په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٤\٥\٢٠١٨

کوردایەتیی!


جیهاد محەمەد      

- بەشی سێیەم -


خەبات و تێکۆشانی گەلی کورد بە گشتی و بە تایبەتی خەبات و تێکۆشانی گەلی کورد لە عێراق و گەلی کورد لە ئێراندا، خاوەنی تیۆریاییەکی شۆڕشگێڕ و پراکتیزەی ئەو تیۆریاییە نەبوون، هەتا ئێستاش بە شێوەیەکی هەڕەمەکی و هەموو تیۆڕیا و بیرکردنەوەی ئەم تێکۆشان و خەباتە خۆی لە کوردایەتیەکی بیرتەسکدا دەبینێتەوە، هەرکەس و هەرچ بیر و بیرکردنەوەیەک خۆی نەخستبێتە نێو بۆتەی ئەم کوردایەتیەوە، بە پێی خوێندنەوە و هەڵسانگندنە نالەبار و ناڕاستەکەی کوردایەتی تەخوین کراوە، هەر هیچ نەبێت پێی دەڵێن، عێراقچی و عێراقچیەکان، یان ئێرانچی و ئێرانچییەکان، ئەم چەمکە بێ واتا و پڕ لە تێنەگەیشتنە بێ فکرانە، زۆر دەمێکە خزاندویانەتە نێو فەرهەنگ و ئەدەبیایتی سیاسییەوە، چ لە لایی کوردەکانی عێراق، چ لە لای کوردەکانی ئێران. زۆر جاریش دەسەڵاتخوازییەکانیان گەیشتۆتە ئەو ئاستەی، کە چەندین جار شەڕی خوێناوی لەگەڵ یەکتری بکەن، ئەگەر ئەوەشیان بۆ نەکرابێت، شەڕی ڕاگەیاندن و تەخوینکردن و شەڕە جنێو تا ئێستاش لە ناویاندا نەبڕاوەیە. تەنانەت لەسەر دەمی سەرکردە و کەسە باڵاکانیانەوە خەڵکیان فێری ئەوە کردوەو، کە بە خەڵکی هەولێر بڵێن، هیچ نەزان، فەقیر، داماو، نەخوێندەوار و عەشایەر، یان بە خەڵکی سلێمانی بڵین ئێرانییەکان و فشەکەرکان و سلێمانجیەتیەکان و ئیرهابی فکری و قسەگەڵێکی بێ واتا و نابەجێ، ئەوانەی لە هەولێردا فێری ئەم ئەدەبیاتە پوچە بوون، بە توانج و تانە دەڵێن، ئێرە(واتە هەولێر) سلێمانی نییە!، ئەوانەشی لە سلێمانیدا فێری ئەو ئەدەبیاگە پوچە بوون، دەیان نوکتە لەسەر هەولێر دروستدەکەن.


ئەم سیاسییە بێ فکر و نەزانانەی کوردایەتی، بە یەکتری دەڵێن خائین، درۆزن، ساختەچی، جاشی ئێران، جاشی عەبادی، جاشی تورک و میتی تورکی، کەچی وەک تریش لە پێناوی دەسەڵاتخوازییەکەیاندا ئیتیفاقی سیاسیی و ستراتیژیی مۆردەکەن لەگەل یەکتریدا. بە عێراق و حوکمڕانەکانی ئێستای عێراق دەڵێن، فاشی، دز، درۆزن و دوژمنی گەلی کورد، کەچی لەولاوە دەستوریان لەگەڵدا دەنووسنەوە، کە دەستوریش دەنوسنەوە شەڕ لەسەر ئەوە دەکەن، کە ئەم حیزبیان، یان ئەم سەرکردەیان، دەستی باڵای هەبووە لە نووسینەوەی ئەو دەستورەی، کە بە حسابی خۆیان زۆربەی مافەکانی گەلی کوردی تیا بەدیهاتووە.


چونەک نەخوێندەوارانە و خێڵەکیانە و لەسەر بنەمای بێ فکریی و کوردایەتیە بیرتەسک و شۆڤێنێتیەکەیان سیاسەت دەکەن، چونکە چاویان لە دەسەڵاتخوازیە، نەک لە مافی گەلی کورد، پێ بە پێی پێشێلکردنی دەستور لە لایەن حوکمڕانەکانی وەک مالکی و عەبادیەوە، ئەمانیش هەمان پێشێلکاری دەکەن، واتە وەک شەڕە گەڕک کار دەکەن و بیر دەکەنەوە. ئەم شەڕانە هیچ جیاوزی نییە لەگەڵ شەڕی نێوان دوو خێڵ، یان دوو گوندا.


هەموو ئەم تەخوینکرد و چەمکە سەقت و نالەبارانەش لە بێ فکری و بێ تێڕامانی ناسیۆنالستییە نەژادپەرستیی و دواکەوتووەکەی کوردایەتیەوە سەرچاوەی گرتووە. ئەمانە وا بیریان کردۆتەوە، کە مەسەلەی کورد و کێشەی کورد، تەنها وابەستەی یەک کێشەی نەتەوەیی و یەک کێشەی کوردستانی و عێراقی و ئێرانیە، بۆیە ئەمە دۆخێکی هێندە بێ فکری و ئایدۆلۆژی و فەلەسەفی بۆ هێناونەتە پێشەوە، کە نەیانتوانیوە کێشەی گەلی کورد بخەنە سەر راستە ڕێی خۆی، کە کێشەیەکی ناوچەیی و جیهانیە، کێشەیەکە وەک هەموو کێشەکانی گەلانی تر لە ناوچەکەدا، کە رزگاری و ئازادی و سەرفرازی و سەربەخۆیان بە خۆیانەوە نەبینیوە، بە پێچەوانەوە، ئەگەر گەلی کورد لە سەردەمانێکی دوورودرێژدا هەموو دەسەڵاتخوازن و حوکمڕانە ناسیۆنالستیی و حکومڕانە دینیی و دیکتاتۆر و تۆتالیتارەکانی ئەفەرۆز کردووە، بەڵام گەلانی تری ناوچکە وەک گەلانی عرەبی و تورکی و فارسی کەوتوونەتە هەڵەیەکی گەورەی ستراتیژیی و نەزانین و ناهۆشیاری ئەوتۆەوە، کە بوون بە شەڕکەر و بەرگریکاری حکومەتە چەوسێنەرەکانی خۆیان بە ناوی حکومەتی عەربی و تورکی و فارسیەوە.


هەڵبەت ئەوەش ڕوونە و سەدان بابەت و کتێب و نووسینی لەسەر نووسراوە، کە ئەم حوکمڕانانەی ناوچەکە و هەموو رۆژهەڵاتی ناوین، بە وەکالەت وەکالەتی سەرمایەداری جیهانی دەکەن و بوون بە پارێزەری بەرژەوەندیە گڵاوەکانی کۆمپانیا سەرمایەدارەکانی جیهانی و خۆشیان وەک دەستەبژێرێکی ئەو گەلانە دەستیان خستۆتە بینەقاقای نەتەوە و گەلانی خۆیانەوە و دایان دەدۆشن، هەرچی پێی بڵێی شکۆنەدنی و ڕێزی کۆمەڵایەتی و سیاسیی نەتەوەیی و کۆمەڵ و چین و تاک هەیە نییانە.


ترسناکترین و خراپترین و هەڵەترین خەبات و تێکۆشانی گەلانی کورد لە ناوچەکەدا ئەوە بووە، کە هەمان بیرکردنەوەی حوکمڕانە جینۆسایدکارەکانی گەلی کورد و گەلانی دیکەیان هەبووە. ئەم کوردایەتیە، نەیتوانیەوە ئەم عەقڵیەتە داگیرکاریی و دەسەڵاتخوازیە تێپەڕێنێت.


هیچ کات و هیچ سەردەم و هیچ رۆژێک نەبووە و بەرگوێ نەکەوتووە، کە ئەم حیزبە کوردییانەی لەسەر بنەمای کوردایەتی دروستبوون و گەورەبوون، بتوانن رەخنەی خۆیان بکەن و واز لە مێژووی خۆیان بهێنن و بە گوێرەی سەردەم و عەقڵیەتە پێشکەوتووخوازەکان رەفتار و مامەڵە بکەن، بە پێچەوانەوە هەمیشە لە نۆستالیژادا دەژین.


ئەمانە چونکە دەسەلاتخواز بوون، چونکە بیریان لای دەسەڵات و بنەماڵە و حیزبەکانی خۆیان بووە، بۆیە هەرگیز لە ڕووی ئەخلاقی و بیرکردنەوەی فەلسەفیانە و پرسیاری فەلسەفیانەیان نە لە خۆیان و نە لە کەسیان نەکردوە، لای ئەمان تەنها ئەوە گرنگ بووە، کە تەقەکردن و راودونان و پاکتاوکردنی ئەو کەسانە لە ئارادا بێت، کە لەگەڵیاندا نین و رەخنەیان لێ دەگرن. بۆیە چۆن لەسەردەمی شاخدا کەسە نەیارەکانی خۆیانیان پاکتاو دەکرد و لە کونی زیندانیان دەخستن و بە دەیان کەسیان لێ تیرۆکردن، بە هەمان شێوە لە سەردمی حوکمڕانیەکەشیاندا، لەسەردەمی پەرلەمان و دامودەزگا یاساییەکانیشیاندا، بە بێ داداگییکردن دەیان کەسیان خەڵتانی خوێن کرد و وازیان لە پاکتاوکردن نەهێنا.


ئەم کوردایەتیە بە جۆرێک بێ عەقڵی و بێ سەلیقەیی دروستکردووە نەک هەر لە ناو حیزبەکاندا بەڵکو لە ناو زۆربەی خەڵکی رەشوڕووت و برسیشدا، کە هەموو گەلی عەرەب و فارس و تورکیان بە بێ مێشک و دڕندە سەریرکردووە، فەرهەنگێکی دوژمنایەتیان لە نێو خەڵکدا دروستکردوە، لێرەوەیە، کە دەڵێین ئەم کوردایەتیە، درێژە پێدەری چەوساندنەو و ناهۆشیاری و بێ مێشکی هەموو گەلانی ناوچکەیە بە گەلی کوردیشەوە، کە سەدان ساڵە شەڕی دین و ئیانزا و ناسیۆنالستیی دەکەن، بێ ئەوەی خۆیان هیچ سوودێکیان لێ وەرگرتبێت و بێ ئەوەی گەلی کوردیان گەیاندبێت بە هیچ مافێک.


ئەگەر تێبینی بکەین، کە دەبێت نەک تێبینی، زۆر لێی رابمێنین و شرۆڤە و شیکارییەکی زیرەکانەی بۆ بکەین، ئەم کوردایەتیە لە حوکمڕانی و ئیدارەشدا، کە زیاتر لە ٢٧نساڵە ئیدارە و حوکمڕانن و هەڵبژاردن ئەنجام دەدەن، پەرلەمان دروستدەکەن، دامەزروە حوکومییەکان دروست دەکەن، نەیانتوانیوە لە عەقڵیەتی شاخ خۆیان جیابکەنەوە. چۆن لە (شۆرش)ەکانیاندا کۆمیتەی دێهاتەکانیان دروست دەکرد، چۆن ئەمانەتەکانیان دروست دەکرد، چۆن پەل و لق و بەتالوێن و هێز و سەرکردایەتی سیاسی و سەرکردایەتی عەسکەری و دەزگای ئاسایشیان دروست دەکرد، یان لەسەر دەمی ئەوەی پێی دەڵێن"شۆڕشی نوێی گەلەکەمان" چۆن ئەنجمومەنی دێهاتەکان و کەرت و مەڵبەند و سەرکردایەتی سیاسی و سەرکردایەتی عەسکەریان دروست دەکرد، کە هەموو ئەمانە لەسەر بنەمای نادیموکراتیانە بوون، هەموویان ببوون بە دەزگاگەلێک بۆ چەوساندنەوەی خەڵک، ببوون بە دەزگاگەلێک، بۆ خۆسەپاندن بەسەر خەڵکدا، هەرچی ئەم دەزگایانە بیانوتایە هەر ئەوە بوو، بۆ هیج کەسێک نەبوو دیبەت و دیالۆگیان لەگەڵ بکات، ببوون بە جاسوس بەسەر هەرچ کەس و گروپێکەوە، کە بیریبکردایەتەوە، کە بیخوێندایەتەوە، گاڵتەیان بە خوێندەوار و کتێب و خوێندنەوە و ئەدیب و ڕۆشنبیر دەکرد، مەگەر ئەوانەی، کە بەو ناوانەوە لەگەڵیاندا بوون، توانیبێتیان جار جار شتێک بنووسن و بڵێن. بە مەرجێک لە چوارچێوەی عەقڵیەت و کوردایەتیەکەی ئەواندا بخولێتەوە و سنور نەبەزێنێت. بە هەمان شێوە لەسەردەمی حوکمڕانیی شاریشدا، هەمان دەزگاگەلی نادیمکراتییان دروستکردووە.


ئەم کوردایەتیە، شان بە شانی عروبە و تورکچێتی و فارسچێتی، ئاستەنگی گەورەی لەبەردمە گەیشتن بە مافە رەواکانی گەلی کوردا دروست کردووە، گەلی کورد و مەسەلەی ئەم گەلەی وەک گەلێکی چەوساوە دەرگیری عەقڵیەتێکی شۆڤێنیستی و ڕق و کینە کردووە، دەرگیری شەڕێکی نەبڕاوەی کردووە، کە شەڕی نە کورد وەک گەلێکی چەوساوە، نە شەڕی خەڵکی ڕەشوڕووت و چەوساوەیە.


ئەم کوردایەتیە، گەلی کوردی خستۆتە بۆتە و خولگەی حیزبگەلێکی نا عەقڵانی و نەزان و خێڵەکی و بنەماڵەیی، کە هەتا لەم خولگەیە خۆی رزگار و ئازاد نەکات ناتوانێ هەنگاوێکی جددی هەڵبێنێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نەتەوەیی و رەگەزیی و چینیی و ئیکۆلۆژیەکانی خۆی. ئەم کوردایەتیە، هەموو کێشەکانی گەلی کوردی وەک کێشەی تاک و خود بە تایبەتی بۆ گەنجان، وەک رەگەز و کێشە جێندەرییەکەی، وەک نەتەوە و کێشە نەتەوەیەکەی، وەک چین و کێشە جینایەتیەکەی وەک کێشە مرۆڤایەتییەکانی، خستۆتە ڕاژەی دەسەڵاتخوازی خۆی و شەڕ لەسەر دەسەڵات و پۆست و پلە و پایە بۆ دەستەبژێرێک لە حیزب و بەنماڵەکانیان.


٢٩\٤\٢١٠٨ - کوردستان

ماڵپه‌ڕی جیهاد محه‌مه‌د که‌ریم
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک