٢٠\٧\٢٠١١
کۆمەڵەى
سینەماکارانى کوردستان راگەیاندرا.
کۆمەڵەى سینەماکارانى کوردستان ئەمرۆ سێشەممە لەهۆڵى ئۆتێل چوارچراى
شارى هەولێر لەکۆنگرەیەکى رۆژنامەنوسیدا راگەیاندرا.
لەکۆنگرەیەکى رۆژنامەوانید پێشنیوەرۆى ئەمرۆ سێشەممە بەئامادەبوونى
ژمارەیەک لەئەندامانى دەستەى دامەزرێنەر کۆمەڵەى سینەماکارانى کوردستان
راگەیاندرا.
لەسەرەتاى کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا هونەرمەند شوان عەتوف کەیەکێکە
لەدامەزرێنەرانى کۆمەڵەکە بەیاننامەى ژمارە یەکى کۆمەڵەکەى خوێندەوە
کەتیایدا هاتبوو" بە هۆى گرنگى و کاریگەرى هونەرى مودێرنى سینەما لە
کایە جۆراوجۆرەکانى ژیانى مرۆڤى ئەم سەردەمە و کارتێکردنى گەورەى لە
سەر رەوشى سیاسی جیهاندا، دامەزراندنى کۆمەڵەى سینەماکارانى
کوردستانتان پێ ڕادەگەیێنین، تاکو نوێنەرایەتى زۆرینەى سینەماکارانى
کوردستان لە سەر ئاستى تێکڕاى کوردستان و جیهان بکات".
هەر لەبەیاننامەکەدا هاتووە " کۆمەڵەکە، کۆمەڵەیەکى سەربەخۆى ناحکومیە
و بە نووسراوى ژمارە 29843 ى رێکەوتى 22/12/2010 مۆڵەتى لایەنى
پەیوەندیدارى وەرگرتووە، تاکو هەوڵ بدات بۆ کۆکردنەوەى سینەماکارانى
کوردستان".
بەپێى بەیاننامەکە ئامانجى کۆمەڵەکە بریتییە لە بایەخدان بە هونەرى
سینەما و بوارى فیلمسازى" بە هۆى پێگەى سینەما کە ئامرازێکى کاریگەرە
لە خزمەتکردنى پرسە مێژووییەکانى گەلى کوردستان و، هەروەها بە مەبەستى
داکۆکى کردن لە مافەکانى سینەماکاران وەکو سەرمایەکى پڕ بەهاى مرۆڤى".
لەبەیاننامەکەدا تیشک خراوەتە سەر ئەوەى کە دواى "تاوتوێ کردنێکى زۆرى
ئەم چەند مانگەى رابردوومان بۆ رەوشەکە و، دواى چەندین کۆبوونەوەى
ئەندامانى دەستەى دامەزرێنەر لە شارە جیاکانى کوردستان و، راوێژ لە گەڵ
پسپۆرانى خۆماڵى و بیانى و، دواى پڕ کردنەوەى فۆرمى بە ئەندام بوون بۆ
دەیان کادیرى ئەم بوارەوە، وەکو ئەرکێکى مێژوویى و ئاکارى بە پێویست
زانرا ئەم هەڵوێستەمان رابگەیێنین".
دواتر حەسەن عەلى سەرۆکى کۆمەڵەکە گرنگى کۆمەڵەکەى بۆ رۆژنامەنوسان
رونکردەوەو رایگەیاند کە دامەزراندنى ئەم کۆمەڵەیە گرنگى خۆى هەیە بۆ
پەرەپێدانى بوارى سینەما لەهەرێمى کوردستانداو وتى"ئەم کۆمەڵەیە هەوڵ
ئەدات زۆرینەى سینەماکارانى کوردستان لەخۆ بگرێتء کار بکات بۆ
بەدەستهێنانى سیستەمێکى سینەمایى هاوچەرخء ئەوەش ببێتە بونیادێک بۆ
کارکردنى زیاترى سینەماکارانى کوردستان".
دواتر هەر یەک لەفەرزین کەریم وتەبێژى کۆمەڵەکەو شوان عەتووفء حەسەن
عەلى وەڵامى پرسیارەکانى رۆژنامەنوسانیان دایەوە.
ئەمەى خوارەوە دەقى بەیاننامەى ژمارە یەکى کۆمەڵەکەیە:
بەیاننامەى ژمارە
یهکی کۆمەلەى سینەماکارانى کوردستان.
هونەرمەند و چین و توێژو کۆمەڵانى خەڵکى هونەردۆستى کوردستان...
بە هۆى گرنگى و کاریگەرى هونەرى مودێرنى سینەما لە کایە جۆراوجۆرەکانى
ژیانى مرۆڤى ئەم سەردەمە و کارتێکردنى گەورەى لە سەر رەوشى سیاسی
جیهاندا، دامەزراندنى کۆمەڵەى سینەماکارانى کوردستانتان پێ ڕادەگەیێنین،
تاکو نوێنەرایەتى زۆرینەى سینەماکارانى کوردستان لە سەر ئاستى تێکڕاى
کوردستان و جیهان بکات.
کۆمەڵەکە، کۆمەڵەیەکى سەربەخۆى ناحکومیە و بە نووسراوى ژمارە 29843 ى
رێکەوتى 22/12/2010 مۆڵەتى لایەنى پەیوەندیدارى وەرگرتووە، تاکو هەوڵ
بدات بۆ کۆکردنەوەى سینەماکارانى کوردستان، بە ئامانجى بایەخدان بە
هونەرى سینەما و بوارى فیلمسازى، بە هۆى پێگەى سینەما کە ئامرازێکى
کاریگەرە لە خزمەتکردنى پرسە مێژووییەکانى گەلى کوردستان و، هەروەها بە
مەبەستى داکۆکى کردن لە مافەکانى سینەماکاران وەکو سەرمایەکى پڕ بەهاى
مرۆڤى. بۆیەشە دواى تاوتوێ کردنێکى زۆرى ئەم چەند مانگەى رابردوومان بۆ
رەوشەکە و، دواى چەندین کۆبوونەوەى ئەندامانى دەستەى دامەزرێنەر لە
شارە جیاکانى کوردستان و، راوێژ لە گەڵ پسپۆرانى خۆماڵى و بیانى و،
دواى پڕ کردنەوەى فۆرمى بە ئەندام بوون بۆ دەیان کادیرى ئەم بوارەوە،
وەکو ئەرکێکى مێژوویى و ئاکارى بە پێویست زانرا ئەم هەڵوێستەمان
رابگەیێنین.
ئەم کۆمەڵەیە لە کاتێکدا بەم ئەرکە مێژوییە هەڵدەستێت کە وێڕاى هەنگاوە
جیدییەکانى فیلمسازانى کوردستان لە شوێنە جیاکانى جیهان، لە بە
جیهانیکردنى پترى پرسە رەواکانى گەلەکەى و رەنگدانەوەیەکى زۆر گەورەى
ئەم هەنگاوانە لە سەر ئاستى جیهاندا، بەڵام بە داخەوە بە هۆى زاڵبوونى
بیروکراسیەت و نەبوونى رۆشنبیرى سینەمایى و بوونى سیستەمێک کە لە گەڵ
راستى و باروودۆخى هەنووکەیى بوارى فیلمسازى ناگونجێت، کۆمەڵێک گیرو
گرفت هاتوونەتە بەردەم ئەم هەنگاوە نەتەوەیى وستراتیجیکیانەوە.
بۆیەشە دەیەوێت رەوشێکى لە بارتر بۆ بوارى فیلمسازى بخوڵقنێت و،
هاوکاریى ئەرێنیى دامودەزگاکانى پەیوەندیدار بەم پرسانە بکات و، هەوڵ
بدات بۆ ئەوەى لە داهاتووشدا خەمخۆرانە، بە دروست کردنى سیستەمێکى
گونجاو، زۆرترین بەرپرسیارەتى پەیوەست بە بوارى سینەما و فیلمسازى لە
ئەستۆى خۆى بگرێت.
ئەم کۆمەڵەیە، لە پاڵ ئەوەى وەکو ئامرازێکى جیهانى دەڕوانێتە سینەما و،
دەخوازێت پردێکى پتەوتر لە گەڵ سینەماى جیهانى دروست بکات، لە
هەمانکاتیشدا چونکە سینەما کۆکەرەوەى تێکڕاى لقە هونەرى و وێژەیى و
رۆشنبیرییەکانیشە، لە سەر ئاستى ناوخۆى کوردستانیش بە هۆکارێکى
پەروەردەیشى دەزانێت ، بۆیەشە پەرەپێدانى کلتور و فەرهەنگى سینەمایى و
دروستکردن و چاودێریکردنى هۆلى مۆدێرن و، خوڵقاندنى پەیوەندییەکى روحى
لە نێوان خەڵک و سینەما، بە کوڵەکەى کارە بنەڕەتیەکانى دەزانێت.
کەواتە، بە هۆى رۆڵى سینەما لە هەموو کایە و لایەنە سیاسى و کۆمەڵایەتى
و پەروەردەیى و رۆشنبیرى و ...تاد، ئەم کۆمەڵەیە نەک تەنیا هى هەموو
سینەماکار و فیلمسازانى کوردستانە، لە هەمانکاتیشدا هەموو تاکێکى
دڵسۆزى کۆمەڵگاى کوردستانیش دەتوانێت خۆى تێدا بدۆزێتەوە و خۆى بە
ئەندامى بزانێت، بۆ ئەم مەبەستەش بە شێوازێکى ئاکادیمى و بە کردنەوەى
تەواوى دەرگاکانى دیالۆگ و خستەنەڕووى هەموو ئامانج و ستراجیەت و پرسە
ماڵى و کارگێڕییەکانەوە، دەمانەوێت ئەو پەڕى شەفافیەت دروست بکەین تاکو
ئامانجەکانى کۆمەڵە بێتەدى ، تا دواتر لە هەمبەر هەر هەڵوێست وەرگرتنێک
لە پێشهات و رووداوەکانى پەیوەست بە ئەم بوارەوە، هەموو خەڵکى کوردستان
پاڵپشتى لێبکات.
لە گەڵ رێزماندا..
بۆ پەیوەندى کردن، نووسینگەکانى:
1- هەولێر 009647504541385
2- سلیمانى 009647705033505
3- دهۆک 009647504576458
4- کەرکوک 096475032658680
یان ئیمێلى:
Kurdishcinemasocity@yahoo.com
دەستەى دامەزرێتەرى
کۆمەڵەى سینەماکارانى کوردستان
19/7/2011
|