٢٥\١٢\٢٠٢١
کۆنگرەی ژینگە و دیموکراتی و بەرکوڵێک.

زاھیر باھیر
پاش پسکە پسکی دوو ساڵ و لە خشتەبردنی ھەندێک کەسی دڵسۆز و پرس و ڕا بە
ھەندێک لەسەرانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، حیزبێکی نوێ سەری لە ھێلکە
جوقان. لە راستیدا دوکانێکی سیاسەتبازیی بۆ ڕامکردنی ھەرچەند بکرێت لە
خەڵکی داما و و بێ ھیوای کوردستان، کرایەوە ، دوکانێک گەر چی بەناو
نوێیە بەڵام کەلوپەلی کۆنەی پێیە، نۆژەنی جەلالییەت و نەوشیوانییەت
دەکاتەوە، دەیەوێت مێشکی گەنجانمان بە فکری کۆنی بەسەر چوو،
زاخاوبداتەوە.
خەڵکینە بە ئاگا بن، زمانی شیرین و قسەی بریقەدار و دروشمی ڕەونەقدار،
لەخشتەتان نەبەن، لەبیرتان بێت شکستێکی دیکەتان نەوشیروان ئاسا،
بەسەردا نەھێنن، جارێکی تر بێ ھیوا و بێ ئومێدتان نەکەن ، ھەمان کەسانی
جارانن و تەنھا دەم و لەفزیان گۆڕیوە، ھەمان ئیدۆلۆجیە و تەنھا
ڤێرشنەکەیان گۆڕیوە.
بەڵێ کۆمەڵێک لە کۆنە جەلالی و کۆنە دەھۆڵلێدەارانی بەناو بزوتنەوەی
گۆڕان ، پیاوانی کۆنی بەوەفا و بەئەمەکی نەوشیروان، لە دیمەنێکی تردا،
لە ژێر ڕوپۆشێکی دیکەدا، دەیانەوێت بەردەوامی بدەنەوە بە پەتا و
کارەساتی کورداییەتی ، بە سیاسەتی لیبراڵ، بە پێناسەی " ئەخلاق" کە
دەزانین کە سیاسسی دەسەڵاتخواز ھەرگیز ئەخلاقی نەبووە و نییە ، بە
مژدەی حکومەتی باش ، کە دەزانین حکومەتی باش ھەر نییە.
من لێرەدا ھەر بەرکوڵێک لەم ڕاگەیاندنەی ئەم چەند ڕۆژەی پێشویان دەکەم
کە لە دروستبوونی حیزبی کۆنگرەی ژینگە و دیمۆکراتیی، ئاگەداریان
کردینەوە. ڕاگەیاندنەکەیان پەیامێکی گرنگە زۆر بە کورتی و بە چڕو پڕی
ھەر ھیچ نەبێت چەند خاڵێکی گرنگیان دەربڕیوە و ئەوە ھەدەفیانە کە بۆ من
مایەی ڕەخنە و لەسەر نوسینە و بە ئەرکی سەرشانی ھەموو ئازادیخواز و
سۆشیالیست و شیوعییەکی دەزانم کە ھەر لە ئێستاوە لە ھەوڵی پوچکردنەوەی
زیاتری پوچگەراییەکانی ئەم حیزبەدا بین، پێشئەوەی ئەمانیش بەرەو
شکستێکی ترمان بەرن وەکو چۆن جەلالیەت و مەلایەت و نەوشیروانییەت
کردیان و بەردەوامن لە کردنیا.
من لێرەدا تەنھا چەند خاڵێک لەو ڕاگەیاندنەیان دەگرم، ھەر کاتیش پەیرەو
و پڕۆگرامیان کە کاڵایەکی بەسەرچووە کەوتە بازاڕەوە، ئەو کاتەش بە
گوێرەی توانا و وەختم لەسەری دەنوسم.
لەم ڕاگەیاندنەدا ".... کار بۆ ئەوە دەکات ئەو فۆرمە کوشندەو کلاسیکییە
تێپەڕێنین، کە حیزب بۆ ئەوەی ھەبێ دەبێت: عەمیلی وڵاتێک بێت، پارەو
پرۆژەی ناشەرعی و بارەگای گەورەی ھەبێت..".
دروستبوونی ھەر حیزبێک لە کوردستاندا لە ھەوڵی دەستەبەرکردنی دەسەڵاتدا
بێت لەناو ئەو ھەموو حیزب و ڕێکخراوانەی دیکە کە ھەندێکیان خاوەنی ھێزی
گەورەی جەکدارن دوای ئەوەش وڵاتێکی وەکو کوردستان کە بەشێکە لەعێراق و
عێراق-یش وەکو یاری گوریس گوریسێنە لە لایەکەوە تورکیا ڕای دەکێشێت و
لە لایەکی دیکەوە ئێران و لەولاشەوە دەوڵەتانی ئەوروپا و ئەمریکا و ھی
ناوچەکە... ئایا لە بارودۆخێکی ئاوادا ئەوە قسەی خەڵکانی ئاوەزدارن کە
لە ڕاگەیاندنەکەیانا ئەوەی سەرەوە بڵێین؟ ئایا یەکێتی و پارتی ھەتا
ئیسلامییەکانیش حەز ناکەن کە سەربەخۆ بن؟ بۆچی بە خۆشی خۆیان و
ئارەزوومەندییان چونەتە پال ئێران یا تورکیا یاخود دەوڵەتانی ئەوروپای
ڕۆژئاوا و بریتانیا و ئەمەریکا؟ ئێوەیەک کە دەوڵەت و دەسەڵاتتان بوێت
ئایا دەکرێت ھەر لە دەرەوەی دەسەڵاتیش چجای لە دەسەڵاتدارێتیدا سەربەخۆ
بن؟ ئایا دەتوانن راگەیاندنی نەک ھەر توند و تیژ بەڵکو مرۆڤ و ژینگە
دۆستانەش بە بەردەوامی دژ بەو دەوڵەتانە بڵاو بکەنەوە؟ ڕەنگە بۆتان
بکرێت بەلام ئایا لە وەھا کردنێکدا شانسێکی ھاتنە دەسەڵاتتان دەبێت؟!!
بەڕیزان ئەم قسانە قسەی بۆشن، بێ بەڵگەن و قسەی خەڵکانی مایەپوچن،
پلانی ئایندە لەسەر قسەی ڕووت، نەبوونی شارەزایی لە مێژوو، دەرکنەکردنی
واقیعی کوردستان و عێراق و ناوچەکە ، بێ ئاگایی لە سیاسەت و
دیپلۆماسییەتی نێودەوڵەتیی-ن. دەکرێت بڵێن ئیوە کەمتر پاشکۆ دەبن، ئێوە
کەمتر پیاوی دەوڵەتانی دەوروبەر و دەزگە سیخوڕییەکانیان دەبن، ئەمەیان
ئامەننا بە ھەرحاڵ بەڵام ئا بەو خەستییە و شەدەی بخەنەسەر جێگای باوەڕ
نییە ، مەگەر لای کەسە ساویلکەکان.
"... کارکردنە لە سەر خولقاندنی فەرھەنگێکی نوێی سیاسی و کەرامەت و
خۆناسین و لێبوردەیی؛ کارکردنە لە سەر کاری ھەرەوەزی مرۆڤە ئازاو
دڵسۆزەکانی ئەم وڵاتە، لە پێناو بنیاتنانی داھاتوماندا".
کردنی ئەم جۆرە قسانە، ناردنە دەرەوەی ئەم جۆرە پەیامانە، کە لە
دەرەوەی دەسەڵاتیت، زۆر ئاسانە. بەڵام کە تۆ چویتە دەسەڵات تاکە
فەرھەنگێک کە ھەیە و ئەوانی دیکە کەلادەخات فەرھەنگی بازاڕی ئازادە ،
فەرھەنگی سیاسەت و ئابوریی لیبراڵ و نیو-لیبراڵە . سەراپای پڕۆگرامی
پەرەوەردە و پێگەیاندن لە قوتابخانە و خوێندنی باڵا و زانکۆکانا ئەوەیە،
کە تاکی خۆپەرست، خزمەت بە دەوڵەت و بە سیستەمەکە دروستدەکات. چ حیزبێک
ھاتۆتە دەسەڵاتەوە کە کەرامەتی بووبێت؟ ئەخلاقی بووبێت؟ چ خۆخۆییەکی یا
پێناسەیەکی جگە لە دەزگەیەکی مشەخۆری سەرکروتکەری دژ بە میللەت ھەبێت ؟
چ حکومەتێک ئەمڕۆ لە دونیادا ھەیە کە کار لەسەر پرۆژەی ھەرەوەزی بکات؟
کێیان ھەن لە خزمەتی بازاڕدا نەبن؟ نەبووبنە برغویەکی دشخوراوی [سلاکبوو
] ئەم سیستەمە کە بە بوون و نەبوونی ئەوانەوە سیستەمەکە ھەر بەردەوامە
و ئاراستەی خۆی بەرنادات. چ دەسەڵاتێک ھەیە کە مرۆڤدۆستی و مرۆڤە
دڵسۆزەکانی وڵاتی خۆیان بناسن؟ دڵسۆزی بەکێ؟ تاکو ئێوە ئاوابن؟!!!
لەمانەش زیاتر ئێوە ھەر پێشوەخت قسەکانتان لەسەر پرسی ھەرەوەزی
ھەڵوەشانۆتەوە. ئێوەیەک کە باوەڕتان بە حکومەتی باش و پرۆسەی ھەڵبژاردن
و دامەزراوەی پەڕلەمان ھەیە و سەربەستکردنی سەرمایەداران ھەیە، باشە
پیمان ناڵێن ئەمانە لەگەڵ کاری ھەرەوەزیدا چی کۆیان دەکاتەوە؟ باشە
ئێوە چۆن دەسەڵات، سەرمایەداران و تەراتێنکردنیان لە دونیای بازاڕی
ئازاددا لە دەروازەی سیاسەتی ئابوری لیبراڵ نیو-لیبراڵەوە لەگەڵ کاری
ھەرەوەزیانەدا جوتدەکەن؟ لە کوێی دونیادا ئەمە ھەبووە [ دیارە من باسم
لە ھەندێک کەس یا خود کۆمۆنێتییەک نییە ھێشتا ھەر ھەرەوزیانە دەژین ].
"...ئەم مانیفێستە پێمان دەڵێت: حکومەتێکی باش و بەھێزو دیموکرات و
دادپەروەر لە ھەناوی پارتێکی سیاسی باش و بەھێز و دیموکرات و
دادپەروەرەوە دێتە دەرێ، ھەروەک پارتێکی لەم جۆرەش لە ھەناوی تاک و
کۆمەڵگەیەکی ھوشیارو بەھێزو دیموکراتەوە دێتە دەرێ."
ئەمەی کە ئێوە دیڵێنن ھەموو حیزبەکانی دونیا ھەمان شت دەڵێنەوە و دەڵێن
و ھەموشیان خۆیان بە دادپەروەر و دیمۆکرات دەزانن و ئەوانەی ئێوەشیان
دەوێت . ئادەی پێمان بڵێن حیزبێکی دەسەڵاتدار، دیکتاتۆرێکی سەرۆک لە
ھیچ شوێنێکی ئەم دونیایەدا بە خۆی وتوە: من دیکتاتۆرم، پیاوکوژم،
سەرکوتکەرم؟ ... ھەر ھەموویان ھەمان دروشم و قسە و ئامانجی ئێوەیان
ھەبووە، بەڵام ئایا دەسەڵات کە خۆی لەسەر بناخەی زوڵم و زۆر و
سەرکوتکردن و کوشتن و بڕین خۆی ڕاگرتووە، دەتوانێت ببێتە حکومەتێکی باش؟
دەتوانێت ببێتە " باوکی میللەت"؟
سەیرە کە ئێوە خۆتان لە کردنی حیزبایەتی و مێژوی حیزبەکان، با ھەر
بڵێین لە کوردستانا، غافڵ دەکەن ، خۆتان بێ ئاگا و نەزان دەکەن. دەی
ئەگەر ئاوا نییە تاکە حیزبێکی باش کە لە کوردستاندا کە لە شاخ و شاردا
بووبێت، پارتێکی سیاسی باش و بەھێز و دیمۆکرات و دادپەرروەر بووبێت؟!!
. مرۆڤدۆستی، ژینگە دۆستی و ژیاندۆستی، دادپەروەری و دیمۆکراتی نەک ھەر
لەناو حیزبدا نییە بەڵکو خودی حیزب و دامەزراوەی حیزب تەواوی کار و
کارنامەیان دژ بەوانەیە کە نوسیوتانە.
ئەوە ڕاستە تاکی باش کۆمەڵی باش دەداتە دەست ، بەڵام کۆمەڵی باش ھەرگیز
دەسەلاتی باش ناداتە دەست ، چونکە سروشتی خودی دەسەڵات باش نییە، ئیتر
ئەو دەسەڵاتە بە دەست ھەر کەس و لایەن و حیزبێکەوە بێت. دەسەڵات باش و
باشترینی نییە بەڵکو خراپ و خراپترینیان ھەیە. دەسەڵاتێک نییە کە لەسەر
بناخەی زوڵم و زۆر و مەحرومکردنی زۆرێک لە ھاووڵاتیانی، دانەمەزرابێت ،
دەسەڵاتێک نییە ھەر ڕەنگ و دەنگێکی ھەبێت، کاتێک بەرانبەری وەستایتەوە،
گیان و نەریت و سروشتی کوشتن و بڕین و داپڵۆسین لە ھەناویدا نەبێت.
بەڕێزان، کەرەسەکانی کە دەتانەوێت حکومەتی باشی پیدروستبکەن شتێکی نوێ
و جیاوازمان لەوەی کە نەوشیروان موستەفا دەیویست دروستی بکات، ناداتە
دەست . ئەویش ئابوری لیبراڵی دەویست، دۆستی بازاڕی ئازاد و مونافەسەی
شەریفانە بوو ، ئەویش خەڵکانی تەکنۆکراتی دەویست لە حوکما، ئەویش خەڵکی
شیاوی بۆ شوێنی شیاو دەویست . بەڵام خۆشتان زۆر باش دەزانن دواتر ئەو
لەسەر دانانی مودیر ناحێیەک کە بۆ گۆڕان بێت، شەڕی لەتەک پارتی و
یەکێتیدا دەکرد . باشە بەشێکی ئێوە لەو قوتابخانەوە ھاتون و بەو
سیاسەتە پەروەردە کراون ھەمان شت دەلێنەوە، ئیتر بۆچی خۆتانمان
لێدەگۆڕن و گوایە شتێکی نوێترمان بۆ دروستدەکەن؟ ئیتر چۆن دەتوانن
پێمانبڵین کە ئێوەش شکستێکی گەورەتر بەسەر ئەم میللەتە ھەژارەدا ناھێنن؟
"..... داوای سەربەستکردنی سەرمایەداران لە ژێر چەپۆکی گروپەکانی
دەستڕۆیشتوی خاوەن بەرژەوەندی تایبەت دەکات، داوای ئابورییەکی بەھێزی
خۆژێنی ژینگە دۆست و دادپەروەری ھەژار دۆست و ئازادی یاسایی دەکات".
دەبێت سوپاسگوزاریان بین بۆ ئەم بڕگەی مانیفێستەکەیان کە ئەو
ڕاستییەیان لێنەشاردوینەتەوە کە ئەوانیش کۆنترۆڵ و سزای سەرمایەداران
ناکەن و نادەن. واتە خوێنمزژان و دز و جەردەی ئابوریی، لە
قاچاخچییەکانی ھێنانی کەرەسە و پێداویستییەکان ، کە بەشێکیان بەسەرچوون،
لە دروستکەرانی قوتابخانە و خەستەخانە و جادەکان و خانو و شوقەکان، لە
کردنەوەی کارگە و کارخەنە بۆ چەوساندنەوەی کرێکاران و ھەژاران و
نەبوونی ھەل و مەرجی سەلامتییان و زۆری تر ... ھەموو ئەم خوێنمژانە لە
دەستی حیزب و حکومەت دەردەھێنن و ئازادیان دەکەن، واتە بەرەڵایاندەکەنە
گیانی ھاووڵاتیانی کوردستان، ھەر وەکو دەسەڵات و حیزبەکان کردویانە،
تاکو بە ئارەزوی خۆیان سەرمایەی خۆیان دروستبکەن بێ لێپرسینەوە و
سزادانێک، چونکە ئازادیی و سەربەستییان پێدراوە .
ئاخر ئەگەر ئابووری وڵات ئابووری قاچاخچێتی و زەربەدان بێت لە
ھاووڵاتیان بۆ پەیداکردنی زیاتری سەرمایە لە لایەن سەرمایەدارانەوە لە
چوارچێوەی بازاڕ-ئازاددا، دەی چۆن دەکرێت کە ژینگە دۆست بێت، مرۆڤدۆست
بێت، ھەژارپەرست بێت؟ کەسێک لەم دونیایەدا، نەک ھەر ئێوە بەڕێزان،
دەتوانێت ئەوەمان بۆ ڕونبکاتەوە کە بزنس و ژینگە دۆستی، دژ بەیەک نین؟
ئەی نابینن کە ژینگە چۆن وێران بووە لە سای دەوڵەت و سیاسییەکان کە
کارئاسانی بۆ بزنس و سەرمایەداران دەکەن بۆ چڕکردنەوەی زیاتری بازاڕی
ئازاد؟ ئایا وێرانبوونی ژینگە لای ئێوە، حورمەتداران، مرۆڤکردە یاخود
خوداکردە؟ ئێوەیەک کە بانگەشەی سەربەستی سەرمایەداران دەکەن، کە یانی
بانگەشەی وێرانکردنی ژینگە لە ھەر بوارێکدا کە بتوانرێت بەکاربھێنرێت
بۆ مەبەستی کەڵەکەکردنی سەرمایە ، پاوانە بکرێت بۆ سوود و قازانجی
سەرمایەداران. بەداخەوەم کە دەڵێم ئەمەش ھەر قسە فڕێدانە لە ھەوادا و
باجی لەسەر خەڵکانی ساویلکە و کەسانی دەسەڵاتخواز لەسەر نییە.
بەڕیزان ئەمەی ئێوە ئاڵتەرناتیڤ بۆ بارودۆخی کوردستان و ھیچ شوێنێکی
ئەم دونیایە، نییە. ئاڵتەرناتیڤی دروست و واقیعانە دەستبەرداربوونی
حیزب و حیزبایەتی و دەسەلات و دەسەڵاتخوازییە، دەستبەرداربوونی
ڕادەستبوونی حوکمە ئیدی لە ھەر ڕێگایەکەوە بێت ، چوونە دەرەوەی
مشەخۆران و بازرگانانی سیاسی و ئابوری و دەسەڵاتدارانی پیاوکوژ و
داپلۆسەرە لەم کایەیە، لەم یارییە قێزەوەندە خوێناوییە. ئەوەی کە
دروستە بکرێت لای خەڵکی خۆی ، خۆڕێکخستنییەتی لە ھەموو شوێنێکی ژیانیا،
سەر کاریا، خوێندنیا، نێو خێزان و گەڕەک و شەقام شوێنەکانی دیکەیە ، لە
گروپ و رێکخراوی ئاسۆیانەدا ، دەستکردنە بە کۆبونەوە جەماوەرییەکان و
دانی بڕیارەکان لە لایەن خودی خەڵکەکە خۆیەوە و ھەوڵی بەڕیوەبردنی
خۆیانە و دەستبەکاربوونی ژیانی ھەرەوەزییانەیە.
"..... ئێمە نامانەوێ بە شێوە کلاسیکییەکە بە بڵاوکردنەوەی بەیانێکی
کتوپڕ پارتێکی سیاسی رابگەیەنین، چاویشمان لەوە نییە ببینە بەشێک لەم
سیستمە حکومڕانییە شکستخواردو و داڕزاوە، ھێندەی مەبەستمانە پێش ھەر
شتێک بیرو باوەڕو تێگەیشتنمان رابگەیەنین و بگاتە ھاووڵاتیان و خۆیان
رۆڵیان ھەبێ لە گفتوگۆو دروستبوون و گەشەو بەردەوامیماندا.".
لەم بڕگەیەدا ئەم برادەرانە پسکە پسکی دووساڵەیان لەگەڵ ئەم و ئەودا
پشتڕاستکرۆتەوە ، ئەمەشیان ھەر قسەیەکی بێ مانایە وەکو ئەوانەی دیکەیان.
باشە ھەرگیز شتی ئاوا ھەبووە کەسێک شەو خەوتبێت و بەیانی زوو حیزبێکی
ڕاگەیاندبێت؟ باشە حیزب جەماعییە یا تاکڕەویانەیە ؟ ئەوەندەی بزانین
حیزب ڕێکخراوی سیاسیانەی خەڵکە بە جەماعی، ھەر لەبەر ئەوەش ناکرێت تۆ
حیزبێک ڕابگەیەنیت بێ کردنی پسکە پسک و قسە لەگەڵ کەسانێکدا کە لەڕێی
گفتوگۆ و ئەزمونەوە نزیکی و دووریان لە ڕاو بۆچنتەوە، نەبێت. حیزبێک
نییە لە دونیادا و نەبووە کە یەکسەر بەیانێکی کتوپڕی لە دەربڕینی
پارتێکی سیاسیدا، بڵاوکردبێتەوە ، تەنھا ئەوەی کە جیاوازە ماوەکەیە کە
چەندی ویستووە بۆ ئەوەی کە بە ئاشکرا خۆی ڕابگەیەنێت.
ئەوەش دەزانین کە ئێوە بۆچی ناتانەوێت لە حوکمڕانییەکی شکستخواردو و
داڕزاو ببنە بەشێک ، ئەویش ، نەک ئەوەی کە خۆتان دەیڵێن، بەڵکو لەبەر
چەند ھۆیەکە:
یەکەم: دەسەڵاتدارانی ھەرێم چی تر لەسەرتان ناکەن و پێویستیان بە ئێوە
نییە، ھەندێکتان کاتی خۆی لە ناو بە " حیزبی گۆڕاند" بوون چەند بە
پەرۆشەوە ویستتان لەگەڵ یەکێتیدا ڕێکبکەون بەڵام ئەوان بەو مەرجانەی
ئێوە ڕازی نەبوون و قەبوڵیان نەکردن.
دووەم: ئێوە ھەندێکتان کە لە دەسەڵاتدا بوون ئیتر لە پلەی باڵا یا
خوارتر بەشێکبوون لە گەندەڵی و خراپەکارییەکانی دەسەڵاتی ھەرێم. ناکرێت
نەزانن گەر بە ھەمان پۆشاکەوە بچنەوە ناو ئەو دەسەڵاتە ، خەڵکی نە
حسابتان بۆ دەکات و نە بە دڵسۆزی خۆیان و میللەتان دەزانن، لەبەر ئەوە
پێویستە جلە پیس و پۆخڵەکانی پێشترتان فڕێ بدەن و جۆرێکی نوێ بپۆشن و
بە دەمامکێکی ترەوە بێنەوە ناو خەڵک.
سێیەم: ئێوەیەک کە بەشێکتان لە دەسەڵاتدا بوون بەشێکی کەمی کێکەکەتان
پێدەدرا، بەڵام ئێوەش ھەمویتان دەویست. ئێستا ئێوە دەزانن
دەستبەسەراگرتنی ھەموو کێکەکە لە م ڕێگا تازەیەوەیە، ئەگەر میللەت
باوەڕتان پێبکات و دەستتان لە دەسەڵات گیربێت ، تا ڕادەیەک ڕەنگە
ڕووبدات.
بەڕێزان، ئەمە قومارێکە و دەیکەن پێشتر دۆڕاندوتانە و ئێستا دەتانەوێت
بیبەنەوە، بەڵام من دڵنیاتان دەکەمەوە ئێوە تۆوی شکستی خۆتانتان ھەر
لەم سەرەتایەدا، لەھەناو و لەبنھەنگڵی خۆتانا چاندووە.
ماڵپەڕی زاهیر باهیر
|