په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\٦\٢٠١٤

کۆمەڵە شیعری (لەبەر با لەبەر باران).


عەبدولموتەلیب عەبدوڵا

دەنووسم، بەڵام بۆ ئەوە نا خوێنەر لە خۆم رازیی بکەم، بەڵکو بۆ ئەوەی پاداشتی جوانیی و خەیاڵ بدەمەوە.


بەو نیازە نا کە باران ببارێ، ئەوە کاری ئاسمانە ھیچ پەیوەندییەکی بە شیعرەوە نییە، بەڵام من دەڵێم رەنگە باران ببارێ، لێرە ئەوە وشەی رەنگەیە کە فەرمانە بھێزەکەی (ە)ی لێ بەر دەبێتەوە یان دەکەوێ و تەنھا وشەی (رەنگ) دەمێنێتەوە، بێگومان رەنگی زەردو سەوزو سوور نا، بەڵکو رەنگێگ کە بەرەو خۆڵەمێشی دەروانێ، ئەو رەنگە دنیا بەرەو تاریکی دەبا و لە دەرەوە باران دەبارێ!


پەیوەندی من بە (نووسینی شیعر)ەوە پەیوەندییەکی پەرت و بەرەڵڵایانەیە، دەمەوێ بڵێم پەیوەندییەکی توندوتۆڵم لەگەڵ نووسینی شیعر نییە، بەڵام پەیوەندیم بە (شیعر خوێندنەوە) پەیوەندییەکی حەساس و پتەو و جیدییانەیە!


من لە مێژووی ئەدەبی خۆمدا بە شێوەیەکی گشتی لە بێدەنگیەکی گەورەدا شیعر دەخوێنمەوە، بەیانیان زوو بەر لەوەی رۆناکی تەواو بکەوێ، کاتی وەرزشکردنی باڵندان، کاتی وەرزشکردنی بەیانی ئەو کاتەیە کە من شیعری تێدا دەخوێنمەوە، لە بێدەنگییەکی ساف، رەھا، من ھەمیشە لە بێدەنگیەکی گەورەدا لە شیعر ورد دەبمەوە، مەبەستم لە بێدەنگیی رەھا، بێ زەینییەکی رەھایە، کاتێ شیعر دەخوێنمەوە کە تەواوی پەیوەندییەکانم بە دەوروبەر لە پلەی سفری دەنگدا بێ.


مەبەستم لەو حیکایەتە، حیکایەتی شیعر نووسین و شیعر خوێندنەوە ئەوەیە، قسە لەو کۆمەڵە شیعرە بکەم (لەبەر با لەبەر باران) کە لە ساڵی ٢٠١٢ نووسیومە!! ئیش کردنی من لەو ئەزموونەدا لەسەر گۆڕینی پەیوەندیم بە نووسینی شیعرەوە بوو، نەک بە خوێندنەوەی شیعر!! لە نووسینی ئەو کۆمەڵە شیعرەدا توانیم ئەو پەیوەندییە پەرت و بڵاوە بگۆڕم و رۆژانە پەیوەندی خۆم لەگەڵ ئەو شێوە نووسینەی کە لێرە بە (شیعر) ناوی دەبەم، نوێ بکەمەوە!


بۆیە لە ساڵی ٢٠١٢ ھەموو رۆژێک پارچەیەک یان چەند قسەیەک... لەو رستانەم نووسیوە، دەڵێم رۆژانە، بۆیە کە سەیری ھەر شیعرێک لەو ١٢ شیعرەی (لەبەر با لەبەر باران) دەکەی ژمارەی رۆژەکانی ئەو مانگەت بۆ دەردەکەوێت، کە شیعرەکەی تێدا نووسراوە!


لە گێڕانەوەی ئەو حیکایەتە مەبەستم ئەوە نەبوو وەک نووسەرێک قسە لەو بەرھەمەی خۆم بکەم، یان بمەوێ ئاڕاستەکانی (لەبەر با لەبەر باران) دیاری بکەم، بەڵکو تەنھا ویستم فەزایەکی دیکە بنەخشێم کە خوێنەر رەنگی دیکەی تێدا کەشف بکات.

   
خەونەکانی ئاو لە یادەوەری با.
(١)
ھەمیشە نیگام بەلای ئاودا تێدەپەڕێ
بە ریتمی با
سەما دەکا.
(٢)
دەمەوێ بچمە شارێکی دی
لەگەڵ باران نا
لەبەر با.
(٣)
بەیادەوەری بادا دەڕۆم
لەھەموو دێرێکدا
باران دەبارێ.
(٤)
بۆشاییەکی سپی نادۆزمەوە
تەنیاییم بە با دەدەم.
(٥)
بەڕیشی پانی با
لەدەریا ناپەڕمەوە.
(٦)
شەو نم نم باران دەبارێ
رۆژ بە رۆژ با زێتر دەمبا.
(٧)
لەبەرانبەر تاریکی با
دەست بۆ چرای
باران دەبەم.
(٨)
بە خەیاڵی بادا دەڕۆم
بەر لەوەی باران ھەڵبکا
دەتنووسمەوە.
(٩)
گوڵاڵەسوورە لە قژی با دەدەم
بە دڵی باران.
(١٠)
ھەمیشە دوادەکەوم
ناگەمە با
ھەمیشە پەلە دەکەم
لەبەر خەیاڵی باران.
(١١)
بۆ خۆکوشتن
بەرەو کەنار دەبینەوە
لەنیگای ئەستێرەکاندا دەنویین.
(١٢)
ئەو ھەموو کتێبە
ئەو ھەموو گوڵدانە
لە پێشانگای ساڵانەی بەھار
با لێیاندەدا.
(١٣)
بە شەقامدا تێدەپەڕم
لەگەڵ بارزگانی وەرزەکان دەدوێم
لەگەڵ نەدارانی باران
باڵەکانم لێکدەدەم و دەڵێم
بەرەو دەریا.
(١٤)
باران چاویلکەی بایە
ژیان دەکێشێ
مرۆڤ راڤەی دەکاتەوە.
(١٥)
بە شاردا دەڕۆم
نوقڵی باران دەبەشمەوە
لەبری با.
(١٦)
بەیانیان لەگەڵ سروەی با
گوێ لە باڵندەکان دەگرم
لەگەڵ باران
خەو جێدێڵم.
(١٧)
دەرگا دەکەمەوە
وەک ئەوەی با نەبینم
بەدوای ژیاندا دەگەڕێم.
(١٨)
سەرخۆشێ بە بەھاری دەگوت
مێزی با.
(١٩)
ئەوەی باران بە بای دەکا
لەبەر ھەتاو ناخوێندرێتەوە.
(٢٠)
بەبێ با
بیر لە سرووشت دەکەمەوە
ساتمە لە تەنیایی دەکەم.
(٢١)
وێنەی باران دەکێشم
بزۆز وەک با
وەک سەقاقوش
کاتێ دەنووک لە دەریا دەگرێ.
(٢٢)
شەو لەگەڵ با
خۆمان لە تریفەی ئەستێران
دەشاردەوە.
(٢٣)
پڕ بە دڵی با
چاوان لە بازاڕ دەگێڕم
وەک ئاو
بەرەو ماڵ دێمەوە.
(٢٤)
بە با دەڵێم ئەوەندە رەق مەبە
کەسێک دەیەوێ پشوو دا
تەماشای باران دەکەم و
ھیچ ناڵێم.
(٢٥)
بێ کار لە شەقام دەسوڕێمەوە
نەخشەی با دەشێوێنم.
(٢٦)
ئەمڕۆ حەزی دەشت و دەر
لەماڵ وێنە دەکەم
بە رەنگی باران.
(٢٧)
کەس بە کەس نییە
باران بە با دەنازێ
با لەبەر باران قژی شانە دەکاتەوە.
(٢٨)
وەک با مانگ بەدوامەوەیە
بۆ کرێی خانوو.
(٢٩)
ئەمڕۆ جوانی لە بازاڕ
با لێیدەدا
لەبەر ژیان.
(٣٠)
دەمەوێ شوێنێ بدۆزمەوە
تەمەنم با نەیبا.

 

نیسانی ٢٠١٢ - ھەولێر
ماڵپەڕی عەبدولمتەلیب عەبدوڵا

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک