٥\١\٢٠١٧
کۆیە
لە رۆمانێکی (کارل مای)ی ئەڵمانیدا.

یاسین برایم
خوێندنەوەی رۆمان ھەم چێژبەخشە و ھەم زانیاری بەخش ، خوێنەر ئاشنا
دەبێت بە کولتور و ژیان و گوزەرانی ئەو کۆمەڵگایەی کە رۆمانەکەی تیدا
روویداوە . وەک چۆن لە ئاوێنەدا مرۆڤ خۆی بەجوانی دەبینێت ، ئەوھاش
رۆمان ئاوێنەیەکە بە ئاسانی لە رێگای ووردبونەوە و تێڕامان لە ڕوخسار و
کردەوە و ئاخاوتن و ھەڵوێستەکان یان خوێندنەوەی ناخی دەروونی
کارەکتەرەکان ، وێنەی ئەو جیھانە بدۆزیتەوە کەسەیری دەکەین . بەم
شێوەیە بۆئەم ژیانە و ئەم جیھانە جوانە ، لاپەڕێکی نوێ ھەڵبدەینەوە .
لە رێگای تێگەیشتنمان و دونیابینینی خۆمان ، ژیان و گوزەران وئاستی
رۆشنبیری و مەعریفی و پەروەردەی و سایکۆلۆژی و ئابووری و رامیاری و
ئاینی و کولتورو دابونەریتی ئەوکۆمەڵگایە ، شرۆڤە بکەین وبخەینە بەر
تیشکی لێکۆڵینەوە.
لەم نووسینەدا روو دەکەینە رۆمانێکی بێگانە(١) ، ئەویش رۆمانێکی
ئەڵمانییە لە نووسینی (کارل مایی)(*) . ئەم رۆمانە کەزیاتر لە سەدەیەک
بەر لە ئێستا نووسراوە وبۆ ئێمەی کورد، بایەخ و مێژووی خۆی ھەیە .
بەتایبەتی قسەکردن لە سەر شاری کۆیە . تێڕوانینی کەسێکی ئەڵمانی بۆ ئەم
شارەو باسکردنی لەرۆمانێک کە بە زمانێکی ئەوروپی نووسراوە ، بەھادارە.
ئەو کات لە ئەدەبی کوردیدا شتێک نەبووە بە ناوی رۆمانی کوردی ، یان پێش
ئەو مێژووە رۆمانی کوردی لە دایک نەبووە و لەلای ئێمە ھێشتا مێژووێکی
تازەیە. بۆیە ھەم بۆ کوردو ھەم بۆ شارە مێژووەکەی (کۆیە)سوود بەخش و
گرنگە . وەک چۆن حاجی قادری کۆیی لە شیعری(لە مەیدانی بەھارا)(٢)بە
جوانی باسی ئەم شارە دەکات و ھەروەھا لە شیعری (وەرە سەیری بزانە لاوی
کۆیی )(٣)و شانازی کردن بەلاوی شارەکە ونیشاندانی وێنەیەکی جوانی کۆیە
و مرۆڤەکانی. دەبینین لە رێگای شیعر ، خۆشەویستی شار دەکاتە
ملوانکەیەکی شانازی بۆ گەردەنی خەڵکی ئەم شارە. دەکرێ بە ھەمان شانازی
وگەورەیی حاجی بروانینە ئەم رۆمانە ، چونکە کارل مایی لە رێگای
رۆمانەکەی ، لایەنێکی مێژووی شارەکەی حاجیی بە خوێنەری ئەوروپی
ئاشناکردووە و باسی بۆ کردوون ، جا چۆن باسکراوە ئەمە شتێکی ترە. دەبێ
ددانیش بەو ڕاستییە بنێیین ، رۆمان بەرھەمی ھزر و خەیاڵە ودەکرێت شتی
ناڕاستیشی تیدابێت . ئەوەی لەو رۆمانەش باسکراوە لە شێوەی چیرۆکە نەک
گێڕانەوەی (بیرەوەریی و ژیاننامە )کە دوو بواری لێک جیاوازن.

(چوار تاقان)
کاروانسەرای کۆیە لە سەرەتای سەدەی بیست
لەم رۆمانە کارەکتەری سەرەکی(کارا بن نەمزی
ئەفەندی)یە. سەرگوشتەی ژیانی خۆی وەک زنجیرەیەک لە بیرەوەریەکانی خۆی
دەخاتە روو. دەچێتە (سودان) و لەوێ لە نێو گوندو دارستان و کۆخەکانی
دەم ڕووبار دەگەرێت. لە گەڵ ژیانی بازرگانی و کۆیلەکان ئاشنا دەبێت .
لە چەندین رووداوی سەیرو مەترسیدار و خوێناوی خێڵ و گوندەکانی
دەوروبەری ڕووباری نیل ، تووشی گرتن و لێدان و زیندان و شەڕکردن
وسەرکەوتن و دەربازبوون دەبێت . گرتن و بەندکردنی کۆیلەکان و
ئازاردانیان و دواتر فرۆشتنیان . گشت ئەم رووداوە قیزوەنانە، واقیعێکی
تاڵ و تراژیدیای ژیانی چەوسانەوەی مرۆڤی ھەژارو بێدەسھەڵاتەکانی
دەوروبەری ڕووباری نیل(وڵاتی سودان )دەخاتە روو ، کە لە ھەمان ژیان و
دۆزەخی حەرمسەراکانی سوڵتان و خەلیفەکانی عوسمانی دەچێت ، کە بە
درێژایی حوکمڕانی خۆیان جمەی دەھات لە کۆیلەومرۆڤە چەوساوەکان.
بەم شێوەیە (کارا)ی گەڕیدە ئەم دەڤەرە بە جێدێلێت و دوای کۆتایی ھێنان
بە سەفەرەکەی لە نێزیک ڕووباری نیل، لە رێگای وڵاتی تورکیا و ئێران
روودەکاتە کوردستان. ئەوی لەم نووسینەش دەمانەوێت قسەی لە سەر بکەین و
بۆ ئێمە جێگای بایەخە ، ئەو کاتەیە کە پێ دەنێتە سنووری وڵاتی کوردان.
ئەو ئەم شوێنە بەجێگای چەتەو دزیکردن دادەنێت بە تایبەتی شاری کۆیە.
ئەگەر چی خودی خۆشی لە نێو رێگری و فێڵبازی وکاری ناشیرین وئازاردانی
کۆیلە و مرۆڤە بێتاوانەکان رووی کردۆتە وڵاتی کوردان. وەک خۆی
دەڵێ"لوێرێ مە سنۆرێت ئێرانێ وتورکیا بڕین و ئەم ھاتینە دزیکەرترین
دەڤەر، کو باژێرۆکێ کۆییkhoiیە ."(٤).
گەیشتنە کۆیە وەک شارێکی ناسراو و مانەوەیان لەم شارە لە گەڵ (حاجی
خەلەف - خزمەتکاری پیاوە ئەڵمانیەکە). لە ماوەی پشوودانیان لەم شارە
کۆمەڵە رووداو وکاری خراپ وھەندێک ھەڵوێستی میواندۆستی و دزی و شەڕ و
ھەڵاتن و فێڵبازی و چەندین کاری ناوازەو نەخواستراو دێنە بەردەم ئەم
دوو میوانە بێگانەیە. ئێمە تیشک دەخەینە سەر چەند لایەنێک وقسەی لە سەر
دەکەین(باشی یان خراپی) ی ھەرکارێک لەم شارە و دەوروبەری روویدابێ
دەیگوازینەوە بەردیدەی خوێنەر ، لە دیدو بۆچوون وتێڕوانینی بۆ
رووداوەکانی خودی رۆمانەکە ، خوێندنەوە بۆ ئەوسای دابونەریت و ژیان
وگوزەرانی ئەو سەردەمەی کە لە نێو دەقەکە ئاماژەی بۆ کراوە ، یاخود
ئاوڕدانەوەیەک لە سەدەیەک بەر لە ئێستا کە رۆمانەکەی تیدا نووسراوە .
ھزر و کار وکردەوە سەیرو ناوازەکانی (کارا بن نەمزی) فەلەی خەڵکی
ئەڵمانیا باس دەکەین. لەنێو رۆمانەکە و لەسەر گێڕانەوەی بەسەرھاتی خودی
کارەکتەرەکە ، ئەم خاڵانە دەخەینە روو کە باس لە کوردو شاری کۆیە دەکات:
* لەکاتی گەیشتنیان بۆ شاری کۆیە ، ژن و پیاو وکچ و کوڕ و منداڵەکان
ھاتوونەتە دیار ئەسپەکەیان کە ئەسپی(بایی - ریع) یان پێوتووە . زین و
کەرستەی جوانی پێوە بووە ، کە لای ئەم خەڵکە دەگمەن بووە ، تا گەیشتۆتە
(خانەی کۆیە) سەیریان کردووە.
* خانەی کۆیە ، خاوەنەکەی ناوی(عەلی) بووە . ژنەکەشی لە گەڵ بووە ،
ھەردووکیان رێزێکی زۆریان لەم دوو میوانە بێگانەیە گرتووە ، ئامادەیان
دەربریووە بۆ ھەموو جۆرە خزمەتێک بۆ ئەوان و ئەسپەکانیان . ھەر لە سەر
ئەم خانییە زانیاریمان دەداتێ کە یەک قات بووە و ژوورەکانی بچووک و پیس
بووینە و زۆر گرنگی بە شوێنی وڵاغەکان نەدراوە ، ناوبڕیش ھەبووە لە نێو
ژوورەکان. خەڵکی جۆراوجۆریش روویان لەم خانەیە کردووە بۆ مانەوەیان.
* نرخی مانەوە لەم خانەیە بەم شێوەیە بووە (١) ژوور بە (١٠)قڕوش بووە .
ئەم دووانە بە خۆی و ئەسپەکانیان کە لای خۆیان ناوبڕیان بۆدروستکردووە
تا ئاگایان لێبێت ، یەک شەو بە (٢٠) قڕوش بووە ، خواردنیان لە سەر
خۆیان بووە . ئاماژەش بەوە کراوە ئەوان مریشکێکیان کڕیووە بە (٢) قڕوش.
* شاری کۆیە بە دەڤەری دزیکەر و بەبە(بابانیەکان) و (کەڵھورەکان)
بەچەتە دزیکەرو پیاوخراپ ناو دەبات ، ئەم رووداوانەی لەم شارە روودەدەن
بیروبۆچوون وقسەی فەلەکەیە ، واتە دیوێکی ناشیرینی کورد نیشان دەدات.
* لە رووی پۆشینی جلوبەرگەوە ، خاوەنی خانیی و ھەندێک میوان و کەسانی
تر جلوبەرگیان کۆن و دڕاو و بێسەرو بەر بووە ، کڵاو وکراس و شڕواڵەکان
لەو پەری خراپی بووە ، واتە ھی ئەوە نەبووە مرۆڤ لە بەری بکات .
ھەروەھا دەڵێت : کوردەکان خۆ ناشۆن و لە دوورەوە بۆنیان لێ دێت!.
* باس لە خواردنەوە دەکات ، دەڵێت یەکێک لە میوانەکان گۆزەیەکی مەی لە
پێش خۆی دانابوو ، تەنانەت (عەلی) سەرپەرشتیاری خانیەکە دەیخواردەوە و
سەرخۆش دەبوو ھەر ئەمەش وایکرد میوانێک (١٠) ھەزار قڕوش و ئەسپەکەی لێ
بدزیت . چونکە لە کاتی سەرخۆشیدا نھێنی شوێنی پارەکەی خۆی بۆ میوانەکە
ئاشکرا دەکات. کاتی ئێوارە کە بن نازل چوویتە دەرەوە عەلی بە سەرخۆشی
بینیووە"مە دیت کو عەلیێ خانچی و لگەل ھندەک جیرانا ، جارەکا دی یێت
ڤەدخۆن ئۆ وەکو بەرێ یێت سەرخۆش بوین."(٥). ئەم قسەیە ئەوەمان بۆ
دەسەلمێنێ مەی خواردنەوە بە کۆمەڵیش ئەنجام دراوە. واتە خواردنەوە
ئاسایی بووە.
* توندو تیژی بەرامبەر بە ژن دەبینرێ ، کاتێ دزەکە پارەی خانچیەکە
دەبات ، عەلی لە بەر چاوی خەڵکەوە لێدان لە ژنەکەی خۆی دەدا. ھەر ئەم
ژنە لە کاتی بردنی ئەسپی دوو میوانەکە دەست و پێی دەبەسترێت تا ھاوار
نەکات ، لێدانێکی زۆریان لێدابوو توانای ھەستان و دانیشتنی نەبوو. کەچی
لەلایەکی تر، ئەم ئافرەتە لە لایەن دوو بێگانەکە زۆر باشترو بەئاقڵتر
دادەندرێت لە مێردەکەی.
* لەم ماوەیەدا ، کە دزی لە خانچی دەکرێت کەسێک (١٠) ھەزار قڕوش لە
خانچیەکە دەبات و لە گەڵ ئەسپەکە ، ھەروەھا لە لایەن (شیر زامۆرک)
ھەردوو ئەسپی دوومیوانەکە دەدزێت وکاتێ بە فێلڕ ئاگر لە شوێنیک بەر
دەدەن بۆ ئەوەی خەڵک بە ھاواری ئاگرەکە بچن ، دوو میوانەکە بە پیر
ئاگرەکە دەچن ، دوای ھاتنەوە دزەکان کاری خۆیان کرد بوو.
* لە نیوەشەودا ھەر لەم خانەیە ، لە لایەن (سارا بن ئاقل) ھەولی کوشتنی
ئەم دوو میوانە دەدات ، بەڵام لە لایەن (بن کارا) پیلانەکە ئاشکرا
دەبێت . ئەو دوو میوانە لای ئەو میوانداریەکی باش دەکرێت و روویەکی باش
نیشان دەدات ، بەڵام لە شەودا ھەولی ئەوە دەدات ئەم دووانە بکوژێت ،
ھەم لە تۆڵەی ئەوەی پێشتر لە لایەن (خەلەف) لێدانی خواردبوو، لە لایەکی
تر دەیویست تۆڵەی خاڵەکەی خۆی بکاتەوە کە لای ئەم دووانە کوژرا بوو .
رق و تۆڵەکردنەوە لە دڵیدا پەنگی خواردبوبۆوە ، کەچی دواتر لە لایەن
فەلەوە دەبەخشرێت و ھیچی لێ ناکات لە ژێر ئەو پەیامەی کە لە ئاینی
ئەودا ، رۆحی تۆڵەکردنەوە نییە.
* ناوی کارکتەرەکان ئەوانەی لەم بەشە پەیوەندی بە کۆیەو کوردەکانەوە
ھەیە زۆر سەیرن و زیاتر بێگانەن ، وەک "کارا بن نەمزی - فەلەی ئەڵمانی
، ل١٤٦) ، خەلەف(حاجی خەلەف عومەر حاجی کوڕی حاجی ئەبو العباس کوڕی
حاجی داود الکوسارا ، ل١٤٧) وعەلی خانچی (کورد) ، ل١٤٧، سالی بن عاقل ،
ل١٦٦ ، بن ئاقل ، ل١٩٨ ، شیر زامۆرک ، ل١٩٢ ، شێخ ئەحمەد ئەسەد و ناێر
ھارەد - کوڕەکانی گازال گابوگا ، ل ١٩٣ و گازال گابوگا ، ل١٧٣....ھتد
".
* دانانی دەرمانخانەیەک لە لایەن کەسێکی شارەزای کەرکوکەوە(**) رووی
لەم شارە کردووە ھەر بەم پیشەیە بۆتە کەسێکی دەوڵەمەندو لە دەرەوەی شار
لە باخچەیەکی باش دەژێ.
لەم رۆمانە چەند سیفەتی ناشیرین دەبینین ، وەکو وڵاغ دزین ، پارە دزین
، گرتن ، کوشتن ، ئازاردانی یەکتر ، ململانێ و توندوتیژی ئاینی و
بێمتمانەی لای کەسەکان ، تووڕەبوون ، درۆکردن ، چەندین سیفەتی ناشیرین
و نەخوازراو رەنگی داوتەوە بە سەر ھەڵسوکەوت و کردەوەی کارەکتەرەکان.
بەھای ڕەوشت ومرۆڤبوون تێیدا لە ئاستێکی نزم دایە . (کارا) وەکو فێڵزان
و ئازا و رزگارکەر دەردەکەوێت و ھاوکاری چەوساوەکان وھەژارەکان دەکات و
لە ھەمانکاتدا لە ژێرچەتری ئاینەکەی خۆی پەیامی بەخشین و پاکبوونەوەو
ئەوین ودڵسۆزی و ھیوا دەکاتە دیاری بۆ بەرامبەرەکەی. لە دوای دزینی
ئەسپەکان بە زووترین کات (خەلەف و بن کارا) بە دوای دزەکان دەکەون و لە
باخچەی دەرمانفرۆشەکە دوو ئەسپ دەبەن و بە ھیوا و متمانەیەکی زۆرەوە
رێگا دەگرن تا لە ئەنجامدا دەگەنە شوێنێک کە چەتەکان دەبینن و ئەسپەکان
دەناسنەوە. لەوێش چیرۆکی ئاشکرابوونی ئەسپەکان و پارەی خانچی دەزانن کە
(سالی بن ئاقل ) و (ئاقل) لەلایەن چەتەکان گیراون . بریاڕیان لە سەر
ئەوە داوە بیکەنە خۆراکی ورچەکان کە دێرێک ھەیەو بەو ناوە و ورچی
تیدایە . بەڵام زیرەکی کارا و ئازایەتی ئەو جارێکی تر بە فریای ئەمانە
دەکەوێت وبە خۆی و خەلەف ورچەکان دەکوژن وئازادیان دەکەن و دواتر
سەرۆکی چەتەکان دەگرن ، ئەمەش دەکاتە مەرج تا پارەو ئەسپەکان
وەربگرێتەوە . بەم شێوەیە وەک پاڵەوانێک دەردەکەوێت و جارێکی تر لەم
کەسانە خۆشدەبێت وئەوانەی دزی و فێڵیان لێکردووە پەیامی ئەوین و
لێخۆشبوونی ئاینەکەی خۆی دەکاتە چەپکە گوڵێک ودڵسۆزی و وەفای خۆیان بۆ
دووباتدەکاتەوە، بە ئامۆژگاریی و لێبوردەیی خۆی دڵی دزەکان نەرم دەکات
، وایان لێ دەکات لەم کارە پەند وەربگرن وپەشیمان ببنەوەو جارێکی تر،
ئەم رێگا چەوت و مەترسیدار و ئابڕووبەرانە نەگرن . دوای ئەم رووداوە
دەگەرێتەوە کۆیەو پارەی دزراوەکە دەداتەوە خانچی و ئامۆژگاری دەکات
جارێکی تر نێزیکی مەیخواردنەوە نەکەوێـت و بەم شێوەیە ئاسوودەیی بۆعەلی
و خێزانەکەی دەگەرێتەوە.
لە ناوەڕۆکی رۆمانەکە ، چەندین چیرۆک و رووداو و شەڕو فێڵ و کارەچەوت و
ناشیرینەکانی مرۆڤ خراوەنەتە روو لەلایەن فەلەیەکی بێگانە . دەبینین
نیشاندانی دیوە جوانەکەی ئاینەکەی خۆی مانای ئەوە نییە ئاینەکانی ترئەم
دیوە جوانەیان نییە ، بە پێچەوانەوە گشت ئاینەکانی دونیا ھەڵگری پەیامی
جوانی وپاکی وڕاستی و خۆشەویستین . لەڕاستیدا ئەوا خودی مرۆڤەکانن ئەو
پەیامە جوانە ناشیریندەکەن . زێدەرۆیی و ناڕاستی لە ھەندێ بیروبۆچوون و
کاروکردەکانی نێو رۆمانەکە ، ئەوا بۆ ئەو بیرکردنەوە و ھەڵوێست و
کردەوە و جیھانبینی خودی کارەکتەری سەرەکیەکە دەگەرێتەوە. ھەر ئەم
باوەڕو متمانە بەخۆبوونەش وا لە کارا دەکات ، لە بەشی زۆری رێگاو پلانە
قورس و مەترسیدارەکان سەرکەوتن مسۆگەر بکات و کلیلی دەرگا داخراو و
پۆڵاینەکان لە لای ئەو بێت. ھەرچی بە خەیاڵی دابێت ، بە لێھاتووی
وژیرانە و سەرکەوتووانە بیکات. دوای گەڕانەوەشی بۆ سودان ، جارێکی تر
کۆمەڵێک چالاکی و شەڕو سەرکێشی وپلان و نەخشەی مەترسیدار بەسەرکەوتووی
ئەنجام دەدات. لە سەرکەوتنەکانی تاوانباروچەتە وبکوژە مەترسیدارەکان
بگرێت و لە ناویان ببات وژمارەیەکی زۆریش لە بەندە دیل و فرۆشراوەکان
ئازاد بکات. لە ئەنجامدا ، دەبێتە مرۆڤێکی ئازادکەر و رێنیشاندەر بۆ
ئەوانەی زوڵم و ستەمیان لە ھەمبەر کراوە وھاریکارییان دەکات . پاڵپشتی
تەواو لە دۆستەکانی خۆی دەکات ، وەک مرۆڤێکی چاکەخواز و تەوبەکار
نمونەیەکی جوان نیشانی دۆستانی خۆی دەدات. لەم سەفەرەدا بەشی ھەرە زۆری
ئەوانەی دەناسێت و دۆستی نێزیکی ئەون یەکتر بە جێدێڵن وھەرکەسی روو
دەکاتە وڵاتی خۆی و بەم شێوەیەش ئەم مرۆڤە دەگەرێتەوە ئەڵمانیا.
__________________________
پەراوێز و سەرچاوەکان:
*
کارل مایی لە ساڵی (١٨٤٢)لە نێزیک شاری دڕسدن لە دایک بووە، لە
ساڵی (١٩١٢) لە ھەمان شار کۆچی دوای کردووە.
سەرچاوە (دەما ئەز ل سودانێ و کوردستانێ بووم، ل٤٥٥).
** لەم رۆمانە بێجگە لە
کۆیە و کەرکوک، ناوی ڕواندز
و لاجانیش ھاتووە.
١. رۆمانی (دەما ئەز ل سودانێ و کوردستانێ بووم)، کارل مایی ، و:
لە ئەڵمانی حجی جحفر، چاپی یەکەم ، ھەولێر،
٢٠١١.
٢. دیوانی حاجی قادری کۆیی، سەردار حەمید میران و کەریم شارەزا، سنە،
٢٧٠٧. ل٢٠٩.
٣. سەرچاوەی پێشوو، ل٢١٤.
٤. دەما ئەز ل سودانێ و کوردستانێ بووم، ل١٤٣.
٥. سەرچاوەی پێشوو، ل١٥٤.
رواندز
ماڵپهڕی یاسین
برایم
|