١١\٥\٢٠١٦
کوژرانی (بارزان رەشید)ەکان لە کوێوە
سەرچاوە دەگرێ؟

جیهاد محەمەد
بە راست تاوانی کوشتن
و تیڕۆڕکردن تەنها لە سەر دەستی کۆیلەکانی حیزبە
تیرۆرستەکانی پارتی
و یەکێتیدا ئەنجام دەدرێت؟
ئەو خوێندنەوەیەی پێی وایە تەنها کەسە نزیکە تیرۆستەکانی نزیکی پارتی
و
یەکێتی تیڕۆڕ ئەنجام دەدان خوێندنەوەیەکی دروستە؟
تیڕۆڕکردنی سەدان ژن بە ناوی ناموسپارێزییەوە، تیڕۆڕکردنی دەیان کوڕی
گەنج بە هۆکاری ناکۆکییە خێڵەکییەکان
و لە سەرئەوەی ناو دەبرێت
بە (ئابڕوو) سڕینەوە، یان لە سەر کێشەی پارچە زەویییەک، یان هەرچ
کێشەیەکی دیکەی خێزانی. هەروەها تیڕۆرکردنی کەسە سیاسییە ئازاکان،
تیڕۆرکردنی کەسە رەخنەگرو نووسەرو رۆژنامە نووسەکان، ئایا ئەمانە هەر
کەسانێکی نزیک لە دەسەڵاتی سیاسییەوە ئەنجامی دەدەن؟ یان ئەم دیاردەو
کولتوورە زۆربەی چینو توێژەکانی گرتۆتەوە بە رێژەیەکی بەرزو نزمو بە
گوێرەی رێژەی هۆشیاریی چینو توێژەکانو بە گوێرەی هۆشیاری کەسەکان؟
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە بە کورتی هەوڵ ئەدام لە تیڕۆرکردنی (بارزان
رەشید)ەوە بچمە ناو بابەتەکەوە.
کوژرانی ئەم گەنجە بێ تاوانە لە لایەن تاوانبار جەمال جەبار رەشید
خەیلانی ـوە، تەنها پەیوەندی بەوەوە نییە، کە تاوانبار کەسێکی سەربازیە
بە پلەی نەقیب، یان ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستانە، یان نزیکە لە
براکانی مەسعود بارزانیەوە، یان خوشکەزای بەرپرسی لقی دووی پارتیە. ئەم
تاوانبارە ئەگەر خاوەنی ئەم ئیمتیازە دەسەڵاتداریانەش نەبووایە ئەم
تاوانەی هەر ئەنجام دەدا، چونکە لە ژێر کاریگەری کولتووری
تووندووتیژیدا گۆشکراوە. پێیوستە پێش ئەوەی ئیمتیازاتە
دەسەڵاتدارییەکانی بخەینە روو، ئەوە بخەینە روو، کە ئەم کولتوورە
قێزەونەی دەسەڵاتی سیاسیی بە درێژایی ٢٥ ساڵ لە حوکمڕانی برەوی پێداوە،
سەرچاوەی دەیان تاوانی لەم جۆرەیە.
ئەم تاوانەو دەیان تاوانی دیکەی لەم جۆرە لە کوردستاندا لە ماوەی ٢٥
ساڵی حوکمڕانی دەسەڵاتی سیاسیی ناسیۆنالیستی پارتیو یەکێتیدا پەیوەندی
راستەوخۆی بەو تووندوتیژیەوە هەیە، کە ئەم دەسەڵاتە سیاسییە قێزەونە
دروستیان کردووە، پێوەندی بە عەقڵیەتو کولتووری خۆ سەپاندنو خۆ بە
زلزانینو بەرامبەر بە کەمزانین هەیە. پێوەندی بەو بارە دروونییەوە
هەیە، کە هەرکەس دەمانچە تەقێن نەبێت (پیاو)نیە!؛ بێ شەهامەتە!؛
ناجوامێرە!؛ ترسنۆکە!. کەسانی ئارامو سڤیلو بێ وەیو خاوەن مۆراڵی
بەرزی مرۆییو مرۆڤپەروەر لەم کۆمەڵگایەدا بێ بەهایە، هیچ قورساییەکی
نییە لە لای دەسەڵاتی سیاسی گەندەڵی پارتیو یەکێتی.
ئەم کولتوورو دیاردەی ئینسان کوشتنە، لە شەڕە نەگریسەکانی چەندین ساڵەی
نێوان حێزبە ناسیۆنالیستو ئیسلامییەکانەوە سەرچاوەی گرتووە. لە
عەقڵیەتو بیرکردنەوەی دواکەوتووییو خێڵەوە بۆ تۆڵەسەندنەوە سەرچاوەی
گرتووە. لە سیاسەتی پاکتاوکردنی کەسە سیاسییەکانو ئەو کەسانەی لە رووی
فکرییەوە ناکۆکن لەگەڵ فکری فاشیانەی ناسیۆنالستیو فکری فاشیانەی
دینییدا سەرچاوەی گرتووە.
هەر ئەم حاڵەتەش وایکردووە لە خەڵک، کە جارێکی دیکە پەنابەرنەوە بۆ
برەودان بە خێلو بە دیوەخانو دروستکردنی دەمسپیو ریش سپی خێڵ، بۆ
ئەوەی هەر هیچ نەبێت لە حاڵەتێکدا، کە تاوان بەرمابەریان ئەنجامدرا خێل
بتوانێت تۆڵەیان بۆ بکاتەوە. ئێستا لە کوردستاندا لە لای خەڵک خێڵو
سەرۆکی خێڵ بە بەهاترو بەهێزتر لە پۆلیسو دادگاو دادوەر دادەنرێت.
هەتا خێڵ وەستابێت، کەس پەنا نابات بۆ پۆلیسو بۆ دادگاو یاسا، چونکە
رەشبینن لە دادگاو یاساو پۆلیسێک، کە لە لایەن دەسەڵاتی فاشییانەو
گەندەڵی پارتیو یەکێتیەوە قۆرخکراوە.
چەندین جار تاوانی وا دڕندانە بە بەرچاوی خەڵکەوە روویداوەو
تاوانبارەکەش خزمی هیچ بەرپرسێک نەبووە، یان سەر بەم دوو حیزبە نەبووە،
بەڵام هەر ئەم دوو حیزبەو دەسەڵات سیاسییەکەیانو حوکمڕانییەکەیان
بەرپرسە لە هەموو ئەو تاوانانەی، کە ئەنجام دەدرێت، چونکە حوکمڕانیو
پۆلیسو دادگاکان کۆمەڵە دامودەزگاو دامەزراوەیەکی حکومیینو لە ژێر
دەسەڵاتی جێبەجێکردندا هەڵدەسوڕێن.
پارتیو یەکێتیو سەرانو بەرپرسانی ئەم دوو حیزبە تەنها بەوە تاوانبار
نین، کە کەسە نزیکەکانیان، کۆیلەکانیان، گوێلەمستو گەجەروگوجەرەکانیان
تاوانی لەم شێوەیە ئەنجام دەدەن. بەڵکو ئەم دەسەڵاتە سیاسییە ناشیرینە
بەوە تاوانبارە، کە بە حوکمڕانییەکی خێڵەکیو یاساو رێسای دارستان
حوکمی خەڵک دەکات. کاتێک ئەم حوکمڕانیە هەموو دادگاکانو زۆربەی
دادوەرەکانی قورخکردبێت لە پێناوی خۆسەپاندنی زیاتری بەرژەوەندییە
گڵاوەکانی خۆیدا، کاتێکدا بە ئەمری پارتیو پشتیوانی یەکێتی بتوانێت لە
ئانوساتێکدا پەرلەمان لە کاربخات، بە ئارەزووی خۆی وەزیرەکانی گۆڕان
بنێرێتەوە ماڵەوە، پەلاماری بارەگاکانی حیزبە ئۆپۆزسوێنەکان بدات، بە
زۆر سەرۆکێک بکات بە سەرۆکی هەرێمو هەرکەسێکیش رەخەنی لێبگرێت
تەخوینبکرێت. لە خۆپیشاندانەکاندا دەیان کەس بکوژن، دەیان سوکایەتی بە
کچو ژنە ئازاکانی ناو خۆپیشاندانەکان بکەن، بە پاسو سەیارەی ئاسایشو
دەزگا ئەمنییەکانیان کچانی خۆپیشاندەر بگوێزنەوە بۆ شوێنە دوورەکانی
ناو شار، گوایە بۆ ئابڕوبردنیانو داخکردن بە دڵی دایکو باوکو
خێزانەکانیاندا، هەروەها بۆ تۆقاندنیان. لەم حاڵەتی بێ سەروبەرییو
جەنجاڵییەدا، لەم حاڵەتی حوکمڕانە مافیائاساییەدا دەیان تاوانی وا
روودەداتو رووشی داوە لە رابردووداو هیچ لێپرسینەوەیەکیش نەکراوە لە
سەری. ئەگەر حوکمێک بە راستی حوکمی خەڵک بێتو لە خەڵکەوە
هەڵبژێرداربێت، ئەگەر ئەو خەڵکەی دەنگ بەم حوکمە دەدات رێزو شکۆمەندی
هەبێت لای دەسەڵات، ئەوە لە سەر بنەمای کۆمەڵێک یاسای مەدەنیانەو
دیموکراتیانە حوکمڕانی دەکات. بەڵام چونکە دەنگدەرانی سەر سندوقەکانی
دەنگدان، هەر ئەوەندە رێزدارو شکۆمەندن لای حیزبەکان تا دەنگ دەدەن،
بۆیە هەر زوو خەڵکیان بیر دەچێتەوە، ئیتر بە پێی میزاجو بە پێی
بەرژەوەندی خۆیان، بە رێسای قاچاخچێتیو سیاسەتی مافیایی حوکمڕانی خەڵک
دەکەن.
دەسەڵاتی سیاسیی نایەوێت مرۆڤی کورد، مرۆڤی عەقڵانیو ئارامو مەدنی
بێت. دەسەڵاتی سیاسی کوردستان پێیخۆشە رۆژانە دەیان تاوانی وا رووبدات
بۆ ئەوەی خەڵک تەنها بەم تاوانانەوە سەرقاڵبکاتو دەسەڵاتە گەندەڵە
ناهەموارە ناشیرینەکەیان بیربچێتەوە، کە سەرچاوەی هەموو کارێکی ناشیرینو
دزێوە لە کوردستاندا.
بە داخەوە، لە زۆربەی نووسینەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتیو فەیسبووکدا،
لێکدانەوەیەکی رووکەشو هەڵە دەبینم. ئەم تاوانانە وا لێکدەدرێتەوە،
کە راستەوخۆ پێوەندی بەو کەسانەوە هەیە، کە سەر بە دەسەڵاتن، یان تەنها
ئەو کۆیلەو گەجەروگوجەرانە ئەنجامی دەدەن، کە لە سێبەری دەسەڵاتدان،
ئەمە هەڵەیەکە، کە بیرمان دەباتەوە، کە کولتوورو دیاردەی تۆڵەسەندنەوەی
خێڵەکیانە، دەسەڵاتی سیاسیی بە گشتیو بە تایبەتی حکومەتەکەی هەردوو
حیزبی پارتیو یەکێتی لێیی بەرپرسیارن. بۆیە هەموو تاوانەکانی کوشتن،
ئەگەر کەسانی سەر بە دەسەڵاتی سیاسیی ئەنجامی بدەن، یان کەسانی دیکە،
ئەگەر پاکتاوو تیڕۆرێکی سیاسییانە بێت، یان پاکتاوو تیڕۆرێکی خێڵەکیانە
بێت، ئەگەر کێشەی نێوان دوو کەسیش بێت، ئەمانە هەمووی ئەو تووندووتیژییو
دیاردەو کولتوورە لێی بەرپرسیارە، کە لە ماوەی ٢٥ ساڵی دەسەڵاتی سیاسی
پارتیو یەكێتیدا هاتوەتە ئاراوەو برەوی پێدراوە.
٩\٥\٢٠١٦
- کوردستان
ماڵپهڕی جیهاد محهمهد کهریم
|