په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\٣\٢٠١٢

کوردی کڵۆڵ - قسەیەکی تر بۆ ھەڵەبجە.


گۆران رەسوول      


ھەقە بەر لە ھەموو شتێک شیوەن بۆ تاکی کوردی بکەم. کوردی داماو، کوردی کڵۆڵ و بەستەزمان. تاکی کوردی وەک خوویەک فێرە خوێ دەخاتە نێو برینەکانییەوە. یەکەم یادکردنەوەی ھەڵەبجە کە لە یادمدا ماوەتەوە و بۆ من شتێکی سەرسامکەربوو وەک ئەوەی لە خوێندنەوەی رۆمانێکی تراژیدی ببمەوە و ئەو پاڵەوانەی لەناو ڕۆمانەکەدا منی پەلکێشی خۆی کردووە لەکۆتاییدا بمرێت، ئەو یادە دروست لە ساڵی ١٩٩٣ بوو. ئەو کات ئەو ھۆنراوە و گۆرانی و دروشم و ماتەمینییە، گوزارشتێکی زۆر تراژیدیان بە ئەندازەی گەورەیی کارەساتەکە دەردەبڕی و ھەستی منیان شڵەقاند.


لێ دوای تێپەڕبوونی دوازدە ساڵ ھەر بە ھەمان شێوە و ھەر بەھەمان شین و ڕۆڕۆ و داماوییەوە ئەو یادە دەکەینەوە. بە پێچەوانەی میللەتانی دی کە ھێندە کار لەسەر ناساندنی و بە جیھانیکردنی کارەساتەکانیان نیو ھێندە گریان و فیغان ناکەن. کوا کام فیلی سینەماییە ھەیە گوزارشت لەو کارەساتە بکا و لە ڤیستیڤاڵە جیھانییەکان بەشداربووبێ؟ کوا کامە ڕۆمان ھەیە پەڵەوانەکەی عومەری خاوەر بووبێ و بۆ سەر زمانە جیھانییەکان وەرگێڕدرابێ؟ کوا کامە سیمنار و کامە چالاکی جیھانی ھەیە ھەڵەبجەی بە جینۆساید ناساندبێ؟ ھەموو ئەو کارەساتانەی بە جینۆساید ناسراون ھەر ھێندەی ھەڵەبجە تراژیدین.

عەلی کە ئەگەر خودی خۆی نەبا ھێشتا نەیدەزانی خەڵکی ھەڵەبجەیە و لەو کارەساتەدا کەوتووەتە ئێران، دەی کوا گەڕان و بەدواداچوون بۆ عەلییەکانی تر کە ھەر خوا دەزانێ ئێستا لە چ کونجێکدان.

مانای چییە دوای تێپەڕبوونی بیست و چوار ساڵ بەسەر وەھا کارەساتێکدا ھێشتا ھەر گوێ لە گۆرانی (بە تەنیا جێیمەھێڵن) بگرین و دەقەیەک لەسەر جادەکان بووەسین و لەسەر شاشەی تیڤییەکان ئەو دیمەنە تراژیدییانە بۆخۆمان لێ بدەینەوە. ئەوانە شتی ڕەمزی و ڕووکەشن، ئاخر ئێمە ھێشتا ناوەڕۆکی ھەڵەبجەمان ساڕێژ نەکردووەتەوە، ھێشتا ناخی تاکی ھەڵەبجەییەکانمان ھێور نەکردووەتەوە ھێشتا ترس و فۆبیای کیمیایی و سێو و فڕۆکە و بەعسی لە ھەڵەبجە نەڕەویوەتەوە.


تا ئێستا ھەموو حیزبە کوردییەکانی باشوور حیزباییەتیان بەو کارەساتە کردووە، ئەو ڕووداوە و ھەموو بۆنە و ڕووداوە نەتەوەییەکانیان حیزباندووە. ئەگەر تا ئێستا دەسەڵاتی کوردی خەولێکەوتوو کەمتەرخەمە دەرھەق بە ھەڵەبجە، ئەدی کوا کامە دەوڵەمەند کامە بازرگان لەو یادەدا شتێکی کاریگەری بۆ ھەڵەبجە کردووە. کوا کامە رێکخراو و مێکخراوی خێرخوازی ھەڵەبجەیان لەو مەینەتبارییە داشۆریوە. نازانم دەبێ تاکەی ھەر بەدیار چاوەڕوانی گەڕانەوەی دۆستە مردووەکەمان سفرەی خوانەکە ھەڵنەگرینەوە.


١٥\٣\٢٠١٢
goranrasool@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک