په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٤\٣\٢٠١٤

کۆیلە-ژنانی سوپاسگوزار.


هەژێن


بەر لەوەی بەوە تاوانباربکرێم، کە من ناهۆشیاریی چەوساوان بە دیاریکراوی لەم پەیوەندەدا ژنان، بۆ باری تاکایەتی و ڕەگەزیی دەگێڕمەوە و سەرچاوە بنەڕەتییەکان و هۆکارە سەرەکییەکان نابینم، بەپێویستی دەزانم بڵێم، هیچ ناڕۆڕشنیم لەو بارەوە نییە، کە سەرچاوەی هەموو هەڵاواردنێک و هەموو ستەمێک هەبوونی چینی ناکۆک بە یەک و ناکۆکی و جەنگی ئەوان و بوونیان بۆ بوونی دارایی تایبەت و کاریکرێگرتە و سەروەریی هەندێک بەسەر هەندێکی دیکە دەگەڕێتەوە و دەبەنگکردنی تاکە ژێردەستەکان بە ئایدیۆلۆجییەکانی دەسەڵاتخوازیی و پێبەخشینی شوناسە دەستکردەکانیش هەر بۆ ڕاگرتنی ئەو کۆیلەتییەیە دەگەڕێتەوە، کە بەداخەوە زۆرێک بە سوپاسگوزارییەوە بە چنگ و ددان پارێزگاریی لێدەکەن و ئامادەی گیانبەخشینن لەپێناویدا.

بەڵام هیچ کات بوونی ستەم و هەڵاواردن و ژێردەستی ڕێگری هوشیاربوونەوە و دەرکردنی نالەبارییەکان نییە و هەر هەوڵێک بەوەی بڵێین، سەروەران و سەرمایەداری ناهێڵن ئێمە یا کەسانی دیکە هوشیاربینەوە و لە ڕێوشوێنی کۆمەڵایەتیمان وردبینەوە و شوناسی چینایەتیمان دەرکبکەین، پاساوێکە بۆ دەبەنگمانەوەمان و ڕەوایەتیدانە بە کۆیلەتی مرۆڤەکان، چونکە پاساودانی ناهوشیاریی، سەرەنجامەکەی مۆردانە لە هەمیشەییبوون و نەگۆڕبوونی و هاندان بۆ کولتووریبوون و مانەوەی ناهوشیاریی و کۆیلەتی، ئەوەش بێجگە لە خاترجەمکردنی مشەخۆران و سەروەران هیچیدیکە نییە و بەرھەمناھێنێت.

هەڵبەتە ئەوەش دەزانم، کە ئەو هەمووە پاساودانەی ناهوشیاریی و سوپاسگوزاریی کۆیلان، تەنیا بۆ مسۆگەرکردن و سەلماندنی پێویستی ڕۆڵی شوانەیی کەسانێکە، کە پاگەندەیی "پێشڕەوبوون" دەکەن، بە واتایەکی دیکە بۆ ئەوەی دەستەبژێرەکان پێداویستی شوانەیی خۆیان و ئاسمانییبوونی هۆش بسەلمێنن، پاساو بۆ مێگەلکردنی ژێردەستان دەهێننەوە و ئامانج لەوەش تەنیا ڕەوایەتیدانە بە سەروەریی چینایەتی و سەرەنجام دەتوانن بەوە پاگەندەی سەروەریی باشی خۆیان بکەن و لە گاڵتەجاریی هەڵبژاردنی پارلەمانیدا دەنگی ژێردەستان مسۆگەربکەن و لە کۆدەتا سەربازییەکاندا بەناوی شۆڕشەوە سەرکوتمان بکەن و لە ناکاممانەوەی ڕاپەڕینەوەکاندا جێگەی سەروەرانی ڕوخاو بگرنەوە و کۆمەڵگە لەسەر بنەمای "گوێڕایەڵیی پۆڵایین" ڕێکبخەن و هەر کەس سەرپێچی بکات، بەناوی دژەشۆڕشەوە گولەباران یا لە زیندان و ئوردووگەی کاری زۆرەملێدا بیپروکێنن و ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان و ڕاپەڕینەکان بە "مستی پۆڵایینی دیکتاتۆری دەوڵەت و پارت" دەمکوت بکەن.

هەندێک هاوڕێ و دۆستی ئازیز لەسەر بایکۆتکردنی ئاهەنگی ٨ی مارچ و نەفرەت لەو کارە، گلەییان لێکردووم. ڕاستییەکەی هەرچەندە هیچ گومانم لە دروستی هەڵوێستم نییە و بەوپەڕی بیرلێکردنەوەی دوو دەهەوە ئەو بڕیارەم داوە، بەڵام هەندێک لە ڕاستییە ئاوەژووکراوەکەش لەلای ئەوانە و پێشتریش ئەوەم دەزانی، هەر بۆیە دەهەیەک زیاترە بەو سەرەنجامە گەیشتووم، بۆ هۆشیاربوونەوەی مرۆڤی کۆیلە، ژێردەست، چەوساوە، هەڵاوێردراو، خۆشباوەڕ، پێویستە سەرکۆنەی خودی خۆی بکەین، نەک گلەیی و سەرکۆنەی چەوسێنەر و سەروەرەکەی . چونکە سەروەر و چەوسێنەر بەوپەڕی هوشیارییەوە ستەمدەکات، ئازادی کەسانی دیکە دەچەپێنیت، پیلاندەگێرێت، دەکوژێت، تیرۆردەکات، زیندان ئاوەداندەکاتەوە، تۆڕی مافیایی و بڵاوکردنەوەی بەنگکەرەکان دروسدەکات، دەیان کەناڵ و دەزگەی میدیایی بۆ دەبەنگکردنی تاکەکان قوتدەکاتەوە ...تد، بەڵام تاکی چەوساوە و ژێردەست، لە ناهوشیارییەوە دەنگ بە چەوسێنەرەکەی دەدات، لەسەر سەروەرمانەوەی چەوسێنەرەکەی سنگی ئەوانی دیکە هەڵدەدرێت، سەربازی دەکات، دەبێتە پۆلیس و ئاساییس و پاسەوانی زیندان و ئەشکەنجەدەر، دەڵاڵی بازار دەکات، بەکاربەر فریودەدات، پێداگری لەسەر ڕاستی درۆی ڕامیاران دەکات، سیخوڕی و هەواڵگریی لەسەر هاوکار و هاوسێ و هاوەڵی دەکات ..تد، کاتێکیش کە لە سەروەرەکەی نائومێددەبێت، دەست بە گلەیی و گریان دەکات، یا پەنا بۆ گۆشەی مزگەوت دەباتەوە یا گۆشەی مەیخانە دەگرێت، ئەگەر ئەم دووانە دەروونی شێواوی دانەمرکێننەوە، ئەوا پەنا بۆ خۆتەقاندنەوە و هیواداری بە پەری و مەی و هەنگوێنی بەهەشت دەباتەوە.

تازەترین بەڵگە و نموونە بۆ کۆیلانی سوپاسگوزار، ژنانن؛ ژنانێک کە لە ئاهەنگی پارتە ڕامیارییەکاندا بەشدارییانکردووە، زوو زوو یەخەی بەڕێوەبەرانی بەرنامەکانی ئاهەنگەکانیان گرتووە "کەی شایی و هەڵپەرکێکە دەستپێدەکات، ئێمە بۆ هەڵپەرکێ هاتووین نەک بۆ گوێگرتن و لێدانەوەی قەوانی ٨ی مارس ! ". من دەزانم هەندێک کەس بە درکاندنی ئەم شتانە و کردنیان بە بابەتی ڕۆژ ، توڕە و هەراسان دەبن، چونکە هەم کۆیلانی سوپاسگوزار بە پیادهەڵدان و دڵنەوایی ڕاهاتوون، هەم سەرمایەگوزارانی ڕامیار لەسەر تەختی ناهوشیاریی کۆیلانی سوپاسگوزار پاڵیان لێداوەتەوە و لە شێواندنی مێژوودا لاقیان لێڕاکێشاوە. بەڵام بە پێچەوانەی ڕاهاتن و خوبەیەکەوەگرتنی ئەوان [شوانە و مێگەل]، هیچ شتێک نییە، کە شیاوی یا لە دەرەوەی یاساکانی گۆرانی کۆمەڵایەتییدا بێت، تەنانەت خوودی ئەو دوو لایەنەش!

بەڵێ من دەزانم ئەگەر پیاوانی ڕابەریش ئاهەنگە پارتییەکان بۆ ژنانی سوپاسگوزار سازنەدەن، ئەوا ژنانی دەقگرتوو بە پشتیوانی ڕامیاران و پارتەکان بەخۆیان هەر هەمان کاردەکەن، ئیدی ئەوانی ڕامیار چۆن ئەو هەلە بۆ سەرمایەگوزاری ڕامیاریی ناقۆزنەوە، خۆ گیل نەبوون، ساڵان و مانگان، فەرماندەرانی پارت ڕۆژ دەژمرن "کەی ساڵیادەکان دێنەوە، کەی ژنێک دەخنکێنرێت و کەی ڕۆژنامەنووسێک تیرۆردەکرێت" تا سەرمایەگوزاری لەسەر بکەن، هەنووکە لەشکرێک کۆیلەی سوپاسگوزار هاتوونەتە خانەی پارت و لە ساڵیادی سووتانی ژنەکرێکارانی شیگاکۆ و خۆپیشاندانەکانی سەدەی نۆزدە لە ئەمەریکا بۆ کەمکردنەوەی ساتەکانی کار و کرێی یەکسان، ژنان بەخۆیان خوازیاری شایی و هەڵپەرکێن ، ئیدی ئەوان بۆ نەیکەن؟!

لەبەرئەوە من هەرگیز ڕێگە بەخۆم نادەم گلەیی لە بازرگان بکەم، کە کاڵای خراپ دەفرۆشیت یا خۆراکی ئێکسپایەر بە خەڵکی دەفرۆشیت، من سەرکۆنەی بەکاربەری نادەربەستدەکەم، من گلەیی لە ڕامیاران و سەرمایەگوزاریی پارتان ناکەم، بەڵکو سەرکۆنەی ئەندامانی خۆشباوەڕدەکەم، من گلەیی لە پیاوانی خۆ-بە -ژن-ڕزگارکەر ناکەم، بەڵکو سەرکۆنەی ژنانی دڵخۆش و ئاسوودە بە کۆیلەتی دەکەم.

نموونەیەکی شۆکێنەر، کاتێک کە لە پارلەمانی هەرێمی کوردستان و ‌عیراقدا قسەکەرانی دێمۆکراسییەکەی ئەمەریکا؛ ژنان لە پێش مەلا و سەرۆکخێڵ و پیاوانی هەوسبازەوە دەنگیان بە یاسای چەند ژنە دا، هەر ئەو کات گوتم " لەبەرئەوەی کە، بە لاف و گەزافی چەپ، ئەوەندە کۆمەڵگەی هەرێم کرابوو بە کۆمەڵگەیەکی سکیولار، چاوەرێمدەکرد بۆ ڕۆژی دوایی لە هەموو گوند و شارێکەوە لەشکری ژنانی ناڕازی و ئازادئەندێش و یاخی بەرەو هەولێری پایتەخت بەرێبکەون و وەک ژنە یاخییەکانی ئەفریکا، تەلاری پارلەمان و کاناڵەکانی ڕاگەیاندن داگیربکەن و ئاگر لە هەموو کاخەزێکی ڕەشکراوە بەردەن"، بەڵام بەداخەوە ئەوان نەک هەر پاگەندە بێبنەماکانی چەپیان بەدرۆخستەوە، بەڵکو منیشیان لە ڕوودانی ئەو خەونە نائومێدکرد و منیان گەیاندە ئەو بڕوایەی، کە ئەگەر پارلەمانتارەکانی پارلەمانی هەرێم بڕیاری قەدەخەکردنی زێڕ و میکیاج و کەوشی پاژنە بزمارییان بدایە، ئەگەر بڕیاری نەهێشتنی مارەیی و پێشەکی ڕابواردنەکان و گواستنەوەی بووک وەک گیراوی جەنگە خێڵەکییەکان بۆ ماڵی زاوای سەرکەوتوویان بدایە، بەدڵنیاییەوە کۆیلە-ژنانی سوپاسگوزار ئاژاوەیەکیان بەرپادەکرد، هەرگیزاو هەرگیز دانەدەمرکاوە.

لە پیاوانی فێمینیست تکادەکەم، پێش ئەوەی تووڕەببن و پێچاوپێچ من تۆمەتباربکەن و پاساوی کەچبینینەکان بەوە بدەنەوە و حاڵی تەنک/ڕواڵەتئەندێشی بیانگرێت، با ئەم دەستەواژەیەش بخوێننەوە " پێڵاوی زێڕ بازاڕی گەرمە " و سەرنجێکی ئەم وێنانەش بدەن، کە لە کۆتاییدا بەستەریانم داناوە !ڕاستە کەمینەیەکی زۆر کەم لە ژنان دەتوانن لەم پووچگەرایی و وێرانبوونە بەهرەمەندبن، بەڵام زۆرینەی ژنی کورد شانازییان بۆ بڕی ئاڵتوون و دەوڵەمەندیی باوان و بوونی ئۆتۆمەبێل و تەلاری بەرز دەگەڕێتەوە و وەک پلەیەکی بەرز بۆ خۆنواندن بەرامبەر ژنانی دیکە بەکاریدەبەن. هەر کەس ئەم بۆچوونە بە ناڕەوا دەزانێت، با بە ئامارگیرییەک لەسەر بنەمای ڕاپرسی لە خودی ژنان، ڕێژەی ئەو ژنانە بدۆزێتەوە، کە خەونی ئاوا فیر‌عەونانەییان نییە !
_________________________________
پەراوێز:
تکایە بۆ بینینی وێنەکان، سەردانی ئەم بەستەرانە بکەن:
ڕۆژی پۆشاکی کوردی و میدیا زێڕنگەر/ زێرفرۆش، ئاوا دەیگۆڕێ.
https://fbcdn-sphotos-h-a.akamaihd.net/hphotos-ak-frc1/t1/1979593_599589003459616_758734896_n.jpg
کەوشی زێڕین بازاری گەرمە، چەند-ژنە نوێنی نەرمە.
http://baharikurd.com/eg-ku/1773-hawler-zer-dakreta-qondara.html

 

١٠\٣\٢٠١٤

ماڵپه‌ڕی هه‌ژێن

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک