په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

کوچک لە ئاگر گەرمترە!


ئیبراهیم بالیسانى


ناونیشانى ئەم بابەتە پەندێکى کۆنى کوردییە، بەو مانایەى هەرگیز نابێ ئەو سێکوچکەیەى کەدەخرێتە سەر ئاگردان لەئاگرەکە گەرمتربێ، یا ئەو دارەى کە نیوەى سوتاوەو نیوەکەیترى لەدەرەوەی ئاگرەکەیە گەرمتربێ. بەسودوەرگرتن لە جوانى وحیکمەتى ئەو پەندە زۆرجار لەئاست کێشە کۆمەلایەتى وکلتورى وسیاسیى تاکى کورد سود لەو پەندە وەردەگرێ وبەکاریدەهێنێ بۆ دەرخستنى لایەنى بێتاوان وتاوانبار، بۆ ئاشکراکردنى لایەنى راستگۆو ناڕاست و....تاد، کاتێکیش لایەنى تاوانبار یا ناراست یا ناتەڕەفدار خۆى لەئاست ئاریشەو گرفتەکانى ئەموئەودا خۆى دەکات بە کەڵەگاو خاوەن کێشە بەمەبەستى ئەوەى گرفتەکان زیاتر قوڵبنەوەو چارەسەرکردنەکە ئاڵۆزتربێ! لەو ئانەدا خاوەن کێشەو کەسى تەڕەفدارى راستەقینە بەتوندى دەکەوێتە رەخنەگرتن وسەرزەنشتکردنى ئەوکەسانەى کەدەیانەوێ کێشەکە ئاڵۆزتر بکەن و فەوزا بنێنەوە!! دواى هەموو قسەیەک ودەربڕینى بۆچونەکانى لەئاست ئەم کێشەیەدا بەکەسى خولقێنەرى گرفتەکە دەڵێ: دیارە کوچک لەئاگرگەرمترە . واتا ناکرێ ونابێ تۆ لەمنێکى خاوەن کێشە دڵسۆزترو بەپەرۆشتربیت، بۆیە ئاوا بەتوندى وحەماسى خۆ لەکێشەکە هەڵدەقورتێنى و بەنزینى زیاتر بەئاگرەکەدا دەکا!! ئەو جۆرەکەسانەش ئامانجیان لەوەدا تەنیا گەیشتنە بەسودى تایبەتى خۆیان و خوڵقاندنى فیتنەو دووبەرەکى و ئاژاوەنانەوەیە! وە دروستکردنى کەشێکى نائارام و ئاڵۆزە بۆ ئەوەى بتوانن لەناو ئاوى ڵێڵدا بەئارەزووى خۆیان مەلەوانى بکەن و بکەونە کۆکردنەوەى دەسکەوتى ماددى و معنەوى کەبەهۆى دروستبونى ئەو کێشەیەوە دێنەبوون!


بێگومان بوونى کەسى ئاژاوەگێرو نەرجەسیەت لەهەموو سەردەم و رۆژگارێکدا لەناو کۆمەڵگا جیاجیاکاندا هەن. لەزۆر کاتیشدا هەندێ کێشەى بچوک وسادە بەهۆى دەستوەردانى کەسانى فیتنەچى لەو جۆرانە کێشەو کارەساتى گەورەى لێکەوتۆتەوە ! شەڕى ناوخۆ لەسەر کێشەیەکى زۆربچوکى کۆمەڵایەتیەوە دروست بوو و هەڵگیرسا! ئەگەر کەسانى دوور لە کێشەکە نەچوبنایە نێو کێشەکەو خۆیان نەکردبا بە خاوەنى کێشە راستەقینەکە رەنگە ئەو ئاگرە ئاوا تەشەنەى نەکردبایەو ئەو هەموو خوێنەش نەڕژابایە.


هەنوکە لەناو یەکێتى دا گرفتێکى ناوخۆیى دروست بووە، ئەو گرفتە وایکردوە سەرتاپاى جەستەى یەکێتى بەهۆیەوە بەئازاربێ ! هەموو یەکێتییە راستەقینەکان بەهۆى کێشەکانى ناوخۆوە بەئازارن و نایانەوێ یەکێتى بەرەو لاوازبون بچێ ، رەنگە هەشبن بۆ بەرژەوەندى و چوونە پێشى خۆیان باکیان بەو لاوازبونە نەبێ! بەڵام لەتەک یەکێتییە راستەقینەکاندا کەسانیتریش هەن خۆیان بەیەکێتى دەزانن ودەیانەوێ وانیشانبدەن کەئەوانیش بەئازارن وفرمێسک بۆ ئەو کەشەى ناو یەکێتى دەبارێنن! بەلام لەراستیدا ئەوان جۆرە کەسانە تەنیا لەرووکەشدا یەکێتین! ئەگینا لەناخدا نەیارى سەرسەختى یەکێتین و دەیانەوێ یەکێتى پارچەپارچە بێ و یەکێتییە راستەقینەکان وەکو ئاردى ناو دڕکیان لێبێ !!


لەوەتەى دەستکراوە بەهەڵمەتى نوسین و دیدار، وەک بانگەشەیەک بۆ هەڵبژاردنى داهاتوو تێبینیم کردوە هەندێ کەس بەناوى نوسەرو رۆژنامەنووس و توێژەرەوان و....ئەوانیدى، ئەوان کەسانە هەرچەندە چەپ وراست نازانن و بەربەیار ملیان لێناوەو بەئارەزوى خۆیان تیرو پلار لەموئەو دەدەن و بەوهۆیەوە کەوتونەتە شایڵۆغان وتەپڵى سەرکەوتن لێدەدەن! ئەگەر ئەو بەرنامەیەى کەئەو جۆرە کەسانە گرتویانەتە بەر کەسى هەڵقوڵاوى ناو یەکێتى وپەروەردەى ناو کلتورو رێبازى یەکێتی بان ، رەنگە ئاسایى بوایە. بەڵام ئەو جۆرە کەسانە هەمووى چۆخینێکە روویان بۆ یەکێتى وەرگێراوەو ئەگەر خوانەخواستە جارێکیتر یەکێتى ئاوارەى سەرسنورەکان بێتەوە ، ئەو نوسەرە عەبقەریانە بستێک لەجادەى قیر دوورناکەونەوە! ناشیانەوێ پێیان بوترێ ئێوە یەکێتین!!


بەر لەسالێ نەوەدو شەش چەندین کەس ونوسەرى لەوجۆرە لەناو یەکێتى بونیان هەبوو، بەڵام کاتێک یەکێتى لەخەباتى شار دوورکەوتەوە ، ئەو سودمەندانە بۆ بەرژەوەندى خۆیان کەوتنە بەردهاویشتن لەیەکێتى !! کورد گوتەنى ئەوەى ئاو لەکانیک بخواتەوە بەرد ناخاتە نێویەوە.بەڵام ئەو کەسانە نەک هەر بەردیان خستە ناو کانیەکە ، بەڵکو هانى خەڵکیشیاندا وەک ئەوان بەرد بخەنە نێو کانیەکە!!


ئێستا لەو ئانوساتەى ناو یەکێتیدا هەندێ کەسى نەناسراو و نەدیتەو ناشارەزا لە مێژوو و خەباتى دوورو درێژى یەکێتى بۆ بەرژەوەندى خۆیان بونەتە ریشسپى و نمایدەو چاوساغ بۆ وەڵامدانەوەو بەرگریکردن لەیەکێتى!! ئەو جۆرە کەسانە بەهۆى زۆڵى و بیژیەتى خۆیان وایانکردوە هیچ دەرفەتێک نەهێڵدرێ بۆ ئەوەى کەسە راستەقینەکانى ناو یەکێتى لەئاست رووداوەکانى ئێستادا پەیڤ و بۆچوونى خۆیان دەرببڕن و بنوسن! چونکە ئێمەمانان وەک ئەوان بەوشێوە بازاڕییە نانوسین و نایەینە دەنگ.


نوسین و خۆهەڵقورتاندنى ئەو کەسانە ماناى ئەوە نیە، کە ئەو کەسانە لە ئێمەمان یەکێتی ترن! بەڵام ئەوەى بەوان دەکرێ رەنگە ئێمە نەتوانین بیکەین! چونکە ئەوان کەسانە پەروەردەى کلتورو بەرنامەى دەرەوەى یەکێتین و ئێمەش خنکاویى ناو ئەو کەلتورەین. کەچى بەداخەوە لەنێوانى ئەوان ئێمەدا کێرڤى گوێلێگرتن وچوونە پێش وسوودمەندبون بۆ ئەوانەى کەلەکاتى هەبوونى یەکێتى یەکێتین، بەرزترە لەوانەى کە هەمیشە لەگەڵ یەکێتین و لەپێناوى یەکێتى ئامادەن گیان و ژیانى خۆیان بکەنە قوربانى ئەو رێبازە! هەر لەبەرئەوەشە دەڵێین: کوچک لەئاگر گەرمترە. بەڵام بێگومان هەرگیز نەبوەو نابێ کوچک لەئاگر گەرمتر بێ.

 


Info_balisani@yahoo.com