په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\٦\٢٠١١

 کۆنفرانسی یەکێتی نەتەوەیی لە باشووری کوردستان، بەرەو کوێ؟


رابەر رەشید     


گەشەپێدانی گیانی یەکێتی نەتەوەیی لە باشووری کوردستان، ساڵانێکی زۆرە بەهۆی بەرزکردنەوەی دروشمی حوکمی زاتی و هەندێک وردە دروشمی عێراقچێتییانەی دیکە لەلایەن حزبە باڵادەستەکان و دواتریش لەلایەن ژمارەیەک لەو حزبە بچووکانەی کە زادەی کەرتبوونی حزبەکانی دیکەبوون و بوونە ئەمری واقیع بەسەر هزرو بیری تاکەکانی کۆمەڵگای کوردستانەوە، بەجۆرێک دووچاری پاشەکشێ و خۆخواردنەوە هاتووە کە وا بە ئاسانی و لەلای سەرجەم تاکەکانی کۆمەڵگاو بەیەک ئاراستە گەشە ناکاتەوە، چونکە لەهەمبەر ئەو هزرە نەتەوایەتییە یەکانگیرەدا، کۆمەڵێک لەمپەرو کۆسپی جۆراوجۆر هەڕەشە لەو گەشەسەندنە دەکەن و لەناخی هەر تاکێکدا جۆرە دژایەتییەکی فیکری دێننەئاراوەو لەچوارچێوەیەکی تەسکی خێڵء ناوچەگەرێتی و ئەقڵیەتی دەرەبەگایەتییەکی مۆدێرنانە قەتیسی دەکەن و دایدەڕزێنن.


لە سەردەمی شۆڕشی شاخ، ئەگەر تاکوتەرا کەسانێک هەبوونایەو باسی سەربەخۆیی کوردستانیان بکردایە، بە پاسۆک و کەسانی نەتەوەپەرستی کوێرانەو بەوە تاوانبار دەکران کە لە گۆشەنیگایەکی واقیعبینانەوە هەلومەرجی خودی و بابەتی کۆمەڵگای کوردستان ناخوێننەوەو لە لێکدانەوەی هاوکێشە سیاسییەکاندا سەرچیغ رۆیشتوون و پێویستە رێگایان پێنەدرێت بیرو ئەندێشەی لەوجۆرە بڵاوبکەنەوە، چونکە مەترسییەکی زۆر دەخەنە سەر هزری نەتەوەگەرایی و چەپگەرایی لە باشووری کوردستان.


من بەشبەحاڵی خۆم یەکێک بووم لەو پێشمەرگانەی لە ناوەڕاستی هەشتاکان بەدواوە، باجی ئەو بەرزرکردنەوەی ئەو دروشمە نەتەوایەتییەم داوە کە بە قەناعەتەوە ئێمە دەستەیەک لەناو حزبی سۆسیالیستی کوردستان- ئیتجاهی دیموکراتی شۆڕشگێڕ، (حزبی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێستا) لەلایەن کەسایەتیی یەکەمی ئەو سەردەمەی حزبەوە، بەوە تاوانبارکراین کە دەمانەوێ بەو دروشمە ناواقیعیانەیە ریزەکانی ئەو حزبە لەیەکتر بترازێنین، هێندەی نەمابوو لەو پێناوەدا گیانیشمان ببێتە قوربانی، کەچی هەر دوای ئێمەو لەهەمان قۆناغی سەردەمی شاخدا بۆ دڵڕازیکردن و بێدەنگکردنی کۆمەڵێک کادیرو پێشمەرگەی دیکە، هەمان دروشمی مافی چارەی خۆنووسین و دواتریش سەربەخۆیی کوردستان بەرزبکرێتەوە!!،، ئیدی ئەوە سیاسەتەو بڵێین چی؟! ئەی ناڵێن: (سیاسەت فەنی مومکیناتە؟!). بەهەرحاڵ، ئێستاش کە باس لە کۆنفرانسی یەکێتیی نەتەوەیی لە باشووری کوردستان دەکرێت، پێویستە وردبیانانەو بە هۆشیارییەکی زۆرەوە مامەڵە لەگەلڕ بەستنی ئەو کۆنفرانسەدا بکرێت، چونکە بەشداریکردنی ئەوانەی کە هەر بە رووکەش باوەڕیان بە یەکێتی نەتەوەیی هەیەو تەنها وەکو دروشم فرۆشتنەوەیەتی بە خەڵکانی دیکە، بەدڵنیاییەوە ئەمەیان دەرئەنجامێکی بەبڕشت و بەرهەمداری ئەوتۆی نابێت کە بە کردەیی دروشمەکە بەرزترو دۆخە هزرییەکەی یەکێتیی نەتەوەییش واقیعییانە ئەولاتر بەرێت، بەڵام لەوانەیە لە چوارچێوەی ئەوە پەندە کوردییەی کە دەڵێ: (کردە پەشیمان بین، نەک نەکردە پەشیمان)، ئێمەش بەهەر جۆرێک بێت، مل بدەینە هەوڵ و هەنگاونانی ئامادەکاریی بەستنی ئەو کۆنفرانسە نەتەوایەتییەو لایەنی کەم نزیکخستنەوەی ئەوانەی تا ئێستا بە گومانەوە مامەڵە لەگەڵ یەکتریدا دەکەن و کۆکردنەوەیان لەسەر یەک مێزی گفتوگۆو لە نزیکترەوەش گوێگرتن لە راوسەرنجی یەکتری و بۆ هەنگاوەکانی دواتریش خۆڕسکانە لە بێژینگدانی ئەوانەی بەڕاستی و بڕوایەکی پۆڵایینەوە لەگەڵ یەکێتیی نەتەوەییدان و دوورکەوتنەوەی ئەوانەی بۆ دروشمفرۆشی بانگەشەی ئەو کۆنفرانسەو بەرزکردنەوەی ئەو دروشمی نەتەوایەتییە دەکەن.


من بۆ خۆم، هەرچۆنێک لێکیدەدەمەوەو دابەش و کەم و کۆی دەکەم، ئەو سەرەداوەم دەست ناکەوێت کە هەندێک لەوانەی بە رووکەش بە پەرۆشەوە بانگەشەی گرێدانی ئەو کۆنفرانسی یەکێتیی نەتەوەییە دەکەن، بە ڕاستیان بێت و درۆ لەگەلڕ خەڵکی و خودی خۆیاندا نەکەن، چونکە زۆرێک لەوانە هەموو کوردستان دەکەنە قوربانی بچووکترین بەرژوەندیی حزبایەتیی حزبەکانیان و ئامادەنین، هەنگاوێک ئەولاتری حزبەکانیان هەنگاوهەڵبهێنن، لەلایەکی دیکەشەوە ئەوەی مایەی نیگەرانییە، ئەوەیە کێن ئەوانەی سەرپەرشتیی ئەو کۆنفرانسە دەکەن و لەوەش نیگەراناویتر کێن ئەوانەی بانگهێشتی ئەو کۆنفرانسە گرنگ و گرانبەهایە دەکرێن و دەبنە کۆسپ بە رووی ئەوانەی دڵسۆزانە لە خەمی یەکێتیی نەتەوەییدان و بە کردەیی خەباتی بۆ دەکەن و بەوپەڕی بڕوا پێبوونەوە ئامادەیی خۆبەختکردنن لەو پێناوەدا، بەڵام وێڕای بوونی ئەو مەترسییانە، کەچی بەستنی کۆنفرانسێکی لەو جۆرە، پێویستە پشتگیری لێبکرێت و زیاتر گەشەی پێبدرێت و ئەو کەس و کەسایەتییانە بانگهێشت و لەو کۆنفرانسەدا کۆبکرێنەوە کە بە هەق خەباتکارێکی خۆنەویستی ئەو سەنگەرەن.
 

کەرکوک

ماڵپەڕی رابەر رەشید

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک