١٧\١٢\٢٠١٢
کۆمەڵگەی مەدەنی
چیە؟

بەنگینە
پیرۆت نوری
(کۆمەڵی مەدەنی پێناسە و شیکردنەوەی زۆری لە
سەر کراوە،لای ھەندێک وەک کۆمەڵێک پێناسە کراوە کە تیایدا پێکھاتەی نا
دەوڵەتیەکان،دەربڕ و داکۆکی کاری خواست و بەرژەوەندیەکانی توێژە جۆرا و
جۆرەکانن.پێناسەیەکی تر دەڵێ:کۆمەڵگای مەدەنی، مەیدانێکە لە پەیوەندیە
کۆمەڵاتیەکان،دورە لە دەست تێوەردانی دەسەڵاتی سیاسی،کۆمەڵێک بنەماو
دەزگاو دامەزراوەی تایبەتی خۆی ھەیە.بەگشتی کۆمەڵگای مەدەنی ھەموو
کۆمەڵ لە ئامێز دەگرێت،ھاوسەنگی تاک و کۆمەڵ دەپارێزێت،لە ڕووی
بەرژەوەندی و ئارەزوەکان و بیرو باوەڕ..ھتد،بۆ وەدی ھێنانی
ئاواتەکانیان.).
(کۆمەڵی مەدەنی کۆمەڵێکە لەسەر بنچینەی مافی میللەت لە ھەبوونی خۆشی و
ئازادی،کۆمەڵێکە یاسامەند و سەرانسەر ئاشکرا کە فرە حزبی،ڕەوا بوون و
لێپرسراوێتی ھاونیشتیمانی،بنچینەی دیدو سروشتی کەسایەتی پێک
دێنن،کۆمەڵێکە تیایدا مرۆڤ مافی چارەی خۆنوسینی ھەیە.،بۆ کردنە واقعی
ئەم مافە خۆ ڕێک دەخەن و بەم خۆ ڕێکخستنە لەبەرامبەر دەوڵەت و ئەو
زوڵمانەی لەنێو کۆمەڵدا ڕووبەڕووی دەبنەوە،بەرگری لە خۆیان
دەکەن،کۆمەڵگە پێگە سەرەکیەکەی کۆمەڵی ژنانی خەباتگێرە لەپێناوی ئازادی
و کۆمەڵێکە وەک کۆمەڵی ژنانی ئازاد،کۆمەڵێکی تێکۆشەر لەپێناوی
ئازادی.کەواتە کۆمەڵی مەدەنی کۆمەڵێکی خەیاڵی نیە،کۆمەڵێکە تیایدا
برسێتیش ھەیە و ستەم و نەزانیش ھەیە.بەڵام لەوێ برسیەکان دەتوانن ڕێک
بخرێن ،ستەم لێکراوان دەتوانن یەکگرتوانە ڕاپەڕن و داوای ھەق
بکەن،نەزانی ناتوانێت بەسەریاندا زاڵ بێت.بۆیە کۆمەڵی مەدەنی ھەم
زەمینە خۆشکەری پێشکەوتنە ھەم لە ڕووی ئەو توانایەی بۆ گەشەستاندنی
ھەمە لایەنە دەڕەخسێ،بەری پێشکەوتنە،بەتایبەتی لەلایەنی
ئابوریدا.کۆمەڵی مەدەنی بەشێوەیەکی ئاسایی لە وڵاتێکدا پێکدێت کە
قۆناغی دواکەوتوویی ببوێرێ.لە ئێران ئێستا بارودۆخ بە جۆرێکە دەتوانرێت
بگوترێت لە کاریگەری بەرامبەری نێوان مەدەنیەت و پێشکەوتنی ئابوریدا
نۆرەی مەدەنیەتە کە کاریگەر بێت. بۆیە مەدەنیەت پێویستی بە بازوی
پێشکەوتن ھەیە،دەبێ بیر لە ھێزی دەرکراو بۆ دەرەوە بکرێتەوە و بۆ وڵات
بگەڕێندرێتەوە،بۆ نمونە بەیارمەتی ئەو ئێرانیانەی کە ئێستا لە نیویورک
و پاریس یان بەرلین بەناچاری شوفێری تەکسین،دەتوانین بڵێین ئەوان ئەو
بازوەن کارگەو کارخانە و ھەروەھا کۆلیژی بەسود دابمەزرێنن.).
-١-
کۆمەڵگای مەدەنی چۆن دروست دەکرێت؟
بۆ زامن کردنی کۆمەڵکای مەدەنی پێویستە دەوڵەت لەقالب بدرێت لە
ڕێگای:
ا-
چاودێری کردنی دەسەڵاتەکانی.
ب- دیموکراتیزە کردنی دەزگاکانی.
ئینجا دەتوانرێت ئەو کۆمەڵگایە دروست بکرێت بەھۆی:
١- مسۆگەر کردنی سەربەخۆیی بۆ ھەموو
دامەزراوە مەدەنیەکان.
٢- پاراستنی مافی ژیانی ئەنجومەنەکان و
ھەموو حزبە سیاسیەکان.
٣- پێکەوە ژیانی ھەموو گروپە کۆمەڵاتیەکان
بەجۆرێک کە ئەنجامی ھەموو ململانێیەکانیان بە بەرژەوەندی گشتی تەواو
ببێت.
٤- دروستکردن و ڕاھێنانی مرۆڤەکان بۆ وەدی
ھێنانی سەرکردەی سیاسی نوێ کە بەشارەزای خۆی بتوانێ داھێنان
لەکارەکانیان ئەنجام بدات بۆ خزمەتی کۆمەڵگای مەدەنی.
کۆمەڵگای مەدەنی لەبواری زمانەوانیدا.
(کۆمەڵی مەدەنی،واتایەکی کۆنە کە لە سەدەکانی دوایدا ژیاوەتەوە و لە
دەیەکانی دوایدا ژیان و وزەیەکی تازەی وەبەرھاتۆتەوە.رۆمانی کۆن
لەزمانی لاتینیدا پێیان دەگوت socIetas cIvILIs کەبەپێیی واتای یۆنانی
popLItIke koInonIa(کۆمەڵی سیاسیpoLItIkaL society ).دروستکراوە.بەواتایەکی
دیکە،واتای یۆنانی (کۆمەڵی سیاسی) بەزاراوەی لاتینی (کۆمەڵی مەدەنی)
وەرگێردراوە.ئەو ھێمایەی لەبەرھەمەکانی ئەرستۆی(٣٨٤-٣٢٢پ.ز) فەیلەسوفی
یۆنانی،سیسرون(١٠٦-٤٣پ.ز) فەیلەسوف،ئەدیب و گوتاربێژی ڕۆمایی بۆ ئەم
واتایە کراوە،خۆی لە خۆیدا لەپێشینە کۆن و ڕەسەنەکەیەوە سەرچاوە
دەگرێت.لە فکری خۆرئاواش،سەرەتای جیاکردنەوەی کۆمەڵ و دەوڵەت بۆ سەدەی
ھەژدەم دەگەڕێتەوە.لەو تیورانەدا کۆمەڵگەی شارستانی بووە مەیدانی
دابەشکردنی کار و بەرھەمھێنانی سامان و ڕێککەوتن و ئاڵوگۆڕ.
-٢-
دەوڵەت و کۆمەڵگای مەدەنی.
(دەبێ دەوڵەت و کۆمەڵی مەدەنی بەھاوبەشی کار بکەن و ھەریەکەیان کاری
ئەوی تریان ئاسان بکەن،لەھەمانکاتدا،وەکو ھۆکارێکی چاودێر لەسەر ئەوی
تر دەربکەون.ھیچ جۆرە سنورێکی ھەتایی لەنێوان دەوڵەت و کۆمەڵی مەدەنیدا
بوونی نیە.ھەندێک جار پێویست دەکات،دەوڵەت زیاتر خۆ بھاوێتە ناو
پانتایە مەدەنیەکان و ھەندێک جاریش وادەخوازێت بکشێتەوە،ئەمەش پەیوەندی
بە بارودۆخ و ھەل و مەرجەکانەوە ھەیە.لەو چوارچێوانەدا،کە دەوڵەت خۆی
لەبەشداریی ڕاستەوخۆ دەپارێزێت. ڕەنگە سەرچاوەکانی دەوڵەت پێویست بێت
بۆ پاڵپشتیکردنی ئەو چالاکیانەی گروپە ناوخۆییەکان لەئەستۆی دەگرن.) (بەم
پێیە،پەیوەندیەکی ئۆرگانیکی لەنێوان ئۆرگانەمەدەنیەکان و دەزگا
حکومەتیەکاندا ھەیە.حکومەتی دیموکراسی بەبێ مەدەنیەت و مەدەنیەتیش بەبێ
حکومەتی دیموکراسی،بوونیان نابێ.بەڵام گرنگ ئەوەیە ئەو پەیوەندیە
ئۆرگانیکیە،بەشێوەیەکی دیموکراسی ڕاستەقینە،وەکو دوو ئاقاری جیا،بەڵام
لەھەمانکاتدا،تەواوکەری یەکدی،مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێ.).
(کۆمەڵگەی شارستانی،کۆمەڵەیەکی مرۆییە کە لەدۆخی سروشتی دەرباز بووەو
چۆتە دۆخی مەدەنیەتەوە ئەمیش لەبوونی ھەیکەلێکی سیاسی دامەزراو لەڕێگەی
ڕێککەوتنێکی ھاوپەیمانیدا خۆیدەخاتە ڕوو.کەواتە کۆمەڵگەی
شارستانی،کۆمەڵگەیەکە لە ڕووی سیاسیەوە ڕێکخراوە و لە"گشت"ێکدا چەسپاوە
کە کۆمەڵ و دەوڵەت لەخۆ دەگرێ.).
بیرو ڕای جیاواز دەربارەی کۆمەڵگەی مەدەنی.
("فریدریش ھێگڵ-١٧٧٠-١٨٣١" فەیلەسوفی
ئەڵمانی، بەکتێبی فەلسەفەی ھەق
"١٨٢١" تیشکێکی تازەی لەباسی کۆمەڵی
مەدەنیدا. ئەو دەڵێ قەڵەمڕەوی ئەم
کۆمەڵە،لەنێوان دوو قەڵەمڕەوی دەوڵەت و خێزان دایە و بەھۆی ئەو شوێنەی
کە ھەیەتی،ڕێکخەری ژیانی ئابووری کۆمەڵە.ھێگڵ بەم ڕیزبەندیە،واتای
کۆمەڵی مەدەنی زۆر فراوان کرد.ھێگڵ نە تەنیا پەیوەندیە
ئابووریەکان،بەڵکو ھەموو ڕێکخراو و دەزگا سەربەخۆکانی لە قەڵەمڕەوی
کۆمەڵی مەدەنیدا جێ کردۆتەوە.).
"کارل مارکس-١٨١٨-١٨٨٣"فەیلەسوفی ئەڵمانی و تیورسێونی سیاسی و
ئابووری،واتای کۆمەڵی مەدەنی لە ھێگڵ وەرگرت،بەڵام بازنەی ماناو
کاریگەریەکەی زۆر بەرتەسک کردەوە.مارکس کۆمەڵی مەدەنی لەقەڵەمڕەوی خود
موختاری موڵکایەتی تایبەتی و پەیوەندیەکانی بازاردا لەقاڵب دا.ھەڵبەت
سەدەکانی ھەژدە و نۆزدە جگە لەم دووانە و بۆ چونەکەی لاری دایمەن، کە
دواتر باسی دەکەین،ژمارەیەکی دیکەی فەیلەسوف و خاوەن بیرەکان ڕایان
دەربارەی کۆمەڵی مەدەنی ھەبووە،لەوانە جۆن لۆک، ئیمانوێل کانت،ئادەم
سمت،توماس پین،ئادەم فرکسۆن،پێشڕەوانی بزوتنەوەی ڕۆشنگەری لە سکۆتلاند.
"لاری دایمەن" کۆمەڵگای مەدەنی بەپایەی
بواری ژیانی کۆمەڵایەتی ڕێکخراو دەزانێت،کەبەشێوەیەکی گشتی ئیرادەیەکی
خۆبزوێن و خود موختار و سەربەخۆ لە دەوڵەت جێگر دەکات بەپێی نەزمێکی
یاسایی.
کۆمەڵگای مەدەنی لە ڕێکخراوە ڕەسمی و ناڕەسمیەکان پێک دێت ھەموو گروپە
ئابووری و فەرھەنگی و نەتەوەیی و نەژادی و فێرکاری و ئیعلامی..ھتد..لە
ئامێز دەگرێت،بەگشتی ھەموو ئەو گروپانەی ژێرخانی کۆمەڵ و ژیانی گشتی
باشتر دەکات.
______________________________________
•
بۆ نووسینی ئەم بابەتە سوودم لە کۆمەلێک سەرچاوە
وەرگرتوە.
ماڵپەڕی بەنگینە پیرۆت نوری
|