٣\١\٢٠١٤
کولتوورە
خوێنڕێژییەکەی یەکێتی و پارتی، گۆڕانی شەرمەزارکرد.

جیهاد
محەمەد
هێشتا،
ئەو حکومەتەی کە بزووتنەوەی گۆڕان، شاگەشکەبوو بەوەی دەتوانێت وەک هێزی
سیاسی دوەم بەشداری تیا بکات، دروستنەببوو ـ تا هەنووکەش دروستنەبووە ـ
بە پەلەو بێ بیرکردنەوە لە مێنتالێتی یەکێتیو پارتی ڕایانگەند کە چوار
ساڵی ئایندەی کوردستان، ئارام دەبێت!، وەک نەبایان بینیبێتو نە بۆران!
ئەم ڕاگەیاندنە بێ بنەمایە، هەر لە یەکەم رۆژەوەو تا دەگاتە دوێنی
کوشتنی کاوەو، ئەمرۆی خوێنرێژێکەی یەکێتی لە شارۆچکەی سەید سادقداو
کوشتنی بڕیار، دەیان پرسیاری لای خەڵک دروستکرد. ئایا ئەم بزووتنەوەیە،
هەر ئەوەندەی بە لاوە گرنگ بوو کە بەشداری حوکمەتە گەندەڵەکەی
کوردستاندا بکات؟
ئایا ئەم بزووتنەوەیە بە ناوی
(گۆڕانەوە) سەدان هەزار دەنگی ناڕەزایەتی کۆکردەوە دژی
نادادپەروەرییو ستەمکاری، ئەوەندە بێ باکانە قسەدەکات، دوای خوێنڕشتنی
کاوەکانیش؟ بە راستیانە کە چوار ساڵی ئایندەی کوردستان ئارام دەبێت،
یان گاڵەت بە عەقڵی گۆرانخوازان دەکەن؟ ئایا بیریان چووەتەوە کە
حوکمرانانی کوردستان بەردەوام خەریکی خۆ دەوڵمەندکردنە لە سەر حسابی
سەدان هەزار کەسی هەژاری کوردستان؟ ئەو لافوگەزافەیان بیر چووەوە کە
دەیانوت ئێمە چاوی خەڵکی کوردستانمان کردەوە؟ لە پێناوی چییدا چاوی
خەڵکی کوردستانتان کردەوە؟ بۆ ئەوەی هاوبەشی بکەن لە ستەمی خوێنڕێژی
کوردستاندا؟
بە بروای من، بزووتنەوەی گۆران، تا ئەو ئاستە کەوتنەتە هەڵەوە، کە
نەیانتوانیوە هەڵسەنگاندێکی واقیعیانە بکەن بۆ ئەو فەزا سیاسییو
کۆمەڵایەتیو کولتووریە خوێنڕێژو داتەپیوە ویژدانیەی یەکێتیو پارتیو
هەموو ئەو هێزانەی کە هاوبەشییان لەگەڵ دەکەن لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگای
کوردستاندا.
ئەوەی تۆزێک هوشیارانەو بە ئاگاییەوە وردبێتەوە لەو بارودۆخەی ئەمرۆی
خەڵکی کوردستان، دەزانێت بارودۆخەکە جوڵەی تێکەوتوە، دەیەوێت بگۆڕێت،
دەیەوێت لە جێگەی خۆی نەمێنێتەوە، دەیەوێت بگاتە قۆناغێکی تر، کە
تیایدا هیچ نەبێت بەهاو نرخی مرۆڤەکان لە بەهاو نرخی بلۆکە دۆلارەکانی
بازرگانانی حیزبییو سیاسییەکانی یەکێتیو پارتی زیاتر بێت.
لەم قۆناغەدا، هەموو ئەوانەی هەست بە ستەم دەکەن، هەست بە سوکایەتی
دەکەن، هەست بە قورسایی دەسەڵاتێکی سیاسی ناشیرن دەکەن، هەست بە خنکانو
تەنگە نەفەسی دەکەن، هەست بە دزیینو تاڵانی نەوتو غازی وڵاتەکەیان
دەکەن، هەست بە ترس لە سبەینێو دواڕۆژی منداڵەکانیان دەکەن، هەست بە
نائارامی ژیانیان دەکەن، هەست بە داڕزانی ویژدانی حکومڕانانو پیاوە
بکوژەکانی یەکێتیو پارتی دەکەن؟ کە بووە بە دێوەزمەو هەر رۆژەی لە
لایەکەوە پەلامارو هێڕشدەکاتە سەرخەڵکو بە فیشەک وەڵامی سادەترین
خواستی خەڵکی دەداتەوە.
زۆر بێ شەرمانە دەیانەوێت هەموو خەڵک مێگەل ئاسا بژین، دەیانەوێت وەک
ئاژاڵ خەڵک بێدەنگ بێت، دەیانەوێت وەک ئاژاڵ خەڵک خۆی ڕادەستی
چارەنووسی ژیانی سروشتی نەگۆڕی خۆی بکات، دەیانەوێت ئاژاڵئاسا خەڵک
مێژووکرد نەبێت، کەس بۆی نەبێت هاوبەشی بکات لە ژیانی خۆییو گەڕەکەکییو
قوتابخانەکەیو فەرمانگەو دامەزراوەکەیو شارو شارۆچکەکەییو
بەڕێوەبردنی حوکمی خۆیدا. هەموو ئەمان بۆ دەسەڵاتە نادادپەروەرو گەندەڵو
ستەمکارەکەی هەردوو هێزی یەکێتیو پارتی، جگە لە حیزبەکانی پاشکۆی ئەم
دوو هیزە هیچ کەس بۆی نییە بەشداری حوکم بکات، هیچ کەس بۆی نییە دەنگ
بەرزبکاتەوەو داواکاری پێشکەش بکات.
کوردستان ئارامەو ئەوەتا پڵنگەکانی سەر شاخەکانیش بە ئارامی
دەسورێنەوەو کەس نییە تەقیان لێبکات، فیشەکەکانیان هەڵگرتوە بۆ کوشتنی
ئەوانەی سەرکێشی دەکەنو دەنگ بەرز دەکەنەوە. ـ گرتەیەکی ڤیدوێیی
پۆلیسی دارستان پڵنگێکی ناوچەی قەرداغی پیشاندا، بەسەر شاخەوە
دەسورایەوە ـ
ئەم فەزا ناهەموارو خوێنڕێژەی یەکێتیوپارتی، ملهوڕانە دەیانەوێت
تێنەگەن، لەوەی کە مرۆڤەکانی کوردستانیش وەک هەموو مرۆڤێکی تری ئەم
جیهانە ناتوانێت وەک ئاژاڵ بژی، گیانی بەرهەڵستکاریی تێدایە، دژی
ناکۆکیەکانە، دەیەوێت ناکۆکیەکان نەهێڵێتو ژیانێکی ئاسودەو مرۆییانە
بژی، دەیەوێت ژیانی خۆی سەرلەنێو نوێ بکاتەوە.
داواکاریەکانی خەڵکی کوردستان، ورژانو هەژین نییە، بەڵکو کارو چالاکیە،
لە ئەنجامی بیرکردنەوەیان دێتە ئاراوە، دەیانەوێت پرسیاریانلێبکرێت،
چییتان دەوێت، چۆن دەتانەوێ بژین؟، دەیانەوێت بەشداریبکەن لەو
چوارچێوەو سنورەی کە بۆیان دادەنرێت، دەیانەوێت مافی ئەوەیان هەبێت
بلێن نا. دەیانەوێت بەرپەرچدانەوەیان هەبێت، دەیانەوێت گوێیان لیبگیرێت،
دەیانەوێت رەخنەگرانەو چاوکراوەبن لە ژیانیاندا، دەیانەوێت خۆیان
ئارامییو ئاسودەیی دروستبکەن، نەک بە خواستی ستەمکاران بۆیان
دروستکرێت. دەیانەوێت لە بەرپرسەکان بپرسنەوە، باوی ئەوە نەماوە خەڵک
شەرمبکاتو بچەمێتەوە بۆ بەرپرسی گەندەڵو ستەمکارو پیاوکوژ.
ئەم بارودۆخە پێویستی بە گۆرانی بنەڕەتیەو دەبێت بگۆردرێتو، بروا
ناکەم هێز هەبێت بەری پێبگرێت، بەڵام بە داخەوە کاروانی گیان
بەختکردوەکان درێژەی دەبێت.
٢\١\٢٠١٤
- نەرویج
ماڵپهڕی جیهاد محهمهد کهریم
|