په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣\٨\٢٠١٧

کوردبوون و ناسیۆنالیزم.
- خوێندنەوەیەیەک بۆ پەرتووکی''بوونی نەتەوەیی کورد، لە نێوان فەلسەفە و سۆسیۆپۆلەتیکدا'' -

هەڵۆ محەمەد      

- بەشی سێیەم -

 

 ـ بەشی یەکەم : بیرۆکەی نەتەوە لە نێوان عەقڵ و واقیعدا.


نووسەر، پێناسەیەکی گشتی نەتەوە لە بۆچوونی باوی مارکسی و فەلسەفە، بە تایبەت فەلسەفەی ئەڵمانی دا دەکات . لەم دەروازەیەوە دەچێتە نێو باسەکانەوە قسە لەسەر کۆمەڵگا و ژیان و تا دەگاتە ئەوەی باس لە چۆنییەتی سەرهەڵدانی نەتەوەیە دەکات . لێرەشدا دوو رێگا دەخاتە بەرچاو:


یەکەم: رێگەی باو و بەرفراوانکراوەکە،کە لە ناواخندا مەبەستی مۆدێرنیزمە!


دووەم: رێگای فەیلەسووفانی سەدەی ١٩ی ئەڵمانیا.


کرۆکی باس ئەوە نییە مریشک لە هێلکەیە یاخود هێلکە لە مریشک، بەڵکو سەراسۆییە بەدوای ئەو ڕاستییەدا، کە ئایا نەتەوە بووەیەکی دەستکردە و وەک ئامێر و شتگەلەکانی دیکە، بەرهەمی دەستی مرۆڤە و مرۆڤ لە ڕێگەی ئەو بیروباوەڕ و ئایدۆلۆژیای باوەڕی پێیەتی و ئەو سیستەمەی دروستی کردووە، نەتەوەی هێناوەتە کایەوە؟. دەورووبەری مادیش کەرەسە و لانک و هۆکاری دروستبوونەکەیە؟. گەر ئەمە ڕاستی و دروستی هەبێت، حوکمێکی قورس و گران، بەسەر مرۆڤ دا وەک بوونەوەرێکی سروشتی دەدرێ. ئەمەش بیروڕا و ڕوانگەی دەستەی یەکەمە،و هەڵگرانی بیری مارکسیش، هاوڕان لەسەر ئەم بۆچوونە.


دەستەی دووەم، نەتەوە بە بوویەکی عەقڵی دەبینین، کە پێشوەخت لە عەقڵدا، بە سروشتی ئامادەیی هەیە، یاخود لەناو بیردا هەیە، پاشان بە ڕەوتێکی سروشتی خۆی نمایشت دەکات. لەم ڕوانگەیەوە بووە سروشتییەکان لە عەقڵدا هەن و دوایی خۆیان شێوەگیر دەکەن. گەر ئەقڵ و هۆش و بیر نەبێ، کە هەر هەموویان لە مرۆڤدا بەرجەستەبوون و هەن، وا سەرلەبەری دنیا مادییەکە ناتوانێ بووەیەکی بە سروشت بووی وەک مرۆڤ/ نەتەوە، دروست بکات.
مەسعوود محەمەد،ئاوا پەسنی گرنگی و کاریگەری مرۆڤ دەکات و دەڵێ:


<<" من کە دێم باسی مرۆڤ دەکەم بە هەموو عەیب و عاریەوە لە پێشەوە سەلماندوومە و لە خۆم کردووە بە ئایین کە مرۆڤ هەرچەند لە پلەی زێدە کز و بەرەژێری تێگەیشتن و بە خۆنازین و ڕەفزی بەندەییدا بێت دیسانەوە هەر خۆی تاکە کاریگەری مێژوو و کۆمەڵایەتییە و بێ ئەو ڕووت و ڕەجاڵەی کە جارێکیان دەبێتە میری سەربڕ و جارێکیشیان پێڵاوی ئاغا و شێخ و ڕابەری سیاسی ماچ دەکات و لە لایەکی دیکەشەوە چرای زانست و داد و شەرافەت هەڵدەگرێت،بێ ئەو مەخلووقە هەرچی سروشت هەیە گیانی شانازی و نرخی بەرز و ئیبداع و دۆزینەوە و داهێنان دەدۆڕێنێت و دەبێتە قەپیلکێکی حەتاڵ و بەتاڵ،بێئاگا و بێنیاز..مرۆ ئیعجازی هەرە هەرە هەرە گەورەی چەرخوفەلەکی نۆ نهۆمی کۆنینە و فەزای بێسنوور و بڕانەوەی سەردەمی زانست و تەکنیکە.(هەتا دەمی ئەم نووسینە قسەکەم بەڕاستی موتلەق دەزانم،ئەوجا ئەگەر لە دوارۆژدا ئیعجازی گەورەتر پەیدا بوو،واتە دۆزرایەوە،ئەوسا قسەکە دەگۆڕێت بە هێنانە خواری پلەی مرۆڤ لە ژمارە یەکەوە بۆ ژمارە دوو>>.


ئیدی ململانێ و دیالێکتیکی یەکەمایەتی نێوان مرۆڤ و دەورووبەر، و ڕۆڵ و کاریگەرێتییان، لە بەردەمماندا خۆی قووت دەکاتەوە. فەیلەسووفانی ئەڵمان ڕۆڵی سەروەریی و گرنگیی و یەکەمایەتی دەگێڕنەوە بۆ مرۆڤ و عەقڵەکەی.


نووسەر بە وردی و بە دیقەتەوە لە دووتوێ ٦١٥ لاپەرەدا، بە تانووپۆی ئەم باسگەلەدا دێتەخوارێ،تا وێنە جوان و دروستەکەی مرۆڤ/نەتەوەمان بۆ دەکێشێ و پێشکەش دەکات.


ـ کۆمەڵگای پیشەسازی وەک زەمینەی سەرهەڵانی بیرۆکەی نەتەوە.


کۆمەڵگای پیشەسازی، وەک زەمینەی سەرهەڵدانی بیرۆکەی نەتەوەیە..خاوەنی ئەم بیرۆکەیە، ئیلی قەدووریElie Kedourie، پرۆفیسۆری زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی ئیکۆنۆمی لەندەن،کاتێ ساڵی ١٩٦٠، کتێبەکەی بەناوی نەتەوەخوازییەوە بڵاودەکاتەوە،دەنووسێ:


"نەتەوەکان بوونێکی سروشتییان نییە و بوونێکی دروستکراویان هەیە و مێژووی دروستکردنەکەشیان لە دوو سەدە تێناپەڕێت،واتە بەر لە سەرهەڵدانی مۆدێرنە و کۆمەڵگای پیشەسازی بوونیان نەبووە".(٣١ )


دوای ئەویش دیارترین کەسانێک، کە هەمان رێچکە دەگرنەبەر (ئێرنست گێلنەرErnst Gellner و ئێریک هۆبزباومErich Hobsbawm، ئەنتۆنی سمیس Anthony Smithو بێنەدیک ئەندرسۆنBenedict Anderson)، ئەمانە لەژێر کاریگەرێتی مارکسیزمدا، تێڕوانینی خۆیان لەمەڕ نەتەوە داڕشتووە.


ئەگەرچی لەم بەرهەمەدا ناویان نەهاتووە،لێ کارە زەبەلاحەکانی دوو بیرمەندی ئەم بوارە Deutsch& Miroslav Hroch Karl.W. دەکەونە هەمان بازنەوە. هڕۆش، خاوەنی کۆمەڵێ لێکۆڵینەوەی دیارە،لەم مەیدانەدا و لە دنیای ئیمڕۆی کارە ئەکادیمییەکاندا،لە ریزی پێشەوە دادەنرێ. توێژینەوەکەی لەسەر بزوتنەوەی نەتەوەیی لە ١٢ وڵاتی ئەوروپاییدا کردووە و بەسەر ٣ قۆناخدا دابەشی کردوون: گروپە ئێتنیکییەکان، ناسنامەی نەتەوایەتی و نەتەوەخوازی تایبەت. دۆیچیش یەکێکە لەو زانستکارانەی لە دنیای ئیمڕۆدا،بایەخێکی زۆر بۆ کارەکانی دادەنرێت. قورسایی کارەکانی لەسەر نەتەوە بە کۆمۆنیکاسیۆنی ئاڵوگۆڕی پێوەندی کۆمەڵایەتییەوە گرێ دراوە. ئەمەش لە ڕێگای قۆناخەکانی سازدانی جڤاتی،توانەوەی کولتوری و خۆگونجاندنی/ ئینتەگراسیۆنی سیاسییەوە دێتە دی. باوەڕی وایە نەتەوە گەلێکە، کە خاوەنی دەوڵەت بێت. سەرەتا دەستە و گرووپی هەڵبژاردە، شاعیر و نووسەران و مێژوونووسان، سەرمەشقی مەسەلەی تێکەڵبوونە کولتورییەکەن و پاشان رێکخراوە بچووکەکان دێنە مەیدانەوە و درێژە بە پرۆسەی نەتەوەسازی دەدەن. هاوشانی ئەمانە،لە رێگەی بڵاوکردنەوەی سیمبۆڵ و هێما نەتەوەییەکانەوە، وەک سروودەکان، پەرە بە کارەکان دەدرێ و دواتر جەماوەر و منداڵان لە رێگای گرووپ و ماسمیدیاوە، دەخرێنە گەڕ. بەم پێیە نەتەوەسازی بە ئەنجام دەگات.


بە گوێرەی تیۆری گێلنەر، نەتەوە لە کۆمەڵگای پیشەسازیدا دروست دەبێت. لای ئەندەرسۆن، کۆمەڵگایەکی فەنتازیاکراوە و ڕامان دەکرێت. نەتەوە تەنها لە مێشکدا بوونی هەیە، سەرەڕای ئەوەی ئەندامەکانی هێشتا یەکتر ناناسن و نەیانتوانیوە یەکتر بناسن، کەچی لەگەڵ ئەوەشدا ئەو ڕامانەیان بۆ کۆمەڵگا هەیە. ئەندەرسۆن پێی وایە، سیستەمی کولتوری کە لەسەر ڕەگوڕیشەی کولتووری ساز دەبن، لە ئاکامی هۆشیارییەکی نەتەوە دەخوڵقێت. ئەمەش لە ڕێگای هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگای ئایینی و بنەماڵەییەوە، بەتایبەت ئایینە گەورەکان لە سەدەی ناوەڕاست دا، ململانیی لەسەر ئینجیل و قورئان یاخود زمانی لاتینی و عەرەبی بووە.


نەتەوە هەر بە تێکدان و هەڵوەشاندنەوەی فۆڕمە کۆمەڵایەتییە کۆنەکە"بنەماڵە و ئایین" دروست نابێ، پێویستە دەستاوێژی تر بێتە ئاراوە، بۆ بڵاوکردنەوەی نەتەوەی وێناکراو، لە ڕێگای رۆژنامە و رۆمان نووسین و بە گشتی چاپەمەنییەوە. کاپیتالیزمیش زەمینەی چارەنووسسازی نەتەوەیە و فاکتی گرنگی نەتەوەخوازییە. ئەندەرسۆن ئاماژەیەکی گرنک دەکات و پێی وایە ناسیونالیزمی ئەمریکایی ئایدیال و سەرمەشقی ناسیونالیزمی ئاسیایە. لە ئەوروپاش دەرئەنجامی شەڕ و داگیرکاری ناپلیۆن و فەرەنسا، نەتەوەخوازی سەری هەڵدا. لە ئەمریکا، لە ئەنجامی شەڕەکانی سەدەی ١٧ و ١٨، نەتەوەکان لەسەر بنچینەی زمان و کولتور لە یەکتر جودابوونەوە و سنووریان بۆ خۆیان کێشا.لەم کیشوەرە،چینی ناوەندی هەڵگری نەتەوەخوازی نەبوون، بەڵکو دەستەبژێرێک ڕابەربوون. لەسەدەی ١٨ دا، نێزیک بە ٢٠٠٠، هەزار رۆژنامە،کە ٥٠٠ سەدیان لەوکاتەدا تەمەنیان ١٠ ساڵ زێتر دەبوو، ڕۆڵی سەرەکی لەم پرۆسەیەدا گێڕاوە. لای سمیسش بەردەوامێتی ئێتنیک و کاریگەرێتی ڕەواجدارە.


د. عرفان بیروباوەڕەکانی گێلنەر، وەک دیارترین کەسانی ئەم گرووپە هەڵدەبژێرێ و دەیکاتە نوێنەری، هەموو ئەوانی دیکە و بە چڕیی و خەستی لێیان دەدوێ و لە راستیشدا ئەم باسگەلە و بیروڕاکانی گێلنەر تا دوا لاپەڕەکانی ئەم بەرهەمە، هاوشانی باسەکان، ئامادەیی هەیە و، نووسەر هەڵیان دەسەنگێنێ و لەسەر تێزەکانی ڕادەوەستێ. گێلنەریش وەک مارکس، قۆناخەکانی گۆڕانی کۆمەڵگای ڕیزبەند کردووە. قۆناخی پیشەسازی، دوا وێستگەی گۆڕانە و لێرەدا هەلومەرجی پێویست بۆ دروستکردنی بیرۆکەی نەتەوە دەخەمڵێ، لە ڕێگای خستنەکاری نەتەوەخوازییەوە.


بە پێی هیپۆتێزەکانی ئەم خاوەن تیۆرییە، ناسیۆنالیزم دەستاوێژ و هۆکاری دروستکردنی نەتەوەیە. لەمەشدا چاوپۆشی لە بوونی سروشتی و واقیعی نەتەوە دەکات و ئەو مێژووەش لەبەرچاو ناگرێ، کە زۆر پێش سەردەمی پیشەسازیش، نەتەوە هەر بە سروشتی هەبووە.


مامۆستا مەسعوود محەمەد دەڵێ:


<< بەهەمەحاڵ دابڕینی فکر لە واقیع کەڵک لە فکرەکە دەبڕێ و وای لێ دەکات بچێتە ریزی دامە و شەترەنج کە زانین و نەزانین لە سنووری خۆیدا دەمێنێتەوە و هیچ شتان بە ئیسپات ناگەئەنێت و هیچ روون ناکاتەوە و هیچ درۆیان لە کەس سپی ناکاتەوە،هەر هیچ ناکات>>.


" کۆمەڵگا پیشەسازییەکان کە کۆمەڵگای نەتەوەیین، بەرهەمی تەقلیدکردنەوەی واقیعێکی داهێنراو و نوێن،ئەو واقیعە داهێنراوە نوێیەش بەهۆی ئەو ئامێرە نوێیانەوە هاتووەتە ئاراوە،کە کۆمەڵە کەسێک دایانهێناون و کەسانێکی تر پەرەیان پێداون و کردوویانن بە کۆمەڵە ئامێرێکی ناو بۆ بەرهەمهێنانی پێداویستییە مادییەکان"(.٤٠)


لە کۆمەڵگای پیشەسازیدا،کۆمەڵێ گرووپ هەن،نووسەر بەم جۆرە دابەشیان دەکات:


ـ ئامێرخوڵقێنەرەکان..ئەوانەی لە رێگای مەعریفە و ئەقڵەوە بۆ یەکەمجار ئامێرەکانیان داهێناوە.


ـ ئامێر سازەکان...ئەوانەی بە لاساییکردنەوەی گرووپی یەکەم،دەتوانن تەنیا ئامێرەکان دروست بکەن.


ـ ئامێر بەکارهێنەرەکان..ئەوانەی ناتوانن داهێنان و سازکردنی ئامێر بکەن،لێ بەس دەزانن بەکاری بهێنن.


لای کۆمەڵگا ئیسلامییە تەقلیدییەکان،ئاکار جێی ئامێر دەگرێتەوە و هەمان کار ئەنجام دەدات. واتە داهێنان و سازکردن و بەکارهێنان، لە ئاکاردا پێڕەو دەکرێ.. ئاکار خوڵقێنەرەکان، ئەو کەسانەن لەسەردەمی موحەمەد دا ئاکارێکی نوێیان خوڵقاندووە، کە پێشتر نەبووە.ئەمانە هەر خوڵقێنەر نەبوون، شێوەگیرکەر و سازکەری ئەو ئاکارەبوون لە ژیانی رۆژانەدا. ئاکارسازەکان: ئەوانەن یاسا خولقاوەکان بە پرۆسەیەکدا دەبەن شیاوی لاسایکردنەوە و کۆپیکردن بێت. ئاکار جێبەجێکەر، لەشکری جێبەجێکەر و پێڕەوکەری یاسا خولقاوەکانن. جیاوازی ئەم دوو کۆمەڵگایەش ئەوەیە: یەکەم، کۆمەڵگای پیشەیی یە. دووەم، کۆمەڵگایەکی ئاکاری یە.

_________________________________

بەشی دووەم:  www.emrro.com/kurdbunun2.htm

بەشی یەکەم:  www.emrro.com/kurdbunun1.htm
 

ماڵپه‌ڕی هه‌ڵۆ محه‌مه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک