کورد ئه‌مڕۆ فروخ پاشای ئه‌سحابه کوژو شاعیرێکی کورد نه‌فرۆشی وه‌ک فانی و په‌شێو و خاڵه‌حه‌مه‌ی ده‌وێ .
سه‌ردار پشده‌ری
ئێمه وه‌ک ده‌نگی نه‌ته‌وه‌یی دژی دین نین، به‌ڵام دژی ئه‌و ده‌وڵه‌ت و له‌شکره‌ی بێگانه‌ین که ئاینی ئیسلام و ئه‌ڵاهو ئه‌کبه‌ر به‌کار ده‌هێنێ بۆ داگیرکردنی خاک و نیشتمانمان و ئه‌نفال و کیمیا باران و له‌ناوبردنمان. له‌سه‌رده‌می په‌یدا بوونی ئاینی ئیسلام دا که تێکڕای کوردستان له ژێر ده‌سه‌ڵاتی ساسانیه‌کاندا بوو، کورده‌کان بووبوونه دوو به‌ش، به‌شێکیان له داخی ساسانیه‌کان پێشوازیان له له‌شکری عه‌ره‌بی ئیسلامی کرد‌و پێش له‌شکری عه‌ره‌به‌کان ده‌که‌وتن و ده‌ستیان راده‌کێشان بۆ داگیرکردنی خاکی کوردستان، به‌شه‌که‌ی تریش هاو سه‌نگه‌ری ساسانیه‌کان بوون و شه‌ڕیان له‌گه‌ڵ له‌شکری عه‌ره‌بی ئیسلامی ده‌کرد له‌ژێر ناوی پاراستنی خاکی کوردستاندا.
فروخ پاشا که له‌لایه‌ن ساسانیه‌کانه‌وه کرابوو به پاشای فیدرالیه‌تی ناوچه‌ی مه‌رگه‌و بیتون بیتوێن و پشده‌ر و خۆشناوه‌تی له شارۆچکه‌ی مه‌رگه داده‌نیشت، رۆڵێکی زۆر گه‌وره‌ی دیوه له شه‌ڕ له‌گه‌ڵ له‌شکری عه‌ره‌بی ئیسلامی و وه‌ک ئه‌سحابه کوژ ناویان بردووه، هه‌رچه‌نده شه‌ڕکانی به به‌رژه‌وه‌ندی ساسانیه‌کان ته‌واو بووه، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پارێزگاری له ناوچه‌که‌و خاکی کوردستان کردوه، خه‌ڵکی ناوچه‌ی مه‌رگه وه‌ک قاره‌مانێک ته‌ماشای ده‌که‌ن و سه‌دان داستان و شیعریان بۆ داناوه.
مه‌مه‌ند ئاغای فانی وه‌ک شاعیرێکی نه‌ته‌وه‌یی، له لاپه‌ڕه‌ی 840 ی کتێبه‌که‌ی دیوانی نالی دا شیعرێکی به چیایه‌کدا گوتووه که فروخ پاشا له‌گه‌ڵ له‌شکری عه‌ربی ئیسلامی‌دا شه‌ڕی کردوه که ناوی چیایه‌که (گه‌وره قه‌ڵایه):
ئه‌ی گه‌وره قه‌ڵای شاخ دوو په‌لاوی مێژوو گه‌واهته جێگای روداوی ده‌وری ساسانی تۆ ئاوه‌دان بووی جێی فروخ خانی کوڕی ساسان بووی له‌به‌ینی لوتکه‌ی ئه‌و دوو کێوانه قه‌ڵای فروخ خان ئێسته‌ش میوانه کاتێ سه‌حابه هاتنه کوردستان فروخ شێرانه هه‌ستا چۆ مه‌یدان مه‌جالی نه‌دا دوژمن بگرێ ووڵاتی تا داینا سه‌رو گه‌نجی حه‌یاتی هه‌ر چه‌ند خۆی وون بوو له‌سه‌ر ئه‌م ئه‌رزه فروخ وه‌ک گه‌وره قه‌ڵا ناوی هه‌ر به‌رزه گه‌ر راستت ده‌وێ پیاو ده‌بێ وابێ له‌رێی وڵاتیدا ئاوا گیانی دانابێ
مامۆستا عه‌بدوڵا په‌شێویش که له‌م سه‌رده‌مه‌ی ئه‌مڕۆدا هه‌ڵمی نه‌ته‌وه‌یی له سه‌رو ریشی به‌رز ده‌بێته‌وه‌و هه‌ر که‌سێک لێی نزیک ببێته‌وه حه‌زی ده‌چێته کوردایه‌تی و نیشتمانپه‌روه‌ری، په‌شێوێکی نه‌ترس و که‌مته‌رخه‌می نه‌کردوه له پاراستنی سه‌نگه‌ری پاک و خاوێنی و وه‌ک ئارارات سه‌ر به‌رزه له هه‌موو روێکه‌وه، هه‌ر دێره شیعرێکشی هه‌ستی هه‌زاران کورد ده‌بزوێنێ و له‌شکرێکی داگیرکه‌ران تێک ده‌شکێنێ و ده‌ڵێ:
چۆن چک ده‌که‌م؟ تاماشام که‌ن: ئاسۆی گیانم بیشه‌ڵانی شۆر و نووره. گوێتان هه‌ڵخه‌ن: سرته‌ی خاک و گرفه‌ی گڕی خوارو ژووره.
چۆن چک ده‌که‌م؟ له‌بیابانا – من زۆزانم له خوێندایه، تا هه‌نیسکان، ده‌ستم له‌ناو به‌فری به‌ده‌نته‌زێن دایه.
له قوتبیشا- ترسم نیه، جێم گه‌رمێنه، پێم تا چۆکان نقومی ئاوی شیله‌تێنه،
له‌هه‌ر کوێ بم، وه‌کوو یه‌که: قه‌ڵه‌مه‌که‌م- جارێک چڵی گوڵه‌باخه، جارێک سێره‌ی سه‌ر تفه‌نگه. به‌ری ده‌ستم – ساتێک هۆبه‌ی دڵدارانه، ساتێک شووره‌و قه‌ڵای جه‌نگه.
خاڵه حه‌مه‌ی کوردایه‌تیش که هه‌رده‌م له شیعره‌کانیدا خۆی له‌ناو دوکه‌ڵی ئه‌و تۆپانه‌دا ده‌بینێته‌وه که داگیرکه‌ران له کوردستانی ده‌ده‌ن و فرمێسکی ره‌شپۆشانی کورد دخواته‌وه‌و وه‌ک هه‌ژاری کورد له‌سه‌رمان هه‌ڵده‌له‌رزێ، خۆی به‌قوربانی ده‌ست و تفه‌نگی شۆڕشگێران ده‌کات و شه‌و به‌قه‌ڵه‌می کوردایه‌تیه‌وه ده‌خه‌وێ، شیعره‌کانی ئه‌وه‌نده هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تیان تێدا به‌دی ده‌کرێ، که به ده‌نگه به په‌رۆشه‌که‌ی خۆی دیخوێنێته‌وه، شه‌هید زیندوو ده‌کاته‌وه‌و به‌رگی پۆڵاین له‌به‌ر شۆڕشگێران ده‌کات. ئێمه‌ش خه‌ون به باپیرانمانه‌وه ده‌بینین ئه‌و رۆژانامان دێته‌وه به‌ر چاو که کورد نه‌ته‌وه‌یه‌کی ژێر ده‌سته نه‌بووه‌و خاوه‌ن ئیمپڕاتۆری خۆی بووه‌و باپیرانمان به‌شێوه‌یه‌کی تر ته‌ماشای عه‌ره‌ب و تورک و فارسیان کردوه:
کوا ئه‌و رۆژه‌ی، که‌ڵه که‌ڵه‌ی باپیرانمان، کۆشک و ته‌لاری باخچه هه‌ڵواسراوه‌کانیان داگیر ده‌کرد.
کوا ئه‌و رۆژه‌ی، له‌ته‌نگه‌ی هۆرمزدا گومرگیان ده‌ستاندو که‌نداویان به‌که‌نداوی کورد ناو ده‌برد.
کوا ئه‌و رۆژه‌ی، خۆیان به خاوه‌ن نیشتمان ده‌زانی و هێڵی سنوریان له‌گه‌ڵ پاکستان به‌شده‌کرد.
کوا ئه‌و رۆژه‌ی، که به رانکوچۆغه‌و هه‌نگوچک و سه‌روبه‌سته‌وه، زه‌ماوه‌ندیان له کوچه‌وکۆڵانی خوراساندا سازده‌کرد.
کوا ئه‌و رۆژه‌ی باپیرانمان، راستیان وه‌ک خۆر له‌سه‌ر له‌پی ده‌ست داده‌ناو، له‌پاڵ زه‌رده‌شت و له‌ناو نیشتمانێکی ئازادا، خوا په‌ره‌ستیان ده‌کرد. کوا ئه‌و رۆژه‌ی باپیرانمان، ئیمپراتۆر بوون و، په‌یکه‌رو مۆری میدیایان، له‌سه‌ر به‌ردی مه‌ڕمه‌ڕ دروست ده‌کرد.
کوا ئه‌و رۆژه‌ی باپیرانمان، سنوریان ده‌گه‌یانده ته‌ورێزو فه‌رمانڕه‌وایی ئاسوری و ئه‌رمه‌نیه‌کانیان ده‌کرد.
کوا ئه‌و رۆژه‌ی باپیرانمان، له‌که‌ناری ده‌ریای قه‌زوێن ره‌شماڵیان هه‌ڵده‌داو شه‌ڕی تورکه په‌راگنده‌کانیان ده‌کرد.
کوا ئه‌و رۆژه‌ی باپیرانمان، له لێواره‌ی ده‌ریای ره‌شدا، خه‌نجه‌ربازیان له‌گه‌ڵ له‌شکری رۆمیان دا ده‌کرد.
کوا ئه‌و رۆژه‌ی باپیرانمان، له‌که‌ناره‌ی ده‌ریای ناوه‌راست دا، پێشوازیان له ئه‌سکه‌نده‌ری مه‌قدۆنی ده‌کردو که بێ په‌یمانیش بوو، گه‌زنه‌فۆن و ده‌هه‌زار له‌شکره‌که‌یان، وه‌ک مریشک ئاوه‌رووت ده‌کرد.
کوا ئه‌و رۆژانه‌ی باپیرانمان، له‌ده‌ریای ره‌شه‌وه بۆ ده‌ریای ناوه‌راست، سنگیان له‌پێش بێزه‌نتیه‌کان ده‌چه‌قاندو رێڕه‌وی داگیرکه‌ریان لێ گووم ده‌کرد.
کوا ئه‌و رۆژه‌ی باپیرانمان، له‌حه‌ڵه‌ب میر بوون و شاری تکریتیان دروست ده‌کرد.
کوا ئه‌و رۆژه‌ی باپیرانمان به نه‌مامی هه‌نارو سێ‌و و قه‌یسی، شاره‌بان و باغی دادیان ده‌روست ده‌کرد.
کوا ئه‌و رۆژه‌ی، ده‌یانی وه‌ک ئه‌سکه‌نده‌رو جه‌نگیزخان و تاتاری مه‌غۆل، گفتووگۆیان له‌گه‌ڵ باپیرانمان ده‌کرد.
کوا ئه‌و رۆژه‌ی که به‌پیرانمانیان، به خانه‌دان و خاوه‌ن په‌یمان و ده‌رگه‌و ماڵ ناو ده‌برد.
کوا ئه‌و رۆژه‌ی باپیرانمان، وه‌ک برا بچوک ده‌یانڕوانیه فارس و عه‌ره‌ب و تورک و شانازیان به‌و سێ زمانه‌وه نه‌ده‌کرد.
کوا ئه‌و رۆژه‌ی باپیرانمان، خۆیان به‌خاوه‌ن ووڵات ده‌زانی و باسی ئۆتۆنۆمی و خودموختاری و فیدرالیان نه‌ده‌کرد.
کوا ئه‌و رۆژه‌ی باپیرانمان ده‌ستیان له‌ناو ده‌ستی یه‌کدابوو و، به‌قسه‌ی داگیرکه‌ران شه‌ڕی خۆبه‌خۆیان نه‌ده‌کرد.
کوا ئه‌و رۆژه‌ی، بۆخۆیان فه‌رمانڕه‌وایه‌کی به‌ویژدان بوون و شاره‌ستانیه‌ت و دیموکراتیه‌تیان فێری گه‌لانی تر ده‌کرد.
کوا ئه‌و کورده‌ی، باغی ئاو لێبڕاوی باپیرانمان ئاوداته‌وه، کوردستان له پیسی هه‌زاران ساڵی داگیرکه‌ران پاکاته‌وه. ویژدان بکاته به‌رنامه‌و کورد له‌گه‌ڵ یه‌کتر ئاشتکاته‌وه، ده‌ست له داگیرکه‌ران هه‌ڵگرێ و په‌رچه‌می سه‌ربه‌خۆیی هه‌ڵکاته‌وه.
15 – 1 - 2008
|