په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\٤\٢٠١٣

کولتووری دیموکراتی لە کوردستاندا ئەوەیە کە وتەبێژی پارتی گوزارشتی لێدەکا!


جیهاد محەمەد      


وتەبێژی پاراتی دیموکراتی کوردستان، بەرێز جەعفەر ئیمینکی لە درێژەی ئەو شەڕە قسەو باس و خواسەی کە لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی (هاوپەیمانە ستراتیژییەکەیاندا) پێشوەخت بۆ بانگهێشتی هەڵبژاردنەکان، گرتوویانەتە بەر، بە تایبەتی لە دوای ئەوەی کە لای یەکێتی نیشتیامانیەوە وتی وتی ئەوە هەیە کە بە لیستێکی سەربەخۆ دادەبەزن، ئەم شەڕە قسەیە کەوتوەتە نێوانیانەوە.


لە دوا قسەیدا و لە دیمانەیەکی گۆڤاری سڤیل دا دەڵێت:ئێمە هەرگیز بەغرورەوە نایڵێین، بەڵام کەس ناتوانێت بە پەراوێزکردنی پارتی لەهەرێمی کوردستاندا حوکمڕانی بکات، کەس ناتوانێت ئەمە بکات!.


جارێ پێش هەموو شت، کەس لە کوردستاندا حوکم ناکات، ئەوە حیزبە وەک دامەزراوەیەکی سیاسی حوکم دەکات، بەڵام چوونکە هەموو شتەکان لە کوردستاندا بوون بە کەسیی، بۆیە کاک جەعفەر ئەمەشی لێتکچووە و لە جیاتی بڵێت هیچ حیزبێک، دەڵێت هیچ کەسێک.


ئەمە ئەو کولتوورە نا سیاسییە نا دیموکراتییەیە کە دەسەڵاتی سیاسی پارتی و یەکێتی ئیدیعای بۆ دەکەن کە کولتوورێکی سیاسییانەی دیموکراتییانەیە!، ئەم زمانی لێدوان و قسەکردنانە نەک هەر زۆر دوورە لە زمانی تۆلێرانس و زمانی سیاسیانەیی مەدەنیانە و دیموکراتیانەوە، زمانێکی ڕەق و تەقی وایە کە پرسی دیموکراتیی و تۆلێرانس لە کوردستاندا بەجۆرێک دەخاتە ژێر پرسیارەوە بە تایبەتی لای پارتی، کە هەرکەسێک لە خەمی ئەو کۆمەڵگایەدا بێت، نیگەران دەبێت پێی، دەبێت هاوار بکەین ئێمە چییمانکرد و چییمان چنییەوە؟!. ئەگەر ئەم وتەبێژەی پارتی بڕوای بە ئەنجامی سندوقەکانی دەنگدان و هەڵبژاردنەکان هەبوایە، دەبوو بڕواشی بەوە هەبوایە کە دەنگدەران و ئەنجامی سندوقەکانی دەنگدانێکی پاک و دوور لە ساختە، دەتوانێت گەورەترین هێزی سیاسی پەراوزێزبخات.


نموونە زۆرە لە دنیادا کە حیزبە گەوەرەکانی دەسەڵاتدار زۆر جار توشی شکست بوون و ڕێژەی دەنگدەرانییان نەگەیشتوەتە ئەو ئاستەی کە بتوانن جارێکیتر حوکم بگرنە دەست، بەڵام چوونکە دیموکراتی بوون، چوونکە کولتووری سیاسیی و دیموکراتیی و قبوڵکردنی جیاوازییەکان و قبوڵکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لە لایەن بووە بە خەسڵەتێکی سیاسییانەی مۆدێرن، هیچ جۆرە کێشەیەک دروست نەبووە لایان و، پیرۆزباییانکردوە لە ڕکەبەرە سەرکەوتوەکانیان.


کەچی وتەبێژی پارتی، پێشوەخت بیریی لەوە کردوەتەوە کە لەوانەیە سەرکەوتن بە دەستنەهێنن، بۆیە لە ئیستاوە بە زمانێکی دوور لە کولتوورێکی سیاسی و دیموکراتیی هەرەشەدەکات. ڕەنگە لێرەدا کاک جەعفەر بڵێت ئێمە مەبەستمان لە سندوقەکانی دەنگدان نەبووە، ئەی ئەگەر مەبەستت لە وەڵامی قسەی کەسێک، یان حیزبێک بێت، بۆ لەوەڵامدا ناڵێیت: ئەوە ئەنجامی سندوقەکانی هەڵبژاردنەکانە کە ئەو بڕیارە دەدەن، نەک هیچ کەس و هیچ حیزبێک. بەڵام دیارە ئێوە بڕواتان بە کار و پرۆسەیەکیش نییە کە خۆتان سازیدەکەن و خۆتان دەچنە ناوییەوە و کێبرکێ دەکەن تییایدا.


ئەم زمانی هەڕشە و گوڕەشەیە ترسناکە بۆ سەر ئەو نیمچە دیموکراتیی و ئازادییەی کە هەیە لە کوردستاندا، ئەم زمانی قسەکردنە، هیوای هەموو ئەوانە کاڵدەکاتەوە، کە پێییانوایە ئەم قۆناغە بە ئاسانیی و بە کێبڕکێی سیایی و هەڵبژاردنەکان تێدەپەڕێنرێت بۆ قۆناغێکی پێشکەوتووتر و فەراهەمکردنی ژیانێکی بەختەوەرتر بۆ کۆمەڵگای کوردی. ئەم جۆرە لە قسەکردن و لێدوانانە، لێدوانەکانی سکرتێری پارتیمان بیردەخاتەوە کە لە ١٧ی شوباتی ٢٠١١ دا لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا کە وتی: ئێمە خاوەنی ٣٠ هەزار فیدایین و ئەوەی تەعەدامان لێبکات دەستی دەبڕین. لە کاتێکدا کە ئەم حیزبە خۆی لەسەر حوکمە، وەزارەتی ناوخۆ و ئاسایش بە دەستخۆیوەتی، خاوەنی زۆرترین کورسین لە پەرلەماندا. هەموو خەوشێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئابووری و بەرتەسکبوونەوەی ئازادیی پێش هەرچ لایەنێکی سیاسی یەخەی ئەمان و یەکێتی دەگرێتەوە. ئایا زمانی حیزبێک کە خۆی بە حیزبێکی سیاسیی دیموکراتی دەزانێت و ئیدعای ئەوە دەکات کە لە کوردستاندا دیموکراتیی و ئازادیی بە تەواوەتی فەراهەمکراوە! بۆ دەبێت وەڵامی بۆ قسەی ئەم حیزب و ئەو حیزب یان بۆ حیزبە هاوپەیمانەکەی خۆی بە شیوازێکی هەرشەئامێزی ئاشکرابێت؟ ئەم وتەبێژە بیەوێت یان نا ئەو زمانی ڵیدوان و قسەکردنە، دەچێتە خانەی قسەکردن و وەڵامی هۆز و خێڵەکانەوە لە ناکۆکییکانیاندا. دوای ئەم جۆرە لە قسەکردن، دەبێت چ قسەیەکیان هەبێت بۆ حیزبێک یان بۆ کەسانێک کە ناڕازیین و ئۆپۆزسیۆنن؟ یان بەڕاست ئەم حیزبە، هەر ئەوە مینتالێت و بیرکردنەوەیەتی کە هیچ کات نیازی ئەوەی نییە بدۆڕێت و وەک ئەندامێکی سەرکردایەتییکەیان وتبووی:(٦٥٪ دەنگ دەهێنن لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٣ دا). خۆ ئەگەر نەیانهێنا و نەیانتوانی سەرکەوتن بەدەستبهێنن ئەوە وادیارە قبوڵی ناکەن!، کەواتە ئەم حیزبە لە ئیستاوە ئەوە رادەگەیەنێت کە ئەنجامێک بە دڵی ئەمان نەبێت و سەرکەوتنی ئەمانی تیانەبێت تێکیدەدەن.


٣١\٣\٢٠١٣ - نەرویج

ماڵپه‌ڕی جیهاد محه‌مه‌د که‌ریم

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک