په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢\٨\٢٠١٠

کۆمه‌ڵکوژی بارزانیه‌کان،

ده‌بێ له‌ دڵ و ده‌روونی هه‌موو کوردێکی ره‌وشتبه‌رزدا نه‌مر بێ.

 


ئەمرۆ 31-7-2010 27 ساڵ بەسەر بێسەروشوێنکردن و کۆمەڵکوژی 8000 پیاوی بارزانی دا تێدەپەڕێت ، 27ساڵ بەرلەئێستاو هەر لەم رۆژەدا ڕژێمی دکتاتۆری بەعس ‌ لەپلانێکی نەخشە بۆکێشراودا بە سەرپەرشتی بەرێوەبەری گشتی ئاسایش تاوانبار فازل بەراک‌و پێشەوایەتی پاسەوانی کۆماری لە نیوان 1983_7_30 و 1983_7_31 و 1983_8_15 چەند هەڵمەتێکی بەربڵاویان کردە سەر بارزانیەکان لە ئۆردوگاکانی قودس و قادسیە- لە ناحیەی قوشتەپە‌و لە کۆمەڵگاکانی بەحرکە و دیانا و مێرگەسوور ی پارێزگای هەولێر، گرتن‌و کۆکردنەوەی پیاوە بارزانیەکانیان کردە ئامانج‌و لەتەمەنی سەروی 10 ساڵانەوە تا 70 ساڵ لەلایەن هێزەکانی ئاسایش و (حرس جمهوور) پاسەوانی کۆمارییەوە دەستگیرکران و بەرەو چارەنووسێکی نادیار بران ، ئەو تاوانە جگەلە بێسەروشوینکردنی پیاوەکان ماوەیەکی درێژخایەن هاوسەرو خانەوادەکانیشیان لەبارودۆخێکی سەختی چاوەروانی‌و ژیانێکی دژوارو پرلەمەینەتیدا هێشتەوە، بەجۆرێک بێوەژنە رەشپۆشە بارزانیەکان بوونە وێنەیەکی دیار‌و بەرچاوی ستەمکاری رژێمی بەعس.لەکوردستانی باشور .


ئەم پیلانە لەسەرەتاوە لەشاری بەغداوە دەستی پێکردو لە پێشەوە ئەو بارزانیانەی گرتەوە کە لەپارێزگای بەغدا نیشتەجێبوون، دواتر لە 1983_7_31ش کۆمەڵگەکانی -قودس و قادسیە- لە ناحیەی قوشتەپە لەبەرەبەیانێکی زوودا گەمارۆدران‌و بەتۆمەتی هاوکاری کردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبەرەکانی جەنگی عێراق-ئێراندا لە قوڵی حاجی ئۆمەران دەستگیرکران‌و ئیتر وەکو گروپێکی دەستنیشانکراو بۆپاکتاوکردن کۆکرانەوەو جارێکی تر نەبینرانەوە، هەرچەندە پێیان وتبوون کۆبوونەوەیەکتان لەگەڵدا دەکەین‌و دەگەرێنەوە سەرماڵ‌وحاڵی خۆتان، ئەمە چاوبەستەیەک بوو وەکو ئەوچاوبەستانەی لەپەلامارەکانی ئەنفالدا بەعس پیادەی کردەوە گوایە لە ئۆردوگاکاندا نیشتەجێیان دەکەنەوە، بەڵام ئەوە دواجاربوو کوردستان ببینەوە، تا لەپاش روخانی بەعس تەرمی تەنها 500 کەسێکیان لەبیابان دۆزرانەوەو هێنرانەوە بۆکوردستان‌و لە رێورەسمێکی شایستەدا لە زێدی خۆیان بەخاک سپێردرانەوە.


ئەمڕۆ لە کاتێکدا یادی دەستگیرکردن‌و کۆمەڵکوژی بارزانیەکان دەکەینەوە ، کەکوردستان لەژێرچنگی رژێمی بەعسدانەماوەو هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی خۆماڵی بەرێوەی دەبات، کەچی هێشتا گومانلێکراوانی ئەوتاوانەو تاوانی ئەنفال بە سەرفرازی‌و بێ‌ باکیەوە دەسورێنەوە، لەوەش خراپتر کۆنەبەعسی‌و موستەشارەکان لەمەراسیمی یادکردنەوەیاندا لەرێزی پیشەوەی ئەویادانەدا بەتەنیشت بەرپرسانی باڵای حزبی‌و حکومیەوە دادەنیشن..!!


ئەگەرچی دۆسێی کۆمەڵکوژی بارزانیەکانیش لە بەرواری‌ 2009_3_2 چووەتە بەردەمی دا دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق ‌و دانیشتنەکانی خۆی بۆ دۆسێی کۆمەڵکوژیەکە دەستپێکردوە داواکاری گشتی داواکەی بەرزکردەوەتەوەو شایەد حاڵەکانیش کە زۆربەیان ئەو ژنە بارزانیانە بوون کە26 ساڵ بوو بەڕەشپۆشی چاوەروانی کورومێردەکانیان دەکرد، ئیفادەی خۆیان داوەتە، دادگا بەڵام هێشتا دادگاکە کۆتایی بەو دۆسێیە نەهێناوە تابزانین چۆن یەکلایی دەکاتەوە . هەرچەندە پێناچێت هیچ تۆمەتبارێکی تری تاوانەکە راپێچی بەردەمی دادگا بکرێن لەبەر ئەوەی فازل بەراک بەدەستی بەعس‌و بارزان تکریتی‌و ێدام حوسین لەدۆسێکانی تری دوجەیل‌و ئەنفالدا بەبریاری دادگای باڵای تاوانەکان لەسێدارە دراون‌و لەژیاندانەماون . ئەمەش زەرەرێکە بەردۆسێکە کەوتووەو پێشتر نەکوردو نەدادگای باڵای تاوانەکان نەیانتوانی یان نەیانویست ئەو تۆمەتبارانە بهێلنەوە تا لەدۆسێی بارزانیەکان‌و کوردەفەیلیەکانیشدا ئامادەبن‌و لەمەر ئەوتاوانانە دادگایی بکرێن .


ناوەندی هەلەبجە دژبەئەنفالکردن‌و جینۆسایدی گەلی کورد – چاک ، هوشیاری دەداتە کۆمەڵگەی کوردستان‌و رێکخراوەکان‌و هێزە سیاسیەکان کە بە بەرپرسیارێتیەوە تەماشای دۆسێی کۆمەڵکوژی بارزانیەکان بکەن ، نەشیاوە ئەگەر چاوەڕوانی رەوتی بەرەو پێشچونی دادگا بکەین بەبێ‌ چاودێری‌و هاوکاری کردنی دادگایی کردنەکە، چونکە دۆسێی کۆمەڵکوژی بارزانیەکان هەموو رەگەزەکانی تاوانی جینۆسایدی لەخۆگرتووە‌و بەهەموو پێوانەو رێوشوێنێکی یاسایی‌و بنەماکانی پەیماننامەی نێودەوڵەتی بۆ قەدەغەکردنی جینۆسایدو بەپێی مادەکانی یاسای ژمارە 10ی ساڵی 2005 بەتایبەتی مادەی 11و12و13 تاوانی کۆمەڵکوژی جینۆسایدی گروپێکی نەتەوەییە لە کوردستانی باشور، ئەگەرچی هەرلەسەرەتاوە دادگاکە رێ‌وشوێنی دادگاییکردنی تاوانبارانی گرتە بەر ، نەک دادگایی کردنی سیستەمی سیاسی‌وبەرێوەبردنی دەولەت کە سیستمی بەعسیزم بوو ، دەبوایە دەولەتی عێراقی کۆن وەکو بەرپرسیار بەعسیزم وەک سیستەم لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرایە‌و دادگا بریاری لەبارەیانەوە بدایەو دەوڵەتی نوێی عێراقیش وەکو میراتگر پابەندبوایە بەبریارەکانی دادگاوە . بەداخەوە ئەم رێوشوێنە نەگیرایەبەرو حکومەتی هەرێمی کوردستانو حکومەتی عێراقیش بەبێ‌ باکی‌و خەمساردیەوە تەناشای دادگاکەیان کرد بۆ لێپێچینەوەی دۆسێی تاوانە گەورەکان . بەو حاڵەشەوە تەنها لە ڕێگەی دادگاییکردنەوە دەتوانین قەوارەی تاوانەکان و چۆنێتی تاوانەکان بناسینەوەو بۆ ئایندەکاریان لەسەربکەین، وەکو نەتەوەیەکی جینۆسایدکراو.


ئێمە لەم یادەدا وەکو ناوەندی چاک داواکارین :


1. پێکهاتە سیاسیەکانی ناو حکوومەتی عێراق دەست لەکاروباری دادگاکەوەرنەدەن، بۆئەوەی بەسەربەخۆیی ئەرکە یاساییەکانی بەرێوەبەری لەدوای بریاری دادگاکەوە پابەندی ئەخلاقی‌و سیاسی بریارەکانی دادگا بێت‌و بەفەرمی داوای لێبوردن لەگەلی کورد بکات‌و بەمەرسومێکی کۆماری لە بەرامبەر ئەم تاوانانەی دژ بەگەلی کوردکراون پەیمان بدات کەنابێت جارێکی تر نەکوردو نەهیچ پیکهاتەیەکی تر لەسۆنگەی سیاسەتەکانی دەولەتی عێراقەوە توشی کۆمەڵکوژی نابَیتەوە
2. قەرەبووی مادی کەسوکاری قوربانیانی کۆمەڵکوژی بارزانیەکان بکرێتەوە
3. کاربۆ دۆزینەوەی ڕوفاتی ئەو قوربانیانەی تر بکات کەنەدۆزراونەتەوەو بگێرێنەوە بۆ کوردستان .
سەربەخۆیی بۆ دادگاکانى کوردستان و عیراق .
بەڕێز بێت یادی کۆمەڵکوژی بارزانیەکان


ناوەندی هەڵه‌بجە
دژبەئەنفالکردن‌و جینۆسایدکردنی گەلی کورد - چاک
31\7\2010