٨\٤\٢٠١٥
کوردستان بەرەو
داعشگەرایی ملدەنێ، گەر بەری نەگیرێ!

هیوا ناچار
داعشێکی کورد هەڕەشە و
مەترسیی پترە لە هەزاران داعشی میللەتانی دیکە!
بە داخەوە تا ئێستاش شەقامی کوردی، یان هەندێک لە دەستەبژێری ڕۆشنبیران
و نووسەران پێیانوایە، ئێستا کاتی ڕەخەنگرتن نییە لە ئیسلام یان هزری
داعش(ئیسلام). چونکە ترسیان ئەوەیە، بە ڕەخنەگرتن لە هزری ئیسلام، ئیدی
جیهانی ئیسلامی لە کورد هەڵدەستێ، دواتر دەبێتە جەنگی کوفر و ئیسلام
یان عەلمانی و ئیسلام، ئیدی بۆ کورد ببێتە سەری ڕم و ئەم جەنگە بۆ
جیهان بکا، ئەمە بەشێک یان بۆچوونێک بوو لە یەک دوو بەرنامەی ڕابردووی
دایەلۆگی ئێن ئاڕ تی ئاماژەی پێدرا.
هەرچەندە منیش لەگەڵ ئەو جەنگە زەبەلاحە نیم کە ئێمەی کورد بۆ عەرەب و
جیهانی بکەین. بەڵام ڕەخنەگرتن لە ئیسلام واتایی ئەم وەهمە گەورەی جەنگ
نییە و هەروەها خوێندنەوەیەکی هەڵەیە گەر ئەوانەی پێیانوابێ ڕەخنەی
هزریی لە ئیسلام ئەوا دەبێتە ئاژاوە و هەڵگیرسانی جەنگی کوفر و ئیسلام
لە کوردستان و بۆیە باشترە لە پاڵ جەنگی سەربازی، لە ڕووی عروبە و
ناسیۆنالیزمی عەرەبیەوە جەنگی داعش بکرێ تا جەنگی ڕەخنەی هزریی لە
ئیسلام، ئەم جۆرە لە وێناکردن خزمەت بە ژینگە و داهاتووی کوردستان
ناکا.
پێش ڕوونکردنەوەی ئەو خوێندنەوە هەڵەیە دەمەوێ ئاماژە بەوە بدەم، پێم
وا نییە چیتر پەروەندەی داعش شاراوە بێ، یان ئەوپەڕی گەمژەییە گەر
یەکێک وا بیر بکاتەوە یاخود گەر نەزانێ داعش ناسیۆنالیزمی عەرەبی نییە،
گەمژەییە گەر نەزانێ داعش سوننەی دڵڕەقی بەعسی نییە، گەمژەییە گەر
نەزانێ تورکیا و قەتەر و سعودیە پاڵپشتی سەرەکیی داعش ناکەن، گەمژەییە
گەر نەزانێ سووکانی داعش لە ژێر کۆنتڕۆلی ئەمەریکا و خۆرئاوادا نییە،
گەمژەییە گەر نەزانێ داعش ململانێی سوننە و شیعەش نییە، گەمژەییە گەر
نەزانێ داعش ململانێی قەڵەمەڕوەی تورکیا و ئێرانیش نییە، گەمژەییە گەر
نەزانێ داعش ململانێی هەژموونی ئەمەریکا و ڕووسیاش نییە. بەڵام لەگەڵ
هەموو ئەمانەشدا واتایی ئەوە نییە واز لە ڕەخنەی هزریی لە ئیسلام
بهێنرێ، بەڵکو دەبێ ئەوەش بزانرێ و ناکرێ چیتر بشاردرێتەوە کە هزری
ئیسلامی ڕاستەقینەی محەمەدە بۆتە بەنزین و حەشۆی ئەمڕۆی داعش، ئیسلام
داعشی کرد بەو دێوە ڕەشەی ئەمڕۆ پێی دەوترێ داعش و ترس و تۆقاندنی
خستۆتە جیهان بەگشتی و کوردستان بە تایبەتی، داعش بە بێ حەشۆی هزری
ڕاستەقینەی ئیسلام ئەستەمە یەک فیشەکی بتەقێ، بۆیە پاساوهێنانەوە یان
بازدان بەسەر ئیسلام لەم دۆخەی کوردستان، داهاتوویەکی مەترسییداری
لێدەکەوێتەوە!
بەڵێ پێویستە کورد جەنگی سەربازیی و جیۆسیاسیانەی داعش بکا، جەنگی
ڕاگەیاندن و ناسیۆنالیستیانەی داعش - عەرەب بکا. بەڵام خۆدزینەوەی
ڕەخنەی هزرییش لە هزری ئیسلام مەترسییەکی گەورەیە! بۆیە گەر ئێمەی کورد
لە ئیستا ڕەخنەی راشکاوانە هزری ئیسلام نەکەین لەترسی جەنگی کوفر و
ئیسلام، ئەوا خوێندنەوەیەکی نالۆژیکیە بۆ دۆخەکە. چونکە خۆدزینەوە و
ترسان لە ڕەخنەگرتنی هزری ئیسلام، خۆی لەخۆیدا پاساو دەداتە جیهادی و
سەلەفی و هەموو ئەوانەی ئەمڕۆ بە هزر و چێژە قێزەونەکانی داعش
سەمادەکەن لە کوردستان. بۆچوونی من ئەوە نییە کە وا بانگەوازی جەنگی
ڕووتی کوفر و ئیسلام یان عەلمانی و ئیسلام بەرپابکەین، نا، بەڵکو پتر
مەبەست ڕەخەنگرتنە لە ئایینی ئیسلام بە واتای عەقڵانی و هزرییەکەی
(نموونە؛ ڕوونکردنەوەی ئایدیۆلۆژیای ڕاستەقینەی محەمەد و ئیسلام بە
هەموو هزر و کارە دزێوەکانی،ڕەخنە و دورخستنەوەی ئایین لە پەروەردە و
حوکمەت و... تاد)،ڕەخنەی عەقڵانی هزرییش واتایی ئەو وەهمە جەنگە نییە
وا وێنا و گەورە بکرێ.
جا کە ژینگەی کوردستان یان زۆرینەی کۆمەڵگای کوردی ئیسلامە، بۆیە
پێویستە بەجدی ڕەخنەی عەقڵانی ئیسلام بکرێ. پرسیار/ بۆچی ڕەخنەگرتن لە
ئیسلام لە ئیستا زۆر پێویستە؟ زەرورەتی ڕەخنەگرتن لە ئیسلام لە ئێستا
ئەوەیە: ١- باشترین دەرفەتە بۆ تێگەیاندنی کۆمەڵگای کوردی لە واقعی
دینی ئسلام. ٢- ئەوەندەی دەرکی پێدەکرێ، لە دوای سەردەمی محەمەدی
پێغەمبەر و خولەفای ڕاشدین و ئەمەویەکان و عەباسیەکان و سوڵتانەکانی
عوسمانی، ئەمە یەکەم جارە گرووپێک یان تەوژمێکی ئیسلامی سەلەفی/
جیهادی/ محەمەدیی بەو رادەیە سەر ڕەق و قێزەون بە عەنتەریی ئیسلام
نمایشت بکا لەسەر لووتی جوگرافیای کوردستان (بەڵێ ئەنساری خێڵی حەمەش
هەندێ کاری قێزەونیان کرد بەڵام هێشتا نەگەیشتبووە ئاستی داعش یان زوو
لەناوبران، بەڵێ ''قاعدە''ش هەبوو هەرچەندە ئەویش بە قەد 'ئیسلامی
داعش' سەرڕەق نەبوو لەگەڵ ئەوەشدا لە جوگرافیای کوردستانەوە دووربوو بە
بەروارد لەگەل داعش).
بۆیە نمایشتکردنی ئەم جۆرە لە هزر و کەلتوور و ڕەفتاری داعشە لە
جوگرافیای کوردستان، مەترسییەکی مەزنە بۆ سەر کۆمەڵگای کوردی (نەک هەر
مەترسیی سەربازیی، بەڵکو هزریی)، باش دەزانین کە ژینگەی ئایینی -
کۆمەڵگای کوردی زۆرینەی موسڵمانێکی سەر بە ئایینی سوونە مەزهەبە ''ئەو
مەزهەبەی کەوا داعش ئیسلامیان فێردەکا''. ئەم نزیکی جوگرافیە و ئەم
نزیکی هەوادارە زۆرەی موسڵمانی سوونە مەزهەبگەرایەی کوردی، باشترین
دەرفەت و هۆکارە بۆ هەموو ئەوانەی ئیسلامیان خۆش دەوێ یان دەیانەوێ
بۆنی داعش بکەن و بچن بۆ ناو داعش و جیهادبکەن لە دژی کوردستان (بە
حیسابی خۆیان عەلمانییەکان)، جا میانڕەوبێ یان توندڕەو. چونکە تا ئیستا
کامەی ئیسلامی میانڕەوە لە کوردستان، گوێمان لینەبووە بە ئاشکراو دوور
لەئاماژە پێکردنێکی شەرمنانە وتبێتی داعش تیرۆریست و ئیسلام نییە و فڕی
بە ئیسلامەوە نییە و خۆپیشاندانیان لە دژی کردبێ و ڕیسوا و سەرکۆنەیان
کردبێ!
کەواتە هەروەک چۆن ''داعش'' باشترین دەرفەت بوو بۆ هەموو سەلەفی و
جیهادی و داعش هزرەکانی کوردستان، کەوا سەرڕەق و دڵڕەقێکی مەرگدۆستی
فاشیستی ئیسلامی وەک داعش هەڵتۆقێ لە بن گوێیان و ڕاکەن بۆ ناویان،
ئەوهاش پیویستە، ڕەخنەی ئایینی ئسلام بکرێ و جەدەلی هزریی ڕەخنەیی لە
ئیسلام بەبەردەوامی بگیرێ. بۆ ئەوەی کۆمەڵگای کوردی چیتر بەلاڕێدانەبرێ
و وشیار بکرێتەوە لە ئایینی ئیسلام بەگشتی، بۆ ئەوەی کۆمەڵگای کوردی
چیتر تێبگەینرێ کە ئیسلام چیەو بۆ کێیە و چۆن هاتوە و ڕاستی ئیسلام
چیە، نەک هەر کڕنۆشبردن بۆ ئایینێک و بێئاگا لەو ئایینەی ئەوان کڕنۆشی
بۆ دەبەن، تەنها مژدەی جەنگ و مرۆڤ کوشتنی پێیە.
چونکە گومانی تێدا نییە تا ئێستا زۆرینەی پەیڕەوکەر و هەوادارانی
ئیسلام لە کوردستان سەری لێشواوەو نازانێ ڕووی ڕاستەقینەی ئایینی
ئیسلام چیە. بەڵکو بەس دیوە داتاشراوە فەنتازیەکەی 'لا آکراە فی
الدین'ی ئیسلامی بە ساویلکەیی وەرگرتوە و هەر ئەوە دەخوێنێتەوە هەروەک
کەلتوورێکی باو و بۆماوەیی پەیڕەوی دەکا (بە بێ تێگەیشتن لە ڕاستی هزری
ئیسلام و دڵڕەقیی و کارە دزێوەکانی ئایینی ئیسلام). هەر ئەم کەلتوورە
باو و بۆماوەیەیە کورد بە سەلەفی و جیهادی و داعشی دەکا و دەینێرێ بۆ
ناو داعش، لەولاشەوە شەڕی کورد و کوردستانی پێدەکا.
ئەگەر هەر بە شەرمنیی ئیسلام بنۆشین و ئیسلام قەڵەو بکەین، ئەگەر
هەڵمەتێکی ڕەخنەگرتن لە هزری ئیسلام دەست پێنەکرێ، ئەوا سەدان ئەبو
حاریسەی کوردی و ئەبو هەمزەی کوردی و ئەبو خەتابی کوردی و سەدان مەلا
شوانی تر سەرهەڵدەدەن و دەچن بۆ ناو جیهادیەکانی داعش و دوای داعش!
بیرمان نەچێ یەک داعشی کورد هەڕەشە و مەترسیی پترە لە هەزاران داعشی
میللەتانی دیکە، چونکە هەر داعشێکی کورد دەیان هاوڵاتی (گەر سەدان
نەبێ) لە کوردستان دەناسێ، شارەزایەکی باشی جوگرافیا و بارودۆخی سیاسی
و سەربازیی و کۆمەڵایەتی و چەکە ژەنگاوییەکانی پێشمەرگەی قارەمان و
قوڕبەسەرە. ئەمانە هەر یەکەو بە پێی خۆی زەڕبەی کوشنەدە بەهێزی
پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان دەگەیەنن! ئەوانە سبەینێ دەیان شانەی
داعشیزم دروست دەکەن لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان و ئامادەیان دەکەن
بۆ کاری تەقینەوە و تیرۆرکردنی هاوڵاتیانی کوردستان، چونکە ئەوانە
زمانی کوردی دەزانن و زمانیش باشترین ئامراز و هۆکارە بۆ داعش و پێکانی
ئامانجەکانی تیرۆریستانی داعش و ناداعش.
سەیرکەن داعش چۆن سوودی بینیوە لە زمانی کوردی مەلا شوانی، ئاخر مەلا
شوانی ئەگەر لەبەر زمانە کوردیەکەی نەبێ، داعشی عەرەب و غەیرە داعشی
میللەتانی دیکە ئەوەندە شەریفن کوردێ بکەنە پێشەوای خۆیان و هەلهەلەی
پێ لێبدەن و کلیپی پێ دەرکەن! گەر لەبەرزمانە کوردیەکەی نەبێ، بۆ ئەوەی
هەڕەشە لە هەولێر و کەرکوک بکا و سۆزی کوردی تری موسڵمان ڕابکیشێ! بۆیە
هەر داعشێکی کورد، داعش سوودی هەزاران جەنگاوەری ناداعشی لێدەبینێ،
بزانن لە ڕووی ڕاگەیاندنەوە چۆن مەلا شوانی و هاوشێوە کورد زمانەکانی
تری ناو داعش بەکاردەهێنن، بزانن لە ماوەیەکی زۆر کورتدا چەندین کلیپی
زمانی کوردیان بە مەلا شوانی تۆمار کردووە (کێ بوو چاوپێکەوتنی لەگەڵ
پێشمەرگە دیلەکانی حەویجە کرد و بە بەرگێکی دێوانەی داعش و بە تفەنگێکی
ڕوو لە ئاسمان، لە تەک جەللادە سەربڕەکان بەسەر پێشمەرگەکانەوە
وەستابوو؟!)، ئاخر ئەم کوردە داعشە و ئەم کلیپە، هەزاران کوردی تری
موسڵمانی کوردستان جۆش دەدا بۆ هزری داعشیزم و چوونی بۆ ناوداعش، نەک
هەرئەمە جەنگیش تەواوبێ، ئەوانە هەر هەڕەشەدەبن بۆ داهاتووی کوردستان،
چونکە لە هەناوی کەلتووری کوردەوە هەڵتۆقیون!
بۆیە گەر ئیسلام نەدرێتە بەر جەدەلێکی ڕەخنەیی - هزریی قووڵ، ئەوا
داهاتووی کوردستان، بەرەو ئاقارێکی ترسناک و داعشگەرایی هەنگاو دەنێ و
ئەو ڕەوتە میانڕەوەی ئێستای کوردستان بەرەو توندڕەویی سەلەفی و جیهادیی
مل دەنێن و هەروا ئەو ڕەوتە سەلەفی و جیهادیەی ئێستاش بەرەو توندڕەویی
داعشیزم و هزرەی داعشیەکان ملدەنێن! بەڵگەش بۆ ئەمە مەلاکرێکار نەی
شارەدەوە لە چاوپێکەوتنەکەی ئێن ئاڕ تی گوتی: چەند سەد کەسێک لە دەرەوە
و ناوەوەی کوردستان ئامادەن و چاوەڕێی بڕیاری منن (واتە هەر کشەیان
لێبکەم دەچن بۆ ناو داعش!)! ماڵی ئاوا، ئەو چەند سەد داعشە کوردەی بۆ
ئاشکرا کردین! ئەی دەبێ چەند هەزار داعش کوردی تری نهێنی ئامادەی
بڕیاری نهێنی بن بۆ چوونە ناو داعش؟! ئەمە جگە لەوەی نەوەیەکی تازەی
(ئەو نەوەیەی کە وا باوەڕی بە ئیسلامە و هەموو ڕۆژێک نان و داعش، نان و
جیهاد، نان و غەزا، نان و حۆری، نان و هەواڵی داعش، نان و دیمەنی
داهێنانە مەرگدۆست و قێزەونەکانی داعش دەخوا) تێکەڵ بە هزری داعش و
داعشیزم بەڕێوەیە گەر بەری نەگیرێ!
٢٤\٢\٢٠١٥
_________________________________
هەموو بابەتەکان دەربارەی
''داعش'' لێرە ببینە:
www.emrro.com/dosyeydahish.htm
|