په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\٧\٢٠١٨

کۆمەڵە گەوھەرێک لە دووتوێی پەرتووکێکدا.

هۆمەر        


ڕۆژانێکە مخابن لە نێو جیھانی پەرتووکی کوردییدا بەدەگمەن بەرھەمی شیاوی خوێندنەوەت بەردیدە دەکەوێت. بێسەروبەرییەکی فرەوان بەسەر دونیای چاپ و بڵاوکردنەوەی پەڕتووکی کوردییەوە دەبینرێت و ھەمووانیش خۆ لە ھەمبەر ئەم پرسە ھەستیارەدا لە گێلی دەدەن. ڕۆژانە بە دەیان پەرتووک و بڵاڤۆک دەکەونە نێو پەرتووکخانەی کوردییەوە کەچی بەشی فرەیان،تەنێ ھەر تۆز دەخۆن و گەردیان لێ دەنیشێت. ڕەنگە نەبوونی خوێنەر یان بە واتایەکی دی، دابەزین و کەمبوونەوەی ژماری خوێنەری ڕاستینە،ھۆکاری سەرەکیی ئەم پرسە بێت. بەڵام گەلێک ھۆ و ھەگەری تر لەم پێوەندییەدا دەور دەبینن کە ئێرە جێی باسکردن لەسەر ئەم پرسە نییە. بۆ منێک کە شەیدای زمان و تۆرە و کولتووری کوردییم و دایمە دووی زانیاریی نوێ و بەرھەمی تازە دەکەوم و ڕۆژانە لێرە و لەوێ بەردەوام خەریکی گەڕانم و گەر ھەست بەوە بکەم نووسین و پەرتووکێک ھەڵگری شتی نوێ و تازەیە و زانیاریی زێتر دەخاتە نێو ھەگبەکەمەوە، خێرا ھەوڵی خوێندنەوە و دەستخستنی دەدەم.پەرتووکی "لە خەیاڵەوە بۆ خۆڵ"ی نووسەر و ڕۆژنامەوان "کامەران سوبحان" یەک لە بەرھەمە شیاوەکان لەم ئاشوفتەبازاڕەدا بۆ خوێندنەوە دێتە ئەژمار کە گەلێک زانیاریی سوودمەند لەسەر زۆر سیمای ھەرە گەشی نێو ڕووبەری چاندیی کوردان دەخاتە وەردەست خوێنەر. بە خوێندنەوەی ئەم بەرھەمە، مرۆ پتر ھەست بە مەزنیی ئەو نووسەر و ...کوردانە دەکات کە لەم پەرتووکەدا جارێکی تر و لە ڕوانگەیەکی دیکەوە بە خوێنەر دەناسێندرێن.


نووسەر بە زمانێکی سادە و ساکار و پاقژی ئەدەبیی دەمانباتەوە تا نێو گوڵجاڕ و بەردەم دەربەندە خەیاڵاوییەکانی نێو جیھانی ژنە مێژوونووس و شاعیری سەوداسەر"مەستوورە ئەردەڵان" و لە گۆشە نیگایەکی تازەوە دەڕوانێتە بلیمەتیی ئەم خانمە بوێر و خامەڕەنگینە؛ پاشان بۆ غوربەتی نێو خەڵوەتگەکانی تەریقەت لای"مەولانا خالید شارەزووری" پەلکێشمان دەکات، لەوێوە دەمانبات ھەتا بەردەم ناخە ئاشقەکەی ھۆزان و شاعیری کوشتە و شەیدای نیشتمان، لای"بەختیار زێوەر"،دواترڕوخساری گەشی ھزرێکی نوێخوازی نێو شێعری ھاوچەرخی کوردییمان دەخاتەوە پێش چاو، ھەر دوابەدوای ئەمەیش بەڕوانگەیەکی نوێوە سەر دەکات بە حوجرەی غوربەتی لای"حاجی قادری کۆیی"دا،پەی بە ڕەھەندێکی تری ناخە تژیی ئەڤینەکەی "وەلی دێوانە" دەبات و ئەوینە قووڵەکەیئەم مرۆ سەوداسەرەمان بۆ دەردەخات، خودی"ئەحمەد موختار بەگی جاف"مان بۆ دەگەڕێنێتەوە،"جەمیل سائیب"ھەر بۆ خۆی چیرۆکی"لە خەوما"مان بۆ دەگێڕێتەوە، بۆنی غەزەلڕاست دەمانبات تا بەر دەرکەی"تایەر بەگی جاف"، لەوێشەوە بۆ نێو کەشکۆڵە غەریب کەوتووەکانی لای"مەحموود پاشای جاف". گەشتەکەی کامەران سوبحان ئەمجارە دوور دوور دەڕوات تا دەگاتە بەردەم خودی دڵەی"ئەرەبی شەمۆ" و بەرامەی کوردانی کوردستانی سۆرمان بە ناخدا دەپژێنێت، دیسانەوە"مەمی ئالان"ی"عەبدولڕەحیمڕەحمی ھەکاری" بە دڵ ئاشنا دەکاتەوە. مەلایەک پڕ پڕ بەڕووناکایی و لێوانلێو لە ھەست و نەستی بێگەردی کوردایەتی لامان دەکاتە میوان و "مەلای گەورە" ھەر خۆی بە زمانە لێوڕێژ لە گەوھەرەکەی بۆمان دەئاخفێت، دەگەڕێتەوە سلێمانی و خەمساردیی ئێمە لە ھەمبەر سیما تیشکاوییەکەی"نەجمەدین مەلا" دەخاتە بەردیدە. ئەم گەڕانە ھەر وا درێژەی دەبێت و ڕوو لە مەریوان و زمانە پاراوەکەی"کاکە حەمەی ناری" دەنێت، چلچرای زمانمان پێ دەناسێنێتەوە و دەڵێت، ھێشتا نیشتمان لە نێو توێشەبەرە ھەزارڕەنگەکەی"تۆفیق وەھبی"دا بۆنی گوڵاوی زمانی کوردی لێوە دێت. لێرە بە دواوە شاگوڵی نێو دیوەخانی مێژووی کوردمان دێنێتەوە لا و بە خوێنەر دەڵێت ، پەیڤیڕاست لەسەر مێژووت پێویستەھەر لە"ئەمین زەکی بەگ"ەوە ببیستیت، ھەمدیس دەمانباتەوە بۆ ئەو سەردەمانەی کە مەلای وەک"مەلا عەبدولکەریم مودەڕیس" ئاوپڕژێنی دڵانی دەکرد،"شێخ محەممەد خاڵ" ھەر خۆی"ناڵەی دەروون"ی گشت کوردان بوو،"مەلیک مەحموود" خۆی و دڵەکەی، کوردستانی دەگوێزتەوە بۆ ھەر ھەموو ناخێکی گەلپەروەر ، "عەبدوڵڵا جەوھەر" خۆی تەنێ مژولی نووسینی قامووسێک بە فرمێسکی چاوەکەی بوو، "فایەق بێکەس"لە نێو غوربەتی ناخدا وانەی نیشتمانی بۆ ئەو دڵەیدەگوێزتەوە کە دواتر بوو بە شاعیرێک بۆ ھەر ھەمیشەی دیرۆکی تۆرەی کوردییانێ"شێرکۆ بێکەس"، دوا مەنزڵی ئەم گەشتە خەیاڵاوییە،ڕێکڕێنمونمان دەکات ھەتا بەردەم ماڵەکەی ھەمیشە بەخەم تەنراوی پاشای بلوێر لای کورد و خودی"قالە مەڕە". کۆتایی ئەم گەشتە پێمان دەڵێت، وەرن با لە ھزر و ئەندێشەی قووڵی"ئەنتوان چیخۆف"،"ئەلبێر کامۆ" و "میخائیل بۆلگاکۆف"ی نووسەریناسراوی ڕووسیایی بەشی دڵ ھەڵبگرین. ئەم ھەموو گەوھەرە لە دووتوێی پەرتووکێکدا خۆ دەبیننەوە کە ناوی "لە خەیاڵەوە.. بۆ خۆڵ"ی لەسەرە، بۆیە بەڕاستیی شیاوی خوێندنەوەیە.


نووسەر ،توخمی خەیاڵ و گێڕانەوە بە زمانێکی پاکژ بۆ نەخشاندنی بەرھەمەکەی دەکار دێنێت و خۆی و پێنووسەکەی بە شاباڵی خەیاڵ دەسپێرێت و لە ڕێی خوێندنەوەیەکی ورد و ژیرانەوە بۆ ھەر کامە لەو شائەستێرانەی نێو پەرتووکەکەی،دیوێکی دی سیما و ڕوخساری ئەو کەسایەتییە ناودارانەی کوردمان لا ئاشکرا دەکات.


لە ڕۆژگارێکدا ھەمە جۆرە پەتایەک ڕووی لە کوردانە و ناحەزان بە ھەمە جۆرە چەکێکی ژەنگن، بەرەنگاری کورد و دەسکەوتەکانی دەبنەوە، گەڕانەوە بۆ ئامێزی ئەو ناسک خەیاڵانەی لە تاریک و نووتەکترین سەردەم و چاخ و خولدا ڕۆشنایی بۆ کوردان بوونە،ھیوا دەخاتە دڵی مرۆی ھیوابڕاوی ئەم ڕۆژانەیکۆمەڵگەی کوردییەوە.ئەم ئەرکە گرینگەیش لە ڕێی خامەیەکی پەرۆشەوە جێبەجێ کراوە. ئەمەڕاستییەکی تاڵی لای ئێمەی کوردە کە خاوەنی بیرگەیەکی فەرامۆشکارین و زۆر زوو شتەکان لە بیر دەکەین. ئەگینا ھەر ئەم نەتەوە بندەست بەڵام سەربەرزە ئەوەندە مرۆی مەزن و بەژن بڵندی تێدایە کە دەتوانین بۆ ھەر ھەمیشەی مێژوو، شانازییان پێکەوە بکەین. لەم نێوانەدا قوتارکردنی ئەم سیما ھەرە گەشانە لە خانەی فەرامۆشی، ئەرکی گشت مرۆیەکی ژیر و وریای کوردە و پێویستە کۆمەڵەی ڕووناکبیریی کورد ئیش لەسەر ئەم ڕەھەندە بکات. ڕۆژاوایی و فارس و عەرەب و تورکەکان تا دێت پتر دەگەڕێنەوە سەر ئوستوورە و سیما درەوشاوەکانیان و ئەم ئەرکە،ئەم جیل بۆ ئەو جیل و نەوەی دەگوێزێتەوە و ناھێڵن تەمی زەمەن بنیشێتە سەر مێژوو و کولتوورەکەیان. کەچی بە سەد داخەوە ئەم نەریتە زۆر کەم لای ئێمەی کورد بەھەند وەردەگیردرێت. یەک لە ھەوڵە ھەرە شیاو و دڵخۆشکەرەکان لەم پێوەندییەدا ڕووی لە پەرتووکەکەی کامەران سوبحانە کە بە ناونیشانێکی ھەستبزوێن و باڵکێشەوە (لە خەیاڵەوە بۆ خۆڵ)،جارێکی تر دەمانباتەوە بۆ لای نێرگزەجاڕەکانی کوردستان و ئۆخژنێک بە دڵ و گیانمان دەبەخشێت.


گەشت و گێڵ و گەڕانی زۆر،خوێندنەوەی بەردەوام و پاشخانی ھزریی دەوڵەمەند،چەند تایبەتمەندیی لای کامەران سوبحان دێنە ئەژمار و دەبنەیارمەتیدەر و پاڵپشتی نووسەر بۆ ئافراندنی ئەم بەرھەمە زەنگینە.نووسەر بە پەنابردنە بەر ھەست و نەست و ئاسۆی فرەوانیخەیاڵی خۆ،ئەوەندەی تر ئەم سیما پرشنگدارانەی نێو مێژوو، تۆرە و ئەدەبی کوردییمان لا خۆشەویستتر دەکات.


ئەم ھەوڵە جێی دەستخۆشیی فرەوانە و ئەو مژدەیەشمان پێ دەدات کە ھێشتاکە ڕۆڵەی وشیار و خەمخۆر لە نێو کورددا کەم نین. لێ، سەرباری دەیان ڕووپەڕی زێڕین،لە ھەندێک شوێندا پەرتووکەکە کەموکووڕیی پێوە دیارە و ھەڵە و پەڵەی تێدەکەوێت کە بڕێکیان ھەڵەی پیتچنیی و تایپن. زۆر خێرا ھەر لە دەستپێکی پەرتووکەکەوە تا کۆتایی، ئیشارەتێک دەدەینە خاڵە ھەرە زەقەکان.


لە بابەتەکەی سەر"مەستوورە ئەردەڵان" لە لاپەڕەی ١٥ەوە تا ٣٧ بەردەوام بە"مەستوورەی ئەردەڵانی" ھاتووە کە پێویستە نووسەرڕەچاوی ئەم خاڵە بکات کە "ئەردەڵان"ناوی ماڵبات و ھۆزێکی ناسراوی کوردە و ئێستایش بە سەدان کەست پێ شک دێت کە دەچنەوە سەر ھەمان ماڵبات و بە ئەردەڵان ناودێرن نەک ئەردەڵانی.


لاپەڕەی ١٩ ،"ماھـ شەرەف" دروستە نەک"ماە شەرەف"،ڕێنووسی دروستی وشەی "مەعریفەت" بەم چەشنەیە کە ھاتووە نەک موعەرەفت.


لاپەڕەی ٢٠ ،نیودەھلییان دەھلی نوێ دروستە نەک نیودەلھی.ھەمان ڕووپەڕ مێژوو، دروستە نەک مێژوویی. لاپەڕەی ٢١، شێعرەکەیمەستوورە، وشەی"نێشی" بە"نێژی" ھاتووە، ھەروەھا ئەگریجە بە ئەگریچە ھاتووە کە دروستەکەی ھەمان ئەگریجەیە.


لاپەڕەی ٢٢ ھەر درێژەی شێعرەکە، بفەرموو دروستە نەک بمفەرموو.لاپەڕەکانی ٣١ و ٣٢ لەم پەرتووکەدا پاتە دەبنەوە. لاپەڕەی ٤٧ ،کۆتا بەیتەکانی شێعرەکەی "سالم" ھەڵەیەکی تێ کەوتووە کە دروستەکەی بەم چەشنە دەبێت:
خالدا گر نیستی دیوانە و ێحرانورد
نەک ئەوەی نووسەر :خالدا گر نیستی دیوانە و سەحرا و نورد، کە ھەم ڕێنووسە فارسییەکەی ھەڵەیە و ھەمیش لاسەنگی دەخاتە نێو شێعرەکەوە.


لاپەڕەی ٤٦ شێعرەکەی سالم، وشەی جانی بە جایی ھاتووە.


لاپەڕەی ٤٨، شێعرەکەی مەحوی، بەیتی دووەم، ڕێنووسی وشەی "حەسرەت"بە "حەسەرت"ھاتووە کە دیارە ھەڵەیە.


لاپەڕەی ٦٢، شێعرەکەی سالم، "لە لایێ" دروستە کە بە "لە لایی"ھاتووە.


لاپەڕەی ٨٠، ڕاستیت گەرەکە ھونەرمەند سەید ئەسکەر(سەیەسکەر)ی کوردستانی ھەر بەم ناوە پتر دەناسرێتەوە و مخابن دوای شۆڕشی گەلانی ئێران چونکە بازرگانی بەسەر زۆر شتەوە دەکرێت، ئەمیش بە ھەمان دەرد چووە. ئێستایش لەسەر کێلەکەی ھەر بە ھەمان "سەیەسکەر" ھاتووە و لای جەماوەریش بە ھەمان ناو دەناسرێتەوە و پێویستە جیاوازیی لە نێوان نووسینی فارسیی و کوردییدا دابنرێت و ئێمەی کورد ڕەچاوی پرسی فۆنۆلۆژی لای زمانی خۆمان بکەین و بە ھەمان ڕێچکەکەی فارس و تورک و عەرەبدا لە ھەمبەر کورد نەچین. بۆ ڕاستیی پرسەکە نووسەر دەتوانێت نووسینێکی ھونەرمەند "ناسر ڕەزازی"لەسەر ئەم ھونەرمەندە بخوێنیتەوە و بە دیدێکی دیکەوە ئاوڕ لە پرسەکە بداتەوە.


لاپەڕەی ١١٠، دڵ "ھەر" نیشانەی تیرئەندازییە، "ر"ێی،"ھەر"ەکە کەوتووە.


لاپەڕەی ١٦٣، شێعرەکەی مەولەویی تاوگۆزی، چەند ھەڵەی تێدایە:
جە دووریت دەروون مەوج دەریای ھوون
مدۆ وە چەمدا، بەڵام چێش کەروون


پاتەختی مەحموود کە بە پایەختی ... ھاتووە.


لاپەڕەی ١٦٤، شێعرەکەی شێخ ڕەزا ڕێنووسەکەی ھەڵەیە.
بە محمود مرا روی نیاز است
کە ێد شاە محمودش ایاز است
بە کیخسرو نژادی می کنم ناز
کە بە کیخسروانش کبر و ناز است


لاپەڕەی ١٦٨ ڕۆژنامەی "ڕێیا تەزە" یان "ڕێیا تازە" دروستە کە بە ڕیا تازە ھاتووە.


لاپەڕەی ١٩٤، شێعرەکەی مەلای گەورە ،بەیتی دووەم، ڕێنووسی "بە قوڕیدا بردن" دروستە.


لاپەڕەی ٢١٤، شێعرەکەی ناری، چ بیمێ بۆ گرۆھی موئمینانە دروستە کە بە چە بیمێ ... ھاتووە.


لاپەڕەی ٢٨٠، دێڕی ٦، پیتی "ی"لە وشەی "سەیری" کەوتووە.


لاپەڕەی ٣٠٠، دوابەشی شێعرەکە ،وشەی "گەڕەکی" دروستە کە بە "گەڕکی" ھاتووە.


پێش ئەوەی بچمە سەر ھەڵەی نێو لاپەڕەی ٣٠٩، بە پێویستی دەزانم ڕوونکردنەوەیەک بدەم و خوێنەری کورد بەرانبەر بەم پرسە کە لەمێژە بەداخەوە ھەر بە ھەڵە دەڕوات، ئاگادار بکەمەوە.


دەمێکە چەندین ھونەرمەندی وەک "عەزیز شارۆخ" و "ئیسماعیل سابوور" بە دەنگی بەرز ھاوار دەکەن کە کاکە ناوی سییانی و شۆرەتی ئێمە "شارۆخ" و "سابوور"ە نەک "شارۆخی" و "سابووری"کەچی مخابن ھەڵەکە ھەر لە خودی نووسەر و ھونەرمەندانەوە سەرچاوە دەگرێت و میدیای نەخوێندەواریش بە نێو جەماوەردا بڵاوی دەکاتەوە و قسەکەدەکەوێتە سەر زاران و خودی ھونەرمەندیش ئەوەندەڕاستی دەکاتەوە بەڵام دیسانەوە ھەر بە ھەڵە دەڕوات و ئیدی کۆڵ دەدات و تەواو شەکەت و ماندوو دەبێت و ئەم ھەڵەیە دەبێتە مێژوو. ئەم پرسە ئەمدیو و ئەودیوی ناوێت و نابێت خودیئێمەیش وەک ناحەزانی کورد بکەوینە شێواندن و خوار و خێچکردنی ناوی کەسان و شوێنەوارەکان. ھەر لە خودی باشوور، دەیان ماڵبات و کەسایەتی کورد ھەنە کە ناودارن و بە ھەمان شێوەیش لای جەماوەر ناسراون و ئیدی خەڵک ئەملاولا بە ناوەکەیان ناکات.(شێخڕەزا تاڵەبانی،ڕەفیق حیلمی،کامەران موکری،ڕەسووڵ گەردی، حەسیب قەرەداخی،موفتی پێنجوێنی،حەسەن کوێستانی، مەلا مستەفا بارزانی،د.کوردستان موکریانی، نووری تاڵەبانی، قوباد جەلی زادە و...). بۆیە پێویستە نووسەری کورد بە وردی ڕەچاوی ئەم خاڵە بکات و دووی زۆرینەی ھەڵە نەکەوێت و پێش نووسین، لە ڕاست و دروستیی ئەوەی دەینووسێت، ئاگادار ببێتەوە.


ھەروەھا گەرەک ئاماژەیەکیش بەم خاڵە بدەم کە لە بڕێک شوێن لە نێو ئەم پەرتووکەدا دوو وشەی سەربەخۆ و تەواو جیاواز،پێکەوە نووساون کە بۆڕەچاوی پرسی خاڵبەندیی و ڕێنووسی دروستی زمانی کوردی و تێگەییشتنی باشتری خوێنەر،پێویستە نیوە مەودایەک بکەوێتە نێوانیان.


یەکێکی دی لەو خاڵانەی کە پاش خوێندنەوەی ئەم بەرھەمە بەپێزە زەینی منی بە خۆوە مژول و سەرقاڵ کرد،ئەوەیەلە پەنا ئەم گەوھەرە درەوشاوانەدا جێی چەندینڕوخساری نازەنینی وەک ئەمین باڵدار، دڵدار و ... لە نێو پەرتووکەکەدا بەتاڵە و وەک پێشنیازێک بۆ نووسەر بۆدرێژەدان بەم پرۆژەیە، دەتوانێت ھەمڕووبەری بەرھەمەکەی فرەوانتر و بەرینتر بکات و ھەمیش خزمەتێک بە سامانی چاندیی نەتەوەکەی بکات و لەمڕێگەشەوە ئاشتبوونەوەیەک لە نێوان پەرتووک و خوێنەردا چێ بکات.


شیاوی ئاماژەپێدانە پەرتووکی "لە خەیاڵەوە..بۆ خۆڵ"ی کامەران سوبحان ،ساڵی ٢٠١٨ لە چاپخانەی کارۆ لە سلێمانی ،لە چاپ دراوە و لە نێو خودی پەرتووکەکەیشدا ھاتووە کە" داھاتی ئەم پەرتووکە دەبەخشرێتە تووشبووانی نەخۆشیی شێرپەنجە و نەخۆشییە درێژخایەنەکان لە کوردستان".


ئومێدە نووسەر بۆ چاپەکانی دادێی ئەم بەرھەمە ڕەنگینە، ڕەچاوی ئەم خاڵانە بکات و لەوەیش دڵنیا ببێتەوە کە مەبەستی نووسەری ئەم دێڕانە،تەنێ خزمەت بەم بەرھەمە زەنگینە بووە و بەس. لە کۆتاییدادیسانەوە ڕێز لە ھزر و قەڵەمی بەڕێز کامەران سوبحان دەنێم و پێی دەڵێم،خامە و پێنووست ھەردەم بەری بەپێزی ئەوتۆ بگرێت.

 

 

h_noryawi@yahoo.com

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک