په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٦\١\٢٠١٠

کۆتایى ژیان لە ٢٠١٠ و ئیسلامییە سیاسییەکانى کوردستان.


سیروان غەریب  


کاتێک لایەنێکى سیاسى و ئیسلامى دەیەوێت ئەگەرێکى زانستى بقۆزێتەوە بۆ خۆى و لەرێگەیەوە کەسبى خەڵکى پێبکات و ئیدیعا بۆ ئەو ئەگەرە بکات لەکاتێکدا تەنها ئەگەرەو بەس، ئەوا بێ گومان عومرى درێژى ئەو سەرکەوتنەى لەکەسبکردندا بەدەستى دێنێت تا ئەو کاتە بڕ دەکات کە کات و مێژووى ئەگەرەکە تیایدا بەسەردەچێت.

ئیعلامى هەندێک لایەنى ئیسلامى کوردستان لەدواى بڵاوبونەوەى دەنگۆى ئەگەرى کۆتایى ژیان لە 2012 بەشێوازێکى ناپرۆفیشناڵەنە مامەڵە لەگەڵ ئەو ئەگەرەدەکات، ئەم ئیعلامانە تەنها ئەو تیۆرییە لەزانست و ئەو بیروبۆچونانەى زانایانمان بۆ دەگوازنەوە کەپێیانوایە ژیان لەساڵى 2012 ژێرو ژور دەبێت و هەمووان بۆ دواهەمین جار باى باى لەگەڵ یەک دەکەین.

تلیسکۆبەکانى ئیسلامى سیاسى لەکوردستاندا ! لەجیاتى ئەوەى ئاهێک بەدڵى خەڵکیدا بهێننەوە بۆ ژیان، یان وەک (دەستەى زانایانى جیهانى بۆ ئیعجازى قورئان) بەتوندى دژى بانگەشەى ئەگەرەکە بوەستنەوە، کەچى لە هەندێک لەسایت و کەناڵى راگەیاندنى جیاوازیانەوە تاک لایەنانەو بەدەر لەعورفى راگەیاندن و گەیاندنى زانیارى کەوتوونەتە داوى تەنها ئەو تیۆرە زانستییانەوە کە پێیانوایە هەسارەیەک بەناوى (نیبیرو) لە (زەوى) نزیک دەبێتەوە، ئەمەش وادەکات هەناسەى ژیان لەگۆى زەوى نەمێنێت و "ئاخیر زەمان" بێت. لەکاتێکدا دەستەى ناوبراو " بەدرۆ و دەلەسەو "تەڵەکەبازى و فێڵ"ى هەندێگ لەئەستێرە ناسەکان و "فاڵچى و دەجالەکان" ناوى دەبەن.

بەداخەوە هەندێک ئیعلامى ئیسلامی کوردستان چاویان دەنوقێنن لەشیکردنەوەکانى گەردونناسێکى گەورەى وەک (دیڤید مورسیسون) لەئاژانسى ناسا، کاتێک جیهانى دڵنیاکردەوە لەروونەدانى ئەو ئەگەرەو بە "تەڵەیەک و فێلێک"ى گەورەى دژى بەرەو پێشچوونى مرۆڤایەتى لەقەڵەمدا. ئەم ئیعلامیانەى ئیسلامییەکانى لاى خۆمان وێراى ئەوەى بایەخیان بە (دەستەى زانایانى جیهانى بۆ ئیعجازى قورئان) نەدا، بێ مانایانەش نەچوون بەلاى بۆچونەکانى چەندین گەورە گەردوناسى ئاژانسەکانى جیهان، ئەو گەردونناسانەى پێیانوایە رۆژى 21/12/2012 هەروەکو رۆژەکانى تر ئاساییە. (وەک ئاماژەیەک بەوەى ئەو رۆژە وەک رۆژەکانى ترى ساڵە).

ئەم جۆرە لەئاراستەکردنى ئیعلام ئەمانباتەوە بۆ سەر سفرەى سیاسەتى سیاسییە ئیسلامییەکانى پێش ساڵى 2000 ئەو کاتەى بەهەمانشێوەى ئێستا پێشبینییەکان بەهێزبوون بەرامبەر بەوەى ساڵى 2000 کۆتایى بەژیان دێت، بەڵام نەک ئەم پێشبینى و ئەگەرە ئەسڵ و ئەساسى نەبوو، بەڵکو لەجیاتى کۆتایى بەژیان وڵاتانى دنیا قەشەنکترین ئاهەنگیان بەبۆنەى هاتنى ئەو ساڵەوە لەسەر شەقامەکان گێڕا.

ئیسلامییە سیاسییەکان لەساڵى 2000 بەهەمان ئاڕاستەى ئێستا بۆ قەرەباڵغکردنەوەى مزگەوتەکان و پاڕانەوە و نزا و دواجاریش تەیار کردنى ئیسلامی سیاسى جیهادى لەمزگەوتەکانەوە کەوتنە خۆسازدان و بەو هۆیەشەوە بەهێزترین رێکخستنى ئیسلامییان لەنێو مزگەوتەکانەوە هێنایە سەرشەقامەکان، بەڵام ئەم جۆرە تەیارکردن و خۆرێکخستنە بەرێکخستنێکى مۆدێرنى ئیسلامى درێژەى بەکاروانى ئیسلامى سیاسى لەکوردستان نەدا، بەپێچەوانەوە باڵێکى توندرەوى لێ بۆیەوە کەزۆرێک لەئەندامەکانى لەبەرماڵ بەدەستێکى سادەو لەخواترسى ناو مزگەوتەوە بوو بە چەک بەدەستێکى توندڕەوى سەرچیاکانى هەورامان. بێ گومان گەر زلهێزێکى وەکو ئەمەریکا فریاى دۆخەکە نەکەوتبان ئەوا نەک هەورامان بەڵکو کوردستانیش رۆژێک ئارامى و ژیانێکى ئاسایى بەخۆیەوە نەدەدى.

ئیسلامى سیاسى لەکوردستان مافى خۆیەتى وەک سەرجەم لایەنەکانى تر چالاکى سیاسى و رێکخستنى حزبى ئەنجامبدەن، بەڵام ئەو کاتەى چالاکییە سیاسییەکانى گرێدەدات بەئەگەرو پێشبینییەکانەوەو قەناعەت بەخەڵکى دەکات لەسەر"بوونى ئاخر زەمان" لە 2012 داو لەم رێگەیەوە دەیەوێت دەسکەوتى کەسبکردنى خەڵکى هەبێت، ئەوا بێ گومان دەبێت ئاگاداربن لەوەى ئیسلامێکى توندرەو بەرهەمدەهێنن کەدواجار بۆ خودى ئیسلامى سیاسیش زەرمەند دەبێت وەک لە 2000 دا بەئیسلامییە سیاسییەکانیشەوە ئەو ئەزمونەمان ئیدانە کرد.

لەراستیدا ئەوەى لەگوتارى هەندێک لایەنى ئیسلامى سیاسى لەدواى دەرکەوتنى ئەگەرى کۆتایى هاتنى ژیان لە (2012) دەبیستین هەمان گوتارى ساڵى دووهەزارە کاتێک دەیانویست لەرێگەى ریکلامکردن بۆ (ئاخیر زەمان) ئیسلامێکى داخراوو نەفیکەرمان بۆ بەرهەمبهێنن، ئیسلامێکى شەڕکەر، ئیسلامێکى تەماحکار بەوەى هەمووان بەڕەنگى خۆى رەنگ بکات.

ئەم سیفەتە یاخود ئەمجۆرە لەگوتارى کەسبکردنە، بەتەنها بۆ ژیانى ئاسایى و کۆمەڵایەتى هاوڵاتیانى کوردستان زەرەرمەند نابێت ، بەڵکو وەکو ساڵى 2000 بۆ خودى ئیسلامییە سیاسییەکانى کوردستانیش بێجگە لەسەرکەوتنێکى کاتى لەکەسبکردندا، هیچى ترى تیا سەوز نابێت.

 


s_gareb@yahoo.com