په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\٦\٢٠٢٦

کۆمیدیای بتەکان.


ئەرسەلان مەحمود      


لە دەسەڵاتی ڕۆحانیدا، هەمیشە وێنەیەکی شاراوە بوونی هەیە. وێنەی ئەو کارەکتەرەی پێشئەوەی ببێتە کەسێک، دەبێتە کاریکاتۆرێک لە خۆی. ئەو کارەکتەرەی بە تۆنێکی گڕ و نمایشی، بە نیگایەکی لە قووڵایدا تووڕە و بەسەر لێوەوە ئارام، هێڵە سوورەکانی ئاکار بۆ خەڵک دەکێشێت، زۆرجار خۆی لە سەرووی هێڵەکانەوە سەما دەکات و بەو سەماکردنەی خۆیشی، گاڵتە بەو هێڵانە دەکات بەدەستی خۆی کێشاونی. ئەمە تەنها دووڕووییەکی سادە نییە هەر مرۆڤێکی ئاسایی لە کاتی لاوازیدا تووشی دەبێت، ئەمە قەیرانێکی قووڵی بوونناسییە و ئەو دامەزراوەیەی پشتی پێبەستراوە، هەست بە خاڵە بنەڕەتییەکانی ناکات، قەیرانی ئەو کارەکتەرەی بەڕۆژ بانگەشەی فەتحکردنی ئاسمان دەکات و بەشەو لەبەردەم غەریزە کوێرە شەهوانی و زەمینییەکانیدا بەچۆکدادێت، چۆکدانێک لە یەککاتدا سیاسی، جڤاکی و سایکۆلۆژیی، چونکە دەسەڵاتە ڕۆحانییەکە لە خۆیدا بەشێکی نهێنی هەیە، تەنها لە تاریکیدا گەشە دەکات.

ئەوانەی شەو و ڕۆژ سەرقاڵی دامەزراندن و بەگەڕخستنی کارگەکانی مۆمیاکردنی عەقڵن، زۆر باش دەزانن چۆن ئەو مەکینە زەبەلاحە ئاراستە بکەن، چونکە ئەوان خۆیان مەکینەکەیان دیزاینکردوە و ئامێرە ناوەکییەکانیان بە بەردا کردووە. پەیامەکەیان بەجۆرێک دادەڕێژن مرۆڤ لەناو تراژیدیای ئیفلیجبوونی فکریدا بهێڵنەوە و بەو شێوەیە حکومڕانی هەمیشەییان لەسەر دڵ و عەقڵی جەماوەر مسۆگەر بێت. بۆ ڕەوەکە، بیرکردنەوە گوناهە و پرسیارکردن لادانە و گومانکردن کوفرە، بەڵام بۆ شوانەکە هەموو دەرگەکانی چێژ و ئەزموون ئاسایی و کراوەن، تەنانەت ئەو دەرگەیانەش بەناوی پیرۆزییەوە بەفەرمی داخراون و قۆفڵیان لێدراوە.

ئەو پیاوەی بەردەوام خەریکی چاندنی تۆی ئەخلاقە وەک پۆلیسی ناوەکی لە دەروونی خەڵکانێکدا، ئەو خەڵکانەی ژینگەی کۆمەڵایەتی، جڤاکی و سیاسی خستوونیەتە پەراوێز و بۆشاییەوە و هیچ ئامرازێکی ڕەخنەی ئەکادیمی و فەلسەفیی نزیکیان نەگەیشتووەتێ، خۆی کاتێک دەچێتە ناو حەرەمی زانکۆ یان ژوورە داخراوەکان، یەکەم کارێک دەیکات، بێهۆشکردنی ئەو پۆلیسە ناوەکییەیە لە ناخی خۆیدایەتی. ئەو سەگە درنده‌یەی بۆ پاسەوانی دەروونی هاوسەنگەرەکانی بەرهەمی هێناوە، خۆی لە مزگەوت پایی بۆ دەکات و لە ژوورەکانی وانەوتنەوەدا، ئێسقانی پێشدا دەفڕێنێت.

لەم گەمەیەدا ئەوەی لەسەر مینبەرەکان دەبینرێ، تەنها ماسکێکی قورسە بۆ داپۆشینی حەقیقەتێکی زۆر ڕووت، ڕووتتر لەو ئارەزووانەی لەژێر پۆشاکە ئایینییەکاندا شاردراونەتەوە. بۆچی؟ چونکە ئەو پۆشاکەی پێشتر بۆ داپۆشینی عەورەت هاتووە، خۆی بۆتە عەورەتێکی نوێ، بەهۆی ئەوەی بەسەر شانی پیاوێکی ساختەوەیە، عەورەتێکی تری دروستکردووە لە ئاستی نەتەوەییدا. سەیرەکە لەوەدایە، کاتێک ئەم جۆرە بکەرانە ناوەندی ئەکادیمی وەک سەنگەرێک بۆ ڕاوکردن بەکاردەهێنن و کۆلێژی زانستی ئیسلامی دەکەنە دەستەواژەیەکی دوولایەن، هەم زانست و هەم ڕاوگە، هێشتان چاوەڕێی ئەوەن کۆمەڵگە وەک پاسەوانی فەزیلەت سەیریان بکات. ئەوان نێچیرەکانیان دەخەنە ناو زیندانە ئۆنتۆلۆژییەکانەوە، بەردەوام باسی سزای دۆزەخ و پاکیزەییان بۆ دەکەن، بەڵام خودی خۆیان لە پشت پەردەوە، لەسەر مێزی مەکتەبەکانیان خەریکی نووسینەوەی نامەی ئەڤیندارین یان مامەڵە بەو دەسەڵاتە نەبینراوەوە دەکەن، داماوکراوەکان پێیانبەخشیوون. کۆمیدیای ڕاستەقینە لێرە نییە ئەو پیاوە دوو ڕووە، کۆمیدیا ئەوەیە کۆمەڵگەکە ئەوەندە بێئاوێنە ماوەتەوە هێشتاش نازانێ بەسەر چییەوە پێدەکەنێ.

ئەمە ئەو ساتەوەختەیە دەبێ نەشتەرگەری بکرێت، نەک تەنها بۆ دەرخستنی نەخۆشییەکانی ئەو لاشە مۆمیاکراوانە، بەڵکوو بۆ ئەوەی قەبارەی ڕاستەقینەی ئەو پاڵەوانە وەهمییانە دەربکەوێت و بزانرێت چەند کرتە و بچووکن لەبەرامبەر ئەو سێبەرە زەبەلاحەی ساڵانێکە لەسەر کۆمەڵگەیان دروستکردووە. دەرکەوتنی درزەکانی ئەم بتە دروستکراوانە، بەشێکە لە پرۆسەی هوشیار بوونەوە، چونکە تا ئەو بتە درۆینانە نەشکێنرێن، سەرکەوتنی ئیرادەی ئازاد و گوتاری ڕەخنەگرانە مەحاڵە و کۆمەڵگەش بەردەوام لە دەوری بتە نوێیەکان تاوی پیرۆزی دەخوڵێتەوە. ئەوەی ڕوو دەدات تەنها کەوتنی شەخسێک نییە لەسەر کورسییەکەی، بەڵکوو داڕمانی تەواوی ئەو تابلۆیەیە ساڵانێکە دەیەوێت بەناوی پیرۆزییەوە، جەستە و ڕۆحی ئینسانەکان زیندانی بکات. دواجار کۆمیدیای بتەکان لەوەدا کۆتایی دێت بتەکە بزانێ بت تەنها بەردێک نییە، بەڵکوو بەردێکە بەناوی خوداوەندەوە دەدوێ، کاتێک ئەو وەهمە لادەبرێت، بەردەکە لە ڕاستیدا هیچ نییە جگە لە پووچی.

 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک