په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\١٠\٢٠١٦

کۆیلەی نێو قەفەز.

 

پشکۆ ئەمین      

 

پێشکەشە بە هەموو ئەوانەی کە پێیانوایە چارەسەری کێشەی کورد لە بەغدایە و گەڕانەوە بۆ بەغدای ئەنفال بە چارەسەر دەزانن بۆ کێشەکان!


دەڵێن کابرایەک کەوێکی هەبوو، کە لە قەفەزدا لەدایکبو بوو، وەک چۆن باوک وباپیریشی هەر لەو قەفەزدا لەدایک بوون! کەو دەنگێکی زۆر خۆشی پێوەبوو، کە دەیخویند هەرچی نێرەکەو ماکەو هەیە شەیدای دەنگی دەبوون و دەهاتنە لای، گوییان لێدەگرت، خاوەنکەویش راوی هەمووانی دەکرد! کەوە ئازا، دڕ، دەنووک بازبوو، هیچ کەوێک نەیدەتوانی لە شەردا خۆی لە بردەم دەنوکویدا راگرێت! دەنوکەکانی وەک شمشێرەکەی کابرا بە خوین سوربوون! کەوی نێو قەفەز هەر دەیخوێند، هەندێک جاریش سۆزێکی خۆشەویستی بۆ لووتکەی کەژ و نزار دەردەبری، بیری لە قەندیل و پیرەمەگرون و کاروخ و هەندرین دەکردەوە! بە دەنگێکی بەسۆز بۆیان دەگریا!

 

ساڵ هات و چوو، قەفەز کۆن بوو! داروپەردوی بەسەریەکدا درا، خاوەن قەفەزیش پیربوو، تا قەت وتوانای راوی نەبوو خوا خوای بوو خۆی راو نەکەن! کە گویی لە خویندنی کەو دەبوو هیندەیتر تووڕە دەبوو! بەتایبەتی ئەو جارانەی کە کەو بە دەنگە بە سۆزەکەی بۆ زنار و دۆڵ و کێوەکانی وڵاتەکەی دەیخوێند و ئاخی بۆ هەڵدەکێشاو بیری دەکردن، ئارەزوی بەفرو چینەی نێو گڵ و تاڵیشکی لاشانی شاخی هەزار بە هەزاری دەکرد! بۆیە خاوەن قەفەز رۆژێک کە زۆر بێتاقەت بوو دەرگای قەفەزی بۆ کەوە کردەوە وتی برۆ لە بەرچاوم ونبە، ئیتر نەتبینمەوە، نامەوێێت و توانای راگرتنی تۆم نەماوە، برۆ، برۆرەوە بۆ کێوەکان بۆ مەڵبەند و کویستانەکەت، کەوە کە دەرگای کراوەی بینی، بیری لە داکەندنی کۆت و بەندی کۆیلەیی کردەوە! بیری لە شاخ و هەوای سازگار و سروشتی جوان و پاکی وڵاتەکەی کردەوە! تفێکی لە قەفەز کرد! سەیرێکی خاوەن و قەفەزەکەیکرد! چەند جارێک بە دەوری قەفەزدا هات و چوو، باڵەکانی فشکردەوە، فڕییە سەر دارخورمای نێو ماڵەکە قێزی لێدەکردەوە، حەزی لە چینەی بندار بەڕوو و مازوو بوو، کابرا پێیوت برۆ ئیتر نەتبینمەوە، کەوە دای لە شەقەی باڵ و فڕی.

 

کەوە رۆژی دایە دەم شەو، برسیەتی و ماندوبونی نەدەزانی، هەر دەفری تا سنووری دەسکردی بڕ! تا گەیشتە وڵاتی شیرین! لووتکەی کێوی لێوە دەرکەوت !لە خۆشیان خەریک بوو شا گەشکەبێت، لە دڵی خۆیدا وتی، ئەمە مەڵبەندی خۆشییە، ئەمە ئارامەگەی شادییە، لە یەکەم نزاردا خۆی گەیاندە کانیەک تێر ئاوی سازگاری وڵاتەکەی خواردەوە بۆنێکی خاکی کرد، لە خۆلەکەدا کەمێک چینەی کرد! پر بە هەناسەکانی هەوای ئازادیی هەڵمژی، ئینجا فڕی بۆ سەر لووتکەی هەزار بە هەزار دۆڵ و پێدەشتی تەیکرد، لەم شاخ بۆ ئەو کێو و لەم دۆل بۆ ئەو دۆل، زنار نەما سەری پێدا نەکا! هەموی گەڕا تا ماندوو بوو! ئینجا بیرێکی لە پیرە قەفەزکردەوە، لە خاڵە باوکەی خاوەنی، ئینجا وتی، چیم بە خۆم کرد! نێو قەفەزەکەم زۆر خۆشتربوو نە سەرمام بوو نەبرسی! بریاریدا بڕواتەوە بۆ لای خاوەن قەفەز، کەو هەڵفری تا گەیشتەوە وڵاتی ئەنفال، بۆ ماڵەکەی خاوەن قەفەزی شمشیر بەدەست! نزیک قەفەز بووەوە تەماشای کرد دەرگای قەفەز داخرابوو، بە دەنووک کەوتە لێدانی دەرگا! هاوری دەکرد دەرگای قەفەزم بۆ بکەرەوە من بێ قەفەز ناتوانم بژیم! من لە قەفەزدا لەدایکبووم، بۆیە دەبێت هەر لە قەفەزیشدا بمرم!
 

 

pshko.Amin@hotmail.de

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک