٢٦\١١\٢٠١٢
کورد
چاوەڕوانی چی لە بەغدا دەکا.

مەهدی خالید خەمبار
- بەشی یەکەم -
گەلی کورد بە درێژایی مێژو لە سایە و پەنای ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی
عیراق ، بەدەر لە مەینەتی و کوشت و بڕ و ماڵوێرانی بەو لاوە لە هیچ خێر
و خۆشیەکی ئەم ووڵاتە بەزۆر بە وڵاتکراوەی کە عێراقە ، نەک هەر بەشی
نەبوە ، بەڵکو بەردەوام سامانی ئەم نیشتیمانەشمان بۆ کڕینی چەک و
تەنکنەلۆژیای سەبازی نوێ تەرخان کراوە و لە خزمەتی پرۆسەی قڕکردنمان و
سوتماک و وێرانکردنی کوردستانی نیشتیمانیشماندا سودیان لێ وەرگیراوە .
سەباری ئەم هەموو ستەم و غەدرەی بەردەوام لێیکراوە ، کەچی دەرگای
گفتوگۆ و چارەسەری ئاشتیانەی بەڕوی هیچ کام لە حکومەتەکاند دانەخستوە و
مێژوش تۆمارکەری هەموو ئەو ڕاستیانەن ، کە سەرانی حکومەتە دیکتاتۆر و
فاشیستەکان چۆن بە ئاگر و ئاسن و شێوازی نوێتری سەرکوتکردن وەڵامی
ئاشتیان داوەتەوە.
ئەمەندە بەسە بۆ ئەوەی لەوە بگەین کە ئیتر ڕەنگە تروسکاییەک جیا لەوەی
خۆمانی (پێ هەڵبخەڵێتێنین) نەماوەتەوە لە بەردەم بە ئاشتیانە
چارەسەرکردنی کێشەی ڕەوای گەلەکەمان لە چوارچێوەی عێراقێکی عەرەبیدا .
هەر بۆچونێک کە پاش ئەم دیرۆکە دورو درێژە و ئەم ئەزمونە تاڵە باس لە (
برایەتی و پێکەوە ژیانێ) ێک بکات کە سەربەرزانە و بێ هەستکردن بە
پەراوێزخستن و کڵاو لە سەرنان و گۆڵ لێکردن تیا بەرجەستە نەکرێت ، ئەمە
جگە لە خۆڵکردنە چاوی ڕاستیەکان و بەلاڕیدا بردن و چاوبەستەکێ و
چەواشەکاری لە میللەت بەولاوە هیچ بنەمایەکی تەندروست و نیەتێکی پاک و
بێ خەوش بەدی ناکرێت ، ئۆباڵی درێژەدان بەم جۆرە خۆپیاهەڵواسینە بە
عێراقی عەرەبیەوە ، دەکەوێتە ئەستۆی سەرکردایەتی گەلی کورد لەم بەشەی
کوردستان و بە تایبەتیش هەردوو حیزبە دەسەڵاتدارەکەی پارتی دیموکراتی
کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان چونکە هەمیشە لە شێنەیی و لە
چرپان چرپان و ڕاکە ڕاکی بە هەڵە داوان بۆ دەرهێنانی هەنگوین لە کلۆرە
داری (بەغداد و ئەنقەرە و تاران و هەندێ شوێنی تر) و لە گفتوگۆ دوو
قۆڵی و سێکوچکەیی و چوارقۆڵیەکاندا ، کە تایبەتن بە چارەنوس و ئایندەی
نەتەوەکەمانەوە نە پرس و ڕا بەو حیزب و هێزە سیاسی و کوردستانیانە
کراوە کە هەر یەک و بەشی خۆی لە خەبات و قوربانیدان لە پێناوی هێنادی
ئەم ڕۆژەدا دا هەبوە و نە پرسە گورگانەیەکیش بە شەقامی کوردی کراوە کە
هەمیشە باجە قورسەکەی کەوتۆتە سەر شان!؟ بەڵام جێگای داخ و نیگەرانی
هەموو تاکێکی ئێمەیە ، کە تەنها لە کاتی نزیکبونەوەی (هەڵبژاردنەکان)
یا لەو کاتەی (قەیران و مەترسی و تەنگەژە)کان دەرگەیان پێ دەگرن، لەم
قاوغی بوغرایی و تاک ڕەویەیان خۆیان دادەماڵن و دەگەڕێنەوە بۆ سەردەم و
ڕۆژگارەکانی شاخ و پێشمەرگایەتی و ئاوێتە بون لە گەڵ میللەت!
بی ئومێدیی گەل لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە مەخابن لە لایەکەوە ،
سەرکردایەتی سیاسی کوردی لەم بەشەی باشوور و لە پاش هاتنە پێشەوەی
دەرفەتگەلێکی زێڕین! ڕاپەڕینە شکۆدارەکەی بەهاری ١٩٩١ کە کورد توانی
حوکمی کوردستان بکات (لەم ماوەیەدا بەداخەوە کە بە جیاتی چەسپاندنی
دەسەڵاتێکی کوردی و یەکخستنی تەواوی هێزەکان و بنات نانەوەی کوردستانی
دوای (ئەنفالە بەد ناوەکان و جینۆساید و وێرانکردن) و هەوڵدان بۆ
مکۆمکردنی سەنگەری کوردایەتی ، تەبایی و هاوخەباتی ، بەداخەوە ، خۆیان
میللەتیان گلانە شەرێکی ماڵوێرانکەر و کەمەرشکێنی کوردکوژەی ناڕەوای
ئەوتۆوە کە مرۆڤ قێز لە خۆی بکاتەوە و ڕۆڵەکانی گەلیش کرانە سوتەمەنی و
باراشی ئەم (ئاسیاو)ە مڕۆڤ هاڕە! کە جێگەی داخە تا مۆرکردنی
ڕێکەوتننامەی ئەمەریکای نێوان بەڕێزان (مام جەلال و مەسعود بارزانی) کە
بە ئامادەبوونی (مادلین ئۆلبرایت) وەزیری دەرەوەی ئەمریکالە ساڵی ١٩٨٨
لە واشنتۆن مۆرکرا) درێژەی هەبوو. هەرچەندە بەر لە سەرهەڵدانی ئەم شەڕە
ماوەیەکی کورت و لە سەر بنەمای (٥٠ بە ٥٠) حکومەتێکی خۆجێی و
پەڕلەمانێکی پڕ لە کێشمەکێش و ململانێیان دامەزراند ، بەڵام هەڵگیرسانی
شەڕ ئەو ئەزموونە تازەیەی لە بار برد و گەلیش دەستیان بە خوێنی یەکتر
سور بوو ، نەهامەتی و بەدبەختی سەریان ژەنیە ناو ماڵی کوردی و لەوەش
بەدواوە کورد توانی لە دوو حکومەتدا فەرمانڕەوایی کوردستان بکات و (
بریتی بوون لە زۆنی کەسک و زۆنی زەرد ) ، و لە دوایشدا کرایە حکومەتێکی
هاوبەش و کورد بوو بە خاوەنی پەڕلەمانێکی یەکگرتوی بەردەوام و
حکومەتێکی هاوبەش و وەزارەتخانە (بە هەموو کەموکوڕی و شەق و
شڕی)یەکانیەوە! لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان گەشەی کرد و کوردیش فێری
جۆرێک لە ئەزموونی بەڕێوەبردن بوو و ژمارەیەک دەزگای باش و گرینگی
دروستکرد و هێزێکی باشی پێشمەرگە و ئاسایش و پۆلیسی پێکەوە نا (گەرچی
تا ئێستاش دوو ڕەنگیان پێوە دیارە).
لەمەش گرینگتر بۆ زیاتر بەستهێنانی ئازادی بۆ تەواوی ناوچەکانی
کوردستان ، ڕوخانی ڕژێمە شەڕانگێزەکەی (سەدام حوسێن) و حکومەتی عێراقی
بوو کە لە ساڵی (٢٠٠٣) کۆتایی بە دەسەڵاتی بەعس هێنرا، کە لەم کاتەدا
کورد گەورەترین و کاریگەرترین هێزی ناو هێزە سیاسیە پەرتەوازە و دەست
کورت و بێ زمان و هیچ لە بارا نەبۆکانی ئەو کاتەی سەر گۆڕەپانەکە بوو !
بە واتایەکی تر کورد دەیتوانی هاوکێشەکە بە تەواوەتی بەلای خۆیدا
ڕابکێشێت و جێدەستی خۆی لە سەر تەواوی بوار و بڕیار و گۆڕانکاریەکان
دیار ببێت! چونکە لە کاتی ڕووخانی ڕژێمدا ، وڵاتێکی بێ خاوەن و
پایتەختێکی بێ فەرمانڕەوا و بێ سەروبەرە بە جێما ، دەتوانم بڵێم کورد
لە نێو هێزە بەرهەڵستکارەکانی ئەو کاتەی عێراق (کە بەشێکیان لە ئێران و
بەشێکیان لە هەندەران و ئوتێلەکانی ئەوروپا و بەشێکیشیان لە سەر زگی
کورد) گەورە ببوون ، بۆیە هیچ پێگە و دەسەڵاتێکی سیاسی و سەرباز)یان
نەبوو ، گەورەترین و شارەزاترین و بەئەزموونترین و پڕچەکترین و
دەسەڵاتدارترینیان کورد بوو! کەواتە لە توانای کوردا هەبوو هەم مافە
زەوتکرا و هەمیش تەواوی خاکە داگیرکراوەکەی بۆ هەتا هەتایە وەربگرێتەوە
کە ساڵەهای ساڵە لێیان زەوت کردبو ، چونکە زەمینە لە بەردەم ئەم یەک
لاکردنەوەیەدا بە تەواوی خۆش بوو بوو ، هەموو گریمانەکانیش کرابونەوە!
پرۆسەی تەعریب لەخۆڕا خەریک بوو چارەسەر دەبوو ، ئەوەبو لە تەواوی
سنوری کوردستاندا هەڵاتن و بەجێهێشتنی بە پەلەپزوڕکێ لە هەموو ئەو شار
و ناوچە بە عەرەب کراوانە دەستی پێکرد کە لە لایەن عەرەبە هاوردەکانەوە
(داگیرکرابوون)! گەورەترین شانسیش بوو بۆ کورد کە هەم سنووری خۆی
دەستنیشان بکات و هەمیش ڕێگە بە دووبارەگەڕانەوەی عەرەبە هاوردەکان
نەدات و دەسەڵاتێکی کوردی بە دەزگاکراوی دوور لە باکڕاوندی حیزبیی لە
سەر بناغەیەکی پتە و مکۆم دابڕێژێ! بەڵام مەخابن ئاسەوارەکانی شەڕی
براکوژیی و ململانێ سیاسیەکانی نێوان یەکێتی و پارتی کە کەوتنە خەمی
برەودان بە دەسەڵات و زیادکردنی ڕێژە و قەوارەی حیزبەکانیان و
بەخشینەوەی پسوولەی زەرد و سەوز بە سەر عەرەب و تورکمانەکاندا ، بە
تایبەت لە کەرکوکی هەمیشە داگیرکراودا کە بێگومان ئەم حیزباندن و
ڕقەبەرایەتییە بوون بە فاکتەری هەرە کاریگەری نەزۆککردنی بەدیهێنانی
خەونی میللەتەکەمان و دروستکردن و پێگەیاندنی ژمارەیەک حیزبۆکە کە لە
دەرئەنجامدا وەکو زەردەمار هەم بە خۆیان و هەمیش بە گەلی کوردیەوەیان
دا!
mxembar.kerkuki@gmail.com
|