په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\٣\٢٠١٢

کۆترە رەش و سپیەکان!

جەلال قادر      

قوتابیەکان بە مامۆستا کەیان گوت : لەم شارە پڕ لە چەکدارە بێزارین!


مامۆستاش وەلامی دانەوە : پشووتان درێژبێت ئەمەش کۆتایی دێت!


یەکێ لە قوتابیەکان گوتی : مامۆستا پلانێکم هەیە دەمەوێت بە هاوکاری هاوپۆلەکانم ئەنجامی بدەین!


مامۆستاش گوتی : لەگەل ئەم دەسەلاتە پلان نایخوات ، بەس فەرموو پلانەکەت بلێ!


قوتابیەکە گوتی : مامۆستا ؛ لە مێژە لەو خەیالەم هەزارەها کۆتری سپی پەیدا بکەین وەک سمبولێک بۆ ئاشتی و ئازادی بە ئاسمانی شارەکەمان بیفڕێنین !


مامۆستا و قوتابیەکان سەریان سوڕما لەم بیرۆچکەیە ، گوتیان : ئافەرین .. ئەوان بەچەکدار کوچەو کۆلانەکەیان گرتووە . ئێمەش ئاسمان پڕدەکەین لە کۆتری سپی!


بەم جۆرە لەگەل هاتنی وەرزی بەهار قوتابیەکان ئاسمانی شارەکەیان ڕازاندەوە بە کۆتری سپی ..کەچی چەکدارەکان تەقەیان بە ئاسمانا کردو دەیان کۆتریان خەلتانی خوێن کرد و چەند دانەیەکشیان بە باڵ شکاوی بەردایە خوارەوە.


بۆ ڕۆژی دوایی سولتانەکان قوتابی و مامۆستاکەیان سزا دا . مامۆستاکە لە پیشەکەی دوورخرایەوە ، قوتابیەکانیشیان دابەش کرد بەسەر قوتابخانەکانیتری شار.


لەو ڕۆژەوە دانشتوانی شار بەلێنینادا هەموو سالێک یادی فڕینی کۆترەکان بکەنەوە.


ئەو سالە لە لایەن دەسەلاتەوە بڕیار درا بە هەموو شێوەیەک کڕین و فرۆشتن و بە خێوکردنی کۆتری سپی قەدەخە بکرێ!


بۆ سالی نوێ و یادی ماتەمینی کۆترە سپیەکان .. قوتابی و مامۆستاکان لە ژێر زەمینی شار کۆبوونەوە بە پلانێکی نوێ.


لە ڕۆژی یادەکە هەرچەندە بەفردەباری ، کەچی دوو ئەوەندەی تر چەکدار ڕژانە ناوشار و بازگەیان لە سەر سووچی هەموو کۆلانەکان دانا.


مامۆستا و قوتابیەکان هەرچی کۆتری ڕەش هەیە کۆیان کردەوە وەک سمبولێک بۆ ماتەمینی ، لەسەربانی هەموو مالێک کۆتر لە شەقەی باڵیدا و ئاسمانی شارەکەیان داپۆشی.


کاتێک ئاسمان ڕەش و سپی هەلگەڕا ، چەکدارەکان لوولەی تفەنگیان ڕوو لە ئاسمان کرد و کۆترە ڕەشپۆشکانیشیان بە زاماری بەردایە خوارەوە.
پەڕی ڕەشی کۆترەکان ئاوێتەی کلۆبەفرەکان بوون و شاریان بە ڕەنگی ڕەش و سپی و سوور داپۆشی!


بۆ سبەینێ گوێمان لە ڕادیۆی سولتانەکان بوو دەیگوت : چەکدارەکانمان بێ تاوانن ..لەبەرئەوەی لە کاتی فڕینی کۆترە ڕەشەکان بەفر باریوە و ڕەنگی کۆترەکان گۆڕاون!


هەرچەندە هەندێک کەس بەم پاساوەی سولتانەکان فریو دران ، کەچی لەبیریان چوو بوو کە کۆتر هەر کۆترە ئەگەر ڕەش بێت یان سپی!
 

ماڵپه‌ڕی جه‌لال قادر

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک