١٢\٧\٢٠١١
کوژانەوەی
چەخماخەی راپەڕینی
حهڤدهی شوبات و هۆکارەکانی!

کازم
قادر
پێشەکیی.
لەم پێشەکییەدا بە پێویستی دەزانم لەسەر ئەوە ڕاوەستم کە ئایە ئەوەی لە
١٧ی شوبات و دواتردا ڕوویدا (واتە دوو مانگ لە بێوێنەترین تێکۆشان و
قوربانییدان و ململانێی کۆمەڵایەتیی جەماوەرو دەسەڵات)چ بوو؟ئایە
سەرەتای چەخماخەی ڕاپەڕین و شۆڕش بوو؟یان ئەو پێناسە ترسنۆکانە باوە
بوو کە بەخۆپیشاندان ناسێنرا؟ چونکە بەبێ خەسڵەتی ڕووداوەکە_هەر
ڕووداوێک_هەر قسەکردن و هەڵسەنگاندنێک دەبێتە گەڕەلاوژەو کاوێژکردن.
لەوانەیە لێرەدا ئەو پرسیارە بێتەپێشەوە کە چۆن خۆپیشاندان و ڕاپەڕین و
شۆڕش لێکجیابکەینەوە؟ئەوەش کە ناچارمان دەکات ئەو پرسیارە سادەیە بکەین،
ڕوداوی کێشەئامێزی_یان بە کێشەکراوی ١٧ی شوباتە،ئەگینا جیاکردنەوەی ئەو
دوو بابەتە وخەسڵەتەکانیان کارێکی هێند قورس نییە.سەبارەت ناسینی
خەسڵەت و ئامانجەکانی خۆپیشاندان ڕام وایە ڕووبەڕووی گرفتی گەورە
نابینەوە،چونکە ئاسان دەتوانین بزانین ئامانجەکانی خۆپیشاندان
چین،دەکرێت کۆمەڵێک داواکاریی ئابوریی،سیاسیی و فەرهەنگیی و زۆر
شتیتربن.واتە ئامانج و داخوازییەکانی خۆپیشاندان هەرشتێکبن هەم
دیاریکراون و هەمیش ئامانجی ڕوخاندنی دەسەڵاتی نییە.بەکورتیی دۆخی
کۆمەڵایەتییانەی خۆپیشاندان شۆڕشگێڕانە نییە،هەروەها دۆخی سایکۆلۆژیی
کۆمەڵایەتییش ناشۆڕشگێڕەو هەر بەو پێوەرەش داواکارییەکان سادەو
ڕووکەشیین.بەڵام ئەوەی کە بە ڕووداوی ١٧ی شوبات و دوو مانگی دواتر
دەگەڕێتەوە بابەتێکی زۆر گرفتئامێزو هەستیارە، چوونکە فەزایێکی
کۆمەڵایەتیی شۆڕشگێڕانە کە ڕووداوی ١٧ی شوبات خولقاندی،هاوارێک کە لە
گەرووی سەراکانی ئازادییەوە بەرز دەبووەوە،هاوارێک نەبوو گەمژانەو بەبێ
بیرکردنەوە بتوانین ناوی خۆپیشاندانی لێبنێن(وەک گەمژانە ناوی
خۆپیشاندانی لێنرا).بەبۆچوونم ئەم لایەنە،واتە هێنانەخوارەوەی بروسکەی
ڕاپەڕین و شۆڕش بۆ ئاستی خۆپیشاندان کارەسات و بێنرخییەکی گەورە بوو بە
ڕاپەڕین و مێژوو،ئەوەش کە ئەو کارەسات و بێنرخییە لە کوێوە هاتووەو
زەمینەو ڕیشەکانی لەچیدایە،خاڵە لاوازەکانی،هەروەها ئەوە کە
بۆچی(ئۆپۆزیسێون)و (ڕوناکبیرە)گەمژەکان لە یەک بەرەداو لە میدیای
چەواشەکاردا بۆ یەک جاریش ڕاپەڕینی ١٧ی شوباتیان بە ڕاپەڕین نێوزەد
نەکرد،لە درێژەی ئەم باسەدا وەڵام وەردەگرێتەوە.بەڵام لێرەداو بەکورتیی
بەدوای ئەوەوەم کە ئەو گەمژەیی و بێنرخییە بە ڕاپەڕین کرا پوچەڵ
بکەمەوەو هەروەها ڕاپەڕین و شۆڕشێک کە دەستی پێکردبوو،بەرەو سەلماندن
بەرم و خەسڵەتەکانی دەستنیشان بکەم.ئەوەش کە ئەم نوسینە ناچار دەکات
وێنەیێک لە سیماو خەسڵەتەکانی ڕاپەڕین و شۆڕش بەدەستەوە بدات(ڕاپەڕینی
١٧ی شوبات)،ئەو ڕوانگە نادروستە باوە بوو بۆ چەخماخەی ڕاپەڕینی ١٧ی
شوبات وەک پێشتر ئاماژەم پێدا کە بە خۆپیشاندان ناسێندرا،ئەگینا بۆ
ئەوەی ڕاپەڕین و شۆڕشەکان بناسین پێویستمان بە حیکایەتی شیرین و فەرهاد
نییە.
بەبۆچوونم یەکێک لە خەسڵەتەکانی ڕاپەڕین و شۆڕش نەفرەتێکی کۆمەڵایەتیی
گەورەیە لە سیستەمی حوکمرانیی کە ئەو نەفرەتە خۆی دەکێشێتە پای ڕاماڵین
و ڕوخاندنی دەسەڵات،ویست و خواستێکی بەرجەستەی کۆمەڵایەتییە،گەشەی
هۆشیارییەکی چۆنییە کە لەسەر بنەمای ستەم و زۆرداریی و نابەرابەریی ئەو
دەسەڵاتە دروست بووە.لەوانەش گرنگتر فەزای شۆڕشگێڕانەیە کە کۆمەڵگە بە
خواست و خەون و ئومێدی فەرە ڕەنگەوە چاوی بڕیوەتە سەروژێرکردنی تەختی
دەسەلات.واتە لە هەر شوێنێک کۆمەڵگە خرۆشاو پراکتیکی شۆڕشگێڕانە بوو بە
خەسڵەتی هاتنەمەیدان و ئەو پراکتیکە لە دەوری ڕوخاندنی دەسەلات تەوەرەی
بەست،دەتوانین هەست بە بوونی ڕاپەڕین و شۆڕش بکەین و دەست لە جەستەی
شۆڕش بدەین.هەروەها لەم پەیوەندەدا خاڵی گرنگیتر دیتن و هەست پێکردنی
ئەو کۆدەنگییە کۆمەڵایەتییەیە لە دەوری ئاسۆیێکیتر،دیتنی ئەو لێکدان و
بەریەککەوتنە کولتوریی و جیهانبینییە جیاوازەیە لەگەڵ دەسەڵات و
سیستەمی حوکمڕانیی،بە کورتیی ساتی شۆڕشەکان و فەزای کۆمەڵایەتییانەی
شۆڕشەکان فەزایەکی تەم و مژاویی نییە تا بە گەردیلەبین بۆی
بگەڕێین،بەڵکو دۆخێکی دەستلێدراوە،هەموان دەستی لێدەدەن و هەستی
پێدەکەن.لێرەوە بەبۆچوونم ئەوەی کە ڕاپەڕینی ١٧ شوبات بە خۆپیشاندان
شوناسکرا،جگەلەوەی ناواقیعی و سەری لە گەمژەییدایە،بەو دیویشدا
نابیناییە لە ئاست ئەو دۆخە شۆڕشگێڕانەدا کە لایێک ناوچەکەی نوقمی خۆی
کردبوو و لایێکیش ڕاپەڕینی ١٧ی شوباتی بە دوای خۆیدا هێنا.بەڵام ئەوە
کە ڕاپەڕین تا ئاستی خۆپیشاندان هێنرایە خوارەوە هۆکارگەلێکی بابەتیی
خۆی هەیە،هەروەها خاڵیکی گرنگیتر پێویستە ئاماژەی پێبدەم ئەویە:کە
ڕاپەڕینی ١٧ی شوباتی خەڵکی کوردستان خاڵی زۆر لاوازو گەورەی هەبوو کە
ئەم نوسینە لە درێژەی خۆیدا وەڵامی پێدەداتەوە.ڕاپەڕین وەک کۆرپەیەکی
ناوەخت لە دایک بوو،ناوەخت نەک لە ڕووی کاتەوەو بە سەقەتیی، بەڵکو بەو
واتایە کە چارەنوسی درایە دەست مامانێکی درۆزن،ساختەچیی و سیحرناز،واتە
(ئۆپۆزیسێون و ڕوناکبیرە سیحربازەکانی)!
ئێستا ئیتر ڕاپەڕین شکستی خواردو خەڵک لە ماڵەوەیە،بە پێچەوانەی ئەو
درۆو چەواشەکارییانە کە بڕێک لە ڕۆژنامەو ماڵپەڕی بەناو ئازادو ئەهلیی
درۆزن(هاوڵاتی،لڤین و ئەوانیتر)بڵاوی دەکەنەوە کە گوایە خۆپیشاندان
دەست پێدەکاتەوە،ئەم دەورانە هیچ شتێک لە گۆڕێ نییە.ئەگەر نەبێتە
فاڵگرتنەوە،بەبۆچوونم لە ساڵێک تا پێنج ساڵیتر ڕاپەڕین دەست
پێناکاتەوە،تەنانەت خۆپیشاندانیش بە ئاسانی ناکرێت،مەگەر ئەوەی ڕوداوی
گەورە لە ناوچەکەدا ڕوو بدات،وەک سەرکەوتنی شۆڕش لە سوریا،سەرهەڵدانی
شۆڕش لە ئێرانداو سەرکەوتنی دەتوانێت ڕەوتی ڕاپەڕین لە کوردستان خێراتر
بکاتەوە.بەڵام ئەمە(شکستی شۆڕش)بڕگەیێکی بێڕادە هەستیارە کە بە داخەوە
کۆمەڵگەی کوردستان لە ترسناکیی و ئاکامەکەی بێئاگەیە.چوونکە کاتێک
ڕاپەڕین شکست دەهێنێت پرۆسەی سەرکوت و کوشتارو تێرۆرو تۆقاندان دەست
پێدەکات(هەروەک چۆن لە یەکەم ڕۆژی شکستەکەوە سەرەتای بەربەرێت دەستی
پێکرد).هەر بەو پێوەرەش فەزای دوای هەرەس فەزایێکی ترسناک و خوێناوی
دەبێت،بانگەشەی چاکسازیی لە لایێن دەسەلاتەوە لە درۆیێک زیاتر نییە،ئەو
شمشێری خۆی هەڵکێشاوە،ئەوەیە حەقیقەت!
خاڵە لاوازەکانی ڕاپەڕین، یەکەم:
بزوتنەوەی گۆڕان مۆتەکە گەورەکە.
بۆ ئەوەی درۆ لەگەڵ مێژوودا نەکەین،پێویستە ئەوە بەبیر بهێنینەوە کە
بەجۆرێک لەجۆرەکان بزوتنەوەی گۆران دەستی لە خوڵقاندنی ئەو دۆخەدا
هەبوو.واتە بەهۆی بارودۆخێکی شۆڕشگێڕانە کە ناوچەکەی گرتبووەوە،ئەو
بزوتنەوەیە توانی بە بەیاننامەیێک کە لە 29.01.2011 ڕووبەڕووی دەسەڵاتی
کردەوە،هەروەها بەکەڵک وەرگرتن لە نەفرەتێکی کۆمەڵایەتیی لەبەرامبەر
دەسەڵاتی گەندەڵ و تاوانکاری پارتیی و یەکێتییدا،دۆخی سیاسیی و
کۆمەڵایەتیی ئاڵۆز بکات و قەیرانێکی سیاسیی و ئیداریی کە ئەو دەسەڵاتە
گیرۆدەی ببوو،قوڵترو قوڵتر بکاتەوە.بەڵام ئەوەی گۆڕان بە دوایەوە بوو
جۆشدانی کورەی ناڕەزایەتیی و نەفرەتی جەماوەر نەبوو بە ئاراستەی
ڕاپەڕین و ڕاماڵینی دەسەڵات، چونکە تایبەتمەندیی بزوتنەوەی
گۆڕان،فەرهەنگ و ڕێبازی سیاسیی ئەو بزوتنەوەیە نەک شۆڕشگێڕانە نییە
بەڵکو کۆنەپەرست،هەلپەرست و ساختەبازە.چوونکە بەجیا لەوە کە پێکهاتە
سەرەکیی و باڵادەستەکەی ئەو بزوتنەوەیە باڵێکی جیابووەوەی ناو
یەکێتییە_یەکێتیی وەک ڕێکخراوێکی مێژوو ڕەش ،سەرکوتگەرو دژەئازادیی،سات
و سەوداگەر بە خوێنی خەڵکەوە کە ئەمانیش بەشێکن لێی_پێگەی چینایەتیی
ئەو بزوتنەوەیە لەگەڵ هەر خەسڵەتێکی شۆڕشگێڕانە ناتەباو دژ بەیەکە. ئەو
بزوتنەوەیە (پیاوچاکی)دوای دزیی و تاڵانییە گەورەکانە،(فریشتەی دوای
سەرکوتە خوێناوییە گەورەکانن،حەشارگەی ئەو نوسەرانە(ڕوناکبیرە)تلیاک
فرۆشانەن کە بیست ساڵە گاڵتە بە شۆڕش و توندوتیژیی شۆڕشگێڕانە دەکەن و
ئێستاش خەساندنی شۆڕش و ڕۆحی شۆڕشگێڕانەیان کردۆتە ئامانج.واتە
قیژەقیژێک کە بزوتنەوەی گۆڕان لە پەیوەند بە ژیانی خەڵک و ستەمگەریی
دەسەڵاتی پارتیی و یەکێتییەوە بە ڕێی خستووە،کەم و زۆر پەیوەندیی بە
شۆڕشگێریی ئەو بزوتنەوەیەوە نییە،پەیوەندیی بە پرەنسیپێکی مرۆییەوە
نییە لە بەرامبەر ئێش و ئازارو داخوازەکانی خەڵکدا،بە ئازادییخوازیی
ئەوانەوە لە بەرامبەر سەرکوتدا.ئێشتاشی لەگەڵدا بێت سەرانی ئەو
بزوتنەوەیە موچەخۆری پەرلەمان_دوێخانە خێڵەکییەکەی دەسەڵاتن،دوو مانگ
خوێنی شۆڕشگێڕانی کوردستان شەقامەکانی سور دەکرد،کەچی پەرلەمانتارانی
گۆڕان نەک لەو دوێخانە نەکشانەوە بەڵکو موچەی خوێنیان وەردەگرت.مەبەستم
ئەوەیە بڵێم بزوتنەوەی گۆڕان بە دەیان سەرەداوەوە بە دەسەڵات و
فەرهەنگی دەسەڵاتەوە گڕێیخواردووە.پێگەی ئابوریی و گوزەران و ژیانی
سەرانی ئەو بزوتنەوەیە لە ئاستێکدایە،ڕێگەیان پێنادات ڕیسک بە
ژیانیانەوە بکەن،نەک شۆڕشگێڕن بەڵکو بازرگانی شۆڕشن. لەمڕووەوە
بەرجەستەترین نمونەی شۆڕش فرۆشیی گۆڕان لە یەکەم ڕۆژی دەسپێکی ڕاپەڕێنی
١٧ی شوباتەوە دەستی پێکرد،ڕۆژێک کە سەرەتای ژیانێکی نوێ و هۆشیارییەکی
کۆمەڵایەتیی نوێیە لە کۆمەڵگەی کوردستاندا،بزوتنەوەی گۆڕان بە
ڕاگەیاندنێک لە زاری سەرۆکی ئەو بزوتنەوەیەوە ڕاپەڕین و شۆڕشگێڕانی بە
هەندێک کەسی گێرەشێوێن ناو بردو ئامادەیی بزوتنەوەی گۆڕانیشی بۆ
هاوکاریی هێزو باندە مرۆڤ کوژو گۆپاڵ بەدەستەکانی دەسەڵات دەربڕیی.دەقی
ڕاگەیاندنەکە:
(راگهیهندراوێک له نهوشیروان مستهفاوه:لهپاش ئهوهی ههندێک
لایهن خۆپیشاندانی ئهمڕۆی سلێمانییان رێکخست، کۆمهڵێک روداوی
ناخۆشی لێکهوتهوه، ئێمه له کاتێکدا به توندی ئیدانهی ههمو
جۆره پهلاماردانێک بۆ سهر بارهگا و شوێنه فهرماییهکان دهکهین،
ئهو راستییه دوباره دهکهینهوه که ئێمه بزوتنهوهیهکی سیاسی
مهدهنین و بههیچ شێوهیهک بڕوامان به توندویژی و هێرشکردنه سهر
هیچ بارهگا و شوێنێکی فهرمی نیه، پاراستنی ئاسایش و ئارامی وڵات
به بهشێک له ئهولهویاتی خۆمان دهزانین، لهمڕوهوه بزوتنهوهی
گۆڕان ئامادهیی خۆی بۆ هاوکاری دهزگا فهرمییهکان رادهگهیهنێت،
داوا له هاوڵاتیانی کوردستانیش دهکهین، بهگیانێکی بهرپرسیارانهوه
رهفتار بکهن و رێگه نهدهن ههندێک کهسی گێرهشێوێن ئاسایش و
ئارامی وڵات بخهنه مهترسییهوه. نهوشیروان مستهفا17/2/2011).هێڵی
جەخت هی منە.
ئەو ڕاگەیاندنە ئاماژەیێکی ڕوون بوو کە ئەو بزوتنەوەیە کەم وزۆر
پەیوندیی بە شۆڕشەوە نییە،بەڵکو گەمەکارێکی ترسناکە بە خوێن و ژیانی
خەڵکەوە بۆ فشارخستنە سەر دەسەڵات و بەشداریی پێکردنیان لە
دەسەڵاتدا.مێژووی دوو مانگی ڕاپەڕین ئەو ساختەبازیی و قومارکردنەی
گۆڕانی بە ئاشکرا سەلماند،چوونکە نە بەڕاستیی چووە پشتی ڕاپەڕین و نە
بە ڕاشکاوانەش پشتی تێکرد،ئەو هەڵوێست و دوو ڕووە سیاسییەش کە بەشێکە
لە تایبەتمەندیی و ئەخلاقی قوماربازیی ئەو بزوتنەوەیە،ماکێکە لە
فەرهەنگی سیاسییان،ئاکام بە شکست و پاشەکشەی ڕاپەڕین کۆتایی
هات.سەرئەنجامیش گەڕانەوەی گۆڕان بۆ سەر مێزی گفتوگۆی شەرمەزاریانە لە
گەڵ دەسەڵات،پەردەی لەسەر خەسڵەتی دژەشۆڕش و شۆڕش فرۆشیی ئەو
بزورنەوەیەی لابرد.خاڵی جێسەرنج لێرەدا خۆشخەیاڵیی ڕاپەڕین بوو بەو
بزوتنەوەیە کە ئەوەش یەکێک لە لایەنە لاوازەکانی ڕاپەڕین بوو.خاڵی
گرنگتر بۆ خەڵکی ڕاپەڕیو و هەموو ئەو مرۆڤە شۆڕشگێڕانە کە چاوی
ئومێدیان بڕیوەتە ڕاپەڕین و شۆڕش لە ئایندەدا،ناسینی و ڕیسواکردنی
بزوتنەوەی گۆڕانە وەک پارتێکی شۆڕش فرۆش و مامەڵەچی.پشتبەستنێکی
هۆشیارانەو شۆڕشگێرانەیە بە خۆیان و بە ڕەوایەتیی ماڤ و ئازادیی و وزەی
شۆڕشگێڕانەیان،پێویستە ڕاپەڕینی ئایندە ئەرک و هۆشیاریی ڕیسواکردنی
گۆڕان و ڕوناکبیرە تلیاک فرۆشەکانی بکاتە بەرنامەی کاری خۆی!
خەباتی ناتوندوتیژیی،(تلیاکی ڕوناکبیران)!
وەک چۆن شۆڕشەکان هەر ڕوودەدەن،هاوکات لەبەردەم شکست و
پاشەکشەپێکردنیشدان،واتە هەمیشە چەند ئەگەریش هەیە بۆ شکست پێهێنانی
ڕاپەڕین و شۆڕشەکان.لەم ڕووەوە یەکێک لەو ئەگەرانە،یان دروستر بێژم لەو
هەڵە ستراتیژییانە کە شکستی بە ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان هێناو ڕۆحە
شۆڕشگێڕانەکەی خەساند،گوتاری ناتوندوتیژیی و کۆمیدیای خەباتی مەدەنی
بوو.هەڵبەتە ئەم تاعونە لەم سەری ڕاستەوە تا ئەو سەری کۆمۆنیستی
گرتبووەوە.(سەیرە کۆمۆنیزمیش تووشی ئەو وەهم و گێژییە ببوو).ئەوەش کە
ئەم هێڵە سیاسییە سەرلێشێواوییەی ئاراستە دەکردو هێدی هێدی چۆکی بە
ڕاپەڕین دادەداو فەزای شۆڕشگێڕانەی کوێرو زەلیل دەکرد،هەم بزوتنەوەی
گۆڕان و ئەو درۆیە(تەواوی ئۆپۆزیسێون)و لەمانەش خەسێنەرتر(تلیاکی
ڕوناکبیران)بوو!ئەو(ڕوناکبیرانە)کە بەدرێژایی مێژوویان دەستێکیان لای
دەسەڵات بووە بۆ وەرگرتن و دەستێکیان لای نوسینی وەهمیی و چەواکارییە
بووە،هەم بارێکی قورس بوون بە سەر ڕاپەڕینەوەو هەم تلیاکی گێژکردنی
شۆڕشگێڕان.ئەو نوخبەیە کە لە بیست ساڵی ڕابردوودا و لەڕیگەی دەسەڵاتەوە
وەک بیرمەندو گەورە ڕوناکبیرانی کورد دەردخواردی کۆمەڵگەی کوردستان
دەدران و ئاماجدارانە ئاراستە دەکران،توانییان هەژمونی جیهانبینییە
گێژکارەکەیان بەسەر توێژی خوێندەواری کوردستاندا بکەن و بە دیارییکاویش
ئەو تلیاکە بەسەر ڕاپەڕینی ١٧ی شوباتدا هەڵڕێژن.ئەدەب و هونەری بیست
ساڵی ڕابردووی ئەو نوخبەیە،بابەتە بە ناو هزریی و
فەلسەفییەکانیان،شیعرو چیرۆک و ڕۆمانەکانیان،هیچ نەبوون جگە لە تلیاکی
گێژکردن و سڕکردنی مێشکی لاوانی ئازاییخوازو بەشمەینەتی کوردستان.لەم
ڕووەوە هونەرو ئەدەبیاتیکی پوچ و تلیاک ئاسا کە وەک هونەری بەرزو
شاکارو ئەفسانە بەسەر خوێنەری کورداو لە ناو کایەی هزرگەریی (ڕوناکبیریی)
ڕەواجی پێدەرا،لە ساتی ڕاپەڕیندا وەکو ژەهر بە گەرووی ڕاپەڕیندا کرا.
بەختیار عەلی ئەو وەهم و ئەفسانەسازیی و پوچگەرییەی لە ڕومانەکانیدا
کۆی کردبووەوە،لە کاتی ڕاپەڕینی ١٧ی شوباتدا بە هەناسەبڕکێ لە
ئەوروپاوە خۆی گەیاندە کوردستان و(تا نەڵێن لە کاروانی گۆڕان خوازان
دواکەوت)! عەمبارێک لە تلیاک کە لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا خەرمانی
کردبوو بەسەر شۆڕش و وزەی شۆڕشگێڕانەدا قەڵپی کردەوە. لاوانی شۆڕشگێڕی
کوردستان لە سەر شەقامەکان و لە سەراکانی ئازادییدا ململانێی مەرگیان
دەکرد،لە بەرامبەر گۆپاڵ بەدەست و چەقۆکێشانی دەسەڵاتدا
ڕادەوەستان،سوکایەتییان پێدەکراو خوێنیان دەڕێژرا، کەچی بەختیارو
جەماعەتەکەی لە هۆڵەکانداو لە پشتی دەرگە داخراوەکاندا کۆدەبوونەوەو
بانگەوازی لاوانیان دەکرد بێن و گوێ لە حەیران و ژاوەژاوەکانی ئەوان
بگرن،ڕۆحی شۆڕشگێڕانەیان دەکوشت و بانگەوازی ئاشتییان دەکرد،سەرەکانی
ئازدییان پێچۆڵدەکردن...
تلیاکی ئەو نوخبەیە بۆ چەندین ساڵ شۆڕشگێڕانی گێژو چەواشە کردن!
ئەنجومەنی کاتیی سەرای ئازادیی!
هەڵبەتە پێکهاتەی سیاسیی و ئاراستەی ئەو ئەنجومەنە فەرە ڕەنگ و ڕەهەند
بوو،وەک لە شوێنێکیتردا ئاماژەم بەوە داوە کە ئەو کۆدەنگییە خاڵێکی
هەرە پۆزەتیڤ بوو لە ڕاستای ڕاپەڕین و هەڵپێچانی دەسەڵاتدارانی
کوردستان و لە مێژووی سیاسیی کوردستاندا،بۆیە لەو بارەوە قسەیێکیتر
ناکەم،بەڵام خاڵی زۆر لاوازو ترسناکییشی هەیە پێویستە
پەنجەبخەینەسەری.هەروەها ئەوەی لێرەدا پیویستە ئاوڕی جدیی لێبدرێتەوە
دوو خالی زۆر گرنگن،یەکەم:ئەفسانەی ناتوندوتیژیی کە لە بەشی سەرەوەی
ئەم نوسینەدا ئاماژەم پێداوە.بێگومان ئەگەر خەباتی ناتوندوتیژیی وەک
کردەیێک و تاکتیکێک بۆ سوڕێکی دیارییکراو لە کاتی ڕاپەڕیندا دەستی بۆ
ببرایە،واتە تا کاتێک دەکرێت لەو شەڕەدا کەڵکی لێوەربگریت و بە کەمترین
قوربانیی بێیتەدەرەوە،سیاسەتێکی دروست و بەکەڵک دەبوو،بەڵام کاتێک
وەهمی ناتوندوتیژیی جێی تاکتیکی گرتەوەو بوو بە ستراتیژی ئەنجومەنی
سەرای ئازادیی، ئاراستەی ڕاپەڕینی بە کۆڵانێکی داخراودا برد،ئەو
ستراتیژە نەیدەتوانی ئاسۆیێکی ڕوون بخاتە بەردەم شۆڕش.وەک وتم خەباتی
ناتوندوتیژیی دەکرێت تەنها تاکتیکێک بێت،لەوەش گرنگتر ئەویە دەبێت
بزانرێت ئەو میکانیزمە لە خەبات لە بەرامبەر ج جۆرە ڕیژێمێکدا
بەدەستەوە دەگریت،واتە ناسینی خەسڵەتەکانی دەسەڵات، تەنانەت بەبێ ئەو
ناسینە بەدەستەوە گرتنی هەر میکانیزمێک تەنها سەری لە گەمژەییدایە.
پرسیاری سادە ئەوەیە:بە پێی ج لۆژیکێک خەباتی مەدەنیی(من زۆر ڕقم لەو
مەدەنییەیە، خەباتی مەدەنیی و کۆمەڵگەی مەدەنیی و لە هەمووشی
ناشیرینترو قێزەونتر درۆی دەسەڵات و سیستەمی مەدەنییە)!دەتوانێت دوو
ئەژدیهای مرۆڤ خۆری وەک پارتیی و یەکێتیی،دوو باندی مافیایی کە هەر لە
سەرەتادا لە سەر لۆژیکی کوشتن و سڕینەوەی هەر دەنگێک مەترسییان بۆ
دروست بکات دروست بوونە، لە دەسەڵات دابگرێت؟بێگومان وەڵام نایە،مەگەر
ئەوە خۆمان کوێروگەمژە بکەین،یانیش کوێروگەمژە بین.پرسیاریتر ئەو
خەباتی ناتوندوتیژیی و ئاشتییە تاکەی و تا کوێ؟دەسەڵات هەموو ڕۆژێک
خەڵکی دەکوشت،بۆمبی دەنایەوە،خەڵکی دەتۆقاند،دەیان سینارێوی ڕەش و
ترسناکی بەڕێوەبرد،واتە دەسەڵات بۆ یەک ڕۆژیش دەستی لە پلانەڕەشەکانی
هەڵنەگرت بۆ شکست پێهێنانی ڕاپەڕین،کەچی ئەنجومەن توتی ئاسا هەر ئەو
دروشمە پوچانەی دەوتەوە!
خاڵی دووەم هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی کاتیی مەیدانی ئازادیی بوو دوای
هێرشی سەرکوتگەرانەی دەسەڵات کە لە 19.04.2011 کرایە سەر
ڕاپەڕین.ئەنجومەن لە بەیاننامەیێکدا لە بەرواری 27/04/2011
دەریکرد،هەڵپەساردنی کارەکانی ڕاگەیاند،بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە بەو
بەیانە خۆی هەڵوەشاندەوە.پرسیار ئەوەیە بۆچی ئەنجومەن کارەکانی
هەڵپەسارد یان هەڵوەشاندەوە؟بێگومان دەکرێت یەکێک لە بیانوەکان ئەوە
بێت کە دەسەڵات لە ڕیگەی هێزەوە ڕاپەڕینی سەرکوت کرد،سەرکوتکردن
لەلایێن دەسەڵاتەوە بابەتێکی واقیعییە بەڵام هەموو شتێک و لەوانە
وەڵامێکی کاربڕ نییە.واتە بەجیا لە زەبروزەنگ و سەرکوت،ئەوە کە کامە لە
جەماوەرو دەسەڵات پاشەکشە بەیەکتر دەکەن،تەواو گرێدراوی پرۆسەی جەنگ و
ململانێیە،گرتنەبەری نەخشەڕێگەو تاکتیکی کارسازە لە بەرامبەر سەرکوتی
دەسەڵات و هەروەها بۆ بەسەرکەوتن گەیاندنی ڕاپەڕین.بەڵام ئەنجومەنی
کاتیی مەیدانی ئازادیی کە ڕاپەڕینی ئاراستە دەکرد چیکرد؟بێگومان
هیچ!یانیش کارێک و پەرچەکردارێک کە کردی ئەوە بوو،بە بەیاننامەیێک
کۆتایی بە ڕاپڕین هێناو خەڵکی ناردەوە بۆماڵ!
بەبۆچوونم ئەو خۆبەدەستەوەدانە بابەت و گرێکوێرەیێکی بێڕادە گرنگ و
هەستیارەو پێویستی بە توێژینەوەی زۆر وردو جدیی هەیە.چوونکە نە شۆڕش
بابەتی گەمەکردنەو نە خوێنی ڕژاوی ئەو لاوە شۆڕشگێڕانە کە بە ئازادیی و
شۆڕشیان بەخشیی.ناکرێت بەرپسیارەتیی شۆڕش لە ئەستۆ بگریت و سوک و ئاسان
بە تەعبیری ناسێۆنالیستەکان ئاش بەتاڵی لێبکەیت.ئەگەر بابەتی سەرکوت
بیانووی ئەنجومەن بێت بۆ ئاشبەتاڵ،ئەوا بۆ پوچکردنەوەی ئەو بیانووە
نمونەی زیندوو و بەرجەستەمان لە بەردەستدایە.نمونەی شۆڕش لە تونس و
میسر،لیبیا،یەمەن و سوریایە پێنج مانگە ڕۆژانە لە بەرامبەر سەرکوت و
کوشتوبڕێکی دڕندانەدا قەراریان گرتووەو سەرسەختانەو شۆڕشگێڕانە درێژە
بە خەبات دەدەن.سەرکوتێک لەو ولاتە لە بەرامبەر شۆڕشدا بە ڕێخراوە چ لە
ڕووی چەک و هێزی سەربازیی و جۆری زەبروزەنگەوە،هەروەها لە ڕووی ڕێژەی
قوربانییەکانەوە ئەگەر بە سەرکوتی پارتیی و یەکێتیی بەراوردی
بکەین،بێگومان دەکەوینە هەڵەوە،کەچی سەرباری ئەو دۆزەخە هێشتا شۆڕش
بەردەوامە.
بەبۆچوونم ڕاستییەکە لە شوێنیتردایە،ئەگەر بەشێکی هۆکارەکانی شکستی
ڕاپەڕین ئەوانە بێت کە لە سەرەوە ئاماژەم پێدان،ئەوا لایێکیتری
بێئیرادەیی و خۆبەدەستەوەدان و هەلپەرستیی ئەنجومەنی کاتیی مەیدانی
ئازادیی بوو،کە ئەوەش دەڵێین بە ئاگەین لەوە کە بەشێکی ئەندامانی
ئەنجومەن ڕووبەڕووی ستەم و لێدان و قوربانیدان بوونەتەوەو هێشتاش ژیانی
بەشێکیان لە مەترسییدایە.بەڵام ناکرێت بە خاتری ئەو قوربانییدانانە
چاوپۆشی لەو مەترسیی و بێئاسۆیی و هەرەسانە بکەین کە ئەو ئەنجومەنە
بەسەر ڕاپەڕیندا هێنای.بێئیرادەیی و بێئاسۆیی ئەنجومەن لەوەدا بوو لە
بەرامبەر سەرکوتی دەسەڵاتدا یەکسەر بە چۆکدا هات و هیچی
پێنەما،هەلپەرستییەکەشی لەوەدا بوو هەتا شەقام قەرەباڵخ بوو و لاوانی
شۆڕشگێرو تینووی ئازادیی سنگیان بە گولەو گۆپاڵی چەتەکانی دەسەڵاتەوە
دەنا،نەڕەی قارەمانانەیان دەکرد،بانگەشەی زۆر گەورەیان
دەکرد،لەوانە:هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێم و
زۆر شتیتر...! کەچی لە بەرامبەر سەرکوتی دەسەڵاتدا سەریان خوارکردو هەر
یەکەو بەلایێکدا هەڵهات،وەک ئەوەی هیچ ڕووی نەدابێت!ئەوەش کە پتر
بێئاسۆیی،هەلپەرستیی و تراژیدیای ئەو ئەنجومەنەی سەلماند،سەردانی بەشێک
لە ئەندامانی ئەنجومەن بوو بۆ لای سەرۆکی خێڵان.ئەو هەڵوێستە ئەگەر لە
لایێک ئەو بٶچوونانەی سەرەوە لە پەیوەند ئەنجومەن بسەلمێنێت،لاێکیتری
ڕیسوایی ئەو بەشەی ئەنجومەن نماییش دەکات کە سەردانی مەسعود بارزانییان
کرد،ئەوە چ تراژیدیایێک بوو شۆڕشگێڕان جڵەوی ئەسپی شۆڕشیان دایە دەستی
ئەو جۆرە کەسانە. ڕاپەڕین سەرکوتکراوە،خەڵک لە مالەوەیەو دۆخی
نائومێدیی و شکستی خۆی دەژێت،کەچی ئەو بەشەی ئەنجومەن کوێخا ئاسا خۆیان
کردووە بە(ڕیش سپی)گوندو لەسەر ئێسک و پروسکی ڕاپەڕین خەریکی سات و
سەودان لەگەڵ دەسەڵات.بێگومان ئەگەر لایێنی کەم ئەو بەشەی ئەنجومەن
نەبوونایە بە سات و سەوداگەرو وتووێژ لەگەڵ دەسەڵات،دەکرا لەسەر بنەمای
کارەکانی داهاتوویان شیاوی پشتگیریی یان ڕەتکردنەوە بوونایە،بەڵام
بەگەڕانەوەیان بۆ لای دەسەڵات و وەهمی ئەوەی بتوانن لەڕێگەی وتووێژەوە
ئامانجەکانی ڕاپەڕین بەدی بهێنن،زەمینەی هەر پشتگیرییەکی
نەهێشتۆتەوە.لەبەر ئەوە ئەو ئەنجومەنە نەک شیاوی پشتگیرییە بەڵکو هیچ
ڕەوایەتییەکی نییەو پێویستە ڕیسوا بکرێت.
ج فێربووین،پێویستە چ فێربین!
بێگومان ڕاپەڕینی ١٧ی شوبات ئەگەرچی سەرئەنجام شکستی هێناو بوو بە
زەخیرەی بازرگانیی کردن و سات وسەودای بزوتنەوەی گۆڕان لە گەڵ
دەسەڵات،ئاماژەی سەرەتای وەرچەرخانێکی کۆمەڵایەتیی گەورە بوو لە مێژووی
تێکۆشانی ئازادییخوازان و بەشمەینەتانی کوردستان.شکستەکان هەردەم
هاوشانی پراکتیکە کۆمەڵایەتییە گەورەکانە،سەرباری ئازارو
قوربانییەکانی،دەبێتە سەرچاوەو زەخیرەی ئەزمونێکی بە نرخ بۆ
ئاییندە.ئەوەش کە ئەو ئەزمونە هەڵدەچنێت پەیبردنە بە خاڵ و لایەنە
لاوازەکانی ڕاپەڕین، پەنجەخستنەسەر ئەو ستراتیژو تاکتیک و تلیاکانەیە
کە چۆکیان بە ڕاپەڕینداو کوێرو گێژیان کرد.لەم بارەوە چ بزوتنەوەی
گۆڕان و چ(تلیاکی ڕوناکبیران)و هەروەها ئەفسانەی ناتوندوتیژیی،ئەو
ڕەهەندانەن وەک مۆتەکە تا ئاستی خنکان دەستیان لە گەرووی ڕاپەڕین
گیرکرد.ئەزمونێک کە خەڵکی کوردستان بە گشتیی و لاوانی شۆڕشگێڕی
بەشمەینەت و ئازادییخواز لێیەوە فێربن،خۆ تەکاندنیانە هەم لە بزوتنەوەی
گۆڕان و بە تایبەت تلیاک و چەواشەکاریی
نوخبەی(ڕوناکبیران)!هۆشیاربوونەوەیانە لە هونەرو ئەدەبییاتی ئەو
نوخبەیە کە تەنها مرۆڤی گۆشەگیرو تەمبەڵ و پاسیڤ دروست دەکات،ئەو مرۆڤە
دەست و پێ سپییانە دروست دەکات تەنها دانیشن و بۆ ژیانی کوێرەوەریی
خۆیان بگرین،ئەو مرۆڤانەی کە هیچ ڕۆڵ و بەرپرسییارەتییەکیان
نییە.ئەدەبییاتی ئەو نوخبەیە مرۆڤی پاسیڤی وەک جەلادەتی کۆتر (جەلادەتی
درۆزن)و سەریاسەکان دروست کە تا دەمرن بە دوای حیکایەتە پوچ و
بێواتاکانی خۆیاندا وێڵبن،تراژیدییاکان بگێڕنەوە،ببنە شاهێدی سەربڕینی
قوربانییەکان و دواتر وەک هونەر و خرافات بیفرۆشنەوە،سوکایەتیی بە شۆڕش
و شۆڕشگێڕیی و هزری یەکسانیخوازیی بکەن.
بە بۆچوونم، کۆمەڵگەی کوردستان،
جۆری سیستەمی حوکمڕانیی هەرەترسناکی کوردستان،
تەنها بە ڕاپەڕین و شۆڕش یەکلایی دەبێتەوەو هیچ بەدیلێکیتر لە
گٶڕێ نییە،هەروەها بۆ بەهێزکردنی ڕەهەندی ڕاپەڕین و شۆڕش لە
ئاییندەدا،هۆشیاربوونەوەی لاوانی بەشمەینەت و شۆڕشگێرە لە سات و سەوداو
بازرگانانی گۆڕان و تلیاکی(ڕوناکبیران)!پێویستە لاوانی ئازادییخوازو
شۆڕشگێڕانی کوردستان لەم شکستەدا ئەزمونی زۆر گەورەو بەنرخ فێر
بووبێتن.پێویستە کە شۆڕش لە ئاییندەدا سەرهەڵدەداتەوە ڕێگە لەو تلیاک
فرۆشانە بگرێت کە بوونە هۆکاری هەرەس پێهێنانی ڕاپەڕین.چ بزوتنەوەی
گۆڕان و چ ڕوناکبیرە تلیاک فرۆشەکانی،ئەو دەردوبەڵایە بوون وزەی
شۆڕشگێڕانەیان بە ئاراستەی پاسیڤیزم و دواجار خۆبەدەستەوەداندا
برد.هەڵبەتە مەبەستم بانگەوازکردن نییە هێندەی قسەکردنە لە سەر ڕەهەندی
هۆشیار بوونەوە.ئەو لاوە شۆڕشگێڕو بەشمەینەتانە کە ئامادەی بەخشینی
گیانی خۆیانن بە ئازادیی و شۆڕش، پێویستە لە بەرامبەر شۆڕش فرۆشان و
ئایدیای تلیاک ئاسای(ڕوناکبراندا)بە ئاگە بێنەوە.مەترسیی ئەو
ڕوناکبیرانە هاوتای کۆی ئەو مەترسیی و سینارێوە ڕەشە ترسناکانەیە کە
دەسەڵاتێکی ترسناک لە بەرامبەر شۆڕشدا نەخشەی بۆ دەکێشێت و بەڕێوەی
دەبات...!شۆڕشی ئایندە پێویستە شۆڕشی زەبروزەنگی شۆڕشگێڕانە بێت...!
١٠\٧\٢٠١١
ماڵپهڕی کازم قادر
|