٦\٤\٢٠٢٥
کوردیش لە هاوکێشەکەدان.

ئەرسەلان مەحمود
کاتێک کۆمیتەی ناگڵی ئیسرائیل تورکیای ئەردۆغان وەک "مەترسییەکی
ستراتیژی" دەبینێت، زۆر سەرسوڕهێنەر نییە. بەڵام ئایا ئەمە ڕاستییە یان
تەنها پرۆجێکشنێکی پارانۆیانەیە؟ تورکیا مەترسیدارە، بەڵام ترسەکانی
ئیسرائیل ڕەنگدانەوەی ترسەکانی خۆی و ناکۆکییە قووڵەکانی خۆیەتی.
کوردەکان، وەک بەشێکی گرنگی ناوچەکە، زۆرجار بوونەتە قوربانی ئەم
ململانێ ناوچەییانە.
نەوەی نوێی عوسمانی: ئایدۆلۆژیای بەتاڵ.
ئەوەی کە ئەردۆغان وەک "نیۆ-عوسمانیزم" ناوی لێدەبرێت، نموونەیەکی
کامڵی ئەوەیە کە ژیژەک پێی دەڵێ "ئایدۆلۆژیای بەتاڵ" - دروستکردنی
فانتازیایەکی نوستالجی بۆ مێژوویەک کە هەرگیز نەبووە. ئەم فانتازیایە
پەردەیەکە بۆ شاردنەوەی دینامیکی سەرمایەداری. ئەردۆغان لە سوریا و
ناوچەکەدا بە پشتگیری گرووپە ئیسلامییەکان، لە ڕاستیدا فۆرمێکی نوێی
کۆڵۆنیالیزمی سەرمایەداری پراکتیزە دەکات. کورد لە باکوری سوریا، بە
تایبەت، هەردەم لەژێر فشاری ئەم سیاسەتەدان و بەردەوام هەوڵی
کۆنترۆڵکردنی خواستەکانیان دەدرێت.
لێرەدا جەوهەری مەسەلەکە ئەوەیە: ئەردۆغان ئەو کاتە بە "ئیسلامگەرا"
دەبێت کە لەبەرژەوەندی سەرمایەداریدا بێت، و ئەو کاتە "سیکیولار" دەبێت
کە هەمان سیستەم پێویستی پێی هەبێت. ئایدۆلۆژیاکە بەتاڵە چونکە تەنها
چەترێکە بۆ بەرژەوەندییە ماددییەکان.
تورکیا وەک "ئێرانی نوێ" لە سوریا یان پرۆجێکشنی ترس؟
کاتێک ئیسرائیل تورکیا وەک "ئێرانی نوێ" لە سوریا دەبینێ، دەیسەلمێنێت
کە سەرەڕای بگۆی فراوان بیرکردنەوە و تێزی داڕشتنەوەی خۆرهەڵاتی
ناوەڕاست، ئەوە نییە و هێشتان لە ناو بازنەیەکی ئایدیۆلۆژی تەسکدا
دەخولێتەوە. هەوڵدان بۆ بینینی جیهان وەک ململانێی نێوان "خۆی پاک" و "ئەویتری
پیس" کڵێشەیەکی کۆنی دەروون کۆڵۆنیاڵی و ئیمپریالییە. ئەوەی ڕوودەدات
ئاڵۆزترە: ئەمە گفتوگۆیەکی ئایدیۆلۆژی نییە، بەڵکو ململانێی
سەرمایەداری جیهانییە و کوردیش لەم نێوەندەدا وەک بەشێکی سەرەکی
ناوچەکە، دەکەونە ژێر کاریگەری و لێکەوتە و تێکەوتەکانی ئەم
ناکۆکیانەوە.
ئیسرائیل دەیەوێ خۆی وەک "قوربانی" بناسێنێت، لە کاتێکدا بە ئاشکرا
بەشێکە لە ماتریکسی هێز. ئەمە سوژەی ئایدیۆلۆژییە، ئەو سوژەیەی کە خۆی
بەشدارە لە سیستەمە ستەمکارییەکردا، کەچی خۆی بە قوربانی هەمان ئەو
سیستەمە دەزانێت.
یاریگەی کاپیتالیزم: تورکیا، ئیسرائیل و کوردستان.
لێرەدا پارادۆکسی سەرەکی بەدیدەکرێت: تورکیا و ئیسرائیل، لەگەڵ ئەوەی
خۆیان بە جیاواز دەناسێنن، بەڵام لە ڕاستیدا هەردووکیان بەکارهێنەرانی
ئایین و هەمان جۆرە ناسنامەن بۆ داپۆشینی ئەجێندای سەرمایەداری. بۆیە
دواجار وەک دوو "کۆرپۆرەیشن" دەمێننەوە کە لە گۆڕەپانێکی جیا و
گەورەتری سەرمایەداری جیهانیدا ڕکابەرن.
بنەماکانی "ئیسلام" لای تورکیا و "یەهودیەت" لای ئیسرائیل ماسکی
ئایدیۆلۆژین بۆ شاردنەوەی دینامیکی سەرمایەداری. کورد لەم نێوەدا
زۆرجار وەک ئامرازێک بەکاردەهێنرێن یان وەک کرتێک دەخرێنە ناو
یارییەکەوە، بەڵام هیچ پێناچێت هەمان ئەو یاریزانە کەڕوکوندو نابینایەی
جاران بێت.
حیزبوڵڵا و گرووپەکانی تر، کە بە ڕواڵەت دژی یەکترن یان بوون، لە
ڕاستیدا یاریزانی هەمان یارین. ئەمە نموونەی ئەو نەخۆشییەیە کە پیشانی
دەدات سیستەم چۆن خۆی بە پێچەوانەی خۆی پیشان دەدات.
پێویستییەکی جیهانی: سیاسەتی خۆبەزەیی.
سیاسەتی ترس، کە هەردوو لایەن پەیڕەوی دەکەن، نەک تەنها چارەسەر نییە
بەڵکو بەشێکە لە کێشەکە. ئەوەی پێویستە، "سیاسەتی خۆبەزەیی"یە - نەک
بەو مانایەی کە ژیرمی کۆربین باسی دەکات، بەڵکو بە مانای
ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەقینەی سیستەمی سەرمایەداری جیهانی.
پارادۆکسەکە لێرەدایە: تەنها بەوەی دان بە هاوبەشی خۆت لە کێشەکەدا
بنێیت دەتوانی ڕزگارت بێت لێی. ئەمە تەواو پێچەوانەی فەلسەفەی ئێستای "ئێمە"
و "ئەوان"ە.
پێشبینییەکان و کێشەی بنەڕەتی.
کێشەی بنەڕەتی ئەوەیە کە ناکۆکییەکان تەنها دەرهاویشتەی سیستەمێکی
گەورەترن. ئەوەی کە کۆمیتەی ناگڵ و ئیسرائیل تورکیا وەک هەڕەشە دەیبینن،
لە ڕاستیدا "ڕەتبوونەوەی" خۆیانە - ئەو بەشەی خۆیان کە ناتوانن
ڕووبەڕووی ببنەوە. کوردیش کە لە نێوان ئەم هێزانەدا ماونەتەوە، کاتی
ئەوەی هاتووە چیتر بواری ئەوە نەدات وەک قوربانییەکی نەبینراو مامەڵەی
لەگەڵدا بکرێت.
ئەگەر بتەوێت چارەسەر بدۆزیتەوە، پێویستە ئەم سیستەمە لاواز و
ناکارامەیە بنبڕ بکەیت. بەپێی لۆجیکی ساویلکانەی دۆست و دوژمن،
ناتوانین چارەسەر بدۆزینەوە. ئەوەی پێویستە ئەوەیە کە لە وەهمی "دیدی
نەتەوەییەوە" بەرەو دیدێکی جیهانی و ڕادیکاڵ بجووڵێین، دیدێک کە
بتوانێت سیستەمی سەرمایەداری و کاریگەرییەکانی لەسەر سیاسەتی ناوچەیی و
جیهانی ببینێت.
ئەمە مەحاڵ نییە، بەڵام پێویستی بە گۆڕانی ڕادیکاڵی شێوازی بیرکردنەوە
هەیە. کورد لێرە و لەوێ چەند دەتوانێ لەمە تێبگات، ئەوە شتێکی ترە.
_________________________________________
پەراوێزەکان:
- پرۆجێکشنێکی پارانۆیانە:ترسێک لە خۆتەوە بێت.
- ماتریکسی هێز: تۆڕێکی گەورەی دەسەڵات.
- کۆرپۆرەیشن:کۆمپانیایەکی گەورەی بازرگانی کارکەر.
- سیاسەتی خۆبەزەیی: سیاسەتی دادپەروەری و ڕوون.
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|