٣١\٣\٢٠٢٠
کۆڕۆنا لە نێوان
پەتایەکی سروشتی و شەڕێکی بایۆلۆژییدا.

فوئاد زیندانی
ململانێی نێوان مرۆڤەکان دەگەڕێتەوە بۆ جیاوازی نێوان چینەکان تا
جیاوازی چینایەتی زیاتر بێت ململانێکانیش زیاتر دەبن و شێوە و شێوازی
بەربەرەکانێی زیاتر بەخۆوە دەبینێت. سیستەمی سەرمایەداری ھەردەم بەدوای
بازاڕ و قازانجدا دەگەرێ، ھەتا ئەگەر لەسەر لاشەی مرۆڤەکانیش بێ
بەلایەوە گرنگ نیە، بەڵکو ئاستی قازانجەکە بەلایەوە گرنگترینە.
لە دوای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڕۆنا وەک دەزانین سەرەتا لە ووڵاتی چین
بڵاوبۆوە دواتر چەندین ووڵاتی تری گرتەوە ئێستا لە زۆربەی ووڵاتانی گۆی
زەوی بڵاو بۆتەوە، ئەوەی کە تێبینی دەکرێ بڵاوبوونەوەیەکی زۆر خێرایە و
زیانەکانیشی زۆر مەترسیدارە، بەڵام لە ڕووی سیاسیەوە ھێشتا جێگای
گوومانە.
پزیشکان بە گشتی و پسپۆڕانی تایبەت بەڤایرۆسەکان واتە(ڤیرۆلۆگی) لە
ڕووی پیشەییەوە دەڕواننە بابەتەکە و لەو باوەڕەدانین کە مرۆڤ دەستی
ھەبێت لە دروستکردنی ئەو ڤایرۆسە یا ووڵاتێکی وەک ئەمەریکا دەستی ھەبێت
لە بەرھەمھێنانی ئەو ڤایرۆسە و بڵاوکردنەوەیدا. بەدەر لە بابەتە
پزیشکیەکە لە ڕووی سیاسیەوە دەبینین سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد تڕەمپ
پێداگرە لەسەر ئەوەی کە ناوی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بگۆڕێ و بیکاتە (ڤایرۆسی
چینی) ئەوەش ئاماژەیەکی ڕوونە بە ململانێی نێوان ئەو دوو ووڵاتە، بەڵام
پرسیار ئەوەیە ئایا پێداگری ئەمەریکا دژ بە چین لەم کاتەدا بە واتای لە
دایکبوونی جەمسەرێکی ترە بەرامبەر بە ئەمەریکا کە ڕەنگە ئەو جەمسەرە
تازەیە لە ڕوانگەی ئەمەریکا ووڵاتی چین بێت؟ یا ئەمەریکا ھەست بە خۆی
دەکات لە قۆناغی کۆتایی سەرکردایەتی کردنی سیستەمی سەرمایەداریدایە.
دەرکەوتنی چین وەک زلھێزیکی ئابووری و چاوەڕێش دەکرێ لە داھاتوودا
ووڵاتی ھندستان بەھەمان ڕێچکەی چین ببێتە زلھێزێکی تری ئابووری لە
جیھان تەرازووەکە لە ئاستی جیھان دەگۆڕێ و تاک جەمسەری کۆتایی پێدێ و
فرە جەمسەری پێکدێت، ئەوەش بێگوومان پێگەی سیاسی و ئابووری ئەمەریکا
لاواز دەکات. لەبەرئەوەی ئەمەریکا زوو ھەستی بەو ڕاستیە کردووە، بۆیە
دژایەتی چین دەکات. ئەو گریمانەیە وایکردووە مرۆڤ بە گومانەوە بڕوانێتە
ڤایرۆسی کۆڕۆناکە تەنگی بە مرۆڤایەتی ھەڵچنیووە.
پرسیارێکی تر کە لای مرۆڤ دروست دەبێت سەبارەت بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا ئەویش
ئەوەیە ووڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاوا و ئەمەریکا کە پیشەنگن لە دروستکردنی
تەکنەلۆجیای تەندروستی و خاوەن سیستەمی تەندروستی زۆر پێشکەوتوون
بەتایبەتی ئەڵمانیا دواتر بەریتانیا و فەڕەنسا و تا دەگاتە ئەمەریکا،
ھۆکار چیە سەرەتا زۆر بەسادەیی مامەڵەیان لەگەڵ ڤایرۆسی کڕۆنا کرد؟ لە
توانایاندایە بچنە سەر مانگ و مانگی دەستکرد دروستبکەن خاوەنی باشترین
پیشەسازی ئەلیکتڕۆنی و پیشەسازی قورسن، لە کاتێکدا بە ملیارەھا دۆلار
تەرخان دەکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆڕۆنا و قەرەبووکردنەوەی
ھاووڵاتیانی ووڵاتەکانیان، چۆن دەبێ ژمارەیەکی کەم لە ئامێری
ھەناسەدانی دەستکرد لە نەخۆشخانەکانیاندا ھەبێت، یا ماسک و پێداویستی
تر لە نەخۆشخانەکانیاندا نەبێت یا زۆر کەم بێت کە لە خودی ئەو ووڵاتانە
دروست دەکرێت و بەرھەمدەھێندرێت و ھەناردەی ووڵاتانی تریش دەکرا؟ لەوەش
سەیرتر لە ووڵاتی(سوید) حکومەت پێیوابوو ئەگەر گەنجەکان تووشی کۆڕۆنا
ببن ئەوا بەرگری لەشیان بەھێز دەبێت، ئەو بۆچوونە وەکو ئەوە وایە
ووڵاتێک پێشوازی لە ڤایرۆسەکە بکات!!
ووڵاتی ئیتاڵیا بەتەنیا توانای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نییە،
یارمەتی پێوویستی لە ووڵاتانی ئەندام لە یەکیەتی ئەوروپا و ناتۆ
پێنەگەیشت، بەڵکو ووڵاتی چین فریای کەوت ئەوەش پێگەی چین زیاتر بەھێز
دەکات، چین یارمەتی گەیاندە ووڵاتانی تریش لەوانە فەڕەنسا و بەلجیکا و
ئێران و عیڕاق و ھەرێمی کوردستان.
لێرەدا ئەوەی ڕوودەدا ئەگەر نەتوانین حوکمی لەسەر بدەین کە ڤایرۆسی
کۆڕۆنا شەڕێکی مایکڕۆبایۆلۆجیە لەلایەن سیستەمی سەرمایەداری جیھانی بە
سەرۆکایەتی ئەمەریکا بەرپا کراوە لە پێناو داڕمانی ئابووری ووڵاتێکی
وەک چین، بەڵام دەتوانین بڵێین ئاماژەیەکی حاشا ھەڵنەگرە بۆ لاوازبوونی
ئەمەریکا و سیستەمی سەرمایەداری، بەرەو کۆتایی چوونی تاک جەمسەرییە لە
جیھان، باجەکەش خەڵکی چەوساوە دەیدات و دەبێتە قوربانی.
fuadzindani@yahoo.de
|