانم. کابرا کەمێک کەوتە سەرشان و ووتی: کام
کوردستان، منیش بە نەرمی گووتم: هەر بۆ ئەوەی تۆ باشتر حاڵی
بیت،باشووری کوردستان/یاخود کوردستانی عێراق.
کابرا،تەکانێکی بەخۆی داو و، وەک بڵێ دەچێتە سەرشانۆ و گەرەکێتی قسە بۆ
جەماوەر بکات... پەنجەیەکی بۆ راکێشام و بە دەنگێکی گڕ و پڕ لە
پەرۆشەوە گووتی: ئێوە دەبنە دەوڵەت. منیش دەمودەست بسکەیەک هاتەسەرلێوم
و شەپۆلی خۆشییەکی بێوێنە دڵ و روخسار و جەستەی داگیرکردم...
کابرا، دەستی کرد بە گیرفانی چاکەتەکەیدا و لە دوورەوە، ناسنامەیەکی
نیشاندام و ووتی حەز دەکەیت، هەندێ قسەت بۆ بکەم کە نەتبیستووە و لە
رۆژنامەکانیشدا بەرچاوت ناکەون. گووتم: بەڵی، پێمخۆشە وبەدەم
وەرامدانەوەوە، لەولاوە دەنگی رادیۆکەم کزکرد. کابرا ووتی من ئەندامی
پەرلەمانی ئەوروپا و بەرپرسی جیهانی عەرەبی و ئیسلامیم و پێش ماوەیەک
لای سەرۆکەکەتان، بارزانی بووم.
گوێ بگرە،ئەوە ساڵانێکە ٪٧٣، میدیای جیهانی بە عەرەب و ئیسلامەوە
سەرقاڵە و وڵاتانی جیهان ئۆقرەیان نەماوە. ئێمە بڕیارمان داوە، تا ١٠
ساڵی دیکە،چیدی پێویستمان بە نەوتی عەرەب نەمێنێ. ئەمەریکا و هەندێ
شوێنی دیکە دەکارن،پێداویستییەکانی بازاڕ پڕبکەنەوە.
کۆمەڵێ قسەی لەم جۆرە کرد و ووتی سەرەتای دەسپێکردنی کارەکانیشمان،بۆ
بەرەنگاربوونەوەی ئەم دیاردەی توندوتیژییەی هەیە، لەوڵاتی فەرەنساوە
دەبێت. ئەز لە خٶشی هەواڵی بوون بەدەوڵەتی کوردستان ،لە لایەک و
لەولاشەوە،ئەو هەندە زانیارییە گرنگەی،پێی راگەیاندم،بە پێویستم زانی
پرسیاری ناوی کابرا بکەم،لێ مەخابن، ئامادە نەبوو ناوەکەی خۆیم پێ
بڵێ.. ووتی : ئێشتا لەو شوێنەی کە دەمگەیەنی،ریستەورانێکە،چاوپێکەوتنم
هەیە،لەگەڵ رۆژنامەنووسێکی دیاری بەریتانی.
کاتی خۆی، من ئەم باسەم لە هەندێ دیدار و باسدا،لەگەڵ هاوبیر و برایان
و هاوڕێیانم باس کرد...رۆژگار هات و چوو، رووداوەکانی مانگی یەکی
ئەمساڵ٢٠١٥، هێرشکردنە سەر گۆڤاری کاریکاتۆری شارلی ئەبدۆ لە پاریس
روویان دا، زیهنم بەکاوەخۆیی گێڕامییەوە، بۆ قسەکانی ئەو کابرایە،بەڵام
لام نەبووە بەڵگەیەکی بەهێزو ورووژێنەر،تا پشتی پێ ببەستم. ووتم، رەنگە
ئەم رووداوانە بە رێکەوت لە فەرەنسا روویان دابێت...
بەڵام دوای زنجیرە کارە تیرۆریستییەکەی مانگی ١١ی ئەمساڵ دیسان لە
پاریس، خەریکە چ گومانێکم لە سەر قسەکانی کابرا،نامێنێ و دەڵێم گەلێ
رووداو پێشوەخت،لەم جیهانەی ئێمەدا روودەدەن،پێشوەخت نەخشەیان بۆ
کێشراوە.
ئێستاش کە دەبینم فەرەنسا،زێتر لە هەموو،وڵاتانی دنیا، رووبەرووی تیرۆر
دەبێتەوە و هەر فەرەنساشە سەرکردایەتی بەرەی هاوپەیمانێتی جیهانی بۆ
شەڕی تیرۆریستانی داعش دەکات، دەڵیم ئەو ماستە موویەکی تێدایە.
ئەم کورتە چیرۆکەی بۆم گێڕانەوە، لەو رۆژەوە،تا بێت زیاتر خەیاڵم
داگیردەکات. ئەوەی جێی پرسیارە و وەک گرێ کوێرە لام بەجێماوە،
ئەوەیە... قسەکانی ئەو پیاو هی ماوەیەکی زۆر، پێش ئەو رووداوانە بوو!
بەشێکی لە کرۆکی باسەکەی بە کردەوە هاتە دی. ئەی باشە بۆ دەبێت لە
پاریسەوە،سەرەداوی دەست بەکاربوونی شەڕی تیرۆریستان دەستپێدەکات؟ داخۆ
دەبێت ئەم کارەسات و گۆڕانکارییانە چ دەرەتانێ بۆ ئێمەی کورد
بخوڵقێنیت.!؟ ئایا هێشتا ئەم جیهانە ئەو باڵۆنەیە،کە ئەم زلهێزانە بە
پێداویستی بەرژەوەندییەکانی خۆیان فووی تێدەکەن و بچووکی دەکەنەوە؟
دەبێت رەهەندکانی ئەم پێشهات و رووداوانە چ بن و زلهێزانی دنیا، چ
ئەجێندا و پلان و بەرنامەیەکیان تەونچن کردووە؟ ئەوەی لە هەموویشی
گرنگتر و هەستیارترە، دەبێت لە هەگبەکەیاندا چی بۆ کورد تێدا بێت، کە
ئیمڕۆ لە دووبەشی نیشتمانەکەیدا، بە کردەوە و بە خوێنی ئازیزترین
رۆڵەکانی داکۆکی لە خۆی و جیهان دەکات و رووبەرووی دڕندەترین هێزی
تیرۆریستی لە مێژوودا وەستاوەتەوە و بەربەرەکانی دەکات و رۆژانە
داستانی قارەمانێتی تۆمار دەکات؟؟!!
گەلۆ، پێمخۆش بوو ئەم بەسەرهاتە، هەر لای من نەبێت،لە جوغزی
پێوەندییەکانمدا،ئێوەی ئازیزیش لێ بە ئاگا بن.
٢٠١٥
ماڵپهڕی ههڵۆ
محهمهد
|