په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\٤\٢٠١٨

کوردبوون و ناسیۆنالیزم.
- خوێندنەوەیەیەک بۆ پەرتووکی''بوونی نەتەوەیی کورد، لە نێوان فەلسەفە و سۆسیۆپۆلەتیکدا'' -

هەڵۆ محەمەد       

- بەشی چلەم -


"کورد وەک شەیتانی ناو بەهەشتە دروستکراوەکەی مۆدێرنیزم تەنها یەک داوای لەم خواوەندە و دەست و پێوەندەکانی هەیە،ئەویش ئەوەیە لە بەرامبەریدا پەیڕەوی هەمان ئەو دیموکراسیەت و ئازادییە بکەن کە خوا لە نێوان خۆی و شەیتاندا پەیڕەوی دەکات و رازی دەبێت بەوەی تا رۆژی رەستاخیز ئازاد بێت لەوەی کە خۆی دەیەوێت بیکات گەرچی ئەوەی کە دەیکات گومڕاکردنی ئەو دروستکراوە نوێیانەش بێت کە خوا بۆ جێنشینکردنی خۆی لەسەر زەوی دروستی کردوون".٥٩٧


ئاخر قەبارەی زوڵمەکەی مۆدێرنخوازەکان لەسەر کورد، هێندە کوشندەیە، نووسەر بە بەخشندەیی و شەیتانی نەفرەت لێبووی دەچوێنێ. کورد ئامادەیە، خۆی بە شەیتان بداتە قەڵەم، داواکارە لە دەسەڵاتە داگیرکەرەکان، کە خۆیان بە نوێنەری سەرزەوی خواوەند دادەنێن، بەو هەموو دەسەڵاتەی هەیانە، دەست لە چەوساندنەوەی کورد هەڵگرن و لێگەڕێن کوردیش رۆڵی خۆی سەربەخۆ بگێڕێ و لەسەر خاکی خۆی، هەناسە بدات و سەرقاڵی گوزەراندنی ژیانی خۆی بێت.


خوا چەند بە بەزەییی و بەخشندە و میهرەبانە، تەنانەت بە بوونەوەرێکی وەک شەیتانی لادەر و نەفرەت لێبوو، با ئەم دەسەڵاتە داگیرکەر و دوژمنانەی کوردیش، پەڕۆیەک لەم نموونەیە دادڕن و، دەرەتانی هەناسەدانێک بە شێوەیەکی دیموکراسی یاخود بەهەر شێوازێکی تر ساز بدەن و گفتوگۆی ئاشتیانە، مرۆڤانە، برایانە، لەگەڵ کورد دا ساز بدەن، چیدی ئاگر و ئاسن نەبارێنن بەسەریدا و نکۆڵی بوونی نەکەن.


ئەم چوار دەسەڵاتە داگیرکەر و دوژمنکارە. دەستبەرداری سیاسەتی کوشتن و بڕین و لەسێدارەدان و سوتماککردنی کورد و کوردستان ببن. ئاخر نەهامەتییەکە لەوەدایە دەیان نووسەر و لێکۆڵەرمان هەیە، جگە لە مۆدێرنیزمە و بنەماکانی، چاویان هیچ شتێکی تر نابینێ و ئەقڵیان دەرک بە هیچی تر ناکات و دەست هەڵناگرن لە لاسایی کردنەوە و جووینەوەی ناشییانە و نەزانانەی چەمک و زاراوەکانی ئەوروپا و جیهان.


کورد خۆی دەتوانێ سەربەخۆیانە، بای باڵی خۆی لە ئاسمانی بەرینیدا بدات و کوردیش وەک ئەوانی دیکە، توانای فڕینی هەیە و حەز دەکات بە ناسنامە و تایبەتمەندییەکانی خۆیەوە، ئامادەگی لە هەموو کار و پێشکەوتنەکاندا هەبێت.


ـ بوونی نەتەوەیی کورد لە نێوان تیۆری عەقڵی و تیۆری دروستەییدا.


"تیوری دروستەیی لەسەر بنەمایەک دامەزراوە کە بنەمای دروستکردنە،بەپێی ئەم تیۆرە هەر شتێک لەسەردەمە مۆدێرنەکەدا لەلایەن ویستی خواوەندانەی مرۆڤەوە دروست نەکرا بێت، ناتوانین وەک بوونەوەرێک باس لە بوونی بکەین.(...) هەر لەم روانگەیەوە زمان و کولتور و نەتەوە بەوە بوون پەیدا دەکەن کە ئەو ویستە خواوەندانەی مرۆڤ لە زمانە سروشتییەکان و ئەتنیکە سروشتییەکانەوە دروستی کردبن".٥٩٨


ئێمە لە باسەکانی پێشوودا، جەختمان لەسەر تیۆرییە دروستەییەکە کردەوە، کە پێی وایە لەسەردەمی مۆدێرنەتدا، بە پێی یاسا و رێسای ئەم دیاردەیە، هەر شتێ دەستکردی مرۆڤی سەردەم نەبێت، وا بوونی نییە. ئەم نکۆڵی ڕاستی و واقعییە، لە ڕاستیدا پێشێلکردن و سەربڕینی هەقیقەتێکە، کە سروست و مێژووی بوونی دیاردەکانە.


هەروەها خواوەندی مۆدێرنە پێی وایە، هەر شتێ تا ئێستا دروست نەکرابێ، وا وەک هەر کەرەسە و ماددەیەکی دروستکردن وایە. پاش ئەوەی ئەم کەرەسانە، بە پرۆسەی دروستکردندا تێدەپەڕن، ئەوسا دەبنە بوونەوەر و ناسنامە وەردەگرن. دیاردە سروشتییەکانی وەک بوونی زمان و کولتور و نەتەوە، بەر لە هەر شتێکی دیکە، دەبنە قوربانی دەستی ئەم تیۆرییە دروستەییە. چونکە ئەمانە ڕسکاوێکی سروشتین و لە ئاکامی پێکەڵ پێک بوونی هەزاران ساڵی گۆڕانکاری هاتوونەتە بوونەوە. تیوریی دروستەیی و دیاردەی مۆدێرن،نکۆڵی لەم ڕاستییە دەکات و دەیەوێ خۆی بکاتە جێگری هێز و سروشت.


ئەمانە زادەی سروشتین و مرۆڤ و خواوەندەکەی مۆدێرنە، هیچ ڕۆڵێک نابینن و و هۆکارێک نین لە دروستبوونیان.


د. عرفان لەسەر ئەم خاڵە درێژە بە باسەکە دەدات و دەچێتە سەر کرۆک و چەقەکەی، لە سایە و سێبەری مۆدێرنزمەدا، کراوەتە تۆمەتێک و لە ملی کوردبوونیان ئاڵاندووە. بە پێی ئەم تیۆرییە، نە کورد نەتەوە و نە زمانی کوردی زمانە. چونکە هیچیان بە پرۆسەی دروستکردندا، لە لایەن مرۆڤەوە، نەتەوەخوازییەوە، بە ستانداردکردنی جیاوازییەکانی زمانی کوردیدا تێنەپەڕیون و کەوتوونەتە، دەرەوەی یاسا و رێسای چەسپاوی تیۆرە باسکراوەکەوە.
بە واتایەکی دیکە، زمانەکە، هێشتا هەر کەرەسە و ماددەی دروستکردنە.


" لە ڕوانگەی مۆدێرنیزمەوە زمانە سروشتییەکان یان بە پرۆسەی بە ستانداردکردندا براون و بوون بە زمانێکی راستەقینە، یان وەک مادەی خاوی زمانێکی راستەقینە ماونەتەوە و بوونێکی راستەقینەیان نییە"(٥٩٩).


ئەمە حوکمی گران و بێ بەزەییانە و دوژمنکارانەی مۆدێرنیزمە، بەرامبەر بە زمانی کوردی، هەر لەبەرئەوەی جیاوازییەکانی نێوانی ماون و لە رێگەی بزاڤ و گۆڕانی نەتەوەخوازییەوە، بە ستاندارد نەکراوە. کەچی هەر وەک د. عرفان، لێوەشاوانە ڕوونی کردۆتەوە، حاڵ و باری کورد، ئەوە نیشان دەدات، زمانی کوردی، نە دروستکراوە و هێشتا هەر هەیە و ئیدی هەر کەرەسەی خاوە بۆ دروستکردن. هەروەک چۆن ئاماژەمان بە دۆخی زمانی کوردی، لە دەرەوەی یاسا و تیۆرییە دروستەییەکەدا، بە هەمان شێوە، کتومت ئەم حاڵەتە لە کۆمەڵگای کوردیدا لەسەر کولتورەکەی پێڕەو دەکرێ. کۆمەڵگای کوردی، ئەو ماددە و کەرەسە سەرەتایی و خاوە نییە، بۆ دروستکردنی نەتەوە بخرێتە کارەوە. بەڵکو کورد، بۆ خۆی نەتەوەیە، بێ ئەوەی بە پرۆسەی دروستکردندا لە ڕێگەی نەهێشتنی جیاوازییەکان و زاڵبوونی بەشێکی بەسەر هەموو بەشەکانی دیکەیدا بێتە، نەتەوە.

"ئەو حاڵەتە ئەنتۆلۆجییەی کە کورد لە سەردەمە مۆدێرنەکەدا تێی کەوتووە، تیۆرە دروستەییەکە ناتوانێت لێکی بداتەوە،چوونکە تیۆرە دروستەییەکە تەنها دەتوانێت حاڵەتی ئەو کۆمەڵگایە لێبداتەوە کە خۆیان و زمانەکەیان بوونەتە مادەیەکی خاو بۆ نەتەوەیەکی دروستکراو لەگەڵ ئەو کۆمەڵگایانەدا کە خۆیان و زمانەکەیان دروستکراون. مۆدێرنیزم لە دەرەوەی ئەم دوو حاڵەتەدا توانای ئەوەی نییە لە حاڵەتی سێیەم تێ بگات و لێی بکۆڵێتەوە".٥٩٩


وەک لەسەرەوە باسکرا، کورد حاڵەتێکی ناوازە و ریزپەڕ و تایبەت بە خۆی هەیە و بۆ دروست بووە. بە هیچ جۆرێ ناکەوێتە بەر حوکمی بێ ڕوحمەکانی مۆدێرنیزمەوە، ئەوانەی لە پشت ئەم دیاردەیەوە، کوێرانە، کەوتوونەتە، وێزەی کورد. کە بەداخەوە ئەم حاڵەتە، بەشی هەرە زۆری لێکۆڵەرانی کورد و بێگانە دەگرێتەوە. هەر لەم روانگەیەوە، ساڵانێکە ئەوانەی دەرکیان بەم راستییە کردووە، هاوار و بانگەواز دەکەن و تکاکارن، کەس بە قسەی ناو کتێبە دەق ئەستوورەکان و باقوبریقی فەلسەفە چەورونەرمەکان و گەز و مقەستی مۆدێرنیزمە، مامەڵە لەتەک پرسی کورد و ڕەهەند کۆمەڵایەتی و مێژوویی و سیاسییەکەیدا نەکەن و ناکرێ. بەڵام مخابن ڕۆشنبیرانێک، کە خاڵین لە زانین و شارەزایی و پێشخانی ئاگادارین، لەمەڕ هەڵکەوتی کورد و تایبەتمەندییە ناوازەکانی، کورد و کوردبوونەوە، ئەوانەی تەنیا لەیەک کڵاورۆژنەوە، کە فێری بوون، نەک لێی حاڵی بوون، دەڕواننە پرسی کورد.
 


- بەشی چل و یەکەم -

 


نووسەر وەک جەنگاوەرێکی بەجەرگی مەیدانی زۆرانبازی،بە لەخۆڕازیبوونەوە لەگەڵ پرسەکاندا، درێژە دەدات بە باسەکانی بەرەو شاڕێی و دەڵێ:


"دوو جۆر لە نەتەوە هەیە: یەکەمیان ئەو نەتەوەیەیە کە نەتەوەخوازییەک وەک دروستکەرێکی دەرەکی بەرنامە بۆ دروستکردنی دادەڕێژێت و وەک ئامێرێک لە ئامێرەکان دروستی دەکات.


دووەمیان ئەو جۆرەیە لە نەتەوە کە بەبێ ئەوەی نەتەوەخوازییەک بەرنامەی بۆ دروستکردنەکەی داڕشتبێت و کاری لەسەر دروستکردنی کرد بێت،دروست بووە و وەک هەر نەتەوەیەکی دروستکراو بوونی هەیە"(٦٠٠).


ئالێرەدا بۆ بڕینی هەر بیانوویەکی بەرەی مۆدێرنخوازەکان و ڕوونکردنەوەی باشتری باسەکە. د. عرفان نموونە لەسەر زمان دێنێتەوە. زمانێکی کە لە ڕێگەی نەهێشتنی جیاوازییەکانەوە، بە ستانداردکراوە و زمانێکی وەک زمانی کوردی، هێشتا بە چەند شێوەزارێک خۆی دەنوێنێ، دروست بووە، پرۆسەیەکی سروشتی و نەتەوەخوازی لە قاڵبی نەداوە. نووسەر، باسێکی چڕ و پڕی ئەم دیاردەیە بە چەندین نموونە دەکات و بە سەلیقەوە بە شیکردنەوەیانەوە سەرقاڵ دەبێت. هەر هەموو خۆ تەرخانکردنەکەش، لە پێناوی ئەوەدایە، بیسەلمێنێ، زمانێکی سروشتی، وەک زمانی کوردی، بە بوونی ئەو جیاوازییانەی هەیەتی، هێشتا کار و ئەرکەکانی خۆی وەک زمانێکی ستاندارد بوو، دەکات و ڕەنگە هەراشتریش چووبێتە پێشەوە و گەر دەرفەتی لەباری بۆ بڕەخسایە، بەرهەمی زێتری بەدەستەوە بدایە. کەواتە وەک نووسەریش ئاماژەی پێداوە و سەرسەختانە داکۆکی لێ دەکات، تۆ ناتوانی شتی سروشتی بهێنی و هەوڵ بدەیت لە ڕێگەی ویستێکی خۆتەوە دەستکاری بکەیت و گۆڕانکاری تێدا بکەیت، لەتەک ئەوەشدا بتەوێ، هەمان ڕۆڵ بگێڕێ و هاومانا بێت.


لە ڕاستیدا هەر دەستکاری و دەستێوەردانێک، لەم دیاردانە، لە ماوەیەکی دوور یاخود نێزیکدا، پێچەوانە دەبێتەوە، دەبێتە مایەی نابەکام بوونی هەوڵەکان. هەر دیاردە و بوونەوەر و ڕاستییەکی دیکە، گەر دەستکاری کراو، هەوڵ درا، خەسڵەتە سروشتیی و ئاساییەکەی خۆی لەدەست بدات، وا لە ئاکامدا بە زیان دەشکێتەوە. ئایا تۆ دەتوانی منداڵێک، پرۆسەی گەشەسەندنی ٣ ساڵی، بە ساڵێک تەواو بکەیت؟. چاوێک کورتبین بێت، تۆ ناتوانی ئەم دەردە، دەستکاری بکەیت، مەگەر تەنیا لە ڕێگەی چاویلکەوە. ئەوسا چاوێکی بەهێزی چاویکەدار، باشتر دەتوانێ کاری خۆی ئەنجام بدات، چاویلکەکە لابە، ڕۆڵی چاوەکە پاسیڤ دەبێتەوە.


"حاڵەتی سێهەمیش حاڵەتی ئەو کۆمەڵگایەیە کە خۆی و زمانەکەی بە پرۆسەی دروستکردن و ستاندادکردندا نەبراون و بەڵام هەموو ئەو ئەرکانەش جێبەجێ دەکەن کە کۆمەڵگا دروستکراوەکان و زمانەکانیان لە ئەستۆیانە".٥٩٩ـ٦٠٠


د. عرفان باش بۆ پرسەکە چووە، هەر شتێکی دروستکراو، گەر خاوەنەکەی، دروستکەرەکەی لێ بسەندرێتەوە، نامێنێ. وەک نموونەی چاو و چاویلکەکە، گەر چاویلکە دەستکردەکەمان لابرد، وا چاوەکە، ناتونێ ئەرکی پێویستی خۆی لە بینیندا ئەنجام بدات. لە ئێستادا/٢٠١٧ دەوڵەتانی عێراق و سوریا، دەسەڵاتی ناوەندی خۆیان لە دەست داوە و ناتوانن رۆڵی دەوڵەتێکی ناوەند بەهێز، بە دامودەزگاکانیانەوە بگێڕن. دەبینین شتێ نەماوە بەناوی گەلی عێراق، یاخود سوری..سبەی چارەنووسی تورکیا و ئێرانیش، هەمان شت دەبێت. بەس کورد لە دوای دەسەڵاتی مادەوە دەکوژرێ و ڕاودەنرێ و دەربەدەر دەکرێ و ژینۆساید دەکرێ و وڵاتی خاپوور و سوتماک دەکرێ، دەوڵەت و دەسەڵاتیشی نییە. لێ چونکە ڕەسەنە و وەک شەقڵێ، لەسەر ڕەگی خۆی هەڵساوە، بە زۆردارەکی خۆڕسکی دروست بووە، ماوە و سەرسەختانە بەرگری لە ناسنامە و بوون و هەبوونی خۆی دەکات.


"نەتەوەی دروستکراو وەک هەر ئامێرێک بنەمای بوون و پەرەسەندنی لەناو دروستکەرەکەیدایە و بەبێ بوونی دروستکەرەکەی توانای مانەوەی نابێت و تیادەچێت.ئەو نەتەوانەی کە دروستکراون بە نەمانی دەوڵەتەکانیان ئەوانیش بوونیان دەپووکێتەوە و ناتوانن بە خۆیان پەرە بە بوونی خۆیان بدەن. بەڵام کاتێک نەتەوەیەک بنەمای بوون و پەرەسەندنەکەی لەناو کۆمەڵگادایە، بەبێ بوونی دەوڵەتیش دەتوانێت پەرە بە بوونی خۆی بدات،ئەم جۆرە لە نەتەوە بە نەمانی دەوڵەت تیاناچێت ،کاتێک تیادەچێت کە کۆمەڵگاکەی بوونی نەمێنێ".٦٠٢


کورد نەتەوەیەکی میللییە، نەک سیاسی. د.عرفان، بۆ ئەوەی لە ڕێگەی ڕوونکردنەوەی لۆجیکییەوە، بیسەلمێنێ، کورد نەتەوەیەکی میللییە و پێویستی بە دروستبوونی دەوڵەت نییە. سەرنج لە زمان و کولتوری کوردی دەگرێ و پێی وایە، مادامێکی زمان و کولتوری کوردی لەناوخۆیدا و لەناو ئەو دامودەزگای، ئەو دەسەڵاتەدا نییە، کە بۆ چاودێری کولتور و زمانەکەی دروستکراوە. کەواتە کورد نەتەوەیەکی میللییە، نەک سیاسی.


دواتر قسە لەسەر دەسەڵاتێکی کوردی، وەک ئەوەی ئێستا لە باشووری کوردستاندا، بەناوی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە هەیە دەکات و بەراوردی دەکات، بەو باسەی لەسەرەوە، ئاماژەمان پێ دا و نووسەر، ژیرانە، بەدواداچوونی بۆ دەکات. دواجار نووسەر بیروڕایەکی سەرنج ڕاكێش دەردەبڕێ، کە شایانی ئەوەیە، ئیستێکی لەسەر بکەین و لە کۆمەڵێ گۆشەنیگاوە هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێ و دەڵێ:


"ئەوەی رێگرە لەبەردەم ئەوەدا زمانی ستانداردی کوردێ دروست بکرێت،کۆمەڵگای کوردییە،کۆمەڵگای کوردی،زمانی کوردی لەناوخۆیدا دەهێڵێتەوە رازی نابێت هیچ دەسەڵاتێک بەناوی پاراستنی ئەو زمانەوە زمانەکە بخاتە ژێردەسەڵاتی خۆی و بیکات بەزمانێکی دروستکراو و کۆمەڵگا زمانییەکان ناچار بکات بەو شێوەیە بدوێن کە دەسەڵات دەیەوێت"(٦١٠)


بەر لە هەر شتێ دەربڕینی ئەم بۆچوونە، لە ئازایەتییەوەیە.هاوکات دەبێت پشت بە زەمینە مێژوویی و فەرهەنگی و سیاسی و نەتەوەییەکە، شرۆڤەکاری بۆ بکرێ،چونکە بابەتێکە شایانی کار لەسەر کردنە.


نووسەر بە تێڕوانینێکی گەشەوە سەیری دیاردەی زمانی کوردی و ئەو دۆخەی هەیە و تێیدایە، دەکات و قسە لەسەر ئەو هۆکارە سروشتییە دەکات، کە لە پشت زمانی کوردییەوە، کە سروشتی تایبەتی زمانی کوردی و کۆمەڵگاکەیە. ئالێرەدا بەراورد لە نێوان زمانی کوردی و عەرەبیدا،دەکات و ئاماژە بۆ هۆکاری دەسەڵاتە مەزهەبییەکە(ئیسلام)، دەکات کە توانیویەتی ببێتە زمانێکی ستاندارد.


"گەر لە زمانی کوردی و کولتورەکەی ورد بینەوە بۆمان دەردەکەوێت کورد نەتەوەیەکی میللییە و نەتەوەیەکی سیاسی نییە،بۆیە بۆ بوونی پێویستی بە دەوڵەت نییە. کورد وەک نەتەوە بنەمای بوون و پەرەسەندنەکەی لەناو ئەو کۆمەڵگا میللیەدایە کە لە شێوەی نەتەوەدا خۆی شێوەگیرکردووە،ئەمەش ئەوە دەگەیێنێ بنەمای بوون و پەرەسەندنەکەی لەناو خۆیدایە و بەپێی ئەو سەردەمەی کە تیایدا بوون پەیدا دەکات، هەموو ئەو خاسیەتانەی کە نەتەوە دروستکراوەکان هەیانە دەرکەوتیان دەکات.بۆ نموونە خاوەنی زمانێکە کە پێی دەنووسرێت و پێی دەخوێندرێتەوە،خاوەنی هونەرێکی سەردەمیانە و کولتورێکی میللی سەردەمیانەیە".٦٠٤


کەواتە زمانی کوردی زمانی کۆمەڵگای کوردییە، بەبێ دەسەڵاتی کاتی یان درێژخایەنی کوردی و دەتوانێ لەسەر پەرەسەندنی خۆی، هەر بەردەوام بێت. گەر بێتوو تەنانەت دەسەڵاتەکەی ئێستاش لە باشووری نیشتماندا نەمێنێ، زمانی کوردی لە گەشەسەندن و بەرەوپێشچوون ناکەوێت. دیارە ئەم تێبینییە هەستیارە، گفتوگۆی زۆر هەڵدەگرێ و پێویستە ناوەندەکانی ڕۆشنبیریی و کەسە خەمخۆرەکان بە پەرۆشەوە وەریگرن و دانوساندنی لەسەر بکەن.


د. عرفان، دوای ئەو هەموو باس و نموونانەی لەسەر زمان خستوویەتە بەردەستمان، پێی وایە، هەمان دەستوور، بۆ پرسی کولتوریش، شیاوە و بەسەریدا جێبەجێ دەبێت.


" کورد وەک نەتەوە،نەتەوەی دروستکراوی ناو دەوڵەتێک نییە و بوون و نەبوونی نەبەستراوە بە بوون و نەبوونی دەوڵەتێکی مۆدێرنەوە،ئەمەش هۆکەی ناگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە کورد لەسەردەمە مۆدێرنەکەدا نەبووە بە خاوەنی دەوڵەت، بەپێچەوانەوە کورد بۆ ئەوەی لە نەتەوەیەکی میللییەوە نەبێت بە نەتەوەیەکی دروستکراوی دەستی نەتەوەخوازیەک .قبووڵی ئەوەی نەکردووە دەوڵەتی هەبێت،ئەم کۆمەڵگایە قبووڵی ئەو جۆرە لە دەوڵەت دەکات کە پێویستی بەوە نەبێت دەست بەسەر زمان و کولتورەکەیدا بگرێت و لە زمان و کولتوری کۆمەڵگاوە بیکات بە زمان و کولتورێک بەدەست ئەو دەسەڵاتە سیاسیانەوە کە بەردەوام لەناو دەوڵەتدا دەگۆڕدرێن و زمانەکە بەو ئاڕاستەیە پەرەپێدەدەن کە دەسەڵاتەکەیان دەیخوازێت"٦١٢


هۆگری کورد بۆ زمان و کولتوریی و داکۆکی و پارێزگاری لە مانا و بوونەکەیان، هێند بەرز و نرخدارە، چ جارێ ئامادە نییە،سەرەڕۆییان پێوە بکات و بۆ هیچ مەبەست و ئامانجێ دەستبەرداریان بێت. دەوڵەتێ بۆ کورد شیاوە، کە بوونە میللییەکەی لە زمان و کولتوردا بپارێزێ، نەک دەوڵەتێ لە ڕێگەی دروستکردنی زمان و کورلتوری فەرمییەوە قووت بکرێتەوە و سیمایەکی سیاسی پێ ببەخشرێ!!. چونکە زمان و کولتوری دروستکراو،هەردەم شیاوی وشکبوون و هەڵوەرینە.


کەواتە دەبێ لەو سیستەمە تێبگەین، کە لەناو هەناوی کۆمەڵگای کوردیدا، چالاک و بزوێنەرە و حوکم دەدات.


"واتە ئێمە بۆ تێگەیشتن لە بوونی نەتەوەیی کورد پێویستمان بە تیۆریزەکردنی تیۆرێکە بۆ نەتەوە و پێویستمان بەوە نییە کە بە تیۆر و میتۆدی لێکدانەوەی بوونە دروستکراوەکەی نەتەوەکانی جیهان بوونی نەتەوەییی کورد لێکبدەینەوە و لێی تێبگەین، ئەمەش لەبەر هۆیەکی سادەیە،ئەویش ئەوەیە کورد نەتەوەیەکی میللییە و نەتەوەیەکی سیاسی نییە".٦١٣


بەم شێوەیە، وەک نووسەر دەڵێ: گرنگ ئەوە نییە، ئێمە لەوە حاڵی دەبین، تیۆری نەتەوەخوازی و مۆدێرن، چی دەڵێ و داخوازی چییە، بەڵکو گرنگ ئەوەیە تێبگەین، کە ئەو حاڵەتە کوردییەی لە پەرەسەندنی خۆیدا بۆی دروست بووە و پێی ڕەسیوە، لەم رێگایەوە دەگەینە، ئەو وێستگەیەی، کە کورد بوونێکی میللی هەیە، نەک سیاسی. هەڵکەوت و پێکهاتەیەکی سروشتی هەیە، نەک دروستکراو و دەستکرد.


د. عرفان، بەم پەیامە جوانە کۆتایی بە خوێندنەوەکەی بۆ بوونی نەتەوەیی کورد دێنێ.


ئەوەی وای کردووە، تا ئێستا ئاسۆی تێگەیشن و تێڕوانمان بۆ چەمکی کوردبوون، تەسک و لێڵ و ناڕۆشن بێت، نەبوونی سەرچاوەگەلێکە، لەسەر ئەم پرسە هەستیار و چارەنووسسازەکە.


ڕەنگە ئەم کارە شاکار و بێهاوتایەی د. عرفان، کە پێشینەی هەتا هەنووکە، لە کتێبخانەی کوردیدا بەرچاو ناکەوێ، دیسان نەیتوانی بێت دەرگا بەڕووی ئەم مژارە قووڵ و هەستیارەدا بۆ هەتاهەتایی دەبخات و بڵێین تەواو، بەڵام بەوپەڕی دڵنیاییەوە گەورەترین وەرچەرخانی لەم بوارەدا هێناوەتە گۆڕێ و دەبێت لێرە بەدواوە، ئەم کارە بکرێتە سەرەتای دەست پێکردنەوە و مشتوماڵدانی ئەوەی تا ئێستا بەرهەممان هێناوە. دەبێ ئەوەش بڵێم مەرج نییە، ئێمەش کوتومت لەگەڵ تەواوی بۆچوونەکانیدا هاوڕا بین، بەڵامچ گومانێکی تێدا نییە،کەوا بەرهەمەکانی د. عرفان ڕێگای هەزاران میلی بۆ کورت کردووینەتەوە و زۆر بابەتییانە و بە قووڵی و شارەزایانە، خوێندنەوەیەکی قووڵی بە هەناسەیەکی فەلسەفی و سۆسیۆپۆلەتیکییەوە خستۆتە بەردەستمان.


ئاخر پرسگەلی نەتەوە و نەتەوە چییە و لە چی پێکدێ و چۆن دروست دەبێ و قوتابخانە هزریی و فەلسەفەکان و کارکردنیان لەم کایەدا و، بایەخ و ڕۆڵی، زمان و کولتور، لەم بوارەدا و کاری نەتەوەخوازی و هەبوونی مۆدێرنە و پێگەی دۆزی کورد، لە ڕەهەندە ئاڵۆزەکانی ئەم هاوکێشەیە و مەیدانی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا، چییە و چۆنە. لەم بەرهەمەدا هەمووی خراوەتە ڕوو. هاوکات لەم بەرهەمەدا، د. عرفان، کۆمەڵێ داوە تیشکی رووناک کەرەوەی خستۆتە سەر لایەنە تاریک و شاراوەکانی کوردبوون. تەقەلایەکی باشی داوە، وێستگە بە وێستگە، بمانگێڕێ بەناو دنیای فراوان و مشتومڕ هەڵگری پرسی کوردبوون و نەتەوەدا، بە ئامانجی نەخشاندنی چوارچێوەیەکی چەسپاو لەسەر زەمینەیەکی ڕەسەن و واقیعی،بۆ ناسنامەی کوردبوون.


د. عرفان مستەفا، بە پەڕۆشەوە، سەراسۆیی لەتەک ئەم بابەتەدا کردووە و دوا تنۆکی هەست و هۆشی خۆی گوشیوە، لە پێناوی ئەوەی هەموو ڕەهەندکانی ، ئەم پرسە ئالۆز و فرە بابەتە، ڕوون بکاتەوە.


دەستخۆشی لە د. عرفان دەکەم و ئومێدەوارم، هەوڵ و تەقەلای، لە رێگای قەڵەمە بە بڕشتەکەیی و توانا گەورەکەیی و کارە سەنگین و بەهادارەکانی بیرە تیژ و وردەکەیەوە، بەردەوام بێت، لەسەر خزمەتکردن و پڕکردنەوەی کەلێنەکانی دیکەی ئەم چەمک و پرسە گرنگ و بایەخدارانە. ئاخر، کورد هێندەی نان و ئاو، پێویستی بەم بژێوییە مینۆکییانە هەیە و کتێبخانەی ژیکەڵەی کوردیش،زۆر هەژارە لەم مەیدانەدا.


ئەم کتێبە سەرەتای ئاسۆیەکی نوێی ئەو پرسگەلەی خستۆتە سەر گازەرای پشت و هیوادارم بە بێدەنگی بەسەر ڕۆشنبیراندا تێنەپەڕێ و بایی بەهای نرخ و کوردبوون دانوساندنی بابەتی و زانستی لەسەر بکرێت.
ئەو سەرچاوانەی بۆ ئەم نووسینە سوودیان لێ وەرگیراوە:
١ـ مەسعوود محەمەد مرۆڤ و دەوروبەر
٢ـ مەسعوود محەمەد حاجی قادری کۆیی
٣ـ مەسعوود محەمەد ژیان جیهانبینی بەرلین ١٩٩٩
٤ـ فەرهاد حەبدولحەمید پاڵەوان، زەردەشت و ئاڤێستا و فەلسەفەی یەکتاپەرستی
٥ـ دەمودووی هزر
٦ـ د.ئیسماعیل بێشکچی.کورد و مەسەلەی کورد.و، لاس
7- Hagen Schulze, Staat und Nation in der europäschen Geschichte
8- Otto Dann ,Nation und Nationalismus in Deutschland 1770-1990
9- Dorothea Weidinger , Nation Nationalismus Nationale Identität
10- Christian Jansen ,Henning Borggräfe, Nation Nationalität Nationalismus
11- Rolf-Ulrich Kunze Nation und Nationalismus

_________________________________

بەشەکانی (سی و هەشتەم، سی و نۆیەم) www.emrro.com/kurdbunun38u39.htm

بەشەکانی (سی و پێنجەم، سی و شەشەم، سی و هەفتەم) www.emrro.com/kurdbunun35u36u37.htm

بەشەکانی (سی و دووەم، سی و سێیەم، سی و چوارەم): www.emrro.com/kurdbunun32u33u34.htm

بەشی سی و یەکەم: www.emrro.com/kurdbunun31.htm

بەشی سیەم: www.emrro.com/kurdbunun30.htm

بەشی بیست و نۆیەم: www.emrro.com/kurdbunun29.htm

بەشی بیست و هەشتەم: www.emrro.com/kurdbunun28.htm

بەشی بیست و هەفتەم: www.emrro.com/kurdbunun27.htm

بەشی بیست و شەشەم: www.emrro.com/kurdbunun26.htm

بەشی بیست و پێنجەم: www.emrro.com/kurdbunun25.htm

بەشی بیست و چوارەم: www.emrro.com/kurdbunun24.htm

بەشی بیست و سێیەم: www.emrro.com/kurdbunun23.htm

بەشی بیست و دووەم: www.emrro.com/kurdbunun22.htm

بەشی بیست و یەکەم: www.emrro.com/kurdbunun21.htm

بەشی بیستەم: www.emrro.com/kurdbunun20.htm

بەشی نۆزدەم: www.emrro.com/kurdbunun19.htm

بەشی هەژدەم: www.emrro.com/kurdbunun18.htm

بەشی هەڤدەم: www.emrro.com/kurdbunun17.htm

بەشی شازدەم: www.emrro.com/kurdbunun16.htm

بەشی پازدەم: www.emrro.com/kurdbunun15.htm

بەشی چواردەم: www.emrro.com/kurdbunun14.htm

بەشی سێزدەم: www.emrro.com/kurdbunun13.htm

بەشی دوازدەم: www.emrro.com/kurdbunun12.htm

بەشی یازدەم: www.emrro.com/kurdbunun11.htm

بەشی دەیەم: www.emrro.com/kurdbunun10.htm

بەشی نۆیەم: www.emrro.com/kurdbunun9.htm

بەشی هەشتەم: www.emrro.com/kurdbunun8.htm

بەشی هەفتەم: www.emrro.com/kurdbunun7.htm

بەشی شەشەم: www.emrro.com/kurdbunun6.htm

بەشی پێنجەم: www.emrro.com/kurdbunun5.htm

بەشی چوارەم: www.emrro.com/kurdbunun4.htm

بەشی سێیەم: www.emrro.com/kurdbunun3.htm

بەشی دووەم: www.emrro.com/kurdbunun2.htm

بەشی یەکەم: www.emrro.com/kurdbunun1.htm

 

ماڵپه‌ڕی هه‌ڵۆ محه‌مه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک