٢٩\٤\٢٠١٤
کۆمەڵگا بە
رۆشنبیریی دەگۆڕێ نەک پارە.

شوان عوسمان
بێگومان رۆشنبیر پێناسەی جیاوازی هەیە، کەوابوو ئەرکی جیاوازیشی دەبێت،
لە هەر قۆناغێکی گەشەی کۆمەڵایەتیشدا پێناسەو ناوێکی سەربەخۆی خۆی هەیە،
هەوەها قەتیس بوونی رۆشنبیر لە یەک قالب ودەستەواژەدا قەتیس بوونی
ئیرادەی ئازادی ئەوە، لەبەرئەوەی رۆشنبیری ئاسۆو فەزایەکی بەرفرەوانە،
بە دڵنیاییەوە رۆشنبیر دەبێت خودانی بیرێکی رۆشنتر بێت لە بیری
کەسانێکی ئاسایی، جیاوازی لە نێوان رۆشنبیراندا لە رووی رەنگ وشێوازەوە
نیە، بەڵکو لە رووی شێوازی بینین وجۆری بیر کردنەوەیە، هاوکات جیاوازی
بیر کردنەوەش هۆشمەندی جیاواز و شێوازی کۆمەڵگای جیاوازی فرەرەنگ
وفرەدەنگ دێنێتە بەرهەم..
رۆشنبیر با بتوانێت شتێکی چاک بنوسێت وقسەیەکی جوان بکات وهونەرێکی
بەبەهرە بخاتە روو، بەڵام ئەگەر رۆشنبیر نەتوانێت کارێکی ئەوتۆ بکات کە
گۆڕانکاری لە عەقل وهەست وسایکۆلۆژیەت وئیرادەی کۆمەڵ بکاتت، ئەوا
ناتوانین ئاسۆیەکی گەشی رۆشنبیری ببینین بەلکو بەهرەداری وهونەروەرییەک
دەبینین، رۆشنبیر دەبێت ناسنامەی دیارو سەربەخۆی خۆی هەبێت، تا ببێتە
خاوەنی پەیامی تایبەتی خۆی بۆ کۆمەلگایەک کە پێویستە رووەو گۆڕان هەول
بدات، لەبەرئەوەی رۆشنبیری لە گۆڕینی کۆمەلگاکەدا رۆلێکی راستەوخۆو
کاریگەری هەیە بۆ داهاتنی رووداوی گەورەی گۆڕانکاریەکان..
رۆشنبیر دەبێت بوێر بێت بەر لە هەموو شتێک تا کۆمەلگایەکی بوێر بێتە
ئاراوە، هەروەها تا بتوانێت دەستکاری پاشخانی کۆمەلگاکەی بکات کە
بوونەتە نەریت ودیاردەو بۆماوەیەکی دواکەوتن ومانەوەی شتە تاپۆو بڤەو
تارماییەکانی کۆمەڵ هەروەکو خۆی، نەک ئەو بە گوێرەی خواست وبەرژەوەندی
کۆمەڵ وبتە کۆمەڵایەتی وبتەکانی دەسەڵات رەفتار بکات وبسوڕێتەوە،
زۆرجار مرۆڤێک بەرهەمێکی زۆر چاک وجوان دێنێتە بەرهەم، بەڵام لە
راستیدا هاوشانی جوانیەکە هیچ گۆڕانکاریەکی تازە ناهێنێتە بەر تا ببێتە
دەستەکەوتێکی مەزنی نەتەوەیی ونیشتیمانی ئەو کۆمەلگایە هەروەها ببێتە
شکۆیەکیش بۆ هەردوولا.. کۆمەلگا هەر لە خۆیەوە ناگۆڕێت تا کەسانێکی
بوێرو کۆڵنەدەر دەرنەکەون تا ببنە چاوگ وپێشڕەوی گۆڕانێک کە دەبێتە
هۆکارێکی گۆڕینی ئاست وبارە نەگۆڕو نەشلەقاوەکان، هەروەها داهێنانی نوێ
وگۆڕانکاری تازە...
دیارە لە هەموو کۆمەلگایەکدا بە گوێرەی عەقلیەتی ئەو کۆمەلگایە کۆمەلێک
شتی تاپو وبڤەی جیاواز هەیە کە ئاستی رۆشنبیری کۆمەڵگاو عەقلیەتی
هاوڵاتیان دیاری دەکات، بەڵام بە گشتی چەند دەزگایەک هەیە لە هەموو
کۆمەلگایەکدا دووبارە دەبێتەوە کە رێ لە رێگاکانی گۆڕان وداهێنانی تازە
دەگرێت ،ئەوانیش (ئایین وکەلتوور وسیاسەت)ن ئەو سێ جومگە کۆمەڵایەتیانە
بە گشتی وەکو دەزگایەکی کۆمەڵایەتی وسیاسی ورۆشنبیری رۆلێکی زۆر دیار
دەبینن لە دواکەوتن وپێشکەوتنی کۆمەلگا وسیستمی بەڕێوەبردنی
وڵاتەکاندا، هەریەکەشیان بە شێوەیەک هاوکارو یاریدەدەر دەبن لە نێوان
یەکتردا، بۆ مانەوەی کۆمەلگا لەسەر هەمان بارو ئاستی باو ودێرینیدا،
ئەگەر هاوڵاتیان نەکەونە خۆیان وخۆیان لە پەرستن ودەستەمۆ بوون و وبە
پیرۆز کردنی ئەوانەوە رانەپسکێنن، ئاسان نیە چاوەڕێی ئایندەیەکی جیاواز
وباشتر بکرێت، دیارە بۆ سەرکەوتنی پەیامی خۆیان هاوشانی دەسەڵات
هەریەکەیان هەول دەدات بۆ سەرخستنی پەیامی یەکتر، هەریەکەیان هەول
دەدات کۆمەلگا وەکو خۆی بمێنێتەوە، هەروەها دەبێت رۆشنبیری بتوانێت رێ
لەو مەزەندەیەش بگرێت کە دەلێت کۆمەڵگا بە پارەو دەرامەت دەگۆڕێت،
زۆرجار ئەوانە سەری وڵات دەخۆن لەبڕی ئاوەدانی بکەنەوە، ئەگەر بە
نەزانی بەکار ببردرێن، کۆمەڵگا بە هۆش وبیرو هزرو کاری عەقلەوە
دەگۆڕێت...
٢٠١٤ - هۆلەندە
ماڵپهڕی
شوان عوسمان
|