١٢\١٢\٢٠١٠
کوردە
رۆژهەڵاتییەکان لە باشووری کوردستان
دیسان لە
مەترسیدان و پاراستن و ئاسایشیش کەمتەرخەمن.
لە دەیەی 90ی رابردوودا شەپۆلێکی تیرۆرکردنی کوردەکانی رۆژهەڵاتی
کوردستانمان لە باشوور بینی کە تێیدا بە سەدان کەس لە ئەندامانی
حیزبەکانی رۆژهەڵات بە دەستی بەکرێگیراوانی رژێمی ئیسلامیی ئێران تیرۆر
کران. ئەو رەوتە پاش رووخانی رژێمەکەی سەدام وێدەچوو تەواو کۆتایی پێ
هاتبێ. بە تایبەتی لەو ساڵانەی دواییدا هەست دەکرا هەرێمی کوردستان
هێندەی جاران دەستی لە بن باری رژێمی ئێراندا نییە هەر چەندە هێشتاش لێ
بێ مننەت نەبووە. بەڵام دەبینین تاک و تەرا ئەندامانی حیزبەکان کە لە
شارەکانی هەرێمدا نیشتەجێن، جاروبارە و هەر جارەی بە شێوەیەک پەلامار
دەدرێن.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاری هەولێرەوە پێی راگەیاندین: "لە هەفتەی
رابردوودا ماڵی یەکێک لەو کوردە رۆژهەڵاتییانەی ماوەی چەند ساڵێکە لە
شاری هەولێر خەریکی کاری رۆژنامەوانییە، بە رۆژی رووناک پەلامار دەدرێت.
هەرچەندە ناوبراو لەبەر هۆکاری ئەمنیەتی پێداگرە لەسەر ئەوەی ناوی
نەهێنین، بەڵام بە هەموو نیشانەکاندا و هەروەها لێکۆڵینەوەی ئاسایشی
هەولێریش روون و ئاشکرایە ئەوانەی ماڵەکەی ناوبراویان تاڵان کردووە دز
نەبوونە، بەڵکو کەسانێک بوون کە بە شوێن بەڵگە و دیکۆمێنتدا گەڕاون و
چیی نووسراو و دەستنووس و ئەلبۆمی وێنە و وردە کاغەزی بەردەستیان
کەوتووە، رایانماڵیوە".
دوای ئەوەی بۆ یەکەمین جار ئەو نەناسراوانە دەچنە ماڵەکەی ئەو
رۆژنامەنووسە و شتەکان دەبەن، دیسان بەردەوام لەو کاتانەدا کە دەزانن
لە ماڵەوە نییە هەر وا لە دەوری ماڵەکەی دێن و دەچن و بەردەوام
خستوویانەتە ژێر چاوەدێرییەوە و چەند دڵسۆزێک پێیان راگەیاندووە "کەسانێکی
نەناسراو بەردەوام لە دەوری ماڵەکەت دەخولێنەوە و تەنانەت سەیارەکەشیان
ژمارەی هەولێری پێوەیە".
ئەو رۆژنامە نووسە هەر لەسەرەتای رووداوەکەوە بەرپرسانی پەیوەندیداری
لە ئاسایش و دەزگای پاراستنی هەرێم ئاگادار کردووەتەوە و ئەوانیش
سەرزارەکی بەڵێنیان پێ داوە بەدوای مەسەلەکەدا دەچن. بەڵام هەتا ئێستا
روون نەکراوەتەوە بزانن ئەوانەی ناوبراویان خستووەتە گوشارەوە کێن.
تاڵانچییەکان کە بەر لەوەی لە دز بچن بۆنی ئەوەیان لێ دێ فێرکراو و سەر
بە رژێمی ئێران بن، دیارە کۆمەڵێک بەڵگە و دیکۆمێنتیان دەست نەکەوتووە
کە بە شوێنیدا گەڕاون، بۆیەش بەردەوام دەگەڕێنەوە بەشکم ئەوانەشیان
دەست بکەوێ و بە ئامانجەکانیان بگەن.
هەر کات ئەو رۆژنامەنووسە ئیزن بدات ناوەکەی بڵاو دەکەینەوە.
|