په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\١٢\٢٠١١

کۆمۆنیزمی کرێکاریی و پەتای لەتلەت بوون!

کازم قادر        


لە پەیوەند بەو هەموو پارت و پارتۆکانەوە کە لە هەناوی کۆمۆنیزمی کرێکارییەوە هاتوونەتەدەر، جددیترین پرسیار بە ڕای من ئەوەیە:بۆچی ئەو هەموو جیابوونەوانەو هۆکارو ڕیشەی ئەو فەوزای حیزب دروستکردنانە چین؟ هەڵبەتە دەکرێت ئەو پرسیارە کرابێت و بە شێوازی فرەڕەنگ وەڵامی درابێتەوە، بەڵام پێدەچێت وەڵامەکان کرچ و کاڵ و زۆریش نەرێتیی بووبێتن. نموونه‌ی زۆر بەرجەستە لەم ڕووەوە، واتە لە پەیوەند دواجیابوونەوەی حیزبی"حیکمەتیست"وە،کۆی ئەو نوسین و بەیاننامەو کەمپەین و کۆمێنتانەیە کە لە ماڵپەڕو ڕۆژنامەو پێگەی فەیسبوک و تاد... بڵاو کراونەتەوەو دەکرێنەوە،کە هەمووی لە یەک بازنەی داخراو و لە تێگەیشتنێکی زۆر سادەوە هەڵدەقووڵێن، تێگەیشتنێک تەنها دەلیلی هەژارییەکی گەورەیە. لە هەمووشی سەیروسەمەرەتر کەمپەینی بەرگریکردنە لە لە داڕمانی حیزبی حیکمەتیست، ئەمە لە کاتێکدا حیزب داڕماوە و لەتوپه‌ت بووە، نەک ئێستاش بەڵکو مێژوویێکە و مێژوویێکی لەتوپەتبوونی خستۆتەپشت سەر! واتە مێژووی کۆمۆنیزمی کرێکاریی لە دوای مردنی مەنسوری حیکمەت مێژووی لێکترازان و سەنگەر لێکگرتن و تۆمەتبارکردن و نەفرەت لێککردنێکی ناشیرین و ترسناکە. مێژوویێکە هاوڕێکانی دوێنێ نەیارە بەدەکانی ئەمڕۆن، مێژووی خەباتی"کرێکاریی و کۆمۆنیستییە"پێکەوە و مێژووی دابڕانەکان و بەتاڵبوونە لە خەسڵەتەکانی کرێکاریی و کۆمۆنیست بوون. واتە کاتێک پێکەوە بوون، هەموان کۆمۆنیستی کرێکاریی بوون و هەر جیابوونەوەیەکیش یەکسانە بە سڕینەوەی ئەو خەسڵەتانە لە یەکتریی، بە کورتیی یان یاری یان قێزەونترین دوژمن. ئەم یان دۆستی یان دوژمنیت، تەنها لە حیزبە (کرێکارییەکانی) ئێراندا بەرجەستە نییە، بەڵکو ئەو نەرێتە ترسناکە لە ناو کۆمۆنیزمی کرێکاریی لە عێراق و - کوردستان - باشوریشدا ئامادەیە. کۆمۆنیزمی کارگەریی لە عێراقدا هەمان پرۆسەی لەتلەت بووون و بە دوژمن کردنی کۆمۆنیستەکانی دەرەوەی گروپ و پارتەکانی خۆیە. کۆمۆنیزمی کرێکاریی لە عێراق و ئێراندا وەک چۆن دوژمنێکی چینایەتیی سەرمایەداریی هەیە، لە نێو دەروونی خۆیشیدا لە دوژمنکارییەکی بەردەوامدا بووە لەگەڵ ئەوانیتر. ئەوانیتر واتە ئەو هاوڕێ و هاوسەنگەرانەی لەوانەیە خیلافێکی سیاسیی بچوک یان بە هەر ڕێژەیێک لە نیوانیاندا بووبێت.


ئێستا بۆ نیشاندانی هۆکارەکانی دیاردەو ئارەزووی چەوت و ناواقیعیی حیزب دروستکردن و پارچەپارچەبوون لە لایێکەوە و فەرهەنگی دواکەوتوانەو دوژمنکارانەی - یان دۆستی یان دوژمنی - لە لایێکیترەوە پێداگریی دەکەین، واتە هەوڵ دەدەین ریشە و هۆکارە بابەتیی و زاتییەکانی ئەو تراژیدیایە بە لایەنی کەمەوە بدۆزینەوە کە بزوتنەوەی کۆمۆنیزمی کارگەریی شەق و پە‌ق کردووەو دەیکات.چونکه‌ دیاردەی لێکترازان و پەرتەوازەیی کۆمۆنیزمی کارگەریی زۆر لەوە قووڵتر، ئاڵۆزترە کە ئەمڕۆ هاوڕێیانی کۆمۆنیست لە ساتی دووکەرتبوونی حیزبی"حیکمەتیست"دا قسەوباسی لێوە دەکەن. چونکه‌ ئەو بابەتانەی تاکو ئێستا لەو بارەوە نوسراون، دەخوازن بە هەر جۆرێک بووە ڕێگە لە جیابوونەوە بگرن، ئەم بەشە هەم دووکەرت بوونەکەی ئەو حیزبە نابینێت هەمیش سادەبینە. بەشێکیتر باس لە پێشێلکاریی یاساوڕێساو بڕیارنامە حیزبیی و ڕێکخراوییەکان دەکات کە ئەم لایێن یان ئەویتر پێشێلی کردووە. ئەو بۆچوونەش پێیوایە ئەگەر پێشلکاریی پرەنسیپە - زەبروزەنگە حیزبییەکان - نەبوایە دەتوانرا کێشەکان چاسەر بکرانایەو جیابوونەوە ڕووینەدایە.ئەم ئاراستەیە کە لە هەبوونی هەر جیاوازیی و دەرگیرییەکی دەروونییدا پەنا بۆ ئەو چەکە دەبات،خەتەرترین ئاراستەیە لە ناو کۆمۆنیزمی کارگەرییدا (ڕەگی دیکتاتۆرێکی خەوتوو) ئەمە هەر ئەو سەرکوتگەرییە ڕێخراوەییە ستالینییەیە کە دۆست و دوژمی کۆمۆنیزم و هەر یەکەیان بۆ ئامانجی خۆی باسی لێوە دەکات. ئەم ئاراستەیە لە جیاتی فرەوانکردنی پانتایی ئازادیی و ڕێگە خۆشکردن بۆ هاتنەگۆی بیروڕای جیاواز، کەچی بە چەکوش و تەختەو بزمار، واتە زەبروزەنگی یاساوڕێساکان وەڵام دەداتەوە، ئەو خەتە هەمان خەت و فەرهەنگی چەپی نەرێتییە کە تاکو ئێستا لە ناو بزوتنەوەی کۆمۆنیزمی کارگەرییدا باڵا دەستەو درێژە بە ژیان و فەرهەنگی خۆی دەدات. کۆمۆنیزمی کارگەریی گەرچی لە مێژووی خۆیدا و لە باری تێورییەوە ڕەخنەگرێکی بەرچاو بووە لە فەرهەنگ و نەرێتە چەپیی وناکرێکارییەکان، بەڵام لە باری کردەییەوە و لە زۆربەی بوارەکاندا بارگاوییە بە هەمان خەسڵەتی چەپی نەرێتیی و ناکرێکاریی. لەم ڕووەوەو بۆ وەڵام دانەوە بەو ڕەهەندانە کە ئاماژەم پێدان و بۆ ئەوەی تەنها قسە فڕی نەدەم، بە کورتیی نموونه‌ بەرچاو دەخەم.


بە بۆچوونم کۆی ئەو دەردانەی لە جەستەی کۆمۆنیزمی کرێکارییداوە، هەر لە جیابوونەوەکانەوە تا دەگاتە یەکتر ناشیرینرکردن،تۆمەتبارکردن، بە دوژمنکردن و تا سڕینەوەی جیاوازییەکان و لێسەندنەوەی خەسڵەتەکانی کرێکاریی و کۆمۆنیست بوون لەوانیتر،لە هەموو ئەوانەش گرنگتر ناکۆمەڵایەتییبوونەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاریی لە ئاستی کۆمەڵگەدا و بە تایبەت لە ناو چینی کرێکاردا، ڕیشەی لە پراکتیکی ناکۆمەڵایەتیی و ناکۆمۆنیستییدایە. واتە سیاسەت کردن، فەرهەنگ،ئامرازەکانی خەبات و هۆشیارکردنەوە،هەمان میکانیزمی بزوتنەوەکانی جەپی نەرێتییە.مێژووی چەپی نەرێتیی مێژووی هەڵتوقین و دروستکردنێکی ناتەندروستی سەدان گروپی جۆراوجۆرە، ئەم چەپە بەهۆی دەرگیر نەبوونی بە کێشەوگرفتە بابەتییەکانی کۆمەڵگەو چینی کرێکارەوە، واتە بە هۆی دەست بەتاڵییەوە، هەمیشە لە شەروکێشەیێکی سەختدا بووە هەم لە دەرونی خۆیداو هەمیش لە بەرامبەر گروپەکانیتردا. هەروەها خەسڵەتێکیتری چەپی ناکرێکاریی،  وەڵام نەدانەوەی دروستە بە کۆی کێشە کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و فەرهەنگییەکان،کۆی ئەو کێشانەی کە لە کۆمەڵگەیێکی چینایەتییدا هەیە. واتە چەپ لە بەرامبەرکێی واقیعی چینی کرێکار و سەرمایەوە دەرگیری سیاسەت و ململانێ چینایەتییەکان نەبووەو نابێت، بەڵکو لە دوورەوەو لە گۆشەیێکی کۆمەڵگەداو بەدوور لەو ململانێ واقیعییە سەرقاڵی کێشە وەهمییەکانی خۆیەتی. لەم ڕوانگەیەوە،بەبۆچوونم کێشەکانی ناو حیزبی حیکمەتیست و کۆمۆنیزمی کرێکاریی لە هەردوو وڵاتی ئێران و عێراقدا هەرچییەکبن و خۆیان چۆنی لێک بدەنەوە،هەروەها بۆ خۆیان چ بانگەشەیێکی کرێکاریی و کۆمۆنیستییان هەیە، بە ڕای من لە کێشەیێکی مەکتەبی و گروپچێتیی واوەتر نییە. چونکه‌ ئەو جەنگەی کۆمۆنیزمی کرێکاریی لە ناو حیزبەکانیدا بەڕێی خستووە، بە هیچ شێوەیێک کێشەی چینی کرێکار و کۆمەڵگە نییە.کێشەیێک نییە لە ناو جەرگەی خەبات و ململانێی چینایەتیی کرێکار و سەرمایەوە هاتبێتەدەر،کێشە نییە لە سەر ئەوە کە ئەم حیزب یان ئەوەیتر خەریکی سازشکردنە لە گەڵ بۆرژوازیی،کێشە نییە لە سەر بابەتێکی هەرەگرنگ و پایەیی وەک شۆڕش. ئەوە کە ئەو کێشانە نابنە کێشەی کۆمەڵگەو چینی کرێکار یەک دەلیلی سادە بەڵام بێڕادە بەرجەستەیە، کە ئەو جەنگە جەنگی گروپەکانە، لە یەک ڕستەدا شەڕی ئەو گروپە دوورەدەستانەیە کە لە دەست بەتاڵییاندا خەریکی نانەوەی ئاژاوەی سیاسیی و دەستەگەریین. لە بەر ئەوە ئەو کێشانە هەرچەندە مایەی خۆشحاڵییمان نین، بەڵام هێندەش جێگەی نیگەرانیی نین!


٢٨\١٢\٢٠١١
ماڵپه‌ڕی کازم قادر



 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک