کۆنگره‌ی یه‌که‌می PAK نموونه‌یی و داهێنه‌رانه بوو . به‌شی سێهه‌م: ئاکام، گۆڕانکاریی و بڕیاراتی کۆنگره .
هامنۆ نه‌قشبه‌ندیی
له دوو ئا‌ڵقه‌ی پێشووی بابه‌ته‌که‌مدا به پێی توانای خۆم، "شێواز و شێوه‌ی به‌رێوه‌چوونی کۆنگره" و " پێکهاته‌ی کۆنگره"م شیی کرده‌وه. له‌م به‌شه له بابه‌ته‌که‌دا، ده‌چمه سه‌ر ئاکام و گۆڕانکاریی و بڕیاراتی کۆنگره‌ی یه‌که‌می پارتی ئازادیی کوردستان. هۆی به‌دره‌نگی که‌وتنی ئه‌م به‌شه له بابه‌ته‌که‌م، ئه‌وه بوو که به پێویستم زانی هه‌موو فیلمه‌کانی کۆنگره چاولێبکه‌م. بۆیه سات به ساتی ره‌وت و روداوه‌کانی کۆنگره‌م چاولێکرد. هه‌رچی لێره‌دا نووسیومه به ئه‌مانه‌ته‌وه‌یه.
پاش ئه‌وه‌ی رێوره‌سمی کرانه‌وه‌ی کۆنگره، به به‌شداریی ژماره‌یه‌کی زۆر له هه‌ڵبژارده‌ی چین و توێژه‌کانی کوردستان و نوێنه‌رانی زۆربه‌ی حیزب و رێکخراوه‌کانی 4 پارچه‌ی کوردستان به رێک‌وپێکی کۆتایی هات؛ نۆره گه‌یشته کاروباره‌کانی دیکه‌ی کۆنگره.
سه‌ره‌تا، بۆ به‌ڕێوه‌چوونی کاره‌کانی کۆنگره ده‌سته‌ی "به‌رێوه‌به‌ریی کۆنگره" هه‌ڵبژێردران. ده‌سته‌ی به‌رێوه‌به‌ریی له ده‌سته‌ی ئاماده‌کاری کۆنگره و یه‌ك که‌سیی دیکه به ده‌نگی تێکڕای ئه‌ندامانی کۆنگره پێکهات. نووسه‌ری ئه‌م بابه‌ته یه‌ك له ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ریی کۆنگره‌که بوو.
به‌دوای ئه‌وه‌دا راپۆتی گشتیی " یه‌کێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان" له‌لایان به‌رێز کاك حسین یه‌زدانپه‌ناوه که له ساڵی 1991ه‌وه پاش شه‌هیدبوونی رێبه‌ری هه‌ڵکه‌وتوو کاك سه‌عید یه‌زدانپه‌نا، ئه‌رکی سکرتێری گشتیی ئه‌و رێکخراوه‌ی که‌وتبووه ئه‌ستۆ، پێشکه‌ش کرا.
سکرتێری گشتی یه‌کێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان، له راپۆرته‌که‌یدا، باسی له بنه‌ما فکریی و سیاسییه‌کانی دامه‌زرانی یه‌کێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان کرد و ئاماژه‌ی به‌و فاکته‌رانه دا که هانده‌ر بوون بۆ پێکهێنانی. هه‌روه‌ها راپۆرته‌که باسی له خه‌بات و تێکۆشانی پڕهه‌ورازونشێوه‌ی ئه‌و 15 ساڵه و پێوه‌ندییه‌کانی له‌گه‌ڵ حیزب و لایه‌نه‌کانی دیکه کرد.
سکرتێری گشتیی یه‌کێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان، له راپۆرته‌که‌یدا، رازی مانه‌وه و کۆڵنه‌دانی ئه‌و رێکخراوه‌ی له هه‌ناوی ئه‌و بارودۆخه سه‌خته‌ی که پێیدا تێپه‌ڕی له 3 فاکته‌ری: 1- ئامانجی ره‌وا و سیاسه‌تی دروست 2- نه‌زم و دیسیپلینی رێکخراوه‌یی 3- ئێراده و کۆڵنه‌دان دا پوخت کرده‌وه.
پاش ئاوڕدانه‌وه و شیی کردنه‌وه‌ی رابردووی یه‌کێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان، سکرتێری گشتی له راپۆرته‌که‌یدا هاته سه‌ر داهاتووی یه‌کێتییه‌که و ئه‌و خاڵانه‌ی که ده‌بێ بۆ داهاتووی ره‌چاو بکرێن. له‌م به‌شه له راپۆرته‌که‌دا باس له‌وه کرا که، گه‌شه‌ی چۆنایه‌تی و چه‌ندایه‌تی یه‌کێتی شۆرشگێڕانی کوردستان، گه‌یشتووه‌ته ئاستێك که ببێته حیزب و ناو و نیشانی گونجاوی له‌گه‌ڵ ئه‌م ئاسته له گه‌شه‌کردنی چۆنایه‌تی و چه‌ندایه‌تیی هه‌بێ. راپۆرته‌که پێشنیاری خۆی له سه‌ر ناو و ئارم و ره‌نگی تازه‌ی یه‌کێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان خسته روو، که به‌مجۆره بوون: ناوی یه‌کێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان ببێت به پارتی ئازادیی کوردستان، ئارمه‌که‌ی خرایه به‌رچاو و دانه‌ره‌که‌ی شیی کرده‌وه، ره‌نگیش " نارنجی" پێشنیار کرابوو.
پاش کۆتایی هاتنی راپۆرته‌که، ده‌رگای قسه و باس و هه‌ڵسه‌نگاندنی له سه‌ر کرایه‌وه. ژماره‌یه‌ك له ئه‌ندامانی کۆنگره قسه‌یان له‌سه‌ر راپۆرته‌که کرد، یان پرسیاریان هه‌بوو. سه‌باره‌ت به ناوی PAK ته‌نیا یه‌ك رای جیاواز هه‌بوو که پێی باش بوو ناوه‌که بکرێته "پارتی کۆماریی کوردستان".
پاش قسه و باسی پێویست و گفتوگۆ له سه‌ر پێشنیار و بۆچوونه‌کان، سه‌ره‌نجام پێشنیاره‌کان له‌م بڕیارنامه‌یه‌دا خرانه ده‌نگه‌وه و به تێكڕای ده‌نگ و به لێدانی چه‌پڵه‌ی به‌رده‌وام په‌سند کرا. بڕیارنامه‌که بریتی بوو له‌مه‌ی خواره‌وه: "کۆنگره‌ی یه‌که‌مه‌ی یه‌کێتی شۆرشگێڕانی کوردستان بڕیار ده‌دا که:
1- یه‌کێتی شۆرشگێڕانی کوردستان ببێ به "حیزب". 2- ئه‌م حیزبه درێژه و گه‌شه‌ی یه‌کێتی شۆرشگێڕانی کوردستانه. 3- ناوی یه‌کێتی شۆرشگێڕانی کوردستان، ده‌بێ به پارتی ئازادیی کوردستان PAK. 4- ئارمی پارتی ئازادیی کوردستان بریتی ده‌بێ له دوو چوارگۆشه‌ی تێکهه‌ڵکێش که هێمای پارچه سه‌ره‌کییه‌کان و به‌شه دابڕاوه‌کانی کورده له کوردستان که له ناوه‌ندیدا خۆرێکی تێدایه و له سه‌ر ته‌ختێکی سپی به مانای پاکی له نێوان دوو قه‌راخی نارنجی که هێمای هێمنی و دیموکراسی خوازیی یه. 5- ره‌نگی تایبه‌ت به پارتی ئازادیی کوردستان، ره‌نگی "نارنجی" یه.
ئه‌م گۆڕانکارییانه له قه‌واره و ناو و نیشانی یه‌کێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان، هه‌ر له‌و کاته‌دا که پێویستیی گه‌شه‌ی خه‌باتی یه‌کێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان و هاتنه ناو قۆناخێکی به‌رزتری ژیان و خه‌باتی بوو، خۆ نوێکردنه‌وه‌یه‌کی روون و له عه‌ینی وه‌ختدا، بوێرییه‌کی سیاسیی بوو که ئه‌ندامانی یه‌کێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان له خۆیان نیشان دا. بایه‌خی ئه‌و گۆڕانکارییانه‌ش له‌وه‌دا‌یه که تێکۆشه‌رانی ئه‌و حیزبه، سه‌ربه‌ستانه و به دوور له هه‌ر هه‌لومه‌رجێکی نائاسایی و قه‌یراناوی ئه‌و هه‌نگاوه‌یان هه‌ڵگرته‌وه. جگه له‌وه‌ش نیشانه‌ی باوه‌ڕ به خۆ بوونی تێکۆشه‌رانی ئه‌م حیزبه‌یه. ئه‌م بایه‌خه‌ش کاتێ ده‌رده‌که‌وێ که سه‌رنج بده‌ینه ئه‌وه که زۆر جار تێکۆشه‌رانی سیاسیی له‌کاتی لێکجیابوونه‌وه‌دا به نێو‌ێکه‌وه ده‌نووسێن و شه‌رعیه‌تی خۆیان ته‌نیا له‌و نێوه‌دا ده‌بیننه‌وه و له‌م سونگه‌یه‌شه‌وه، کێشه و گرژی له نێوان حیزب و رێکخراوه‌کاندا ساز ده‌بێ .
بڕگه‌ی دواتری کاری کۆنگره، "پرۆگرامی پارتی ئازادیی کوردستان" بوو که چه‌ند مانگ پێشتر، وێڕای پێڕه‌وی ناوخۆ، خرابووه به‌ر ده‌ستی ئه‌ندامانی یه‌کێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان. ئه‌و پرۆگرامه که ناوی لێنراوه"مانیفێستی ئازادیی کوردستان" ، له پێشه‌کییه‌ك و 24 ماده پێکهاتووه. له‌پێشه‌کییه‌که‌یدا به شێوه‌یه‌کی زانستی ئاوڕ له رابردووی کورد و کوردستان دراوه‌ته‌وه و باسی هه‌ر دوو قۆناخی دابه‌شکران و داگیرکرانی کوردستانی کردوه، باسی هۆکاره‌کانی ئه‌و دابه‌شکارییه و شه‌ڕ و ململانێیه‌ی کردوه که تووشی کوردستان هاتووه، له‌مپه‌ر و هۆیه‌کانی رێگر له‌سه‌ر پێکهاتنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی لێکداوه‌ته‌وه، شوێنه‌وار و کاریگه‌رییه‌کانی دابه‌ش و داگیرکرانی کوردستان به‌سه‌ر یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی کورد و ناسیونالیزمی کورده‌وه خستووه‌ته به‌ر باس و هه‌ڵوێستی ده‌سه‌ڵاته گه‌و‌ره‌کان و کاریگه‌ریی بیری مارکسیزم – لینینیزمی له‌سه‌ر کێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی کورد هه‌ڵسه‌نگاندووه. هه‌ر له‌و پێشه‌کییه‌دا، سیسته‌می ئێستای جیهانیی به " یه‌ك چه‌ند جه‌مسه‌ریی" خوێندراوه‌ته‌وه، واته چه‌ند جه‌مسه‌ری گه‌وره‌ی هێز له جیهاندا هه‌ن که ئه‌مریکا له نێویاندا باڵاده‌سته و پرسی کورد له‌م سیسته‌مه‌دا راڤه کراوه و باس له‌و ده‌رفه‌ت و ده‌ره‌تانانه کراوه که بۆ رزگاریی نه‌ته‌وه بێده‌وڵه‌ته‌کان و یه‌ک له‌وان کورد پێکهاتووه.
له پێشه‌کییه‌که‌ی مانیفیستی ئازادیی کوردستاندا، بارودۆخی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست خراوه‌ته به‌ر لێکدانه‌وه و ئاکامگیریی کردووه که " ئازادیی کورد کلیلی دیموکراسی و سه‌قامگیریی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته" و "کێشه‌ی کورد گرفتی گرووپێکی ئیتنیکی بچوک نییه که به زه‌بروزه‌نگ بنه‌بڕبکرێ؛ پرسی نه‌ته‌وه‌یه‌کی 40 میلیۆنیه که به بێ ره‌زامه‌ندیی خۆی دابه شکراوه".
پێشه‌کییه‌که ئینجا هاتووه‌ته سه‌ر باسی ئێران، و ده‌ڵێ: " ئێرانی ئه‌مرۆ چ وه‌ك ده‌وڵه‌تێکی ساده و چ وه‌ك سیسته‌مێکی سیاسیی تووتالیتێر نه له روانگه‌ی کورده‌وه شه‌رعییه‌تی هه‌یه و نه له‌گه‌ڵ سیسته‌می جیهانیدا ده‌گونجێ".
پێشه‌کییه‌که له باسی رۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا باس له سنووری جوغرافییه‌که‌ی ده‌کا و ده‌ڵێ: " له رێژگه‌ی ئاوی گوندی په‌هناوه‌ره‌وه که ده‌رژێته ئاراسه‌وه ده‌سپێده‌کا و تا ده‌گاته سه‌ر که‌نداو درێژ ده‌بێته‌وه". بۆ دیاری کردنی سنووری جۆغرافی کوردستان له پێشه‌کیی پرۆگرامه‌که‌ی پارتی ئازادیی کوردستاندا هاتووه که: " فاکته‌ره مێژوویی، جوغرافی و کولتورییه‌کان و ویست و ئیراده‌ی دانیشتوان، پێوه‌ره‌کانی دیاریکردنی سنووری نه‌ته‌وه‌یی کوردستانن و ئه‌و مه‌ڵبه‌ند و شوێنانه‌ی تووشی ئاسمیلاسیۆن هاتوون و باری دیموگرافییان شێوێندراون، فاکته‌ره مێژوویی و جوغرافییه‌کان یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ی بڕیاری دیاریکردنی سنووری نه‌ته‌وه‌ییانه".
له کۆتایی پێشه‌کییه‌که‌دا، پرۆگرامی PAK به‌راشکاویی ئامانجی له خه‌باتێ که له ساڵی 1991ه‌وه ده‌ستی داوه‌تێ، "هه‌ڵته‌کاندنی ئه‌و ته‌رتیباته سیاسییه‌ی به سه‌ر کورددا سه‌پێنراوه و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی" راگه‌یاندووه.
پرۆگرامه‌که پاش پێشه‌کییه‌که‌ی، پرێنسیپ و ئامانج و سیاسه‌ته‌کانی PAKی له 24 ماده دا ده‌سنیشان کردووه. له‌م به‌شه له پرۆگرامه‌که‌دا باس له گرینگ‌ترین بۆچوونه: سیاسی، ئابووری، کلتوری، کۆمه‌ڵایه‌تی، ژینگه‌پارێزی و دره‌کییه‌کانی PAK کراوه.
له روانگه‌ی منه‌وه له ئامانجه سیاسییه‌کاندا، به‌هێزترین خاڵ و ئامانج بریتیه له‌و ئه‌رکه سه‌ره‌کی و له پێشه: "راماڵینی سه‌رله‌به‌ری هێز و داموده‌زگای ده‌وڵه‌تی داگیرکه‌ری ئێران له کوردستان و وه‌دیهێنانی سه‌وه‌ریی نه‌ته‌وه‌یی و راگه‌یاندنی کۆماری کوردستان و داگرتنی ئاڵای داگیرکه‌ر و هه‌ڵکردنی ئاڵای کوردستان له هه‌موو خاکی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان". چوونکه کوردی رۆژهه‌ڵات، 62 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر به ویست و ئیراده‌ی خۆی کۆمارێکی دامه‌زراند، به‌ڵام به هێرش و ده‌سدرێژی رێژیمی تاران رووخا. دامه‌زراندنه‌وه‌ی ئه‌و کۆماره ئه‌رك و ئامانجێکی گه‌وه‌ره و پیرۆزی رۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورده.
به سه‌رنجدان به به‌رنامه و پرۆگرامی هه‌موو حیزبه کوردستانییه‌کان، پرۆگرامی PAK ده‌وڵه‌مه‌ندترین پرۆگرامی حیزبێکی سیاسیی نه‌ته‌وه‌ییه که مومکین نییه کاریگه‌ریی نه‌کاته سه‌ر به‌رنامه‌ی حیزبه کوردستانییه‌کان، یان هه‌ر که‌سێك که به ته‌مای پێداچوونه‌وه یان داڕشتنی به‌رنامه‌ی سیاسیی حیزبێکی کوردی بێ.
د. جه‌عفه‌ر حه‌سه‌نپور، له هه‌ڵسه‌نگاندنی پرۆگرامی پارتی ئازادیی کوردستاندا ده‌ڵێ: "گه‌وره‌ترین ده‌سکه‌وتی کۆنگره‌ی PAK په‌سندکردنی پرۆگرامێکه له‌سه‌ر بنه‌ڕه‌تی ساز کردنی نه‌ته‌وه‌ی کورد، ده‌وڵه‌ت، پارله‌مان و له‌شکری کوردستان. به‌وشێوه‌یه ئه‌و پارته له پێشه‌وه‌ی هه‌موو رێکخراوه‌کانی دیکه‌ی کوردستانی رۆژهه‌ڵاته". د. حه‌سه‌نپوور له درێژه‌ی بۆچوونه‌که‌یدا ده‌ڵێ: "شێست ساڵ له‌مه‌وبه‌ر رێژێمی په‌هله‌وی رابه‌رانی کۆماری کوردستانی له سێداره دان، به‌ڵام بیری پێکهێنانی ده‌وڵه‌تی کوردی پێنه‌کوژرا. (پاك) زۆر به‌هێزتر و هوشیارانه‌تر ئاڵای کوردستانی هه‌ڵگرتووه‌ته‌وه. وه‌ختی ئه‌وه هاتووه که حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی ئێران و رێکخراوه‌کانی دیکه له (پاك) فێر بن و ئاڵوگۆڕی بنه‌ڕه‌تی له پرۆگرامی خۆیاندا پێکبهێنن". (جه‌عفه‌ر حه‌سه‌نپوور، سه‌باره‌ت به پارتی ئازادیی کوردستان(پاك) 3.11.2006 سایتی دیمانه).
بۆ سه‌لماندنی قسه‌کانی نووسه‌ری ئه‌م بابه‌ته و بۆچوونه‌کانی به‌رێز د. جه‌عفه‌ر حه‌سه‌نپوور، پێشنیار ده‌که‌م هه‌ر که‌سێ زه‌حمه‌تی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م دێڕانه‌ی به خۆ داوه، چاوێك به به‌رنامه‌ی حیزبه کوردستانییه‌کانی تریشدا بخشنێ و له‌گه‌ڵ به‌رنامه‌ی PAK له‌به‌ر یه‌کیان راگرێ. هه‌روه‌ها، ئه‌گه‌ر که‌مووکوڕییه‌ك له پرۆگرامی PAK دا ده‌بینێ بۆمانی ده‌ستنیشان بکا، بۆ ئه‌وه‌ی له کۆنگره‌ی داهاتوودا له پێداچوونه‌وه‌ی دا له به‌رچاوی بگرێ. له‌م به‌شه له کاری کۆنگره، واته قسه و گفتگۆ له‌سه‌ر پرۆگرامی PAK ، 2 خاڵ قسه و باسی هه‌ڵگرت و له‌سه‌ر باقی پرۆگرامه‌که، قسه‌یه‌كی ئه‌وتۆ نه‌کرا. ئه‌و دوو خاڵه بریتی بوون له پێوه‌ندیی "دین و ده‌وڵه‌ت" پێکه‌وه و مه‌سه‌له‌ی " خاوه‌ندارێتی تایبه‌ت". له بابه‌تی یه‌که‌مدا، ژماره‌یه‌ك له ئه‌ندامانی کۆنگره، پێیان وابوو هه‌ر ئه‌و ده‌قه کلاسیکییه له پرۆگرامه‌که‌دا بگونجێ که له زۆربه‌ی پرۆگرامی حیزبه‌کاندا هه‌یه و ئه‌ویش بریتیه له " جیاوازیی نێوان دین و ده‌وڵه‌ت". سه‌ره‌نجام پاش ئه‌وه‌ی به راده‌ی پێویست قسه‌ی له‌باره‌وه کرا، ئه‌و ده‌قه په‌سند کرا که بنووسرێ "دام و ده‌زگاکانی ده‌وڵه‌ت و ئایین ده‌ست له کاروباری تایبه‌ت به یه‌کتر وه‌رنه‌ده‌ن".
له سه‌ر بابه‌تی دووهه‌م واته مو‌ڵکدارێتی تایبه‌ت، ئه‌ندامێکی کۆنگره زۆر پێی داگرت که ئه‌وه نه‌بێ، به‌ڵام ئه‌و به‌ڕێزه "مو‌ڵکدارێتی تایبه‌تی" ی له‌گه‌ڵ" فیودالیسم" لێ تێکه‌ڵ ببوو!؟
سه‌ره‌نجام مانیفێستی ئازادیی کوردستان، پرۆگرامی پارتی ئازادیی کوردستان به تێکڕای ده‌نگی کۆنگره په‌سندکرا. پاش په‌سند کردنی پرۆگرامی سیاسیی PAK، نۆره گه‌یشته "پێڕه‌وی ناوخۆ ".
پارتی ئازادیی کوردستان له پێڕه‌وی ناوخۆش دا، داهێنانی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه. ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ سه‌رنج بده‌ینه پێڕه‌وی ناوخۆی حیزب و رێکخراوه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان، ده‌بینین که هه‌موویان له قه‌واره‌ی حیزبی دا به‌شێوه‌یه‌کی گشتی وه‌ك یه‌ك وان و هێندێکیان هه‌ر ده‌ڵێی له یه‌کتریان هه‌ڵگرتووه‌ته‌وه.
پێڕه‌وی ناوخۆی PAK ئه‌م ده‌قه‌ی شکاندووه و زۆر خاڵ و ماده‌ی تایبه‌ت به خۆی تێدایه. ناوه‌رۆکی پێڕه‌وی ناوخۆی PAK له‌سه‌ر بنه‌مای به‌شداریی زیاتری ئه‌ندامانی ئه‌م حیزبه له ژیانی رێکخراوه‌یی، دابه‌شکرانی کار و سه‌لاحیه‌ته‌کان له‌نێوان چه‌ند ده‌زگای سه‌رکردایه‌تی، ده‌رفه‌ت و گرینگی به توانا و لێهاتووییه‌کانی تاك، داڕژاوه. هه‌ر بۆیه له جیاتی تاکه‌یه‌ك ناوه‌ندی بڕیاردان بۆ هه‌مووشت، PAK به پێی پێره‌وه‌که‌ی ئه‌م ناوه‌ندانه‌ی بڕیار‌و به‌ڕێوه‌به‌ریی هه‌یه له نێوان دوو کۆنگره‌دا:
1- سه‌رۆکایه‌تی 2- مه‌جلیسی گشتی 3- کۆمیته‌ی ناوه‌ندی 4- ده‌سته‌ی دادوه‌ریی
بێجگه له‌وه، PAK سیسته‌می کۆمیته‌کان پێڕه‌و ده‌کا و بۆ هه‌رکام له بواره‌کانی تێکۆشانی کۆمیته‌یه‌کی هه‌یه، وه‌ك کۆمیته‌کانی راگه‌یاندن، پێوه‌ندییه‌کان، ته‌داروکات و ماڵی، فه‌رهه‌نگی، رێکخستنی نهێنی، رێکخستنی گشتی، نیزامی و له‌هه‌رکام له وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ش کۆمیته‌ی رێکخستنی ئه‌و وڵاته هه‌یه. به‌مجۆره کاروباره‌کان له رێگای ده‌زگا و دامه‌زراوه‌کانه‌وه به‌ڕێوه ده‌چن و نه‌به‌ستراونه‌ته‌وه به ته‌نیا تاکه که‌س یان تاکه ناوه‌ندێكه‌وه. له پێڕه‌وه‌ی ناوخۆی PAK و له ریزه‌کانیدا، گرینگییه‌کی تایبه‌ت به پێوه‌ندیی ئیسانیی و خۆشه‌ویستی له نێوان ئه‌ندامانی دا دراوه. خاڵی یه‌که‌می "پرێنسیپه‌کانی PAK له رێکخستندا" ده‌ڵێ: "گرێدان، وه‌سه‌ریه‌کخستن و له‌یه‌کهه‌ڵپێکانی تاقه‌ت و تواناکانی یه‌کبه‌یه‌کی خه‌باتگێڕان و دروستکردنی ئیراده‌یه‌کی یه‌کگرتوو و پته‌و له‌سه‌ر بنه‌مای باوه‌ڕ، متمانه، راستگۆیی، خۆشه‌ویسی و هاوچاره‌نووسی، دوور له گه‌نده‌ڵی و فرت و فێڵ و پیلانگێڕی". خاڵێکی دیکه‌ی پێڕه‌وی ناوخۆی PAK، بایه‌خدان به توانای پسپۆڕانی نه‌حیزبی و پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ ناوه‌نده زانستییه‌کانه بۆ داڕشتنی بڕیاری سیاسیی. ئه‌م خاڵه که یه‌کێکیتر له پرنسپه‌یه‌کانه PAKه له رێکخستن دا، به‌مجۆره نووسراوه: " ئۆرگان و دام و ده‌زگاکانی رێبه‌رایه‌تیی PAK، بۆ گه‌ڵاڵه‌کردنی بڕیاراتی سیاسی‌یان که‌ڵك له توانا زانستی و پسپۆڕییه‌کانی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵ و ناوه‌نده زانستییه‌کانی وه‌ك زانکۆکان وه‌رده‌گرن و راوێژیان پێده‌که‌ن".
ئه‌وه‌نده‌ی پێوه‌ندیی به مافی ئه‌ندامه‌وه هه‌بێ، به‌پێی پێڕه‌وی ناوخۆ، ئه‌ندامی PAK مافی هه‌بوونی بیروباوه‌ڕی جیاواز و ده‌ربڕینی هه‌یه و له PAK دا پلورالیسمی فکری ئازاده. به‌ڵام هه‌ر له‌وکاته‌شدا هێڵی سوور هه‌یه. ئه‌و هێڵه سووره له پێڕه‌وی ناوخۆدا به‌مجۆره کێشراوه: " فکر و باوه‌ڕێك که کورد به نه‌ته‌وه دانه‌نێ، کوردستان به دابه‌شکراو و داگیرکراو نه‌زانێ و مافی سه‌ربه‌خۆیی و به ده‌وڵه‌تبوون بۆ کوردستان نه‌سه‌لمێنێ، له پارتی ئازادیی کوردستاندا، جێی نابێته‌وه".
بێجگه له‌م خاڵانه، هێندێک خاڵی دیکه له پێڕه‌وی ناوخۆی PAK دا هاتوون که شتی جوان و به که‌ڵکن.
له سه‌ر پێڕه‌وه‌که، هیچ جیاوازییه‌کی جه‌وهه‌ری له دید و بۆچوونی ئه‌ندامانی کۆنگره‌دا نه‌بوو. هیچ که‌س موخالیفی نه‌بوو. هێندێك ته‌واوکاریی نێوه‌رۆکی و زمانه‌وانی به‌که‌ڵك له به‌رنووسه‌که‌دا کرا. ژماره‌یه‌ك له ئه‌ندامانی PAK که نه‌یانتوانیبوو بێنه کۆنگره‌وه پێشنیار و بۆچوونی خۆیان له‌سه‌ر به‌رنووسه‌که به نووسراوه ناردبوو که شتی باش و به‌که‌ڵکی تێدا بوو. پاشان خرایه ده‌نگدانه‌وه و به تێکڕای ده‌نگ په‌سند کرا.
بڕگه‌ی کۆتایی کاری کۆنگره بریتی بوو له هه‌ڵبژاردنی ده‌زگاکانی PAK به پێی پێڕه‌وی ناوخۆی په‌سند کراو. له‌م بڕگه‌یه له کاریش، له ریزه‌کانی PAK دا و له به‌رزترین ئاستیدا، هه‌موومان و بگره هه‌موو چاوه‌دێرانی سیاسیش رۆحی دیموکراتی و له خۆبووردوییان به چاودیت. له کاتی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکی PAK دا، کاك حسه‌ین روو له ئه‌ندامانی کۆنگره رایگه‌یاند: "ده‌زانم هه‌مووتان چاوتان له‌منه که ببمه سه‌رۆکی PAK ، به‌ڵام که‌سێکی دیکه له ریزه‌کانی ئێمه‌دایه و بۆ ئه‌و شوێنه شایسته‌یه که ئه‌ویش کوڕی تاقانه‌ی پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌ده". به بیستنی ئه‌م قسه‌یه چه‌پڵه‌ی ئاماده‌بووان ده‌ستی پێ‌کرد. کاك حسه‌ین سوپاسی قبووڵکردنی داواکه‌ی له ئه‌ندامانی کۆنگره کرد ، به‌ڵام رایگه‌یاند کێ موخالیفی ئه‌وه‌یه به‌ڕێز کاك عه‌لی قازی ببێته سه‌رۆکی PAK با ده‌ست هه‌ڵبڕێ و من دیفاع له مافی ده‌که‌م. پاش ئه‌وه‌ی که‌س موخالیفه‌تی له‌گه‌ڵ به سه‌رۆک بوونی کوڕی پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د ده‌رنه‌بڕی، کاك حسه‌ین رایگه‌یاند که له به‌ر ئه‌وه‌ی حاڵه‌تی یاساییمان ره‌چاو کردبێ، ده‌نگ وه‌رده‌گرین و ئه‌وانه‌ی موافقن با هه‌ستنه سه‌رپێ. ئه‌وه بوو که تێکڕای ئه‌ندامانی کۆنگره هه‌ستانه سه‌رپێ و ده‌ستیان به چه‌پڵه‌ی به‌رده‌وام کرد.
به‌مجۆره به‌ڕێز کاك عه‌لی قازی محه‌ممه‌د به سه‌رۆکی پارتی ئازادیی کوردستان هه‌ڵبژێردرا و سکرتێری پێشووی یه‌کێتی شۆڕشگێرانی کوردستان، ئاڵای حیزبه‌که‌ی پێ ئه‌سپارد. پاشان کاك حسین یه‌زدانپه‌نا که کۆڵنه‌ده‌رانه بۆ ماوه‌ی 15 ساڵ بوو، یه‌کێتی شۆڕشگێڕانی کوردستانی رێبه‌رایه‌تی ده‌کرد و تاکوو ئه‌و کۆنگره‌یه به سه‌ربه‌رزی و لێهاتووییه‌وه هێنابووی و به‌ویستی خۆی ده‌ستی له سه‌رۆکایه‌تیی ئه‌و حیزبه هه‌ڵگرت و جێی خۆی بۆ که‌سێکی دیکه چۆڵ کرد، داوای له کۆنگره کرد که لێی قبووڵ بکه‌ن وه‌ك ئه‌ندامێکی ئاسایی PAK درێژه به کار بدا. به‌ڵام ئه‌وه کۆنگره و سه‌رۆکی هه‌ڵبژێردراوی بوون که ئه‌و داوایه‌یان لێ قبووڵ نه‌کرد.
به‌ڕێز کاك عه‌لی قازی له وته‌یه‌کدا پاش هه‌ڵبژێرانی، سوپاسی کۆنگره‌ی کرد که ئه‌و متمانه‌یه‌یان پێ به‌خشیوه و وتی: "تێده‌کۆشم وه‌ڵامده‌ری ئه‌و متمانه‌یه بم که پێتان داوم و به ئه‌رکی خۆمی ده‌زانم که رێگای شه‌هید سه‌عید یه‌زدانپه‌نا درێژه پێبده‌م".
ئه‌م ئاڵوگۆڕه، شتێکی که‌م نه‌بوو و ناوه‌رۆکی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه و بێجگه له رۆحێکی دیموکراتی به‌رز و له‌خۆبووردوییه‌کی ئاشکرا و خۆنه‌ویستی و کورسی نه‌ویستی، هیچ ته‌فسیرێکی دیکه هه‌ڵناگرێ. له رۆژگارێکدا که له‌سه‌ر کورسی و ده‌سه‌ڵات و خۆ وه‌پێشدان، برا سه‌نگه‌ر له برا ده‌گرێ و مێژووی نه‌ته‌وه‌که‌مان کاره‌ساتی گه‌وره‌ی له‌م سۆنگه‌وه دیتووه، که‌سێك که حیزبه‌که‌ی له چه‌ندین قۆناخی سه‌خت و پڕکێشه گواستوه‌ته‌وه که‌ناره‌کانی ئارامیی و سه‌قامگیریی و له 3 مانگ پاش شه‌هید بوونی رێبه‌ری حیزبه‌که‌یه‌وه، بۆماوه‌ی 15 ساڵ ئه‌و حیزبه‌ی رێبه‌رایه‌تی کردووه و له‌و مێژووه‌وه خاوه‌نی یه‌که‌می رابردووی ئه‌و حیزبه و خاوه‌نی هه‌موو داهێنانه سیاسییه‌کانیه‌تی و تا یه‌که‌م کۆنگره سه‌ربه‌رزانه هێنابووی، به بێ هیچ گیروگرفت و قه‌یرانێک جێ بۆ که‌سانی دیکه چۆڵ ده‌کا و تکا له هه‌ڤاڵانیشی ده‌کا که مۆڵه‌تی بده‌ن له ئاستی سه‌رکردایه‌تیدا نه‌بێ و وه‌ك ئه‌ندامێ خزمه‌ت بکا؛ هه‌ڵوێست و ئه‌خلاقێکی هه‌تا بڵێی به‌رز و گه‌وره‌یه. نموونه‌ی ئه‌مه تا ئێستا له هیچ حیزبێکی کوردی و رۆژهه‌ڵاتیدا من شك نابه‌م. من خۆم له رێوره‌سمی راگه‌یاندنی ئاکامه‌کانی کۆنگره‌دا، له چه‌ندین که‌سی به ئه‌زموونی سیاسیم بیست که ده‌یانگوت ئه‌و کاره‌ی کاک حسین "تولێرانس"ه. هیوادارم، ئه‌مه ده‌رسێك بێ بۆ لانی که‌م تێکۆشه‌رانی ناو ریزه‌کانی پارتی ئازادیی کوردستان که هه‌رگیز کورسی و پله و پایه نه‌که‌نه ئامانج و له‌سه‌ر هیچ کام له‌و شتانه، له هه‌ڤاڵ و هاوسه‌نگه‌ری خۆیان هه‌ڵنه‌به‌زنه‌وه و به‌رز و نزمبوونه‌وه له پله و پایه‌ی حیزبی به دیارده‌یه‌کی ئاسایی بگرن و ئه‌وه‌ی ئامانجی نه‌گۆڕیان بێ، پاراستنی سه‌روه‌رییه‌کانی حیزبه‌که‌یان بۆ خزمه‌ت به نه‌ته‌وه و نیشتیمان بێ .
له درێژه‌ی کاروباره‌کانی کۆنگره‌دا، هه‌ڵبژاردنی ئه‌ندامانی هه‌ر 3 ده‌زگای مه‌جلیسی گشتی، کۆمیته‌ی ناوه‌ندی و ده‌سته‌ی دادوه‌ری به‌ڕێوه‌چوو.
هه‌ڵبژاردن بۆ ئه‌م ده‌زگایانه به لیسته کرا. ئه‌ندامانی کۆنگره هه‌رکام مافی ئه‌وه‌یان هه‌بوو و چه‌ند جاریش راگه‌یه‌ندرا که هه‌رکه‌س ده‌توانێ لیسته‌یه‌کی دیکه بدا، یان له‌گه‌ڵ لیسته‌ی پێشکه‌شکراو یان له‌گه‌ڵ یه‌ك یان چه‌ند که‌س له لیسته‌ی پێشکه‌شکراو موخالف بێ و ئه‌گه‌ر هه‌ر که‌سێك زۆربه‌ی ده‌نگی ئه‌ندامانی پێنه‌درێ، له لیسته‌که وه‌لاده‌نرێ. چ به پێی یاداشته‌کانی خۆم وه‌ك ئه‌ندامی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ریی کۆنگره و چ به پێی راپۆرته‌کانی کۆنگره و چ به پێداچوونه‌وه و چاولێکردن له فیلمه‌کانی کۆنگره، ئاکامی ئه‌و هه‌ڵبژاردنانه به‌مجۆره بوو:
1- سه‌باره‌ت به مه‌جلیسی گشتی، له ریزی ئه‌ندامانی کۆنگره‌دا ته‌نیا یه‌ك که‌س خۆی به موسته‌حه‌ق ده‌زانی که ئه‌ویش ئه‌ندامی ئه‌و مه‌جلیسه‌بایه؛ له سه‌ره‌تاوه 4 که‌س له قبووڵی ئه‌ندامیه‌تی مه‌جلیس خۆیان کشانده‌وه که دواتر پاش تێگه‌یشتن له کاروباره‌کانی ئه‌و مه‌جلیسه و پێوه‌ندیی به دام و ده‌زگاکانی دیکه‌وه، گه‌ڕانه‌وه؛ ئه‌ندامانی لیسته‌ی پێشکه‌شکراو بۆ مه‌جلیس، هیچکامیان ئه‌وه‌نده ده‌نگی مو‌خالیفیان له‌سه‌ر نه‌بوو که وه‌لابنرێن و هه‌موویان زۆربه‌ی ده‌نگیان له پشت بوو، ته‌نیا یه‌ك که‌س ژماره‌ی موخالیفی گه‌یشته 10 ده‌نگ. 2- له لیسته‌ی کۆمیته‌ی ناوه‌ندیدا، ته‌نیا یه‌ك ده‌نگ موخالیفی یه‌ک له ئه‌ندامانی لیسته‌که بوو. ئه‌و دوو هه‌ڤاڵه ئێستا هه‌ر دووکیان له ریزه‌کانی PAK دا هاوخه‌باتن. 3- بۆ ده‌زگای دادوه‌ریی که پێکهاتبوون له هه‌ڤاڵان کاک حسه‌ین یه‌زدانپه‌نا و کاك شه‌ماڵ پیران و هامنۆ نه‌قشبه‌ندی، هیچ که‌س موخالیف نه‌بوو، به تێکڕای ده‌نگ په‌سند کرا و چه‌پڵه‌یه‌کی گه‌رم و گوڕیان بۆ لێدرا.
هیوادارم PAK بتوانێ به هه‌ر جۆرێکی مومکین، فیلمی کۆنگره بۆ بیروڕای گشتی بڵاو بکاته‌وه و بینه‌رانی، خۆیان لێکدانه‌وه‌یان بۆ ئه‌و کۆنگره‌یه هه‌بێ.
به‌مجۆره کۆنگره‌ی یه‌که‌می یه‌کێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان به‌سترا و به سه‌ر و دڵخۆشی و چه‌پڵه‌ی به‌رده‌وام و سروودی نه‌ته‌وایه‌تی ئه‌ی ره‌قیب کۆتایی پێهات و یه‌کێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان، قۆناخێکی نوێی له ژیانی سیاسیی به ناوی پارتی ئازادیی کوردستان ده‌ست پێ‌کرد. به‌ڵام؛ ئه‌و کۆنگره‌یه و بڕیاره‌کانی تاکه داهێنانه‌کانی ئه‌م حیزبه نه‌بووه و به‌وانه‌ش کۆتایی نایه‌ت. 16 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ئه‌و داهێنانه به یه‌که‌م راگه‌یه‌ندراو و به نامیلکه‌کانی شه‌هید سه‌عیدی رێبه‌رمان ده‌ستیان پێ‌کرد و دواتر درێژه‌یان کێشا. پێداگرتن له سه‌ر ستراتێژیی سه‌ربه‌خۆیی و به ده‌وڵه‌تبوونی کورد، فیدرالیزم، به‌ره‌ی کوردستانی، سیاسه‌تی ده‌ره‌کیی نه‌ته‌وه‌یی، به رۆژهه‌ڵات و رۆژاوا و باکوور و باشوور دانانی کوردستان له جیاتی کوردستانی ئێران و سوریا و ترکیا و عێراق، ره‌تکردنه‌وه‌ی ئێرانچێتی، هه‌ڵکردنه‌وه‌ی ئاڵای کوردستان له پاش که‌وتنی له کۆماری کوردستان و ده‌یان سیاسه‌ت و هه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌یی نوێی تا گه‌یشته دانانی" مانیفێستی ئازادیی کوردستان" ئه‌و داهێنانانه بوون که له ماوه‌ی 16 ساڵی رابردوودا له سه‌رده‌ستی ئه‌م خه‌باتگێڕانه کراوه.
ئه‌م سه‌رچاوه‌یه پاك و خاوێنه و به‌رهه‌می زیاتریشی لێ هه‌ڵده‌قوڵێ. تا بابه‌تێکی دیکه، هه‌ر بژی کورد و کوردستان و شه‌کاوه بێ ئاڵای پیرۆزی کوردستان و سه‌رکه‌وێ خه‌باتمان له پێناو دامه‌زراندنه‌وه‌ی کۆماری کوردستاندا.
25 به‌فرانباری 2707
تێبینی: به‌دووای بڵاوبوونه‌وه‌ی به‌شی یه‌که‌می بابه‌ته‌که‌م خوێنه‌رێک له سایتی "بۆ رۆژهه‌ڵات" پرسیاری کردبوو که ده‌وری ژن له‌و کۆنگره‌یه‌دا چۆن بووه و چه‌ند ژن بۆ ئۆرگانه به‌رزه‌کانی ئه‌و حیزبه هه‌ڵبژێردراون. عه‌رزی ئه‌و خوێنه‌ره به‌ڕێزه ده‌که‌م که: 12 ژن له کۆنگره‌دا به‌شدار بوون و 3 که‌سیان بۆ ئۆرگانه بڕیار به‌ده‌سته‌کان هه‌ڵبژێردراون.
|