٢١\٤\٢٠١٥
کۆمەڵی
سۆشیالیستی، تاکی سۆشیالیست و بەرەنجامی ئەزموونەکان.
هەژێن
هەبوونی تاکی سۆشیالیستخواز پێشمەرجی هاتنەدی کۆمەڵی سۆشیالیستییە، نەك
پێچەوانەکەی، ئەوەی کە دەستەبژێرە دەسەڵاتخوازە بەناو سۆشیالیستەکان
پاگەندەی دەکەن. ڕاستە کۆمەڵی سۆشیالیست دەتوانێت پەروەردەکەری تاکی
سۆشیالیست بێت، بەڵام ئەوە تاکی سۆشیالیست و سۆشیالیستخوازە کە
دەتوانێت کۆمەڵی سۆشیالیستی لە خەیاڵەوە بکاتە کەتوار، تەواو
بەپێچەوانەوەی چەپ و دەستەبژێرانی دەسەڵاتخوازی بەناو سۆشیالیست، کە
هەموو گۆڕانێك بۆ هاتنەدی بەڵێنەکانی سەرخەرمان هەڵدەگرن. ئەگەر بەو
جۆرە بووایە، کە پێشتر کۆمەڵی سۆشیالیست پێشمەرج بێت، ئەوا دەبوو
ئەزموونی حەفتا ساڵەی دەوڵەتی بۆلشەڤیکی و کۆپییەکانی لە جیهاندا پاش
ڕوخانیان کۆمەڵێك مرۆڤی سۆشیالیست لە دوای خۆیان بەجێبهێڵن و لە
نێوەندی کار و ژیانیاندا درێژە بەو بوونە سۆشیالیستییەیان بدەن.
بۆ ئەوەی بتوانین لەم مەتەڵەی مریشك لە هێلکەیە یا هێلکە لە مریشکە
تێبگەین، پێویستە سەرنجی سێ ئەزموونی مێژوویی سەدەکانی ڕابوردوو بدەین:
یەکەم: کۆمەڵە سۆشیالیستییەکانی سەدەی هەژدە و نۆزدە، ئەو کۆمەڵە
سۆشیالیستییانەی کە لایەنگرانی دیکتاتۆریی دەستەبژێر و پارتایەتی بە
"سۆشیالیزمی خەیاڵی" ناویاندەبەن؛ لەو کۆمەڵانەدا تاکەکان ئازادانە
دەچوونە پەیوەندییەکانەوە، هەرچەندە هەوڵێکی ئەزموونگەرایانە بوو،
بەڵام دوو لایەنی دژبەیەکیان تێدا هەبوو بوو؛ ئازادانە چوونە
پەیوەندییەکانەوە، ئاراستەکردنی کۆمەڵ بەگوێرەی نموونە داڕێژراوەکان.
ڕاستە ئەو کۆمەڵانە تێداچوون، بەڵام بوونە سروشبەخش بۆ هەوڵەکانی دواتر
و بەجۆرێك لە جۆرەکان لە دوو سەدەی ڕابوردوودا پاشکاراییان هەبوو.
دووەم: بەڕێوەبەرایەتییە قووچکەییە دیکتاتۆرییەکان، کە "پارتیی پێشڕەو"
و "ڕابەرانی" لە لووتکەی قووچکەکەیدا وەستابوون و هەموو شتێكی ژیانی
تاك و کاروبارەکانی کۆمەڵ لەلایەن کۆمەڵێك کەسەوە ئاراستەدەکران و
هەرچی لە دەرەوەی پەرتووك و دەقەکانەوە هەوڵی ئەزموونکردنی بدرایە، وەك
کڕۆنشتات و کۆمونەکانی ئۆکرانیا کۆمەڵکوژدەکرا. ئەم هەوڵە زیاتر
بەهێزکردن و پیادەکردنی بنەمای دووەمی کۆمەڵە سۆشیالیستییەکانی سەدەی
هەژدە و نۆزدە [ئاراستەکردنی کۆمەڵ بەگویرەی نموونە داڕێژراوەکان] بوو،
کە بلانکی پەرەپێدەر و پەیامبەری بوو.
هەرچەندە ئەو ئەزموونە توانی لە ماوەی حەفتا ساڵدا ببێتە گەورەترین
هێزی دونیای دوو جەمسەری، بەڵام لەبەرئەوەی کە وەك هەر ڕێکخستن و
بەرێوەبەرایەتییەکی دیکەی دیکتاتۆری و بۆرجوازییانە لە سەرووی خەڵکەوە
کوتەکی بەدەستەوە بوو، پاش توانەوەی پەشمەکیانەی نەك هەر نەیتوانی
سروشبەخشی هەوڵەکانی دواتر بێت، نەك هەر نەیتوانی وەك شێوە و شێوازی
سۆشیالیستییانەی ژیانی کەسەکان و کۆمەڵەکان بمێنێتەوە، بەڵکو بووە هۆی
بێزارکردنی چەوساوان لە سۆشیالیزم و هاندانیان بۆ سوپاسگوزاریی
کۆیلەکەرانیان و خراپتر لە هەر کۆمەڵێکی چینایەتیی دیکە، کۆمەڵەکانی
بلۆکی خۆرهەڵاتی [هاوپەیمانی ڤارشۆ] بوونە سەنێرگەی هەڵتۆقینی قارچکە
ژاراوییەکانی مافیا و بە ملیۆنێربوونی "ڕابەران"ی دوێنێ و گۆڕانی
کۆمەڵگە بە سێکسفرۆشییەکی گەورە و بازاری کۆیلەتی ژنان و منداڵان و
هەڕاجخانەی هێزی کاری هەرزان.
سێیەم: ئەزموونەکانی کڕۆنشتات، کۆمونەکانی ئۆکرانیا،
خۆبەڕێوەبەرایەتییەکانی کاتالۆنیا و ئاراگۆن و ئاستۆریاس و ئیبێریا.
ڕەوتی سێیەم یا ئەزموونی سێیەم بوون، کە هەر لە بنەڕەتەوە بە ڕەخنەگرتن
و ڕەتکردنەوەی لایەنی نموونەگیری و ئاراستەکاریی کۆمەڵە
سۆشیالیستییەکانی سەدەی هەژدە و نۆزدە، لایەنە ئازادیخوازانەکەی ئەو
کۆمەڵانەی هەڵبژارد، واتە ئازادی تاك و ئەزموونگەریی بیرۆکەکان و
هەوڵدان بە گەییشتن بە نموونەیەکی باڵاتر و گەییشتن بە تیئۆرییەکی
ئاوەزگیرانەتر و تەسەلتر لە ئەزموونگەریی بیرۆکەکاندا. بۆ گەییشتن بەو
هەڵبژێرە، پێشتر هەموو بنەماکانی ئایدیۆلۆجیای بلانکیزمی ڕەتکردنەوە و
ئازادی تاك و یەکگرتنی ئازادانەی کردە بنەمای پەیوەندییەکان و پێکهاتەی
کۆمەڵی داهاتوو، واتە ڕەتکردنەوەی گۆڕانی کۆمەڵ لە سەرەوە و
ڕەتکردنەوەی هەموو ڕێکخستن و بڕیاردان و بەڕێوەبردنێکی نێوەندگەرا و
پێشمەرجکردنی پەروەردەی تاكی ئازادیخواز و سۆشیالیستخواز و گێڕانەوەی
شۆڕش بۆ نێوندی ژیان و بوونە کۆمەڵایەتییەکەی و پشتبەستنی بە
بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی و جەماوەریی، بۆ ئەو مەبەستە هەوڵی گۆڕینی
ڕێکخراوە جەماوەریی و کۆمڵایەتییەکان لە دەزگەی قووچکەیی و پێکهاتەی
ڕیفۆرمیستەوە بۆ خۆڕێکخستنی چین و توێژە پڕۆلیتێرەکان و کردنیان بە
فێرگە و پەروەردگەی تاکی سۆشیالیست و بەکاربردنیان وەك سەنگەری
ڕووبەڕووبوونەوەی خەباتی چینایەتی و هەروەها ئامادەکاریی یەکە و
بنکەکانی کۆمەڵی نوێ [سۆشیالیستیی ئازادیخوازانە].
ئەمە خاڵی بەهێزی ئەو ئەزموونانە بوو، هەر لەبەرئەوەش بوو، کە هەرگیز
لە نێوخۆرا نەپووکانەوە و تەنیا بە هێرشی دەرەکی و کوشتوبڕ و سەرکوت
توانرا ئەو ئەزموونانە لەنێوببرێن [کۆمەڵکوژکردنی کرێکارانی کڕۆنشتات و
کۆمونەکانی ئۆکرانیا و جەنگاوەرانی بزووتنەوەی ماخنۆ لەلایەن لەشکری
سوور و کۆمەڵکوژکردنی خۆبەڕێوەبەرایەتییەکانی ئیسپانیا لەلایەن لەشکری
جەنەراڵ فرانکۆ]، هەر ئەوەش بووە هۆی ئەوەی کە ئەو ئەزموونانە تا
ئێستاکەش سروشبەخشیی بزووتنەوەکانی پاش خۆیان بن، بۆ نموونە
سەرهەڵدانەوەی ئەو بزووتنەوەیە لە شێوەی کۆمەڵی زاپاتیستەکان لە دەهەی
نەوەدی سەدەی ڕابوردوو بەم لاوە، هەروەها خۆبەڕێوەبەرایەتییەکانی
"ڕۆژاوا" و کۆمون و هەرەوەزییە شاریی و گوندییەکان لە سەراپای ئەوروپا
و ئەمەریکادا لەژێر کارایی ئەم ئەزموونەی دوایدان و گیانی زیندووی
هەموو بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی دژی جەنگ و جیهانگیری سەرمایەداریی و
نێوەندە جیهانییەکان و کۆبوونەوە لووتکەییەکانی (G7)
پێکدەهێنن.
بەکورتی تاکە بەجێماوەکانی کۆمەڵە سۆشیالیستییەکانی سەدەی هەژدە و
نۆزدە و کۆمونی کڕۆنشتات و ئۆکرانیا و خۆبەرێوەبەرایەتییەکانی ئیسپا،
پاش تێکشکاندنی ئەزموونەکانیان بە کوشتوبڕ و کۆمەڵکوژیی، هێشتا بەجۆرێك
هەوڵی دڕێژەدانیان بەو ئەزموونانە داوە و دەدەن و وەك ئەزموون و
یاداوەرییەکی شیرین لە بیری خەڵکدا ماونەتەوە و هەردەم هەوڵی
ئەزموونکردنەوەیان دەدرێت. بەڵام تاکی ڕزگاربوو لە دیکتاتۆریی ئەموونی
بلۆکی خۆرهەڵاتیی [ڕوسیا] و چاینا و کۆبا، نەك ناخوازن درێژەدەری ئەو
ئەزموونە پڕ ناسۆریی و کۆیلەوارانە بن، بەڵکو بەپێجەوانەوە زۆرینەیان
بوونە کۆیلەی سوپاسگوزاری سەرمایەداری و " کۆمونیزم" وەك دیکتاتۆرترین
و سەرکوتگەرترین سیستەمی بەڕێوەبردن وێنادەکەن و دەگێڕنەوە، ئەگەر
کەسانێكی کەم وەك کۆنە جەنەڕاڵ و ئەندام-پارتییەکانی پارتیی کۆمونیستی
ڕوسیە مابنەوە، ئەوا لە باشترین باردا ستالین بە پەیامبەری کۆمونیزم
دەزانن و وەك یەزدانێك دەیپەرستن.
دواجار بۆ ئێمە هاوسەردەمیانی ئەم ڕۆژگارە، کە لەلایەك دەرگیری
جیهانگیریی پاوانگەری و چەپاوڵ و بازارئازادی سەرمایەدارین و لەلایەكی
دیکەوە دەرگیری تیرۆریزمی گروپە ئایینی و ناسیونالیستەکان و تێکشکان و
پاشەکشێی بزووتنەوەی کرێکاریی و سۆشیالیستین لە بەرانبەر ئەو
ڕەوتانەدا، بەتایبەت بۆ ئێمە خۆرهەلاتیان ناوین، کە هیچ یەك لەو
ئەزموونانەمان نەدیتوون و تێنەپەراندوون و تەنیا لە دوورەوە لە دەمی
کادیرانی پاگەندەچی پارتییەکانەوە مێژووی وانە مێژووییەکانی ئەو
ئەزموونانەمان بیستوون، چۆن و لە کوێوە دەتوانین دستپێبکەین و دەتوانین
پشت بە چ مێژووییەك و چ ئەزموونێك ببەستین؛ مێژووی دەمی سەرکوتگەرانی
سۆشیالیزم یا مێژووی کپکراوی بزووتنەوەی سۆشیالیستی و هەوڵە
ئازادیخوازانەکان؟
ماڵپهڕی ههژێن
|