٢٩\١١\٢٠١٧
کوردانی تاراوگە
دەبێ بەشداریی
لە کەمپەینی کێشە
نێوخۆیی و نەتەوەییەکاندا بکەن.

زاھیر باھیر
کۆچکردن و پەنابەریی کورد بۆ وڵاتانی ئەوروپی و ئەمەریکا و وڵاتانی
سکەندناڤی و وڵاتانی دیکە، بە زۆری دەگەڕیتەوە بۆ دوای جەنگی جیھانی
دووھەم. کورد کەمایەتییەکی زۆرکەم بوون بە بەراورد بە زۆرێک لە
نەتەوەکانی دیکە لە کۆچکردنیانا تاکو ناوەڕاستی حەفتاکان و سەرەتای
ھەشتاکانی چەرخی ڕابوردوو.
شەپۆلی تەواوی ڕەوی کورد بۆ ئەو وڵاتانەی سەرەوە لە سەراپای
کوردستانەکانا کەم و زۆر لە ھەمان وەختا کراوە. لە باشووری کوردستانا
لە دوای ئاشبەتاڵی بزوتنەوەی کوردیی/کوردایەتیی لە ئازاری سالی ١٩٧٥دا، لە ڕۆژھەڵاتی کوردستاندا لە دوای بە ناو شۆڕشی ئێران و لە باکوری
کووردستاندا دوای بزوتنەوەی پەکەکە و لە ڕۆژاوای کوردستاندا لە ھەشتاکاندا
دەستی پێکرد بەڵام بە ھێواشی، ھەتا سەرھەڵدانی "بەھاریی عەرەبی".
بەداخەوە کە ئامارێکی ئاوا نییە کە ژمارەی کۆچبەران و پەنابەریی کوردی
لەسەرجەمی ئەو وڵاتانەی ناونووسم کردن و وڵاتانی دیکە ،نیشان بدات تاکو
ژمارەیەکی کەتواریمان بداتە دەست. بەڵام ئەوەی ئاشکرایە کوردانی
باشوورو و باکوور زۆربەی کۆچبەران و پەنابەرانی کورد لەناو ھەموو
کوردانی تاڕاوگەدا پێکدەھێنن.
کوردانی تاڕاوگە گیروگرفتێکی زۆری ھاوبەشیان [کۆمۆن] لەتەک سەراپای
کۆچبەران و پەنابەرانی نەتەوەکانی دیکەدا، ھەیە. لەمانە: کێشەی زمان ،
خانووبەرە، کار، خەمی خێزانی بەجێماویان. ھاوکاتیش ھۆکاری سەرەکی
ھاوبەشی نێوان ھەموویان لە ڕەوپێکردنیان بۆ ئەم ولاتانە، ڕاستەوخۆ و
ناڕاستەوخۆ ھۆکاری سیاسییە. زۆرینەیان لەدەست بەندیکردن ، سەرکوتکردن ،
نەبوونی ئازادیی و ڕاونانیان، بووە. بەرپاکردنی جەنگ دژ بە
نەتەوەکانیان لەلایەن ڕوسیا و ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپاوە ، یاخود
ملکەچکردنی حکومەتەکانیان ھەر لە لایەن ئەو وڵاتانەوە تاکو ئارەزو و
داخوازییەکانیان بەجێبھێنن، ھۆکارێکی سەرەکین . ھەموو ئەو گرفتانە تا
ئێستاش لە نێوانی ھەموو کەمایەتییە نەتەوەییەکانا ، ھاوبەشن و لە
ئارادان.
گەر تەماشای تەواوی ئەفەریقا، ڕۆژھەڵاتی ناوین ، ئاسیا ، خواروی
ڕۆژھەڵاتی ئاسیا و ھەندێک لە وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ئەوروپا و باشووریی
ئەمەریکا، بکەین تێبینی ئەوە دەکەین کە ئەمە ڕاستییە.
لە کاتێکدا ھۆکارەکانی ڕەوکردنیان دەزانین بە تایبەت ھۆکاری سیاسی و
جەنگ بووە بۆ بەجێھێڵانی وڵاتەکەیان و نیشتەجێبوونیان لەم وڵاتانە ،
پرسیارێکی گرنگ سەرھەڵدەدا. بۆچی ئەم خەڵکانە لەم وڵاتانەی کە ئێستا
تیایدا نیشتەجێن، تێکەڵاو بە سیاسەت نابن ؟ ڕەنگە ھۆکارێکی زۆری جیاواز
ھەبێت، وەکو: ھەموویان پاشخانێکی سیاسییان نییە ، ھەموویان کێشەی
ئاوارەیی و چێشتنی ژیانی ناخۆشییان نابەستنەوە بە کێشەی سیاسی و
سیستەمی ھەنوکە و حکومەتەکانی وڵاتی نیشتەجێبوونیانەوە ،دەرک بەوە
ناکەن کە ڕەنگە ئەوانە ھۆکار بن ، یاخود ڕەنگە ترس بێت لە ھەر جۆرە
ھێڕشێک، سەرکوتکردن لە لایەن ھەر لایەک و دامەزارەوەیەک بە حکومەتی
ولاتانی خۆشیانەوە کە لێوەی ھاتوون، زۆرێک لە کێشەی خێزانی ، بڕوا بەخۆ
نەبوون ، کێشەی کۆمەڵایەتی، تا ڕادەیەک ھۆکارن . لە ڕاستیدا دەکرێت ھەر
یەک لە ئەمانە کێشەیەک بێت لە بەشداریینەکردنیان لە سیاسەتا لێرە .
بەڵام لەگەڵ ئەوانەشدا ھەر ھۆکارێک بێت، ھەر پاساوی بەشدارینەکردنی
لانی کەم خەڵکانێکی زۆر کەمیان نادات لەو کێشانەی کە ئەمڕۆ لەم
وڵاتانەدا ھەیەو سەرودڵی ئەوانیش و خێزانیشیان دەگرێتەوە.
ئاوارە و کۆچبەران لە ھەر کوێیەکی ئەم دونیایەوە ھەڵھاتبن بۆ ئەم
وڵاتانە ، لە کاتێکدا کە ھۆکاری ئاوارە بوونیان ھاوبەش و چونیەکن ،
بەھەمان شێوەش دوژمنەکانیشیان ھەر ھەمان دوژمنە. ھۆکاری ئەو ھەموو
نەگبەتییەی کە بەسەر ئەوان ھاتووە دەولەتە لە ئەوروپا و ئەمەریکا و
ڕووسیا و ئەوانی دیکە لەتەک دەوڵەتانی ناوچەکانی خۆشیان کە لێوەی
ھاتوون. ئەوە ئەم دەوڵەتانەن کە جەنگی جیاواز جیاواز دەخولقێنن ،
لەشوێنی خۆیان ھەڵیاندەکەنن، کۆمەک و ھاوکاریی گروپە تیرۆریستەکان و
حکومەتە دیکتاتۆر و فاشییەکانی وڵاتان و وڵاتانی کە لێوەی ھاتوون بە
ھەموو شێوەیەک، لە داپڵۆسینیانا، دەکەن. ئەوە ئەم دەوڵەتانەن کە
بازرگانی چەک و تەقەمەنی لەگەڵ حکومەتەکانیانا دەکەن ، ئەمانن کە
سەرچاوەکانی ژیانیان لێ دزیون، ئەمانن کە داخوازی جێ بەجێکردنی
سیاسەتەکانی دەزگە دراوییەکانی نێو دەوڵەتی و کۆمپانیاگەوەرەکان دەکەن
و کۆمەکیان پێدەکەن کە بچنە ئەوێ و تاڵانیان بکەن ، دیسانەوە ھەر
ئەمانن کە کار لەگەڵ کۆمپانیا گەوەرەکانا دەکەن بۆ وێرانکردنی
زەوییەکانیان و کۆمۆنێتییەکانیان، . ھەر ئەمانن کە ھۆکاری خاپوری
وڵاتیان و ڕاونان و ئاوارەکردنیانن، کەچی دەرگاشیان بەڕوودا دادەخەن .
ئەی کەواتە بۆچی ئەم خەڵکانە ، خەڵکانی کۆچبەر و پەنابەر ھێشتا ھەر
بێدەنگن، توڕەیی و ھیوایان وەرناگێڕنە سەر چالاکییەکی بەرھەمھێنەر؟
پێشتر من پەنجەم بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە بە چەند وەڵامێک ، ڕاکێشا،
بە دڵنیاییەوە ھۆکاری دیکەش کە من لە ئێستادا پەییان پێنابەم،ھەیە.
وەکو وتم ئەوانەی سەرەوە تەنھا ھۆکارێک نین بۆ ئاوارەبوونی کورد و کەمە
نەتەوایەتییەکانی تر، تاکو ھانیان بدات دژی دووژمنە سەرەکییەکانیان،
بجەنگن کە سیستەمەکە و ھێزە تاریکەکانن. ھۆکاری تر ھەن، کە ڕەنگە
ھەندێک لەمانە ڕۆژانە ڕووبەرووی ببنەوە ، وەکو : نەژادپەرستی ، ناشیرین
مامەڵەکردنیان ، ھەڵاواردن ، نایەکسانی و نادادوەریی کۆمەڵایەتیی.
لەم وتارەدا من تەنھا جەخت لەسەر کورد لە تاراوگەدا دەکەمەوە سەبارەت
بە چالاکییەکانیان و ئاڵانیان بە سیاسەتەوە ، ئەمە لە کاتێکدا زۆرێکیان
زۆر چالاکن لە کێشەی کورددا. بەڵام ئەو چالاکیانەیان فراوان ناکەن و
گرێی نادەنەوە بە خەبات وتێکۆشانیانەوە دژ بە دەوڵەتانی ئێرە کە تیایدا
دەژین ھەروەھا لە کۆمەککردن و ھاوکارییکردنی کەمپەینەکانی کە سەبارەت
بە کێشە نێوخۆیی و نەتەوەیییەکانن.
ئیمە ھەموومان دەزانین کە کۆمۆنێتییەکانمان لە بریتانیا لەژێر فشار و
مەترسییەکی زۆر گەورەدان لە لایەن تەواوی لایەنەکانەوە کە لە
دەسەڵاتدان : پارتی لەیبەر [کرێکاران] ، کۆنەپارێز [ موحافزین] و حوکمی
ھاوبەشی لیبراڵ و کۆنەپارێز. ئێمە لەژێر ئەم مەترسییەداین تا ڕادەی لە
دەستدانی شووناسنامەشمان ، ئازادیی سیاسی تاکە کەسیمان، لەدەستدانی
ئەوەی کە باو باپرانمان بەدەستیان ھێناوە. بەڕاستی ئیمە لە بەردەم لە
دەستدانی نزیکەی ھەموو شتێکداین . با ھەر تەنھا تەماشای مێژوی ئەم سێ
دەیەیە لە بریتانیادا بکەین، کە ئەمە ھەندێکیانە: لە تەسککردنەوەی
قەبارەی ئازادییەکانمان، دانانی زیاتر لە ١٥ ملیۆن کامیرای
چاودێریکردنمان، سیخوڕیکردن بەسەرمانەوە لە شێوەی جیاجیادا، سەرکوتکردن
و ھەراسانکردنمان لە ڕێگایی پۆلیسەوە ، دەرکردن و جێ بەجێکردنی زۆرێک
لە یاسا لەژێر ناوی یاسای " دژە تیرۆردا" ، ھێڕشکردنە سەر نقابە و
مافەکانی کرێکاران ، گۆڕانە بەردەوامەکانی یاسا و بڕگەکانی سەراپای
بیمە و مافی خانوبەرەو خزمەتگوزارییەکان، ھاتنەسەرەوەی ژمارەی کەسان
و خێزانی بێ خانووبەرە، فرۆشتنی خانووەکانی شارەوانی ، زیاتر کردنی
قوتابخانەی ئەکادیمی ، داخستنی بەشی منداڵبوون و فریاکەوتن (تەواریی)
لە گەلێک لە خەستەخانەکانا و ھەوڵی بە تایبەتی کردنی خەستەخانەکانی
دەوڵەت و درێژبوونەوەی لیستی چاوەڕوانی بینینی دکتۆرەکان و کاری
نەشتەرگەریی ، ھەڵوەشانەوەی پارەی خوێندنی خوێندکارانی زانکۆکان و
کردنیان بە قەرز، زیادکردنی پارەی کارەبا و ئاو و غاز، سەرخستنی تەمەنی
خانەنشینبووون ، زیادبوونی ئاستی پیسیی ژینگە، دانانی یاسای زیڕۆ
گرێبەست بۆ ئەوانەی کە کاردەکەن [ واتە نەبوونی ھیچ مافێک] ، ھەبوونی
٦.٥ ملیۆن کرێکار کە ھەقدەستیان لەژێر لانی کەمی کرێوەیە، نزیکەی ٤
ملیۆن منداڵ لە ھەژارییدا، دەژین . نزیکەی ٦٠٠ ھەزار کەس لەسەر
بەخشینەوەی خواردن دەژین کە بەشێکیان کاریش دەکەن . بە کورتی ئێمە
کۆیلایەتی مۆدێرنمان ھەیە و ئەم لیستە دەتوانرێت بۆ دەیەھا خاڵی دیکەش
درێژبکرێتەوە.
ئەو گرفتانەی سەرەوە ھەموویان یا زۆربەیان کارایی خۆی لەسەر کوردانی
بریتانیا وەکو ھەموو کەمە نەتەوایەتییەکانی دیکە ھەیە . ھۆکاریی
ھەژموونیشی بە ھۆی بوونی : قەوارەی گەورەیی خێزانییان ، گرفتی زمان،
تێنەگەیشتن لە کارکردنی سیستەمی ئەم وڵاتە ، ھەبوونی گرفتی خێزانی لێرە
و لەوێ، نەخۆشی سایکۆلۆجی و دەروونی و نەخۆشی دیکە بە ھۆکاری بارودۆخ و
پاشخانی سیاسیانە و کۆمەڵایەتی و زۆرێکی تر .
بۆ ھەر کام لەو کێشانەی کە لەم وڵاتەدا ھەیە و لەسەرەوە ناوم ھێنان لە
ھەموو شارەوانییەکان لە لەندەن و لە شارە سەرەکییەکانی بریتانیا
گروپگەلێکی زۆر دروستکراوە و دەستبەکاربوونی کەمپەینێکی بێ ئەژماریش دژ
بە ھێڕشەکانی حکومەت و کۆمپانیا گەورەکان ، ڕێکخراوە . ئەم گروپانە دژ
بە دەوڵەت و کۆمپانیا گەوەررەکانن بەو ئامراز و ڕێگایانەی کە خۆیان
پێیان باشە ، لەم تێکۆشانانەدا ھەندێکیان زۆر سەرکەوتوو بوون . لێرەدا
ئەوە دەبینین کە ھیچ گومانێک نییە سەرکەوتنەکانی ھەر کەمپەینێک لەو
کەمپەینانە زۆر سووودبەخشترن بۆ کۆمۆنێتی کوردی و کۆمۆنێتی کەمە
نەتەوایەتییەکانی دیکەش زۆر زیاتر لە خەڵکە بنەچەییەکەی [ ئەسڵییەکەی ]
بەھۆکاری بارودۆخی تایبەتییەوە.
کورد لەو ولاتانەی کە ئێستا لێی نیشتەجێن باشترە بەشداریی لەو
کەمپەینانەدا لەڕیزی خەڵکانی دیکەوە بکەن. ئیتر کاتی ئەوە ھاتووە خۆیان
لە پەراوێزیی ڕزگار بکەن ، وەختی ئەوەیە کە ڕۆڵیکی گەورە لە کەمپەینە
نێوخۆیییەکان و وڵاتا بگێڕن ، کاتی ئەوەیە کە کێشەکانی خۆیان بەخەڵکی
ئیرە لە ڕێگەی چوونە ناو کۆبونەوەکان و بەشداریکردن لە خۆپیشاندان و
دەربڕینی ناڕەزاییەکان بناسێنن و ھاریکاریی و ھاوکاریی خۆیان پێشکەش بە
خەڵکە لۆکاڵەکە بکەن و ھەمان شتیش بەدەستبھێننەوە.
کورد لێرە دەبێت کێشەکانی خۆیان لە ئاستی لۆکاڵ و وڵاتدا ھاوبەش بکەن
بیکەنە کێشەیەکی نێوخۆیی و وڵات. کردنی خۆپیشاندان بە تەنھا بۆ کێشەی
خۆیان و ھەر بە تەنھا خۆیان ، یاخود گردبوونەوە و دەربڕینی ناڕەزایی
تەنھا بۆ کێشەی خۆیان و بەخۆیان ، کردنی نەڕە نەڕ و قاو و قیژ ،
بەرزکردنەوەی چەند دروشم و وێنەی ئەم ڕابەر و ئەو سەرکردە بە تەنھا،
کافی نییە . گەر چاوەڕوانی ئەوە بکەن بە تەنھا کردنی ئەوانە و ھەر بە
خۆیان ، وا بزانن ئەم چالاکییانە تەواو و بەسن کە لە لایەن میدیا و
دەسەڵاتدارانەوە ببیسترێت، بە دڵنیاییەوە نایان گەیەنێتە ئەو ئامانجەی
کە ھەیانە.
ئەگەر دەیانەوێت دەنگیان لە لایەن خەڵکەوە ، لە لایەن دەوڵەت و
دەسەڵاتە نێوخۆییەکانەوە ببیسترێت ، ئەوە دەبێت تێکەڵ بە کۆمەڵی ئێرە
ببن تاکو سۆز و کۆمەک و ھاریکارییان حاسڵ بکەن . ئەوە ڕاست نییە کە
چاوەڕوانی خەڵک بکەیت کە یارمەتیت بدات بەڵام خۆت ھیچ یارمەتییەک
نەدەیت ، ئەمە لە کاتێکدا دەزانین کە ھەموو کەسێک بەری بردەنەوەی
کەمپەینەکان دەچنێتەوە.
لەگەڵ وتنی ئەوانەی سەرەوەشدا ئەمە مانای ئەوە نییە کورد لێرە کێشەکانی
خۆیان پشتگوێ بخەن و چەق لەسەر ئەو کێشانەی کە لێرە ھەن ، ببەستن .
بەڵام ئەمە ڕاستییەکە گەر بتەوێت کۆمەک و ھاریکاریی زیاتر بەدەستبھێنیت
، دەبێت لە چالاکییەکانی ئەو وڵاتەی کە لێی نیشتەجێیت بەشداریی بکەیت .
خەڵکانی کورد دەبێت دەرک بەوە بکەن کە ھاوکارانی دوژمنەکانیان لە
وڵاتانی خۆیان ، دەوڵەتە لێرە و کۆمپانیا گەورەکانە . چەندێک دەوڵەت و
کۆمپانیا گەورەکان لێرە لاواز بن ، حکومەتی وڵاتانی خۆشیان لاواز دەبن
و کەیسەکانی ئەمانیش بەھێزتر دەبێت سەرکەوتنیش بەسەردوژمنەکانیانا خێرا
تر دەبێت.
بایاخنەدانی کورد بە کێشە سیاسییەکانی نێوخۆیی و وڵات نەک ھەر لە
بریتانیادا کێشەیە ، من لە ڕێگای ھاوڕێیان و برادەرانەوە ئەوە دەزانم
ھەمان کێشە لە وڵاتانی دیکەی ئەوروپا و ئەسکەندناڤیا و ئەمەریکا و
وڵاتانی تریش ، ھەن ، کە بە دەگمەن خەڵکی کورد بەشداریی چالاکییەکان
دەکەن ئەگەر بزانن ئەو چالاکییانە، سەبارەت بە کێشەکانی خۆیان و
وڵاتانیان نییە.
لێرە ، لە بریتانیا، بەتایبەتی لە لەندەن کە من بۆ ماوەیەکی درێژە لێی
دەژیم، ئەوە دەزانم کە زۆرێک لە شارەوانییەکان، کورد تیایدا ژمارەیەکی
گەوەرە پێکدەھێنێت لە نێوانی کۆچبەران و و پەنابەرانی نەتەوەکانی
دیکەدا. لەو شارەوانییانە کێشەی گەورە گەورە ھەیە و کوردیش ڕاستەوخۆ
یاخود ناڕاستەوخۆ ڕووبەڕوی دەبێتەوە، کەچی ھێشتا کورد لەوێدا بێ دەنگە
و چاوی تەنھا خستۆتە سەر شتە تایبەتییەکانی خۆی، وەکو ئەوەی کە ئەو
گرفتانە ھیچ پەیوەدندییەکیان بەوانەوە نەبێت.
ماڵپەڕی زاهیر باهیر
|