١٨\٣\٢٠١٦
کورد بەرەو قۆناغێکی نوێ:
کوردانی
رۆژئاڤا دوای سێ ساڵ لە بەرخودان توانیان فیدرالیی خۆیان رابگەیەنن.

ئێڤار ئیبراھیم*
دوای
ئەوەی سیستەمی فیدڕاڵی بۆ رۆژئاوای کوردستان و باکوری سوریا پەسەندکراو
ئەنجومەنی دامەزرێنەری سیستەمی فیدرالی دیموکراتی رۆژئاواو باکووری
ھەڵبژاردرا ئەوەش دوای ئەوە ھات کە لە ماوەی رابردوودا کانتۆنی
سەربەخۆیان راگەیاند.
بەو بۆنەیەوە خۆشحاڵی خۆمان نیشاندەدەین و پیرۆزبای لە تەواوی کوردان
بەگشتی و کوردانی رۆژئاڤا بە تایبەتی دەکەم، ھەروەھا ھەدیە یوسف وەک
ھاوسەرۆکی ئەنجومەنی دامەزرێنەری سیستەمی فیدڕاڵی رۆژئاوا دیاری کرا
بەو بۆنەیەوە پیرۆزبای لێ دەکەم و ھیوای سەرکەوتنی زیاتریان بۆ
دەخوازم.
راگەیاندنی
سيستەمی فیدرالی بۆ رۆژئاڤا ئەزموون و سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ کورد لە
قۆناغێکی ھەستیاردا سەرکەوتنێکی دیکەیان خستە سەر سەرکەوتنەکانی تر ،
داوا دەکەم کە ھەرێمی کوردستان لە باشور پشگیریی بکات بۆ ئەوەی ئەو
ئەزمونە سەرکەوتوبێت و یەکڕیزی و یەکگرتوی کوردانیش بە کردەوە
بسەلمێنرێت لە ھەرچوار پارچەی کوردستان پێکەوە خەبات بکەین بۆ
بەدیھێنانی مافی کوردان و پێشخستنی دۆزی کورد لە جیھان و ناوچەکە ،
ھەروەک ھەڵبژاردنی ژنێکیش بۆ ھاوسەرۆکایەتی بەڕێوەبردنی ئەنجومەنەکە
وەک ژن ھەنگاوێکی باشە و گرنگی تایبەتی خۆی ھەیە ، ھیوادارم ئەو ئەزمون
و سیاسەتی ھاوسەرۆکایەتی کە لە باکور و رۆژئاڤا پەیڕەودەکرێت
بگوازرێتەوە بۆ پارچەکانی تری کوردستان و جێبەجێ بکرێت، چونکە ژنان
بنچینەی سەرکەوتن و گۆڕانکاریەکانن لە کۆمەڵگادا.
لە رۆژئاڤا کوردان سەرکەوتنی بێ وێنەیان تۆمار کردوە و لەو پێناوەشدا
قوربانی زۆریان بەخشیوە لە پێناو شەرەف و خاک و نیشتمان بەرامبەر بە
تیرۆریستانی تاریک پەرست و دژە ئازادی کە ژنانیش رۆڵیان ھەبوە دوای سێ
ساڵ له بةرخودان ئەوە دەستکەوتێکی مێژوویە ، بۆیە دەخوازم مێژوویەکی
تازە دەست پێبکەن و دوور بێت لە ئەزومون و مێژووی تاڵی باشور کە لە
دوای راپەڕین دوو حیزبی دەسەڵات بەدەست دروستیان کرد.
سەربەخۆی رۆژئاڤا سەلمێنەری ئەوەیە لە رۆژئاڤا کورد ئیرادەیەکی سیاسی
بەھێزی بوونی ھەیە و ژنانیش وەک چۆن لە رووی سەربازییەوە لە جەنگ و
رووبەڕووبونەوەیان لەگەڵ گروپی تیرۆریستی داعش لەگەڵ پیاوان لە یەک
سەنگەردا بوون ئاواش لە بەڕێوەبردنی وڵات و کارگێڕی و ئیداری و
بڕیاردان و پلان و ستراتیژ بەشدارن و دەتوانن پۆستی باڵا بەڕێوەببەن.
پێنجشەممە ١٧ ی ٣ ی ٢٠١٦ دانیشتنی دوەەم بەبەشداری ٢٠٠ ئەندامی
ئەنجومەن، لە کۆبونەوەیەکدا ئەنجومەنی دامەزرێنەری سیستەمی فیدرالی
دیموکراتی رۆژئاوا و باکوور سوریا ئەنجومەنی دامەزرێنەری سیستەمی
فیدرالی دیموکراتی رۆژئاواو باکوری سوریا ھەڵبژێردران ئەوەش ھەنگاوێکی
تر کوردی لەو پارچەیە پێشخست.
____________________________
* ئێڤار
ئیبراھیم: سەرۆکی لێژنەی داکۆکیکار لە
مافی ئافرەتانی پەرلەمانی کوردستان.
١٧\٣\٢٠١٦
evaribrahem.parlaman@yahoo.com
|