١٥\١٢\٢٠١٧
کوردبوون و
ناسیۆنالیزم.
- خوێندنەوەیەیەک بۆ پەرتووکی''بوونی نەتەوەیی
کورد، لە نێوان فەلسەفە و سۆسیۆپۆلەتیکدا'' -

هەڵۆ محەمەد
- بەشی
بیستەم -
بەشی سێیەم: تیۆرەکانی نەتەوەخوازی و
دروستکردنی نەتەوە.
"بەپێی تێڕوانینی مۆدێرنستەکان،نەتەوە وەک هەر دروستکراوێکی تەکنینکی
بەرنامە و پلان بۆ دروستکردنەکەی دادەنرێت،بەمەش پلاندانان بۆ
دروستکردنی نەتەوە دەبێتە بەشێک لە پرۆسەی نەتەوە،ئەم پرۆسەی {پێکهێنانی
نەتەوە}پلانی بۆ دانراوە ،پرۆسەیەکی مۆدێرن بوو کە لە پێش ساڵی ١٧٨٩ دا
شتی وا رووینەدابوو".٢٨١
نەتەوە بەرهەمی مۆدێرنەیە، ئەمەش هەردوو بەرەی مۆدێرنیست و
ئیتنۆسیمبۆلییەکان لەسەری هاوڕان. نووسەر لە گەوهەری ئەم خاڵە باش حاڵی
بووە، مەرامە خراپ و بۆچوونە چەوتەکانی، بۆیە بەم کارە قەبەوە و گشتگرە،
ڕەتی دەکاتەوە و لە شوێنێ ئەو بۆچوونە، سمیسی مۆدێرنیزم بە دوو شێوە
خۆی دەنوێنێ: کرۆنۆلۆجی ئیتنۆسیمبۆلەکان، پەیڕەوی لێدەکەن و
نەتەوەخوازی وەک ئایدۆلۆجیا و ئیتنۆس تارادەیەک نوێیە. سۆسیۆلۆجی:
مۆدێرنستەکان رابەرایەتی ئەم دید و روانگەیەش دەکەن پێیان وایە،
نەتەوەخوازی بریتی نییە لە داهێنان و شتی کۆن نوێ کردنەوە، بەڵکو
نەتەوەخوازی پێشتر هەر نەبووە. لای ئەمانە" نەتەوەکان و دەوڵەتی
نەتەوەیی و ناسنامەی نەتەوەیەیی"، هەموویان بەهەمان شێوە بەرهەمی
سەرهەڵانی مۆدێرنەن.
"نەتەوە لای رینان داهێنراوێکی نوێیە و پێش شۆڕشی فەرەنسا بوونی
نەبووە،بۆ ئەم داهێنانە نوێیەش دوو توخمی سەرەکی هەن، یەکیان ریشەی لە
رابردوودایە و خاوەنداریەتییەکی هاوبەشی کۆمەڵە ئەتنیکێکە بۆ میراتێکی
دەوڵەمەندی بیرەوەرییەکان،ئەوی تریان ریشەی لە ئێستادایە و ئاواتی
پێکەوە ژیان و ویستی بە زیندوو راگرتنی ئەو میراتە هاوبەشەیە بەوەی ئەو
گروپە کۆمەڵایەتییە جیاوازانەی کە خاوەنی ئەو میراتەن پێکەوە کاری
پێکەوەیی ئەنجام بدەن و ئەو میراتە پەرەبسێنێ و گەشە بکات"٢٨٣
رێنان باس لە نەتەوە دەکات، باسی نەتەوەخوازی ناکات. بناغە داڕێژەری
ئەم بیرۆکەیە مۆدێرنزمە. هەر هەموو بیرمەندان لە رێگای دروستکردنی ئەو
کولتورە نوێیەوە، بیرەوەرییەکانیان هاوبەش دەبێ ئاواتی پێکەوە ژیان
لایان سەر هەڵدەدات و کولتووری ناوبراو بەرەو گەشە ببەن.
یاخود دوای قۆناخی کولتورە نوێکە، ئینجا دیاردەکانی دیکەی نەتەوە و
نەتەوەخوازی دێنە ئاراوە.
"ئەم گرووپانە بە رێکەوتنێکی مێژوویی لەناو رووداوێکی لەو جۆرەدا وەک
یەک هێز لەبەرامبەر ئەو هێزە دەرەکییەدا دەوەستن کە هەڕەشەیان
لێدەکات،ئەو رێکەوتە ئەو یەکبوونە مێژووییە لە نێوان ئەو گروپە
ناچونیەک و جیاوازانەدا دروست دەکات،بەمەش جۆرێک لە هۆشیاری لەلایان
سەرهەڵدەدات بەرامبەر بە سوودی پیکەوە ژیان و پێکەوە کارکردن،ئەم
هۆشیارییەش لەو بیرەوەرییانەوە سەرچاوە دەگرێت کە گرووپەکان لەو
رووداوەدا بوونەتە هەڵگری". ٢٨٤
دەرئەنجام سیستەمێکی کۆمەڵایەتی بۆ بەڕێوەبردنی ژیان و گوزەران دروست
دەبێت و دەبێتەوە بە داینەمۆی نەتەوەخوازی و بەم میکانیزمە هەنگاو
بەرەو دروستکردنی نەتەوە دەنێت. گێلنەر دەڵێ:
" نەتەوەخوازی بنەمایەکی سیاسییە و داوای هەماهەنگی یەکەی سیاسی و
یەکەی نەتەوەیی دەکات".٢٨٦
هەماهەنگی سیاسی و نەتەوەیی پێشتر نەبووە، بەڵام کولتوری مۆدێرنە، ئەمە
لە کۆمەڵگای پیشەسازیدا دادەسەپێنێ و دەیخاتە کارەوە.
"لێکۆڵەرە مۆدێرنستەکانی بواری نەتەوەخوازی هەموویان لەسەر ئەو
بنەمایانە کۆکن کە نەتەوەیان لەسەر دروست دەکرێت.ئەوەی جیاوازی لە
نێوانیاندا دروستکردووە،ئەوەیە کە هەریەکەیان بۆچوونێکی لە بارەی جۆری
ئەو کولتورە دروستکراوەوە هەیە کە نەتەوەی پێ دروست دەکرێت.
لای گێلنەر و هۆبزباوم ئەو کولتورە پیشەییە دروستکراوەیە کە لە
قوتابخانە و زانکۆ مۆدێرنەکاندا دەخوێنرێت،لای ئەندرسۆن ئەو کولتورە
ئەو کولتورەیە کە رۆشنبیران و رۆژنامەنوسەکان دروستی دەکەن و لە رێگەی
کتێبەکان و رۆژنامە و گۆڤارەکانیانەوە بڵاوی دەکەنەوە. لای سمیس ئەو
کولتورە هەمان ئەو کولتورە میللییەیە کە لەناو گۆمەڵگادا هەیە، بەڵام
ئەو کولتورە بە پرۆسەی دروستکردندا براوە و جارێکی تر بە پێی پێداویستی
ژیانە مۆدێرنەکە داڕێژراوەتەوە و کراوە بە کولتورێکی مۆدێرن".٢٨٩
لای گێلنەر نەتەوە بریتییە لە کۆمەڵگایەکی پیشەسازی، بەم پێیە
میکانیزمی نەتەوەخوازی دەیخوازێ بۆ دروستکردنی نەتەوە، هەماهەنگی سیاسی
و کولتوورییە. یەکەی سیاسی، واتە دەوڵەت. دواتر نابراو، باس لە کولتوری
کێوی و کولتوری فەرمی باخچەیی دەکات و بەدرێژی هەموو بۆچوونەکان
رووندەکاتەوە.
پاشان دەنووسێ، شتەکان بە ڕێگای رێکەوت ساز دەبن .ئەویش پێچەوانەی
بۆچوونەکەی لایبنێتز و فیختە و هێگڵە. ئەوان پێیان وایە، ئەوەی لە
مێژوودا روودەدات، بەپێی رۆح و ئامانجە عەقڵییەکە روودەدات.
ـ دروستکردنی نەتەوە بە کولتوری پیشەیی قوتابخانە مۆدێرنەکان.
لێرەدا کولتووری میللی،کولتورێکی کێوییە،وەک رووەکی کێوی.بۆیەکا
پێویستە هەوڵی ماڵی کردن و بە باخچەیی کردنی بدرێ.
کولتوری فەرمی، کولتورێکی باخچەییە، وەک ڕووەکی باخچەکان، کە لە ژێر
چاودێری و سەرپەرشتی دەرەکیدا دەیچێنن، ڕێک دەخرێن و گەشە دەکەن.
" بە پێی بنەما سیاسییەکەی نەتەوەخوازی،ئەوەی نەتەوە دیاری دەکات
کولتوری میللی نییە و کولتورە پیشەییە دروستکراوەکەیە،کولتوری پیشەیی
دروستکراو کە سیاسەتی دەوڵەت بەردەوام پشتیوانی دەکات،بۆ ئەوەی بتوانێت
زاڵبێت بەسەر کولتورە میللیەکاندا،دەبێت بە کولتوری راستەقینەی نەتەوە
پێناسە بکرێت و نەتەوە هەماهەنگی ئەم کولتورە بێت وەک یەکەی کولتوری
لەگەڵ یەکە سیاسییەکەدا کە سنوورەکانی قەڵەمڕەوی دەوڵەت دەگرێتەوە".٣٠٦
هۆبسباوم، هاوڕایەکی گێلنەر و بیرمەندێکی دیاری مۆدێرنزمەیە، کەموزۆر
کاری لەسەر دەوڵەمەندکردنی بیروڕاکانی گێلنەر کردووە.د. عرفان دواتر
ئاماژە بە رەخنەیەکی هۆبسباوم لەسەر گێلنەر دەدات و ئەوجا خاڵی
هۆبسباوم لەسەر دوو روانگەی جیاواز بۆ نەتەوە و جیاکردنەوەی دوو
جۆرەکەی نەتەوەخوازی دەوڵەتی و نادەوڵەتی دەکات. بۆچوونەکانی بە
تێروتەسەلیی لە لایەن نوسەرەوە خراوەتە بەر باس و لێکدانەوە.
ـ نەتەوەخوازی لە نێوان پیشەیی و کولتوری ئەتنیکیدا.
هۆبزباوم دەڵێ: "نەتەوەخوازی لە بنچینەدا لەسەرەوە شێوەگیر
دەکرێت،بەڵام ناکرێت لەمە تێبگەین گەر لە خوارەوەش بە هەمان شێوە
شینەکرێتەوە، واتە بە زمانی لافلێدان و ئومێد و پێداویستییەکان و
ئارەزووەکانی و بەرژەوەندییەکانی مرۆڤە ئاساییەکان،ئەمەش بەزەروورەت
نەتەوەخوازی نییە".٣١٢
"لەدوای ساڵی ١٨٣٠ وە،ئەوە گەلە لەدەوڵەتدا وەک نەتەوە گوزارشت لەخۆی
دەکات نەک ئەتنیک،گەلیش هەموو ئەو ئەتنیکە جیاوازانە لەخۆدەگرێت کە لە
سنووری سیاسی ئەو دەوڵەتەدا نیشتەجێن".٣١٥
د.عرفان مشتێ نمووونەی سەرکەوتوو بۆ بەرپەچدانەوەی تێزەکانی هوبسباوم
تاووتوێ دەکات. لە ڕێگەی بایەخی زمان لە دەوڵەتی نەتەوە دا، بۆ نموونە
مۆدێلی فەرەنسی پێ ناسراوە. باس لە ئیرلەندی و وێڵزی بەریتانیا و
فرانکۆنی بەلجیکاش دەکات. پرسی زمان خاڵێکی گرنگی جیاوازی نێوان دوو
نەتەوەخوازیەکەی دەوڵەتی و نادەوڵەتییە. د. عرفان سیستەماتیکانە و بە
چڕی لەسەر ئەمە دەڕوات. باس لەوەش دەکات، کەوا ٣ مەرج هەبووە بۆ ئەو
گەلانەی لەنێوان ١٨٣٠ـ١٨٧٠،دا تا بە پرۆسەی بە نەتەوەبووندا بڕۆن:
١ ـ پەیوەست بوونێکی مێژوویی بە دەوڵەتێکی پێشینەوە یان بە دەوڵەتێکەوە
کە ڕابردوویەکی دێرین و قوڵی هەبێت.
٢ ـ بوونی دەستەبژێکی رۆشنبیری دێرین کە خاوەنی زمانێکی شاری و ئەدەبی
نووسراو بێت و کاروباری نەتەوەیی خۆیانی پێ بەڕێوەببەن. وەک ئەڵمان و
ئیتالی.
٣ـ توانادارییەکی بەڵگەدار لەسەر وڵاتگیری دەرەکی، لێرەدا گەلێکی
ئیمپریالی لەو جۆرە بوونی نییە کە کۆمەڵگایەکی گەورە لە دانیشتوان کۆ
بکاتەوە و وایان لێ بکات لە ئاستی خۆیاندا بە بوونی کۆیی خۆیان هوشیار
بن.
گێلنەریش ٤ جۆر لە نەتەوەخوازی دیاری دەکات:
١ـ پورتوگال و ئیسپانیا و فەرەنسا و بەریتانیای گەورە، کە بەدرێژایی
کەنارەکانی ئەتلەنتیکدا، دەوڵەتی بنەماڵەیی بەهێزبوون.
٢ـ ئەڵمانیا و ئیتالیا، لەسەر زەمینی ئیمپراتۆرێتی رۆمانەکان خاوەنی
کولتوری باڵای گەشەکردوو بوون، نەک دەوڵەت. سیاسەتی پەرشوبڵاوی
بەرقەرار بووە، نەتەوەخوازی ئەم دوو نەتەوەیە، و چەقی نێوەندیی
خواستەکانیان بە داوای یەکگرتنەوەیان بڵند کردۆتەوە و دەربڕیوە.
٣ـ رۆژهەڵاتی ئەوروپا، لە ڕێگای زەبر و زەنگ و کوشت و کوشتارەوە کاریان
کردووە. ئەمانە نە خاوەنی دەوڵەت بوون نە کولتوری باڵا.
٤ـ هەڵبەت شورەویش وەک مۆدێل و سیستەم و ئایندەیەک ئەو سەردەمەی، ئەم
لێکۆڵینەوانە ئەنجام دروان، دیار نەبووە بەرەو کوێ مل دەنێت.شورەوی لە
ڕێگای شۆڕشی بۆلشەفیکەوە ڕاگیرا،تا کۆتایی شەڕی سارد و لە ئاکامدا
داڕما.
"نەتەوەخوازی نەتەوە بەهێزەکان،نەتەوەخوازیی دەوڵەتی بوو،بەڵام
نەتەوەخوازیی کەمینەکان نەتەوەخوازیی نادەوڵەتی بوو، ئەمە سەرەڕای
ئەوەی کە لەم سەردەمەدا نەتەوە بچووکەکانی ناو دەوڵەتە نەتەوەییەکانی
سەردەمی لیبراڵییەتی کلاسیک وەک ویڵزی و سوکتلەندییەکانی بەریتانیا و
فلیمەنکییەکانی بەلجیکا لەگەڵ کردنی نەتەوەکان بە کەمینەی ناو دەوڵەت و
جارێکی تر بوونەوە بە هەڵگری نەتەوەخوازیی نادەوڵەتی و بەرامبەر بە
نەتەوەخوازیی دەوڵەتی وەستانەوە. هۆبسباوم لێرەشدا هەوڵدەدات بەو
ئاراستەیە مێژوو بنووسێتەوە کە نەتەوەخوازیی نادەوڵەتی بەردەوام لە
شکستدا بووە لە بەرامبەر نەتەوەخوازیی دەوڵەتیدا،لە رۆژئاوادا نموونەی
کاتالۆنییەکان و باسکەکان وەردەگرێت کە لە دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی
خۆیاندا شکستیان هێناوە".٣٣٠
لە ڕاستی دا، یەکێ لە کێشە بنەڕەتی و هەر بە بڕشت و کاریگەرەکان لەسەر
داڕمانی شورەوی، کێشەی نەتەوەکانە، کەچی دیکە، ئەو نەتەوانە نەیان
دەتوانی قبوڵی سیاسەتی ناوەندی رووسی لە مۆسکۆە بکەن. بە بۆچوونی
پرۆفیسۆر گێرهارد سیمۆن، فاکتی سەرەکی داڕمانی شوورەوی" پرسی نەتەوەکان"
بوو. دژایەتییە بێ ئابڕووەکەی یەکێتی ئەوروپا بەرامبەر بە بڕیاری
ریفەراندۆم و سەربەخۆیی سکۆتلەنییەکان ، پەردەیەکی چڵکن و ناشیرینی
سیاسەتی نەتەوەخوازی دەوڵەتی ئینگلیز و هەندێ وڵاتی دیکەی ئەوروپا بوو.
مۆدێرنیستەکان هاوکێشەکە بەم جۆرە دادەڕێژن: سەرەتا دەوڵەت دروست کردن،
قووتکردنەوەی نەتەوەخوازی، ئەوجا بەم دوو میکانیزمە بە تایبەت
نەتەوەخوازی دروستکردنی نەتەوە ئەنجام دەدرێ. مۆدێرنە نەتەوە لای
پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتییە و ڕیشە و رابووردووی نییە. بە پێی سیستەمی
نوێ کار دەکات. ئیتنۆسیمبۆلەکان نەتەوە لایان لە فۆرمێکی تر دایە.
کولتوری فەرمی خوێندنی لەگەڵ یەکەی سیاسییدا هەماهەنگ دەکات.
ئیتنۆسیمبۆلییەکان دەڵێن: کولتوری میللی ئەم هەماهەنگییە دروست دەکات.
ئەمانە جیاوازی نێوان بەرەی مۆدێرنزیم و ئیتنۆسیمبۆلەکانە. نەتەوەخوازی
دەوڵەتی، بە پێچەوانەی نەتەوەخوازی نادەوڵەتییەوە زۆربەی کات خاوەنی
پشتیوانی نێودەوڵەتیە، وەک نموونەکەی دژ وەستانەوە بەرامبەر بە پرسی
سەربەخۆیی سکۆتلەندە، بە قازانجی بەریتانیا و لە ئێستای ٢٠١٧دا، ڕژێمەی
بەشار ئەسەد و دەوڵەتی سوریادا، بەرامبەر بە ڕکەبەرەکانی.
ـ دروستکردنی نەتەوە بە داڕشنەوەی مۆدێرنانەی کەلتوری میللی.
دواتر بەم چەند خاڵە،ئەم ڕوانگەیە هزری خۆی بەیان دەکات:
١ـ بوونی ئایدۆلۆجیایەک کە نەتەوە بکاتە ئایدیاڵ.
٢ـ بزوتنەوەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی کە نوێنەرایەتی وەدیهاتنی ئەوە
بکات، ئایدۆلۆجییەکە کردوویەتی بە ئایدیاڵی خۆی، واتە نەتەوە.
٣ـ زمان و سیمبۆلیزمی دەربڕینی ئەو ئایدیاڵە.
٤ـ پرۆسەی پێکهێنانی یان گەشەپێدانی نەتەوە.
٥ـ هۆشیاری سەر بە نەتەوەبوون.
بە تێکڕای ئەم کەرەسانە بۆ خوڵقاندنی نەتەوە، بە دیاردەخات. .کارایی و
دروستکردنی بزووتنەوەی سیاسی و ئایدیاڵی ئایدۆلۆژیا دروست دەکات،
ئامانج و هیولا و ئەو کۆمەڵە ماددەی دروست بوونی نەتەوەن.
_________________________________
بەشی نۆزدەم:
www.emrro.com/kurdbunun19.htm
بەشی هەژدەم:
www.emrro.com/kurdbunun18.htm
بەشی هەڤدەم:
www.emrro.com/kurdbunun17.htm
بەشی شازدەم:
www.emrro.com/kurdbunun16.htm
بەشی پازدەم:
www.emrro.com/kurdbunun15.htm
بەشی چواردەم:
www.emrro.com/kurdbunun14.htm
بەشی سێزدەم:
www.emrro.com/kurdbunun13.htm
بەشی دوازدەم:
www.emrro.com/kurdbunun12.htm
بەشی یازدەم:
www.emrro.com/kurdbunun11.htm
بەشی دەیەم:
www.emrro.com/kurdbunun10.htm
بەشی نۆیەم:
www.emrro.com/kurdbunun9.htm
بەشی هەشتەم:
www.emrro.com/kurdbunun8.htm
بەشی هەفتەم:
www.emrro.com/kurdbunun7.htm
بەشی شەشەم:
www.emrro.com/kurdbunun6.htm
بەشی پێنجەم:
www.emrro.com/kurdbunun5.htm
بەشی چوارەم:
www.emrro.com/kurdbunun4.htm
بەشی سێیەم:
www.emrro.com/kurdbunun3.htm
بەشی دووەم:
www.emrro.com/kurdbunun2.htm
بەشی یەکەم:
www.emrro.com/kurdbunun1.htm
ماڵپهڕی ههڵۆ
محهمهد
|