کولێراى دەسەڵات و رەمەزانى خەڵک .
بەشدار عەلى
لەوەتەى سەرمان لە هێلکە جوقاوە بە خەم و ژان و مەینەتى و کێشە و گرفت ئاشنا بووینە،کاتێک لە بێشکەدا بووم گوندەکەمان تەخت کراو و گوازراینەوە شار،لە سەرەتایدا قوتابخانەکەمان بنکەى کۆبونەوەى هەفتانەى پیاوانى بەعس بوو و هەموو پێنج شەموانێک لەگەڵ تەقاندنى سێ گوڵە بۆ قائید لەگەڵ هاو پۆلانم زریکەمان بەرز دەبوویەوە بۆ ئاسمان،لە ناوەندیدا قوتابخانەکەمان بووە سەربازگەیەک بۆ شەرى ناوخۆ و چەندین جار لە نێو دەرس و خوێندندا لەگەڵ مامۆستاکانمان بەسەر دیوارەکاندا رامان کردوە.
کە گەورەش بووین و راست و چەپى خۆمان لە یەکتر جیاکردەوە ئیتر ناخۆشیەکان رووى لە زیادى کرد و ئاشنا بووین بە بێمافى و نایەکسانى زیاتر،چەندین هەفتەم بە لە گیرفان نەبوونى تەنها پولێک بەرێکردووە،بەڵام رۆژێکم بێ ئازاردانى جەستەى و دەروونى بەرێنەکرد ،چەندین هەفتەم بە سەرما و گەرماو دەردو نەخۆشى بێ دکتۆر و دەرمان بە رێکردووە ،بەڵام رۆژێک بەبێ لە گۆرنانى حەز و خۆزگە سەرەتایەکانى مناڵى و گەنجیم بەرێنەکردووە .
لەم مەملەکەتەى ئێمە رۆژانە بە لە خوێن هەڵکیشانى دەیان ئافرەتى دڵ پر لە هیوا و ناڕازى گوزەر دەکات،رۆژانە بە ئازار و ئەشکەنجە و برسى کردنى دەیان مناڵ گوزەر دەکات، رۆژانە بە دڵ شکان و خۆکوژى دەیان گەنج و لاو گوزەر دەکات،رۆژانە بە زیندان و ئازاردان و سەرکوتى دەیان مرۆڤى ئازادیخواز گوزەر دەکات... .
بەهەر حاڵ ئەوە نزیکەى دوو دەیەیە هەر ماوەیەک بە دەرد دیاردە و نەخۆشیەک تلاینەتەوە ،ئەوەى جێگاى قسە لەسەر کردنە ئەوەیە،ئەو هەموو قوربانیە لەپاى چى؟!هەر رۆژە و دەرد و بەڵا و کێشەیەکى بێچارەسەر لە پاى چى؟! بەبڕواى من ئەگەر بەرنامەیەکى کەمێک عەقڵانى و ئینسانى لە دواوە بێت و ئامادەى هەبێت دەکرێت نەک قوربانى لێنەکەوێتەوە ،بەڵکو کیش َە و گرفتەکە هەر روونەدات.
وا ئەم جارەش بە تێکەڵ بوونە ئاوى زێرابەکان بە ئاوى ماڵان و رێگەدان بە هێنانى خواردن و خواردنەوەى بەسەرچوو و ئیکسپایەر لە پێناو وەرگرتنى گومرگ و باج ،سەدان هاوڵاتى نەخۆش کەوتن و دەیانیش بوونە قوربانى و وەزعیەت و گوزەرانى سەدان خێزانى شڵەژاند و خستیە ژێر مەترسیەوە. لەبەرامبەر ئەمەشدا بازارێکى باشیان بۆ کۆمپانیاو کارگەکانى ئاوە کانزاییەکان دورست کرد کە چەند مانگێکە دایانمەزراندوون،بەڵام لەبەر نەبوونى و نەدارى خەڵک بازارێکى نەبوو ،کەچى خەڵکیان ناچار کرد دەستى بۆ بەرێن ئەگەرنا مەرگ چاوەڕوانیان دەکات.
ئەو کەسانەى کە پرۆژەى ئاوەرۆى سلێمانیان جێبەجێ کرد و لەگەڵ ئاوى پاکى ماڵانیان تێکەلیانَ کرد لە کەسانى نزیکى دەسەڵات و حکومەت بوون! ئەوانەى کە رێگە دەدەن بە هاتنە ژوورەوەى موادى بەسەر چوو هەر حکومەت و دەسەڵاتە! کەواتە نەک چارەسەر ئاسانە بەڵکو هەر روونەدانى کێشە و بڵاونەبوونەوەى دەردو بەڵاکان ئاسانترە،بەڵام هەموو ئەمانە بەرنامەیەکى دارێژراوى لە پشتە بۆ هەرچى زیاتر سەرقاڵى و بەنج کردنى خەڵک و دابڕانیان لە هەموو رووداوانەى کە رۆژانە لە بەرامبەریاندا روودەدات.
کولێرا ئاوا نەبوو بەهێزترین و باشترین وسیلە بە کەڵکیان هات کە دین و رەمەزان بوو و دەستیان پێوە گرت و برەویان پێدا،بۆ چەند مانگى تریش خەڵکى نەدارى کوردستان دەبێت بە کوڵەمەرگى و گرانترکردنى بازارەکان سەر قاڵ بێت،بە ناوى بازارى ئازاد و لە رەمەزاندا نرخى کەل و پەلەکانیان چەند بەرامبەر بەرز کردەوە.بەڵام لە راستیدا ئەمەش هەوڵێکە بۆ راگرتنى نەزم و نیزامێکى بۆگەن بۆ درێژکردنەوەى ئەو وەزعیەتە پڕ مەرگەساتە.
هەر ئەمەشە رۆژانە بە هەزار و یەک شێوە دەیانەوێت رێو رەسمە دینیەکان بکەن بە کەلتور و تقالیدى خەڵک ،بۆ ئەوەى راستەوخۆ تاکەکان پاسیف بن و لە جوڵەیان بخەن و گۆڕان دورست نەبێت.
Bashdar_net@yahoo.com
|