په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٥\٢٠١٧

کۆتایی درۆیە گەورەکە!١

هۆشیار ئەوڕەحمان   


لە دوای شەڕی جیهانی دووەمەوە وڵاتانی ئەوروپی وەکو سەرچاوەی هیوا بۆ ژیان لە لایەن خەڵکی تورکیاوە تەماشادەکراوە، بە تایبەتی ئەڵمانیا بۆ تورکەکان جێگەی هەموو ئەوروپای گرتۆتەوە، تەنانەت تا پێش داهاتنی دراوی یەکگرتوی یەکێتی ئەوروپاش (ئۆیڕۆ) دراوی قورسی نێوبانکەکانی تورکیا بەپلەی یەکەم (مارکی ئەڵمان)ی بوو، کە لە ڕێگەی ئەو کرێکارە تورکە سەڵتانەوە دەنێردرانەوە، کە دوای شەڕی جیهانی دوومەوە لەسەر داوای حکومەتی ئەڵمانیا وەکو دەستی کار گەیشتنە ئەڵمانیا و پاشان وڵاتانی تری ئەوروپی، کە پێیان دەگوترێت (ئەڵمانجی٢) واتا ئەو کرێکارانەی، کە لە کارگەکانی وڵاتی ئەڵمانیا کاردەکەن و سەرمایە کۆدەکەنەوە لە ڕێگەی بانکەکانی تورکیاوە دەینێرنەوە بۆ تورکیا.. (ئابوری ئەڵمانجی) بڕبڕەی پشتی ئابووریی دراوی قورسی تورکیا پێکدەهێنێ، هەر بۆیە سەرۆک وەزیران و پاشان سەرۆک کۆماری تورکیا (تورگۆت ئۆزال) پەرەی بەناردنی کرێکاری تورکدا و یەکەم داوای لەدەوڵەتانی دۆستی ئەوسای تورکیا ڕەزامەندی ناردنی تورک بوو بۆ وڵاتەکانیان، ئەوە بوو مۆدێلی ئەڵمانجی کۆی وڵاتانی ئەوروپای رۆژئاوایی گرتەوە و پاشان کۆچڕەوی گەورە لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی ئۆزالدا بەرەو کەنەداو و ئوسترالیا دەستی پێکرد و ئەو مۆدێلی هەناردەکردنی کرێکاری تورکە وڵاتانی عەرەبیشی گرتەوە وەکو لیبیا لە باکوری ئەفەریقا و عەرەبستانی سعودی و بەشێک لە میرنشینەکانی کەنداو.. تورگۆت ئۆزال ئەم کرێکارە هەناردەکراوانەی ناونابوو (مریشکی هێلکە ئاڵتون٣)ی، چونکە پارەی ئەو وڵاتانەیان دەناردەوە تورکیا وسەرچاوەی دۆڤیزی بیانی ئەم کرێکارانەی تورکیا دابینیان دەکرد، بۆیە ئەڵمانجی بون رەواجی پەیدا کرد و وەکو توێژێکی دەوڵەمەند لە لایەن خەڵکی تورکیاوە تەماشادەکران و نزیکبونەوە لەم ئەڵمانجیانە دەبووە مایەی خێر و بەرەکەت، چونکە مناڵی ئەڵمانجیەکان ژن و ژنخوازیی هەر لەگەڵ نەتەوەکەی خۆیان دەکەن کوڕ ژنبهێنێ کچەتورکێک لە تورکیاوە بەرەو ئەڵمانیا دەبات کچیش شوو بکات بە هەمان شێوە بەپێی یاسای (باری کۆمەڵایەتی ئەڵمانیا) واتا یاسای یەکگرتنەوە و پێکەوەنانەوەی خێزان درێژەدەدات بە مانەوەی تورک لەو وڵاتانەدا.

ئامانجی ئەم پێشەکیە بۆ ئەوەیە، کە خوێنەر بزانێ ڕایەڵەکانی حەزو هیواکانی ئەڵمانجیەکان لە چیەوە هاتوە بۆ ئەڵمانیا و فەرەنسا و هۆلندا و نەمسا، کە قیبلەی ئابووریی تورکیا پێکدەهێنن، هەوڵەکانی حکومەتەکانی تورکیاش لە ماوەی ٦٠ ساڵی ڕابردوودا بۆ بە زیندوویی ڕاگرتنی ئەو هیوایەی تاکی تورک بووە بەرەو ئەوروپا، ئەگەینا لە راستیدا سیاسەتمەدارانی تورک نە ئیسلامیەکان، نە کەمالیستەکان لەگەڵ تێکەڵبوون و ئەندامبوندا نین لەگەڵ یەکێتی ئەوروپادا، بەڵام لەبەرئەوەی خواستێکی گشتی بووە و سەرانی تورکیش باش گرێکوێرەی دەروونی تاکی تورکیان خویندۆتەوە هەر حکومەتێک هاتبێتە سەر دەسەلات ختۆکەی مەسەلەی ئەندامبونی داوە و بۆ تێپەراندنی سیاسەتەکانی خۆشی تاویداوە، بەتایبەتی ئاکپارتیە ئەردۆغانیەکان توانیان بۆ تۆکمەکردنی دەسەڵاتەکەیان سوود لە دانوستاندنەکانیان لەگەڵ یەکێتی ئەوروپادا وەرگرن و وێنایەکی دزێو بۆ ئەوروپیەکان دروست بکەن بەرانبەر بە ئیسلام و تورک بۆ ئامانجی بەدەستهێنانی دەنگی ئیسلامە دیندارەکان و تورکە نەژادپەرستەکان.

 

ئاکپارتی بە بەشێوەیەکی دوڕویی مەسەلەی هەوڵەکانی بۆ ئەندامبون لە یەکێتی ئەوروپادا بەکاردەهێنێ، چونکە لە بنچینەدا مەسەلەکە لەسەر درۆ بنیات نراوە، لەبەر ئەوەی تورکیا وەکو گەشەی مێژوویی جوغرافیا و کەلتوری ئایینی هیچ پەیوەندیەکی بە ئەوروپاوە نییە، تەنها چمکێکی لە ٣٪ خاکەکەی دەکەوێتە بەری ئەوروپاوە. بە کورتی ئەوروپایی بونی تورکیا تەنها درۆیەکی گەورەیە بۆ خافلاندن و هەڵخەڵاتندنی عەوامی تورکی، ئەگەینا تورک بە درێژایی مێژووی هەزار ساڵەیان لەسەر ئەو خاکەی ئێستایان لە ململانێیەکی جیاوازی کەلتوریدا بوونە لەگەل ئەوروپیەکان و نەیانتوانی باڵکان بتورکێنن و کەلتوری خۆیان بسەپێنن و لەگەڵ داڕووخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا کەوتنە بەر تۆلەی ئەوروپیەکان بە تایبەتی (سڵاڤەکان٤)، ئێستاشی پێوە بێت، پاشماوەی مێژویی، کە لە هەموو جێهاندا پاشماوەی کۆن ڕیزی لێدەگیرێت و وەکو کەلەپوری شکۆمەندی تەماشا دەکرێت، بەڵام پاشماوەی بەربەریانەی تورکە عوسمانیەکان لە باڵکان دەرووخێنرێ بێ سەروشوێن دەکرێت، چونکە زوخاوی ڕابردوو دەخاتەوە بیریان. بۆیە ئەم درۆیە گەورەیەی ئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپادا هیچ پایە و پێگە و بنچینەیەکی بەهێزی مێژویی نییە، تەنها وەکو ئامرازێکی ڕیکلام بۆ راکێشانی سۆزی تاکی تورک بەکاردەبرێ، بەتایبەتی لەسەر دەستی ئەردۆغانیەکاندا دوژمنایەتی ئاکپارتیە ئیخوانیەکان و ئەوروپیەکان گەیشتە ترۆپکی.. بۆیە ئیتر تورکیا لە ئەوروپادا کۆتایی هاتوە و کۆی سیاسەتمەدارانی ئەوروپی پێیانوایە، کاتی ماڵئاوایی یەکجارەکی تورکیای ئەردۆغانی هاتوە، تەنانەت ئەو تورکانەی، کەلەوڵاتەکانی ئەوروپا نیشتەجێن و لە بەرەی ئەردۆغان دەرگاکان کراوە دەبێ، کە ئیتر بەرەو تورکیا بگەڕێنەوە، چونکە ئیتر درۆیە گەورەکەی ئەردۆغان کۆتایی هاتوە و هەموو جۆرە ڕێکەوتنێک لەگەڵ تورکیادا هەڵدەوەشێتەوە.. پەڕلەمانی ئەوروپا بە کۆی دەنگ دەڵێین ئیتر تورکیا لە نێو یەکێتی ئەوروپادا شوێنی نەماوە و لە نزیکترین کاتدا کۆتایی بە یەکێتی گومرگ و کارئاسانیەکانی دەهێنرێت و ڤیزا و (جوت هاوڕەگەزنامەیی٥) بۆ هاوڵاتیانی تورک دەکەوێتە ژێرچاودێری توندەوە. لە راستیدا هەڵویستی یەکێتی ئەوروپا بەرەنجامی هەڕەشەکانی بانگەشە و ئەنجامدانی ڕێفراندومەکەی ئەردۆغانە.
_______________________________

پەراوێز:
١- درۆیە گەورەکە: واتا هیوای ئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپادا، کە ماوەی ٦٤ ساڵە هاوڵاتی تورکیای پێوە ئالوودەکراوە، بە چەند هەڵچوونێکی ئەردۆغان و چواندنی ئەوروپیەکان بە گاور و نازی لە گۆڕنرا.
٢- ئەڵمانجی: واتا ئەو تورکانەی، کە بە سەڵتی واتا پیاو بە ژن و منداڵ لەساڵانی پەنجاکاندا بۆ بژیوی ژیان روویانکردە ئەڵمانیا و پاشان بڵاوبونەوە بە وڵاتانی تری ئەوروپای غەربیدا لە تورکیادا بە ئەڵمانجی ناودەبرێن، ئەگەر لە فەرەنسا و بەریتانیاش نیشتەجێ بن.. هەر چۆن لیرە لە کوردستان بە کوردی تاراوگە دەڵێن خاریجی یان ئەوروپی.
٣- مریشکی هێلکە ئاڵتونی: بۆ یەکەم جار تۆرگوت ئۆزال ئەم وشەیەی بۆ ئەو تورکانە بەکارهێنا، کەلە ئەڵمانیا کاریان دەکرد و پارەکانیان لە ڕێگەی بانکە تورکیەکانەوە دەناردەوە بۆ تورکیا و بوونە یەکەم سەرچاوەی دراوی نەختینەی قورس (دۆڤیز) وەکو مارک و دۆلار و فرەنک و شیلنگ، کە لەچاو دراوی تورکیە بەهاکانیان وەکو ئاڵتون بوون.
٤- سلاڤەکان: باڵکان و نەتەوە سلاڤەکان، تورکە عوسمانیەکان خاوەنی رابوردویەکی خوێناوین لە ولاتانی یوگسلاڤیا و هرواتستان و مەجەر و بولگارستان ئەو نەتەوانە کۆمەڵکوژییەکانی عوسمانیەکان لەبیرناچیتەوە، کەلە مەیدانی (سەراییڤۆ) بە دەیان خەلکی ئەو ولاتەیان بە زیندوویی هەڵدەواسی و بە شمشێر لە ڕێگەی (کۆم)یانەوە ناو هەناوی قوربانیەکانیان هەڵدەڕژاندە خوارەوە ئەو کوژراوانە بۆ چەندین هەفتە بە هەڵواسراوی دەمانەوە بۆ چاوترساندنی بەرهەڵستکارانی تورکە عوسمانیەکان، بەڵێ ئەمە یەکێکە لەو کارەقیزەوننانەی دەرهەق بەو گەلانە کراوە و مێژوو تۆماری کردوە.

٥- جوت هاوڕەگەزنامەیی: بەشێک لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا کارئاسانیان بۆ هاوڵاتیانی تورکی دانیشتوی وڵاتەکانیان کردوە بە پێدانی رەگەزنامە، کە هاولاتیە تورکە هاوکات دەتوانێ رەگەزنامەی ئەڵمانی و تورکی پێکەوە هەبێت، بەلام ئەم مەسەلەیەش دوای گۆڕینی سیستەمی دەوڵەتی تورکیا لە پەڕلەمانیەوە بۆ سیستەمی ئەردۆغانی هەڕەشەی سەندنەوەی ڕەگەزنامەی بەدوای خۆیدا هێناوە، بە تایبەتی لە لایەن حکومەتی ئەڵمانیاوە.

 

ماڵپەڕی هۆشیار ئەوڕەحمان

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک