په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\٣\٢٠٢٠

کۆرۆنا و گەندەڵیی.

ئاری محەمەد سابیر  

 

حکومەتی ھەرێمی کوردستان گەندەڵیی و بێباکییەکەت زۆر بێ شەرم و بێزەوەرە، بەڵام لە سایەی دەسەڵاتداریی تۆ وشەی شەرمیش شەرم نییە.. زۆر ترسناکتری لە پەتای کۆرۆنا، کۆرۆنا پەتاییەکە و دێ و دەڕوا و ململانێی ژیانە لەسەر زەوی ھەروەک پەتایەکانیتر سروشتییە! وا مەزانە لەبەر کۆرۆنا تۆمان لە یاد نییە.. لە ناو گۆڕیش ھەر باست دەکەین، تۆ بەو ھەموو شان و شەوکەت و ناوبانگە بە درۆ و دەلەسەیە ناتوانی منێکی ھاوڵاتی و مامۆستا رازیی بکەی کەچی هەر ستەممان لێدەکەی.. لە شایی و زەماوەنددا لە شین و رۆڕۆ و لە سەرەمەرگ و ئاویلکەدان شەو تا رۆژ دەبێتەوە ھەر تۆم لە بیرە ئەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان!

لە پەتایی کۆرۆناش ھەر دەرفەت وەردەگری ئەی ستەمگەر! چەندی پێت بکرێ مووچە دوادەخەی.. بەس بزانم تۆ چی و بە چی خۆتدا ھەڵدەڵێی، ململانێی ئێمە و تۆ زۆر سەخترە لە پەتای کۆڕونا، دەردەسەریی پاشەکەوتی مووچە و دواکەوتنی مووچە سەرباری کەمی خزمەتگوزاریی و نەدانی نەوت و بێ قانوونی لەم ھەرێمە، کۆرۆنا لە سەرووی ٢٨پلەی گەرمیی نامێنی و بێھێز دەبێ بەڵام تۆ لە سەرووی ١٠٠پلەی گەرمیی فەھرەنھایەتی بەھێزتر دەبی بەرامبەر فەرمانبەران و مامۆستایان و خەڵکی کەمدەرامەت، دەتوانم و دەزانم خۆبپارێزم لە کۆرَۆنا بەڵام نازانم چۆن خۆم لە تۆ قوتارکەم، پێوستم بە رێنمایی تۆ نییە دەزانم بە پارە و مووچەی من دەژی و چاکە دەکەی ساڵت کردۆتە نۆ مانگ.. سێ مانگ مووچەی خەڵک بۆ خۆت پاشەکەوت دەکەی.. پڕۆژەی پێ ئەنجام دەدەی.. ئەوە منداڵیش دەزانی.. بە راستیی زۆر شەرمە. تۆ بوویتە پەتا - پەتای لووتکەی گەندەڵیی - لە ھیچ کونجی ئەو جیهانە تشتی وا نییە! ڤایرۆسی کۆرۆنا ھەناو و لوت و قورگمان دەگری بەڵام تۆ ھەموو گیانمانت گرتوە! تۆ لە ناو ماڵەکانیشمان وازمان لێناھێنی.. منداڵی سێ ساڵەش دەزانی تۆ  ٤٥ رۆژ مووچە دەدەی چونکە (پەڕۆی پاقژیی منداڵان) دوو جار بەکاردێ! پەتایی تۆ ھەر چوار وەرزە نەک یەک وەرزێک، تا سەد ساڵی دیکەش زانستی پزیشکیی ھاوچەرخ ناتدۆزتەوە! ڤایرۆسی کۆرۆنا منداڵ و بەتەمەنەکان ناگرێتەوە بەڵام تۆ هیچ تەمەنەک ناپارێزی ستەمکار.

 

کۆرۆنا بە مردن کۆتایی بە ژیانی مرۆڤ دەھێنی و تەواو.. بەڵام مرۆڤەکانی ئەو ھەرێمە دەمرن و ھێشتا شایستەی دارایی و پاشەکەوت و پلەبەرزکردنەوەیان ھەر بۆ نەگەڕێندراوەیتەوە! بێ شەرم بڕۆ.. دەبڕۆ بە بازرگانی نەوت گەنم لە دەرەوە بھێنە و بیدە بەغدا و قوڕبەسەری جوتیاری هەژاریش بکە، چ نەمایە نەکەی.. گەر تۆ هەی ئەی بۆ دەسەڵاتت بەسەر ئەو کەسانە نییە کە لە ڤایرۆسی کۆرۆنا خراپترن؟ هەر کات تووشی بارودۆخیک دەبی داوای ھاوکاریی لە خەڵک و دەوڵەمەندان و وڵاتان دەکەی.. ئەی بە خۆت چی.. بەس خەریکی خەوتن و خواردن و رابواردن و حەز و ئارەزووەکانی خۆتی.

 

هەرگیز ناتوانم بڕوام بە تۆ هەبی ئەی دەسەڵاتداری ستەمگەر.. ئەوە بڕیاڕی خۆمە باوەڕم پێی هەیە.. ئیدی پێویستم بە کوردبوون و کوردایەتی نییە چونکێ خاوەنشکۆی وەک ئێوە هێندە دیموکراسین جوایەزیی لە نێوان من و بازرگانان و خاوەن کۆمپانیەکانی ئێراق و سوریا و تورکیا و ئێران و دەسەڵاتدارە بەرژەوەندپەرستە نامرۆییەکانی ئەوروپا و رۆژاوا ناکەی کە لەو هەرێمە جرتوفرتیانە! ئەگەر باسی کوردایەتی و کوردبوون دەکەی پاشەکەوت و مووچەی تەواو و دوانەکەوتن و پلە بەرزکردنەوە و شایستە داراییەکان بگەڕێنەوە، بەڵام تۆ خەڵکت وا پەروەردەکردوە کە باسی مووچە بکەی بە دەرۆزەکەری بزانی.. فشەت پێ دێ ٢٦ مووچەی فەرمانبەرانت لایە و بە سەر بڵندی دەڵێی دەبێ بەغدا بیداتەوە! ئەوە چ سەرئێشەیەکە تووشی فەرمانبەرانت کردوە؟!

 

حکومەتی ھەرێم بڕوا بکە کەس تۆی خۆشناوێ چونکێ ھەڵبژاردن بە خۆت دەیکەی و خۆت بڕیاردەدەی کێ دەربچی، نەوت و ئازووقە و مووچە و داودەرمان و دەرزی و پارەی نیوەی مووچەی فەرمانبەرانت لە بەغداوە بۆ دێ.. با بزانم ئازایەتیی تۆ چیە ناتوانی گەڕکێک ئاوەدان بکەیەوە.. ئاو و کارەبا بدەی و شەقامەکان قیرتاو بکەی!؟ ھەر دەڵێی بوودجە نییە و بەغدا دەیبڕی.. بۆ واز لە بەغدا ناھێنی؟  بێ بەغدا و بارودۆخی نێودەوڵەتی و ھاوپەیمانان نەبێ یەک مانگ ناتوانی خەڵک بەڕێوەببەی! ئەوە چ دەسەڵاتدارییەکە.. ئەفسانەیە یان تابلۆیەکی سوریالییە.

 

تۆ ناھێلی بایکۆت و خۆپیشاندان بکەین و گردبوونەوە ئەنجام بدەین.. کەواتە ناچارین بە نووسین ناخی خۆمان دەڕببڕین چونکێ گەندەڵییەکانت بەرەوە ئەوە دەچن ببیە دز و جەردە! بەسە.. ئیتر چاکە و کاری چاکە ئەنجام بدە نەک چاکسازیی بە قسە.. پاشەکەوت و مووچە ریکبخەوە ئەگەر نا بە هیوای چوونە ھەڵبژاردن مەبە و جارێکی دیکە بێجگە لە بەردەستە مل ئەستوورەکانت کەس دەنگت پێ نادا، ئەگەر هەڵبژاردنت دەوێ من هاوڵاتیم و یەک دەنگم بۆ ھەڵبژاردن.. بە خۆت ناڵێی یەک دەنگ گرنگە و کاریگەریی ھەیە.


زۆر شەرمە بۆ منی ھاوڵاتی ئەگەر بە کورد و هاوڵاتیی ئەو نیشتیمانەم دەزانی خۆشگوزەرانم نەکەی و بەو دەردەم ببەی! مەبەستم ئەوەیە مافی مرۆڤ لەو هەرێمە سفرە.. تێمبگە! کار و چاکسازیی و کردەوەکانت ھەموو کاتێک هەر بەنج و پینەوپەڕۆیە و تا کۆتاییش هەر ئەوە ئیشتە! دەشزانم ئەو قسانەی من بە وڕێنە دەزانی ھەروەک چۆن قسە و رێنمایی و چاکسازییەکانت لای خەلکی وڕێنەن و لایلایێیە بۆ منداڵێکی ناو بێشکە، بڕیاڕم داوە تا مردن بەو شێوە باست بکەم بە تایبەتیی ئەو کاتانەی باری نائاسایی رادەگەیەنی بێجگە لە باسی گەندەڵییەکانت هیچی دیکەمان نییە بیکەین! لەو بەروارەی ئەو وتارەی تێدا دەنووسم تاکو ئێستا ئەو حکومەتی ھەرێمی کوردستانە ٢٦ مووچە و یەک ملیۆن و نیو دینار جیاوازیی مووچەیە و ئەمساڵیش ٢٠٢٠ بە ٤٠ رۆژ یەک مووچە دابەش دەکا، وەیلێھاتیە ئەوەی مرۆڤ بی بە نامرۆڤی دابنێن و ئەوەی ئازا بی بە ترسنۆکی دابنێن و ئەوەی هۆشمەند بی بە شێتی دابنێن و ئەوەی داوای مووچە بکا بە دەرۆزەکەری دابنێن و ئەوەی داوای خۆپیشاندان بکا بە خۆفرۆشی دابنێن! جا وەرە بیست سی ساڵ دەسەڵاتداریی بکەی و کەس تۆی خۆشنەوێ و بتەوێ بە پارە و ترس و تۆقاندن ئەو هەرێمە بەڕێوەببەی، بە کورتییەکەی کۆرۆنا زەڵاتەیە لە چاو تۆ ئەی حکومەتی ھەرێم! بەڵام دڵنیابە وەک چۆن ئێستا خەڵک خۆپارێزیی لە کۆرۆنا دەکەن و سەرئەنجام لەناویدەبەن.. ئەو رۆژەش دادێ خەڵک پارێزیی لە تۆ بکەن و وەک کۆرۆنا لەناوتببەن!

 

 

areezendiny40@yahoo.com

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک