٩\٢\٢٠١٤
کۆمیتەی بەلجیکای
حیزبی دیموکرات
یان پاشکۆی پارتی
و وابەستەکانی بنەماڵە.

پێشڕەو ئیسماعیل عارف
دەسەڵاتی کوردی و حیزبەکانی دەسەڵات لە باشوری کوردستان گەلێک نەریتی
دزێوی هێناوەتە ژیانی ئاسایی و سیاسی خەڵکی کوردستانەوە، ئەو نەریتانەی
هەندێک بە ئاسایی و بەشێک لە کولتوری کۆمەڵگای دادەنێن و بەشێکی زۆریش
لە خەڵکی کوردستان لێی بێزارن و بە نزمی و قیزەون تێی دەروانن، نمونەی
ئەوانە پیاو پیاوێنە و خۆ بە جیاواز و بەرزتر گرتن لە کۆمەڵانی خەڵک و
مامەڵەی تایبەت لەگەڵ هەندێک کەس کە لە ناوەرۆکدا لە بەتاڵترین
تاکەکانی کۆمەڵگان و تەنها و تەنها بەهۆی خۆبردنە پێشەوە و بێدەنگی
بەرامبەر بە تاوان و پێشێلیەکانی حیزب و دەسەڵاتی کوردی جۆرە
کەسایەتیەکی وەهمیان لە وجودی خۆیان درووستکردووە، دیارە ئەو جۆرە
کەسانە لەناو خێڵەکیەکانی کوردستان و لە کۆمەڵگای پیاوسالاری و حیزب
سالاریدا بۆتە دیاردەیەکی ئاسایی. ئەوەش بەهۆی رۆژانە دوبارە و چەند
بارە بونەوەی فەزیحەتەکان و بەهۆی کێشە زۆر گەورەکانی تر ئیتر هێندە
باس لەو دیاردانە ناکرێت و بەداخەوە بۆتە بەشێک لە ژیانی کۆمەڵگا.
ئەوەی جێگای سەرسوڕمانە هەندێک لایەن و پارتی دێرینی وەکو حیزبی
دیموکراتی کوردستانی ئێران وەک ئەوەی لە زۆر بۆنە بە نمونە بەرواری ١ی
فێبریوەری ٢٠١٤ لە شاری لۆڤنی بەلجیکا ئاهەنگی یادی دامەزراندنی کۆماری
کوردستانیان گێرا. بانگهێشتی گوایە فەرمی بۆ نوێنەرانی پارتی و یەکیتی
و نوینەرایەتی حکومەتی هەرێم کردبوو . دلاوەر ئاژگەیی نوێنەری حکومەتی
هەرێم و باشترە بڵێین نوێنەری بنەماڵەی بارزانی لە بەلجیکا خۆی لە
ئاستی ئەوان زۆر بەرزتر دەبینێت بۆیە ئامادەی ئاهەنگەکە نەبوو، بەڵکو
زانا کوردەی لە بری خۆی ناردبوو.
ئەو نوێنەرانەش ئەگەرچی بەرپرسانی یەکە حیزبیەکانی شار و وڵاتانن لە
تاراوگە بە لاساییکردنەوە لە بەرپرسانی ناوخۆی هەرێم کردویانەتە نەریت
لە کاتی سەردانەکانیان بۆ ئاهەنگەکان چەند کەسانێکی خزم و بنەماڵەیان
دەخەنە دوای خۆیان و هەوڵ دەدەن خۆیان وەکو بەرپرسانی گرنگ بەرجەستە
بکەن. دیارە ئەو دیاردەیە لەناو خودی ئەو حیزبانە هیندە ئاسایی بۆتەوە
کە ئیتر بۆتە مۆرکی ئەو حیزب و لایەنانە و ئەوەش وا دەکات کە کارگێرانی
بەلجیکای حیزبی دیموکرات ئەم رەفتارە نزمەیان بە گەورەیی دابنێن و
وێڕای ئەوەی لە ریزەکانی پێشەوەدا کورسی و مێزی تایبەتیان بۆ دادەنێن و
لە میوانە ئاساییەکان جیایان دەکەنەوە و زیاتر رێزیان لێ دەگرن و
خزمەتی تایبەتیان دەکەن و بێگومان پارەی چونە ژورەوەشیان لی
وەرناگیردرێت . ئەمە لە کاتێکدا زۆر لە رەوەندی کوردی لەبەر نەبونی
پارەی هاتنە ژورەوە کە بۆ زۆر کەس نرخێکی بەرز بوو (پانزە ئێرۆ بە بێ
خواردن و خواردنەوە کە نرخێکی بازرگانیە) ئامادەی ئەو ئاهەنگە نەبون .
لە کاتێکدا ئەو بەرپرسە حیزبیانەی یەکێتی و پارتی جگە لەوەی زۆربەیان
بێشەرمانە سواڵکەری پارەی سۆسیالن و هەندێکیان تەلاقی رواڵەتیان لەگەڵ
هاوسەرەکانیاندا کردووە و ئەدرەسی جیاوازیان هەیە بەو مەبەستەی دەبڵ
سواڵ وەربگرن لە هەمان کاتدا خانەنشینی کوردستانیشیان هەیە.
ئەو کەسە حیزبیانەی کە لە لایەن حیزبی دیموکراتەوە بەرێزەوە بانگەشە
دەکرێن سەرباری ئەوەی کە ئاهەنگەکان ئاهەنگی خێزانین بەڵام وەک ئەوەی
لە کوێرە دێیەکان و دەڤەرە خێڵەکیەکانی کوردستاندا بن، هاوسەرەکانیان
لە کونجی ماڵەوە زیندان دەکەن و خۆشیان بە سەڵتی بە ناو ئەو میوانە
شارستانیانەدا کە لە پاڵ هاوسەرەکانیان دا ئامادەی ئاهەنگەکان دەبن دێن
و دەچن و تەنانەت دەکەونە وێنە گرتن و چاو لەوەراندن و بێزار کردنیان .
بەجۆرێک وەک لە وێنەکان دەبینین تا ئەو کاتەی ئەو بەرپرسە ناوچەییانە
لە هۆڵی ئاهەنگەکەدا بون هیچ ئافرەتێک لە ترسی ئەو چاو لەوەراندانانە
جورئەتی هەستان بۆ هەڵپەرکێی نەکردووە.
جێگای داخە حیزبێکی دێرینی وەکو حیزبی دیموکرات و لە ئاهەنگێکی ئاوا
نەمرانەدا لەبەر خاتری چەند حیزبیەکی پیاو سالاری خێڵەکی کوردستانی
باشور تەواوی ئازادیەکانی ئافرەتان و کەسە شارستانیەکان پێشێڵ بکات.
چاوپۆشی لە رەفتاری کەسانێک دەکات کە ڕەوەندی کوردی ئەم وڵاتە هیچ
بەهایەکی بۆ دانەناون و داینانێت.
خویەکی سەمەرەی تری کۆمیتەی بەلجیکای حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران
ئەوەیە کە هەر لەگەڵ گەیشتنی هەر نوێنەرێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ
برۆکسل ئەندامان و بەرپرسەکانیان دەکەونە راکەراکەی زوو گەیشتنە ئەو
نوێنەرە و وێنەگرتن لهگهڵیدا. لەکاتێکدا بنیاتنانی ئەو پەیوەندی و
چاوپیکەوتن و خۆ پیاهەڵواسینانە ئەگەر زەرەری نەبێت بۆ ئەو حیزبە وەک
ئەوەی من ئاگادارم تاکو ئێستا هیچ سودێکی نە مادی و نە مەعنەوی بۆ ئەو
حیزبە نەبووە. جگە لە بچوککردنەوەی خۆیان و حیزبەکەیان.
دیاردەیەکی تری دزێوی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ئەوەیە کە لە
بۆنەو ئاهەنگەکانی فەرشی سوور بۆ حیزبیەکانی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان
رادەخات و بە سنگێکی فراوانەوە کاتی زیاد لە پیویستیان دەداتێ بۆ
خوێندنەوەی وتارە چەواشەکاریەکانیان بەڵام رێگرە لەوەی کە رێکخراوە
سیڤیلەکان لە رێگای ئەو بۆنانەوە هەوڵی خۆ ناساندن یان بانگەواز بۆ
کاری خێرخوازی بکەن ، وەک ئەوەی لە ئاهەنگی نەورۆزی هاوبەشی حیزبە
کوردستانیەکانی پار، بەرپرسی ڕێکخراوی ئاسۆ هەوڵیدا تەنها بانگەوازێک
پێشکەش بکات بۆ ئاگادارکردنی ئامادەبوان کە کردنەوەی پۆلێکی فێربونی
زمانی کوردی لەسەر ئەرک و خەرجی خودی رێکخراوەکە بەڵام لە لایەن هیوا
دیاکۆی بەرپرسی پەیوەندیەکانی حیزبی دیموکرات بە توندی و بە بێ رێزیەوە
ڕیگری لێ کرد.
جێگای زەردەخەنەیە کە تەوای ئامادەبوانی ئەو ئاهەنگە فرە حیزبیە
کوردستانیە کە ١٠٠٠ کەس دەبون توانیان ١٢٠٠ ئیرۆ بۆ ئاوارەکانی
کوردستانی ڕۆژئاوا کۆبکەنەوە ، لە کاتێکدا تەنها رێکخراوە سیڤیلیەکەی
ئاسۆ سەرباری ئەوەی ڕێگای پێنەدرا بانگەشەیەکی خێرخوازی بکات بۆ
فێرکردنی زمانی کوردی بە منداڵانی رەوەندی کوردی لەم وڵاتە، ٢٠٠ ئێرۆی
لە کۆی ٢٠٥ ئێرۆی رێکخراوەکەیان بە ئاوارەکان بەخشی!!
حیزبی دیمواکرات دژایەتی رێکخراوە سیڤیلەکانی رەوەندی کوردوستانی باشور
دەکات لە پێناو رازی کردنی بەرپرسەکانی حیزبەکانی دەسەڵات و پیاوەکانی
بەناو نوێنەرایەتی هەرێم لە خۆی، بەڵام لە کاتی بۆنەو نارەزایی دەربڕین
لە تاوانەکانی حکومەتی ئێرانی پەنا دەباتە بەر رێکخراوە سیڤیلیەکانی
وەک کوردستان فۆروم وەک ئەوەی لە ٥ی دێسەمبەری ٢٠١٣ دژ بە تاوانی لە
سێدارەدانی کردنی تێکۆشەرانی کورد رێکخراوی کوردستان فۆرم تەواوی
وەرگرتنی مۆڵەت و ئەرکەکانی ئامادەکاری خۆپێشاندانەکەی خستە ئەستۆی خۆی
و تەنانەت نامەی نارەزاییش لە لایەن کوردستان فۆرومەوە نوسراو ئاراستەی
پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپاـ دیسکی ئێران کرا. جگە لەوانە لە کۆی ٢٨ کەس
لە ئامادە بوان ١٠ کەسیان ئەندام و دۆستانی کوردستان فۆروم بون و چەند
کەسێک لە ئەندامانی باڵە جیابووەوەکەی حیزبی دیموکرات بوو ، چەند
ئامادە بویەکیش لە بیرۆی کوردی برۆکسلەوە هاتبون. بە کورتی حیزبی
دیموکراتی کوردستانی ئێران هیندەی پەنجەکانی دوو دەست بەشداربوی پێ
کۆنەکرابۆوە! بەڵام ٣ بەیاننامەی درێژدادڕیان خوێندەوە، ئەندامانیان بە
جۆرێ هەوڵی خۆ دەرخستنیان داو بێرێزی و نۆرەبڕیان کرد لە پرۆگرامەکە کە
کاوەی ئاهەنگەری بەرپرسی باڵی جیابۆوەی حیزبی دیموکرات بە جۆرێ بێزار
کرا چاوپۆشی لە خوێندنەوەی بەیاننامەکەی خۆی کرد و ئەندامانی کوردستان
فۆروم هاتنە نێوانەوە بۆئەوەی کێشە دروست نەبێت و سەرباری نارەوایی
بەرامبەر کاک کاوەی ئاهەنگەری کاک هیوا دیاکۆیان هێمن کردەوە لەوەی
شتەکانی نەپێچێتەوە و خۆ پێشاندانەکە بەجێ نەهێڵن.
ئایا برادەرانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ناپرسن ئەو ئەندامە بهلێشاوەی
پارتی و یەکێتی لە چ کونێکدا خۆیان حەشار دابوو بە تایبەتی ئەندامانی
پارتی کە بە پێی ئاگادیەکانمان لەم وڵاتە ٤٠٠ ئەندام دەبن . ئەگەر لە
تەواوی وێنەکانتان بتوانن تەنها ئەندامێکی پارتی و یەکیتی پێشان بدەن
کە بەشداری خۆپێشاندانەکەتان بووە ئەوا من بە نوسراو داوای لێبوردنیان
لێ دەکەم. لە کاتێکدا بە ئاگاداری ئێمە پێشکات بانگەشەی ئەو دوو حیزبە
کرا بۆ ئامادەبوون لە خۆپێشاندانەکەدا و بە تاکە ئەندامێکیان بەشداریان
نەکرد و بە تاکە ووشەیەکیش وەڵامیان نەدانەوە وهیچ نرخ و وجودێکیان
بۆبانگەشەکەی حدکا دانەنا، لەبەرئەوەی کۆمیتەی ئەو حیزبە خۆیان هێندە
بچوک کردۆتەوە ئەوانیش خۆیان بە ئاغاکانیان دەزانن . ئێمە ناهەقیان
ناگرین لەبەر ئەوەی کاتێک ئێوە ئاوا رەفتار بکەن و ئەندامانتان خۆیان
بگەیەننە ئەو ئاستەی لە شاری ئەنتوێرپنەوە لەسەر وەعدی (سوارە گەرمیانی)
ئەندامی کۆمیتەی ئەو کاتەی یەکێتی بۆ نەفەرێک کەباب و پارەی هات وچۆی
شەمەندەفەرەکە بچنە کۆر و سیمیناری مەلا بەختیارەوە لە برۆکسل! ئیتر
ئەبێت چ نرخێک بۆ بانگەشەی حدکا دابنێن لە بەشداریکردن لە
چالاکیەکانیان و پشتیوانیکردنیان.
لە ئاهەنگی دامەزراندنی کۆماری کوردستان و سەرجەم بۆنەکانی تر دەربڕینی
نارەزایی لە مامەڵەی تایبەت لەگەڵ بەرپرسەکانی پارتی و یەکێتی، بە
ئەرکیکی سەرەکی تەواوی ئەندام و دۆست و لایەنگران و سەرجەم تاکێکی
رەوەندی کوردی خاوەن هەڵوێست دەزانین. منیش وەکو بەرپرسی کوردستان
فۆروم بە پێویستم زانی کە راستەوخۆ رووبەرووی ئەو دیاردەیە ببمەوە و
مامەڵە نزمەکانی کۆمیتەی بەلجیکای حدکا پرۆتستۆ بکەم. هەربۆیە بە
پێویستم زانی وەکو بێزاری و نارەزایی دەربڕینێک ئاهەنگەکە بەجێبهێڵم.
بێزاری و تورەیی و لە شەرە بوتڵی بیرە و ساتەناساتێک شەر و پەلاماری
ئەندامانی ئەو حیزبەش لە ناوخۆیاندا هۆکارێکی تری بێزاری و هاندەری
زیاتر بوون بۆ بەجێهێشتنی ئاهەنگەکە لە لایەن زۆر لە خێزانەکان بە
تایبەتی خاوەن منداڵەکان.
پاش جێهێشتنی ئاهەنگەکە کاک هیوا دیاکۆ بەرپرسی حیزبی دیموکراتی
کوردستانی ئێران لەبەلجیکا بۆ کڕینەوەی شەرمەزاری خۆیان بە تەلەفۆن
ئاگاداری کردمەوە کە کۆمیتەی بەلجیکای حیزب بڕیاری داوە کە ئیتر رێگا
نەدرێم بەشداری لە بۆنە حیزبیەکانیان بکەم! نازانم ئەم کۆمیتەیە لەو
گەرمەی ئاهەنگ و بە دەهۆڵ و زوڕنا کوتانە و پێنج شەرو بەیەکدا هەڵپرژان
و بێنە و بەردەی پۆلیسدا چۆن توانی ئەو بڕیارە”گرنگە مێژووییەی"!
حیزبەکەیان بۆ رازیکردنی بەرپرسەکانی پارتی بدەن و چۆن وا بەخێرایی
وەکو هاوسۆزیەک لەگەڵ نوێنەرەکانی بنەماڵەی بارزانی ئەو بڕیارە ”جەسورەیان!"
خێرا دا؟ یان ئەمە هەر لە زوترەوە داواکاری پیاوەکانی پارتی بووە بۆ
پەراوێزخستنی چالاکوانە بەهەڵوێستەکان بەتایبەتی بەرامبەر تەواوی
ئەندامانی ڕێکخراوەکەمان لە تۆڵەی ئەوەی کە پارتەکەیان و
سەرۆکەکەیانمان لە پەرلەمانی ئەوروپا شەرمەزار کرد.
ئامادە بون یان ئامادە نەبون لە بۆنەکانی حیزبەکەیاندا کە (فی سنە حسنە)
ساڵی جارێک و ئەوەش تەنها نەوروزی ساڵانەیە کە بە خەرجی پارتی و
پیاوەکانی نوێنەرایەتی ئەنجام دەدرێت و بریتیە لە خوێندنەوەی وتاری
حیزبەکەیان و حیزبەکانی دەسەڵات لە هەرێم و دەهۆڵ و زورنا لێدانێکە و
لە هەمان کاتدا پێویستی بە لەبەرکردنی جلوبەرگی زرێپۆشیشە بۆ خۆپاراستن
لە شەرە بوتڵ، بەهێند ناگیردرێت و هیچ بەها و نرخێکی نیە. ئامادەبونی
من و زۆر لە رەوەندی کوردی لەم بۆنەیەدا تەنها وەکو رێزلێنانێک بوو
لەدامەزراندنی کۆماری کوردستان، بەتایبەتی بۆ من وەکو وەفایەک بوو بۆ
خەباتی باوکی خوالێخۆشبوم کە پێشمەرگەی ئەو کۆمارە بووە و بەهۆی
بەشداری لەو کۆمارەشدا ١١ساڵ زیندانی کێشاوە.
بە بۆنەی ئەم پێشهاتانەوە و بەناوی کوردستان فۆروم و ئەندامانمانەوە
پێتان رادەگەیەنین ئێمە رێکخراوێکین کە خاتروخۆتری هیچ کەس ولایەنێکمان
لا نیە و هیچ بەرژەوەندیەکمان بە کەس و لایەنێک نیە و زۆر سەربەرزین و
لە روبەروبونەوە رەواکان هەرگیز ناسڵەمینەوە . بە ناوی ئەندامانی ئەو
رێکخراوەوە داوا لە دڵسۆزانی ناو کۆمیتەی بەلجیکای حیزبی دیموکراتی
کوردستانی ئێران لە بەلجیکا دەکەین کە چاویان بکەنەوە و ببینن کە ئیتر
کاتی ئەوە هاتووە سنورێک دابنێن بۆ خۆ بچوککردنەوە و خۆ هەڵواسین بە
بەرپرسە حیزبی و حکومیەکانی هەرێمی کوردستان. داواتان لی دەکەین رێز لە
خەباتی دڵسۆزان و شەهیدانی حیزبەکەتان و ئیرادەی رەوەندی کوردی ئەم
وڵاتە بگرن و واز لە نەریتی دەست بە سنگەوەگرتن و تەرخانکردنی ریزەکانی
پێشەوە و مامەڵەی تایبەتی لەگەڵ حیزبیەکان بهێنن . ئێوە هاوکاری ئێمە
بن و رەوەندی کوردی ئەم وڵاتە فێری سەربەرزی بکەین و نرخی خۆیان بزانن
نەک ئەوەی بەشدارن لە پەیرەوکردنی نەریتی گەورە و بچوکی و کۆیلایەتی
لەسەر بنەمای حیزب و دەسەڵات. ئێمە رێزمان بۆ حیزبەکەتان هەیە لەسەر
بنەمای رابوردوی تێکۆشەرانتان نەک رەفتارەکانی ئێوە کە بەداخەوە رۆژانە
دەیانبینین و هەستی پێ دەکەین و بیزار و تورەمان دەکات. کارێک مەکەن
ئێوەش بخەینە هەمان پۆلی ئەو حیزب و کەسانەوە. با هەمان مامەڵەتان
لەگەڵ نەکەین و بەشێک لە ووزە و چالاکیەکانمان نەخەینە گەر بە مەبەستی
دەرخستنی زۆر لە لایەنەکانی ترتان کە نەمانویستووە لێرەدا لێی بدوێین و
ئەم نوسینەمان تەنها بۆ دوان لە رەفتارە دزێوەکانی ئەم دەستەیەی
بەلجیکاتان تەرخان کردووە.
kurdistanforum@hotmail.com
|