په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢١\١٢\٢٠١١

کۆمەڵەی دوێنی، کۆمەڵەی ئیمڕۆ.

که‌ریم دانشیار   

ئاماژەیەک:

 

 

لە توێژینەوە و نرخاندنی کارایی و دینامیزمی هەر ڕیکخراوەیەکی سیاسی دا ئەگەر پێوانە و تەرازووی زانستی دەکار نەکەین، توێژینەوە و هەڵسەنگاندنەکەمان تووشی کەمایەسی دێت و لەوانەیە نەتوانێت بابەتیانە و سەردەمیانە لە جانتا بێتە دەر.


بیری سیاسی، بیری ئایینی، بیری پیشەیی و سەرجەم ئەو بیر و بیرۆکە کۆمەڵایەتییانەی کە لە درێژەی ژیانی مرۆڤی هەزاران ساڵ تا بە ئیمڕۆ دەگەڵ ئینسان هاتوون، هیچکامیان کوتوپڕ و لە چاوترووکانێکدا پوختە و پاکیزە لە ئاسمان بەر نەبوونەتەوە، بەڵکە به‌رهه‌می نیاز و پێداویستیی کۆمەڵگاکانی ئینسان لە هەر دەور و سەردەمێک دا بووه‌ که‌ لە مێشکی مرۆڤ دابه‌زیون، پەروەردە کراون و کراونه‌ته‌ پرده‌بازی حه‌سانه‌وه‌.


لە دایکبوونی هەر ڕێکخراوەیەکی سیاسیش چەشنی لە دایکزانی گیانداری زیندوو وایە. نیاز و پێداویستییەکانی ئینسانی تاریخییه‌ که‌ له‌ منداڵدانی کۆمه‌ڵگادا ورورەی گیانداری سیاسی دەگوورێنێ و لە هەلومەرجێکی شیاو دا کۆرپەکە دادەبەزینیت.

ده‌قی بزووتنه‌وه‌ی ساڵانی 60ی زایینی.


ساڵانی 60ی سه‌ده‌ی بیسته‌م به‌ره‌ژانێکی مه‌زنی سیاسی ـ کۆمه‌ڵایه‌تی جیهانی ئێمه‌ی به‌ره‌و له‌دایکبوونی کۆرپه‌یه‌کی نوێ ده‌برد.


شه‌ڕی ڤییه‌تنام (1975 ـ 1950)، له‌ سه‌ر پێ ڕاوه‌ستانی گه‌لانی ژێرده‌سته و، ‌سیمای دزێوی کاپیتالیزمی ئه‌مریکی پێکه‌وه‌ ده‌رخستبوو. له‌ هه‌مان کاتیشدا، کێشه‌ی نێوانی چین و مۆسکۆیش به‌ره‌ژانی سیاسی ـ کۆمه‌ڵایه‌تیی جیهانی ئێمه‌ی به‌ره‌و داتاشینی سێ ئۆردوگای دژ به‌ یه‌ک ڕێنموون ده‌کرد.


له‌ نێوان ئه‌م سێ ئۆردوگا دژ به‌یه‌که‌ دا دۆزینه‌وه‌ی [هه‌قیقه‌تی سیاسی] زۆر هاسان نه‌بوو. به‌ڵام ڕیبازی سه‌رکه‌وتوو له‌ شه‌قامی ئه‌و سه‌رده‌مدا بیری زاپاتا ـ چه‌کیڤارایی بوو.

زاپاتا ـ چەگیڤارا.


بیرئانینی قارەمانەتی و لەخۆ بوردوویی زاپاتای کەونارانی لە کتێب دا خۆی خزاندبوویه‌ سەر ئەکڕانی سینەما. سینەما جادەیەکی حەز و خولیاهەژێنی لە دڵی کۆمەڵگاکان دا کێشابوو و زاپاتا هەتا ئەوپەڕی خۆشەویستی و ڕێز، ڕەکێشی ناو مێشکی ئایدئۆلۆژیای ئینسانی کرابوو. سۆژەی زاپاتیستی خەباتێکی گوندستانی و لادێیانه‌ی دژ بە سیسته‌می حاکمی ده‌ره‌به‌گایه‌تی بوو، به‌ڵام ئاخر خۆ زۆرداری و غەدری بێ سنوور هه‌ر دوای کمونی سەرەتایی، بەهەشتێکی پڕ لە حەسانەوە و جەهەنەمێکی پڕ لە چەوسانەوەی له‌ ژیانی ئینسانیدا کردبوویه‌وه‌.. که‌واته‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی [هه‌قیقه‌تێکی سیاسی] خه‌باتێکی شێلگیرانه‌ی گه‌ره‌ک بوو؛ به‌ڵام ئاخۆ خه‌باتی شێلگیرانه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌م هه‌قیقه‌ته‌، له‌ شاره‌وه‌ ڕه‌وا بوو یان له‌ دێهاته‌کانه‌وه‌؟ شیوه‌ خه‌باتی ماوتسه‌تۆنگ یان تێکۆشانی سه‌رده‌مییانه‌؟

کۆمیته‌ی شۆڕشگێری دێموکرات.


له‌ نێوان ساڵانی (1968 ـ 1967)، له‌ لاشانی شۆڕشی بارزانی دا کۆمیته‌ی شۆڕشگێری دێموکرات وه‌ک باڵی چه‌پی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران، ئه‌لفبای بزووتنه‌وه‌یه‌کیان له‌ کتێبچه‌ی مێژووی تێکۆشانی گه‌لی کورد دا نووسی، که‌ هه‌تا ئه‌و ده‌م تاقانه‌ بوو. ڕێکخستنێکی دژ به‌ سه‌ره‌ڕۆیی و پاوانخوازی بوو که‌ له‌ سه‌ر بنه‌مای زانستی سیاسی ـ حیزبی ـ پراکتیکی که‌وته‌ ڕێ.


سه‌رکردایه‌تیی کۆمیته‌ی شۆڕشگێر هاوده‌م ده‌گه‌ڵ خه‌باتی لوکاڵی، په‌یوه‌ندییه‌کانیان ده‌گه‌ڵ جیهانی ده‌ره‌وه‌ی شاخ و چیا، به‌تایبه‌ت ده‌گه‌ڵ کۆنفیدراسیۆنی خوێندکارانی ده‌ره‌وه‌ و ناوه‌وه‌ی وڵات زیندوو ڕاگرت. ته‌نانه‌ت ده‌ستی یاریکاری بۆ لای که‌سایه‌تییه‌ ئازادیخوازه‌کان و حیزب و ڕێکخراوه‌ شۆڕشگێر و دێموکراته‌کانی ئێرانی و عێراقیش در‌ێژ کرا. به‌ڵام سیاسه‌تی ناڕوونی حیزبی توده‌ی ئێران و، لێکدانه‌وه‌ و کتێب خوێندنه‌وه‌ی ڕوناکبیرانی کوردی زانکۆکان و گه‌ڕان به‌ شوێن فاکت و فاکته‌ره‌کانی لێنین و ستالین دا، ده‌ردێکی ده‌رمان نه‌کرد. ته‌نیا مانه‌وه‌ی کۆمیته‌ی شۆڕشگێر له‌ به‌رامبه‌ر هێرشی ئێران و ڕێگا لێگرتن و ته‌نگ پێهه‌ڵچنینی سه‌رکردایه‌تیی شۆڕشی کوردستانی باشووریش ته‌مه‌نی تێکۆشانی که‌م کردنه‌وه‌.

آتش عشق پس از مرگ نگردد خاموش
کین چراغیست از این خانه‌ بدان خانه‌ برند


کارکردی تراژیدیای مه‌رگی کۆمیته‌ی شۆڕشگێر له‌ سه‌ر خوێندکارانی کوردی زانکۆکانی ئێران و ده‌ره‌وه‌ی وڵات به‌ ڕاده‌یه‌ک قورس و گران بوو، که‌ هانی دان ببزوون و نه‌هێڵن ته‌نیا مۆمی داگیرساوی وڵات به‌ بێده‌نگی دابمرکێته‌وه‌. له‌ زانکۆی تاران و ته‌برێز دا بزووتنه‌وه‌یه‌کی شاراوه‌ ده‌ستی پێکرد. سه‌ره‌تای ساڵی 1969 ، له‌ شاری تاران دا گروپێکی چوار که‌سی(کاک فوئاد مسته‌فا سوڵتانی ـ کاک عه‌بدولا موهته‌دی ـ کاک مێلح شێخ و کاک محمد حسێن که‌ریمی)، یه‌که‌م دانیشتنه‌کانیان ده‌ست پێکرد. دانیشتن و یه‌کتر بینینی گڕوپێکی خوێندکار کورد له‌ شاری تاران ، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بۆ چاک و چۆنی و ده‌ورکردنه‌وه‌ و ڕاهێنانی ده‌رسی زانکۆش بوایه‌، مه‌ترسی ئه‌مه‌یان له‌ پشت سه‌ر بوو که‌ بکه‌ونه‌ ژێر کۆنترۆڵی سیسته‌می داپڵۆسێنه‌ر و به‌ مره‌دی کۆمیته‌ی شۆڕشگێری کوردستانی بچن. به‌ڵام ڕێزانی و وره‌ی به‌رزی کاک فوئاد مسته‌فا سوڵتانی که‌ ده‌وری موتوری به‌هێزی ئه‌وده‌م و داهاتووی گروپی ناوبراوی ده‌گێڕا، نه‌یهێشت و نه‌یان هێشت شه‌می تازه‌ داگیرساوی کۆمیته‌ی شۆڕشگێر به‌ره‌و نه‌مان بچێت.


گروپی به‌ هه‌ژمار که‌م به‌ڵام سنگ ئاواڵه‌ی کاک فوئاد و هه‌ڤاڵانی، پشتیان به‌ هێزی به‌ربه‌رینی جه‌ماوه‌ری کوردستانه‌وه‌ گه‌رم بوو، چاوی هومێدیان به‌ زه‌حمه‌تکێشانی ئێران و ڕوناکبیرانی ده‌ره‌وه‌ و ناه‌ه‌وه‌ی وڵات پشت قایم بوو.


دروشمی سه‌ره‌کیی گروپی چوار که‌سی ڕاپه‌ڕین بۆ ئازادی و یه‌کسانی و لادانی سیسته‌می داپڵۆسێنه‌ری شاهه‌نشاهی ـ ئه‌مریکایی بوو.

شای ئێران ـ نۆکەری مەزلوومی ئەمریکا.


ڕژێمی پاشایەتیی په‌هله‌وی، بەرهەمی سیاسەتی فێڵبازانەی کاریزماتۆڕێکی ناسراو بە ڕەزاخانی میرپێنج بوو. ڕەزاخان، دوای به‌ لاڕێدا بردنی شۆڕشی مه‌شرووتییه‌ت، بۆ دانان و دامەزراندنی بناغەی حکومەتی فاشیستی، لە شیوەکاری هیتلەری، موسولینی و ئاتاتورکی کەڵکی وەرگرت و دواییش لە فرت و فێڵەکانی ئینگلیسیش بەهرەی ئه‌ستاندبوو. ڕه‌زاخانی میرپێنج خه‌ونی دوور و درێژی فاشیستیی له‌ مێشک دا په‌روه‌رده‌ ده‌کرد، به‌ڵام شەڕی جیهانی و به‌رژه‌وه‌ندیی وڵاتانی سەرکەوتووی شەڕ، ئەو پیرە کارزمایەیان لە وڵات دەرده‌فرتاند و محمدڕەزای ساویلکەیان لە جێی ئەو دا داسەپاند. محمدڕەزاشاە لە سەرەتا دا کایه‌کلێ(ئه‌سباب بازی)ی دەستی بریتانیا بوو، و دواییش خرایە بەر پێی ئەمریکاییەکان.


وڵاتی ئێران لە باری ئابووری ـ نیزامی ـ سیاسی و هەڵکەوتەیی باری جوگرافیاییەوە جێگە و پێگەیەکی فرە دەوڵەمەندی هەیە، بەڵام محمدڕەزاشای نۆکەری مەزلوومی ئەمریکا، تەنانەت واژۆکردنی فەرمانی فەرمیشی لە دەستی خۆیدا نه‌هێشت و هه‌رچی هه‌بوو پێشکەشی واشنگتنی کرد.


سیستەمی پۆلیسی ـ ژاندارمی ـ ساواکی سازکراوی ئەمریکا، لە شار و گوند و زانکۆ و ماڵ و مزگەوتی ئێڕان دا حاکمییەتی ڕەبەقیان گرتەدەست. زۆرداریی دەرەبەگە مەزنەکان و ژاندارمی حکومەتی لە دێهاته‌کاندا پشتی فەلە و جوتکار و ڕەشایی پێکه‌وه‌ تێک شکاند. قورسایی سێبەری ساواک و پۆلیس لە شارەکان دا، هەرچی دەراوی ڕوون بوو لێڵیان کرد و نەیانهێشت. لێپرسینەوە و سەرخوێندنەوە و لێکۆڵینەوە لە خوێندکاران و مامۆستایان، ورەی لە ئەژنوی فەلسەفە ئه‌ستاند. سه‌ربه‌خۆیی له‌ چواردیواری ماڵی ده‌زگای قه‌زایی ئێراندا نه‌ما و کاپیتولاسیۆن(پاراستنی تاوانکارانی ئەمریکایی و گوێنەدان بە قانوونی ئێڕان)، سیاسەتی دادوەریی ئێرانی خستە ژێر پرسیاره‌وه‌. داسەپانی فەلسەفەی پووچەڵ بە سەر سیاسەتی ڕاهێنان و پەروەردەکردنی فێرگە و زانکۆکاندا، چه‌شنه‌ کولتورێکی بێگانەپەرەستی و غەوارە پەروەریی قیزه‌ون جێگیر کرد. کوشتنی ڕوحی ئازادیخوازی لە کۆمەڵگای ئێران دا توێژی ڕوناکبیری هەژاند و بیرۆکه‌ی شۆڕشێکی توند و تیژی یەکپارچەی له‌ دایک زاند.

ڕێکخراوە سیاسییه‌ کلاسیکه‌کانی دژ بە سیاسەتی شاە ـ ئەمریکا.


حیزبی تێکۆشه‌ری سیاسیی ئێرانی،‌ حیزبی توده‌ی ئێران بوو. سیاسەتی یەک بان و دوو هەوای سۆڤییەتی ئەو سەردەم، حیزبی چینی کرێکار(تودەی ئێران)ی لە په‌راوێزێکی بێده‌سه‌ڵاتی و خەمناکانە دا ڕاگرتبوو. ڕێکخراوەی نیزامیی حیزبی تودەی ئێران، ئەگەرچی لە هەر بوارێک دا کارامەیەکی ئەوتۆ بەرز و بەهێزی هەبوو کە بتوانی هێزی جەماوەری و لایەنگرانی حیزب بە ڕێکخستن بگەیەنێت و شۆڕشێکی مەزنی هەتا سەرکەوتن ڕێبەری بکات، بەڵام سیاسەتی دەسندەخۆریی حیزبی تودەی ئێران لە مۆسکۆ، ئەو دینامیزمەی وشک کردبوو.


حیزبی دێموکرات و سەرجەم دێموکراتەکانی ئێرانیش هەتا ڕووخانی حکومەتی دوکتور محمد مێدق، دەمێک بۆ لای حیزبی تودە و جار جاریش بۆ لای هەڵمژینی هەوای ئازاد له‌ پیاسه‌ دابوون.


بەرەی نەتەوایەتی ئێران(جبهەی میللی ئێران)، به‌ره‌یه‌کی چه‌ند فیرقه‌یی و نایه‌کگرتوو بوون که‌ دژایەتییەکی مەسلەکی و قووڵیان دژ بە حێزبی تودەی ئێران ڕەچاو دەکرد. حیزبی تودەی ئێرانیش هه‌تا توانی دژ به‌ ئامانجه‌کانی به‌ره‌ی ناوبراو تێکۆشا و داری خسته‌ ناو چه‌رخی پێشوه‌چوونیانه‌وه‌.


له‌ دیزه‌ی ئه‌م شه‌له‌ شۆربه‌یه‌ دا ڕیگاچاره‌یه‌ک به‌دی نه‌ده‌کرا که‌ هۆمێدی هه‌ستانی خه‌ڵک و هه‌سدانی ڕژێمی شاهه‌نشاهی ـ ئه‌مریکی لێبکرێت

لە دایکبوونی بیرۆکه‌ی نوێ.


ئاکامی کۆدیتای ئینگلیسی ـ ئه‌مریکایی28 ی گەلاویژی ساڵی1332ی هه‌تاوی، سه‌رکوتکردنی بیری ئازاد بوو. له‌ کوردستاندا حیزبی دێموکڕات و حیزبی توده‌ی ئێران، نه‌ک وه‌ک حیزب، به‌ڵکه‌ وه‌ک بیر و باوه‌ڕ له‌ مێشکی کۆمه‌ڵگادا به‌ یادگار مان. به‌ڵام که‌م شه‌رتی و بێ پره‌نسیپیی سۆڤیه‌ت ده‌رهه‌ق به‌ کورد و به‌ ئارمانی له‌مێژینه‌ی کورد، مێشکی کۆمه‌ڵگاکه‌ی به‌ره‌و له‌ دایکبوونێکی دیکه‌ هان ده‌دا. له‌ ده‌ره‌ی کوردستانیش، به‌تایبه‌ی له‌ زانکۆکانی ناوه‌وه‌ی ئێران و له‌ کۆنفیدراسیۆنی خوێندکارانی ده‌روه‌ی وڵاتدا، نه‌وه‌ی نوێ به‌ شوێن هه‌ر ئه‌و ڕێگایه‌ دا ده‌گه‌ڕا که‌‌ کۆمه‌ڵگای کوردستانیش خولیا و ئاره‌زوومه‌ندی بوو.


به‌تێکڕایی، ڕه‌وڕه‌وه‌ی خۆش ڕه‌وتی ڕووناکبیری ئێرانی به‌ کورد و تورک و عه‌ره‌ب و فارس و ئه‌وا‌نی دیکه‌شه‌وه‌ که‌وتبوونه‌ سه‌ر شاڕێگه‌یه‌که‌وه‌ که‌ چه‌ورایی و ڕۆنی ناو چه‌رخی ڕه‌وڕه‌وه‌که‌یان بیری چه‌پی شۆڕشگێر و ڕادیکاڵ بوو.. بیری چه‌پی شۆڕشگێر و ڕادیکاڵێک که‌ به‌رامه‌ی بیری به‌رزی چه‌گیڤارایی لێ ده‌هات بوو به‌ باوی هه‌نگاونان.


ڕژێمی دوای کۆدیتای 28ی گه‌لاوێژ وه‌ک سیسته‌مێکی تۆقێنه‌ی داپلۆسێنه‌ری لێهاتبوو که‌ ده‌یان باسکی وه‌ک ژاندارم، پۆلیس، ساواک، روکنی دووه‌ی ئه‌رته‌ش، کوێخاسجیل، جاش، چلکاوخۆر و سه‌دان و هه‌زاران چاو و گوێی به‌کرێگیراوی به‌ هاناوه‌ هاتن. ڕژێم خۆی له‌ خۆیدا ئه‌وه‌نده‌ خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات نه‌بوو که‌ به‌ واته‌وات و بانگاشه‌ی خاسه‌ به‌کرێگیراوه‌کانی کرابوویه شه‌وله‌بانێکی به‌ ویشوومه‌ و خه‌ڵکی پێ تۆقێندرابوو. به‌ڵام له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م مێرده‌زمه‌ ترسناکه‌ی که‌ له‌ رژێم ساز کرابوو، خوێندکارانی زانکۆکانی ناه‌ه‌وه‌ و ده‌روه‌ی وڵات له‌ تێکۆشانێکی نهێنی دا به‌ره‌و ڕێکخستنێکی پۆڵایی ڕۆیشتن.

کێهه‌ فاکته‌ر به‌ فریای ڕاپه‌ڕین گه‌یشت؟


سەرجەم ئەو ڕێکخراوانەی کە دوای کۆدیتای 28ی گه‌لاوێژ لە دا لە دایک بوون، بەرهەمی ویست و خواست و نیازی تاریخیی بێ ئەملا و ئەولای دایکێک بوون کە دەبوایە کۆرپه‌ی نوێ له‌ داوێن دابه‌زێنێت. هێژای گوتنە کە لە بەرە ژانی له‌ دایکبوونی بیری نوێدا چه‌ند فاکتەرێکی سه‌ره‌کی یاریکاری پروسه‌سی لە دایکبوون هاتن، کە گرنگترینیان چالاکییه‌کانی کۆنفیدراسیۆنی خوێندکار و ڕوناکبیرانی دەرەوەی وڵات بوو بۆ له‌ قاو دانی پیلانه‌کانی ئه‌مریکا و یانیگرییه‌کانی ڕژێمی شا.. هۆکاری دووەمیشیان شۆڕسی سپیی شای ئێران بوو.

کۆنفیدراسیۆنی خوێندکارانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات.


بزووتنه‌وه‌ی خوێندکاری له‌ ئێراندا، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تا‌ و له‌ ڕیشه‌وه‌ له‌ سه‌ر ئایدۆلۆژیای مارکسیستی دامه‌زرا. دامه‌زرێنه‌رانی بزووتنه‌وه‌ی خوێندکاری گروپی 53 که‌سه‌ بوون به‌ سه‌رۆکایه‌تیی دکتر ته‌قی ئه‌رانی، که‌ ئه‌وانیش له‌ ناو جه‌رگه‌ی حیزبی دادپه‌روه‌ریی گیلان(1299ی هه‌تاوی) سازمان درابوون و دواییش حیزبی کمونیستی ئێرانیان دامه‌زراند.


ساڵی 1337ی هه‌تاوی، شای ئێران بۆ خۆ نزیک کردنه‌وه‌ له‌ زانکۆکان و بۆ کۆنترۆڵ کردنی بزووتنه‌وه‌ی خوێندکاری و نه‌هێشتنی بیری چه‌پ و ڕادیکال، بورسی خوێندکاری و دامه‌زراندنی یه‌کێتیی خوێندکارانی وه‌ئه‌ستۆ گرت. له‌ درێژه‌ی به‌ڕیوه‌بردنی ئه‌م سیاسه‌ته‌دا، کۆنفیدراسیۆنێکی ده‌سته‌مۆی خوێندکاری له‌ ئه‌ورپا دامه‌زراند که‌ شاهین فاگمی و ێادق قگب زاده‌ به‌ڕێوه‌به‌ر و بگێڕی بوون. به‌ڵام ئه‌و کۆنفیدراسیۆنه‌ که‌وته‌ به‌ر هێرشی خوێندکارانی چه‌پی مارکسیست و مائۆییست و داگیر کرا.


ساڵی 1340ی هه‌تاوی خوێندکارێکی چه‌پ به‌ناوی ناسر فخرئارایی له‌ به‌ر ده‌رگای زانکۆی تاران ته‌قه‌ی له‌ شای ئێران کرد و بریندای کرد. بزوتنه‌وه‌ی ڕوناکبیری و ده‌کارهێنانی چه‌ک وه‌ک بۆمبێکی لێهات و ڕژێمی تۆقاند. کۆنفیدراسیۆنی خوێندکارانی ئێران هه‌تا ساڵی 1354ی هه‌تاوی به‌هێزترین ڕێکخراوی ناحیزبی و دێموکڕاتیکی ئێرانی بوو

شۆڕشی سپیی شای ئێران.


شۆڕشی سپیی شای ئێران( 6ی ڕێبەندانی ساڵی1963) کۆمەڵێک ڕێفۆرمی کۆمەڵایەتی ده‌گه‌ڵ خۆیدا هێنا؛ خۆ ئه‌گه‌رچی ڕیفۆرمه‌که‌ بە فەرمانی شای ئێران و لە سەردەمی حکومەتەکانی دکتر علی ئەمینی، حەسنعلیی مەنسوور و ئەمیر عەباسی هویەدا هاتە ئاراوە، بەڵام کۆمەڵگای ئێرانی هەژاند. ئەم هەژینەش لە لایەن یه‌کێتی خوێندکارانی ئێرانی لە دەرەوەی وڵاتدا دەنگ و ڕەنگی دایەوە و ڕای گشتیی جیهانی لە برینداربوونی خەڵکی ئێران ئاگادار کرد.


له‌ ڕێوەڕەسمی تانج لە سەردانانی شا و شاژنی ئێراندا(4ی خه‌زه‌ڵوه‌ری 1968)، هه‌زاران میوانی ده‌ره‌کی و سه‌رانی حکومه‌ته‌کان له‌و جه‌ژنه‌ دا به‌شدار بوون. هه‌ر له‌م بۆنه‌ و ئاهه‌نگه‌ مه‌زنه‌ دا گڕوپێکی بەرهەڵستکار و لایەنگرانی سازمانی چریکە فیداییەکانی خه‌ڵکی ئێران دژ به‌ سته‌مگه‌رییه‌کانی حکومه‌تی ئه‌مریکایی له‌ ئێران ڕاسان و میوانه‌کانیان له‌ ژان و ژینی تاڵی خه‌ڵکی ئێران ئاگادار کرد. هه‌ر دوا به‌داوی ئه‌م تێکۆشانه‌، گرتن و ڕه‌پێچه‌کدان و دەستبەسەر کردن و تیربارانکردن ده‌ستی پێکرد. خوسره‌و گولسورخی و که‌ڕامه‌تی دانشیان دوو تێکۆشه‌ری مارکسیست بوون که‌ دوای دادگایی کردن، به‌ مه‌رگ مه‌حکوم کران .

بیری چەگیڤارایی ـ ڕێکخراوه‌ی سیاسی چه‌کدار.


لە کۆمەڵگای ئێرانی دوای کۆدیتای28 ی گەلاویژی ساڵی1332ی هه‌تاوی ، کە لە ئاکامی ئەو کۆدیتایە دا حکومه‌تی دوکتور محمد مێدق تێکڕوخێندرا و دەیان و سەدان تێکۆشەری سه‌ربه‌خۆ، مامۆستا، خوێندکار، ئه‌ندام و لایه‌نگر و ئه‌فسه‌رانی حیزبی تودەی ئێران چوونە بەر تەنافی دار و شای ڕاکردوویان پێ گەڕاندرایەوە تاران.


ئه‌و کۆدیتایه‌ گۆپاڵیکی ڕۆژئاوایی بوو که‌ به‌ مه‌به‌ستی کزکردنی بیری نه‌ته‌وایه‌تی و بیری چه‌پی شۆڕشگێر درابوویه‌ ده‌ستی شای ئێران. شای ئێران له‌ سه‌ره‌تای گۆپاڵ وه‌شاندن دا پێی وابوو ئیتر کار ته‌واوه‌ و ئاسه‌واری هێزی چه‌پی(حیزبی توده‌)ی نه‌هێشتووه‌. به‌ڵام هه‌ر له‌و سه‌روبه‌نده‌دا ژمارەیەکی بەرچاوی حیزبی تودەی ئێران وەک: ئیرەجی کەشکۆڵی، بیژەنی حیکمەت، محسن ڕیزوانی، کوروش لاشایی، تێهرانی و... دژ بە سیاسەتی دوو ڕواڵەتیی سۆڤیەت و بێ هەڵوێستیی حیزبی تودە، لە حیزبی توده‌ جیا بوونەوە و ڕێکخراوەیەکی ماویستییان پێک هێنا. کوروش لاشایی لە دەمی تێکۆشانی چەکداریی کۆمیتەی ئینقلابیی کوردستان، لە ئەوروپاوە گەڕایەوە و دەگەڵ کاک سلێمان(فایق ئەمین) و سەرانی کۆمیتەی ناوبراو دانیشت.


ڕۆژی14ی گەلاوێژی ساڵی 1344ی هه‌تاوی، محمد حنیف نەژاد، ڕێکخراوەی سیاسی ـ نیزامیی سازمانی مجاهیدینی خەڵکی ئێرانی لە سەر ڕێبازی سیاسی ـ چەکداری سازمان دا. مانگی خاکە لێوەی ساڵی 1350ی هه‌تاوی ،دوو گروپی تێکۆشەری مارکسیست پێکەوە ڕێکخراوەیەکی سیاسی ـ چەکدارییان بە ناوی ڕێکخراوەی چریکە فیداییەکانی خەڵکی ئێرانیان دامەزراند. گروپی یەکەم بریتی بوون لە بیژەنی جەزەنی، عەباسی سوورکی، عەلی ئەکبەری فەراهانی و محمد رەزای آشتیانی. گروپی دووەمیش مەسعود ئەحمەدزادە و ئەمیر پرویز پویان بوون.


هاوینی ساڵی 1342ی هه‌تاوی لە لایەن کەسانی وەک : وەک سلێمان معینی، سمکۆ شەریفزادە، محمد ئەمین سراجی، ملا آوارە، کۆمیتەی ئینقلابیی دێمکراتی کوردستان دادەمەزا.

کۆمه‌ڵه‌ی دوێنێ.

کۆمه‌ڵه‌ی دوێنێ به‌ هه‌ڵمژینی شنه‌ی ئازادی و له‌ ئاکامی پێداویستیی تاریخی، له‌ ژێر دوو به‌رداشی قورس و کڕ و گرژی سیسته‌مێکی فاشیستی ـ ئه‌مریکایی دا یه‌که‌مین نه‌مامی ناشت. فاشیزمی شاهه‌نشاهی و کولتوری سه‌رده‌میانه‌ی ئه‌مریکی له‌ ئێراندا مه‌زنترین خانی خه‌ته‌ر بوون له‌ سه‌ر ڕێگای کاک فوئاد و یارانی، به‌ڵام له‌ هه‌مان کاتیشدا ئه‌تمۆسفه‌ری سیاسه‌تی جیهانی و نێونه‌ته‌وه‌یی هومێدی ئه‌وه‌ی لێده‌کرا که‌ سیسته‌می پڕ زه‌بر و زه‌نگی ئاریامیهری به‌ره‌و فه‌شه‌ل بوون بچێت. هێزی چه‌پ دوای ماڵ هه‌ڵوه‌ژاردنێکی مه‌سله‌کی ده‌گه‌ڵ سیاسه‌تی مۆسکۆ، به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆبوون ده‌ڕۆیشت. سه‌ربه‌خۆیی هێزی چه‌پ چه‌شنه‌ یه‌کگرتوویی و هاوخه‌باتیشی پێوه‌ دیار بوو. واته‌ ڕوناکبیرانی شۆڕشگێر هێشتا نه‌که‌وتبوونه‌ نێو ورده‌ داوی ته‌سکی حیزبایه‌تی و، ڕه‌گه‌زپه‌رستیی سیاسی نه‌گه‌یشتبوویه‌ ئه‌و ڕاده‌یه‌ که‌ چه‌قۆ ده‌سکی خۆی ببڕێت. له‌ کوردستانیش دا بیری کلاسیک و حیزبی کلاسیک له‌ ناو خۆیدا و به‌ده‌وری خۆیدا هه‌ڵده‌سووڕا و له‌ ڕۆژی ڕووناک دا چرا به‌ ده‌سته‌وه‌ به‌ شووێن ڕیگایه‌ک دا ده‌گه‌ڕا که‌ ده‌رچی له‌ زه‌ل.

کۆمه‌ڵه‌ی ئیمڕۆ.


دێموکریت(له‌ دایکبووی 430 به‌ر له‌ زایین) ده‌ڵێ: هیچکه‌س له‌ ئاوی خوڕێنکی شوێنێکی یه‌ک چۆم دا دوو جار ناتوانی مه‌له‌ بکات. واته‌ ئاوێکی که‌ له‌ چرکه‌یکدا به‌ ژێر پێی تۆ دا تێپه‌ڕ ده‌بێ، ده‌ڕوات و ناگه‌ڕێته‌وه‌. کۆمه‌ڵه‌ به‌رهه‌می خواست و ویست و نیازی سه‌رده‌مێکی مێژوویی بوو که‌ هات و خۆی پێگه‌یان و تێپه‌ڕ بوو و ڕۆیشت. تکایه‌ تێپه‌ڕبوون و ڕۆیشتن به‌ جۆرێک لێک نه‌درێته‌وه‌ که گۆیا ئه‌م نووسراوه‌یه‌ مه‌به‌ست و هه‌ڵوێستێکی دژ به‌ کۆمه‌ڵه‌ی گرتۆته‌ به‌ر و سازی ناساز بۆ ڕێکخراوه‌یه‌ لێده‌دا که‌ هیشتایش خۆی به‌ ڕێڕه‌وی ڕێبازی ئه‌و بنه‌ماڵه‌ سه‌ربه‌رزه‌ ده‌زانێت. به‌ڵام به‌ قه‌ولی شاعیر:'' شینه‌ بۆ خۆمی ده‌که‌م تۆیش خۆمی''.‌


له‌ پرۆسه‌سی هاتن و تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ و داشکانی کۆمه‌ڵه‌دا فاکته‌ری پۆزه‌تیڤ و نیگه‌تیڤ کاریان کردووه‌. سه‌رجه‌م فاکته‌ره‌کانیش هی ده‌ور و سه‌رده‌میک بوون، واته ‌ئه‌وانیش هاتن و کاری خۆیان کردو تێپه‌ڕین. به‌ڵام هێژای گوتنه‌ کۆچی مه‌ریوان و سیاسه‌تی وه‌ردبینانه‌ی هاوڕێ کاک فوئاد کۆمه‌ڵه‌ له‌کوردستاندا هێنایه‌ سه‌ر لینگ و دوای شه‌هیدبوونی کاک فوئادیش ڕیزانیی کاک عه‌بدوڵا موهته‌دی کۆمه‌ڵه‌ی له‌ حه‌وت خانی خه‌ته‌ر پاراست. دیسان شایانی باسکردنه و ده‌بێ بگوترێت که‌‌ هاتنی گروپی مه‌نسووری حیکمه‌ت و هێنانه‌ گۆڕی پۆپۆلیسم و سازدانی حیزبی کمونیستی ئێران له‌ گونده‌کانی کوردستاندا بۆ کۆمه‌ڵه‌ یه‌کجار زۆر زوو بوو. کۆمه‌ڵه‌ تازه‌ ده‌هات شوێن پێی خۆی له‌ کوردستان دا قایم بکات و تازه‌ بۆ گه‌لانی ناوچه‌که‌ ده‌ناسرا، که‌ گروپی حیکمه‌ت له‌ کۆمه‌ڵه‌ دا و سازمانی مجاهیدینی خه‌ڵکیش له‌ حیزبی دێموکڕات دا ژه‌نگی خۆیان ڕشت. شه‌ڕی ناوخۆیی و ده‌رچوون له‌ به‌ڵینه‌کانی مێژوویی ئه‌و دوو ڕێکخراوه‌ کوردستانییه‌ ، هه‌ژه‌مونیی دوژمن و هاوپه‌یمانانی دوژمنی به‌ سه‌ر شۆڕشی کوردستاندا سه‌پاند.


به‌ بینینی من، کۆمه‌ڵه‌ی ئێمرۆکه‌یی کۆنه‌ تسبێحێکی پساوه‌ که‌ هیچ وه‌ستاکارێک ناتوانێت ده‌نکه‌ مورووی پڕژ و بڵاوی په‌نا و په‌سیوانی کۆ بکاته‌وه‌ و ژیانێکی سه‌رله‌نوێی بداته‌وه‌ به‌و هێزه‌ی که‌ سه‌رده‌مانێک ورده‌ ماسییه‌کانی نێو زرێی گه‌ل بوون.


کۆمه‌ڵه‌ی ئیمڕۆکه‌ییمان له‌ خه‌ڵک دابڕاوه‌. دابڕانی حیزب و ڕێکخراوه‌ به‌و مانایه‌ لێک ده‌درێته‌وه‌ که‌ بژیوی ژیان،که‌لێن و قوژبنی چالاکی، دزه‌ڕێگای پێدا تێپه‌ڕبوون، سه‌رلێشێواندنی دوژمن، ته‌ته‌ر و خه‌به‌ر به‌ر و گه‌لێک پێداویستیی تر له‌ لای خه‌ڵکه‌وه‌ ته‌رخان بکرێت. کۆمه‌ڵه‌ی ئێمرۆکه‌ ئۆردوگانشین و جیره‌خۆر و چاو له ‌ده‌سته‌.

ڕێچاره‌ !

گه‌ڕانه‌وه‌ به‌ره‌و دوا له‌ کردن دا نییه‌. به‌ره‌وپێش چوونیش ئه‌وه‌نده‌ هاسان نییه‌. له‌ جێدا هه‌ڵبه‌ز دابه‌ز کردنیش ده‌ردێک چاره‌ ناکا. ئه‌دی چ که‌رده‌ن؟


مانه‌وه‌ له‌ باشووری وڵات و ئۆردوگانشینی هه‌تا ئه‌وکاته‌ ده‌توانێ له‌ به‌رده‌وامی دا بێت ، که‌ سه‌وداگه‌ری و بده‌ بستێنه‌ی نێوانی هێزه‌کانی ناوه‌وه‌ی کوردستان، وڵاتانی مه‌ڵبه‌ند، به‌رژه‌وندی قووڵ و سنوورنادیاری زلهێزه‌کان و ئیسلامی سیاسی ده‌که‌وێته‌ لایه‌که‌وه‌. کێشه‌ی نێوان یه‌کێتی و پارتی و قومارکردنی ئه‌وان به‌ کارتی تورکمه‌ن و ئیسلام زۆر ناخایه‌نێت. تورکمه‌ن به‌ره‌ به‌ره‌ له‌ عێراقدا به‌ پله‌یه‌ک گه‌یشتووه‌ که‌ وه‌ک مه‌زنترین تابووری پێنجه‌می تورکیا حیسابی له‌سه‌ر بکرێ. ئیسلامی سوننه‌ش له‌ به‌ره‌که‌تی سیاسه‌تی جێگرتووی (فه‌تحوڵا گوله‌ن) دا بۆته‌ مه‌زنترین هێزی دژ به‌ عیلمانییه‌ت له‌ ناوچه‌که‌دا. فه‌تحوڵا گوله‌ن پێشه‌وایه‌کی ئایینی سوننه‌ی تورکیایه‌. ناوبراو ده‌وڵه‌مه‌ندترین سه‌رچاوه‌ی ماڵی و پوڵی و سیاسیی له‌ ژێر ده‌ست دایه‌. هه‌زاران هه‌زار مه‌رده‌سه‌، زانکۆ، ته‌کیه‌ و خانه‌قا، نه‌خۆشخانه‌ و ماڵی پیران و ئافه‌رتان و شتی تریشی له‌ زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری وڵاتانی ئیسلامی دا کردۆته‌وه‌ که‌ سه‌رجه‌میان ئاوی ئایین و که‌ونه‌په‌ره‌ستی ده‌ڕژێننه‌ ناو کۆره‌گه‌ی ئاشی مرۆڤی سه‌رده‌م. له‌ فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌ودا دین له‌ سیاسه‌ت جیایه‌، به‌ڵام فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌و به‌مه‌ ده‌ست پێده‌کات که‌ ئێمه‌ نابێ چاوه‌ڕان بین ئه‌و له‌ ئێمه‌ نزیک ببێته‌وه‌، به‌ڵکه‌ ئه‌وه‌ ئێمه‌ین ده‌بێ به‌ره‌و ئه‌و بچین. له‌ فه‌لسه‌فه‌ی فه‌تحوڵا دا ئه‌م (ئه‌وه‌) ئاتاتورکه‌. دروشمی سه‌ره‌کیی ڕاهێنان و په‌رورده کردن له‌ هه‌زاران مه‌درسه‌ و زانکۆی سازکراوه‌ی فه‌تحوڵا گولن دا ئه‌مه‌یه‌: '' له‌ خه‌تی ئاتاتورک و له‌ خزمه‌ت ئه‌م وڵاته‌ دا ده‌چینه‌ پێش''.


قسه‌ی دواییم : چه‌ند باڵه‌ کۆمه‌ڵه‌یه‌کی که‌ هه‌ر ئێستا له‌ زڕه‌گوێز نیشته‌جێن و شه‌و به‌ ڕۆژ ده‌گه‌یه‌نن، به‌ هه‌موو بانگاشه‌ی ساتالایته‌کانیان و به‌ سه‌رجه‌م هه‌را و هه‌نگامه‌ی که‌ ئه‌و بۆ لای ئێمه‌ هات و ئه‌م بۆ لای ئه‌وان چوو، به‌رگه‌ی یه‌ک مانگ بێ مه‌عاشی و جیره‌ وه‌رنه‌گرتنێک ناگرن. به‌ڵام له‌و دیوی سنووره‌وه‌، واته‌ ئه‌مه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان دا خه‌ڵکێکی چاوه‌ڕان و تینووی یه‌کگرتن و هاوخه‌باتیی هه‌موو هێزه‌کانن.


کۆمه‌ڵه‌ی په‌نجاکان و شه‌سته‌کان ڕۆیشت و ناگه‌ڕیته‌وه‌. به‌ڵام گه‌ڕانه‌وه‌ و بادانه‌وه‌یه‌ک به‌ره‌و خه‌ڵک و ده‌ستپێکردنه‌وه‌یه‌کی تازه‌ی سه‌رده‌میانه‌ ده‌ست لێنه‌دراو ماوه‌ته‌وه‌ که‌ به‌ بڕوای ئه‌م نووسراوه‌یه‌ هه‌ر ئه‌وه‌ ڕێچاره‌یه‌ و به‌س!

 

gagesh@bredband2.com

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک