په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٠\٢\٢٠١٨

    کوردەکە لە بایەکە زیاتر هیچی نییە.

                                  

مەحمود ده‌روێش                          و: جەلال ده‌باغ
                             بۆ: سەلیم بەرەکات
کاتێک سەردانی کوردەکە دەکەم،
سبەینێی خۆی دیتەوەیاد..
بەگسکی گەرد دووری دەخاتەوە:
دەبڕۆ لەکۆڵمبەرەوە!
چیاکان.. چیاکانن.
تا خەیاڵ بێلایەن بمێنێتەوە،
ڤۆدکا دەنۆشێت:من
سەفەرکارم لە خواستمدا، پیاوخراپی شەڕانی..
برا دەبەنگەکانمن.
مەترسییەکان لە ناسنامەکەی دەتەکێنێت:
ناسنامەکەم زمانمە. من ..و من.
من زمانەکەمم. من لە زمانمدا دوورخراوەم.
دڵیشم پشکۆی کوردەکەیە لەسەر چیا شینەکانی../
نیقۆسیا پەڕاوێزە لە شیعرەکەیدا،
وەک هەر شارێکیتر.
لەسەر دووچەرخەیەک
هەموولایەکانی هەڵگرت،
گوتی دواجار لەهەرلایەک خستمی
لەوێ نیشتەجێدەبم.
بەوجۆرە بۆشایی هەڵبژاردو نووست.
لەوکاتەوە جندۆکە کەوتنە ناو وشەکانی
خەونی بەهیچەوەنەدی..
(وشەکانی ماسولکەکانین. ماسولکەکانی وشەکانین)
خەونبینان دوێنێ پیرۆزدەگرن، یان
بەرتیلدەدەنە دەروازەوانی سبەینێی زێڕین...
نە سبەینێم هەیە نەدوێنێ.ئەم چرکەساتەم
گۆڕەپانە سپیەکەمە.../
ماڵەکەی وەک چاوی کەڵەشێر..پاکە..
وەک رەشماڵی سەرخێڵفەرامۆشکراوە
کەوەک پەڕ بڵاوبوونەتەوە.
رایەخێک لە خوریی رستراو.
فەرهەنگێکی هەڵپڕوکاو.
پەڕاوی بەپەلە بەرگتێگیراو.
بالیفەکان بە سوژنی شاگردی چایخانەکە چنراون.
چەقۆکان بۆ سەربڕێنیباڵندەو بەرازتیژکراون.
ڤیدیۆی پیشاندانی بەربەرەڵایی..بڵاو.
چەپکە دڕکی هاوتا لەگەڵ خۆشبێژی،
رەوانبێژی.
باڵکۆنێکی کراوە بۆ قەرزڕێژی.
ئالێرەداتورک و گریک رۆڵی جوێندان دەگۆڕنەوە.
لەسەر سنووری گاڵتەجارییەکی رەش../
رابواردنی من و
سەربازانی کاتبەسەربەر.. دەگێڕنەوە
ئەم سەفەرکارە کۆچبەرێکی ئاوا نییە،
چۆن رێکەوێت..
لە تراویلکەدا،
باکوور باشوورە، خۆرهەڵات خۆرئاوایە.
نەبایەکە جانتای هەیە،
نە گەرد فەرمانێک.
هەروەکو بیرکردن وتاسەی
بۆکەسێکیتر بشارێتەوە،
گۆرانی ناڵێت... گۆرانی ناڵێت..
کاتێ درەختی ئەکاسیا سایەی دەهێنێتە ژوورێ،
یان نەرمە بارانێکقژی تەڕدەکات...
بەڵکو لەگەڵ گورگ دەدوێ،
پرسیاری هاتنەمەیدانی لێدەکات:
وەرە کوڕی سەگ دەهوڵی ئەم شەو لێدەدەین
تا مردوان بە ئاگابێنینەوە.
کورد لە ئاگری راستی نزیکدەبنەوە،
پاشان بە چەشنی پەپولەی شاعیران.. دەسووتێن../
دەزانێ لە ماناکان چیدەوێ.
هەموویان بەتاڵن.
بۆ راوکردنی پێچەوانەیان،
وشەکان فێڵدارن..
بێ مانا.
کچێنیی وشەکان واڵادەکاتەوە
پاشان بەکچێنی بۆ فەرهەنگەکەی دەیانباتەوە.
ئەسپی ئەلف وبێ دەبەستێتەوە
وەکو بەرخ بۆ داوەکەی،
بەرموسڵانی زمان دەتاشێ:
لە نەهاتن تۆڵە دەستێنێ.
تەموتومان چی بە براکانم کرد..
منیش وامکرد.
دڵی خۆم وەک نێچیرێک برژاند.
وەهانابم وەک دەمەوێت.
خاکم زۆرتر، یاخودکەمتر
لە شیعر خۆشناوێت.
کوردەکە جگە لە بایەکە
شتێکی نییە لەودا دانیشێت
یا ئەو تێیدا دانیشێت.
ئەو لەگەڵی رابێت
یان ئەم لەگەڵی رابێت،
تا لە خاسێتی خاک و شتەکان
دەربازبێت.../
گوتاری ئاڕاستەی نادیاردەکرد:
ئەی رۆڵە ئازادەکەم!
ئەی قۆچی قوربانیی پێچ و پەنای
پڕ لە خەمی هەمیشەیی.
گەر باوکت دی هەڵواسرابوو
لە پەتی ئاسمان دایمەگرە،
بەلۆکەی سروودی شوانکارەییتکفنی مەکە.
مەینێژە کوڕی خۆم، بایەکە
وەسێتنامەی کوردە لە تاراوگەکەی بۆ کورد،
کوڕی خۆم.. لە ئەنادؤڵی پان و بەرین
بازەکان لە دەوری من و تۆ زۆرن.
ناشتنی تەرمەکەم نهێییەو نیشانەیە،
بێهودەیی ببەرەوە بۆ چارەنووسەکانی خۆی،
ناوەکانی یەکەمینت راکێشەناو فەرهەنگە جادوییەکەت.
وریابە لە پێوەدانی هیوای بریندار، کە دڕندەیەکی ئەفسانەییە.
تۆ ئێستا.. تۆ ئێستا ئازادیت،
ئەی کوڕی خۆت،
تۆ لەباوکی خۆت و
لە نەفرینی ناوەکان
ئازادیت../
بە زمان بەسەر ناسنامەکەدا سەرکەوتیت
بە کوردەکەم گوت، بە زمان
تۆڵەت لە ئامادە نەبوون کردەوە
گوتی: بۆ بیابانناچم
گوتم: منیش ناچم...
سەرنجم بەرەو بایەکە دا../
- ئێوارەداهات!
- ئێوارە داهات!
 

ماڵپه‌ڕی جه‌‌لال ده‌باغ

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک