٢٢\٣\٢٠١٦
کۆمیدیای رۆمانی
''کاندید''.

بەنگین پیرۆت
(مرۆڤ کە بیری بە بیر، بیری
کردەوە ئەوسا دەزانێت بە کێ دەوترێت مرۆڤی بیر پوچ و بەکێش دەڵێن مرۆڤی
بیرکەرەوە).
شوناسی مرۆڤ کە وەک "کاندید" لە سایەی ئازادی "تۆقیو، سەرسام، شەڵەژاو
، خەڵتانی خوێن" بوو کەواتە "ئەگەر ئەمە باشترین دونیایە، ئەی
خەراپەکەی کامەیە؟" بۆیە " لە ساییەی وشەی ئازادیش کە خوا پێی بەخشیوین"
جۆرە ئازادییەکە ستەمکار بەرھەم دەھێنێت مرۆڤ لەسایەیدا دەچەوسێتەوە.
"ڤۆلتێر" لە رۆمانی "کاندید" لەڕێگەی کارەکتەرێکی سیفات "دۆن کشیۆت" کە
کەمێکیش لە "ئەلفرێد مۆللەر" کارەکتەری رۆمانی "کەمانچە ژەن" دەچێت کە
ناوی "کاندید" لەلایەک بە جۆرە دەسەڵاتێکی گەردونی ئاشنامان دەکات بۆ
ھاڕینی مرۆڤەکان خوا ئازادی تەواوی بە چەتە و ستەمکارەکان بەخشیوە.
ھەروەک مارتن بە ڕەشبینیەوە کە قسە بۆ کاندید دەکات دەڵێ:"بیر لەم گۆی
زەویە ئەکەمەوە، بیر لە خوا ئەکەمەوە کە جێی ھێشتوە بۆ چەند کەسێکی
خەراپەکار".
لەلایەکی تر، دەسەڵات دەبێتە چوارچێوەیەک بۆ زیندانی کردنی خودی مرۆڤ،
با ئەو مرۆڤە لە لوتکەی دەسەڵاتیشدا بێت، تۆ مادام لە دەسەڵات دایت
مانای ئەوە نیە دەسەڵاتداری، بەڵکو مانای وایە تۆ دیلی دەستی دەسەڵاتی،
لەبەر ئەوە دەسەڵات ھەمیشە مرۆڤەکان بۆ دەسەڵاتی دەسەڵاتداریەتی خۆی
بەکار دێنێت چونکە مرۆڤ نەیتوانیوە دەسەڵاتی فکری عەقڵانیەت بەسەر
دەسەڵاتی فکری زاڵمانەی دەسەڵاتدا زاڵ بکات.
من ئازادی وا دەبینم، مانایەکی ئازار بەخشی ھەیە، چونکە دەسەڵات کە
دەسەڵاتێکی داپڵۆسێنەر بوو، مانای وایە ئەو دەسەڵاتە فۆبیایەکی
تۆقێنەرە، لە پشتی پەردەیەکی مەرگ ھێنەر ژیان کوژیشە، بە ئازادی خۆی
ئازادی ئەوانی دی پێشێل دەکات، بەبێ ئەوەی ئەوانی تر ئازاد بن سنورێک
بۆ چەوساندنەوەی مرۆڤ و ستەمی ستەمکار و ئازاردانی ویژدانی ئازادی
دابنێن.
"ستەمکاری بیرکەرەوە" و "ستەمکاری گەمژە" "ھەر چەند ھەردووکیان
نێگەتیڤن بەڵام ئەمیان لەویان باشترە" ستەمکاری بیرکەرەوە رۆژێک دێت
بیرلە ستەمەکەی بکاتەوە خۆی چاک بکات بەڵام ستەمکاری گەمژە خۆشی چاک
بکات ھەر بەگەمژەی دەمێنێتەوە مانەوەشی بە گەمژەی ستەمی لەخۆی و ئەوانی
دی کردوە بۆیە سیستەمێکی ناتەندروست بەرھەم دەھێنێت، ھەروەک دەسەڵاتی
ئۆلگاریشی تاک جەمسەریش دەرەنجامی لەو باشتر نابێ. دواجار ھەردووکیان
ئاکامی خەراپیان لێدەکەوێتەوە. لەھەموشی گەمژەتر و گەورە تر
لەگەمژە،یان گەمژەترین گەمژە، ئەو گەمژانەن گەمژەیی خۆیان نابینن،
ئەوانی دی بە گەمژە دەزانن.وەک ئەو ستەمکارەی بیردەکاتەوە، بەڵام
گەمژانە بیردەکاتەوە.
کۆنسێرڤاتیڤە باوەڕدارە ئاینیەکان بەناوی تێرکردنی رۆحی مرۆڤە ورگ
برسیەکان، لە ستەمکارە داپڵۆسێنەرەکان بۆ چەوساندنەوەی مرۆڤ دڕندەترن.
ئەگەر دیکتاتۆرەکان ئازادیان ئازادانە بۆ ھاڕینی مرۆڤ بەکارھێنابێ،
ئەوە واعیز و پیاوانی ئاینی گومانیان لە ئیمان و باوەڕی مرۆڤەکان ھەبوە
و کۆشاون مرۆڤی ئازاد و مرۆڤی بیرکەرەوە بە ئازادی خۆیان فڕێدنە
دەرەوەی کۆمەڵگاوە، با کۆمەڵگا سودیشی لە بیرکردنەوەی مرۆڤی بیرکەرەوە
و داھێنانەکانیان وەرگرتبێ.
لە چاپتەری چوار، سواڵکەرە ترسناکەکە، ئەو پیاوە خێوە، خودی فەلسەفەیە
بەو قۆناغە گەیشتوە نەک مرۆڤێکی بەسزمان ئاوای لێ بەسەرھاتبێ،مرۆڤی
نەخۆش ناکەوێتە سەر جادە و کۆڵانان، لەژێر کاریگەری نەخۆشیەکەی ھەر زوو
کۆتای بە ژیانی دێ، بەڵام فەلسەفەی فەیلەسوف و فەیلەسوفی فەلسەفە، ڕێک
لە "پانگلۆس"ی بەدبەخت دەچێ. خودی فەلسەفەش وەک فەیلەسوف بەدبەختە،
مەگەر ووتەی واعیزێک ئەگەر ووتەیەکی بێ مانا و پوچیش بێ، بەلای
کۆمەڵگایەکی مێشک داشۆراو بە خورافیات لە فەلسەفەی فەیلەسوف کایگەر و
گرنگ تر نیە؟
مرۆڤ ھەتا لە ژێر کاریگەری ھەیمەنەی بیری پوچگەرایی ڕزگاری نەبێ نابێتە
مرۆڤێکی بیرکەرەوە، من رووی قسەم لەو پوچگەرانە نیە دەستیان لە ژیان
ششتوە، مەبەستی من ئەوانەیە بە ناوی دین ھەموشتێک و پێشکەوتنێک ڕەت
دەکەنەوە. پوچی چیە ھەتا خۆمانی لێ دەرباز بکەین و ببین بە مرۆڤێکی
خاوەن ھزری بیرکەرەوە ئەی بە کێ دەوترێ مرۆڤی بیرکەرەوە بەکێش دەوترێ
مرۆڤی بیر پوچ؟ پێم وایە ھەرکاتێک بیرمان کردەوە بوین بە مرۆڤێکی
بیرکەرەوە، لە بیری پوچ بیرمان رزگاری بوە، چونکە لە گۆشەنیگای مرۆڤی
بیرکەرەوە بەھرەی داھێنان چەقی عەقڵانیەتە. مرۆڤ لەدەرەنجامی خۆ
ھەڵواسینی بە پەتی مرۆڤی بیر پوچ ژیانیشی پوچە.
بیر پوچانە وەک بیر پوچێک بەو ژیانەی لەسایەی بیر پوچەکاندا تێیدا
دەژیت بیری ئاسودەیە، مرۆڤی بیرکەرەوەش گومان لە بیری بیرکەرەوەی خۆشی
دەکات، بۆیە دەرونێکی ئارام و بیرێکی جێگری نیە ھەمیشە بیردەکاتەوە بیر
بکاتەوە، مرۆڤ کە بیری بە بیر، بیری کردەوە ئەوسا دەزانێت بە کێ
دەوترێت مرۆڤی بیر پوچ و بەکێش دەڵێن مرۆڤی بیرکەرەوە.
_____________________________
ژێدەر:
ناوەندی ڕۆشنبیری و ھونەریی ئەندێشە.
رۆمانی "کاندید" نووسینی "ڤۆلتێر" وەرگێڕانی لە فەڕەنسییەوە بۆ کوردی "بەیان
سەلمان"، چاپی یەکەم ساڵی ٢٠١٤.
ماڵپەڕی بەنگین پیرۆت
|