١٠\٢\٢٠١٨
کوردبوون و
ناسیۆنالیزم.
- خوێندنەوەیەیەک بۆ پەرتووکی''بوونی نەتەوەیی
کورد، لە نێوان فەلسەفە و سۆسیۆپۆلەتیکدا'' -

هەڵۆ محەمەد
- بەشی
بیست و پێنجەم -
ـ نەتەوە و پێکهاتە خێڵەکییەکان.
"نەتەوەکان لە خێڵە سروشتیەکان ناکەونەوە،(...) بەڵام ناکرێ سەرهەڵدانی
نەتەوەکان لە پێکهاتە خێڵەکییەکان دوربخرێتەوە،واتە ناکرێت بڵێین
پێکهاتە خێڵەکیەکان هیچ رۆڵێکیان لە بوون و پەرەسەندنی نەتەوەکاندا
نییە،بۆیە بۆ تیگەیشتن لە پەیوەندی نێوان خێڵ و نەتەوە دەبێت باس لە
پەیوەندی نەتەوە و پێکهاتە خێڵەکییەکان بکرێت نەک پەیوەندی نێوان خێڵ و
نەتەوە"٤١٢
نەتەوە لە خێڵەوە دروست نابێ، خێڵەکانیش لە ڕێگەی غەریزەی زاڵەوە یەک
دەگرن یاخود لە پرۆسەیەکی دیکەدا، بە هۆی هوشیارییەکی عەقڵییەوە.
نووسەر دواتر دەچێتە سەر باسی پێکهاتە و جۆرەکانی خێڵ.
ـ عەسەبە و پێکهاتە خێڵەکییەکان.
"عەسەبە خێڵێکی گەورە نییە،هەرچەندە وەک خێڵ لەناوخۆیدا پەیڕەوی لە
یەکشوناسی دەکات،بەڵام شوناسەکەی شوناسێکی سروشتی نییە و شوناسێکی
دروستکراو و سەپێنراوە بەسەر کۆمەڵە خێڵێکدا کە دەکرێت لە رووی رەچڵەک
و خوێنەوە هیچ پەیوەندییەکیان بەیەکەوە نەبێت،یان گەر پەیوەندیشیان
هەبێت پەیوەندییەکی زۆر دوور بێت و هیچ رۆڵێکی لە دروستکردنی پەیوەندی
نێوان خێڵە بەراییەکاندا نەبوو بێت"٤١٣.٤١٤
لەم ڕوانگەیەوە، دەزانین ئەو کۆمەڵگەیەی لەسایەی غەزیزەی زاڵبوونە
دروست دەبێت، ناوی عەسەبەیە و کۆمەڵگایەکی دروستکراوە و سروشتی نییە و
لە خوێن و ئێسکی ئەو کۆمەڵە خێڵە پێکهاتووە، کە خێڵێک لە ڕێگای
زاڵبوونەوە، لە خۆیدا تواندوونیەتەوە.
ـ پێکهاتەی خێڵەکی وەک کۆمەڵگایەکی خێڵەکی.
ئەم جۆرە لە کۆمەڵگا، ساتێ دێتە ئاراوە،کە کولتورێکی باڵا و ستانداردی
هەبێت و دەوڵەتێکی دروستکراویش لەسەر ئەم بنەمایە دروستکراو بێت. بۆ
ڕوونکردنەوەی مەبەست و دەرخستنی دوورییەکانی ئەم دیاردەیە، نووسەر
دەنووسێ:
"لە سەردەمی خەلافە ئیسلامییەکاندا دەوڵەتی خەلافەت رەوایەتی لە
کولتورێکی مەزهەبی باڵاوە وەردەگرت کە جیاواز بوو لە کولتوری میللی
خێڵە بەراییەکان و عەسەبەکان.دەسەڵاتی ئەم خەلافەتە لەناو ئەو
ناوچانەدا کە ناوچەی کۆمەڵە خێڵێکی بەرایی کەلتور جیاواز و لێکدابڕاو
بوون و کەسانێک نوێنەرایەتیان دەکرد کە هەڵگری کەلتوری باڵای خەلافەت و
زمانە ستاندارەکەی بوون. ئەمەش وای کردووەبوو ئەم گروپە خۆی جیابکاتەوە
لە خێڵەکان و شوناسەکەی شوناسی خێڵێک نەبێت لە بەرامبەر خێڵەکانی
دەوروبەریدا،بەڵکو شوناسی گروپێکی ناخێڵەکی بێت لە بەرامبەر کۆمەڵە
شوناسێکی خێڵەکی جیاوازدا. ئەم گروپە شوناس جیاوازە بەوەی کە شوناسەکەی
خۆی بەرامبەر دەکردەوە لەگەڵ شوناسی خێڵەکی هەموو خێڵەکانی
ناوچەکەدا،شوناسە جیاوازەکانی ئەوانی وا لێدەکرد لەناو یەک شوناسدا
لەگەڵ شوناسی خۆیدا بەرامبەر ببنەەوە و بەم بەرامبەربوونەوەیە
شوناسەکەیان بکات بە شوناسی خێڵێکی لە بەرامبەر شوناسی ناخێڵەکی خۆیدا".٤١٤ـ٤١٥
ئەم شێوە خێڵە لەبەرئەوەی خاوەنی شوناسی خۆیەتی وەک عەسەبە پێویستی بە
دروستکردنی شوناس نییە و کەس لەخۆیدا ناتوێنێتەوە. ئەم خێڵە بەهێزە بە
زۆرەملێییی ڕەوایەتی بە دەسەڵاتی خۆی داوە، کێشەی لەگەڵ خێڵەکاندا
لەسەر دەسەڵاتە، نەک شوناس و تەنها مەرجیشی داسەپاندنی باج و سەرانە
دانە، لەسەر ئەوانەی ملکەچ و ژێر چەپۆکی خۆین ، و هیچ گرنگییەک نادات
بە جیاوازی نێوان زمان و کولتور و شوناس.
ـ پێکهاتەی خێڵەکی وەک کۆمەڵگایەکی عەقڵی.
"ئەم پێکهاتە خێڵەکییە بەوە خۆی لە خێڵ جیا دەکاتەوە کە توخمە
جیاوازەکانی ناوخۆی ناکاتە دەرەوەی خۆی و وەک خۆی لە دەرەوەی خۆیدا
نابن بە خێڵێکی سەربەخۆ،بەڵام لە هەمان کاتیشدا نابێتە رێگر لە بەردەم
ئەوەدا لەناو خۆیدا وەک بوونەوەرێکی سەربەخۆ بمێنێتەوە و ئەمەش ئەو
خێڵە بەرەو ئەوە دەبات لە ناو پێکهاتە خێڵەکییەکەدا وەک ئەو خێڵانەی
لێی کەوتوونەتەوە و لەناویدا بە سەربەخۆ ماونەتەوە ببێت بە یەکەیەکی
پێکهێنەری کۆمەڵگا خێڵەکییەکە".٤٢٠ـ٤٢١
لەم کۆمەڵگایەدا عەقڵ ڕابەری پێکهێنانی کۆمەڵگایە، با کۆمەڵگا لە چەند
خێڵێکیش پێکهاتبن. لێ گرنگ ئەوەیە،عەقڵ بزوێنەری ئەو سیستەم و
پرۆگرامەیە، کە کاری پێ دەکەن. لەم کۆمەڵگایەدا خێڵەکان لەگەڵ یەکدا
لەناو پەیوەندیدا نین و چینی فەرمانڕەواکە بۆ هەموویان بێگانە و وەک
یەکە بەڕێوەیان دەبات. ئەوەی لە نێوانیان هاوبەشە ئازادییە، نەک
کۆیلایەتی. ئاخر هەر خێڵێک لە ڕێگای عەقڵەوە چۆتە ناو ئەم پێکهاتەیەوە
و بە خواستی خۆیی و ئازادانە، بڕیاری لەسەر ئەم هەنگاوانە بەرەو
پێکەوەبوون و یەکگرتن ناوە.
نووسەر، بۆ تاوتوێ کردنی مەبەستیش باس لە خێڵە میدییەکان دەکات،
نموونەی ئەم جۆرە خێڵەن و کۆمەڵگاکەشیان باشترین کۆمەڵگایە، خێڵ
دەتوانێ دەسەڵاتە ناوەکییەکەی و شوناسەکەی بپارێزێ و لەگەڵ ئەوانی
دیکەدا، بێ ترس و لەرز لە بزرکردنی شوناس و دەسەڵات دەوەستێ و دواتریش
کۆمەڵێ نموونە لە مێژووی باسەکەی دەخاتەروو.
" ئەم هێزە عەقڵییە کاتێک دەتوانێت ئەو خێڵانە لەناو یەک پێکهاتەی
کۆمەڵایەتیدا کۆبکاتەوە کە لەناو ویستی ئەواندا یەکبوون لەناو
جیاوازییە سروشتیەکاندا شێوەگیر بکات و کارکردنەکەی لەناو ئەواندا لە
کارکردنێکی نائاگایانە و بێ ویستەوە بگۆڕێت بۆ کارکردنێکی ئاگایانە و
بەویست.واتە بۆ ئەوەی عەقڵ لەناو ویستی ئەواندا شێوەگیر ببێت،دەبێت
ئەوان بەبێ بەکارهێنانی هێز بچنە ناو دروستەی کۆمەڵگایەکی پەرەسەندووتر
لە خێڵ و لەو کۆمەڵگایەشدا هیچیان نەکەوێتە ژێر رکێڤی ویستی ئەوی تریان"٤٢٥
ئەڵمان بەر لە دروستکردنی دەوڵەتەکەیان، بریتی بوو لە سەدان ئەمیر و
سەرۆک خێڵ و گرووپی جیاواز. دوای سەرکەوتنەکانی هەرێمی پروسیا بە
سەرۆکایەتی بسمارک. .سەرجەمی میر و نوێنەری ناوچەکان، وردە وردە وازیان
لە خۆپەرستی و ناوچەگەرێتی هێنا و بە سەرکردایەتی بسمارک ڕازی بوون،
چونکە هەم بنەمای دەوڵەتبوون لە پروسیای بەهێزدا هەبوو، هەمیش
سەرکەوتنەکانی بسمارک لە شەڕی دژ بە فەرەنسییەکاندا، ببووە دیفاکتۆیەک
و نکۆڵی لێ نەدەکرا. دوای کۆتایی شەڕی جیهانی یەکەم، ئەڵمانیا دابەش
بوو بەسەر دوو دەوڵەت و بلۆکدا.
لەگەڵ کۆتاییی شەڕی سارد و ڕووخانی دیوارە بەناوبانگەکەی بەرلین دا،لە
٩/١١/١٩٨٩،دا هەردوو دەوڵەتی ئەڵمان،لە ٣/١٠/١٩٩٠ دا یەکیان گرتەوە و
ئەو رۆژە کرا بە جەژنێکی نەتەوەیی .ئەم یەکگرتنەوەیە، بێ ئەوەی خوێن لە
لووتی تاکە هاووڵاتییەکیان بێت،بە ئەنجام گەیشت. ئاخر دیسان هێز و
کولتورە ئەقڵییەکە هاوشانی ئەم پرۆسە گرنگانە لە ئارادا بووە. دەنا بە
بەراورد بە زۆربەی وڵاتانی دیکەی بەرەی رۆژهەڵاتی ئەوروپادا،
بەخوێنڕشتن و کوشتن و کوشتار، ڕژێمە تۆتالیتارییەکانیان سەرەونگووم
بوون. لە ئێستاش دا ئەڵمان بە سیستەمێکی فیدڕاڵی. تاڕادەیەک زۆر
سەرکەوتوو و کاراوە، دەوڵەتەکەی بەڕێوە دەبات و لە هەموو مەیدانێک،لە
مەیدانەکاندا یەکێکە لە دەوڵەتە هەرە پێشکەوتوو و بە دەسەڵاتەکانی
ئەوروپا و جیهان.
" لەناو ئەم خێڵانەدا بەهۆی چالاکبوونی عەقڵ و پەرەسەندنی هوشیاریان بە
خۆیان،ئەو دابڕانە سروشتییە کە پرۆسە سروشتییەکەی پەرەسەندن لەناو ئەو
خێڵانەدا بەرهەمی هێناوە لە رێگەی یەکبوونێکی عەقڵییەوە دەگۆڕێت بۆ
پەیوەندییەکی عەقڵی و هوشیارانە. لەمەشەوە ئەو پرۆسەی دابڕانە
بەردەوامەی کە لە نێوان ئەو خێڵە بەراییانەدا هەیە، کۆتایی پێدێت و
بەهۆی ئەمەشەوە کۆمەڵگایەکی نوێ دێتە ئاراوە کە پێکهاتەیەکە لە کۆمەڵە
خێڵێکی بەرایی ئازاد و سەربەخۆ".٤٢٦
چالاکبوونی عەقڵی و بەرزبوونەوەی ئاستی هۆشیاری لەناو ئەم خێڵانەدا،
دیاردەکە لە رێگای یەکبوونێکی عەقڵییەوە دەگۆڕێ بە پەیوەندیی عەقڵی
ئازاد و جێی غەریزەی زاڵ لای عەسەبەکان دەگرێتەوە. سروشت داوای یەکبوون
لە خێڵە بەراییەکان دەکات. عەقڵیش داوای فرەیی دەکات. کۆمەڵگای عەقڵیش
پێڕەوی لە فرەیی دەکات، کەچی عەسەبە بە پێچەوانەی ئەم هاوکێشەیەوە کار
دەکات.
"دەتوانین کۆمەڵگای کوردی لەگەڵ کۆمەڵگای یۆنانی پێش سەردەمی هیلینییەت
و نەمانی دەوڵەتەشارەکانی،بە دوو نموونەی باشی کۆمەڵگای عەقڵیی خێڵە
بەراییەکان بزانرێن، بەڵگەش بۆ ئەمە ئەوەیە کە قبووڵی فرەزمانی و
فرەکولتووری و پەرەسەندنی زمان و کولتووری سروشتی خێڵەکانیان بۆ زمان و
کەلتوورێکی ناسروشتی کردووە و بەمەش چەند دیالێکتیک و چەند ئەدەبیاتێکی
باڵا هاتوونەتە ئاراوە و کۆمەڵگاکەش بەمە یەکبوونی خۆی لەدەست
نەداوە.کۆمەڵگای کوردی تا ئەم سەردەمەش پەیڕەوی لەو سیستەمە کۆمەڵاتییە
دەکات کە دروستەکەی دروستەیەکی عەقڵییە و پەیڕەوی لە یاسای فرەکەلتووری
و فرەدەسەڵاتی دەکات و هەر ئەمەش وایکردووە وەک نموونەیەکی لە
یاسابەدەری ناو جیهان سەیر بکرێت".٤٣٠
ئەمەش بەراوردکردنێکی ژیرانەی جوانە. دەشێت لە کایەی خۆیدا ببێتە
کەرەسەیەکی باشی لێکۆڵینەوە و توێژینەوە و ئێمە ئەم ئەرکە بەجێی دێڵین
بۆ پسپۆڕانی ئەم مەیدانە، تا لێکۆڵینەوەی زێتر و قوڵتری لەسەر ئەنجام
بدەن.
_________________________________
بەشی بیست و
چوارەم:
www.emrro.com/kurdbunun24.htm
بەشی بیست و سێیەم:
www.emrro.com/kurdbunun23.htm
بەشی بیست
و دووەم:
www.emrro.com/kurdbunun22.htm
بەشی بیست
و یەکەم:
www.emrro.com/kurdbunun21.htm
بەشی بیستەم:
www.emrro.com/kurdbunun20.htm
بەشی نۆزدەم:
www.emrro.com/kurdbunun19.htm
بەشی هەژدەم:
www.emrro.com/kurdbunun18.htm
بەشی هەڤدەم:
www.emrro.com/kurdbunun17.htm
بەشی شازدەم:
www.emrro.com/kurdbunun16.htm
بەشی پازدەم:
www.emrro.com/kurdbunun15.htm
بەشی چواردەم:
www.emrro.com/kurdbunun14.htm
بەشی سێزدەم:
www.emrro.com/kurdbunun13.htm
بەشی دوازدەم:
www.emrro.com/kurdbunun12.htm
بەشی یازدەم:
www.emrro.com/kurdbunun11.htm
بەشی دەیەم:
www.emrro.com/kurdbunun10.htm
بەشی نۆیەم:
www.emrro.com/kurdbunun9.htm
بەشی هەشتەم:
www.emrro.com/kurdbunun8.htm
بەشی هەفتەم:
www.emrro.com/kurdbunun7.htm
بەشی شەشەم:
www.emrro.com/kurdbunun6.htm
بەشی پێنجەم:
www.emrro.com/kurdbunun5.htm
بەشی چوارەم:
www.emrro.com/kurdbunun4.htm
بەشی سێیەم:
www.emrro.com/kurdbunun3.htm
بەشی دووەم:
www.emrro.com/kurdbunun2.htm
بەشی یەکەم:
www.emrro.com/kurdbunun1.htm
ماڵپهڕی ههڵۆ
محهمهد
|