١١\٧\٢٠١٠
کۆتایى ساڵى
خوێندن و بەجێهێنانى ئەرکى نیشتیمانى ...؟

ئەمیر ئەحمەد عەبدولقادر
بەرەو کۆتایی دەوامی ساڵی خوێندن، بەرەو هۆڵی ئەزموونەکان، بەرەو
دیاردە دووبارەبووەکانی ساڵانەو خەمە پڕحەسرەتەکانی خوێندکار و بیرو
خەیاڵە قوڵ و سەیرو سەمەرەکان بەرو قۆپیەو شەونخونی و هەوڵی تۆکمەیی
ئەوانەی لەو هونەرە نازانن و ڕێگەی تر بێجگە لەخەبات و هەوڵ و کۆشش شک
نابەن. کێن ئەوانەی خیانەت لەهەوڵ و کۆششی ئەوان دەکەن، دیارە بێگومان
مامۆستایان و چاودێر و بەڕێوەبەری هۆڵ کە خۆیان دەهێننە ئەو ئاستەی
قۆپیە قبوڵ دەکەن و ڕەنجی ئەوان و بێ خەمی خاوەن چێشتەخەوان بە
پێگوتنەوەیەک، یان بەچاوپۆشینێک یەکسان دەکەنەوە.
ڕاستە هەتا ئێستاش پڕۆسەی ئەزموون و تاقیکرنەوە لەوڵاتی ئێمە ڕووخسارە
کلاسیکیەکەی بەرنەداوە، بەدەر نیە لەناتەواوی و بێ خەوش نیە لەبەرانبەر
هەڵسەنگاندنێکی ڕاستەقینە، کە پیوانەیەک بێت بەهرەو توانای زانستی
خوێندکار بەدیار بخات، یان هەر بەگشتی پرۆگرامەکان بێ خەوش نین، کە
خوێندکار دەبێ بیانزانێ و وەکو پەیژەیەک پێیاندا سەربکەوێ بۆ سەرووتر،
ئەمە گیروگرفتێکی ترەو بەدەرە لەوەی ئێمەی ئێستا دەمانەوێ بیخەینەڕوو.
لەگەڵ نزیک بوونەوەی سەری ساڵ و نزیکبوونەوەی ئەزموونەکان، ئەو دیاردە
زەقە قیزەونە دەبێتە خولیای ئەوانەی لەگەڵ دەوامی ئاسایی خۆیان بەئەرکی
خۆیان هەڵنەستاون و دەیانەوێ ئەو بۆشاییە بەو فرت وفێڵە پڕ بکەنەوە،
هەتا بگەنەوە ئەو هاوڕێیانەی لەگەڵ ئەرک و وانەکانیان رۆیشتوون و
دوانەکەوتوون، دیارە هەموو هەوڵێکی لەو جۆرە نزیکە لەهەوڵی ئەو کەسانەی
کە کارناکەن و پەنا دەبەنە بەر شێوازی تر بۆ پەیداکردنی پارەو زیان
بەخەڵکی تر دەگەیەنن، بەڵام لەو حاڵەتەدا دز و ڕێنیشاندەر و دزی لێکراو
دیارەو یاساو دادگا دێتە سەرخەت، بەڵام لەحاڵەتی قۆپیە دەبێ کێ دز و کێ
دزی لێکراو و رێنیشاندەری دز کێ بێت؟؟
بەڕاستی کەسی بکەر لەو دزیەی پێی دەوترێت قۆپیە ئەو خوێندکارە کە قۆپیە
دەکات، بەڵام کێ لەو نێوەندەدا زەرەر دەکات؟ دیارە ئەو کەسەی بەهەولًَ
و کۆششی خۆی خویندوویەتی و نمرە دەهێنێ و دەردەچێت و دەچێتە پێش بڕکێی
ئەو کۆلیج و پەیمانگایانەی بۆی دەچێ، ئەو کەسەیە دزی لێدەکرێ و بەڕێگەی
قۆپیە دەچنە پێشبڕکێ لەگەلێد و هەوڵ و کۆششی ئەو کەم بایەخ دەکەنەوە،
بەڵام رێنیشاندەر و هاوکاری ئەو دزیە ئەو بەڕێوەبەر و چاودێرەیە کە
لەهۆڵەکانی تاقیکردنەوە، بەپێی گرێبەستی پێشتر چاوپۆشی دەکات
لەبەرانبەر قۆپیەی ئەو خوێندکارەی پێشتر بەڵێی پێداوە، یان کەوتۆتە بەر
سۆز و عاتیفەیەکی نادروست و چاوپۆشی دەکات، یان ترسنۆکەو پێی وایە
گیروگرفت درست دەبێت ئەگەر لەهۆڵی تاقیکرنەوەدا توند و تۆڵ بێت.
بەداخەوە هەتا ئێستا ئەندازەی مەترسی ئەو دزیە و هاوکارانی ئەو دزیەو
ئەو زیانانەی لەهەموولایەک دەکەوێ بەگرنگ نەگیراوە و بەگیانێکی هەست
کرن بەلێپرسراوی لەلایەن هەندێ لە خوێندکاران و مامۆستایان بایەخی
پێنەدراوە.
ئەگەر زیان لێکەوتووی دزی ئاسایی دزی لێکراو بێت و دەوڵەت و
دامەزراوەکانی بەتەنیا ئەو باجە بدەن کە ئۆقرەیی و ئاسایش دەکەوێتە
مەترسیەوە، ئەوە ئەو دزیەی لەرێگەی قۆپیەوە دەکرێ زیانەکانی لەوە
گەورەترە بۆ دەوڵەت و دامەزراوەکانی.
ئەو ناداگەریەی لەئاکامی قۆپیە دێتە دی بێمتمانەیی دروست دەکات و کەسی
ناشایستە لێرەوە بۆ ناو دامەزراوەکانی دەوڵەت سەردەکەوێ، ئاستی زانستی
و بەهرەیی لاوان و دامەزراوەکانی پەروەردە دێتە خوارێ و خەڵکی ناشایستە
بەرپرسیاریەتی بەرێگەی بڕوانامەوە دێتە پێش و چەندان زیانی تر، کە زیان
بەئاسایشی نەتەوەیی و نیشیمانی دەگەیەنێت، لەهەموو ئەو زیانانەش دا
دەڵێن "الدالة على الخیر کصاحبه"، وانە رێنشاندەری چاکە وەکو چاکەکار
وایە، بەڵام ئەمە چەمکی پێچەوانەی هەیە، "الدالة على الشر کصاحبه"،
رێنیشاندەری خراپەش هەمان حوکمی خراپەکاری هەیە، لێرەوە ڕوومان لەو
مامۆستایانە دەبێت کە هەر کەمتەرخەمیەک لەو ئەرکە پیرۆزە لەکاتی
چاودێری ئەزموونەکان بەسەرتا تێپەڕ ببێت ئەوە کەمتەرخەمیە لەبەرانبەر
ئەرکێکی زۆر گەورە و پیرۆز، دیارە ئەگەر خوانەخواستە دز و ماڵ خۆ بەهەر
پاساوێک ببنە یەک ئەوە هەرگیز لەکەسایەتی مامۆستا ناوەشێتەوە، مامۆستای
خاوەن ماڵ لەم نیشتیمانە، هەرگیز نابێ رێگە بدات ئەو ئەرکە پیرۆزەی
بکەوێتە ژێر پرسیارەوە.
amirkoy@ayhoo.com
|