په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٥\٦\٢٠٢٤

  كۆمیدیایه‌ك له‌ سێ ماچدا.

 

 

   ئارسەر ڕامبۆ

و: نەژاد عەزیز سورمێ

لەوەی دایدەپۆشێ‌ داماڵڕابوو
درەختی گەورەی خۆتێهەڵقورتێنیش
لەوێ‌ بوون ،
بە گەڵاكانیان
مینای پەنجەرەیان
لە نزیكەوە ... نزیك ،
بە مەكرۆییەوە دەكوتا .

لەسەر كورسییەكی گەورە دانیشت
دەستی تێكئاڵاندبوون
نیوە ڕووت ..

لەسەر زەوی ژوورەكەدا
ئازاد دەلەرێنەوە ..
مەبەستم
لە پێیە جوانە ناوازە ، ناوازەكانییەتی ..

زەینم دایێ
ڕەنگیشم ڕەنگی مۆم بوو ..
تیشكێكی ورشەدار ، دێ و ده‌چێ و
لە خەندەیدا دەشەكێتەوە ..
گوڵەمێشێكیش لەسەری مەمكی ..

هەردوو قاچە نەرمەكانیم
ماچ كردن ..
پێـكەنی ..
له‌مه‌كرۆیی پێكەنینی هەڵوەریویدا ،
بوو بە بلووری جریوە و كریستاڵان ..
پێیەكانی لە ژێر كراسێكی ڕووبەدەردا
دەستووریان دا :
دەكرێ‌ تەواوی كەی ؟
یەكەم لایلایە ئەو دەستی پێـكرد
پێكەنینە هەڕەشاوییەكه‌ی
بە سزایەكی زۆرەوە ..

چاوەكانیم
بە سۆزەوە ماچ كردن ،
كە بە لەرۆزكی
لەژێر لێوی مندا
ئارامیان گرتبوو ..
سەرێكم بەرەو دواوە پاڵدا
هەست بە شەكەت بوون دەكا
ئای ... ئەمە باشترە !

(( ڕێگەی تەنیا هەندێ‌ وشەم دەدەی ؟ ))
هاتم ماچەكانی ترم ،
بەسەری مەمكانەوە نووساند
وام لێ كرد
ماچەكە زۆر ئارەزوومەندانە پێبكەنێ‌
كە ...
لەوەی دادیدەپۆشی داماڵڕابوو
درەختی گەورەی خۆتێهەڵقورتێنیش
لەوێ‌ بوون
بە گەڵاكانیان
مینای پەنجەرەیان
لە نزیكەوە .. نزیك
بە مەكرۆییەوە دەكوتا.

 


   
بۆ نووستوی دۆڵێ.
كە ڕامبۆ ئەم قەسیدەیەی لە ١٨٧٠دا لە (برۆگرێد) بڵاوكردەوە ناونیشانێكی دیكه‌ی پێدا، ئەم سۆناتایە، وێنەیەكی كاریكاتێرییە بۆ شەڕ كە لەو ساڵەدا ١٨٧٠ لە گۆڕێ‌ بوو.. لەگەڵ تێبینی ئەوەی دیارە كە ئەو سەربازە نەنووستووە، كوژراوە.
ئەو بەرابەریەش لە نێوان سرووشتی جوان و میهرەبان و كارەساتەكانی شەڕ دەبینرێ‌، هەروەها لە نێوان پەڵەی سەوز و پەڵەی خوێن.


مەزرایەكی سەوزە ،
ڕووبارێك
گۆرانی تێدا دەچڕێ ‌ ..
شێتانە
لێشاوی ئاوی سازگاری زیوین
بەسەر گیادا بڵاو دەكاتەوە ..

كه‌ خۆر ،
لە شاخە بەرزەكانەوە دەدرەوشێتەوە
ئەوەتا دۆڵێكی بچووك
بە پڕشنگان شەپۆل دەدا ..

سەربازێكی گەنج هه‌یه‌
دەمی كراوەتەوە
سەر ڕووت
ملی لە ژێر
هۆ ئەو شیناییە تازەیە دایە ..
لەناو گیادا ،
لەو سارایەدا ،
ڕەنگپەڕیو
لە پێخەفی سەوزیدا
كە ڕوناهی لێ‌ دەگری .
درێژ بووە دەنوێ ‌ ..
پێی لە ژێر سەوزایدان
خه‌نده‌دار
وەك بزەی مناڵێكی نەخۆش دەنوێ‌
نا ئەو ،
لە سەرخەوشكاندنێكی سادەدایە
ئەی سرووشت !
بە گەرمی ڕایژەنە !
سەرمایەتی
ئەو بۆن و بەرامەیە
كار لە لووتی ناكەن
ئەوەتا لەژێر خۆردا دەنوێ‌ و
دەستی ئارام لەسەر سنگییەتی
دوو كونی سووریش لەكه‌له‌كه‌ی ڕاستی ..
_______________________________________________
* ئارسەر ڕامبۆ: شاعیری بەناوبانگ و جێی سەرنجی مێژووی نوێی شیعری فەڕەنسی و جیهانی ( جین نیكۆلاس ئارسەر ڕامبۆ) ، نۆڤمبەری ١٨٤٥ لەدایك بووە.
گرینگترین و سەرنجڕاكێشترین كاری نووسیبێ‌ لە تەمەنێكی لاوی سنووردار بووە ، فیكتۆر هۆگۆ بە (منداڵیی شەكسپیر)ی چوواندوه‌ لە بیست و یەك ساڵیدا وازی لە شیعر نووسین هێناوە.

* بؤ دەقى شيعرەكانی برِوانە:
http://www.alnoor.se/article.asp?id=25158

 

ماڵپەڕی نەژاد عەزیز سورمێ

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک