٢٠\١٠\٢٠١٧
کۆمۆنیزمی
کوردستان لە بۆشایی سیاسی ئەمرۆدا.
نادر
عەبدولحەمید
لەم بارودۆخەی ئێستادا، بە ڕادەستکردنەوەی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان
لەلایەن "یەکیەتی" و "پارتی"ەوە، لیبڕاڵەکانی کوردستان و ئۆپۆزیسیۆنی
قەومی ئیسلامی (لەوانە "گۆڕان"، و "نەوەی نوێ") داوای ھەڵوەشانەوەی "حکومەتی
ھەرێم" و دەست لەکارکێشانەوەی بارزانی دەکەن. داوای پێکھێنانی
حکومەتێکی ڕزگاری نیشتیمانی دەکەن.
لە ڕوانگەی کرێکاری سۆشیالیستەوە دەبێ داوای دادگایی کردنیان بکەین و
بیکەینە دەروازەیەک بۆ گۆڕینی بارودۆخەکە لە داڕوخانی مەعنەویاتی خەڵک
و میحنە و تێکشکانی شکۆ و کەرامەتی خەڵکی کوردستانەوە، بۆ چەکدار
کردنیان بە ئاسۆیەکی شۆڕشگێڕانە ڕوەو ڕاپەڕین، ھێرش بردنە سەریان و
شۆڕش، ئەم چرکە ساتە یەکێکە لەو ھەلە مێژووییانە.
ئەڵبەتە دیارە کە ئەمە پێداویستی سیاسی و ڕێکخراوەیی و ئامادەکاری و
زۆر شتی تری دەوێت، بەڵام مێژوو ناوەستێت لەسەر ئەوە خەریکی ئامادەکاری
بیت و ئەوسا بێیتە مەیدان، دەبێ سەرەتا لە مەیدانەکەدا خۆت ڕاگەێنیت و
دەستبەکاری ئامادەکاریەکان بیت.
یەک خاڵ زۆر گرینگە ئەویش ڕابەرێکی مەیدانیە لەناو خەڵکدا کە ئەو
سیاسەتە بە عەلەنی ڕاگەێنێت و کاری بۆ بکات و لێرەوە پڕۆسەی دابینکردنی
پێداویسیتەکان دەکەونە سەر ڕەواڵی خۆیان.
(لینین) نمونەی ئەو ڕابەرەیە، کە لە مانگی ئەپریلی ١٩١٧ دا دەگەڕێتەوە
ناو ڕوسیا، دەبینێ ڕابەرایەتی ناوخۆ (ستالین و کامنیف) سیاسەتی
پشتیوانیکردنیان گرتۆتە پێش لە "حکومەتی کاتی" ئەوکاتە کە بەدوای "شۆڕشی
شوبات"دا پێکھاتبوو، لینین بە سیاسەتە ڕادیکاڵ و عەمەلیەکانی دژی "حکومەتی
کاتی" نەھەر توانی کادرەکانی حزبەکەی خۆی کێشبکات بەڵکو توانی ھێزیش
بگرێت لەناو شۆراکان و نوێنەرانیان و لەناو مەنشەفیەکانیشدا، ڕووداو و
ئاڵوگۆڕە سیاسی و سەربازیەکانیش زیاتر و زیاتر ڕاستی و دروستی
سیاسەتەکانی سەلماند و ھێزی ھەرچی زیاتری گرت تا گەیاندیە شۆڕشی
ئۆکتۆبەر.
لەمڕۆدا ستڕاتیژی بەشێک لە کۆمۆنیستەکان، کە لایەنگری ڕیفڕاندۆم بوون و
بەدوای سەربەخۆیی کوردستانەوەن، ئەو ستڕاتیژەی لینین نیە. ھەموو باس
کردن و کارکردنێکیان بۆ خۆڕێکخستنی جەماوەر لە شۆراکان و خۆ چەکدار
کردن، بۆ سۆشیالیزمێکە کە لە ڕێگەی سەربەخۆ کردنی کوردستانەوە دێتەدی
کە سەرەتا سێکیولاری غەیرە قەومی دەبێ.
واتا بەپێی ستڕاتیژی ئەو بەشە لە کۆمۆنیزم، کرێکاران و زەحمەتکێشان لە
شۆراکاندا ڕێکخراو بن لە شوێنی کار و ژیانیان وە خۆیان چەکدار بکەن بۆ
بەرگری لە ماف و دەسکەوت و دەستدرێژیەکانی سوپا و "حەشدی شەعبی" لە
پێناو سەربەخۆیی کوردستاندا، جا وەلانانی دەسەڵاتی ناسیونالیزمی کورد
لەم پەیوەندەدا مانا پەیدا دەکات.
ئەو بەشە لە کۆمۆنیزم بە کادرە سیاسی و ھەڵسوڕاوە مەیدانیەکانیەوە ئەو
ھێزە نیە کە لە مەیدانەکەدا وەک لینین ئاڵای ھەڵپێچانی ئەم دەسەڵاتە و
گرتن و دادگایی کردنی سەرانی دەسەڵاتداری ناسیونالیزمی کوردی ڕاستەوخۆ
لەمەیدانەکەدا ڕاگەیاندبێت، وە سیاسەتی دامەزراندنی دەسەڵاتی کرێکاران
و زەحمەتکێشانی کوردستانی گرتبێتەبەر بەڕاستەوخۆیی و بەبێ
پەیوەستکردنەوەی مەجدارانە بەسەربەخۆیی کوردستانەوە.
بەشێکی تری کۆمۆنیزم ڕۆڵی خۆی ھەمیشە لە جێگەوڕێگەی ئۆپۆزیسیۆنیدا
دەبینێتەوە، ئەویش ئۆپۆزیسیۆنێکی تەبلیغاتی (پڕوپاگەندەی فکری و سیاسی)
و خسڵەتی پڕاتیکی شۆڕشگێرانە لە کۆمۆنیزمدا نابینێت.
بەشی سێھەم لە کۆمۆنیستەکان چالاکن لە مەیدانەکەدا بەڵام ئاسۆی سیاسیان
ھێشتا نەگەیشتۆتە ئەو ئاستە کە ڕوخاندنی دەسەڵاتی ناسیونالیزمی کورد و
گرتنەدەستی دەسەڵات لەم ھەرێمەدا بخەنە دەستوری کاریانەوە و بیکەنە
سەکۆی پەرەپێدانی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کرێکار و زەحمەتکێشی سەرتاسەری
عێڕاق بۆ ڕوخانی دەسەڵاتی بورژوازی لە دەوڵەتی ناوەندی و ھێنانەدی
عێڕاقێکی سۆشیالیست کە کوردستان وەک جمھوریەتێکی شۆرایی لەخۆبگرێت.
کۆمۆنیزمی ئەمڕۆی کوردستانی عێڕاق لە بۆشاییەکی سیاسی ناوکۆمەڵگە و لە
غیابی ڕابەری مەیدانی لینینیانەدا دەژی. بارودۆخی بابەتی فاکتۆری
گرینگە بەڵام بە پلەی یەکەم ئەوە ئاگاھی و دەستپێشکەری ڕابەرانێکی
سیاسی عەمەلیە، بەتایبەت لە وەرچەرخانە مێژووییەکاندا، کە فاکتۆری
یەکلاکەرەوەیە لە چارەنوسی کۆمۆنیزم و کرێکار و کۆمەڵگەدا.
١٨\١٠\٢٠١٧
ماڵپهڕی
نادر عەبدولحەمید
|