په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢١\١\٢٠١٧

کۆتایی بایکۆت، کۆتایی ناڕەزایەتییەکان نییە!


نوری بەشیر      

 

ناڕەزایەتییەکانی مامۆستایان بۆ موچەکانیان، خواستی بژێوی خۆیان و خێزانەکانیانە، خواستی بەردەوامی سفرەی ھەژارانەیانە، خواستی داواکاری مناڵە چاوگەشەکانیانە کە لە خوشی و پێدوایستیە مرۆییەکانی کۆمەڵگا مەحرومن، خواستی ئیدامەکاری مامۆستایە بۆ وتنەوەی وانە بەقوتابیان. ھەموو ئەم داواکاری و خواستانە لانی کەمی پێدوایستیەکانی ژیان بوو، کە حکومەتی ھەرێم و حکومەتە بنکە فراوان و حیزبەکانی دەسەڵاتدار نە بەڕەسمیان ناسی و نە وەڵامیان پێ دایەوە.


بەڵام مامۆستایان و بایکۆت و خواست و ناڕەزایەتییەکانیان، بووە قوربانی سیاسەتی حیزبەکانی کوردایەتی و ئیسلامیەکان کەچاوەڕوانی رەحمەتی پارتی دەکەن، ھەموو ئومیدو خواستی ناڕەزایەتی رۆژانەی مامۆستایان و وەڵامنەدانەوەیان، بووە رێکەوتن و ساتو سەودای گۆڕان و یەکێتی و ئیسلامیەکان و کێبڕکێیان بۆ شەریکە بەشی پارتی و لەناو خۆیاندا کەو‌تنە ملشکاندنی یەک، کە کامیان شەریکە بەشی ئەساسی پارتیە و جێگای زیاتر دەگرێت لای پارتی، دانیشتنی ھەفتەی رابردووی یەکێتی و پارتی و راگەیاندنی ھاوبەشیان ھێندەی تر گۆڕان و ئیسلامیەکانی تڕۆ کرد کەدەبێ لەدەوری سیاسەتی پارتی کۆببنەوە و یەکێتی کردە شەریکە بەشی زیاتر لەوان.


گۆڕان و ئیسلامیەکان کارنامەی گەوجاندن و خۆڵکردنە چاوی خەڵکی کوردستان و بەتایبەتی لە پاشەکشە پێکردنی بایکۆتی ناڕەزایەتی مامۆستایاندا کردیان، دڵی پارتیان ڕازیکردو کردیان بەدەستکەوتی پارتی و یەکێتی و پارتی تیا باڵا دەستبوو. ھەموو ئەوانە ئەو راستیەیان خستە بەردەم خەڵکی کوردستان کە ئەو حیزبانە چەندە کێشەو ململانێیان ھەبێت، بەڵام لەبەرامبەر خواست و ناڕەزایەتییەکانی خەڵکدا یەک دەست و یەک ھەڵوێستن بۆ پاشەکشە بەدواکاری خەڵکی کرێکارو بەشمەینەت.


بایکۆت بەجیا لەتەشخیسی دروست یان نا دروستی مامۆستایان بۆ خواستەکانیان، شێوەیەکی ناڕەزایەتی بوو لەبەرامبەر حیزب گەلێکی کوردایەتی و ئیسلامیدا کەڕۆژانە پیرۆزی خاک و نیشتمان و ئاڵا و سەرۆک و پێشمەرگەو ماڵە شەھید و ئایین و شەرەف دەرخواردی خەڵک دەدەن، بەڵام موچەو پاروی دەمی مناڵانی مامۆستایان و خەڵکی کوردستان و ھەتا مناڵامی ئەوە پێشمەرگەو ماڵە شەھیدانەی خۆیان تەپڵی پیرۆزی بۆ لێدەدەن، بەڕەوا نابینن و بۆیان گرنگ نییە.


گۆڕان، یەکێتی و ئیسلامیەکان، پاشەکشەیان سەپاند بەسەر ‌ناڕەزایەتی ‌بایکۆتی مامۆستایان بۆ موچەکانیان، بەڵام خواستی موچەی مامۆستایان لەجیگای خۆی ماوە و وەڵامی پینەدراوەتەوە، بەڵام ریسواییەکی تر چووە سەر کارنامەکانی ئەو حیزبانەی شەریکی پارتی. وەڵامنەدانەوە و نەچوونە ژێر باری داواکانی مامۆستایان، ناڕەزایەتییەکانی لەسەر ئاستی کۆمەڵگادا فراوان و بەزیندویی لەناوەندەکانی کار و گەڕەک و قوتابخانەو زانکۆکاندا دەھێڵێتەوە. حیزبەکانی کوردایەتی شەریکە بەشی پارتی بەم ھەنگاوەی بردنە دواوەی ناڕەزایەتی بایکۆتی مامۆستایان بۆ موچەکانیان، وەڵامیان بەداوای پارتی دایەوە بەدژی خواستەکانی مامۆستایان، بەڵام بەدڵنیاییەوە ھەر دەبێ لەچوارچێوەی سیاسەت و بەرنامەکانی پارتیدا کارەکانیان بەرنە پێشەوەو ئەگەرچی پەرلەمانەکەشیان بۆ کارا بکاتەوە.


ناڕەزایەتییەکان لەکوردستاندا، لەجاران فراوانتر دەبێت، لەبەر ئەوەی ئەوە تەنھا موچە نییە کەخواستی مامۆستایان و زۆر بەشی تری کۆمەڵگایە، خواستە سەرەتاییەکانی ئاو، کارەبا، خزمەتگوزاریەکانی رێگاو بان، خواستەکانی قوتابیان، ژنان، لاوان، کار بۆ بێکاران، وە ناڕەزایەتی لەبەرامبەر تایبەتیکردندا کە نرخەکان دەباتە سەرەوە، ھاوکات بێوەڵامی حیزبە میلیشیاکانی کوردایەتی، قڵشتی چینایەتی فراوان دەکاتەوە، لەبەرئەوەی کێشەکان کێشەی خواستە چینایەتیەکانی کرێکاران و خەڵکی کەمدەرامەتە کەزۆربەی زۆری کۆمەڵگا پێکدەھێنن لەبەرامبەر کەمایەتیەکی سەرمایەداری تاڵانکارو مافیاو دژی خەڵکیدا، بەڵام تەجروبەی ناڕەزایەتییەکان ئەوەی سەلماند کەدەبێ ناڕەزایەتییەکان لەدەرەوەی کارنامەو سیاسەت و چەواشەکاریەکانی حیزبەکانی کوردایەتیدا بێت، کەئاسۆی ناسیۆنالیزم و ئیسلامی زاڵە بەسەریدا، کەبەرژەوەندی بۆرژوازیانەی لەپشتەوەیە. بۆیە دەبێ ناڕەزایەتییەکانی کوردستان، ھاوکات کە ناڕەزایەتی سیاسیەو دەبێ ئاسۆی سۆسیالسیتی بەسەریدا زاڵ بێت و ھەر بەم دیدگایەشەوە رێکخراو بێت کەبۆخۆی دیفاعی شێلگیر لەخواستەکانی خەڵک دەکات و زامنی بەسەرکەوتن گەیاندنی خواستەکان دەکات.


١٦\١\٢٠١٧

ماڵپه‌ڕی نوری به‌شیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک