١٨\٩\٢٠٢٠
کۆمەڵکوژیی و
جۆرەکانی.

شیوا میرەکى
کۆمەڵکوژیی یان "ژینۆساید" یەکێ لە گرینگترین تاوانە نێو دەوڵەتییەکانە
کە کاریگەریەکی قووڵ و بەرفراوانی لەسەر ویژدانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی
ھەبووەو تا ئێستا چەندین نەتەوەو کەمینە لە شوێنە جیاجیاکاندا
بوونەتەوە قوربانی ئەم تاوانە شۆڤینی و دڕندانەیە.
وشەی کۆمەڵکوژیی یان ژینۆساید لە بنەمادا وشەیەکی لاتینەو لە دوو وشەی
یۆنانی (Genos) بە مانای رەگەز، تاقم یان
گرووپێکی مرۆڤ پێکھاتووە، ئەم وشەیە لە زمانی فارسیدا وەکوو "نسلکشی"،
"کشتار جمعی" و "نسلزدایی" باسی لێکراوە.، بەڵام پێدەچێ "نسلکشی" لە
واتای ژینۆساید نزیکتر ببێت، ھەر چەند پێویست ناکات بۆ ئەوەی ئەم
تاوانە شۆڤینییە روو بدات دەبێ حەتمەن کۆشتنی تێدا بێ و تەنیا بە کوشتن
و قەڵاچۆکردنی خەڵکێک، نەتەوەیەک یان ھەر دەستەو کۆمەڵێک ژینۆساید روو
بدات، بەڵکوو تواندنەوەو بێ شوناسکردنیش، جورێک لە ژینۆسایدو
لەناوبردنە.
ئەگەر ژینۆسایدو لەناوبردنی جەستەیی بە ئاشکراو بێڕەحمانە و بە بێ
شاراوەیی روو دەدات و رەنگە بەرەنگاربوونەوەی بکرێت، ئەوە ژینۆسایدی
نەرم یان خشۆک، ھێدی ھێدی بارودۆخێکی وا بە سەر قوربانیەکانیدا
دەسەپێنێ کە بۆ خۆیان بەرەو لە ناو چوون بڕۆن و لە ئاکامدا بە بێ
تۆندوتیژی بەرچاو، ھەمان ئاکامی قەڵاچۆکردن بەدی بێنێ.
ڕافائێل لێمکین، یاسانووسی لەھستانی، وەکو یەکەمین کەس کە وشەی
کۆمەڵکوژیی بەکار ھێنا، ئەم تاوانەی بەم چەشنە واتا کردۆتەوە؛ "لە ناو
بردنی خێڵ یا نەتەوەیەک".
دیارە مەبەست لە کۆمەڵکوژیی پاکتاوکردنی خێرای یەک نەتەوە نییە، بەڵکو
مەبەست لە کومەڵکوژی بەڕێوەبردنی گەڵاڵەو پلانێکە کە زەنجیرە کردارێکی
بەربڵاوو جۆراوجۆر لە خۆدەگرێتەوەو بنەما سەرەکییەکانی ژیانی نەتەوەیەک
یا کەمینەیەک، بەرەو وێرانی و کاولکردن دەبات تا لە ئاکامدا بتوێتەوەو
بە جۆرێ لە جۆرەکان لەناو بچێت، مەبەست لەو پلانە ئەوەیە کە رێکخراوە
رامیاری و کۆمەڵایەتیەکان، چاندو کولتوورییەکان و ھەستی پێکەوەبوونی
ئەو گرووپە لەناو بچێت، ھەروەھا لە ناوبردنی ئاسایشی کەسایەتی، ئازادی،
کەرامەت و ھەروەھا ژیانی کەسانێکی پەیوەندیدار بەم نەتەوە و گرووپانەوە.
لەدەستووری دادگای سزای نێودەوڵەتی تایبەت بە یوگسلاڤیای پێشوو،
روانداو دەستووری دادگای سزای نێوەدەوڵەتی لاھای، کۆمەڵکوژیی وەکو
تاوانێکی مەترسیدار بۆ ئاسایشی مرۆڤایەتی ناسێندراوەو تاوانبارەکانی لە
بەرانبەر کۆمەڵگای نێوەدەوڵەتی بە بێ لەبەرچاوگرتنی ھەر چەشنە
حەسانەیەکی سیاسی یان ھەر حەسانەیەکی تر، بەرپرسیارن و جەخت لە
سزادانیان کراوەتەوە.
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان لە یەکەم ساڵی چالاکی خۆیدا، بە ھۆی
زۆربوونی رادەی روودانی کۆکوژی لە دونیادا، بڕیارنامەی ژمارە ١ - ٩٦ لە
دێسەمبەری ١٩٤٦دا لەسەر بە تاوان ناساندنی کۆمکوژی دەرکردو رایگەیاند ؛
کۆمکوژی بە پێی یاسای نێودەوڵەتی تاوانێکی قورسەو کۆمەڵگای پێشکەوتوو
بەم تاوانەو تاوانبارەکانی شەرمەزار دەکات.
وەکو چەند نموونە لەم کارەساتانە ئەتوانین ئاماژە بە کۆمکوژی _١٨٢٠٠٠کەسی
مەدەنی لە کوردەکانی باشوور لە پڕۆسەی ئەنفالی بەعس و ھەروەھا
کیمیابارانی ٥٠٠٠ کەس لە خەڵکی شاری ھەڵەبجە، بە دەستی بەعس و
قەڵاچۆکردنی شیعەکانی باشوورو ھەروەھا کاولکردنی شارو شارۆچکەکانی
کوردستان و قەڵاچۆکردنی کوردەکانی باکوور بە دەستی رەگەزپەرەستانی
کەمالیست و نکۆڵیکردن لە شوناسی کورد لە سووریا بەدەس پاشماوەکانی
میشێل ئەفلەق و کوڕانی ئەسەد، رێگەنەدان بە وەرگرتنی رەگەزنامەو
ناسنامەی کوردەکان لە سووریاو ھێرشی دڕندانەی داعش لەسەر خەڵکی بێتاوان،
ئەمانە ھەمووی نموونەی بەرچاون کە دەکرێ بە روونی سکاڵایان لێ سەر بەرز
بکرێتەوەو ویژدانی مرۆڤ بەرەنگاری بێتەوە، بەڵام ھاوکات لەگەڵ ئەم
کارەساتانەدا کە دەکرێ لە ژێر ناوی ژینۆساید یان کۆمکوژیدا باسیان
لەسەر بکرێ زۆر کرداری دیکە ھەن کە بۆ پاکتاوکردنی نەتەوە، رەگەز،
ئایین، زمان، بیروڕای سیاسی یان ھەر تاقمێک کەڵکیان لێ وەربگیرێ و
توندوتیژی تێدا بەدی ناکرێ، بەڵام وەکو ئەم کردەوە دڕندانە نایەنە
بەرچاو، بەڵام لە کۆتاییدا ھەمان ئاکامی سڕینەوەو لە ناوبردنی گرووپە
قوربانییەکە لێدەکەوێتەوە.
ئاسمیلاسیون یانێ تاواندنەوەی گرووپێک بە شوناسی جیاوازەوە لە نێو
گرووپێکی دیکەدا لە رێگەی باڵا دەستی ھەژموونەوە، یانێ پاکتاوکردن و لە
ناوبردنی گروپێک بە شێوەیەک نەرم و نادیار، بۆ ئەم مەبەستەش یەکێک
گرینگترین ئامانجەکان زمانە، بۆ نموونە کاتێک کە زمانی میللەتێک یاساغ
بکرێت و بە کار نەبرێ، دیارە ئەو زمانە ئەکەوێتە بەر مەترسی کاڵ
بوونەوەوەو بگرە لەناوچوون، روونە کاتێ زمانی نەتەوەیەک لەناو بچێ
سڕینەوەی مێژووی و یادەوەری ئەو نەتەوەیە زۆر ئاسانتر دەبێتەوە.
کاتێ کە تەواوی کەڵک وەرگرتنی مرۆڤی کورد لە زمانی دایکی تەنیا لە
قسەکردنی رۆژانەدا بێ و پاڵپشتی نووسین و پەروەردەو بیرکردنی لە گەڵ
نەبێت وشەکان لە بیر دەچنەوە و ئەو زمانە وردە وردە بەرەو گۆڕان
نێگەتیڤ و تەنانەت لەناوچوون ئەچێ.، گاڵتەو سووکایەتیکردن بە زمان،
ئەبێتە ھۆی ھەستی خۆ بە کەم زانین، ئەو رەوتە تا رادەیەک بەرەو پێشدەچێ
کە رێگە خۆشکەر دەبێت بۆ ھەَژموونی دەسەڵاتی باڵادەست و دور کەوتنەوەو
تەنانەت نکۆڵیکردنی تاک لە ناسنامە و شوناسی سەرەکی خۆی.
کاتێ کە مرۆڤ لە گەڵ مناڵی بە زمانێ جگە لە زمانی زگماکی قسە دەکات و
زمانێ کە بیری پێدەکاتەوە، جیا لە زمانی خۆیەتی ئەو کەسە ئاسمیلە
کراوەو شوناسی خۆی لە بیر چۆتەوە.
بە پێی بڕگەی ١و٢ پەیماننامەی پێشگرتن لە کۆمکوژی و سزادانی و ھەروەھا
بڕگەی شەشی دەستووری سەرەکی دادگای سزای نێودەوەڵەتی ھەر چەشنە
کردەوەیەک کە بە مەبەستی پاکتاوکردن نەتەوەیەک یان بەشێک لە یەک نەتەوە
یان گرووپێکی ئەتنیکی و قەومی، ئایینی، سیاسی و یان ھەر تاقم و
گرووپێکی تر یان دابینکردن و داسەپاندنی دۆخێک کە ئەم گرووپانە بەرەو
لە ناو چوون ببات کۆمکوژیەو تاوانێکی قورسی نێودەوەڵەتییە.
ھەر چەشنە گۆشارێک یان داسەپاندنی ھەر دۆخێکی نالەبار بۆ ئەوەی تاقمێک
لەناو بچێ کۆمکوژی و ژینوساید دێنە ژمار.
کە وابوو دەکرێ ھەر جۆرە کردارێکی نەرم و خشۆک، بە ئاراستەی رێگەنەدان
بە پەروەردەو پەرەپێدانی کولتوورو شوناسی بنەمایی گرووپێک و ھەوڵی
سڕینەوەو لە بیر بردنەوەی، وەکو کۆمەڵکوژیی نەرم و خشۆک پێناسە بکرێ.
بەچاوخشاندنێک بە رواڵەتی شارێک و سیستمی پەروەردە لەو شارەو لە
کومەڵگاداو رامانێکی قووڵ و ویژدانی لە سیمای کۆمەڵگادا دەکرێ نموونەی
ئەم تاوانە نەرم و خشۆکە بۆ ھێدی ھێدی پاکتاوکردنی نەتەوەیەک ھەست پێ
بکرێ.
سنە - شاری قوروە
shiwamiraki@gmail.com
|