٧\۴\٢٠١٠
کۆنەپەرستی
نوێخوازی ناو حیزب.

رەحمان غەریب
ئەو کاتەی لەکۆنفرانەسەکانی حیزبی شیوعی لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێی ترماندا
بانگەشەمان بۆ دیموکراسیەت و نوێخوازی دەکرد، ئەمانوت: "کوانێ هەڵوێست
و کوانێ وەفا بۆ بنەما فیکری و سیاسییەکان کەحیزبی شیوعی لەسەر دامەزرا؟"
جارێ کۆمەڵێک خەڵکی هەلپەرست و نابوت و خۆپارێزی ناو ئەو حیزبە، یان
فێری پرسیارکردن نەبوبون، یان لەپرسیارەکانمان دەترسان.
ئەو کاتانە بەشێکی زۆری ئەو کادرو پێشمەرگەی دێرین و سەرکردایەتی و
کادری ناوەند و مەکتەبەکان، ئێمەیان بەباڵی فەوزەوی و هەڵگری فکری
روخێنەر ناوزەندەکرد. پێشنیازیان دەکرد لەکۆنگرەکان بکرێینە دەرەوە،
هاواریان: دەکرد “کێ ئەمانەی کردە ئەندام؟" تا ئاستی ئەوەی، شەرەفی
ئەندامێتیمان لێبسەننەوە و بکرێینە "عیبرەت بۆ زەمانە".
ئەو ڕەوتە خۆپارێزە، ئاخر شەڕە، ئێستا تازە بەتازە پاش ئەوەی هیچ نەما
لەدەستکەوت و ئیمتیازات، هیچ نەما لە موچەی پلە بەرزو ئەرزی روکن و
پارەو ئیمتیاز بۆ خۆیان نەبەن. بازرگانی نەما نەیکەن. هەر لە بازرگانی
برنج و ڕۆنی نێوان شەڕگەکانی یەکێتی و پارتی، تادەگاتە بازرگانی کردن
بەسەیارە و فیزەی سوید و ساختەکاری بە جەواز و تەزکیەی حیزبی، کەچی
تازە بە تازە بە لێدوانی هەڵخەڵەتێنەرو کۆبونەوەی نهێنی و قەشمەریکردن
بەعەقڵی ئەندامان باس لەپێداچونەوەو ئیسلاح و دەسەڵات و هاوپەیمانی
دەکەن.
کەسانێک تا دوێنی ئیرهابی فیکرو رەخنەو رای جیاوازیان لە ڕیزەکانی
حیزبی شیوعی دەکرد، رابردووی حیزبی و سیاسیان شەرمهێنەرە، لەشاخ
خۆیاننەگرت و ڕادەستی ئیستیخباراتی عەسکەری بوون، لەرۆژنامەکانی عودەی
داوای بەزەییان لەسەدام ئەکرد، لە شاریشدا نمەکی موخابەراتیان کرد نەبا
خیانەتی لێبکەن، لە قۆناغێکی تریشدا بونە پیاوە بچووکەکەی بەردەم
مەکتەبی دارای یەکێتی و پارتی. ئەمانەو نوێخوازی کوجا مەرحەبا.
کەسانی بێهەڵویست و ترسنۆک و دەسەڵاتپەرست و نەخوێندەواری سیاسی، کێ
بڕوایان پێدەکات ببنە پێشەنگی حەرەکەی تەسحیحی و پێداچونەوە؟ چۆن شەرم
نایانگرێت، قسەدەکەن. ئاخر ئەمانە بەحەرامیان ئەزانی لە رۆژنامەی رێگای
کوردستان هەناسەیەکی ڕەخنەییی ناوخۆ بڵاوبکرێتەوە، ئەیانوت: "ئەم
بەرەڵاییە سەری حیزب ئەخوا" ئێستا چی قەوماوە سەرکۆڵانیان لێگرتوین.
ئاخر رەوتێک کە تا دوێنێ دەستیان دەخستە ناو نوسینە رەخنەییەکانمان،
نەبا دڵی سەرکردایەتی پارتێکی دەسەڵاتمان لێ زویر بێت، کەسانێک
خۆپیشاندنەکانی ئێمەیان بۆ نان و ئازادی و دژ بە شەڕو گەندەڵی و
ماڵوێرانی، ئەخستە خانەی توندڕەوی و چەپی هەرزەکارانە، ئێستا چ خێرە
یاران خەبەریان بۆتەوە باسی چاکسازی دەکەن؟
سەردەمێک ئەوان بە سەیارە و پارەی یەکێتی و پارتی بوون بە سەرکردەو
ناودار و خۆسەپێن، قۆناغێک ئەوان بەبودجەی حیزبی و
ئابونەی هەژاران، سەفەری دەرەوەیان بۆ خۆیان و خێزانەکانیان رێکدەخست.
سەدان بە ویژدان شاهێدن ئێمە بوین لەناو بزوتنەوەی داواخوازی ئیمزامان
کۆدەکردەوە و خۆپیشاندنمان ڕێکدەخست، مانگرتنمان رادەگەیاند، ئەوان
بوون سەنگەریان لەو چالاکیانە دەگرت تا ئەندازەی فەشەل هێنان بە دەیان
چالاکی و بزوتنەوەی داواخوازی .
زاکیرەی جەمعی ئەو حیزبە شاهێدە ئەو ڕەوتە خۆپارێز و ترسنۆک و
هەلپەرستە.حیزبی شیوعییان هەژار کرد و خۆیان
دەوڵمەند.حزبیان بچوک دەکردەوە و خۆیان گەورە. کادیرو خەڵکی چالاکیان
لەناو ئەو حزبە راونا. خەڵکی هەلپەرست و خۆویست و بەرژەوەندخوازیان
پێشخست. نازانم ئێستا موزایەدەی چی دەکەن؟
نوێگەری و پێداچونەوە بە کەسانێک ناکرێت تا هەنوکە زەلیلی موچەو
سەرشۆڕی بەردەرگای موچەی تایبەت و دەرجەی وەزیری و فەرماندەی
فەرماندەیی و سواڵکەری بەردەرگای مەکتەبی سیاسییەکانن بۆ زەوی و
ئیمتیازاتی خۆیان و خزمەکانیان. ئەمانە دێن
نوێخوازی ئەکەن؟ حەیف هەزار حەیف هاوڕێیان.
ئەمانە دێن خۆیان ئەکەن بەپێشەنگی پێداچونەوە؟ وای لە نائومێدیت وای
نوێخوازی شکستخواردوو.
دڵنیام ئەمانە هەر شایەنی ئەوەن دەنگی نوێخوزازی راستەقینەی ئەو
حیزبە پێیان بڵێت: "عەرەبانەى گەندەڵیتان
ڕاکێشن.".
ئاخر کەسانێک کەنەیانبێت چۆن دەیبەخشن یاران؟
rahmangarib@yahoo.com
|